پۆشاک و زەلیلکردن
2022-01-05 11:11:35
هونەر تۆفیق
تا سەدەی حەڤدەهەمیش هەموو کەس بۆی نەبووە جگە لەڕەنگی خاکی هیچ جۆرە جلێک بپۆشێت . تەنیا ئەغا و میر و دەستوپێوەندەکەی ئازادبوون لە ڕەنگاوڕەنگی پۆشینی جلەکانیان . ئەو سەردەمە کەپێ ی دەگوترێت سەدەتاریکەکان ئازادی مرۆڤ بەستراوەتەوە بە میزاجی کەسی پادشا و میرەکانی خاوەن دەستەڵات و زەویوزارەکانەوە . تاک و کۆمەڵگە لەو مەزەلەتەدا لەناخەوە دەشکێنران بۆ ئەوەی هەمیشە گوێڕایەڵ و ملکەچ بەو سیستەمە فیوداڵیەبن کە تەنانەت ڕەنگیشی لێ قەدەغەکردبوون .
یەکێک لە خەسلەتەکانی زیندان زەلیلکردنی کەسی سزاخواردووە بە لێسەندنەوە ئازادیەکانی تا ئازادی هەڵبژاردنی پۆشاک و ڕەنگەکەی . دەستەڵاتی چۆنیەتی دیاریکردنی ئەو ڕەنگانە لای حاکمی زیندانەکەیە و بەپێ ی ئاستی هۆشیاری دیموکراسی حوکمداری وڵاتێک لەچاو وڵاتێکی دیکەدا دەستەڵاتی حاکمی زیندانەکانیش دەگۆڕدرێت . بۆنمونە تورکیا کە سیستەمێکی سیاسی فاشیستانەی هەیە هێشتا بەئاشکرا زەلیلکردنی زیندانە سیاسیەکانی نیشانی دەرەوە نادات . ئۆجەلان و دەمیرتاش کە دەوڵەت وەک دوو گەورە دوژمنی خۆی وێنایان دەکات . کاتێک بیانەوێت لە وێنەیەکی ناو زیندانەوە دەرکەون بەجلێکی مەدەنی پاک و گونجاوەوە دەردەکەون . بەڵام ئەمریکاییەکان لە زیندانی گوانتنامۆوە دیلەکانی قاعیدەی بە زەلیلی و جلی پرتەقاڵیەوە نیشاندا . جلی پرتەقاڵی لە ئەمریکادا دەکرێتە بەری ئەو زیندانانەی تاوانی گەورەیان کردووە و مەحکومن بە مردن . ئەوانەشی هێشتا لەباری گواستنەوەدان و هێشتا دادگا حوکمەکەیانی یەکلا نەکردۆتەوە جلی سپیان پێ دەپۆشن . ئەوەشی حوکومدراوێکی ماوە کورتن ڕەنگی شینیان لە بەردایە . داعش وەک تۆڵەکردنەوە لە مەزەلەتی دیلەکانی گوانتنامۆ جلی پرتەقاڵی کردەوە بەر ئەو دیلانەی دەیگرتن و وێنەی کوشتنەکەیانی بڵاودەکردەوە .
ڕەمزیەتی هەڵبژاردنی ڕەنگی جلی زیندانەکان و نیشاندانیان وەک کەسانی نائازاد و تاوانبار و زەلیلکراو ، جگە لەوەی زیندانیەکەی پێ دەخرێتە بنی کۆمەڵگەوە لەهەمان کاتدا چاوترسێنی کۆمەڵگەشە کە لەئەگەری دووبارەکردنەوەی لەلایەن هەرکەسێکەوەبێت هەمان مەزەلەت چاوەڕێ ی دەکات .