Draw Media

ئایە سەڵاحەدینی ئەیوبی "هیچ گرنگییەكی بە كوردبوونی خۆی دەدا" ؟

ئایە سەڵاحەدینی ئەیوبی "هیچ گرنگییەكی بە كوردبوونی خۆی دەدا" ؟

2021-09-20 17:04:46


 د.ئیسماعیل شەمس

بەشی سێیەم
لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینەدا، وترا کە گریمانەی دژایەتی ڕۆژئاوا لەگەڵ پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی لە میراتی جێماوی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بە هۆی تۆڵەکردنەوەی ئەو شکستەوە بووە کەلەسەردەستی سەڵاحەدینی ئەیوبی لە جەنگی خاچدرووشمەکاندا بۆچوونێکی هەڵەیە و گرنگترین ڕێگرێک لە ڕێی پێکهێنانی دەوڵەتێکی لەم جۆرە، لانیکەم لە دووسەد ساڵی کۆتاییدا، ڕووسیا بووە. هەروەها ئەو پرسیارەش خرایە ڕوو کە چ کەسانێک ڕووسیایان وا لێکرد کە ڕێگریی بکات لە بەردەم پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی لە پاشماوەی زەوییەکانی عوسمانی بکات و پاشان لەڕێگەی ڕەوایەتیدان بە کاری ڕۆژئاواییەکان وایان نیشاندا کە سەڵاحەدین تۆمەتباریی یەکەمی ئەم بابەتەیە؟ ئەم نووسینە وەڵامێکی پوختە بۆ ئەم پرسیارە.
بەڵگەنامە بەردەستەکان ئەوە نیشان دەدەن کە بەرگرییکارانی نەتەوایەتیی کوردی لە سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمدا، نەک تەنها دژایەتییەکی سەڵاحەدینیان لە بەرهەمەکانی خۆیاندا نەکردووە، بەڵکو چەندین جار بە پێجەوانەوە ئەویان بە چاکەکار و باشی ناوبردووە. لە بنەڕەتەوە شەپۆلی یەکەمی ناسیۆنالیزمی کوردی، گشتگیر و لەخۆگری تەواوی کۆڵەکە پێکهێنەرەکانی شوناس بووە لەوانەش نەتەوە، زمان، ئاین، جوگرافیا، مێژوو و کولتوور. لە چوارچێوەی ئەم گووتارەدا، سەڵاحەدینیش خاوەنی پێگەیەکی تایبەتی خۆی بووە. ئەم تایبەتمەندیی و پێگەیەی سەڵاحەدین تا سەردەمی شۆڕشی بەلشەفیی ڕووسیا و پاشان شۆڕشی چین و هاتنەنێوەوەی هەژموونی ئاراستەی مارکسیزمی لینینی و ماوییزم بۆ کوردستان درێژەی هەبوو. بە گەڕانەوە بۆ دەقە مێژووییەکان دەردەکەوێت هەرچەند سەڵاحەدین بە هۆکاری ڕۆڵی خۆی لە کۆتاییپێهێنانی دەوڵەتی فاتیمیی شیعەمەزهەب لە میسر و فراوانکردنی مەزهەبی شافیعی هەمیشە جێگەی ڕەخنەلێگرتنی گووتاری مەزهەبی شیعە و ئەڵبەتە بەشێکیش لە سۆفییەکان و ئێزیدییەکان  بووە. بەڵام لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی کوردی سوننەمەزهەب دژایەتی و ناکۆکییەکیان لەگەڵیدا نەبووە. لە دەیەی ١٩٣٠ەوە گووتاری چەپی سیکیۆلار وردەوردە لە کوردستاندا هەژموونی پەیدا کرد. هەرچەندە ئەم گووتارە یەک دەست و یەک ڕەنگ نەبووە و لە ناواخنیدا چەندین وردە گووتاری دیکە لە بەرگری لەسەڵاحەدینەوە تا دژایەتی و ناکۆکی لەگەڵیدا بوونی هەبووە، بەڵام دەتوانرێت ئەوە بوترێت کە دژایەتیکردنی ئاین و مێژووی ئیسلامیی کورد بە ناونیشانی دوو کۆڵەکەی شوناسی کوردی یەکەمین جار لەلایەن ئاراستە توندڕەوەکانی گووترای چەپەکانەوە دەرکەوت.
