نواندن و مانۆڕی ساختە !
2022-01-07 19:02:00
ئاسۆ عەبدوللەتیف
ئێران، لە دوای کوشتنی قاسمی سولەیمانییەوە، هیچ جۆرە تۆڵەیەکی نەکردۆتەوە جگە لە هەندێک موشەکی نەرمە باروت و درۆنی ناسک بۆ فرۆکەخانەکان و ئێستاش دوای هەڕەشەکانی زەینەب سولەیمانیی هیچ ناکات و تەنها نمایشگەرییە بۆ دەستخستنی ئۆفەری زیاتری نەوت و دەسەڵات.
دوای کوشتنی فەخریزادەی باوکە ئەتۆمیەکەشی، بینرا هیچی نەکرد، چونکە دۆخەکەی ناسکەو ئاسان عێراقی لە کیس دەچێت و بەدیلی سوننەکان حازرە.
ئێران دەیتوانی کێشە بۆ گەرووی هورموز دروست بکات و بەرژەوەندی نەوتی ئەمریكاو ئەوروپا تا رادەیەک بخاتە مەترسی و نەیکرد، دەیتوانی لە ئامانجەكانی ئەمریكا لە عێراق بدات و هیچ نەبێ سوننەکان پەراوێز بخەن و نەیکرد. دەیتوانی موشەكی حوسەینیی زیاتر بۆ تەلئەبیب و جۆلان زیاد بکات و نەیکرد. دەركردن و تەنگ پێهەڵچنینی جولەكەو بەرەگەز ئەمریكیەكانی ناو ئێران ئاسانترین کارت و کردەی توڕەکردنی ئەمریکایەو نەیکردو ناشیکات. ئەوە سیاسەتی مەرجەعیەتی قوم و تارانە، بەدیوی ئەمریكاشدا وایەو نەرمتریشە، دەساڵە ئەمریکا هەڕەشە لە تاران و کەنداوی فارس دەکات، بە پێچەوانەوە خەریکی کۆپیکردنەوەی چەند ئێرانێكە دروستی بکات لە ناوچەکە هاوشێوەی لوبنان و سوریاو عێراق و دروستیشی کرد .
ئیسرائیلیش واوەترەو بیرمانە لە 21/1/2019 بۆ ئەوەی موشەكەكانی تاقی بكاتەوە هەستا هەندێ مۆڵگەی سوپای قودسی ئێرانی لە سوریا كردە ئامانج، گوایە لە ئامانجە ستراتیجیەكانی ئێرانی داوە، ئەمە ئەسڵەن ختوكەدان زیاتر هیچیتر نەبوو، لەكاتێكدا هێزی ئەو موشەكە كیشوەربڕانە بۆ قوم و تارانیش بڕدەكات،لە ژێرەوەش خەریکی گفتوگۆی ئامانجدارن.
بەپێی بەڵگە نامەیەك 68 گروپ و كەتیبەو لیوای جۆراوجۆری شیعە هەیە لە عێراق بە ملیارەها دۆلار بودجەی ساڵانەیان بۆ تەرخانە جگە لە بیزنسی رەش و دەرهێنانی نەوت و پاڵاوگەی نایاسایی کەچی ئەمریکا بێدەنگە لێیان و باسی دیموکراسیەت و حوکمڕانی ڕەشید دەکات.
موقتەدا، خاوەنی دەیان سەربازگەو سوپاو ھێزی میلیشیایی سەربازییە وەک سوپای مەھدی و لیوای رۆژی دوایی و سەرایا سەلام کەچیی ھێزی پێشمەرگە بە میلیشیا ناودەبات و داوای ھەڵوەشاندنەوەی دەکات.
تۆمەتبارە بە کوژرانی دەیان سەربازی ئەمریکی و تیرۆری کەسایەتییە دیبلۆمات و بیانییەکان و تیرۆری زانای ئاینی و مەرجەعی دیار عەبدولمەجید خوئی لە ٢٠٠٣.
ئەوەتا ئێستاش وەک دۆستێکی ئەمریکا و سوننەکان نواندن دەکات و بە کەسێکی نزیک لە عەرەبستانی سعودیی و ئیمارات دادەنرێت و دەیەوێت ئەندازەگیریی چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی تاران و ریازو واشنتۆن بێت.
ئەگەرچی مانۆرەکانی ھەر زمانەوانییەو نەیتوانیوە زیان بەو ستراتیژەی ئەمریکا بگەیەنێت، تەنانەت لە بریاری ناساندنی قودس بە پایتەختی ئیسرائیل لەلایەن ترامپەوە لە مانگی ١٢/٢٠١٧ کە وتی من یەکەم سەرباز دەبم بۆ ئەو جیھادە دژی ئیسرائیل. چەندین ھەرەشەی کرد بۆ کۆکردنەوەی گروپە چەکدارەکان و سەرایاو لیواکانی، دیسان نەیتوانی ھیچ بکات و وەھم و مانۆر دەرچوو.
بۆیە حکومەتی ئایندەی عێراق هێندە دڵخۆشکەر نییە بۆ کورد، هەتا کوردیش کەمێک مانۆڕو نواندن نەکات !؟