Draw Media

په‌یكار عوسمان ناڕەزایی لە سیستەمێکی باش و ماقوڵدا، ناڕەزایی بەشییەو تەنیا نوێنەرایەتی خۆی ئەکات. بەڵام لە سیستەمە خراپەکاندا، ناڕەزایی گشتییەو هەر ناڕەزایەتییەك، نوێنەرایەتی تۆپەڵێك ناڕەزایەتی تریش ئەکات. یەعنی لە لەندەن، ناڕەزایی بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، تەنیا ناڕەزاییە بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین. بەڵام لە سلێمانی، ناڕەزایی بەرامبەر نەبوونی دەرماڵەی خۆیندکاران، تەنیا بۆ دەرماڵەکە نیە، بەڵکو بۆ کۆی پاکێجی (خزمەتگوزاری و عەدالەت و ئازادییە)و هەر جارەی لە یەکێکیانەوە فیچقە ئەکاو نوێنەرایەتی هەمووی ئەکات. زانکۆ زانکۆ کە کورتبوویەوە لە شەهادەو بازاڕو وەزیفەدا، ئیتر ئەوێ، چەقی فەسادی مەعریفییەو لەوە کەوتووە کە ڕەبتی بە زانینەوە مابێت. ناڕەزایی خوێندکارانیش، ئەگەرچی ڕووی لە دەرەوەی زانکۆیە، بەڵام ڕووی لە دۆخێکە، کە زانکۆش بەشێکە لێ ی. یەعنی ڕووی لە ناوەوەشە! زانکۆ کاتێك زانکۆیە، کە مەعریفە خۆی ئامانجبێ و بتوانێ کارو بازاڕیش بخاتە ژێر پرسیارەوە. نەكئەوەی بکرێتە پاشکۆی کارو وەزیفەیەك کە نیە. باوکانی دامەزرێنەر ئاساییە ڕەسمی جۆرج واشنتۆن، لەبەردەم زانکۆیەکی ئەمریکاو ڕەسمی شێخ زائید، لەبەردەم زانکۆیەکی ئیمارات و ڕەسمی مامجەلال، لەبەردەم زانکۆی سلێمانی و ڕەسمی مەلا مستەفا، لەبەردەم زانکۆی هەولێردا بێت.. دواجار ماڵەکان، باوکانی دامەزرێنەر، بناغەکەیان داناوە. کێشەی ماڵەکەی ئێمەش لە بناغەکەدایە! بناغەکە باوکانی ئەمریکا، بناغەکەیان لەسەر دەساودەس و دیموکراسی داناو نیشتمانیان خستە سەرو حەزو ئەنانیەت و گڕی دەروونییەکانی خۆیانەوە. باوکانی ئێمە، بناغەکەیان لەسەر دەسەڵاتی هەتاهەتایی دامەزراندن و خۆیان و کوڕو بنەماڵەیان، خستە سەرو نیشتمانەوەو تا مردن، دیلی ئیگۆ و کێشە دەروونییەکانی خۆیانن. باوکانی ئیمارات، بە نەخوێنەواریی، توانییان لەسەر خۆشەویستی کۆببنەوەو پێکەوە لەگەڵ خەڵکەکەیا نانەکە بخۆن. باوکانی ئێمە، بە خوێنەوارو نەخوێنەوارەوە، هەر رقیان چاندو هەر یەکەیان، کۆی نانە مادی و مەعنەوییەکەی، تەنیا بۆ خۆی ئەوێ و ئەوانیتر ئەکاتە دەرەوەی مێژوو! ئاوەکە ئەو ئاوەش کە باوکەکان ڕشتیان، بوو بە کولتوری سیاسیی ئێمەو ئیتر لە عەقڵی جەمعی ئێمەدا، سیاسەت یەکسان بوو بەو ڕقسازی و قۆرخکارییە. کولتوری سیاسی کاتێ حەوزەکە پیس ئەبێ، چارەسەر ئەوەنیە شلپەشلپ و مەلەی زیاتری تێدا بکەین. چارەسەر ئەوەیە، ئاوەکە پاك بکەینەوە. کولتوری سیاسی ئێمە، کولتوری ڕق و قۆرخکاری و پەرتبوونەو بە هەر ئاڕاستەو ئایدۆلۆژیایەکەوە خۆتی تێ فڕێدەیت، هەر قوڕاویی ئەبیت و هەر قوڕەکە خەست ئەکەیتەوە. ناڕەزایەتییش، پێش ڕەتکردنەوەی هەر شتێك، ئەبێ هۆشیاریی بێت بەو ئاوە پیسە، بۆئەوەی نەبیتەوە بە بەشێك لێ ی! لێكتێگەیشتن ئەوترێ مرۆڤ کائینێکی کۆمەڵایەتییەو ئەشوترێ مرۆڤ کائینێکی ناتقە. هەردوکی بدەین لەیەك، یەعنی کۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤ، لە زمانەوە دەستی پێکردوەو کاتێ زمان دروستبووەو دوو کەس توانیویانە لێکتێگەیشتنێك لەنێوانیاندا بنیات بنێن، ئا لەوێوە، ئیتر کۆمەڵگا بچوکەکان دروستبوون و دواتر گەورەبوون. کێشەی کۆمەڵگای ئێمەش، ئەوەیە کە، لە وجودی زماندا، گەڕاوەتەوە بۆ قۆناغی پێش دروستبوونی زمان و لێکتێگەیشتنی تیا نەماوەو هەڵوەشاوە! ئەرکی قۆناغەکە ئەرکی سیاسەت بەگشتی و ناڕەزایی بەتایبەتی، ئەوەیە کە کۆمەڵگا هەڵوەشاوەکە، دروستبکاتەوەو زمانێکی هاوبەش و فەهمێکی گشتی بنیات بنێتەوە. بێگومان ئەمەش بەوەنابێ، کە دوو جوێن بدەین بەم و دوو بەرد بگرینە ئەو.. ئەم بەشەی ناڕەزایی، هەر سەر بە ناتێگەیشتنەو سەریشکەوێ، ناتێگەیشتنێکی تر دووبارە ئەبێتەوە. بەڵکو ئەرکی یەکەمی قۆناغەکە، ئەوەیە کە "زمانی ناڕەزایی" بکەینە زمانی هەمووان و چیتر (دەنگی شەقام و دەنگی هۆشیاریی) ببن بە هەمان دەنگ و لەوێوە لێکتێگەیشتنی گشتی دروست ببێ و هەموومان بچینە ناو هەمان ئارگۆمێنت، نەك دابەش ببینەوە بەسەر دوو تیمی شەڕەشەقدا. سەردەم سەلەفیەت بۆچی وشکەو ناتوانێ وەکو عیرفان، تەجروبەی ڕۆحی و هونەری تێدابێ؟ چونکە عیرفان ئەوەنیە کە دەرەسەردەمە. ئەوەیە کە ناسینی تەواوی سەردەمەکەی خۆتە. مرۆڤ لەناو مەعریفەی سەردەمی خۆیەوە عروج ئەکا بۆ خۆناسی و وجودناسی و جوانیناسی.. بەڵام سەلەفیەت ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکی تر،، ئیتر نە ناسین ڕووئەدا نە باڵابوون، چونکە ئەو دووانە تەنیا لەناو سەردەمی خۆتدا ڕووئەدا. شەقام جا ئێمە، ئەبێ ناسینی سەردەمی خۆمان، بکەینە بناغەی ناڕەزایی و خودی ناڕەزاییەکە پلەدووبێ و هۆشیارییەكەی ژێری پلە یەك بێت. ئەوەشی کە پێویستە بیناسین، ئەوەیە کە، لە زەمانی جەلالی و مەلاییەوە، ناڕەزایی ئێمە، ئەو ناسینەی کۆی سەردەمەکەی تێدا نیەو هەر بریتی بووە لە دوو لەتکردنی وێنەکەو جوێندان بە لایەکی. گرنگە کوڕو کچە ئازاکانی ئێمە، چیتر لەو وێنە دوو لەتییەی مەسەلەن دەسەڵات و معارەزە دەرچن و کۆی فەسادو ستەم و سیاسەتی دوولەتکردن ڕەت بکەنەوەو جارێکی تر وێنەکە بە گەورەیی دروست بکەنەوە! پۆلیس لە دەوڵەتی ماف و یاساو هاوڵاتیدا، پۆلیس هەر حەرەسی سیستەمەو لە دەوڵەتی حیزب و بنەماڵەو چەتەگه‌رییشدا، پۆلیس هەر حەرەسی سیستەمە. کام سیستەمەی تۆ پێتباشە، هەر پۆلیس ڕایگرتووەو کام سیستەمەی زۆر پێت خراپە، هەر پۆلیس ڕایگرتووە. "پۆلیس و سیستەم" دووانەن و پێویستن بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی و لە داهێنانە گرنگەکانی مرۆڤن. بەڵام پێویستیشە هەردوکیان، هەمیشە لە ژێر پرسیاردابن، بۆئەوەی فیکرەی ڕێکخستنی ژیانی گشتی، هەڵنەگەڕێتەوەو نەگۆڕێ بۆ فیکرەی سەپاندن و داگیرکردنی ژیانی گشتی. هۆشیاریی لە قۆناغێکدا، هۆشیاریی سیاسیی گەشەی کردوەو مرۆڤ دەرکی بەوە کردوە، کە شتانێك هەیە، گشتی و هاوبەشەو هی هەمووانە. سیستەمیش بۆ دابینکردنی ئەو ژیانە گشتییەیەو پۆلیسیش بۆ پاراستنی ئەو ژیانە گشتییەیە. واتا چەقی شتەکە، گشتێتییەکەیەتی و سیستەم چەنێك نوێنەرایەتی بەرژەوەندی گشتی بکات، پۆلیسیش ئەونە گشتییەو بەپێچەوانەشەوە. جا ئێمە ئەبێ خەباتمان بۆ ئەوەبێ کە سیاسەت گشتیی بکەینەوە، بۆئەوەی پۆلیسیش گشتیی ببێتەوەو لە حەرەسی بنەماڵە و حیزب و ئایدۆلۆژیایەکەوە، ببێتەوە بە پارێزەری ژیانی گشتی و مافی هەمووان. پۆلیسی ناوەکیی مرۆڤ ئیرادەی ئازادی هەیەو ئەتوانێ تاوان بکاو نەشیکا. سیستەمیش شتێکە لە دەرەوەی ئێمەدا، بۆ کۆنترۆڵی ئەو ئەگەری تاوانکارییە. تاکو ئەو ئیرادەو ئەگەرە ناوەکییەش لەناو ئێمەدا هەبێ، سیستەمە دەرەکییەکان پێویستن. بەڵام بۆ پێشێلی ماف و ئازادیی ئێمە نا، بەڵکو بۆ پاراستنی ژیانە گشتییەکە. ڕەنگە پۆلیس و یاساو سیستەمی دەرەکیی، ئەو کاتە پێویست نەمێنێ، کە لەڕێگای زیرەکیی دەستکردەوە، ئیتر پۆلیس و سیستەمەکەی دەرەوە، بخرێتە ناو خۆمانەوە! ئازادیی بەڵام لێرەدا، هەمان ئەو پرسیارە ئەخلاقییەی، کە ئەکەوێتە سەر دەوڵەت و پۆلیسی دەرەکیی، ئەکەوێتە سەر زیرەکیی دەستکردو پۆلیسی ناوەکییش. ئایا شتەکە ئازادانەو گشتییانەیە، یان دیسان سەپاندن و داگیرکارانەیەو هەژموونی کەمینەیەکە بەسەر هەمووانەوە؟ پەیمانی کۆمەڵایەتی گشتێتی سیستەمە دەرەکییەکە، بەوە ئەپێورێ، کە خۆمان ئازادانە، شتانێکمان کردوە بە سنورو پابەندین پێوەی، لەپێناو دروستکردن و پاراستنی ژیانە گشتییەکە. لێرەدا ئیتر ئیرادەی ئێمەو ئیرادەی دەوڵەت، ئەبێتەوە بە یەك و کۆمەڵگایەکی بەختەوەرو ئازاد دروست ئەبێ. پەیمانی مرۆڤایەتی بۆ زیرەکیی دەستکردنیش بە هەمان شێوە. ئایا بەهاگەلێکی گشتی، هەموو مرۆڤایەتی ڕێکئەکەوین لەسەری و ئازادانە بڕیار ئەدەین کە تیاماندا بچێنرێ؟ یان نوخبەیەكی دەسەڵاتدارو سەرمایەدار، تیمانا ئەیچێنن و ئەوکاتیش دیسان سەردەست و بندەست دروستئەبێتەوەو ناچارئەبینەوە بە شۆڕش. بەڵام ئەمەیان "شۆڕشی ئەپدەیت" بۆ گۆڕینی سیستەمی ناوەکیی، نەك "شۆڕشی ارحل" بۆ گۆڕینی سیستەمی دەرەکیی. هەڵبەتە ئەگەر ئیرادەی شۆڕشمان مابێ و هاك نەکرابێ! دین بە زمانێکی دینیی، زیرەکیی دەستکرد، بەس دەسکاریکردنی خەلقی خوا نیە، دەسکاریکردنی ئەمری خواشەو هەردوو عالەمی خەلق و ئەمر ئەگۆڕێت. تەنیا دەسکاری بایۆلۆژیاو جەستە نیە، بەڵکو دەسکاری ئیرادەو ئەخلاق و ناوچە عەقڵی و مەعنەوییەکەی ئینسانیشەو ئیتر ئەوکات، چەمکە دینییەکانیش، ماناکەی ئەگۆڕێ و ئەشێ بەهەشت، هەر ئەوەبێ، کە دوای چەن شۆڕشێکی ئەپدەیت، بگەینە کەماڵی مرۆڤایەتی و ئازادانەترین و گشتیانەترین بەرنامەی "بەهای مرۆیی" لە خۆماندا دابەزێنین! خۆپیشاندانەکە زۆر دوورکەوتینەوە، بەڵام جوڵەو پیاسەی عەقڵ هیچ زەرێك ناداو زەرەر هەر ئەوەیە کە شتەکان نەبنە بابەتی بیرکردنەوە. با بێینەوە لای خۆپیشاندانەکەو ئەمەوێ بڵێم، من زۆر گەشبینم، کاتێ ئەبینم پۆلیسێك، گەیشتۆتە ئەوەی، کە جیاوازی لەنێوان کوڕو کچدا نەکاو هەمان شەق لە هەردوکیان هەڵدا. ئەمە چەنێك دیمەنێکی قێزەونە، ئەونەش ئازادبوونە لە جیاکارییە ڕەگەزییەکان. بەودیوا، کاتێ کوڕو کچ، هەردوکیان دێنە سەر شەقام و هەمان ڕەنج و قوربانی ئەدەن،، ئەوە سەرەتای ئازادی و کرانەوەیەکی عەقڵییە، کە لە ئایندەدا، ئازادی و کرانەوەی سیاسی و کولتوریشی بەدوادا دێت. لەڕاستیدا دنیاکە بە "ئینسان" ئەگۆڕێت نەك بە نێر. ئینسانیش ئەو کائینەیە، کە تەوقی نێر و مێ ی پساندوەو تا ئەو تەوقەش نەپسێنێ، لە تەوقەکانی تر ئازادنابێ. شەقەکە باشە کۆیلە، بۆ وا بەتوندیی کۆیلایەتی خۆی ئەپارێزێ و بۆچی وا بە ڕقەوە لە ئازادیی ئەدات؟! هەمیشە ئەوەم لەلا پرسیاربووەو وەڵامیش لەوە زیاتر شك نابەم، کە کۆیلە بریندارێکی سەختی کەسایەتییەو ئازادییش ئەو برینەی ئەکولێنێتەوە. کۆیلە لێرەدا تەواو شەڕی خۆی ئەکات، نەك شەڕی ئاغاو بتەکانی. چونکە ئازادیی، تەنیا شەڕنیە لەگەڵ فیرعەون و بتەکان، بەڵکو دەسوەردانە لەو برینەش. وەلێ داخەکەم، کۆیلە نازانێ، ئەو ئازارو هەڵکۆڵینی برینە، چارەسەرو نەشتەرگەریی برینەکەیە! بەردەوامیی ئەگەر قەرارە وەکو خۆپیشاندانەکانی پێشوو، دوای کوژرانی چەن گەنجێك بچنەوە ماڵەوە، دەی تۆزێ پێشتر بچنەوە ماڵەوە. با موبادەرەی چوونەژوورەوەش هەر بەدەست خۆتانەوەبێ و مەیدەنە دەست بەڵتەجی و خوێنرێژەکان. پەیامەکە بێ خوێن باشتر ئەگاو ڕێگاکەش بێ خوێن بەردەوامتر ئەبێت. پێش خوێن، بچنەوە ژوورەوەو لە شتێکی تردا وەرنەوە دەرەوە. ئەمە با ببێتە وزەیەکی بەردەوامی ناڕەزایەتی سپیی و با سووری نەکەین. دەسەڵات پەلەیەتی سەرکوتیکاو موعارەزە پەلەیەتی ئیستغلالیکاو پۆپۆلیست پەلەیەتی نمایشی تێدابکاو گەنجە توڕەکەش، پەلەیەتی توڕەیی خۆی بەتاڵکاتەوە.. خوێنەکەش لەو پەلەپەلییەدا ئەڕژێ. با ئێمە هیچ پەلەمان نەبێ و بە چەن جێمێکی ناتوندوتیژ، شتەکە لەوسەرەوە بگاتە ژیان و بە پەلەپەل لەباری نەبەین. لە هەڵچووندا هەمیشە ئەوان براوەن، یان ڕاستتر هەمووان دۆڕاوین. با ئەو داهێنانە بکەین، ئارامیی بکەینە سیفەتی ناڕەزاییەکان و لەوێشدا بۆ یەکەمجار، ناڕازییەکان یان ڕاستتر هەمووان، بیبەینەوە! دوا قسە ناڕەزایی ڕەوایە بەڵام توندوتیژیی ڕەوانیە. توندوتیژی وزەی مەرگ و کاولکارییە نەك وزەی ژیان و گۆرانکاریی. گرنگە کچ و کوڕە ئازاکانی ئێمە، خۆیان لە دوو شت بپارێزن. یەکەم لە توندوتیژی، چونکە ئەوە ئەخلاقی چەتەکانەو مەچنە ناوچەی ئەخلاقی ئەوان. دووەمیش خۆتان لە یاریی حیزب و سەرکردەو باڵە گەڕوگولەکان بپارێزن و یاریی خۆتان دابهێنن. ئەوان کە دێن، تەنیا وێنەکەتان بۆ دوولەت ئەکەن. ئێوە کە لەوێن، ئەتوانن وێنە گەورەکە دروستبکەنەوە.


سالاری بازیان  هەموو حیزب و كەسایەتییەكان دەڵێن لەگەڵتانین! كاشكی كەستان لەگەڵیاندا نەدەبوون نەتاندەهێشت بەم رۆژگارە بگات.  دوێنێ بیلارووسیا، ئەمرۆ زانكۆكان لەبەرئەوە قسەی ڕووت ناچێتە گیرفانەوە، ئەم زەنگانە مەترسیدارن، هەموو لایەك دەبێ بێنە پای كردار... بێنە ژێرباری مەسئولییەت. ئەم تەوژمە یەكێك ناڕووخێنێ و یەكێكیتر براوە بێت، یەكێك سودی لێوەربگرێ و ئەویتر تەماشا. (زریان)ئاسا كەس بەپێوە ناهێڵێت، كە ئەبینم مەڵبەندەكەم سوتا... نیگەرانم سوتا، سەرئەكێشێ بۆ ئینتیفازە وئینتیفازە چاك و خراپ و داروبەرد بەزەمین یەكسان ئەكات. لەلایەكیتر، بەرد بە بەرد كە لەسەر شكۆی خوێنی شەهیدانە، ئەمرۆ نەوەكانیان ئاگری تێپەردەدەن، واتە ئەوان نانیان دەوێ و رابردوویان ئەسوتێنن، ئەم نامەیەش دەبێ بگاتە سەرمێزی هەموو مەسئولێك كە لە كۆتادا دەڵێم بێ هیچ پاساو و بیانووهێنانەوەیەك، بەدڵ دەستی یەك بەیەكی ئەو كوڕ و كچە بیمارو گیرفانخاڵیانە ماچ دەكەم كە ئەمرۆ شەقامەكانیان هەژان، بەڵام پێیاندەڵێم پێكەوە نیشتیمان ئاوەدان بكەین نەك داغان و وێران بكەین!.  من وەك كادرێكی یەكێتی خوازیارم لە سەركردایەتییەكەم، ئەم ناڕەزایەتییانه بەهەستیاری و بەزەنگی پێش ئاخیری هەڵكردنی باهۆزی رق و توڕەیی لێی بڕوانێ، بەكۆمەكی خەمخۆران و منەورانی شار و بێ جیاوازی هەنگاوی كرداری بنێین، چونكە كات له قازانجمان نییه، لایەنەكانیتریش له گۆشەی بەرپرسیارێتییەوه لێی بڕوانن، تەگبیرو تەدبیرو كرداری چاكی مەردایەتی لێبكه ن به لادا، ئەگەرنا پەشیمانبوونەوە دادمان نادات.


ژوان ئه‌حمه‌د ئەمڕۆ خوێندكارانی ناڕازیی زانكۆی سلێمانی ڕاگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوەو تیایدا جوانترین داواكاریان نوسیوە كە هی ئەوەیە یەك بە یەكی ئێمە. دایك و باوكانیان، ئەوانەی خەمی ئەم وڵاتەیانە، دەستیان ماچ بكەین. خوێندكاران دەڵێن: - ئەم خۆپیشاندانانە بۆ دەرماڵە نین، دەرماڵە دواین شتە كە ئێمە داوای دەكەین، ئەم خۆپیشاندانانە بۆ گەڕاندنەوەی شكۆیە بۆ زانكۆو خوێندكاری زانكۆ. "وامان لێهاتوە شەرم بكەین بڵێین لەزانكۆ دەخوێنین". بەڵێ، زانكۆ شكۆی نەماوە، زانكۆ بوه‌تە مەفقەسێكی خراپ بۆ بەرهەمهێنانی مرۆڤی نەزان و جاهیل، بوه‌تە شوێنی پێدانی بڕوانامە بە هەموو كەسێك كە شایەنیشی نیە. ئەم وڵاتە پڕ بووە لە زانكۆ، بەڵام ئەم هەموو زانكۆیە نەیتوانیوە تۆزقاڵێك مەعریفەی خەڵك بەرز بكاتەوە... دەیان زانكۆو كۆلێژ دروست كراون كەچی رۆژ بە رۆژ نەخوێندەواری و جەهالەت و دواكەوتویی و كۆنەپارێزی زیاتر برەو و تاو دەسێنێت. خوێندكاران دەڵێن: - ئامانجی ئێمە گەڕاندنەوەی شكۆی زانكۆیە، ، مانای چیە خوێندكارێك چوارساڵ خۆی هیلاك بكات‌و لەیەكەمەكان بێت‌و كەچی لەكۆتایی ساڵدا حزب دێت‌و یەكەمەكان دیاریدەكات. مانای چییە خوێندكارێك لەبەرامبەر ناڕازیبونی لەم گەندەڵییە ده‌یخەن‌و نایەڵن دەربچێت؟ مانای چییە ماستەرو دكتۆراكان بۆ خوێندكارە حزبیەكانەو خوێندكارێكیش كە بەڕەنجی خۆی نمرەی هێناوە تورێكی قوڕاویشی بەرناكەوێت. ئێمە لەشەق‌و چەكەكانتان ناترسین، بەڵكو لەمانەوەمان لەم دۆخەدا ئەترسین. هەموو ئەوانە دروستە، ستەمی گەورە دەكرێت لە خوێندكاران، زۆر تەلەبەی ژیرو پابەند دەخرێنە دواوە، زۆر دەبەنگ و گەمژەش هەیە نەك لەبەر حزب، بەڵكو لەبەر حساباتی دیكە، پێش دەخرێت، هەموو كارێكی بۆ مەیسەر دەكرێت، بۆیە دەبێت كۆتایی پێ بێت. ئەوەی خوێندكاران نەیانوتوەو ئەبێت ئێمە بیڵێین: - من خوێندكاری زانكۆ بوم و لەوانە خەمتر و شەرمهێنترم بینیوەو ئێستاش دەیبینم، كاتێتی دەستی ئەم خوێندكارانە ماچ بكەین چونكە ئەوەی ئەگەر ئەوان چاكی دەكەن، عەیامێكە ئێمە دەستەوەستان بوین لە بەرامبەری. - بەڵێ لەناو زانكۆ و پەیمانگاكانمان، دەیان مامۆستا ئیستیغلالی خوێندكارەكانی دەكه‌ن، خرۆشی خۆی و حەزە سێكسیەكانی تێردەكات و لەبەرامبەردا خوێندكارەكان بە ناچاری دەكات بە كۆیلەی سێكسی. - بەڵێ لە زانكۆدا، ڕاگری كۆلێژ هەیە، ئابڕوچونێكی گەورەی هەیە، لیژنەی لەسەر گیراوە، كەچی وەك ئەوەی نە بای دیبێت نە بۆران، ئێستاش لە پێگەی خۆیایەتی. - لەمانە خەمتر، دەیان گەنجی خوێندەوارمان هەیە كارێكی دەست ناكەوێ، سەدان دەبەنگیش دەبینین لە زانكۆكان كراون بە مامۆستا بێ ئەوەی سەرە واوێك لە مێشكیانا بێت. - كەم نین ئەو سەرۆك زانكۆ و راگری كۆلێژو سەرۆك بەشیانەی ملكەچ و كۆیلە و دەربارن. - سەدان مامۆستای گەمژە هەیە، لە زانكۆكانی دەرەوە بە پارە بروانامەی كڕیوەو بەدەست هێناوە، ئێستا لەبری زانست، ژەهر دەكاتە مێشكی گەنجەكانمانەوە. تۆیەك لە وڵاتانی عەرەبی بروانامەت هێناوە، چۆنە عەرەبی نازانیت؟ تۆیەك لە بەریتانیا و وڵاتانی دیكە بە زمانی ئینگلیزی بڕوانامەت هێناوە، چۆن ئینگلیزی نازانیت؟ - لە سایەی ئەوانەوە، لەمێژە وتومە ئێستا زانكۆ بووە بە كافتریاو باخچەیەكی گشتی شار. بۆیە بۆ دەرماڵە رەنگە ئاهێكی تیا بێت و بڵێین ئاساییە گەر پشتیوانی خوێندكار نەكەین، بەڵام بۆ ئەم داوا ڕەوا و نیشتمانیانە، نەك پشتیوانی، هی ئەوەیە دەستیان ماچ بكەین.


ئاری محەمەد هەرسین گردبوونەوەو پرۆتێستی خوێندکاران بۆ دەرماڵە، فەزای میدیایی ژیانی ڕۆژانەی داگیرکردوە. هەموو حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن و تەنانەت بەشێکیش لەو حیزبانەی کە بەشدارن لە حکومەت، پشتیوانی لەم پرۆتێستە دەکەن. هەندێک لایەنی سیاسیش، لەبری ئەوەی هەوڵ بدەن لە کێشەکان تێبگەن، بە دەنگی بەرز گوتاری پۆپۆلیستی دەڵێین و، خوێندکاران هان دەدەن توندو تیژی بەکار بهێنن، نەک دانوسان. ئەگەر قسەکانی خودی خوێندکاران بەهەند وەربگرین (کە لە سایتەکانی هەواڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو بۆتەوە)، ئەوا مەسەلە و کێشەکەیان بەتەنیا دەرماڵە نیە. خوێندکاران گلەیی لە: پیسی ئەو ئاوە دەکەن کە دەیانترێتێ، باس لە شەق و شڕی تەختی نوستن و ڕاخەڕی دڕاو دەکەن، باس لەوەدەکەن کە گەرمکەرەوەیان نیە و هەمو شتێک ئەبێت خۆیان بیهێنن، باسیش لەوە دەکەن شەوانە ناتوانن بچنە حەوشەی بەشە ناوخۆییەکەیان، چونکە پۆلیس سەگیان بۆ هێناون و لە حەوشەکەیا بڵاوەی پێ کردون. تەنانەت دەڵێن پۆلیس توندوتیژیشی بەکار هێناوە. ئەگەر سەرنجێک لە داخوازیەکانی خوێندکاران بدەین بەگشتی و لەزاری خۆیانەوە، ئەوا چەند پرسیارێکی قورس هەڵوێستەمان پێ دەکەن و، لە سەرو هەمویانەوە: کێ بەرپرسیارە لەم بارو دۆخە؟… ئەوە ڕوونە کە دەرماڵەی خوێندکاران لای وەزارەتی دارایی نیە. ئەوەش بە پێی ئەو ڕونکردنەوەیەی وەزارەتی دارایی دابوی و بە ڕونی گوتبوی کە دەرماڵەکە لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە ڕێک دەخرێت، نەک لای ئێمە. کەوابێت وەزارەتی خوێندنی باڵا دەبێت وەڵامی بڕواپێکراوی هەبێت. کێشەی ئاوی پیس لە بەشە ناوخۆییەکان کێ لێی بەرپرسیارە؟… سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی؟… بەڕێوەبەرایەتی بەشەناوخۆییەکانی سلێمانی؟… یان شارەوانی سلێمانی؟… ئەی کێشەی تەختی نوستن و ڕاخەر کێن لێی بەرپرسیارن؟… ئینجا دیسان، کێن ئەوانەی بەرپرسیارن لە پێدانی گەرمی بە بەشەناخۆییەکان؟… ئایا دەستی کەرتی تایبەتی تیایە؟… دەست تێوەردانی حیزبی هەیە؟ ئەم پرسیارانە سادەن و، وەڵامەکانیشیان سادەن. دیارە بەرپرسیارێتیەکە هەموی لەیەک شوێندا کۆ نەبۆتەوە، بەڵکو بەسەر کۆمەڵێک دام و دەزگای حکومی و لەوانەیە کەرتی تایبەتیش دابەش بوە. بۆیە پێویستە ئەگەر لیژنەیەکی تایبەت دروستکراوە یانیش دروست دەکرێت، پێویستە ئەو پرسیارانە بەهەند وەربگرن و بەڕاپۆرتێکی کورت و پوخت لە ڕێگای ڕاگەیاندنەکانەوە بیخەنە بەردەم ڕای گشتی. گرنگە بزانین کوێی بەشە ناوخۆییەکان پێویستی بە ڕیفۆرمە. ڕیفۆرم شۆڕش نیە. هەموو گۆڕانکاریەک بە ئاڕاستەی باشتر کردن لە هەر ئیدارە یەک دا ڕیفۆرمە. ئیتر گۆڕانکاریەکە لە شێوازی ئیشکردنا بێت یانیش گۆڕینی کەسەکان، یانیش هەردوکیان. گەنجەکانمان سامانی داهاتومانن، ئەبێت وەک چاوی خۆمان بیانپارێزین. یەکێک لە ئەرکە هەرە گرنگەکانی ئێمەی حوکمڕان، بریتیە لە پاراستن و گەشەپێدانی ئەو سامانە. لەبری ئەوەی هەر فراکسیۆنەی پارلەمانی کوردستان (ئۆپۆزسیۆن و هەندێک لەوانەی لە دەسەڵاتن) دوور لە موزایەدات بەدواداچون و چاودێری ئەم کەیسە بکەن، جارێ خۆنواندن دەکەن بۆ میدیا بۆ قۆزتنەوەی بارودۆخەکە بە مەبەستی موزایەدەی سیاسی، گوتاری پۆپۆلیستی یان خۆ لێ دەرباز کردن. دواجار پێویستە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لیژنەیەکی بەدواداچونیان هەبێت بۆ ئەوەی ڕۆڵی پۆلیسیش و خۆپیشاندەرانیش لەوەی کە پێی دەڵێین (توندوتیژی) بەرجستە ببێت.


(د. کاروان حەمەساڵح) لە ساڵی 2014 ەوە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەڕماڵەی خوێندکاران بڕدراوە. ئەوکات دابەزینی نرخی نەوت،  شەری داعش، ئاڵۆزی دۆخی سیاسیی و ئابوری و بڕینی بوجەی هەرێم لە لایەن بەغداوە کرابووە بەهانە.  بەڵام لە ئێستادا و دوای حەوت ساڵ کە خوێندکاران داوای ئەو مافەیان دەکەنەوە؛ نرخی نەوت 66. 78$ دۆلارە،  شەری ڕووبەڕو و قەیرانی دارایش تێپەریوە! (قەیرانی ئابوری نا!) سەرەڕای ئەوەش دوای فەرمانبەران، خوێندکاران ئەو چینەی ترن کە دەمودەست دەست بۆ مافی داراییان براوە.  بەڵام لەولاشەوە تاکە چینێکیش کە؛ سەرچاوەی گەورەی نەزیفی دارایی و پرسی نا-دادپەروەری و بێ ئومێدی و دواتریش دابەزینی بەهای توانایە ( Ability Value) بندیوارەکانن کە تاکە چینن هەموو چینەکان و ئابوری و توانای مرویی ووڵاتیش کراوەتە قوربانیان. هیچ کردە و بڕیارێکیش مووچەی نا-شەرعی ئەوانی نەوەستاندووە.  جا با ئێستا زیاتر ووردی بکەینەوە؛ بەنزیکەیی هەموو هەرێمی کوردستان 100 هەزار خوێندکاری هەیە لە زانکۆ حکومیەکاندا. بەڵام لە لایەکی ترەوە سەروویی 500 هەزار مووچەخۆری بندیواریی هەیە. گەر بۆ هەر خوێندکارێک بە گریمانە بەرزترین ئاستی دەڕماڵەی ڕابردوو وەرگرین کە 100 هەزار دینار بێت لە مانگێکدا بۆ هەر خوێندکارێک،( پێشتر دەڕماڵەکە لە 40 هەزارەوە بۆ 100 هەزار بوو)، ئەوا بە دۆلار دەڕماڵەی سەرجەم خوێندکاری هەرێم دەکاتە ؛ 6 ملیۆن و 756 هەزار دۆلار لە مانگێکدا! ئایا دەزانن ئەو بڕەی سەرەوە تەنها لە سەدا 2 پۆینت 2  ی بودجەی بندیوار دەکات!!؟ چۆن؟ بە نزیکیی؛ لە سەدا 70 ی دەستی کار لەهەرێمی کوردستاندا لە کەرتی حکومیدایە، لەسەدا 40 ی کۆی مووچەخۆرانی حکومیش بندیوارن! بودجەی مانگانەی هەرێم بۆ مووچەخۆران 750 ملیۆن دۆلارە، لەو برە، 300 ملیۆن دۆلاری بۆ مووچەی بندیوارە.  کەواتە 6 ملیۆن و 756 دۆلارەکەی خوێندکاران دەکاتە لە سەدا 2.2 ی بودجەی بندیوار کە 300 ملیۆن دۆلارە. واتا ئەگەر لەهەموو بودجەی بندیوار، لەسەدا 97.8 یان بۆ بندیوارەکان سەرف بکەن و تەنها پاشماوەکەی بدەن بە خوێندکاران، چارەی 100 هەزار خوێندکار دەکات! بۆیە بەهیواین دەستەڵات ئەو ژمارانە ببینێت و بڕیارێک بدات لە سوودی فێرخوازان. چونکه بیریشمان نەچێت ئەو برە پارە کەمە تەنها دڵی فێرخواز خۆش ناکات بەڵکو: ⚫ ئەو بڕە پارەیە بەشێکی لە ناو زانکۆکاندا، فێرخوازان جارێکی تر خەرجی دەکەنەوە بۆ پێداویستی خۆیان.  ⚫ دەبێتە پشتیوانیەکی داراییش بۆ خێزانی خوێندکاران لەم دۆخەدا. ⚫ هاندانێکیش دەبێت بۆ خوێندکارانی ئامادەییش کە دڵخۆش بن و بزانن کە هاوڕێیانی زانکۆیان گرنگیان پێ دەدرێت و هاوکاریی داراییان دەکرێن.  ⚫ هاوکاریش دەبێت بۆ کاڵکردنەوەی بێ متمانەی لەنێوان هاوڵاتیان و گەنجان و حکومەت. ⚫ لە هەمووی گرنگتر؛ لانی کەمی بڕێکی زۆر کەم دادەپەروەری کۆمەڵایەتی و جیاوازی ژیانی خوێندکاران لەگەڵ خوێندکارانی چینەی مامناوەند و دەوڵەمەند کەم دەکاتەوە!


ئومێد حەمەعەلی هێزی كوشندە گوزارشتە لە دەركەوتنی ڕۆحێكی تێكشكاو و ترسێكی كۆنتڕۆڵنەكراوی دەستەیەكی سیاسی دەسەڵاتخواز، گوزارشتە لە گیانێكی بەزیو و هیچوپوچ، كە هیچ ڕەوایەتییەكی ئەخلاقی و دیموكراسی بە كۆمەڵگە و ئازار و داخوازییەكانییەوە نایبەستێتەوە. هێزی ناو دەسەڵاتێكی بێ بناغە و داڕماو، هێزی سەردەمێكی بەسەرچوو، ئەخلاقی ڕزیوی دیكتاتۆریەت و خۆسەپاندن، نەزعەی لاسایكەرەوەی بێ ئاكامی نابوتی سیستمە تاكڕەو و توندوتیژ و دژەمرۆڤییەكان هیچ بەدەستناهێنێت جگە لە ناڕەوابوون و ڕسوایی سیاسی و ئەخلاقی زیاتر. ئەوەی بەرانبەر خوێندكاران ئەنجامدرا تەنیا دەركەوتنەوەی زیاتری ئەو ڕۆحە تێكشكاو و كوشندە و داڕزیوە دیكتاتۆرییەیە، كە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان، دەسەڵاتی بنەماڵەی سیاسی قۆرخكار و خۆسەپێن لە هەموو ئاستێكدا تەعبیری لێ ئەكات. ئەم توندوتیژی و پەلاماردانە دڕندانەیە بۆ سەر كوڕ و كچی ئەم نیشتمانە بڵقدانی ئەو جەوهەر و ناوەرۆكە فاشیستییە حیزبی و بنەماڵەییەی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانە، كە لە بەشێكیدا یەكێتی و لە بەشێكی دیكەیدا پارتی نوێنەرایەتی دەكەن. ئەم هێزە كوشندەیە تەنیا خەونی دروستكردنی گوێڕایەڵی كۆمەڵگەیە، خەونی ملدانی مرۆڤە بە چەوسانەوە، خەونی دروستكردنی فەزایەكە ئازار ئاسایی و نۆرماڵ وەربگیرێت، خەونی خوڵقاندنی دۆخێكە ئازادی بە بێدەنگییەوە ببەسترێت و، بوون و ژیانیش تەنیا بە لقی شكاو و بۆگەنبووی نوخبەیەكی نابەرپرسیار و بێ چارەنوسەوە گرێبدرێتەوە. ئەم هێزە تەنیا یەك خەونی هەیە، ئەویش ئەوەیە مرۆڤ هیچ خەونێك بە ژیانێكی ترەوە نەبینێت.


تەحسین قادر پاش کۆنفرانسی سێھەمی کۆمەڵە لە ھاوینی ١٩٨٤ دا کە ئێمەی ھاوڕێیانی شار بە رووپۆشی بەشداریمان تێدا کرد و تیایداچەند ھاوڕێیەکی شار خۆیان پاڵاوت بۆ سەرکردایەتی و دەرچوون، لەوانە کاک دلێر ئەحمەد شوکری( ھاوڕێ سەلیم) کە تا ئەو دەمە لێپرسراوی رێکخراوی سلێمانی بوو. ئەوان ماڵئاواییان لە رێکخستنەکانی شار کرد و چوونە شاخ. کاک لەتیف( ھاوڕێ نزار)، کاک عەدنان شاسوار (ھاوڕێ ئاکام)، کاک خەسرەو( ھاوڕێ ئازاد) مانەوە و کاک برایم حەمە عەلی( ھاوڕێ پیرۆت) یش لە پاش رۆیشتنی ھاوڕێی کۆچکردوو مامۆستا رەووف( ھاوڕێ عادیل) کرایە ئەندامی رێکخراو. بۆ سەرلە نوێ دارشتنەوەی پەیکەری رێکخراوەیی، پێشنیاری چەند ھاوڕێیەک کرا شەھید ئارام محمد کەریم( ھاوڕێ نەبەز) و تەحسین قادر( ھاوڕێ ھیوا). ئەو سەردەمە کاری رێکخراوەیی و سیاسی.. تێکۆشان و قوربانیدان بوو، کەس ھەوڵی بۆ پلە و پایە نەدەدا، بە پێچەوانەوە ھەر ھاوڕێیەک ھەوڵی پێشخستنی ھاوڕێکانی دەدا، ھەر یەکە لەم دوانە خوازیاری پێشخستنی ئەوی تریان بوو، ھەوڵی ھاوڕێ ھیوا سەرکەوت و کاک ئارام پێش ئەو بووە ئەندامی رێکخراو. لە لایەکی ترەوە چەند ھاوڕێیەکی دێرین بە ھەمان شێوە لە کاردابوون لەوانە شەھید جباری حاجی رەشید( ھاوڕێ باوەڕ)، عەزیز عومەر( ھاوڕێ بەرانان)، پاش ماوەیەک مەترسی لەسەر ھاوڕێان نزار، پیرۆت، ئازاد دروست بوو، شارییان بەجێھێشت و چوونە دەرەوە، شەھید جەبار و کاک عەزیز عومەر جێیان گرتنەوە. یەکترناسین لەگەڵ شەھید جەبار کاک عەدنان شاسوار ئاگاداری کردمەوە کە کاتی یەکتر ناسین لەگەڵ ھاوڕێیەکی بەرپرس ھاتووە، لەسەر شەقامێکی گشتی ھاوڕێ جەبار ئوتومبیلەکەی دەئاژوو، کاک عەدنانی لەگەڵدا بوو، منیان ھەڵگرت و دەسکرا بە گفتوگۆ. بە رەچاوکردنی پرانسیپەکانی خۆپاراستن من پێم باشبوو کە وردە وردە و بەگوێرەی پێویستی کارەکان، یەکتر بناسین و بچینە ماڵی یەکتری، بەڵام کاک جەبار دەسپێشکەری کرد و وتی: دەزانم بایەخی زۆر بە پرانسیپەکان دەدەیت، بەڵام کارەکان وا دەخوازێت پەلە بکەین ، من خۆمت بەتەواوی پێدەناسێنم و ھەر ئێستا دەچین بۆ ماڵی خۆمان بۆ کۆبوونەوە، لێی پرسیم بەرامبەر کتێبخانەی گشتی و تەنیشت بەنزینخانەی عقاری شارەزایت، وتم بەڵێ لەو گەڕەکە ماڵی ( رەشەی ملا ئیبراھیم) دەزانم! حەپەسا و وتی چۆن؟ وتم لەگەڵ نەورۆزی حاجی رەشید خوێندکاری کۆلێژی ئەندازیاری بووم. پێکەنی و وتی دە ئەوە ماڵی ئێمەیە و من برا گەورەی نەورۆزم! دارشتنەوەی پەیکەری رێکخراوی سلێمانی لەناو ھاوڕێیاندا شەھید جەبار لە ھەمووان پڕ ئەزموونتر بوو، تەمەن و کەسایەتی کۆمەڵایەتی سەقامگیر بوو، ئاستی بژیوی بەرز و توانای ھاتوچۆی ئاسانتر بوو، لە رووی بەڕێوەبردنیشەوە کارامە و عەمەلی بوو، بۆیە پێشنیار کرا کە ئەو لێپرسراوێتی رێکخراو لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام خۆی وای بەباش زانی وەک ئەزمونێکی نوێ رێکخراو بەرپرسی نەبێت و بە ھاوکاری و کاری بە کۆمەڵ بەڕێوە ببرێت، ھەرزوو دەرکەوت کە ئەو شێوازە کارناکات و بە رەسمی بووە لێپرسراوی رێکخراو، ھەر وەک بە عەمەلی پێشتریش ئەو ئەرکەی لە ئەستۆ گرتبوو. کۆتایی گفتوگۆ و ھەڵگیرساندنەوەی شەڕ ساڵی ١٩٨٥ لە سەرەتاوە تا کۆتایی زۆر سەخت بوو، ئەرکی گەورە و گران کەوتە سەر رێکخستنەکانی شار، ھەر لە کۆکردنەوەی زانیاری، خۆراک، پۆشاک، دەرمان، کۆمەکی دارایی بۆ شاخ ھەتا کاری رێکخراوەیی لە پاراستن و باش رێکخستنەوەی ئەو خەڵکە زۆرەی لە ساڵی پێشووی گفتوگۆدا رێکخرا بوون، ئینجا چالاکی فیکری و نوسین و بەیاننامە بڵاوکردنەوە بۆ ھەموو بۆنەکانی ئەو ساڵە لەگەڵ ھەندێک چالاکی فیعلی بۆ تێکدانی ئەو بۆنانەی بەعس سازی دەکردن، دواجاریش ھاوکاری پێشمەرگە لە چالاکییەکانی شارەکان و چەندین چالاکی پێشمەرگانەی راستەوخۆ لە لایەن ھاوڕێیانی رێکخستنەوە.  قەڵەم و بییرە فراوان و تیژەکەی ئارام محمد کەریم بە بەرھەمە فیکری و راپۆرت و بەییاننامەکانی ئەو ساڵەدا زۆر دیار و کاریگەر بوو، چالاکی کاک عەدنان شاسواریش لە سەرپەرشتی رێکخستنەکان و کاری رێکخراوەییدا کەم وێنە بوو، ھێمنی و لۆجیکی کاک عەزیز عومەر بۆ راگرتنی ھاوسەنگیی لە نێوان قوربانیدان و بەدەسھێنانی ئامانجەکاندا جێی سوود بوو. منیش دوو کەرتی فراوانی رێکخستنم لە ئەستۆدا بوو، یەکەمیان پێکدەھات لە پۆلی سلێمانی ھەتا خانەقین کە رەحمەتی کاک حەمە نوری گەرمیان ) ھاوڕێ موراد( لێپرسراوی بوو، پۆلەکەی تر لە سلێمانی ھەتا ھەڵەبجە و ھەورامان کە کاک ئەحمەد کوڵکنی لێپرسراوی بوو، کەرتەکەی تر ناوی شەھید لەیلا بوو کە ھەموو ژنان و ئافرەتانی تێکۆشەری کۆمەڵەی تیدا کۆکرابوەوە، چەندین خوشک لە ئاستی لێپرسراوێتیدا کاریان تێدا دەکرد، لەوانە: پەروین کاکە حەمە، دڵسۆز قادر،گێلاس محێدین، نەسرین شێخ جەمال،شەوقيە کاکە حەمە، تارا عومەر  و شیرین محمود سەعید و زۆری تریش. لە بەشێکی تری ئەو کەرتەدا، کاک فەرەیدون حەسەن،خوالێخۆشبوان کەمال تایەر، ھیوا خاڵ و کاک حەمەعەلی( ھاوڕێ پەیڕەو) کاریان دەکرد، کاک کاميل-ھاوڕێ پەسەند لێپرسراویان بوو، پەیوەندییان بە منەوە بوو. جگە لە کەرت و سنوری ئیداری پارێزگای سلێمانی، زۆر جار ئەرک و سەرپەرشتی کردنی ناوچەکانی تریشی بەرەورووی رێکخراوی سلێمانی دەبوەوە، لەوانە ھێڵی خوێندکارانی زانکۆی موسڵ کە سەرەتا کاک ئومێد محمود( ھاوڕێ ئاکۆ) لێپرسراوی بوو، پاش ئەوەی ئەو خوێندنی تەواو کرد، کاک سەردار قادر( ھاوڕێ ھوشیار) بووە لێپرسراوی. ھەموو ئەمانە بەبێ سەرکردایەتی و گیانفیدایی کاک جەبار نەدەکران کە خۆی، شەمامخانی خێزانی، ماڵی خۆیان، دەواجنەکانیان، ماڵ و ئوتمبیلی کەسوکاری ھەردووکیانیش خرابوونە خزمەتی رێکخستنەوە. چاپ و چاپەمەنییەکانی رێکخراو مامۆستا ئەحمەدی سەناعە کە کادرێکی پێشکەوتوو، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی دیار و رێزلێگیراو بوو، پێشتر ناوی نھێنی ( سوورە) و پاشان ناوی ( گمۆ) ی ھەبوو، وای بەباش زانی ئەرکە رێکخراوەییەکان لە ئەستۆی لاببرێت، خۆی و ماڵەکەی تەرخان بکا بۆ کاری چاپ و چاپەمەنییەکانی رێکخراو. من تەکلیف کرام بە وەرگرتنی ئەو لێپرسراوێیتییە و بەستنەوەی بە رێکخراوەوە. ئەدرێسەکەم وەەگرت و چووم بۆ سانەوی وەتەن لە سەروو باخی گشتی. ئوتومبیلەکەم دوور راگرت و چوومە ژوورێکەوە کە چەند مامۆستایەک دانیشتبوون، سڵاوم کرد و ھەواڵی مامۆستا ئەحمەدم پرسی، یەکێکیان وتی: دوو مامۆستا ئەحمەدمان ھەیە کامیانت دەوێ؟ ئیحراج بووم چونکە نەمدەناسی و پێشتر یەکترمان نەبینی بوو، پێش ئەوەی وەڵام بدەمەوە، مامۆستا ئەحمەد بە زیرەکی خۆی تێگەیشت، ھەستایە سەرپێ و بە گەرمی ھات بەرەو رووم، بەخێرھاتنی کردم و چووینە دەرەوە بۆ قسەکردن. ئەو کاتە ماڵی مامۆستا ئەحمەد لە گەڕەکێکی شەعبیدا بوو، بەرامبەر قوتابخانەی گۆیژە لە پشتی شەقامی گۆران، دەسی بە دروستکردنی خانووش کردبوو لە گەڕەکی بەختیاری بەڵام بۆی تەواو نەدەکرا، لەبەر نەگونجاوی گەڕەکە کۆنەکە، بڕیاردرا چاپ و رۆنیۆکان بگوازینەوە بۆ ژێرزەمینی ھەیکەلی خانووەکەی بەختیاری. ئوتومبیلی سوپەری کاک سەروەر بەرزنجی ئەفسەرمان بەکارھێنا بۆ گواستنەوەکە، کە خاڵی پشکنینەکان رایان نەدەگرت، چونکە ئەو کاتە ھەر ئەفسەرەکان ئەو جۆرە ئوتومبیلەیان ھەبوو. ئەو ژێرزەمینە، کۆنکریت نەکرا بوو، لەسەر تەڵاشە بەردەکان، مقەبا و بەتانی کۆنمان راخستبوو، بەیاننامەکان ھەر مامۆستا ئەحمەد خۆی لەسەر ستێنسڵ چاپی دەکرد، پێکەوە بە رۆنیۆ ھەزاران کۆپیمان رادەکێشا، لەو ئەرکەشدا زۆر جار کاک سامان مەولود) ھاوڕێ بەرزان( ھاوکارمان بوو. بەسەر ھەموو کەرتەکاندا دابەشمان دەکرد و رۆژی دوایی شار و قەزا و ناحیەکان پڕ دەبوون لە بەیاننامە. . ھەروەھا شەھید عەلی حسەین محەمەد- ھاوڕێ شاڵاو ) لە راپەڕینی سلێمانی ٨ ئازار ١٩٩١ لە ئەمنە سوورەکە شەھید بوو( بە خۆی و پاسە کۆستەرەکەیەوە لە ناو شار و بۆ ھێنان و بردنی بەریدی دەرەوەش ھەر لە گیانبازیدا بوو. رەنجکێشی، دڵسۆزی، خەمخۆری و لەخۆبوردوویی مامۆستا ئەحمەدی سەناعە و عیسمەتخان خێزانی لە باسکردن نایەن، خۆراگری و ئازایەتیشی بەرامبەر جەللادەکانی ئەمن، زۆر کەم وێنە بوو. کاری کوشندە شەھید ئارام محمد کەریمی یاساناس دوای تەواو بوونی ماوەی ئینتیدابەکەی کە لەبەر پێویستی فەرمانگەکان لە جیاتی سەربازی لە فەرمانگەی تاپۆی سلێمانی کاری دەکرد، بانگکرایەوە بۆ خزمەتی سەربازی، بڕیاری دا بچێتە شاخ و ھەموو ھاوڕێیانی رێکخراویش پشتگیری بووین، بە زەحمەت قەناعەتی بە باوک و دایکی کرد و خواحافیزیمان لێکرد و چووە دەرەوە، بەڵام ناوەندی کۆمەڵە بە زۆر ناردییانەوە بۆ شار، بە پاساوی ئەوەی کە تێکۆشان لە شار زیاتر پێویستی بە مانەوەیەتی، ئەویش ئیلتیزامی کرد و گەڕایەوە، قەناعەت پێھێنانی خێزانەکەی بۆ ھاتنەوەی بۆ ناو شار، زۆر زەحمەتتر بوو لە چوونە دەرەوەکەی. له ١٩٨٥ دا نەبەردییەکانی پێشمەرگە و رێکخستنەکان لەھەڵکشاندا بوو، رژێم لە ١٧ی ئۆکتۆبەردا ھاوتوچۆی قەدەغه کرد و پشکنینی گشتی کرد، سەدان ھاوڵاتی و ھاوڕێی رێکخستن دەسگیرکران، دەیان کەسییان لێ گوللەباران کرا. لەو کادرە پێشکەوتووانەی لەو پشکنینەدا دەسگیرکران : کاک محمد کەریم محمد(ھاوڕێ سەنگەر)، لەگەڵ کاک جەمال مەحمود سەعید (ھاوڕێ دلاوەر) پێکەوە گیران، شەھید رێبوار عوسمان فەرەج( ھاوڕێ ئەدیب)، شەھید خالید سێوسێنانی( ھاوڕێ ھاوار). ئەم چوار ھاوڕێیە نوسەریش بوون، لە ساڵانی پێشتردا چەندین دیراسەی قووڵ و وردیان لەسەر بابەت و پرانسیپەکانی خۆپاراستن لە دەسگیرکردن و چۆنێتی بەرگریکردن لە کاتی گیراندا نوسی بوو، کاک جەبار بە گاڵتەوە دەیوت لەناو ھەموو ھاوڕێیاندا ئەو چوارە لە ھەمووان زیاتر بایەخییان بە خۆپاراستن و پرانسیپەکانی کاری نھێنی دەدا، کەچی ئەوان پێش ھەمووان تووشبوون و گیران! دیراسەکانییان یارمەتیدەر بوون بۆ چۆنێتی بەرگری و خۆڕاگرتن بەرامبەر ئازاردانی دەروونی و جەستەیی، بۆ خۆیان و زیندانییەکانی تر، سیانییان رزگارییان بوو، بەداخێکی زۆرەوە ھاوڕێ ھاوار لەگەڵ چەندین ھاوڕێ و ھاوڵاتیدا ھەر ئەو کاتە لە حامییەی سلێمانی کە ئێستا پارکی ئازادییە گوللەباران کران. ئەو رووداوانە و بەرەوپێشچوونی پرۆسەی بەعەرەبکردن و بەبەعسیکردن لە کوردستان کە چووبووە بواری پەروەردە و قوتابخانەکانەوە لە رێی چەندین مامۆستای تەعریبەوە شەھید ئارام و زۆر لە ھاوڕێیانی تری تووڕە کردبوو، شەھید ئارام بە بڕیاری خۆی لێژنەیەکی پێشمەرگانەی نوێی پێکھێنا(ھەرچەندە لێژنەیەکی کارامە و کارا ی پێشمەرگانەی ناو شارمان ھەبوو کە ساڵانێک بوو چالاکی سەرکەوتووانەیان دەکرد) بۆ وەستانەوە بەرابەر تەبعیس لە قوتابخانەکاندا، مامۆستایەکی تەعریبییان لەناو برد. زۆر بە داخەوە بەھۆی خیانەتکارێکی ناوخۆوە.. کەشف و دەسگیرکران. لە ھەڤدەی کانوون دا شەھید ئارامی سەرکردە و ھەردوو خوێندکار و کادری جوانەمەرگ شەھید ھیوا نامق فارس و شەھیدسەردار عوسمان فەرەج لەبەردەم سانەوی رۆشنبییردا گوللەباران کران شەھید جەبار ھاتە ماڵمان و بە گریانەوە ھەواڵەکەی پێ گەیاندم، ئەوە خەسارەتێکە ھەرگیز قەرەبوو ناکرێت و زامێکە قەت !سارێژ نابێت ھەواری خاڵی شەھید جەبار وەک براگەورە و باوک رەفتاری لەگەڵ ھەموو ھاوڕێیان، خێزان و منداڵانی ھەموواندا دەکرد، لە کاتی زیندانیکردنی مندا بە درێژایی ساڵی ١٩٨٨بە ھەموو رێگا و شێوازەکان بە دوامەوە بوو، رۆژانە لە خێزان، دایکی خوالێخۆشبووم و منداڵەکانی پرسیومەتەوە. لە کاتی نەبوونی، نەخۆشی، کێشەی کۆمەڵایەتیشدا فریادرەسی ھەموو ھاوڕێیان بوو. مامۆستا ئەحمەدی سەناعە، شاخێک بوو لە ورە، قەڵایەکی سەخت بوو بۆ بییروباوەڕەکەی، نموونەی بەرزی فیداکاری و قوربانیدان بوو، گاڵتەی بە ئازاردانی جەللادەکان دەھات . ھەر یەکە لە شەھیدان وەستا بەکری دارتاش، شەھید حەمەرەحیم و شەھید عەتای حاجی ئەحمەدیش کە پێکەوە لە ٧ ی نۆڤەمبەری ١٩٩٠ دا لە سێدارەدران، خاوەنی چەندین داستان و شایستەی سەدان لاپەڕەی شانازین. بە داخەوە ئێستا ھەواری ئەو شەھیدانە، خاڵییە لە نموونەی بەرز و جوانی وەک ئەوان، کاربەدەستان و بنەماڵە سیاسییەکان لە ململانێی ناڕەوایانەی دەسەڵات و پارە و پۆستدا، جەھەنەمێکییان بۆ سلێمانی و ئازادیخوازانی بادینان و ھەموو کوردستان دروستکردووە. بەھۆی سەرکردە و حیزبەکانی دەسەڵاتی ئەم حوکمڕانییە ٣٠ ساڵییە شکستخواردووەوە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم لە دەس دران و تەعریب و تەشییع تیایاندا بەردەوامە. لە ھەرێمیش سێ لەسەر چواری دەنگدەران بایکۆتی دوا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقییان کرد و ئێستاش لە بێچارەیی و بێ ھیواییدا، بە کۆمەڵ وڵات بەجێدەھێڵن! لە یادی شەھیدبوونی ئەو ھاوڕێیانەدا، سەری رێز بۆ گەورەیی و جوامێری خۆیان، خێزان و نەوەکانییان دادەنەوێنم. لەدوای ئەوان و ھەزاران شەھیدی ھەموو لایەنەکانی کوردستان ، ھەوارێکی خاڵی لە فیکر و رێبازی ئەوان بەجێماوە. ھەر بۆیە ھەموو حیزبە سیاسییەکان، بروای زۆرینەی خەڵکییان دۆڕاندووە، ئۆپۆزیسیۆنی تاکەکەسی و خەباتی مەدەنی لە برەودایە بە ھیوای دواڕۆژێکی روون.


هەندرێن شێخ ڕاغب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بە پەلەپروزێ جەیش و گروپە چەكدارەكانی كۆكردەوەو هەڕەشەی پەلاماردانی رۆژئاوای كوردستانی كرد.  گەورەترین و بەهێزترین ئۆپۆزسیۆنی توركیا كە جەهەپەیە لەسەر زاری لوتكەی دەسەڵاتیان گوتیان ئێمە بێینە جێگای ئەردۆغان قەندیل تەخت دەكەین. وەزیری بەرگری توركیاش گوتی شتێك نیە بەناوی كوردستان لە هیچ جوگرافیایەك. ئەڕشەد ساڵحیش گوتی كەركوك شارێكی توركی و ئەمانەتی كەمال ئەتاتوركە. ئەم هەموو جموجۆڵ و لێدوانەی توركیا بەرامبەر كورد چەند شتێكی لێ دەخوێنمەوە:  یەكەم: دیالۆگ و گفتوگۆی نێوان سوریاو رۆژئاوای كوردستان هەیە. روسیاو ئەمریكاش ئاگایان لێیە، وەزیری بەرگری ئەمریكاش دێتە رۆژئاوای كوردستان. ئەگەر دیمەشق مافێكی حوكمی زاتی بداتە كورد ئەوا زەبرێكی زۆر گەورەیە لە توركیا دەدرێت. چونكە كاریگەری راستەوخۆو ناراستەوخۆی لەسەر سیاسەتی توركیا هەیە. دووەم: دوای كۆتایی پێهاتنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیار وایە كورد پۆستی پارێزگاری كەركوك وەربگرێتەوە، ئەمە بە نسبەت توركیا شكستە، چونكە گەڕانەوەی كورد بۆ كەركوك و نەبونی توركمانێك بە پارێزگاری كەركوك، پاشەكشەی توركیایە، ئێران لەم هەڵبژاردنە شكستی هێناوە، ئەگەر پۆستی پارێزگاری كەركوك بدرێتەوە كورد ئەوا لە ئێران نزیك دەبێت بەتایبەت ئەگەر برایانی یەكیەتی وەریبگرن، ئەمە بەمانای ئەوە نیە بڵێین یەكیەتی كلكی ئێرانەو قسەوقسەڵۆكی سیاسی بكەین، مەبەست ئەوەیە سنورو حەوزی سیاسی یەكیەتی زیاتر لە ئێران نزیكە نەك توركیا؟ وەك چۆن حەوزو سنوری پارتی لە توركیا نزیكە نەك ئێران؟. ئەم دابەشكارییە هەرێمیە لەناوخۆی هەرێمی كوردستان هەیە.  بۆیە ئەم تەنگاوبوونەی توركیاو ئەم هەموو لێدوانەی توركەكان، گومان دەكەم لەپشتی پەردەوە جموجۆڵی دیكە هەبێت كە توركیا ئاگای لێیەو بە دڵی ئەوو بەرژەوەندیەكانی نیە؟.


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج  هه‌ر به‌ڕاستی كه‌ركوك ئه‌مانه‌ته‌ ، كه‌ركوك ئه‌مانه‌ته‌ تا له‌ سه‌ر ده‌ستی هه‌ندێك هه‌رزه‌ی سیاسی به‌ ده‌ردی ساڵی 1959 نه‌چێت و كوردو توركمان نه‌كرێن به‌ گژ یه‌كترا ، كه‌ركوك ئه‌مانه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كانی داهاتوی توشی شه‌ڕو بشێوی نه‌بن ، چه‌ند ناشرینه‌ كه‌سێك خۆی له‌ و په‌ڕی خۆشگوزه‌رانیدا بێت و بیه‌وێت مناڵی ره‌ش و ڕووتی نیشتمان بكات به‌ گژ یه‌كترا ، چه‌ند ناشرینه‌ مرۆڤ هێنده‌ شۆڤێنی بێت جیاوازی و دیرۆك و هه‌قیقه‌ت نه‌بینێ‌ ،له‌ نێوان قسه‌كه‌ی ئه‌رشه‌د ساڵحی و خلوسی ئاكاردا هه‌فته‌یه‌ك تێنه‌په‌ڕیوه‌ ، تۆ بڵێیت ئه‌م " كارداشانه‌" بۆ وا بكه‌ن ، ما خۆ ئێمه‌ نه‌وت و خاك و ئازادی سیاسی و هه‌موو شتمان پێشكه‌شكردون هێشتا داوای زیاتر ده‌كه‌ن . ئێ‌ خۆ ئه‌گه‌ر هه‌رچی ڕووبدات ئه‌رشه‌د خوێن له‌ په‌نجه‌ی نایه‌ت ئیدی چ ده‌بێت بۆ ئه‌و كێشه‌ نیه‌ ، ساڵی 2008 هه‌وڵێكی زۆر هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركوك  كورد و توركمان بكه‌ن به‌ گژ یه‌كتردا بۆ ئه‌وه‌ میتیش له‌ سه‌ر هێڵ بوون ، دوو هه‌رزه‌كاری كورد یه‌كی به‌ چه‌كه‌ شڕێك و یه‌ك فیشه‌كچنه‌وه‌ به‌ره‌و موسه‌ڵا هه‌ناسه‌ بڕكێیان بوو ، رێم پێگرتن و وتم ئه‌وه‌ بۆ كوێ‌ وتیان شه‌ڕی كوردو توركمانه‌ دامنان و به‌ قسه‌ی خۆش خاومكردنه‌وه‌ ، دیار بوو بۆ كوشتن هاندرابوون ، ئێ‌ له‌ كوردیشا بیركه‌ره‌وه‌ی وه‌ك كاكه‌م ئه‌رشه‌د هه‌یه‌ ، كه‌ من دڵنیام ئه‌گه‌ر پشكنینی " دی ئێن ئه‌ی " بكات توركمانه‌ كورد ده‌رده‌چێت ،سه‌یره‌ خلوسی ئاكار ده‌ڵێت  كوردستان نیه‌و ئه‌رشه‌ده‌كه‌ش كه‌ركوك به‌ ئه‌مانه‌تی ئه‌تاتورك ده‌زانێت ، لیره‌ی توركیش شڵپ و شۆی ده‌رچووه‌. من ئه‌وه‌م پێخه‌مه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد وه‌ڵامی له‌سه‌ر خۆو ئاوه‌زیانه‌ی ئه‌مانه‌ ناده‌نه‌وه‌ ، له‌ كاتێكا بێده‌نگ بوون لێیان خوێندنه‌وه‌ی ترس و لاره‌ خواری و بێشكۆیی لێدێت ،ده‌كرێت ئاوه‌زیانه‌ وه‌ڵامبده‌نه‌وه‌و له‌ دنیاشدا ئه‌و ئاوه‌زه‌ شۆڤێنیه‌ له‌ قاو بده‌ن ، چونكه‌ ئه‌رشه‌دیش و ئاكاریش بۆ كاردانه‌وه‌ی ده‌ره‌كی و بۆ له‌ ژێدانی سۆزی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن و خۆیان هه‌قیقه‌ته‌كه‌ له‌ هه‌موو كه‌س باشتر ده‌زانن ، به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ ی لۆژیكی و ده‌مكوتكردنی ئاوه‌زی شۆڤێنیانه‌ كابه‌ كه‌چ نابێت ، ناكرێت به‌ بیانوی "خۆمان به‌ تڕبه‌نین" هه‌روا كه‌چ و كه‌وی دانیشین . ئه‌و كه‌ركوكه‌ی ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ، بریتیه‌ له‌ شارێك چوارپێنج نه‌ته‌وه‌ ، چوار پێنج زمان ، چوار پێنج ئاینزا و گۆرانی و شیعرو میوزیك و هونه‌ری هه‌مه‌چه‌شن و هه‌مه‌ جۆری تیایه‌ ، شارێكه‌ له‌ رابردودا به‌ دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌وترا چوار مه‌وج ، شارێك دیرۆك و جوانی  و پێكه‌وه‌ ژیان و هاوبه‌شی خه‌م و خۆشی یه‌كتری تیایه‌ ، ئه‌و كه‌ركوكه‌ی ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت زۆر جیاوازه‌ له‌و كه‌ركوكه‌ی ئه‌رشه‌د ساڵحی خه‌وی پێوه‌ ده‌بینێ‌ ، ئه‌و كه‌ركوكی ململانێ‌ و شه‌ڕو ئاژاوه‌ی ده‌وێت ، ئێمه‌ش كه‌ركوكی ئاشتی و پێكه‌وه‌ ژیان ، لای ئێمه‌ كه‌ركوك موڵك و ئه‌مانه‌تی كه‌س نیه‌  خاوه‌نه‌كه‌ی نه‌بێت ، لای ساڵحی ئه‌مانه‌تی ئه‌تاتوركه‌ ، ئه‌و پیاوه‌ی جوانترین شاعیری تورك ئاماده‌ نه‌بوو له‌ سایه‌ی ئه‌ودا بمرێت و له‌ مۆسكۆو له‌ تاراوگه‌ سه‌ری نایه‌وه‌ ، ئه‌تاتورك بسته‌ گۆڕێكی به‌ نازم حیكمه‌ت ڕه‌وا نه‌بینی ، بیرو بۆچون  و فه‌لسه‌فه‌ی تاریكی ئه‌تاتورك بووبه‌ هۆكاری كۆچ و له‌ تاراوگه‌ مردنی جوانخاسی وه‌ك ئه‌حمه‌د قایه‌ ، یه‌ڵماز گوینه‌ی و زۆری تر ، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌تی ئه‌و بێت به‌ر له‌ هه‌ركه‌س ئه‌رشه‌د ساڵحی ناتوانێ‌ تیا پشوو بدات و نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكه‌كه‌ی بكات چونكه‌ هیچ توركمانێكی كه‌ركوكلی ئه‌و شه‌كر شكاندنه‌ له‌ ساڵحی قه‌بوڵناكات و به‌ر له‌ كوردو ئه‌وانی تر پێی ده‌ڵێن " ئه‌نكه‌ره‌ نیوه‌ی رێگات بێت ".


ئارام مەحمود هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق درزێکی گەورەی خستە ناو هێزە سیاسییەکان، بە دیاریکراوی ناوماڵی شیعەکان، کە بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێکردنیان لە عێراق لەدەستدایە. لۆژیکی یان هەموومان حوکم ئەکەین یان بەرەو فەوزا ئەڕۆین، تائێستا لۆژیکی زاڵە و هەژمونی خۆی بەسەر دیمەنی سیاسی عێراقدا سەپاندووە.  هەندێک  ڕێککەوتن بەباشتر ئەزانن لەڕۆیشتن بەرەو نادیار،  بەشێکی تریش ئەپرسن، ئەگەر لەکۆتایی ڕێگاکەدا ئەگینەوە بەسازان و هەموان لەحکومەت بەشداریدەکەن، چ پێوێستیەکمان بەهەڵبژاردن و دروستکردنی پشێوی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. دوای زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ،  هێشتا مشتومڕی هێزە ناڕازییەکان کە لە چواچێوەی هەماهەنگی شیعەکاندا کۆبونەتەوە،  ساتەکانی سەرەتای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی تێنەپەڕاندووە. سەربازگەی هێزە ناڕازییەکان پێیانوایە، ئامانجی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەبنەمادا ئەوەبوو حکومەتی داهاتوو، بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و هاوسەنگییە ئیقلیمییەکان و تەریبی پڕۆژەی غازی ڕۆژئاوای دەریای ناوەڕاست و ناتۆی عەرەبی بێت کە بڕیارە لەنێوان عێراق و میسرو ئوردون دا پێکبهێنرێت، بۆ پێکهێنانی حکومەتێکیش بەو پێوەرانە، هەندێک هێز دورخراونەتەوەو هەندێکی تریش پێشخراون، لەوەش زیاتر، دەوترێت تەواوی ئەو هێزانەی لەسەر بەرەی مقاوەمە ئەژمار دەکرێن دورخراونەتەوەو ئەو هێزانەشی ئامادەییان تیایە بۆ چونە ڕێزی ڕێککەوتنی ئەبراهام و ئاسایکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل، پێشخراون. ڕەنگە ئەمە بەشێک بێت لەنیگەرانی و پاساوی ئەو هێزانەی لەئەنجامی هەڵبژاردنەکان ناڕازین، وەک خۆیان ئاماژەی پێدەکەن، هەر بەتەنیا لەوە نیگەرانین کە پیلانیان لێگێڕدراوە و "گزی"یان لێکراوە، بەڵکو پێیان وایە یاسای هەڵبژاردن کە پێش بەڕێوەچونی پرۆسەکەش لە دادگای فیدڕاڵی تانەیان لێداوە، عەدالەتی نوێنەرایەتی نەچەسپاندوەو، بووەتە هۆی خولقاندنی کێشەو قەیرانی سیاسی.   بۆنمونە دەڵێن،  هێزەکانی چوارچێوەی هەماهانگی نزیکەی دوو ملیۆن دەنگیان هێناوە،  خاوەنی نزیکەی ٨٠ کورسین، لەکاتێکدا ڕەوتی سەدر نزیکەی هەشت سەدو پەنجاهەزار دەنگی هێناوە، ژمارەی کورسییەکانیان گەیشتوەتە ٧٣ کورسی. سەربازگەی بەرامبەریش دەڵێن، ئەوە بیانوە بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکەیان،  هەموو ئەو بەڵگانەشی تائێستا لەسەر ئەنجامدانی ساختەکاری پێشکەشیان کردووە سنوری تۆمەت و تێۆری پیلانگێڕی و دەستی دەرەکی تێناپەڕنێت، پێشیانوایە، کەمینەیەک ئەیانەوێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگۆڕن، ئەگینا یاسای هەڵبژاردن دەرفەتی گەورەی بۆ هاتنەپێشەوەی دەیان پەرلەمانتاری سەربەخۆ و تشرینییەکان خولقاندووەو، بەڕەزامەندی و دەنگی نوێنەرەکانی ئەوان لە پەرلەمان تێپەڕیوە.  پێشیانوایە، کێشەی سەرەکی لەوەدایە، هێزە دۆڕاوەکان لەیاساکە تێنەگەیشتون و لەهەر بازنەیەک زیاد لەکەسێکیان کاندیدکردووە، ئەوەش وایکردووە دەنگەکانیان پەرتەوازەبێت، لەکاتێکدا ڕەوتی سەدر، خاوەنی جەماوەرێکی ڕێکخراو و دەزگایەکی هەڵبژاردنی لێهاتووەو، دەنگی هەوادرانی هاوتەریبی پێویستیی کاندیدەکانی ئاراستەکردووە، ئەوەش وایکردووە لە ٨٤ چوار کاندید  ٧٣یان دەربچێن. بەڵگە بەرجەستەکان لەسەر زەمینی واقیع ئەوە ئەسەلمێنێت کە  یاسای هەڵبژاردن ڕێسای گەمەی سیاسی و نەخشەی نوێنەرایەتی لەبازنەی شارو ناوچە جیاوازەکانی عێراق گۆڕیوە: - نزیکەی لەسەدا هەشتای پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەموچاوی تازەن. -سەرکەوتنی نزیکەی پەنجا کاندیدی سەربەخۆ و تشرینییەکان کە پێشبینی دەکرێت بۆ یەکەمجار ئۆزسیۆنێکی جدی و ڕاستەقینە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دروست بێت. - سەرکەوتنی زیاتر لە ٩٠ کاندیدی ژن بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران کە نیوەیان زیاتر بەدەنگی خۆیان سەرکەوتون، ئەمەش پێشهاتێکی نوێێە بەهەموو پێوەرێک. - هاتنە پێشەوەی زیاد لەهزێکی نوێ و پاشەکشێکردن و کوژانەوەی زیاد لەهێزێکی نەریتی. وێڕایی هەموو ئاڵۆزی و ناکۆکییە سیاسییەکان، پێدەچێت لەکۆتایی تونێلەکەدا ڕوناکییەک بەدیبکرێت، دەرگایەک بەڕووی ئەو چەقبەستنە قوڵەدا بکاتەوە کە بەرۆکی پرۆسەی سیاسی گرتووە، تازەترین ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانە کە ئاماژە بە ڕەتکردنەوەی ئەنجامی هەندێک لەوێستگەکانی دەنگدانە دەکات لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو تانانەی کە  هێزە دۆراوەکان لە دوو ڕۆژی ڕابردودا پێشکەشیان کردووەو،  وەک کۆمیسیۆن ڕایگەیاندووە، کاریگەریی بەهێزی دەبێت لەسەر دووبارە دابەشکردنەوەی کورسییەکان لەو بازنانە. ئەوە لەکاتێکدا بەدرێژایی مانگی ڕابردوو کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان زیاتر لە سەدا بیست و پێنجی تەواوی دەنگەکانی بەدەستی ژماردەوەو لەسەدا سەدی ئەنجامەکان هاوتابون و لەچەندین بۆنەی جیاوازدا ئەوەی دووپاتکردوەتەوە، کە ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان هیچ لەئەنجامەکان ناگۆڕێت، پێدەچێت ئەم  هەنگاوە نوێیە چاسەرێکی مامناوەندو جۆرێک  لە ڕێککەوتنی سیاسیش بێت، بۆ دەربازبون لەو دۆخە سیاسیە ئاڵۆزەی کە پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ هێزە سیاسییەکانی عێراقی دروستکردووە!.


رێبوار سیوەیلی 1. ئەم نیشانانەی لەسەر پەنجەرەی فەیسبووكەكەت دەردەكەون، جۆرە هێما و نیشانەیەكی زمانین، كە مانای تایبەتیان هەیە. ئەگەر بە هەڵە بەكاریان بهێنین، ئەنجامی خراپیان دەبێت. بۆیە گرنگترین شت ئەوەیە پەلە لەبەكارهێنانیان نەكەین و بشزانین لە كوێدا كامیان بۆچی بەكار دەهێنین. من لە خوارەوە، بە پێی تیگەیشتنی خۆم وەك كوردێك، نەك وەكئەوەی بمەوێ نوێنەرایەتی تۆڕی كۆمەڵایەتی بكەم، هەندێ ڕوونكردنەوەت بۆ دەنووسم، ڕەنگە سوودبەخش بن: 2. پێویستە بزانین، بەكارهێنانی ئەم نیشانە زمانیانە بەپێی جیاوازیی كولتوورەكان، مانای جیاواز بەخۆیانەوە دەگرن. بۆیە نابێت پەلە لەبەكارهێنانیان بكەین. ئەوەش من دەینووسم، لە ئەزموونی خۆمەوەیە و ڕەنگە كەسانێكی دیكە هەبن، ئەزموونێكی دیكە، یان تێگەیشتنێكی دیكەیان هەبێت. بەڵام دەبێت بزانین ئەم نیشانانە ئامرازی لێكحاڵیبوون و بەدحاڵیبوونیشن. زمانێكن دەتوانین لەڕێگەیانەوە یەكتری شاد بكەین و یەكتریش زویر بكەین. بەهۆی بەكارنەهێنانیشیانەوە دەتوانین یەكتری بسڕینەوە، نەبینین، یان بیخەینە لاوە، كە ئەوەیان بەدترین جۆری بەكارهێنانیانە و ئاستێكی ستەمكارانەیە و سایكۆلۆژیایەكی توندوتیژ ئاشكرا دەكات.  3. لە هەموویان باوتر ئەم (لایك)، یان پەنجە هەڵبڕینەیە، كە باوترین مانای ئەوەیە: ئێمە پەسەندی شتێك دەكەین، یان بەرامبەر ئاگادار دەكەینەوە كە بینیومانە. پۆستەكەتمان بینیوە و هیچیتر. ڕەنگە ئەمە كۆمێنتێكی بەدوادا بێت، یان سەرنج و پرسیارێك، بەڵام لەسەرەتاوە پیشانی دەدەین بینیومانە بەڵام نرخاندنمان بۆ نەكردووە. 4. وەلێ كێشەكە هەر لەوەدا كۆتایی نایەت. بەكارهێنانی تیكەی لایك، لە كاتی جیاوازدا مانای جیاوازیش بەخۆیەوە دەگرێت: بۆ نموونە كەسێك كۆمێنتێكی زۆر گەرم و جوانی بۆ پۆستێكی تۆ نووسیوە، یان بۆ وێنەیەكت ناردووە. تۆش بێیت لایكیكی سارد و سڕی تێبگریت، دڵنیابە دڵی سارد دەكەیتەوەو بگرە لەوانەیە لە نووسینی كۆمێنتەكەی پەشیمانیشی بكەیتەوە. یاخود ناچاری بكەیت بیسڕێتەوە. چونكە تۆ لەوەڵامدانەوەیدا سارد بوویت، یان ئەوەت پیشانداوە كە بایەخی پێنادەیت و بە هەمان گەرموگوڕییەوە وەڵامت نەداوەتەوە. بۆیە گرنگە بزانین لایك لە كوێدا و بۆچی بەكار دەهێنین نەك بۆ هەموو كاتێك و هەموو وەڵامێك و هەموو پۆستێك.. وردبەرەوە بزانە كێ چۆن نرخاندن بۆ شتەكانت دەكات، تۆش بەوجۆرە و بگرە زیاتر نرخاندن بۆ بەشدارییەكەی ئەو بكە. بەكارهێنانی لایك بۆ كەسێك دڵی تێگرتوویت، وەكئەوەیە تۆ بێزت نەیەت لە هەمان ئاستدا وەڵامی بدەیتەوە، یان دەیخەیتە پێگەیەكی نزمترەوە لەوەی ئەو بۆتۆی داناوە.  5. دانانی نیشانەیەك هەر دانانی نیشانەیەك نییە. بەڵكو وەڵامێكی هیمایی/زمانییشە كە لە دۆخێكی كولتووری و دەروونیی تایبەتدا مانای جیاوازی هەیە. كەسێك بنووسێت: (ئێستە دایكم كۆچی دوایی كرد!)، تۆ بەلایك و دڵ وەڵامی نادەیتەوە، یان كۆمێنتی نادەیتێ.. باشتر و جوانترە نیشانەیەكی خەمگینی دابنێیت و كۆمێنتێكی كورتیشی بۆ بنووسیت. بەڵام ئەگەر لایكت بۆ دانا، هیچ بایەخ و نرخاندنێكی تیدا نییە و كەسەی بەرامبەر زویر دەكات. بە هەمان شێوە ئەگەر كەسێك نووسیبووی: (ئێستە لەگەڵ خۆشەویستەكەم لە سەری سەفینین) و وێنەیەكی خۆشیانی دانابوو، یان كەسێك چەژنی لەدایكبوونی منداڵەكەیان ڕابگەیەنێت و تۆش تەنیا لایكێكی تێبگریت، شیاو نییە. ئەو جۆرە پۆستانە پێویستییان بە گرنگیدان و نرخاندن و بەشداریكردنی زیاتر هەیە. خۆ ئەگەر هیچ نەكەیت، باشترە، بەڵام ئەگەر هەر شتێكت كرد پێویستە لانیكەم، دڵێك و ئامێزێكیان تیگریت، یان كۆمێنتیكی پێخۆشحاڵیانەشیان بۆ بنووسیت..  6. هیچ نەنووسین، یان هیچ لایك نەكردن و گوێ پێنەدان جۆرێكە لە ڕەتكردنەوە. جۆرێكە لە پشتتێكردن و ئەمەش خەمساردی پیشان دەدات.. خەڵك و هاوڕێكانت دەزانن كە تۆ پۆستەكەیان دەبینیت، كەچی هیچ شتێكی وا ناكەیت كە ئەوان دڵخۆش بكات، یان هەڵویستی تۆیان بۆ ڕوونبكاتەوە.. ئەمە پێیدەگوترێ: (ئیگنۆڕ)كردن، یان خۆلەگێلیدان و بایەخ پێنەدان و پشتتێكردن.. ئەگەر ئەمە هەڵوێستتە، باشترین شت ئەوەیە خۆت لە لیستی هاوڕێیەتی ئەو كەسانە بسڕیتەوە، چونكە ئەگەر وانەكەیت و هیچ پەرچەكردارێكیشت لە ئاستیاندا نەبێت و ئەمەش زۆر دووبارە بێتەوە، ئەوانە پێناسەیەكی دیكە بۆ تۆ دەكەن: تۆ چی دەكەیت لەو گۆشە و پەنایەوە خۆت ماتداوە و هەرگیز بەشداریی پۆستی هاوڕێكەت ناكەیت؟ لە كوردستان بەمە دەڵین: جاسووسی و خۆماتدان و لە دوورەوە تەماشاكردن.. ئەوەش هەستێكی ناخۆشە.. من بە ئەزموونی خۆم بۆم دەركەوتووە و زۆربەی هاوڕێیانیش ئەوەیان پشتڕاستكردۆتەوە، كە ئەم ڕەفتارە بەزۆری خزمەكان لەگەڵ یەكتری دەیكەن! دەیانەوێت هەمووشتێكی تۆ و یەكتر بزانن، ئەگەر شتەكە خۆش بوو، خۆیانی لێناكەن بە خاوەن و ئەگەر ئەوەش كە لێت دەقەومێت ئابڕووبەرانە بوو، ئەوە هەموو خزمان لە ناو خۆیاندا باست دەكەن.. هاوڕێیەكی شاعیرم بۆی گێڕامەوە، گوتی: ئەگەر بەس خزمەكانم لایكی پۆستەكانم بكەن، نیزیكەی 2000هەزار كەسوكارم خۆیان كردووە بە (فڕێندم). كەچی یەك دانەیان بەشداریی هیچ پۆستێكم ناكەن.. ئەمە بۆ زۆربەمان ڕاستە.  7. ئەگەر سوودێك لەم وتانەدا هەیە، هەوڵدە بنێرە بۆ كەسانێك دەزانیت بە هەڵە نیشانەكان بەكار دەهێنن. لە باسی داهاتوودا لەسەر نیشانەیەكی دیكە دەدوێم.. بەڵام ئەمە كۆمێنتی كاك (هیوا سەلام)ـە: (ئەگەر نووسینەکەت نەخوێندۆتەوە لایک مەکە! ئنجا دەبینیت کە چ عەشیرەتێک قەت ناشیخوێنێتەوە و لایکێکیش دەهاوێژێ، چونکە هەست دەکات هیچی تێناچێ!). لاییكردن و نەكردنی زۆری تێدەچێت. دەتوانیت پەیوەندییەكان خۆش بكات و ڕاستگۆیی مرۆڤ ئاشكرا بكات، دەشتوانێت ناخۆشیان بكات و دووڕوویی مرۆڤ دەربخات. بۆیە هەرگیز هیچ لاییك مەكە، نەتخوێندۆتەوە.


په‌یكار عوسمان شتەكان، لەوێدا كە خۆیانن، پێویست و گرنگن و كاری خۆیان ئەكەن. بەڵام لەوێدا كە پەردەن بۆ داپۆشینی شتانێكی تر، ئیتر خۆیان نین و وەزیفەكەشیان شتێكی ترە، نەك ئەركی ڕاستەقینەی خۆیان. كە ئەڵێم شتەكە خۆی بێت، مەبەستم ئەوەنیە كە دابڕاوە لە شتەكانی تر. بەڵكو مەبەستم ئەوەیە كە پەیوەندییەكەیان تەواوكارانەیە نەك ئیستغلالكەرانە. یەعنی وەكو ئەندامەكانی جەستە، هەر بەشەو ئیشی خۆی ئەكاو هەمووش پێكەوە ئامانجێكی گەورە تەواوئەكەن، كە ژیانی جەستەكەیە. لە پەیوەندی تەواوكارانەدا، حكومەت حكومەتەو حیزب حیزبەو كتێب كتێبەو فیلم فیلمەو هەر یەكەو بە جیا ئەركی خۆی جێبەجێ ئەكاو هەمووشی پێكەوە كۆمەڵگایەكی ساغ و هاوسەنگ دروست ئەكەن. بەڵام لە پەیوەندی ئیستغلالكەرانەدا، هەموو كایەكان، لە ئەركی خۆیان بەتاڵئەكرێنەوە، بۆ داپۆشینی كایەیەك، كە بە ئەركی خۆی هەڵنەساوەو خەریكی شتی تر بووە! یەعنی كاتێ سیاسەت و حوكمڕانیی، لە كایەی عەدالەت و ئیدارەدانی كۆمەڵگاوە، ئەبێتە كایەی تێركردنی حەزی چەن كەس و بنەماڵەیەك،، ئیتر تەواوی كایەكانی تر، ئەكرێنە ماسك، بۆ داپۆشینی ئەو دەموچاوە. یەعنی كاتێ كایەیەك لە خەت لائەدا، تەنیا بەقەت خۆی وێنەكە تێك نادا، بەڵكو كایەكانی تریش خراپ ئەكاو كۆی وێنەكە تێكئەچێ. ئا لێرەوەیە كە حوكمێكی شمولیی، بە زەرورەت فاشیلە،، چونكە هاوسەنگیی تێدا نیەو كایەیەك یان ئایدۆلۆژیایەك، تەواوی وێنەكەی داگیركردوە! سەیركە، دروست لەو كاتەدا، كە سیاسەت و حوكمڕانیی ئێمە فەشەل دێنێ،، چی زۆرە، دەزگای ڕاگەیاندن، ڤیستیڤاڵی فیلم، پێشانگای كتێب، هەڵبژاردنی شاجوان، كۆڕبەندی سیاسی و ئابووریی.. ئەمانە بۆچی؟ چونكە عەیبی گەورەو هەمەلایەنە، پێویستی بە داپۆشینی گەورەو هەمەلایەنەیە. چونكە كون و شەبەقی زۆر، پێویستی بە پێنەو پەڕۆی زۆرە. چونكە داگیركردنی سیاسەت، پێویستی بە داگیركردنی كۆی كایەكانە! داگیركردنی سیاسەت، خودی سیاسەت، لە جەوهەرە گشتییەكەی بەتاڵ ئەكاتەوەو ئەیكات بە موڵكی شەخسیی چەن كەسێك. ئا لێرەوە، كۆی كایەكانی تریش، لە جەوهەری خۆیان بە تاڵئەكرێنەوەو ئەكرێن بە میكیاج، بۆ "بە گشتیی" پیشاندانی ئەوەی كە چیتر گشتیی نەماوە! سەیر نیە، هاوكاتی فەشەلی سیاسیی ئێمە، دوكتۆری تەجمیل، بازاڕی گەرم ئەبێ و ئەو عالەمە خەریكی جوانكاری لوت و دەم و قوونیەتی.. ئاخر لە سەردەمی ڕوكەشگەراییدا، ناكرێ تەجمیل خۆی غائیب بێت. وەكچۆن لە سەردەمی دزییدا، دز غائیب نیەو مەوجودە!  كە فیكر، لە جوانییەوە ئەبێت بە جوانكاریی، یەكەم شوێن، بە جەستەوە دیاریی ئەدا. ئەو هەموو جوانكاری و خۆڕووتكردنەوەو خۆداپۆشین و عەرزی دەوڵەمەنی و عەرزی دینداریی و عەرزی سەقافەتە.. لە خۆڕا نیە. لەوێوەیە كە خۆنواندن جێگای خۆبوونی گرتۆتەوە. "خۆبوون" وەكو بەرپرسیارێتی و "خۆنواندن" وەكو كردنی هەر شتێكی تر، لەبری بەرپرسیارێتی. لەكاتێكا جامی بەرپرسیارێتی، تەنیا بە خۆی پڕئەبێتەوەو هیچ شتێكی تر پڕیناكاتەوە. ئەم یاسای بەرپرسیارێتییەش، لە تاكێكەوە ئەڕوا، تاكو دەوڵەت و سیاسەت و دین و هونەر و كاتێ شتەكە خۆی نیەو بەرپرسیارێتی خۆی هەڵنەگرتووە، ئیتر بەتاڵەو پێویستی بە خۆنواندنە، بۆ نیشاندانی پڕیی! ئەوەی كە دینەو خۆیەتی، ئەوەیە كە دڵیی و نادیارەو لە بواری ئینسانییدا دەرئەكەوێ، نەك ئەو نمایشگەراییە زمانی و جەستەییە، كە بووە بە خودی بوارەكە. ئەوەی كە سیاسەتەو خۆیەتی، ئەوەیە كە عەدالەت و دڵنیاییەكی كرداری و بێدەنگە، نەك ئەو هەموو دەنگەدەنگە سیاسییەی، كە ناعەدالەتییەكەی پێ ناشاردرێتەوەو نادڵنیاییەكەش زیاتر ئەكات! لەوێدا كە ڕووكەشگەرایی دینی، لە هەموو كات بڵاوترە، بۆچی باڵانسی ئەخلاق و ویژدان، لە هەموو كات نزمترە؟ چونكە ڕووكەش و شوناس، بۆ نیشاندانی دەرەوەیەو دین خۆی، بۆ پەروەردەی ناوەوەیە. توجاری دینیش، نانەكایان لەسەر ئەوەیە، كە دین دەرەكی و شوناسیی بێت، چونكە گەمژاندن و مێگەلاندن لەمەیاندا ئەكرێ. ئەویتریان ئینسانەكە، خۆی و خوای خۆی، خۆی و عەقڵ و ئەخلاق و چاكەی خۆی، كە ئەمانە هەمووی، تاكیی و مەعنەوییەو شكڵی دەرەكییان نیە. كاهین و جەماعەت و شوناسی ناوێ و تەنیا مرۆڤبوونی خۆتی بەسە. لەوێدا كە حیزب و ڕاگەیاندن و نمایشی سیاسیی لە هەموو كات زیاترە، ئەی بۆچی خەڵكەكە، لە هەموو كات نائومێدترە لە سیاسەت؟ چونكە ئومێدی ڕاستەقینە، لەناو سیاسەت خۆیدایە، نەك لەناو ڕووكەشگەرایی سیاسییدا. سیاسەت خۆی، ئەوەیە كە ئومێدی تیا ئەبێت بە ژیان. ناسیاسەت ئەوەیە كە ئومێدی تیا ئەبێت بە نائومێدی!   لەوێدا كە پێشانگای كتێب و ڕووكەشگەرایی سەقافی، لە هەموو كات زیاترە، بۆچی حاڵی عەقڵ و زانین، وا خراپ و تاریكە؟ چونكە كتێب خۆی مەسەلەكە نیە، كارلێكەكەی لەگەڵ عەقڵدا مەسەلەكەیە. یەعنی كتێب، چەنێك مەوزوعییەو تەجمیدكردنی لایەنگیرییەكانی خۆتی ئەوێ،، ئەونەش زاتییەو ئامادەیی و كارایی عەقڵی خۆتی ئەوێ و ئەبێ گفتوگۆی ناوەكی دروستبكات. بەڵام لای ئێمە، كتێب تەنیا ژمارەیەو ئیشی خۆی ناكات. چونكە لەوێدا كە پێویستە مەوزوع بێت، ئێمە بە هەموو لایەنگیری و كۆڵەوارییە پێشینەكانی خۆمانەوە، ڕووبەڕووی ئەبینەوەو نایەڵین "بەشە مەوزوعییەكەی كتێب" قسەی خۆی بكات. لەوێشدا كە پێویستە، زاتێكی كارای ئێمە ئامادەبێ و كارلیك بكات، ئێمە خۆمان ون ئەكەین و ئەبینە تووتیی و تەنیا ئەوەی ناو كتێبەكان ئەڵێینەوە،، بەبێ ئەوەی "ئەوەی ناو سەرمان" جوڵابێ و قسەی خۆی كردبێ! كاتێكیش لەم پەیوەندییەی ئێمەو كتێبدا، زات و مەوزوع هەردوكیان غائیبن، ئیتر نە ئێمە هەین نە كتێب. ئەوەی هەیە، كۆمەڵێ وەرەقەیە لەناو بەرگێكداو كۆمەڵێ ڕۆبۆتە، لەناو چاكەت و پانتۆڵدا. كاتێ كۆڕبەندی گفتوگۆ و حیوارمان زۆرە، ئەی بۆچی حیوار خۆیمان كەمەو كەس لە كەس تێناگاو دووان ناگەنە هاوبەشییەك؟ چونكە پێشمەرجی یەكەمی گفتوگۆ، دیموكراسییەتی مەعریفییە. كاتێ هەمووان بە نەفەسی دیكتاتۆریەتی مەعریفی و خۆسەپاندنەوە، بۆی دائەنیشن، ئیتر ئەوە نمایشی گفتوگۆیە، بۆ داپۆشینی ناگفتوگۆ. لەوێدا كە وزەی كۆمەڵگا، "بەڕاستیی" خراوەتە خزمەتی چەلەحانێ، ئیتر "حیواری گاڵتی" هیچمان بۆ ناكات. حیوار پێویستی بە زەمینەیە. زەمینەكەشی بە كۆڕبەندو نمایشگەرایی سەرەوە ناڕەخسێ. تەنیا لە بنەوە مەكینەكانی ڕق و جوێن و چەلەحانێ بوەستێنن، زەمینەی حیوار خۆی ئەسازێ. لەوێدا كە لە پەروەردەو كۆمەڵگاو سیاسەت و دین و بازاڕەوە.. لە عەقڵ ئەدرێ،، ئیتر پێشانگای كتێب و ڤیستیڤاڵی فیلم و پانێڵ و كۆڕبەند.. هیچمان بۆ ناكات. چونكە لە غیابی عەقڵدا، شتێكمان نیە كە خودی "ڕووكەشگەرایی" بخاتە ژێر پرسیارەوە. ئیتر خودی ڕۆشنبیریی، ئەبێت بە ژێر نمایشی ڕۆشبیرییەوە! عەقڵی داخراوی تاكڕەهەند، بۆ ئەوە ناخوێنێتەوە، كە ئاسۆی بینینی خۆی فراوان بكاو مەساحەی جیاوازو نەناسراو تاقیبكاتەوە. بەڵكو بۆئەوەیە كە گرێ ئایدۆلۆژییەكەی خۆی توندتر بكاتەوە. ئیتر سەلەفی تەنیا كتێبە سەلەفەییەكان و ئیخوانیی تەنیا كتێبە ئیخوانییەكان و ماركسیی تەنیا كتێبە ماركسییەكان ئەكڕن.. لێرەشەوە "بازاڕو دەمارگیری" تەغزییەی یەك ئەكەن و داخراویی زیاتر ئەبێت! ئێمە پێوستمان بە كرانەوەی عەقڵە، نەك بە هەڵڕشتن و هەڵچنینی كتێب. "عەقڵی داخراو" مێشەو هەر بە زبڵەكەی خۆیەوە ئەنیشێتەوە. بەڵام عەقڵی كراوە، زێڕدۆستەو لە هەموو كتێبە جیاوازەكاندا، زێڕی خۆی ئەدۆزێتەوە. نە خۆی ئەبێت بە مێشێكی تاكڕەهەند، نە كتێبیش بە دەستییەوە ئەبێت بە زبڵێكی ئایدۆلۆژیی. ئەو كرانەوەیەش، ئەگەر لە مناڵیی و لە پەروەردەوە دروست نەكرێ و نەبێتە كولتوری كۆمەڵگا، ئیتر بە گەورەیی و لە غیابی خۆتدا، هەزار كتێبی لێكچوو، لە كتێبخانەكەتدا هەڵئەچنیت. بەڵام ناتوانی دوو كتێبی جیاواز بخوێنیتەوەو خۆشت مەوجودبی و ڕایەكی سێیەمت هەبێت! وەلێ خاڵە ئیجابییەكە ئەوەیە، كە "جوانكاریی" بە شتێك ئەكرێ كە خۆی جوانبێ. ئەوەشی كە خۆی جوانە، هەمووی كۆنترۆڵ ناكرێ و كاتێ تۆ، لە شوێنێكەوە ئەیگری و وەكو "جوانكاریی" بەكاری ئەهێنیت، ئەو لەلایەكی ترەوە، وەكو خۆی و وەكو "جوانیی" دەرئەكەوێتەوە. یەعنی ئەم هەموو نمایشگەرایی كتێب و فیلم و حیوارە.. كە جوانكارییە بۆ جەهل و فەسادو ستەم. ئەگەر تەنیا لە یەك كەسدا، پەیوەندی ڕاستەقینەی مرۆڤ و كتێب دروست بكات و تەنیا لە یەك كەسدا، هۆشیاریی ڕاستەقینە بە حیوار دامەزرێنێ و تەنیا لە یەك كەسدا، بوركانی هونەر بتەقێنێتەوە.. ئیتر لەوێدا، ئەوە جوانیی خۆیەتی و جوانكاریی نیە. جوانترین شتی پێشانگای كتێب، ئەوەیە كە دنیایەك ئەفكارو ئاڕاستەی جیاواز، هەنێجار دژو پیچەوانەش، لە جوگرافیایەكی بچوكدا كۆئەكاتەوە،، لەكاتێكا تۆ وائەزانیت، ئەوانە لە دنیایەكی زەبەلاحیشدا جێیان نابێتەوە! كاتێ دوو كتێبی زۆر جیاواز ئەبینیت، تەنیا دوو مەتر لە یەكەوە دوورن و ئاساییشە،، ئەمە گرنگە بۆ خاوبوونەوەی دەمارەكان و ڕەواندنەوەی ئەو حاجزە نەفسییانەی كە تەنیا وەهمێكی زیهنیی لای خۆمانە، نەك بوونێكی ڕاستەقینە. تەنیا ئەو پەیامەش، بەسە بۆ عەقڵێكی كراوەترو دەروونێكی ئارامترو دنیایەكی جوانترو ئایندەیەكی ڕوونتر.  