بەرگرییکارانی گوتاری چەپ لە یەکێتی سۆڤێت و چین، وا نیشانیان دەدا کە نەتەوایەتی، ڕەگەزێکی کۆنخواز (ڕەجعی) و ئیمپریالیستییە و خۆیان بە بانگەشەکارانی ئینتەرناسیۆنالیزم (نێونەتەوەگەرا) و جیهانێکی بێدەوڵەت و بێ چین نمایش دەکرد. بەشێکی توندڕەوتری لقەکانی ئەم گووتارە، تەنانەت لەگەڵ سۆسیالیزمی نەتەوەیی یاخود سۆسیالیزم لە هەناوی یەک وڵاتیشدا ناکۆک بوون و لەسەر هەڵگرتنی سنوورەکان و برایەتی گەلان جەختییان دەکردەوە. لە هەمان ئەو ڕۆژانەدا ئەوانەی کە مێژوویان خوێندبوویەوە، چاک دەیان زانی کە ڕێبەرانی چین و سۆڤێت، لە بیری یەکسانی و بریاەتی گەلاندا نەبوون و لە بنچینەدا سەرقاڵی بڕینی پەیوەستی و ئەڵقەی پەیوەندی گەلان بە مێژوو و شوناسیی خۆیان بوون؛ بەم ئامانجەوە کە بەشێوەیەکی ئاسانتر ئەو گەلانەیان لەنێو مەزنەدەوڵەتی دایکدا، واتە سۆڤێت و دواتر چیندا جێ بکەنەوە. زۆرێک لە گەنجانی پاک و لەخۆبوردوو و دڵسۆزی کورد و ڕۆژهەڵاتی نێوەراستیش بەهۆی نەریتی ئیستعمار و دەستتێوەردەری ڕۆژئاوا و ڕووسیای قەیسەری و لایەنگرانیان لە نیوجەکەدا و بە ئومیدی ڕزگاربوون لەم دۆخە، کەوتنە ژێر کاریگەریی چەپ و بوونە داکۆکیکاریی سەرسەختی ئەم ئایدۆلۆژیا فراوانخوازە تازەیە.
هێزە چەپە وابەستەکان بە سۆڤێت و چینەوە بە ئاراستەی جیاوازەوە لە قەوقاز، ئەنکارا، دیمەشق، بەغدا و تاران پێکهاتن و راکێشانی ئەندامانیان لە چینە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکان و بە تایبەت خوێندکاران و کرێکاران دەست پێکرد. درووشمە سەرەکییەکانی ئەوان، واتە عەدالەت، هەڵگرتنی ستەمی چینایەتی و نەتەوەیی و برایەتی، پێش هەر گروپێک بووە مایەی پێشوازی لەلایەن گرووپە مەحروومە کۆمەڵایەتییەکان و نەتەوەکان و لەسەر ئەم بنەمایەش بەشێکی زۆر لە خوێندکاران و کرێکارانی کورد لە پایتەختەکانی ئەم وڵاتانەوە و شارە گەورەکانی دیکەوە کەوتنە ژێر کاریگەری مەدینەتولفازیڵە (شاری نموونەیی) و بەڵێنپێدراوی چەپەکانەوە. پاش ئەوەش لەسەرخۆ گرووپە چەپە ستالینییەکان و ماوییەکان لەژێر کاریگەری یارانی ئایدۆلۆژیی ناوەندنشینی پایتەختی بە شێوەی نهێنی و نیمچە نهێنی لە شوێنە جیاوازەکانی کوردستان پێکهاتن و یەکەم جار بە ناونیشانی لقی کوردی ئەو حزب و گروپانە و هەندێ جاریش جیابوونەوە، چالاکییە سەربەخۆکانی خۆایان لە کوردستاندا دەست پێکرد.
بە چاوخشاندنێک بە دەقەکانی ئەم حزبانە و ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانیان کە ئەمڕۆ لە ئەرشیفەکاندا بەردەستن، دەردەکەوێت کە هیچ یەکێک لەوانە لە بەرنامە فێرکارییەکانی خۆیاندا بۆ ڕاهێنانی کادیران و کادیرسازی تەنانەت یەک کتێبی کوردی یان نووسراوێکیان لەلایەن نووسەرانی کوردەوە بەدرێژایی هەزارساڵ پێش لەنیو بەرنامەی خۆیاندا جێنەکردووەتەوە و نەگەڕاونەتەوە بۆ ئەو سەرچاوانە و تەواوی بڵاڤۆک و بەرنامەکانی ئەوان لە سەرانی ئایدۆلۆژیکی چەپ و بەتایبەت ڕێبەرانی نیشتمانی ئەو گروپانە لە چوار پایتەختی دەوڵەتەکانەوە وەریان گرتوون. ئەم بابەتە بووە هۆکاری درووستبوونی چەندین پارادۆکسی گەورە لە تیۆرەی ئاینی و نەتەوەیی و چەپ و سیکۆلار لە کوردستاندا. دەقی ڕەسەن و دایکیی ئەوان بەدرێژایی هەشتا ساڵی ڕابردووش بە ڕوونی ئەم دژیەکیانە دەردەخات کە ئەمڕۆ بەشێک لە ڕێبەران و نووسەرانی بەویژدانی کورد خۆیان دان بەو ڕاستییەدا دەنێن. یەکێک لەو پارادۆکسانە، وەلاخستنی ئاین و مێژووی ئیسلامیی کورد لە ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی شوناسی کوردی بوو. لەبەرامبەر ئەم کارەدا، دوو ڕەوتی ئاینی و نەتەوایەتی کوردیش کاردانەوەیان نیشاندا یاخود کەوتنە ژێر کاریگەرییەوە و ژینگەی کوردستان بۆ چەندین دەیە بووە گۆڕەپانی ململانێی ئەم سێ گووتارە و لایەنگرانی کوردستانی، ناوەندی، هەرێمایەتی و جیهانییان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand