پرسی کۆچ و پەنابەران لە کارنامەی پارتەکانی ئەڵمانیادا

Draw Media

2021-09-18 11:53:06



دیلمان حەمەساڵح

وەک ئاشکرایە لە رۆژی ٢٦ی سێپتەمبەردا ھەڵبژاردن بۆ بیستھەمین خولی پەرلەمانی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. بەوپێیەش وڵاتەکە بەرەو قۆناغێکی نوێی ژیانی سیاسی و ئابوری ھەنگاو دەنێت لە ئاکامدا بێگومان کەم تا زۆر رەنگدانەوەی لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی و زۆربەی کایەکانی ژیانی دانیشتوانەکەی دەبێت.

ئەڵمانیا بەرەو قۆناغی دوای شازدە ساڵ مێرکل ھەنگاو دەنێت، بە حوکمی ئەوەی کە لە دوای چوار خول بۆ ئەو ماوە زۆرە لەسەر یەک راوێژکاری ئەڵمانیا بوو و بۆ ئەم خولە نوێیە خۆی کاندید ناکاتەوە، ھەر چەندە دەستوری وڵات رێیپێداوە بۆ بەردەوام خۆکاندیدکردنەوەی. یەکێک لە ھۆکارەکان شکستی پارتەکەی بوو لە ھەڵبژاردنەکانی ھەردوو پەرلەمانی ھەرێمی باڤاریاو ھێسن لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٨.

بەمەش مێرکل تائێستا تاکە راوێژکارە لەدوای ئەوەندە ساڵ بە حوسن و رەزای خۆی، خۆکاندیدکردنەوە ره‌تبکاتەوە- پێشتر ھێلموت کۆل لە ساڵی ١٩٩٨ بۆ خولی پێنجەم خۆی کاندیدکردەوە، بەڵام بەرانبەر گێرھارد شریۆدە شکستی ھێنا.

ماوەی سەرۆکایەتیی حکومەت لەلایەن مێرکل-وە، جیھان بەگشتی، ئەوروپاو ئەڵمانیا بەتایبەتی بە چەند وێستگەیەکی قورس و تەنگژاویدا گوزەریان کرد- دیارترینیان؛ لەلایەک قەیرانی ئابووری و دارایی ٢٠٠٨، ئینجا قەیرانی یۆرۆ ٢٠١٠، لەلایەکی تر قەیرانی کۆچبەران و سەرھەڵدانی داعش، دواتر پەتای کۆرۆناو پاشان کارەساتی سروشتی و دواھەمینیشیان ئەوەی کە پێی دەڵێن قەیرانی ئەفغانستان (له دوای بڕیاری کشانەوەی ھاوپەیمانان). بەدەر لەمانەش چەندین کێشەو روداوی تری وەک سەرھەڵدانی بەھاری عەرەبی و لێکەوتەکانی، پاشان قەیرانی دورگەی قرم، جەنگی جۆرجیا، راگرتنی ھاوسەنگی لەنێوان روسیاو ئەمریکا و چین لە ھەموو بوارەکاندا، گەرمبوونی جەنگی ئەلکترۆنی، ئینجا ھەڵکردن لەگەڵ ئەتوارەکانی ترەمپ و ئەردۆغان و چەندین گرفتی ناوخۆیی سیاسی وەک دامەزراندن و ھاتنە ناو پەرلەمانی (پارتی ئالتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا - پارتێکی شعوبیی راسترەوی توندڕەوە)و بوونە جێی رەخنەی جۆراوجۆر.

مێرکل-یش بە جۆرێک رووبەڕووی ھەموو ئەو ئاڵنگاریانە بووەوه‌و بە ستایڵێک قیادەی کرد، کە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ ئەکرێت و بووه‌تە جێی مشتومڕ. ھەر وڵاتێک، حزبێک یان کەسێک بە جۆرێک لێی دەڕوانێت، ئیدی باش یان خراپ واتە بۆئەوان چۆن کەوتبێتەوە، بەو شێوەیە لێی دەڕوانن.

باسی دەستکەوت و شکستی کابینەکانی مێرکل بابەتێکی ھەمەلایەن و ئاڵۆزە، لێرەو لەوێ رەخنەی بەجێ و نابەجێ ھەن.

وێنە گشتیەکە ئەوە نیشانی جیھان ئەدات، کە لەو سەردەمەدا ئەڵمانیای دەوڵەتی یاساو دیموکراسی، چوارەم بەھێزترین ئابووری جیھان و خاوەن بەھێزترین ئابووری ئەوروپا، لە ئامانجە نیشتمانیەکان و بەھا ئینسانی و ئەخلاقییەکان دورنەکەوتووەتەوە، بگرە لە ھەرەزۆری کارو چالاکییە ھاوبەشە ئاوەدانی و خێرخوازییەکاندا پشکی شێری بەرکەوتووە.

لە ناونیشانی بابەتەکە دوور نەکەوینەوە، پرسی کۆچ و پەنابەران لە ئەڵمانیا بابەتێکە، کە لە ریزی ھەموو ئەو بابەتە جەوھەریانەدایە، کە ھەمیشە لە نێو کۆمەڵگاو سیاسەتی وڵات زۆر بایەخی پێدەدرێت و تاوتوێ دەکرێت، ھەروەھا لە پێکھێنانی ھەموو حکومەتێکدا لایەنەکان رێککەوتنی لەسەر دەکەن، ئەویش لەبەر چەند ھۆکارێک؛ بۆ نموونە ئایا بەردەوام وەرگرتنی ئاوارە ئەبێتە مایەی بارگرانی یان گەشەپێدانی ئەڵمانیا، چۆن کارێک بکرێت تا خۆگونجاندنی ھاتوان ئاسان بکرێت و باشتر تێکەڵی کۆمەڵگەی ئەڵمانی بن؟ ئەی کۆچھێنان رێگری لە کەمبوونەوەی دانیشتوانی ئەڵمانیا دەکات یان نەخێر، ئەی ئاسایش و شیرازە دەشێوێت، بە مانایەکی تر رێژەی تاوان زیاد دەکات یان نا، ئەگەر وابێ چۆن مامەڵە بکرێت و رێکارەکان چی بن کە ئەمنیەتی دەوڵەتیان پێ بپارێزرێت؟ زۆربەی ئەم پرسیارانە و چەندینی تر زیاتر لە دوای شەپۆلە گەورەکەی ٢٠١٥-ەوە دروست بوون و بەردەوام دەکرێن.

ھەنوکەش کە سەروبەندی ھەڵبژاردنە، پارتەکان لە کارنامەکانیاندا تیشکیان خستۆتە سەر ئەم پرسەو ھەریەکیان بە جۆرێک نیازو پلانی خۆی خستوه‌تەڕوو، کە لێرەدا بە کورتی وەک بەرچاورونییەک دەیانخەمەڕوو:

 

بەرنامەی ھەڵبژاردنی پارتەکانی ئەڵمانیا بۆ پرسی کۆچ و پەنابەران

‏* (Die Union) ھاوپەیمانیی یەکێتیی دیموکراتی مەسیحی CDUو یەکێتیی سۆسیال مەسیحی CSU:

نکۆڵی ناکەن کە پەنابەرێتی مافێکی بنەڕەتیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێت رێکارەکان بۆ پێدانی مافی پەنابەرێتی توند بکەن بۆ نمونە: دەیانەوێت چەند وڵاتێکی زیاتر وەک دەوڵەتانی ئەمین لەقەڵەم بدرێن، واتە خەڵکانی ئەو وڵاتانە، کە بەمەبەستی پەنابەرێتی روو دەکەنە ئەڵمانیا، بە ئاسانی وەرنەگیرێن.

ئەو کەسانەی کە بڕیاری وەرنەگرتن و دەرکردنیان بۆدەرکراوە، نەتوانن زۆر بمێننەوەو لە کورتترین ماوەدا ئەڵمانیایان پێ بەجێبهیڵرێت.

ئەو پەنابەرانەی کە تاوانی قورس ئەنجام دەدەن بنێردرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.

لە ناوخۆی ئەوروپادا دەیانەوێت لەنێوان وڵاتاندا هاوکاری یەکتری زیاتر بکەن و سیستمێکی نوێ بۆ دابەشکردنی ئاوارەکان بەسەر ئەو وڵاتانەدا دابمەزرێنن.

ھەروەھا داوای دامەزراندنی چەند سەنتەرێکی هاوبەش لەنێوان وڵاتانی ئەوروپادا لەسەر سنورەکان دەکەن، کە تیایاندا بتوانرێت بڕیاری وەرگرتن یاخود رەتکردنەوەی داوای پەنابەرێتی تیا بدرێت.

* پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD):

سۆسیال دیموکراتەکان پێیان وایە کۆچکردن بۆ ئەڵمانیا کۆمەڵگای ئەڵمانیی دەوڵەمەندتر کردووە. ئەم پارتە دەیەوێت ئەو کەسانەی رودەکەنە ئەڵمانیا ماف و هەلی خۆگونجاندن و فێربوونی زمانی ئەڵمانیان بۆ بڕەخسێنرێت.

بۆ ئەوەی پرۆسەی تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگای ئەڵمانی و خۆگونجاندن تیایدا باشتر بەڕیوەبچێت، داوا دەکات، کە ئەو کەسانەی داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن، دەرفەتی راکێشانی پاشماوەی خێزانەکانیان بۆ ئەڵمانیا پێبدرێت.

ئەو کەسانەی، کە مافی مانەوەی جێگریان نیە، بەڵام باش لەگەڵ کۆمەڵگای ئەڵمانیدا خۆیان گونجاندووە، ئەوا مافی مانەوەی هەمیشەییان پێبدرێت.

دەیەوێت مافی خاوەندارێتیی دوو رەگەزنامە زیاتر بکات.

ئەمانیش دەیانەوێت لەنێوان وڵاتانی ئەوروپادا سەبارەت بە سیاسەتی کۆچکردن هاوکاری زیاتر ھەبێت و ریفۆرم لە شێوازی دابەشکردنی ئاوارەکاندا بکرێت.

دژی ئەوەن کە کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاستدا بگێڕدرێنەوە، هاوکات جەخت لە ئەرکی رزگارکردنیان دەکەنەوە.

* پارتی سەوز Die Grüne:

ئەمان پێیان وایە ئەڵمانیا وڵاتی کۆچھێنانە. پێیان وایە لەم وڵاتەدا سیاسەتێکی تایبەت نیە سەبارەت بە کۆچهێنان و مافی کۆچهێنان، کە برەو بەم پرۆسەیە بدات و کارئاسانیی بۆ بکات لەبری ئەوەی ئاڵۆزی بکات.

دەیانەوێت کارئاسانی بۆ کۆچهێنان بۆ ئەو کەسانەش بکەن، کە بڕوانامەی دانپێدانراویان نیە، بەڵام بە مەرجی لەبەرچاوگرتنی پێویستیی هێزی کار.

بە نیازن وەرگرتنی رەگەزنامەی ئەڵمانی ئاسان بکەن و منداڵانی پەنابەرانیش چیدی زۆریان لێنەکرێت بڕیاربدەن لە نێوان بوونە خاوەنی رەگەزنامەی ئەڵمانی یاخود رەگەزنامەی ئەو وڵاتانەی کە دایک و باوکیان ھەیانە.

* پارتی ئازادی دیموکرات (لیبەراڵەکان) FDP:

بۆ ئەم پارتەش وەک سەوزەکان بە ئاشکرا ئەڵمانیا وڵاتی کۆچھێنانە، لەبەرئەوە پێویستیی بە رێساو پلانی روون ھەیە. ئەو کەسانەی، کە ھەلی کاریان بە ئاسانتر بۆ دەڕەخسێت، دەبێ بتوانن بە (Blue Card - كارتی شینی ئەوروپی) روو بکەنە ئەڵمانیا. بۆ ئەوانەی کە ئەو چانسەیان نیە، دەکرێت لەڕێی سیستمی خاڵ کۆکردنەوە وەک شێوازی کەنەدا بە شێوەیەکی سنوردار دەرفەتی ھاتنیان پێ بدرێت. ئەو پەنابەرانەی کە بەھۆی شەڕی ناوخۆ لە وڵاتەکانی خۆیاندا ھەڵھاتوون و روویانکردوه‌تە ئەڵمانیا، دەبێت بە خێرایی و نابیرۆکراسی مافی مانەوەیان بە شێوەیەکی کاتیی پێبدرێت. ئامانجێکی تری ئەم پارتە فراوانکردن و خێراترکردنی کارەکانی رێکخراوی پارێزگاریی سنوری وڵاتانی یەکێتیی ئەورپایە (Frontex)وە دەیەوێت ئەرکی رزگارکردنی کۆچبەران لە دەریاکانی ئەم سنورانە بخاتە ئەستۆی ئەم رێکخراوە.

 

* پارتی چەپ (Die Linke):

لە بەرنامەی ھەڵبژاردنەکەیدا داوا دەکات ھەموو ئەو دانیشتوانەی ئەڵمانیا کە مافی درێژخایەن یان ھەمیشەیی مانەوەیان ھەیە، مافی ھەڵبژاردن و تەنانەت خۆکاندیدکردنیشیان پێ بدرێت.

دەیەوێت پرۆسەی دانپێدانان و قبوڵکردنی بڕوانامەی بیانی باشتر بکات، تا ئەو کەسانەی خاوەن رەگەزنامەی وڵاتێکی ناو یەکێتیی ئەوروپا نین کارئاسانیان بۆ بکرێت و بتوانن لە بواری کاری خۆیاندا دابمەزرێن.

ئەم پارتە بە پێچەوانەی پارتی ئازادی دیموکراتەوە دەیەوێت پارێزگاریی سنوری وڵاتانی یەکێتیی ئەورپا ھەڵبوەشێنێتەوە و بەتەنھا پرۆگرامێکی مەدەنیی ئەوروپی بۆ رزگارکردنی کۆچبەرانی دەریا جێگەکەی پڕبکاتەوە. ناردنەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتانی خۆیان چەپەکان بە موتڵەقی رەتدەکەنەوە.

 

* پارتی ئالتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD):

راسترەوەکان لە سیاسەتی کۆچ و پەنابەریدا گرەو لەسەر داخستنی سنوری ئەڵمانیا دەکەن بەرووی کۆچبەراندا. پەیماننامەی پەیوەندیدار بە رەوشی ئاوارەکان، کە لە ساڵی ١٩٥١ بەستراوەو بە پەیماننامەی جنێف ناسراوە، ئەم پارتە دەیەوێت ھەڵیبوەشێنێتەوە و بەشێوەیەکی زۆر توند مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکات و وەرگرتنی ئاوارە و بواردان بە کۆچھێنان زۆر قورس بکات.

ھەروەھا لە بری ئەوەی ئەڵمانیا ئاوارە و پەنابەر وەربگرێت، دەیەوێت یارمەتیی مرۆیی بۆ ئەو ناوچە قەیراناویانەی کە ئاوارەکانیان لێوە بەرەو ئەڵمانیا ھەڵدێن بنێرێت، تا بەوە رێگری لە ھاتنیان بکات.

دەبینین بەرنامەکان چەند ھەمەڕەنگ و گشتگیرن، ھاوکات لە شەقامیشدا چەندین بۆچوون و خواستی جیاواز ھەن لەمەڕ ئەم پرسە، ھەر لە چەپترینەوە ھەتا راستڕادیکاڵترین. دواجار دەنگی زۆرینەی گەل حسابەو بڕیاری چوار ساڵ شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات، ھاوتەریب یەکلاکردنەوەی بەرنامەی سیاسەتی کۆچ و پەنابەری دەدات.

چەند ئامارێکی پەیوەست بە بابەتەکەوە:

* رێژەی دانیشتوانی ئەڵمانیا بەپێی سەرژمێریی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠، نزیکەی ٨٣،١٥ ملیۆن بووە (سەرچاوە: ویکیپێدیا)

* نزیکەی ١١،١ ملیۆن بەڕەچەڵەک بیانی لە ئەڵمانیا دەژین، کە ھەڵگری رەگەزنامەی ئەڵمانین (سەرچاوە: سایتی خزمەتگوزاریی مێدیا بۆ کۆچ)

* نزیکه‌ی ١٠،١ ملیۆن کەس لە ئەڵمانیا دەژین کە خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەڵمانی نین. (سەرچاوە: سایتی خزمەتگوزاریی مێدیا بۆ کۆچ)

* لە رێککەوتننامەی ھاوپەیمانێتی بۆ پێکھێنانی حکومەت لەنێوان Die Union و SPD ھاتبوو کە ساڵانە ١٨٠ ھەزار بۆ ٢٠٠ ھەزار کۆچبەر وەبگرێت، بەڵام لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا تەنھا ٤٧٤٠٠ وەرگیراون (سەرچاوە: فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران BAMF)

* ساڵانە ئەڵمانیا پێویستی بە ٤٠٠ ھەزار ھێزی کارە، کە لەدەرەوەی وڵاتەوە بێن- مەبەست لە پەنابەر نیە، بەڵکو ئەکادیمی و شارەزای بوارێکی کار (سەرچاوە: ئاژانسی فیدراڵ بۆ کار BA).

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand