عێراقی سه‌در و دروستكردنی موعجیزه..!
2022-01-09 21:13:24
عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
له‌و شیكارییه سیاسییه كورتبینانه گه‌ڕێ كه له میدیای عێراقی و كوردستانییه‌وه، له روانگه‌ی جۆری بۆڕبۆڕین، یان رق و ركابه‌ریی سیاسی، یان به زمانی هاوكێشه‌ی كورسیی په‌رله‌مانی، یان ده‌ره‌نجامی هاوپه‌یمانی و رێككه‌وتن و گه‌مه‌و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌كان، یان به‌ده‌ستهێنانی پۆست و كۆنترۆڵكردنی دامه‌زراوه‌كانه‌وه، ده‌كرێن. ئه‌وانه هیچیان نه‌گۆڕه‌كان و ئه‌وسه‌ری رووداوه‌كانمان بۆ شی ناكه‌نه‌وه.
عێراق، وڵاتێكه، تاسه‌ر ئێسك له قه‌یرانی فه‌رمانڕه‌وایی، سیاسی، ئابووری، تا رأدهیهكیش ئه‌منیی گه‌وره‌دا ده‌ژی. له ستراكتۆریشدا، ده‌وڵه‌تێكی دهستكردو سه‌پێنراوه. بۆیه قه‌یرانی په‌یوه‌ندیی ده‌وڵه‌ت - كۆمه‌ڵگه تیایدا قه‌یرانێكی نه‌گۆڕو ناكۆتایه. بۆ ئه‌و واقعه، بۆ دوور ناڕۆین، گه‌واهیمان دواهه‌مین هه‌ڵبژاردنی گشتییه كه ئاوێنه‌یه‌كی روونی دۆخی تراژیدیی په‌یوه‌ندیی ده‌وڵه‌ت – كۆمه‌ڵگایه. له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا، جارێكی تر، زیاتر له 60%ی خه‌ڵكی ده‌نگده‌ری وڵاته‌كه بڕوایان به پرۆسه‌ی سیاسیی وڵات و به ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كان و نوێنه‌رانیان نه‌ما، ته‌نانه‌ت براوه‌ترین گروپی سیاسیی دواین هه‌ڵبژاردن كه سه‌درییه‌كانن، نزیكه‌ی چاره‌كه ملیۆنێك ده‌نگیان له‌ده‌ستدا، هێزه‌كانی تریش، كه‌م و زۆر، هه‌روا.
راسته، ئه‌م وڵاته وڵاتێكی دیموكراسی نییه، هیچ گروپێكی سیاسییش، له جه‌وهه‌ردا، بایه‌خ به‌م دابڕانه‌ی نێوان ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی نادات، به‌ڵام ئه‌م دابڕانه، له‌فۆرمی فاكتێكی سوسیۆسیاسیی برهوسهندووی به‌رده‌وام، وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ناڕه‌زایی ده‌ربڕاو و چه‌پێنراو، هه‌ڵكشاو و داكشاودا ئه‌مێنێته‌وه، ناڕه‌زایی گه‌لانی عێراقیش، هه‌ر خۆی، بۆ گروپه سیاسییه‌كان، به‌رده‌وام كه‌ره‌سته‌یه‌كی خاوه بۆ قۆزتنه‌وه، بۆ گه‌رمكردنی بازاڕی دروشمبازی و ململانێ و به‌ریه‌ككه‌وتن، له‌وێشه‌وه بۆ نائارامی و ناسه‌قامگیری.
ئه‌نجامێكی سروشتی و ئۆتۆماتیكیی نائارامی و ناسه‌قامگیرییش، ڕوونه: هیچ فه‌رمانڕه‌واییه‌ك، له‌سایه‌یدا، ناتوانێت كارنامه‌ی ده‌وڵه‌تیی خۆی جێبه‌جێ بكات، به‌ڵێنه‌كانی به‌رێته‌سه‌ر، به‌وه‌ش متمانه‌ی زیاتری میلله‌ت به ئه‌زموونی ئه‌و فه‌رمانڕه‌واییه‌ی له‌ده‌ستده‌درێت، قهیرانهكانیش، سه‌رله‌نوێ، له‌هه‌لومه‌رجی نوێ و به تایتڵی تر‌و بیانووی دیكه‌وه، وه‌كو خۆیان ئه‌مێننه‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه ناڕه‌زایی و ناسه‌قامگیرییش كۆتاییان بۆ نابێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه، فاكته‌ری ده‌ره‌كی، بۆ عێراق كه خاوه‌نی جیۆپۆلۆتیكێكی زۆر ئاڵۆز‌و ههستیارو دۆزه‌خییه!،، هه‌رگیز فاكته‌رێكی ئیجابی نییه‌و نه‌بووه، چونكه هه‌موو وڵاتێكی بیانی، له ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانیدا، ئه‌جێنداو به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی هه‌یه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌م فاكته‌ره، یه‌ك ئاراسته‌و تاك جه‌مسه‌ر نییه، بگره له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی وڵاتێكی وه‌ك عێراقدا فاكته‌رێكه له‌ناوه‌وه ته‌واو ناهارمۆنییه، بگره ره‌گه‌زو جه‌مسه‌ره‌كانی پێك ناكۆكن، له كه‌م چانسیی ئه‌م وڵاته‌دا، ره‌هه‌ندی ململانێ هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش له‌سه‌ر عێراق، ره‌هه‌ندی ستراتیژی و پیرۆزكراون، جه‌نگی گه‌وره‌ن له‌سه‌ر كۆنترۆڵكردنی سه‌رچاوه‌كانی وزه‌و، له‌سه‌ر باڵاده‌ستی و هه‌ژموونێك له‌ناوچه‌كه‌دا كه ململانێكانی ململانێی ئاینی و تایه‌فه‌گه‌ری و مێژوویین، له‌سه‌رویانه‌وه ململانێی شیعه - سوننه كه ره‌گی قوڵی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 35ی كۆچی و دووبه‌ره‌كییه گه‌وره‌كه كه سه‌رده‌مانی كوشتنی سێیه‌مین خه‌لیفه‌ی موسڵمانان، عوسمان بن عه‌فان-ه‌وه(576-656ز)، سه‌ریهه‌ڵداوه.
ئه‌م ململانێیه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر، له هه‌ر مێژووییهكدا، ملكه‌چی عه‌قڵانییه‌تی سیاسی، یان ئیراده‌و سیحری شوناسێكی هاوبه‌شیش بكرێت كه شوناسی ئیسلامبوون و جیهانی ئیسلامییه، ئه‌وا زلهێزه گه‌وره‌كانی جیهان، كه ستراتیژییانه له‌م ناوچه‌یه‌دا گیرساونه‌ته‌وه‌و جێ پێ و سه‌نگی خۆیان تیایدا چڕكردۆته‌وه‌و نفوزیان تیا په‌یدا كردووه‌و ته‌نانه‌ت شه‌ڕی گه‌وره‌شی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن تا ئه‌ندازه‌ی شه‌ڕی گه‌وره‌ی سه‌ربازییش وه‌ك له نیو سه‌ده‌ی رابردوودا له‌ئه‌زموونی روخان و پشتگیری كردنی چه‌ند رژێمێكی سیاسیی ناوچه‌كه‌دا بینیمان، هه‌ر خۆیان ناهێڵن ئه‌و ره‌هه‌نده پیرۆز و تائیفییه‌ی ململانێ هه‌رێمایه‌تییه‌كان خاو ببێته‌وه‌و جڵه‌و ببێت، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه، قۆناغ به قۆناغ، هه‌ر جاره‌و به سیاسه‌تی رامكردنی دووسه‌ره بێت، یان پشتگیری لایه‌ك و لێدان له له‌لایه‌كی دی، گه‌رمی ده‌كه‌نه‌وه‌و دهیبوژێننهوه.
له به‌دبه‌ختیی گه‌لانی عێراقدا، ئه‌م وڵاته سه‌رزه‌مینێكی سیاسی و سوسیۆلۆژیی گونجاو و زیندوو و كراوه‌یه بۆ مامه‌ڵه‌كردن و ئاراسته‌كردنی ململانێ تائیفییه مێژووییه‌كان. مانه‌وه‌ی تا ئێستای كۆماری ئیسلامی ئێرانیش وه‌ك میحوه‌رێكی سه‌ره‌كیی ناو ئه‌م ململانێیه‌ی ناوچه‌كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌توانرێت به سه‌فقه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تیی نێوان زلهێزه‌كان كۆنترۆڵ بكرێت، هه‌ر بۆ یاری كردن و خۆ هێشتنه‌وه‌ی زلهێزه‌كانه له‌ناو نه‌زیفی كراوه‌و به‌رده‌وامی ئه‌و ره‌هه‌نده له ململانێ هه‌رێمایه‌تییه‌كانی ناوچه‌كه، به عێراقیشه‌وه.
به كورتی، عێراقی سه‌در، عێراقی موعجیزه دروستكردن نییه. ئه‌مه سادهبیری و خۆشباوه‌ڕی و پیشه‌سازیی دروستكردنی وههم و هێشتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه له چاوه‌ڕوانییه‌كی پڕوكێنهردا به دیار ده‌وڵه‌تێكی شكستخواردووه‌وه كه دواهه‌مین ده‌سكه‌وتی بۆ عێراقییه‌كان ئه‌وه‌یه كه ریزی یه‌كه‌م و پێشی پێشه‌وه‌ی لیستی وڵاته گه‌نده‌ڵه‌كانی داگیركردووه.
ئه‌مڕۆ خه‌ونی سه‌درییه‌كان، ئه‌گه‌ر له روكاریشدا، خه‌ونێكی عێراقییانه‌ی په‌تی بێت، له‌وه‌ش زیاتر، راستگۆ‌و خۆڕاگر بێت له ئاست دروشمی(لا شه‌رقیه لا غه‌ربیه) وه‌ك رابه‌ره‌كه‌یان، دڵگه‌رمانه، به‌رزی كردۆته‌وه، ئه‌وا له كۆتاییدا هیچ له هه‌قیقه‌تی ئه‌و فاكتانه كه‌م ناكاته‌وه كه سه‌باره‌ت به هاوكێشه‌ی ناوچه‌كه‌و چاره‌نووسی عێراق هه‌ن.