كۆنگرەی خوێندكارانی كورد لە دەرەوە، لە دیدی مسعود بارزانیەوە
2022-01-11 13:51:54
سەلاح رەشید
كاك مسعود بارزانی لە ئابی ٢٠٢١دا، كتێبێكی لە دو بەرگدا بەناوی (بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد، بەرگی چوارەم، ١٩٧٥-١٩٩٠، شۆرشی گوڵان، بەشی یەكەم) بڵاوكردۆتەوە. لەو كتێبەدا كاك مسعود لە دیدی خۆیەوە وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، باس لە روداوەكانی ساڵانی ١٩٧٥-١٩٩٠ دەكاتو لە روانگای نوسەرێكی حیزبیەوە روداوەكان دەگێرێتەوە.
خوێنەر لە هەردو بەرگەكەدا، هەست ناكات، كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای هەرەس (ئاشبەتاڵ) هیچ هەڵەو لادانێكی كردبێتو ئەگەر شەڕو كوشتار لەنێوان هێزە سیاسیە كوردیەكاندا رویان دابێت، ئەوە خەتای تەرەفی بەرامبەر بوەو لە زۆربەشدا خەتای (یەكێتی نیشتیمانی كوردستان) بوە.
لێرەدا نامەوێت باسی روداوەكانی شەڕی ناوخۆو هۆی سەرهەڵدانو كێ بەرپرسە یان بەرپرس نیە، ئەوە لێكۆڵینەوەی وردتری دەوێتو بەندە لە شوێنی تر بە درێژی باسم لێوەكردوەو كەسانی تر ئەتوانن بۆچونی خۆیان لەوبارەیەوە دەرببڕن. ئەوەی لێرەدا ئەمەوێت باسی بكەم، تەنها چەند سەرنجێكە بەمەبەستی راستكردنەوەی روداوە مێژوییەكان، بەتایبەتیش كە كەسایەتیەكی دیاری وەك كاك مسعود نوسیبێتی، لەژێر ناونیشانی (كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەوروپا) لاپەرە ٥٩- ٦٢.
نوسەر خۆی لە كۆنگرەكەی شاری بەرلین لەوێ نەبوەو دەنوسێت (هەرچەندە ئێمە لە ئەمەریكا بوین، بەڵام لە رێگای سامی عەبدولرەحمانەوە پەیوەندی بەردەواممان لەگەڵ هەڤاڵان هەبو..)
واتا گێرانەوەی روداوەكانی كۆنگرە لە دەمی هەڤاڵانی خۆیانەوە بیستوە، مەرجە وابێتو مەرجە وا نەبێت.
كۆنگرەی حەڤدەهەمی كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەوروپا لە ٢٦/٨/١٩٧٥ لە شاری بەرلین بەسترا. هەرچەندە بەندە لە كۆنگرە نەبوم، بەڵام دوای چەند مانگی گەیشتمە بەرلینو دوایی لە نزیكەوە ئاگاداری سەرجەم كاروباری خوێندكاران بوم.
كۆنگرە لە كاتێكی زۆر ناسكدا گیرا، شۆرشی كوردو پارتی دیموكراتی كوردستان چەند مانگێكی كەم بوو هەرەسیان هێنابو، توڕەییو بێ ئومێدی بە سیمای كوردانی دەرەوە دەبینراو بە ئاشكر هەستی پێدەكراو زۆر كەس لەوكاتەدا هۆی هەرەسەی ئەدایە پاڵ پارتیو بنەماڵەی بارزانی.
ئامادەبوانی كۆنگرە جگە لە ئەندامانی پارتی، ژمارەیەكی زۆری كوردانی هەمو پارچەكانی كوردستانی تێدا بو بە بۆچونی سیاسی جیاوازەوە.
1- كێشەی هەرە سەرەكی ناو كۆنگرە لە ئەنجامی هەڵواسینی وێنەی مەلا مستەفای بارزنیەوە هاتبوە كایەوە، لیژنەی بەرێوەبەری كۆمەڵەی خوێندكاران كە سەر بە پارتی بونو كۆنگرەكەیان دەبرد بەڕێوە، بڕیاریان دابو كە وێنەكە هەڵبواسرێت. هەڵواسینی وێنەكەی بارزانی، كێشەیەكی زۆری نابۆوە، زۆری ئەو خوێندكارو ئامادەبوانەی كۆنگرە كە نارازی بون لە هەڵواسینی ئەو وێنەیە، لەبەر ئەوەی ئەیانوت كە ئەوانە شۆڕشەكەیان ئەبرد بەڕێوە بەرپرسی یەكەمو سەرەكی بون لەو هەرەسە كە لە كوردستان رویداوە، لە جیاتی لێپرسینەوە لە سەركردایەتی پارتیو بنەماڵەی بارزانی بكرێت، چۆن دەبێت ئێمە لەژێر ئەو وێنەیەدا كۆنگرە ببەستی. كاك مسعود بارزانی لە كتێبەكەیدا بەم شێوەیە باسی دەكات: (وێنەیەكی گەورەی بارزانی نەمر لە پێشەوەی هۆڵەكە هەڵوسرابو. هەرچەندە وێنەكە ویستی زۆرینەی بەشداربوانی كۆنگرەكە بو، بەڵام چەند كەسێكی نزیك لە جەلال تاڵەبانی هەستانەوەو رایانگەیاند چۆن دەكرێت لەژێر ئەو وێنەیە كۆنگرە ببەستین؟" . ( ل.٦١)
نەوشیروان مستەفا كە خۆی لە كۆنگرەكە ئامادە بو، بە شێوەیەكی تر باسی دەكات: (ئەندامانی خوێندكاران لە هەمو وڵاتەكانەوە بانگ كران بۆ بەرلینی رۆژئاوا، شوێنی بەستنی كۆنگرە، رۆژی ٢٦/٨/١٩٧٥، كە ئەندامەكان چوبون بۆ هۆڵی كۆبونەوەكان، سەیریان كردبو وێنەیەكی زۆر گەورەی مەلا مستەفا بە دیواری سەكۆی بەردەمی هۆڵەكەدا هەڵواسراوە، دەستەی بەڕێوەبەر لە بەردەمیدا دانیشتون، ئەمە ناڕەزاییەكی زۆری لەناو هۆڵەكەدا خولقاندبو. داوا كرابو وێنەكە دابگرن، ئەوانیش سور بون لەسەر هێشتنەوەی. زۆری ئەندامەكان هۆڵەكەیان بەجێ هێشت بو. كۆنگرەكە تێك چو، كۆبونەوەكانی دواخرا...ئێمە ئەوانەی یەكێتی، رەئیمان وابو كۆنگرە بە یەكگرتویی بمێنێتەوەو، رێبازێكی پێشكەوتوخوازانە بگرێو، هەر چوار بەشەكەی كوردستانی تێدا بێ، هیچ بیانویەكی بەجێ مان نەئەدی بۆ تێكدانی كۆنگرەو، لەتكردنی كۆمەڵەی خوێندكاران. بە تایبەتی ئەتوانرا بە هەڵبژاردنی ئازاد دەستەی بەڕێوەبەر لە دەس پارتی دەربهێنرێ) . { لە كەناری دانوبەوە بۆ خری ناوزەنگ. ل. ٥٣}
د. كمال فواد، كە ئەویش لە كۆنگرەكەدا ئامادە بو، بەم شێوەیە باسی دەكات: (لەو كۆنگرەیەدا سەركردایەتی ئەو كاتەی كۆمەڵە پاش بڵاوپێكردنی شۆرشیش، ئەیویست كۆمەڵە وەك پێشو بەو سەركردایەتی یەوە ببەستێتەوە كە بڵاوەی بە شۆرش كرد، خوێندكاران بەمە رازی نەبوون، ئەو سەركردایەتی یەیان بەجێ هێشت، كۆمیتەیەكیان هەڵبژارد بۆ پێكهێنانی كۆنگرەی حەڤدەهەم كە لە هاوینی ساڵی ١٩٧٦دا لە شاری فرانكفۆرت لە ئەڵمانیای رۆژئاوا پێك هات، ئەم كۆنگرەیە ناوی كۆمەڵەی گۆڕی بە "كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان لە دەرەوەی وڵات" ناسراو بە "ئەكسا" كورت كراوەی ناوی كۆمەڵە.
