پارتی، پێویستی بە بانگەشە نییە
2021-09-20 16:33:13
سەهین موفتی
لەوەتەی، وادەی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری داهاتوو دەستی پێکردووە، حیزبەکان کەوتوونەتە خۆ، لێرەدا کارم بە لایەنەکانی دی، نییە تەنێ مەبەستمە سرووشتێتی پارتی دیموکراتی کوردستان بخەمەوە بەر دیدەی خوێنەران.
پارتی وەک هەر حیزبێکی سیاسی، یا روونتر وەک حیزبێکی حکومڕان، لە لایەن کادیرو ئەندامانی خۆیەوە رووبەڕووی گلەیی و گازاندە بۆتەوەو دەشبێتەوە..!
زۆر جار، ئەندامانی پارتی بە شێوەیەک نیگەران دەبن، تا ئاستی ئەوەی لە ریزی حیزبەکەدا نەمێنن، تەواو نیگەران دەبن، دەتۆرێن، بێزار دەبن، رق هەڵدەگرن، بەدڵنیایی هەموو ئەوانەی بەسەریاندا دێت، لەوەیە لە ئەنجامی هەڵەو کردەی بەرپرسێک یا دەستڕۆیشتوویێکی نێو ئەم حیزبەوە سەرچاوە دەگرێت، لێ لەو دەمەی وادەی هەڵبژاردن دێت و رۆژی دەنگدان، دەنگدەر بەرەو سندووقی دەنگدان هەنگاو دەنێت، بیر لە هیچ ئەم نیگەرانیی و تۆراندن و بێزارییەی ناکاتەوە، تەنێ ئەوەی دێتەوە بەرچاو کە پارتی خودان کەسێتییەکی نەتەوەیی و رابەرێتی و شکۆدارێکی وەک ( مەسعود بارزانی )یە. بۆیێ بە بێ دوودڵی جارێکی دی، لەبۆی واژۆ دەکاتەوە، دەنا لەبەر خاتری چاو و برژانگ و روویی سوورو بۆینباخی گرانبەهاو کۆمپانیاو مۆڵ و هوتێل ورێستورانە پێنج ستارییەکانی بەشێک لە بەرپرسانی ئەم حیزبەوه نییە.
تا بارزانی مابێت، دەنگدەرە تۆراوو رەنجێندراوەکانی پارتی و دەنگدەری نەتەوەیی دەرەوەی حیزبەکەش، دەنگدەری پارتین، بەتایبەتی ئەو دەنگدەرانەی بەبێ هیچ بەرژەوەندییەک، دڵییان بە ئاوەدانی شەقام و شارەکان خۆشە...!