ئەفغانستانی ئێستا و عێراقی دوای ئەمریکا .
2021-08-25 06:30:55
سەرکەوتی جیهاز و بەختیار نامیق
هەر ڕوداوێک لە ئاسیا و بە تایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی سەر دەریای خەزەر ڕو بدات ئەتوانین وێنای بکەین بە کۆتایی شەپۆلی دەریای ڕوداوەکە و ئێمە شەپۆلە بچوکە کۆتاییەکان دەبینین ، شەپۆلە گەورەکە لە ناوەوە و لە نهێنی و بەرژەوەندی وڵاتانی باڵا ڕو دەدا بە پێی ململانێ و بەریەککەوتن و ڕێککەوتنی بەرژەوەندیە باڵاکان ، هەر کات توانیمان لە جوڵەی هێڵی کێرڤی بەرژەوەندی و ململانێی نێوان هێزە گەورەکان تێبگەین ئەوا دەتوانین پشتی ڕوداوەکان و ئاراستەیان بخوێنینەوە و بزانین شەپۆلە گەورەکە چۆن دێت و لە کوێ یا کۆتای دێت.
ئەوەی لە ئەفغانستان ڕویدا گۆڕینی حکومێکی شیوعی بە ئیسلامی و پاشان تالیبان و ئەلقاعیدە و کارئەکتەرە سیاسی و سەربازییەکان لە ئەحمەد شا؟مەسعودەوە تا مەلا برادەر و ئوسامە و تا دەگاتە کارزای و ئەوانی تر ، هەمویان ڕوداوەکان و هێزی دەرەکی هێناونی و هەر سوڕانی بەرژەوەندی لایبردون ، ئەوەی لە ئەفغانستان ڕوی دا و زۆرێک پێیان وایە ئەمریکا لە چوارچێوەیەکی بچوکدا شکستی هێناوە ئەوانەن لەبەردەم گوتارەکان و شاشەکاندا حکوم دەدەن ، ئەمریکا لە چوارچێوە بچوکەکەدا کە ئەفغانستانە شکستی نەهێناوە بەڵکو لە چوارچێوە گەورەکە و پۆرتاڵە سەرەکیەکەدا شکستی هێناوە و چوارچێوە بچوکەکەی ئەفغانستان وەک کارت و چەکێ و گۆڕینی پلانی شەڕ بۆ شکستەکانی بەکار دێنێ ، ئەوەی ڕویدا هیچ هەقی بەسەر چەمکی لۆکاڵیەوە نیە ، بەڵکو شەڕی ئەمریکایە لەبەرامبەر هەژمونی چین و ڕوسیا و وەک کارت و مینێک تاڵیبانی بەکار هێناوە لە ژوری کۆنتڕۆڵی دەوحەوە ، ئیتر ئەوەی دەوترێ ئیرادەی ناوخۆیی ئەگەر لەگەڵ بەرژەوەندی وڵاتە دژەکاندا نەیەتەوە هەمو گەلیش ڕاپەڕێ هیچ ڕونادا ، چونکە ئەفغانستان بە تایبەت وڵاتی زلهێزی ناوچەیی نیە ، ئەگەر ئاراستەکان بگۆڕێن ئەوا f16 یەکی بەسە ڕاویانێنەوە بۆ تۆرابۆرا .
وێناندنی شوێنێک یان وڵاتێک بە وڵاتێکی تر ئەبێت بەرژەوەندی و ململانێ و جەنگ لە ڕوی ئابوری و سەربازی و سیاسی و دەوڵەتداریەوە بخوێنینەوە ئەو کات لێکچواندن بکەین ، عێراق لەژێر هەژمونی ئێرانیدایە و ڕەسمی هەژمونی ئێرانی لە وڵاتان ڕونە ، نە دەهێڵێت سەقامگیری تێک بچێت و نە دەهێڵێت دەوڵەتی تۆکمەیان هەبێت و نە دەهێڵت سوپای خۆی هەبێت و دابەشی دەکات بەسەر چەند گروپێکی دژبەیەکی ساردی سەر بەخۆی ، واتا سەر بە تاران ، لە بەرامبەر عێراق تورکیا بە گڵوپی سەوزی دودیوەوە هەمان یاری دەکا لە سوریا ، بۆیە عێراق زۆر جیاوازترە لە ئەفغانستان و ئەوەش حکومی سیاسی و ئابوری و سەربازیە کە دەبێت بە سازان لە نێوان ئەمریکا و تورکیا و ئێراندا حکومی هەردو وڵاتی سوریا و عێراق بکرێت ، لەم نێوەندەدا هەرێمی کوردستان خاڵی کۆکەرەوەی بەرژەوندی وڵاتانی دژ بە یەکە بۆیە دوای ئەمریکا هیچ شتێک بۆ کوردستان و عێراق نابێ ، ئەگەر چی تالیبان لە هەمو شوێن ڕێکخستن و شانەی چەکداری نوستوی هەیە وەک نەوەکانی سەڵاحەدین لە کوردستان ، بەڵام لەبەرامبەردا داعش هەیە ناهێڵێت سنوری تورکی بە سازان لەگەڵ ئێران ببڕێ ، هەمو ئەم ڕێککەوتنانەی دژەکان لە عێراق و هەرێمدا قازانجی دوسەرەی دژەکانە بەتایبەت بەرەی ئەمریکی و چینی ، بەڵام لە گشتدا تاک جەمسەری و هەژمونی ئەمریکی کۆتای دێ و هەژمونی بەرژەوەندی گرێدراوی دوو سەرەی چینی و ئەمریکی جێگەی دەگرێتەوە.
دەکرێ بڵێین ئەفغانستانی ئێستا لەبەردەم کۆمەڵێک ئەگەردایە ، لەت بون و دابەش بون بەسەر هێزە ناوچەیی و جیهانیەکاندا ، زاڵ بونی بەرەی چینی و ڕوسی و ئێرانی بەسەر تاڵیباندا ، ئەگەری هەڵگەڕانەوە بەرامبەر ڕێککەوتنی دەوحە و ....هتد
عێراقی دوای ئەمریکا دیسانەوە لەبەردەم کۆمەڵێک ئەگەردایە دوای هەڵبژاردن ڕێککەوتنی نهێنی نێوان ئێران و ئەمریکا لەسەر دۆسیەی عێراق ، زیادبونی هەژمونی ئێرانی بە پاراستنی بەرژەوەندی ڕوسی و تورکی ... هتد ، دوا جار هەژمونی دەستەڵاتگەرایی تاکی ئەمریکی لەم ناوچانە کۆتایی دێت و قۆناغێکی تر دەست پێ دەکات .