سەرەتایەک بۆ سۆسیۆلۆجیای حیزبی کوردیی
2021-08-18 16:49:07
ئاراس فەتاح
( هەموو چوارشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)
حیزب له ههرێمی كوردستاندا دەرکەوتێکی نوێیە. ئهم دەزگا بیرۆکراسییە مۆدێرنە بەرهەمی گروپە شارییەکانی کۆمەڵگای کوردییە کە لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە دەبن بە بزوێنەری وشیاریی تاکی کورد و بەرگرییکەر لە مافە نیشتیمانییەکانی. ئهم گروپانە هەم دونیابینیی و گوتارێكی نوێ، هەم وێنا و شوناسێکی تازەیان بۆ تاک و گهل و نهتهوه بهرههمهێنا كه پێشتر له كۆمهڵگای كوردییدا بوونی نهبوو. پشتئەستوور بە پرۆگرامە چواردەخاڵییەکەی سەرۆکی ئەوسای ئەمریکا، ویڵسن کە خاڵی دوازدەهەمینی بریتیی بوو لە سەربەخۆیی بۆ نەتەوەکانی ژێڕدەستی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی کە دواتر لە پەیمانی سیڤەردا بەرجەستەبوو، گوتارێکی سیاسییش لای خوێندەوارانی کوردیش گرۆبوو. ئەو گوتارە سیاسییەی کە ئەم گروپە خوێندەوارەی کورد بەرهەمیهێنا، بریتییه لهوهی كه كوردیش گهلێكه وهكو ههموو گهلهكانی تری دونیا، خاوهن خاك و مێژوو و زمان و كولتووری تایبهت به خۆیهتی و شایانی ئهوهیه نوێنهری ڕاستهقینهی خۆی ههبێت. بهم چهشنه یهكهم خهسڵهتی حیزبی كوردیی بریتییه له شارییبوون و بەرهەمهێنانی گوتاری سیاسیی لەلایەن گروپە خوێندەوارەکانییەوە. واته شار ئهو شوێنکاتەیە كه تیایدا کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی و کولتووری و حیزب و گوتاری سیاسیی لهدایكدهبێت و گەشەدەکات. شار دەبێت بەو نێوەندەی کە لەلایەن گروپە خوێندەوارەکانییەوە وێنایەکی نوێ بۆ چەمکی کوردبوون و ماف و ئازادیی بەرهەمدەهێنێت کە پێشتر لە کۆمەڵگای کوردییدا بوونی نەبوو.
خەسڵەتی دووەمی حیزبی کوردیی بریتییە لە ململانێی نێوان دوو گروپی ستراتیژیی کە بە کردە ستراتیژییەکانیان کۆی پرۆسەی سیاسیی و کۆمەڵایەتییان لە هەرێمی کوردستاندا ئاراستەکردووە. ئەو دوو گروپەش بریتیین لە: گروپە ستراتیژییەکانی شار و گروپە ستراتیژییەکانی گوند. هەریەکێک لەم دوو گروپە کاریزمای خۆی بەرهەمهێناوە. کاریزمای سیاسییش لە کۆمەڵگای کوردستان بەشێوەیەکی گشتی لەسەر دوو بنەمای کۆمەڵایەتیی دروستدەبێت. کاریزما یان ئەوەتا سەرمایەیەکی ڕەمزیی کۆمەڵایەتیی، ئایینی هەیە، لە شێوەی شێخ و مەلا و سید و ئاغا و بەگ و هتد، وەک لای شێخ مەحمودی حەفید و مەلا مستەفای بارزانی و پاشان کوڕەکانی دەبینرێت. یان سەرمایەیەکی مەعریفیی و پیشەییان هەیە لە نموونەی نووسەر و ڕۆشنبیر و هونەرمەند، پارێزەر و مامۆستا و ئەفسەر و هتد. وەک لە گروپە ستراتیژییەکانی شاردا دەبینرێت. لە دڵداری شاعیر و ڕەفیق حیلمییەوە تا دەگات بە جەلال تاڵەبانیی و نەوشیروان مستەفا و بەرجەستەی ڕۆڵی ستراتیژیی ئەم گروپە شارییە دەکەن.
گەرچی بنەما و پێگەی کۆمەڵایەتیی ئەم دوو گروپە سەرەکییەی ناو کۆمەڵگای کوردستان جیاوازن، بەڵام خاڵی هاوبەشی هەموو حیزبەکانی کوردستان کە خەسڵەتی سێیەمی حیزبە کوردییەکان پێکدەهێنن، بریتییە لە شوناسی بەجەماوەرییبوون. هەموو حیزب و رێکخراوەکانی کوردستانی عێراق خۆیان وەک حیزبی جەماوەریی نماییشدەکەن و خۆیان بە نوێنەری هەموو چینەکانی گەل و نەتەوە، بە کرێکار و جوتیار و هەموو توێژە کۆمەڵایەتییەکانی تری ناو کۆمەڵگا، دەزانن.
خەسڵەتی چوارەم، پرۆسەی یهكگرتن و لێكجایبوونهوهیە. حیزبه كوردییهكان له ململانێی بهردهوامدان بۆ قهبهكردنی جهستهی سیاسیی و سەربازیی خۆیان. بەشێوەیەکی گشتیی ململانێی سەرەکیی لە کۆمەڵگای کوردستاندا لە دووئاستدا بەرجەستدەبێت. یەکەمیان ململانێی نێوان کەسایەتییە ناکۆکەکانی ناو حیزب خۆیەتی کە زۆرینەی کاتەکان بە دابەشبوون و جیابوونەوە کۆتاییهاتووە. دووهەمیان ململانێی نێوان حیزبەکانە لەگەڵ یەکتر کە یەکێک لە دەرکەوتەکانی توندوتیژیی و پێکدادانی چەکدارییە. بەم چەشنە فۆرمی ململانێکان تەنها سیاسیی و مەدەنیی نەبوون، بەڵکو لە قۆناغێکدا پەلدەهاوێژێت بۆ ململانێی چەکداریی نێوان حیزبەکان و تادەگات بە تەسفیاتی جەستەیی لەناو خودی حیزبەکان وەک لەدوای شەستەکان و دروستبوونی هەردوو گروپی باڵی جەلالی و مەلایی دەیبینین. هەم ململانێی گروپەکانی ناو یەک حیزب و هەم ململانێی نێوان حیزبەکانیش لەگەڵ یەکتر، جگە لەوەی لەسەر دەسەڵات و سەرمایەی رەمزیی و سەرمایەی ئابووریی بوو، رەهەندێکی شەخسیشی هەبوو کە سایکۆلۆژیای سەرۆکەکان و ڕق و دڕدۆنگیی پاڵنەرەکەی بوو. ئەمەش وادهكات كه ههر یهك لەو گروپە ستراتیژییانە ههوڵی ئهوهبدات کەسان و گروپ و حیزب و رێکخراوە بچووکەکانی تر لهناو جهستهی سیاسیی خۆیدا ئامێزانبکات، بۆئهوهی لهناو كۆمهڵگای كوردییدا لهڕووی قهباره و جهماوهر و چەکدارەوه سەرۆکەکەی ببێت به گەورەکاریزما و حیزبەکەشی ببێت بە حیزبی ژماره یهك. بۆیە یەکێک لە دیاردە دراماتیکییەکانی مێژووی ململانێی حیزبه كوردییهكان، مێژووی یهكگرتن و جیابوونهوهی بهردهوامی گروپە ستراتیژییەکان و کەس و نوخبە سیاسییەکانی كۆمهڵگای كوردییه لهگەڵ یهكتر و لهناو یهكتر. ئەم دیاردەی تێکەڵبوون و جیابوونەوەیە (ئینشیقاق) لە حیزبی هیواوە تاوەکو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی ئەمڕۆ بە پاساو و هۆکاری جیاواز بەردەوامی هەیە و هێشتا کۆتایی نەهاتووە.
خەسڵەتی پێنجەمی حیزبی كوردیی بریتییه له لۆكاڵییبوونی هێزە کۆمەڵایەتییەکەی له شارێك یان ناوچهیهكی دیاریكراودا. هیچ حیزبێكی كوردیی ئەمڕۆ ههمان پێگه و ئامادهگیی و هێزی له شار و شارۆچكهكانی دهرەوهی زێدی خۆیدا نییه. چەندە حیزبه كوردییهكان ناوكێكی ڕەقی کۆمەڵایەتییان هەیە، ئاوهاش ناوکێکی لۆكاڵییان ههیه. حیزبە کوردییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان چهنده له زێده كۆمهڵایهتیی و جوگرافییه سیاسییەكهیان دوركهونهوه، ئهوهنده ژمارهی دهنگدهر و ئەندام و پێشمەرگەیان كهمدهبێتهوه. ئەم واقیعە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەی لەمڕۆی نەخشەی حیزبایەتیی هەرێمی کوردستاندا بەرقەرارە، ئەو ڕاستییە دەردەخات کە بانگەشەی خۆبەنوێنەرزانینی ڕاستەقینەی هەموو نەتەوە و بەرجەستەکەری ڕوحی گەل، جگە لە گوتارێکی پۆپۆلیستیی بەتاڵ هیچ مانا و ڕەهەندێکی تری نییە. بەکورتیی فاکتە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان شتێکی ترمان پێدەڵێن، بۆنموونە پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئەم هەفتەیە ساڵیادی لەدایکبوونی حەفتاوپێنج ساڵەی تەمەنی سیاسیی خۆی کردەوە، لە هەڵبژاردنی 2018دا بۆ پەرلەمانی عێراق، لە پارێزگای سلێمانیی تەنها 48 هەزار دەنگی هێناوە و لەکاتێکدا لە دهۆک 354 هەزار دەنگی هێناوە کە دەکاتە حەوت ئەوەندەی دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانیی. بێگومان هەر ئەم ئەم خەسڵەتی لۆکاڵییبوونە بۆ یەکێتی و حیزبەکانی تریش ڕاستییەکی سۆسیۆ سیاسییە.
ماوێتی