کاریگەری نرخی نەوت و دولار لەسهر موازەنەی 2022 عێراق
2022-01-11 13:10:09
گوڵاڵه سدیق
- بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت و دولار لە عێراقدا، ئاماژەکان وا دەردەکەوێت کورتهێنان لە موزانەی 2022 رونەدات و دەوڵەتی عێراق وەک ساڵانی رابردوو نەکەوێتە داوی قەرزکردن بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە. لە ساڵانی رابردوو بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت، بودجەی عێراق توشی کورتهێنانێکی زۆر هات و دەوڵەت ناچاربوو هانا بۆ زنجیرەیەک چاکسازی تەقەشف و ببات، وە بۆ یەکەمجار سەرۆک وەزیران کاغەزی سپی ئیمزا کرد سەبارەت بە پڕکردنەوەی کورتهێنان و پاراستنی یەدەکی نەختینەیی لە بانکی ناوەندی لەپێناو دانەڕمانی بەهای دراوی نیشتمانی و پاراستنی دەوڵەت لە ئیفلاسبوون. لە ئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوت لە سەرو ٨٠ دولارەوەیە، لۆژیکی و زانستییە کە ئەم نرخە تازەی نەوت ببێتە هۆکاری پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی کە لەساڵانی رابردوو لە موازەنە دروست دەبوو، بەوپێیەی 90% داهاتی عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت و عێراق یەکێکە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی نەوت. هەرچەندە ئاماژەکان وا دەردەخەن بۆ موازەنەی 2022 نرخی بەرمیلێک نەوت 50-55 دولار بخەمڵێنرێت، بەڵام واباشترە نرخی بەرمیلێک بە 65-70 دولار بخەمڵێنرێت، چونکە نرخی نەوت روو لە بەرزییە و پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی 2022 و سەرەتای 2023 بگاتە 100 دولار بۆ یەک بەرمیل. وە هەمیشە لە دەوڵەتێکی وەک عێراق ئەو جیاوازی خەمڵاندنی نرخی نەوتە لە موازەنەدا بوار بۆ گەندەڵی دەڕەخسێنێت، بەڵام لە وڵاتێکی موئەسەساتی دەتوانرێت سود لەو زیادەیە وەربگیرێت بۆ وەبەرهێنان و زیادکردنی یەدەکی نەختینەیی.
ــ بەهۆی بەرزبونەی نرخی نەوت و دولار، یەدەکی نەختینەیی لە 48 ملیارەوە بۆ 64 ملیار دولار زیادیکردووە، وە دەوڵەتی عێراق توانی قەرزی کوەیت بە تەواوەتی بداتەوە کە بەپێی یاسای ژمارە 687ی ساڵی 1991ی نەتەوە یەکگرتوەکان بەسەریا سەپێنرا. قەبارەی قەرزەکانی سەر عێراق 113 ملیار دولارە، 50 ملیار دولاری قەرزی ناوخۆییە و 23 ملیار دولار قەرزی دەرەکییە، 40 ملیار دولاری قەرزی هەڵواسراوە کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، وە بەپێی ئیتفاقیەی یانەی پاریس ئەم قەرزانە کەمکراوەتەوە بۆ 8-9 ملیار دولار. ئەو وڵاتانەی ئەندامن لە یانەی پاریس لە قەرزەکانیان خۆش بوون، بەڵام هەندێک لەو وڵاتە قەرزدەرانە بەبیانوی ئەندام نەبونیان لەو یانەیە لە قەرزەکانیان خۆش نەبوون. جگە لەوە عێراق بە 5 ملیار دولار قەرزاری دەوڵەتی ئێرانە، بەڵام بەهۆی سزا سەپێنراوەکانی سەر ئێران، دەوڵەتی عێراق پابەندە بە نەدانەوەی ئەو قەرزە لە ئێستادا.
ــ حکومەتی عێراق هیچ بەڵێنێکی نەداوە سەبارەت بە دابەزاندنی نرخی دولار بەرامبەر دینار، لە موازنەی 2022 بەهەمان شێوەی 2021، یەک دولار بە 1450 دینار دادەنرێت. وە بەرزکردنەوەی بەهای دینار و گەڕاندنەوەی بۆ نرخەکەی جارانی پەیوەستە بە بوژاندنەوەی ئابوری عێراق و سیاسەتی نەختینەیی عێراق. هەرچەندە هەندێجار گوێبیستی دابەزینی نرخی دولار بەرامبەر دینار دەبین کە بەمەبەستی شێواندنی بازاڕ بڵاودەکرێتەوە، بەڵام پێویستە هاوڵاتی لەوە دڵنیابێت پێشنیاری بەرزکردنەوەی نرخی دولار بەرامبەر دینار لە ساڵی رابڕدوو بە هەمەئاهەنگی و تەنسیق بووە لەگەڵ وەزارەتی خەزانەی ئەمریکی و سندوقی نەقدی دوەلی.
ــ دەوڵەتی عێراق هەژمارێکی بانکی بەبڕی 100 ملێون دولار لە بانکی ئاسیایی بۆ وەبەرهێنان کردوەتەوە بەمەبەستی پەرەپێدان و وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابوری وڵات لە داهاتوودا.