(AKSA- Association of Kurdistan Students Abroad گۆڤاری هاڤیبون، ژ.٢-٢- ئەڵمانیا ١٩٩٨، ل-١٠١ چەند زانیاری یەك لە بارەی بزوتنەوەی خوێندكارانی كوردەوە لە هەندەران)
2- دەربارەی ژمارەی ئەندامانی كۆنگرە، نوسەر بە ١٢٠ ئەندام ، لەوانە ٣٥ ئەندامی سەر بە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دایناوە.
لەو كۆنگرەیەدا، نوێنەری ژمارەیەك لە هێزی سیاسی هەمەرەنگ ئامادە بون، كە زۆریان دۆستی پارتی نەبونو بە چاوێكی رەخنەگرانە ئەیانڕوانیە مەسەلەی هەرەسو پارتیان بە بەرپرسیار دەزانی، ئەمانە بەشێ بون لەو هێزانە:
- ئەندامو دۆستانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران.
- دۆستانی كۆمەڵەی (هەڤرا) كە دوایی پارتی سۆسیالیستی كوردستانی توركیایان پێك هێنا بە سەرۆكایەتی كمال بورقای.
- ئەندامو دۆستانی پارتی دیموكراتی پێشەرەوی كورد لە سوریا، بە سەرۆكایەتی حەمید دەروێش.
- دۆستانی پارتی KKDK كە هێزێكی كوردستانی توركیا بون.
- ژمارەیەك لە كوردی سەربەخۆی كوردستان ئێران.
- هەندێ لە برادەرانی كاژیك، بە سەرۆكایەتی جەمال نەبەز.
- هەندێ كوردی سەربەخۆی كوردستانی عێراق.
- ئەندامانو دۆستانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان.
كاك مسعود دەربارەی ژمارەی ئامادەبوان دەنوسێت: (لە كۆی سەدو بیست كەس، سی چل كەس هۆڵەكەیان بەجێ هێشت. دەرچووەكان بوونە پێنج شەش گرووپو جلال تاڵەبانیشیان لەگەڵدا بوو و لە دەرەوەی هۆلەكە كۆبوونەوە) " ل.٦١"
جێی پرسیارە، لە كۆی هەشت گروپی سیاسی تەنها سی چل كەس ئامادە بونو هۆڵی كۆنگرەكەیان بەجێ هێشتبێتو هەشتا كەسەكەی تر پارتیو دۆستی پارتی بوبن؟ لەشوێنێكی تردا نوسەر دەنوسێ" لەو نێوەدا سیو پێنج كەسی سەر بە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆنگرەكەیان بەجێ هێشت"، باشە كەواتە هەمو ئەو گروپانەی تر بە هەمویان پێنج ئەندام بون كە چونەتە دەرەوەی كۆنگرەكە؟! ئەمە چەند لە راستیەوە نزیكە؟
2- دەربارەی ئەو گروپەی كە هۆڵەكەیان بەجێ هێشتوە، نوسەر دەڵێ: " دوای هەوڵێكی زۆر ئەوان بەردەوام بوون لەسەر هەڵوێستەكەیان و چوونە هۆڵێكی ترو بۆخۆیان كۆ بوونەوەو ناوی (ئاكسا/ئەكسا) یان لە خۆ نا.
كاك مەسعود لەمەشدا، كەوتۆتە هەڵەوەو یان خستویانەتە هەڵەوە، ئەوانەی لە هۆڵی كۆنگرە دەرچون ئەكسا یان دروست نەكرد، بەڵكو (كۆمیتەی ئامادەكردنی كۆنگرەی ١٧ هەمیان) دروست كردو دوای ساڵێك لە شاری فرانكفۆرت كۆنگرەیان گرتو ئینجا ئەكسا) كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان لە دەرەوەی وڵات – AKSA) یان دروست كرد. واتا ئەكسا لە ١٣-١٧/٨/ ١٩٧٦ دا دروست بو، نەك لە ئابی ١٩٧٥دا.
دوای ئەم كۆنگرەیە، كۆمەڵەی خوێندكاران لە ئەوروپا، بو بە چەند بەشێكەوەو لێك ترازان، لەوانە:
- كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەوروپا – ناوەندی بەرلینی رۆژهەڵات. (نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان)
- كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان لە دەرەوەی وڵات، "ئەكسا" (نزیك لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان)
- كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەوروپا – ناوەندی پراگ. (نزیك لە پارتی كۆمۆنیستی عێراق)
- رێكخراوی خوێندكارانی سۆسیالیستی كورد لە ئەوروپا "سۆسكە". (نزیك لە پارتی سۆسیالیستی كورد - پاسۆك)
- رێكخراوی خوێندكارانو لاوانی كوردستان "یوكسی" . ( نزیك لە پارتی دیموكراتی گەلی كوردستان، بە سەرۆكایەتی سامی عەبدولرەحمان)
هەرەسی شۆرشی كورد لە ئازاری ١٩٧٥دا، كاریگەری هەبو لە سەر هەمو جموجۆڵێكی سیاسیو پیشەیی كوردی لە دەرەوە، ئەو دابەشبونەی دوای هەرەس كە لە كوردستان روی دا، هەمان دابەشبون لە دەرەوەش رویدا، هەمو هێزە سیاسیە كوردیەكان لە كوردستان، هەوڵیان ئەدا رێكخراوێكی (خوێندكار)ی تایبەتی بە خۆیان دروست بكەنو لەژێر ئەو ناوەدا كاری حیزبی خۆیان بكەن.
بەدڵنییەوە، نوێنەری هەر هێزێكی سیاسی بەرگری لە هەڵوێستی خۆی دەكات، بەڵام دابەشبونی كۆمەڵەی خوێندكاران، هەر ئەبو روبدا، ئەگەر لە ئابی ١٩٧٥ یش روینەدایە، ئەوا لە كاتو شوێنێكی ترو بەشێوەیەكی تر روی ئەدا، لەبەر ئەوەی كوردانی دەرەوە بوبن بە چەند گروپێكو یەك هێزی سیاسیو یەك شۆرشی یەكگرتو نەمابو وەك جاران تا هەمو خوێندكارانو كوردانی دەرەوە لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە، بەڵكو چەند هێزێكی نوێ دروست بوبنو هەریەكەشیان ئەیویست رێكخراوێكی تایبەتی خۆی هەبێت.
ئەم رێكخراوانە، لە كارە پیشەیەكەی خۆیان دوركەوتنەوەو زیاتر كاری حیزبیو سیاسیان دەكردو بون بە لقێكی رێكخراوەكە لە دەرەوەو هەندێ رێكخراو دروست بون، كە تەنها ناوی (خوێندكار)یان لە خۆ نابو، ئەگینا تاقە خوێندكارێكیش لە ریزەكانیاندا نەبو.
كاتێ هێزە كوردستانیەكان لە كوردستان نزیك بونەوەو بەرەی كوردستانیان پێك هێنا، كۆمەڵە خوێندكارەكانیش هەمان هەنگاویان هەڵهێناو لە ١٩-٢١/٨/١٩٨٨ كۆنگرەیەكی هاوبەشیان لە بەرلینی رۆژئاوا بەستو كۆمەڵەیەكی نوێیان بەناوی (كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان لە ئەوروپا – KSSE - ) دامەزراند، ئەم كۆمەڵەیە نەیتوانی ئەركە پیشەییەكانی خۆی بهێنێتە دی، چونكە نوێنەرایەتی حیزبە كوردیەكان هەڵدەسان بە چالاكی هەمە جۆرو لەو كاتەوە كڵپەكەی كۆمەڵەی خوێندكاران بەرەو كزی رۆشت.