هەڵێکی زێرین بۆ یەکێتی و بەرەی نارازی
2022-01-11 18:06:08
د. چیا عەباس
لە یەکەم گرتبونەوەی خاوەن شمشێر و کفن و گۆچان وزکر و و دەموەران و بۆ دەیان جار موزایەدەچی و ساختەچی و درۆزن و دوروو لە حوجرەی بەناو پەرلەمان سەوا و مامەڵەکردنیان کردە وێنەیەکی سەردەمانەی بازاری عەکاز.
رق و کینەی مەزهەبی و حزبی، خۆپەرستی حزبی و بنەماڵەیەیی، لولەی تفەنگەکانی مەزهەبچیەکان، عەرزی هەرزان بەهای کاراکتەرە چەقاوەسو و گۆچان وەژێنەکان تاجە درکی وەلیمەی سەرەتایی ئەم هەریسەیە بون.
کوردی نەگبەتیش وەک مێژوی دەیان ساڵی لە لایەن چەند گروپێک کە نوێنەرایەتی تەنها نزیکەی٣٠% ی میللەت دەکەن لە کۆی گشتی ئەوانی تر کە نوینەرایەتی نزیکەی٢٠% ی عێراق دەکەن، پشتێنی پۆست و پارە و دەسکەوتیان توند کردبو، ئەوەی رویدا وەک چیرۆکی گۆشتەکەی مەلای مەزبورە و پشیلەی دراوسێکەیان بو.
دوای ئەم عەرزە گەلێک لە بەرپرسانی یەکێتی تورەیی و نیگەرانی خۆیان دەربری، درەنگ دەرک بە واقیع دەکەن یاخود ئەوانیش بەتەمای قوژبنێکی وەلیمەکە بون. هەرچۆنێک بێت کورد وتەنی باشترە زەرەر لە نیوەی بگەڕیتەوە.
پارتی موناوەرەیەکی سیاسی لە گەڵ یەکێتی دەکات و سەرکردایەتی پەرتەوازە و لەتبوی یەکێتیش دەکەونە داوەکەوە، کاتێک وەک نێچیڕیکی بەتەڵە بوەوە هەست بە ئازارەکان دەکەن، دەرک دەکەن درەنگە و خەریکە کار لە کار دەترازێت.
لەم دۆخەدا سیاسەتمەدارە کلاسیکیەکان دڵنەوایی میللەت دەدەنەوە و بەلێدوان سواو و ناوەرۆکی بەسەرچو خەریکی پینە و پەرۆکردنی ئەم شانۆگەریەن.
ئێستا بریار لای یەکێتیە، بریارێک جەسورانە و راشکاوانە دور لە موجامەلەی سیاسی بێتام، تایبەت هەم خۆیان و هەم هێزە سیاسیەکانی تریش سەدان ئەزمونی موجامەلە و بانگەشەی دور لە ئەرزی واقیعیان هەیە، وەک یەکریزی و یەکگرتویی و هاوبەشی کە هەر جارێک لە بەرامبەر زەبری بەرژەوەندیە حزبی و تاکلایەنەکان وەک بەفری بەر هەتاو تواونەتەو.
برێارێک سەرجەم جەماوەری زۆنی کەسک و بەرەی بەرفراوانی نارازی کۆبکاتەوە و بە کارنامەیەکی هاوبەش بەرەی ئۆپزسیۆنی پەرلەمانی و دەرەوەشی رابگەیەنن. یەکەم هەنگاو کشانەوەی یەکێتیە لە حکومەتی هەرێم.
دنیا کاول نابێت یەکێتی تا هەڵبژاردنەکانی ئایندە بۆ پەرلەمانی کوردستان رەگ و ریشە رەسەنەکەی خۆی ببوژێنێتەوە، تۆ بڵێیت یەکێتی لەو حاڵەتدا لە برسیەتیدا بکروزێتەوە و قەیسەری لێ ببێت بە کونە مشک.
دەزانم بۆ ئەقڵیەتی بەشێک لە سەرانی یەکێتی و ژینگە ئیقلیمیەکە ئاسان نابێت یەکێتی هەنگاوێکی وا گرنگ بنێت، بەڵام وەک مام جلال هەمیشە دەیگوت: ئایندەمان لە ئێستامان گرنگترە.
بریارێکی لەو جۆرە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان بێ شەر و براکوژی بۆ ئایندەیەکی گەشدار لە کوردستان و لە عێراقیشدا، ناکرێت هەمو جارێک میللەت باجی ناکۆکی و ململانێی حزبەکان و پاشقول گرتنیان لە یەکتر بدات.
لێرەشدا بە پێویست دەزانم ئاماژەیەک بە پرسی سەرۆک کۆمار بدەم کە بۆ یەکێتیەکان بۆتە پرسێکی ئێجگار گرنگ، زۆربەی خەڵک تێناگات ئەم پێداگرتنەی یەکێتی بۆ ئەو پۆستە لە چیەوە سەرچاوەی کردوە؟ بۆچی کەسایەتیەکی ناودار و لێهاتوی خۆیان و ناو ناوبانگی حزبەکەیان دەخەنە لوتکەی ژینگەیەکی سیاسی و ئابوری و ئەمنی وێرانەی عێراقەوە کە لە ئەرزی واقیعدا وەک دکتۆر بەرهەم کاتی خۆی بە ئەمریکیەکانی وتبو: گەر بوم تەوقە لە گەڵ خەڵک دەکەم و منداڵان ماچ دەکەم: Shaking hands and kissing the kids