ئاری محەمەد هەرسین نیشتیمان لانکەیەکی هەمیشەیی خواکردە و، کۆمەڵگایەک کۆدەکاتەوە. لە ئێستادا هیچ کۆمەڵگەیەک نەماوە پێی بگوترێ نیشتیمانی یەک نەتەوە (جگە لە هەندێک لە دوورگە دووردەستەکانی دەریای ئارام یان دەریاکانیتر). مەسافەی میللەتان، ئیتر لەئاستی تاک دا سەیری بکەیت یان کۆمەڵ، کەم و کەمتر دەبێتەوە.سڕینەوەی نیشتیمان، سڕینەوەی کۆمەڵگەیە و، سڕینەوەی ئینسانە. بۆیە نابێت کەس هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی کۆمەڵگاکان بدات کە نیشتیمانیانە…  نزیکەی سی ساڵ دەبێت کە ووردە ووردە هەواڵی گفتوگۆی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکاران بڵاودەبێتەوە. هەمو جارێکیش بارو دۆخەکە تێک دەچوەوە. ئیتر جارێک دە مارگیری یان لێدوانێکی توندلە لایەن دیپلۆماتێکی تورک، جارێکیش سەرکێشی ناعەقڵانیەکانی پارتی کرێکاران. لە ناوەڕاستی نەوەدەکانەوە ئینسان هەستی دەکرد گۆڕانکاری بەسەر بیرکردنەوەی (ناسیونالیستی بەر تەسک و تەنگەبەر) ی دەسەڵاتدارانی تورکیا هاتوە. کێشەی سەرەکی هەندێک لە برادەرانی ئەنقەرە ئەوە بوە کە لەبری ئەوەی نیشتیمانیانە بیر بکەنەوە، لەبری ئەوە نەتەوەیی بیر دەکەنەوە. بۆیە: (دەوڵەتی تورک) نا، بەڵکو دەوڵەتی (تورکیا). وەک چۆن بە ئێران ناڵێن دەوڵەتی فارس، بەڵکو دەڵێن دەوڵەتی ئێران. دەوڵەتەکان، لە ڕێگای نوسینەوەی دە ستور و قانونەکانیانەوە، جگە لە دیاریکردنی ئەرکەکان، مافەسەرەتاییەکانی هاوڵاتی بوونیشی بۆ ئینسان دابین دەکەن. سیاسەتمەداری تورک دەبێت وەک سیاسەتمەداری تورکیا بیر بکاتەوە، نەک وەک سیاسەتمەداری تورک. ئەگەر تورکیا نیشتیمانە؟… کەواتە نابێت پیرۆزیەکانی هاوڵاتیانی تورکیا پێشێل بکرێت. ماڵی دەیان ملیۆن کورد و نەتەوەکانیتر لە لەناو ئەو قەوارە سیاسیەیە کە پێی دەڵێن دەوڵەتی تورکیا. کەچی سیاسەتمەدارێکی تورک تازە بە تازەیی پێمان دەڵێت کە: من کوردستانم لە مێشکی خۆم سڕیوەتەوە…! لەکاتێکا کورد لە نیشتیمانی خۆی دەژی لەژێر ڕکێفی دەوڵەتی تورکیا.  خۆرهەڵاتی ناوەڕاست (هەر وەک زۆربەی کات وابوە) بە تونێلێکی فەوزەوی ناسەقامگیردا تێدەپەڕێت. بەرژەوەندیەکان دوور و نزیک لەیەک دەکەونەوە. سیاسەتی دەمارگیری و، نەهاتنە خوارەوە لە کەلی شەیتان، ناهێڵێت کەناڵە دیپلۆماسیەکان ئیشی خۆیان بکەن. میدیا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا زادەی ئەو ژینگە سیاسی، ئابوری، سەربازی و کۆمەڵایەتیەی ئێرەیە. پاراستنی سەربەخۆیی لەو جۆرە ژینگانەدا کارێکی ئاسان نیە. بۆیە ئینسان هەست دەکات میدیای ئەم ناوچەیە لە جیهان، سروشتی ژینگەکەی خۆی وەرگرتبێت. ئەگەر سەقامگیری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست مەبدەئە، ئەوا ئەو سەقامگیریە بە هەوڵدان بۆ سڕینەوەی خاکی پیرۆزی کوردستان دەستەبەر نابێت و بگرە ناوچەکە ئەوەندەی تر تێک دەچێت. لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق لەبەر ئەوەی لێک تێگەیشتن لە نێوان نوێنەرانی کوردستان و عەرەب (شیعەو سوننە) دروست بو (لە دوای ڕوخانی ڕژێم)، شمال العراق بو بە اقلیم کردستان، یانیش هەر کردستان.  قەدەر شتێکی سەیرە… جاری وا هەیە لە ڕێی کارەساتێکەوە، چارەنوسێکی ڕونەوە یان پیلانێکی دوژمنکارانە، قەدەرت بە قەدەری خەڵکیترەوە گرێ دەدرێت بە بێ ئەوەی خۆت بتەوێت. لە پاش دابەشکردنی کوردستانەوە ئێمە هەمیشە گوتومانە کوردستان موڵکی ئێمەیە (مەبەستم کوردستانیان)، بە تۆپ و هێرشی دڕندانەی فڕۆکەی جەنگی و لەشکرکێشی دڕندانە وەڵامیان داوینە تەوە. دواتر پێمان گوتن: باشە هەرچەندە نیشتیمانەکە هی ئێمەیە، بەڵام قەیدی ناکات با بە شەراکەت ئەم وڵاتە بەرین بەڕێوە لە سەنگەری لەیەکتر گرتن و کوشتن و بێینە دەرێ و بچینە سەنگەری پێکەوە ژیان… کەچی هەندێکجار لەوە دەچێت خەڵکانێک هەبن بەوەش ڕازی نەبن. ئێمە گفتوگۆی دیپلۆماسی بە تاکە پرۆسێسێکی هەمیشەیی دەزانین بۆ چارە سەرکردنی کێشەکان. کوردستانیش نیشتیمانمانە… ئێمە لە پێناو ئەم خاکە پیرۆزەدا دەژین… دە مرین… چونکە بەبێ کوردستان، ئێمە هیچ نین.


شوان سدیق: ئیتاڵیا گلەی ئەوە دەکات پارەیەکی زۆری بەفڵان داوەو ئەویش خواردوویەتی. لە ڕاستیدا کەسی پارە خورایش پارەکەی ڕەشەو بەڕەشیش داویەتی بە کەسێکی دیکە! لێردا چەند جۆرێک داھات و پارەمان ھەیە لە سیستەمی نوێ ئابووری و باج ھەر پارەیەک بەبێ باج تێپەڕببێ دەچێتە خانەی دراوی ڕەش! لە ئێستەدا ڕۆژئاوا بەردەوام پلان دژی دەوڵەتی ئابووری سێبەر دەگێڕدرێ. یەکێک لەوڵاتەکان ئیتاڵیایە حکوومەت دەیەوێ ڕووبەڕووی دەوڵەتێکی سێبەر ببێتەوە ھەر بۆیە بڕیاریداوە، لە سەرەتای ساڵی نوێ پارەی کاش بەدەستی لە ھەزار ئێورۆ زیاتر قەدەغەیە.. حکوومەتی ئیتاڵیا بۆ ڕێگڕیکردنی لەخۆدزینەوەی باج نەدەران و بازرگانی لەدەرەوەی سیستەمی ئابوری نوێ، پارەی کاشی بەدەستی قەدەغەکرد. بڕیارەکە وایە نابێ پارە بەدەستی لە ھەزار ئیورۆ زیاتر بێ و پێویستە لەڕێگەی بانکەوە مامەڵەی پێوەبکرێ. سزای سەرپێچیکاران بەپێبژاردن لە ١٥٠٠ ئیۆرۆ تا ٥٠ ھەزار ئیۆرۆیە. واتە، ئەو پارانەی بەکاش لەدەرەوەی سیستەمی بانکی ئاڵوێڵی پێوە دەکرێ! کەوایە ئەم ئابووریە سێبەرە ھەڕەشە لە سیستەمی ئابووری گشتی دەکات، دەبێتە ھۆی فەوزاو گەندەڵی و بڵاوبوونەوەی خراپ بەکارھێنانی پارە.. ھەڵبەت لێکەوتەی کۆمەڵاتی و شتی دیکەیشی لێ دەکەوێتەوە! ھەر ئەوەیش وایکردوە، ڕۆژ بەدوای سیستەمی مامەڵەو کڕین و فرۆشتن بەدیجیتاڵی بکرێ، کەوایە ئێستە کڕیار و فرۆشیاریش دەتوانن بەڕێگای مۆبایلەکانیان کاروباری ڕۆژانەیان جێبەجێ بکەن. عێراق و ھەرێم یەکپارچە ئابووری سێبەرە، ئابوریەکی نادیار داھاتێکی ڕەش و پڕ لە فەوزاو کەس بەکەس نییە. لەو وڵاتە چاودێری دارایی و داھاتی تاک و گشتی ناکرێ چونکە سیستەمی بانکی نیەو باجیش ڕێکنەخراوە داھاتی تاک و کۆمەڵ ناڕوونە. ھەموو ئەمانە بەسیستەمی بانکی دەکرێ! لە کوردستان کەسێک دەتوانێ لە یەکاتدا سێ کار بکات نرخ و مامەڵەو پارە پەیداکردن و کوالبت و باشی و خراپی بەرھەمەکەی دەکەوێتە دەست ویژدانی خۆی نەک یاساو سیستەمی ئابووری نەتەوەی! ئەم ناسیستەمی و تاریکیە لە پەیداکردنی پارە تەنیا لە کوردستان و ناوچە دواکەوتووەکان ھەیە، ئەمەیش وایکردوە خەڵکێک زوو ببێتە خاوەن پارە! خاوەن پارە واتای ئەوە ناگەیەنێ ئەم کەسە سەرمایەدارە، چونکە ئەگەر سەیری پارەدارەکان بکەین خەڵکێکی زۆر ھەیە پارەی ھەیەو کەسابەتیش ناکات. ھەیە کەسابەتیش دەکات داھاتەکەی ناڕوونە باش و خراپ تێکەڵ بووە، ژمارەی بازرگان و حاوەن پارە ھێندە زۆربوونە بیرکاریانە سەر لەمە دەرناکەیت! چۆن پارەیان پەیدا کرد؟ بەپێی ئەو سیستە ئابوریەی کە ھەیە لە عێراق بەگشتی، مەرج نیە ھەموو پارەدارەکانیش لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئایینیە داھاتەکەیان لەسەر بەمای فرتوفێڵ بێ. بەڵام ژمارەی پارەدارەکان زۆرن، خەڵکی زوو دەبێتە خاوەنی سەرمایە ئەمە سیستەمە ئابوریەکەیە وایکردوە پارەدار زۆربن، فرت و فێڵکەران و گەندەڵانیش بێنە ڕیزی سەرمایەدارانەوە! سەرچاوە: لێجیۆجی


عادل باخەوان ماوەی چەند ڕۆژێکە کۆمەڵێک هاوڕێی زۆر نزیک داوادەکەن کە چەند تێبینیەک لەسەر تراژیدیای هەژاری لە فەرەنسادا  بنوسم و بۆ وەڵامدانەوەی ئەو خۆشەویستانە ئەم خاڵانەی خوارەوە تۆماردەکەم. 1. تەنها ساڵی ٢٠٢٠ و بەپێی ڕێکخراوی کاریتاتیڤ، یەک ملیۆن فەرەنسی هاتە سەر ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە فەرەنسادا بەدەست هەژاریەوە دەناڵێنن.  2. تەنها لەم ساڵدا حەوت ملیۆن فەرەنسی لە تاو هەژاری و بۆ ئەوەی سێ ژەم نانبخۆن، پەنایان بردوەتە بەر ئەو ڕێکخراوانەی کە خواردن بەسەر هەژاراندا دابەشدەکەن. واتە ڕىژەی 10% هاوڵاتیانی فەرەنسی. لە کاتێکدا لە ٢٠٠٨ دا تەنها سێ ملیۆن بوون. 3. لە کاتێکدا بەس تەنها لەم ساڵدا، گروپە دەوڵەمەندەکەی فەرەنسا، بیست و پێنج ملیار ئیرۆ هاتوتە سەر مڵۆی سەرمایەکەیان و زیاتر لە ساڵی ڕابوردو دەوڵەمەدن بوون. 4. تەنها لەم ساڵدا سەدو پەنجا هەزار  فەرەنسی دیکە چونەتە سەر سیستمی یارمەتی کۆمەڵایەتی کە لە نێو یادەوەری دەستەجەمعی فەرەنسیەکاندا بە بەرنامەی نەمردن لە برسانا ناوبانگی دەرکردوە و زیاتر لە دوو ملیۆن فەرەنسی لەسەر ئەم بەرنامەیە دەژین. 5. بەپێی تازەرین ڕاپۆرتی دەزگای INSEE کە حکومەتی فەرەنسی بە فەرمی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و پشت بە داتاکانی دەبەستێت، 35 % ئەو خێزانانەی جیابونەتەوە لە ژێر هێڵی هەژاریەوەن. 6. لەم ساڵدا ژمارەی ئەو ژنە فەرەنسیانەی کە کاردەکەن و داهاتەکەیان ڕێگایان پێنادات کە هێڵی هەژاریی بەجێبێڵن گەیشتە دوو ملیۆن و سێسەد هەزار کەس. 7. ڕێژەی هەژاریی لەنێوان گەنجاندا، ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٢٩ ساڵدایە، 50 % زیادی کردوە و ژمارەیان گەیشتوەتە دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار کەس. 8. بەپێی دوا ڕاپۆرتی ئۆبسێرڤاتواری نیشتمانی، ڕێژەی ئەو خوێندکارانی کە ناتوان لە ڕۆژێکدا سێ ژەم نانبخۆن دەگاتە 23% و بەشێکی زۆریشیان دەڵێن کە مەرجنیە هەر کاتێک برسیانبوو بتوانن خواردن بکڕن. 9. لەهەمانکاتدا تەنها خەرجیەکانی سێ شەوی ئاهەنگی زەواجی کچەکەی خاوەنی شەریکەی مێتال، لە کۆشکەکانی لویسی چواردەهەم لە پاریس یەکسانبوو بە هەزار و حەوت سەد ساڵی موچەی کرێکارێکی فەرەنسی کە بۆ ئەو شەریکەیە کاردەکات. 10.  هەر بەپێی دوا ڕاپۆرتی ئینسێ، مناڵانی چینی کرێکارانی فەرەنسا، 82,70% ڕیسکی ئەوەیان هەیە کە شەشی ئامادەیی تەواو نەکەن و واز لە قوتابخانە بێنن. 11. ژنانی فەرەنسا تەنها لە بەر ئەوەی ژنن، جیاوازی نێوان موچەکانیان لەگەڵ پیاواندام بۆ هەمان کار و بەهەمان بڕوانامەوە دەکرێت بگات بە 20,20% لە کەرتی تایبەتدا، 14,60% لە کەرتی گشتیدا، 21,20% لە کەرتی تەندروستیدا. 12.  هەروەها بەپێی داتاکانی نۆ ئیگسۆزتیڤ، لە ساڵی ٢٠٢ دا پێنج سەد و هەشتا و حەوت کەس لە فەرەنسادا و لە سەر جادەکان مردوون و هۆکاری یەکەمیشی سەرما و برسیەتیبوە پێکەوە. 13. هەروەها بەپێی دوا داتای فەرمی، تەنها لە ناوچەی پاریسدا، دە هەزار و دوو سەد و هەشتا خێزان شوێنی حەوانەوەیان نیە و چاوەڕوانی ئەوەدەکەن کە شوقەیەکیان پێبدرێ و بەلای کەمەوە هەر یەکێک لەم خێزانانەش ٣ مناڵیان هەیە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand