مەحمود رەزا ئەمین ناونیشانەکە نیوەی پەندێکی کوردییە، کە ئەڵێ: "سم سمی کەر و چنگ چنگی عاسێ، سەرم لەم کەین و بەینە ئەماسێ". وتارەکەم روی لە کەسانێکە کە باش مانای پەندەکە تێ ئەگەن. بۆیە نامەوێ بە شەرحکردنی، وتارەکە درێژ بکەمەوە. کورت و کرمانجی، هەزاران و سەدان هەزاری وەکو من گومانمان لە ئاگرەکانی گۆیژە هەیە و بە سیناریۆیەکی درێژکراوەی هەڵدڕینی سنگ و دڵی چیاکەی ئەزانین. لە کاتێکا ئەم وتارە ئەنوسم چیای گۆیژە، لە ماوەی ٣ رۆژدا، سێیەم جارە ئاگر بەر بدرێتە هەناوی (کاتی نوسین: ١ـی ٨ـی ٢٤، سەعات ٢٣ و نیو). ئەم زانیاریانەی خوارەوە کە لە وتارێکی بێ خاوەن و راگەیەنراوێکی دەستەی داکۆکی لە سروشت و موڵکی سلێمانی، لە سەر ئاگری یەکەم، ئاگرەکەی بەرەبەیانی ٢٩ـی تەموز، وەرم گرتون، گومان لە یەقین نزیک ئەکەنەوە، دەستێکی تەماحباز ئەم یارییە بکا: بە گوێرەی زانیارییەکانی ناو ئەو وتار و راگەیەنراوە: ئەو روبەرەی ئاگری یەکەم سوتاندی، ٢٠٠ دۆنم بوە. ئاگرەکە نزیکەی ١٥ هەزار داری جۆراوجۆر و تەمەن جیاوازی سوتاندوە. تەمەنی سنەوبەرە سوتاوەکان ٥٠- ٦٠ ساڵ بوە. دو ساڵە ٦ جار لە لایەن ژمارەیەک "پارەدار- پارەدارکراو!"ەوە، داوای ئەو شوێنە کراوە بۆ ئەوەی بیکەن بە یەکەی نیشتەجێبون. دەزگای وەبەرهێنان داواکانیانی خەواندوە. بەڵام رەفزی نە کردون!. دوای سوتاندن "وەبەرهێنان!" "بیانو"ـی نامێنێ شاباشیان نەکا! لە ماوەی ٣ ساڵی رابردوا لە بناری گۆیژە، نزیکەی ٣٥٠٠ دارسنەوبەر لە لایەن ٣ "پارەدار- پارەدارکراو"ەوە، بە ناوی "پرۆژەی وەبەرهێنان!"ەوە لە رەگەوە دەر هێنراون. بێجگە لە ئاگری یەکەم و دوەم و سێیەمی رۆژانی رابردو، لە ماوەی ساڵانی رابردوا، نزیکەی ١٣ هەزار دارسنەوبەر لە شاخی گۆیژە سوتێنراون... با تاوانەکانی جەندرمە و درۆنی تورکیای داگیرکەریش لەولاوە بوەستن، کە چۆن هێڵە بە بڕینەوە و سوتاندنی دارستان و پوشوپاوانی وڵاتەکەمان و لەوتاندنی ژینگەکەمان ئەکەن! کاتی کەوتنەوەی ئاگری یەکەم زۆر گوماناویە: هەمو جارێک کە دەستێکی پیلانگێڕ ئاگرێک ئەنێتەوە، ئەڵێن: "بە هۆی جگەرە و ئاگری سەیرانکەرانەوە بوە". بەڵام ئاگری یەکەم، سەعات ٣ و نیوی دەمەوبەیان، لە کاتێکا هەڵگیرساوە کە رەشەباکەی ئەوەنە بەهێز بوە، هیچ زینەوەرێک نەی توانیوە سەر لە ماڵ و سەر لە کون و سەر لە کولانە و حەشارگەکەی دەر بهێنێ. ئەی ئەم ئاگرە بە چ هۆیەک کەوتۆتەوە؟ لەو کاتەشا سەیرانکەر سەبەبکار بو یان دەستێکی غەیبی خێر و بەرەکەتی هێناوە بۆ تەماحبازەکان؟! ساڵانێک پێشتر چارەنوسی سنەوبەرەکانی رێگای تاسڵوجەمان بینی، بە چ سیناریۆیەک وێخ و واریان دەر هێنان و دەیان هەزار تەن چیمەنتۆ و بلۆکی کۆنکرێت مسەلەحیان لە جێگەیان قوت کردەوە. بۆیە خەڵکی شارەکە متمانەیان بە لێدوانە حیزبی و حوکمەتییەکانی ناوچەکە نەماوە کە، دەستی قەدەر لەناویان ببا... وەکو ئەوەی پەروەردگار تۆڵەی تاوان و تاڵانیی تاوانکاران لە سنەوبەرەکان و دارستانە سروشتییەکان بکاتەوە! لە ٣٣ ساڵی حوکمڕانیی خۆماڵیا، دەسەڵاتداران رایان هێناوین "قەیرانێک بە خولقاندنی قەیرانێکی تر" لە بیری خەڵک بەرنەوە. هەزارانی وەک من، هەقمانە وا زەین بکەین کە ئاگری دوەم (ئاگری رۆژ) و ئاگری سێیەم (ئاگری پێش نیوەشەو) بۆ داپۆشینی دەستی پلانبازیی ئاگری یەکەم نرابنەوە. بۆچی هەقمانە وا زەین بکەین؟ چونکە رایانگەیاند: بۆ پاراستنی دارستانەکان لە ئاگری تر، رێگەی سەیرانکەری گۆیژە ئەبڕین! راگەیاندنێکی زۆر جوان و زۆر باش بو، بەڵام: ئەگەر رێگەی سەیرانکەر بڕا بو، ئەم ئاگرانە بۆچی دروست ئەبنەوە؟ ئەگەر رێگەش نە بڕا بێ، ئیتر بۆ هەقمان نەبێ گومان لەوانە بکەین کە "دینار بوە بە دین و نەتەوە و نیشتمانیان؟". لە سەردەمی حوکمەتەکانی پێش راپەڕینا سەدان کرێکار و چاودێر و فەرمانبەر لەسەر ئاودان و چاندن و ئاگربڕ و بژارکردنی دارستانەکانی گۆیژە موچەیان لە حوکمەتەکان وەر گرتوە. بەڵام لە دوای راپەڕینەوە ساڵ لە دوای ساڵ، ئەوانە یان خانەشین کراون یان مردون یاخود گوازراونەتەوە بۆ شوێنی تر، تا گەیشتوە بەم رۆژە کە، ١٠ کەسێک ماونەتەوە بۆ خزمەتکردنی دارستانەکان. ئەم ژمارەیە لە جێی نەبوانە. ملیۆنان خەڵکی ئەم هەرێمە هەقمانە لە حوکمڕانەکان بپرسین: بۆچی باکی دارستانەکانتان نیە؟ وا خۆتان بەشێکی و دوژمنی داگیرکەریش خەریکی لەناوبردنی بەشەکەی ترێتی! بۆچی لەلای ئێوە دارستانێک نرخی بلۆکێک و کیسێک چیمەنتۆی نیە؟ هی ئەوە نیە کە، هزر و ئاوەزتان بە تەنیا پارەیان تیا تۆمارە و تۆڕی چاوتان بەتەنیا وێنەی پارە ئەبینێ؟ بۆچی بەقەدەر مسقاڵە زەڕڕەیەک باکتان بە پیسبونی ژینگەی کوردستان نیە؟ هی ئەوە نیە کە، پێتان وایە ئەتوانن بە پارەکانتان، خۆتان و مناڵ و نەوەکانتان لە نەخۆشییەکانی پیسبونی ژینگە بپارێزن و "رەعیەت"یش جار بە جەهەنم؟ بۆچی گوێ بە ژیان و گوزەران و کەرامەتی خەڵک نادەن و بەتەنیا خەیاڵتان لای پارە و داگیرکردنی موڵکی گشتییە؟ بڵێی هی ئەوە بێ، وا بزانن ئەتوانن بە پارەی حەرام عومری نوح بکڕن یان سامانەکانتان لەگەڵ خۆتان بەرنە ناو قەبرەکانتان؟ بۆچی پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان بە خەمی خۆتان نازانن؟ بڵێی خوی شیری بێ و بە پیری تەرک نەکرێ؟ بۆچی سەروەریی خاک و سنوری هەرێمتان خستۆتە ژێر پێی داگیرکەرانی تەماحبازەوە و نقەتان لە خۆتان بڕیوە؟ بڵێی فایلەکان وا لە دەست و قاچتان ئاڵابن، لە جوڵەیان خست بن؟ ئیمامی عەلی فەرمویەتی: "الدهر یومان، فیوم لک ویوم علیک، فإذا کان لک فلا تبطر، واذا کان علیک فلا تحزن، فبکلیهما ستختبر". بە کوردی: "دنیا ٢ رۆژە، رۆژێکیان لەسەرت و ئەوی تریان لە دژتە. کە لە سەرت بو سنوری زوڵم مەبەزێنە. کە لەدژت بو خەفەت مەخۆ، چونکە بە هەردوکیان تاقی ئەکرێیتەوە" خۆزگە (بیر)ـێکتان لەم پەندە مەزنە ئەکردەوە! ئەم گەلە قوربانیدەرە لە زاخۆوە بۆ کفری و جەلەولا، پێویستی بە خاوەنی بیرە (فـ.) نەک بیر (بـ.).
مەریوان وریا قانع بە ھەموو پێوەرێک پەلامارەکانی” تۆفانی ئەقسا“ لە رۆژی ٧ ی ئۆکتۆبەردا ھەڵەبوو، ھەڵەیەکی ستراتیژیی گەورە، ھەڵەیەکی سیاسیی و سەربازیی و ئەخلاقیی. ھەڵەیەکی سیاسیی بوو، چونکە جەوھەری مەسەلەی فەلەستین ،کە بریتییە لە داگیرکردنی خاک و دەرکردنی ژمارەیەکی گەورە لە خەڵک لەو خاکە و، چارەسەرەکەشی لەڕێگای گەڕاندنەوەی ئەو خاکە و دامەزراندنی حوکمڕانییەکی سیاسیی سەروەر لە سەری، لەدوای تۆفانی ئەقساوە لە ھەموو کاتێک دوورتر و مەحاڵترە. لەدوای ٧ ئۆکتۆبەرەوە ، چارەسەری ئەم کێشەیە نەک بە تەواوی نائامادە و غائیبە، بەلکو لە مەحاڵ نزیکبۆتەوە، ھیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەم مەسەلەیە لە ئارادا نییە و لەئارادا نەماوە. نەک ھەر ئەمە بەڵکو غەزە خۆیشی، کە بەشێکی سەرەکیی سەرزەمینی فەلەستینیەکانە، بەڕادەیەک وێرانکراوە، بۆ زیاد لەنەوەیەک کەڵکی ژیانی تێدانەماوە. ئەمە ئەگەر ئیسرائیل ڕێگەبدات خەڵکەکەی بگەڕێنەوە شوێنە کۆنەکانی خۆیان کە لە ئێستادا بووە بە خۆڵەمێش. ھەڵەیەکی سەربازیش بوو، چونکە تۆفانی ئەقسا بەگژاچوونەوەیەکی سەربازیی تەواو نابەرامبەر و ناھاوسەنگ و ناسیستمایکە. ئیسرائیل خاوەنی سوپایەکی گەورەی پڕچەک و تەکنۆلۆژیای کوشتن و وێرانکردنی مۆدێرنە، خاوەنی چەکی کۆکوژ و چەکی ئەتۆمییە، بەرامبەر بە حەماس کە جگە لە حەماسەتێکی دینیی ناعەقڵانیی و کۆمەڵێک رۆکێتی کەم کاریگەر، خاوەنی ھیچ شتێکی دیکە نییە. توانای سەربازیی دەوڵەتی ئیسرائیل و توانای حەماس و ھاوپەیمانییەکانی، بەھیچ پێوەرێک، قابیلی بەیەکتری بەراوردکردن نییە. ھەڵەیەکی ئەخلاقیش بوو، چونکە ژیانی زیاد لە دوو ملیۆن مرۆڤی مەدەنیان فڕێدایە ناو جەنگێکەوە، کە نە خۆیان و نە ئەو خەڵکە دەرەقەتی دەرنجامە وێرانکەرەکانی، دێن. کوشتنی زیاد لە پەنجا ھەزار کەس و برینداربوون و کەمئەندامبوونی سەدان ھەزار کەسیتر، دروستکردنی دوو ملیۆن مرۆڤی بێجێگە و بێڕێگا و روخاندنی دەیان ھەزار خانو، ئەو دۆخەیە کە لە پەلامارەکەی تۆفانی ئەقسا لە ٧ ئۆکتۆبەردا، کەوتەوە. دۆخێک ھیچ میلەتێکی سەر ئەم ھەسارەیە نایەوێت تێیبکەوێت و لەناویدا بژیی. ئەم جەنگە کە دروستبووە، بە ھیچ مانایەک، جەنگی ھەموو فەلەستینیەکان بەرامبەر بە دەوڵەتی ئیسرائیل نییە، بەڵکو جەنگی حەماس و حەماسیەکانە بەرامبەر بەو دەوڵەتە. بۆیە حەماس لە دروستبوونی ئەو کارەساتە ئینسانییە کەموێنەیەدا، ئەگەر لە ئیسرائیل تاوانبارتر نەبێت، بەقەد ئیسرائیل تاوانبارە. سەرکردەکانی حەماس بەقەد خودی ناتانیاھۆ و ئەندامانی حکومەتە راستڕەوەکەی ناتانیاھۆ، تاوانبارن. نابەپەرسیاریەت و گاڵتەکردن بە ژیانی مرۆڤەکان لەھەردوو بەرەکەدا ھەمان نابەرپرسیاریەتە و بەھەمان ڕادە ئامادەیە. بۆیە ئیسماعل ھەنییە نەک شەھید نییە و ڕێی ناکەوێتە ناو ھیچ بەھەشتێکەەوە، بەڵکو یەکێکە لە تاوانبارەکانی ئەو جەنگەی دایناگیرساندوە و یەکێکە لەوانەش بەرپرسە بەرامبەر بەو ھەموو ماڵوێرانیی و کوشتن و خوێنڕشتنەی، دروستبووە. ئەو گوتاری شەھادەتەش کە ھێزە ئیسلامییەکان بەخەستی خستویانەتە گەڕ و باس لە چونی کوژراوەکان بۆلای خوا و بۆ بەھەشت دەکات، تەنھا یەک دەرەنجامی ھەیە: بێنرخکردن و گاڵتەکردنێکی کەموێنە بە ژیانی مرۆڤەکان. گوتاری شەھادەت یەکێکە لەو گوتارانەی بەرپرسە لە دروستبوونی ئەو دۆخەی ئێستاکە لە غەزە و ناوچەکەدا ھاتۆتەکایەوە. لەدیدی حەماسدا ھەر یەکێک لەو ئەندام و ھەوادارانەی کە دەکوژرێن یان ھەرکەسێکی موسڵمان کە لە غەزەدا دەکوژرێت، نەک ھیچ زیانێکی پێناگات، بەڵکو ڕاستەوخۆ ھەموویان لە غەزەوە بەرەو بەھەشت دەبرێن. بەم جۆرە حەماس لەباتی ئەوەی خۆی بە بەرپرسیاری ڕژانی ئەو ھەموو خوێن و کوشتن و وێرانکارییە بزانێت، خۆی بە خاوەنی چاکەکارییەکی گەورە دەزانێت بەرامبەر بە کوژراوەکان، چونکە ھەموویان بۆ بەھەشت دەنێرێت. لە دیدی حەماسدا خەڵکی غەزە پێویستە سوپاسی حەماس بکەن کە بیتاقەی چوون بۆ بەھەشتی بۆ بڕیون و لەڕێگای کوشتنیانەوە یەکسەرە بۆ بەھەشتیان دەنێرێت. ئەم گوتارە جگە لە گاڵتەکردن بە ژیانی مرۆڤ و بەکەم و بێنرخکردنێکی ترسناکی ئەو ژیانە، شتێکی دیکە نییە. ئەو گرتە ڤیدیۆیەی لەگەڵ ئەم پۆستەدا دایدەنێم، قسەی ژنێکی موسڵمانی ناو غەزەیە و بە زمانێکی دنیی روون و پاراو ئەدوێت، بەڵام رێک پێچەوانەی حەماس و ئیسلامییە ھاوسەنگەرەکانی قسەدەکات و ئیدانەیەکی تەواویان دەکات.
فارس نەورۆڵی ئاگربڕ زاراوەیەکی کۆنە لە گوندەکان بەکاردەهات بۆ ڕێگاگرتن لەو ئاگرە لەناکاوەی لە شاخ و لە ناو پوش و دەغڵ و دان هەڵدەگیرسا بۆئەوەی زیانی گەورەی لێنەکەوێتەوە، ئەم زاراوەیە دەکرێ لە سیاسەتيشدا تەوزیف بکرێت. ئێستا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخێکدایە ئاگری شەڕ خەریکە بە تەواوی پەرە دەسێنێت، ڕاستە بەریەککەوتنی بەرژەوەندی زلهێزەکان ئەو ئاگرەی دروست کردووەو لەکوێدا بیانەوێ تاو دەسێنێ و لەکوێدا بیانەوێ هێوری دەکەنەوە. عێراق و هەرێمی کوردستان لەو جوگرافیایەدان ململانێ و بەریەککەوتنەکانی تێدایە. بۆیە پێویستە ئاقڵمەندانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە ئاگایانە پەیوەندی و لێکگەیشتنیان هەبێت بۆ ئەوەی ڕێگا نەدەن ئاگرەکە عێراق و هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، چونکە حەقیقەت ئەوەمان پێ دەڵێت ئاگری ئەم جەنگەی ئەم جارە خوانە خواستە ئەگەر ڕوبدات جەهەنەمی دەبێت و ناوچەکە دەکاتە خۆڵەمێش. بۆیە دەبێت هەموو سیاسیەکان چاکەو جوانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندیيە مەزهەبی و نەتەوەیی و حیزبیەکانەوە دانێن. خەڵکی کوردستانیش بێ جیاوزی ڕەنگ و دەنگ باش وایە بێلایەنبن هەمیشە خوازیاری ئاشتی بن بۆ ناوچەکەو گەلانی ناوچەکە چونکە جەنگی ئەم جارە بەشی کەس خێری تیانیەو ئەوەشمان لەبیر بێت سەردەمانێک ئاگری ئەنفال و کیمیایی باران کوردو کوردستانی دەسوتاند. ڕای گشتی و تایبەتی میللەتێکی ناوچەکە دڵی بۆ کورد گەرم نەبوو کەواتە نابێ لەژێر کاریگەری سۆزدا لۆژیک لەبیر بکەین، خودا ئاگری شەڕ بکوژێنێتەوەو میللەتان بە ئارامی بژین .
هۆشیار عەبدوڵا ١ تیرۆرکردنی هەنییە بەمجۆرەی رویدا، گومانەکان لەسەر ئەوەی رەئیسیش تیرۆر کرابێت گەورەتر دەکات! لە لایەکی ترەوە هێندەی گەورەیی روداوەکە پرسیارەکان لەسەر ئێران لە هەموو ڕویەکەوە گەورەن! بەتایبەتی پرسیاری ئەوەی چیی دەکا؟! وەک تیرۆری سولەیمانی لێی دەگەڕێ یان بە کەمتریش لەوەی ئەو لە باسەکە دەگەرێ؟! ٢ هەوڵەکانی بارزانی بۆ کۆکردنەوەی ناو ماڵی سوننە و هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان شکشتی هێنا، کەسێک ناو ماڵی خۆی پەرت بێ، هی ئەوانیتری بۆ کۆنابێتەوە، دەمێکە گوتراوە: فاقد الشّيء لا يعطیە! ٣ گوایە کابینەی نۆ ی ماوە بەسەرچوو بەتەمایە بۆ ساڵی ٢٠٢٥ یاسای بودجە دابنێ! چوار ساڵی ماوەی یاسایی و دو ساڵی تری نایاساییان بەسەربرد تازە خەبەریان بۆتەوە! کابینەی نۆ نوکتەی لێ نابڕێ! ٤ بە ژمارەی قوربانییەکان بێت، لە ئێستادا سلێمانی ئارام نییە! بەڵام بە گوێرەی قسە و هۆنراوەکانی والی بێت؛ لە زەمانی ملازم موحسینەوە تا ملازمەکانی ئێستا، سلێمانی ئارامترین شاری دونیایە! ٥ وەزیری کار (کە گۆڕانە)، گلەیی لە دەسەڵاتدارانی سلێمانی هەیە کە بۆچی وەڵامی نوسراوەکانی وەزیری ناوخۆ (کە پارتییە) نادەنەوە! لە هەمان کاتدا پارێزگاری سلێمانی کە ئەویش گۆڕانە دەڵێت: ( لە سایەی بڕیارەکانی سەرۆک وەزیران ئاوەدانی ڕوی لە سلێمانی و هەڵەبجە کردوە)! بە دوعای کامیان بڵێین ئامین! ٦ زۆرێک لە میدیاکانی هەرێم بونەتە تەختی شانۆ بۆ نمایشی دەسەڵاتداران بە تایبەتی وەزیرە بێ دەسکەوتەکانی هەرێم! وەزیر هەیە هەموو رۆژێک لەسەر شاشەکانە، سەرقاڵە و لێدوان ئەدا و کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەکا .. گوایە ئیش دەکات، لەسەر ئەرزی واقعیش ئەوەی ئیشی ئەو بێت دیار نییە! ٧ حزب هەیە دەڵێت کوردستان بدەنە دەست ئێمە دەیکەین بە سەعاتی سویسری، کەچی بۆنەیەکی سێ سەد کەسی بە رێک و پێکی بۆ ئیدارە نادرێ!
سەردار عەزیز یەکەم ڕۆژی کاری پزیشکیان پڕ دراما بوو. کوشتنەکە لە چەند ڕوویەکەوە جێگای گومان و سەرنجە: یەکەم، وەها دادەنرێت کە ئیسرائیل بوبێت. ئەگەر وابێت ئەوا ئیسرائیل بە قوڵی دەستی هەیە لە ناو سوپای پاسداراندا، ئەگینا ئەو هەموو ئامادەکاریی و ئاگادارییانە بە ئاسانی ناکرێت. دووەم، لەڕووی سیمبولیکەوە گرنگە، چونکە کوشتنەکە لە یەکەم ڕۆژی کاری سەرۆکی نوێ و لە کاتی ئاهەنگ و لە تارانی پایتەخت هەموو ئاماژەن بۆ پێگەو پەیامی ئیسرائیل. بۆ نمونە هەنییەو ئیسرائیلییەکان بە ئازادی لە دەوحەن، بەڵام دەست بۆ یەکتر نابەن. سێیەم، ئێران ناتوانێت بیکات بە پرسێکی گەورە چونکە دەبێت وەڵامی هەبێت، بەڵام لە ئێستادا نایەوێت وەڵامی هەبێت. سێیەم، ئەگەر ئیسرائیل بێت، ئەوا مانای وەهایە کە نەتانیاهو دانوستانی ناوێت، چونکە هەنییە بەرپرسی مەلەفی دانوستان و گۆڕینەوەی بارمتەکان بوو. چوارهەم، ئایا ئەو پێشوازییە تایبەتەی لە کۆنگریس لە نەتانیاهوو کرا ڕۆڵی هەبوو لەم بڕیارانەدا؟ پێنجەم، لە تورکیا داوای ئەوە دەکرا کە هەنییە بهێنرێت هەتا لە پەرلەمان وتار بدات و بە شێوازی نەتانیاهو لە کۆنگریس پێشوازی لێبکرێت، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ پێشوازییەکەی نەتانیاهوو. خەمیس خەنجەریش هەمان پێشنیاری کرد بۆ پەرلەمانی عێراق، بەڵام کەمێک درەنگ کەوتن. شەشەم، جەنگی ئیسرائیل و ئەوانیتر دەرخەری ڕۆڵی هۆشمەندی دەستکرد AI یە. موساد چەندێک هاوکاری هەیە لە سەر زەوی، هێندەش بە ئەی ئای کارەکانی دەکات. حەوتەم، ئایا ئێران لە دەستپێکی حکومەتە نوێیەکەیدا هەنییەی کرد بە شەکی قوربانی بۆ باشکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکادا؟
رێبوار کەریم وەلی دوا پەرەسەندنەکان لەبارەی رێککەوتنی لایەنەکان بۆ دیاریکردنی پارێزگاری کەرکوک، بە ئاراستەی ئەوەیە کە یەکێتی سەرباری ئەوەی هێزی براوەیە، لە هاوکێشەکە ئاوت کرابێ. * راوێژکارانی سودانی لە لێدوانەکانیاندا بۆ مێدیاکان باس لەوە دەکەن کە لە 20 رۆژی داهاتوودا، پارێزگار دیاریدەکرێت. لایەنەکان لەسەر سیغەی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار رێککەوتوون، بەڵام چۆن؟ * هەوڵدان بۆ ئاوتکردنی پارتی لە ئیدارەی موسڵ، تاڵەمووی معاوییەی نێوان یەکێتی و پارتیی پچڕاند؛ یەکێتی دەستی پارتیی لە کەرکوک واڵا کرد و کەرکوکی لەسەر سینیی زێڕ پێشکەش کردن. * بەپێی رێکەوتنی نهێنیی نێوان، پارتی، عەرەب و تورکمان لە ماڵی خەمیس خەنجەر لە کەرکوک، لە چەند شەوی رابردوودا، کە ئیمزای 9 ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی لەسەرە، کەسێک لە کوتلەی عەرەبی دەبێتە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا، دڵشاد پیرۆت لە پشکی پارتی و کورد دەبێتە پارێزگار. پۆستەکان وا داندراون کە ئاڵوگۆڕ بێ لە نێوان سێ پێکهاتەدا هەر یەکەی بۆ ساڵونیوێک بێت. * ئەگەر ئەوە سەربگرێت، ئەمە سەرەتای گەورەترین شکستە بۆ یەکێتی و رەنگدانەوەی بەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی لە کوردستاندا دەبێ و، بەتایبەتیش لە ئاستانەی هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا، مەعلوم نییە کە ئەو کات یەکێتی بە چ روویەکەوە دەتوانێ داوای دەنگ لەخەڵک بکات!؟
سەردار عەزیز بزوتنەوەی گۆڕان هەر لە سەرەتاوە لە دوو یەکەی جیاواز پێکهاتبوو، ئەم دوو یەکەیە بریتی بوون لە بزوتنەوە لەگەڵ حیزب. ئەم دوو بەشە هەرچەندە بەبێ بوونی ئاگاییەکی زانستیانە یان زانیارییانە، هەوڵدرا تێکەڵ بکرێن یان پێکەوە کار بکەن بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. بەشە بزوتنەوەییەکەی گۆڕان بریتی بوو لە خواستێکی ڕێکنەخراوی جەماوەریی، کە خۆی تەنها لە پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەو خەڵکانەدا نەدەبینییەوە کە پشتیوان بوون، بەڵکو ئەوانەش کە پێیان باش بوو وەک مۆدێل، بەڵام لەبەر هۆکاری تر، ڕاستەوخۆ بەشدار نەبوون. ئەم بەشە ڕێکنەخراو بوو، خواست و خەونی گەورەی هەبوو، هەست بە نادادی و بێبەشیی و قۆرغکاریی هاندەری بوو. ئامانجی ئەوە بوو دەموچاوی نوێ، مامەڵەی نوێ، دەرفەت لەگەڵ دادپەروەرییدا ببینێت. ئەم جەماوەرە دەیانویست ببن بەو کەسانەی کە تەنها لە کاتی جەنگ و دەنگداندا بیرنەکەونەوە، بەڵکو لەکاتی داڕشتنی بودجەو خزمەتگوزاریشدا لە بیر بن. بەشەکەی تری گۆڕان، ئەوانە بوون لە حیزبەکانی ترەوە هاتبوون، بە تایبەتی یەکێتیی. ئەمانە، هەرچەند لەناو یەکتردا تەبا نەبوون، بەڵام دەیانزانی یاریی باڵباڵین و کتلەو خۆڕێکخستن و خزانە ناو ئۆرگانەکان و فشار بکەن. نەک هەر تەنها بە ئاگابوون لە یارییەکانی مانەوەو ململانێ لەناو کایەی حیزبدا، بەڵکو زۆرێکیان ئالودەبووبوون پێی. ئەم بەشە گۆڕانخواز نەبوون، تەبا نەبوون لەگەڵ بزوتنەوەکەدا، بەڵکو یەکێتییەکی تر، حیزبێکی تربوون، کۆمەڵێ بەرژەوەندیی سنورداریان دەویست. بەڵام لەناو کایەی سیاسیدا، ئەوانەی کە بە ئاگان لە خۆڕێکسختن، هەمیشە زاڵ دەبن، بەسەر بێ ئاگا لە تەڵەکەبازییەکانی حیزبایەتی و سیاسەت. مرۆڤی حیزبی خاوەن خەونی بچوکە، هەرگیز نایەوێت کایەکە بگۆڕێت، بەڵکو چۆن بە دەستکەوتەکانی بگات. یاری گۆڕانی ڕێساکان، لە هەموو سیستەمێکدا، سەختەو باجی هەیە. بزوتنەوە سیاسییەکان وەک لافاو دێن، فشارێکی گەورەی کاتیی دەکەن، ئەگەر نەتوانن خۆیان بگۆڕن بۆ هێزی ڕێکخراو پاش ماوەیەک دەنیشینەوە. بۆ نمونە دەبینیت ترەمپییەکان لەناو کایەی پارتی کۆمارییەکاندا، بزوتنەوەیەکن کە توانای زاڵبونیان هەیە بە سەر باڵەکانی تردا، ئەمە دەگمەنە. چونکە بزوتنەوە پشوو درێژ و یاریزان و مەکرباز نیە. بەڵکو زوو ماندو دەبێت، زوو دەکشێتەوە، زوو دەگەڕێتەوە دۆخە پێشینەییەکەی خۆی و کارەکە بۆ یاریکەرە لێزانەکان بەجێدەهێڵێت. حیزبی کوردی کۆپییەکی ساختەی مۆدێلی لینینییە. هەموو شتێک بەکاردەبات بۆ خۆی. حیزب هەیە لەپێناوی حیزبدا. هەرچەندە ئەم قۆناغە لە کوردستان کۆتایی هات. ئەگەر سەیری ئەدەبیاتی سەرەتاکانی گۆڕان و ناڕەزایییەکانی تر بکەیت، زۆر باس لە مەکتەب سیاسیی دەکرێت وەک یەکەیەکی حیزبی لینینی، بەڵام بە هەڵکشانی خێزانەکان، مەکتەب سیاسیی، لە ئێستادا دیکۆرێکی کۆنی زەوقسز نەبێت هیچی تر نیە. ئێستا ئەوەی هەیە گۆڕانی حیزبە، گۆڕانی بزوتنەوە، کۆتایی هات
درەو: د. هاوكار ئیبراهیم* "گواستنهوهى دیمهنهكانى لهخۆدان و شیوهنى كهس و كارى ڕزگاربوو و قوربانیهكان له شوێنى ڕووداو و پرسهكاندا، جگه له پێشێلكردن و نهپاراستنى تایبهتمهندی ژیانى كهسهكان و بڵاوكردنهوهى ترس و بێهیوایى له نێو كۆمهڵگهدا هیچ خزمهتێك به چاكهى گشتى ناكات و بهشداریش نابێ له زیادكردنى هۆشیارى گشتیدا" چهند ساڵێك پێش ئێستا، کۆمپانیای نێتفلێکس زنجیرە درامایهكى تەلەفزیۆنی بڵاوكردهوه – كه من لێره ناوى زنجیرهكه بههۆكارێكى ئاكاریى نانوسم- كه تێدا باس له هۆكارى خۆكوشتنى كارهكتهرێكى ههرزهكار دهكات بهشێوهیهكى زۆر سهرنجڕاكێش به جۆرێك كه زنجیرهكه تا ڕادهیهكى زۆر خۆكوشتن دهڕازێنێتهوه. زنجیرە دراماكه بووه یهكێك له پڕ بینهرترین زنجیرهكانى نێتفلێکس كه تهنیا لهماوهى سێ ههفتهى یهكهمى دواى بڵاوبوونهوهى یازده ملوێن جار له تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتهردا (ئێكسى ئێستا) تویتى لهسهر كرا. له دواى بڵاوبوونهوهى زنجیرهكه، له یهكه و نهخۆشخانه پزیشكیيه دهروونیهكانى ئهمهریكا، پزیشك و چارهسهركارانى دهروونى تێبینى زیادبوونى ڕێژهى ههوڵى خۆكوشتنیان كرد له نێو ههرزهكاراندا، كه ئهمه بووه پرسێكى گرنگ له ناوهنده پزیشكیی و میدیاییهكانى ئهمهریكا، دواتر بووه هۆى ئهوهى كه توێژهرانى دهروونى دهست به لێكۆڵینهوه بكهن لهم پرسه و بهگوێرهى ئهو توێژینه دهروونیانهى كه لهسهر زنجیرهكه بهردهستن، بهتایبهت كۆتا مێتا شیكاریهك كه ساڵى پار لهلایهن چهند توێژهرێكى ئیسپانى له گۆڤاری نێودەوڵەتی توێژینەوەی ژینگەیی و تەندروستی گشتیدا بڵاوكراوهتهوه، ئهوهیان خسته ڕوو كه كه پهیوهندیهكى بههێز ههبووه له نێوان نمایشكردنى زنجیرهكه و زیادبوونى رێژهى ههوڵ و كردارى خۆكوژى به تایبهت له نێو كچانى ههرزهكاردا. ههرچهنده بوونى پهیوهندیهكى لهو شێوهیه به واتاى ئهوه نایه كه زنجیرهكه بۆته هۆى ئهوهى كه خهڵكى بیر یان ههوڵى خۆكوشتیان بۆ دروست ببێ، بهڵام بوونى ئهم پهیوهندیه تیشك دهخاته سهر ههستیارى شاشه و میدیا لهسهر بارى دهروونى خهڵكى، بهتایبهتى ئهو كهسانهى كه خۆیان بهدهست گیروگرفته دهروونى و كۆمهڵایهتیهكانهوه دهناڵێن. بهڵگهیهكى زانستى زۆر لهبهردهستدایه كه ئهو كهسانهى كه بهشێوهیهكى بهردهوام بهر ناوەرۆکی میدیایی توندوتیژ دهكهون، كاتێك له دهرهوهى میدیا و شاشهكانهوه دیمهنى توندوتیژ له جیهانى ڕاستهقینهدا دهبینن كهمتر ههستیار دهبن بهرامبهر به توندوتیژى و كهمتر هاوسۆز دهبن لهگهڵ قوربانى و ڕزگاربووهكان – بۆ ئاشنابوون به بهشێك لهم بهڵگانه بڕوانه ئهو توێژینهوانهى كه له بەرگی ٥١ى ژمارە ٨ گۆڤارى زانای ڕهفتارى ئهمهریكى و بەرگی ١٣٦گۆڤارى بولیتینى دهروونیدا بڵاوكراونهتهوه –، هەروەها بەرکەوتنی زۆر بە هەواڵی توندوتیژ ئهگهرى ئهوهى ههیه كه ببێتە هۆی زیادبوونی ترس و دڵەڕاوکێ به شێوهیهك كه بینهر ههست به نائارامى و نا ئاسایشى بكات و جیهان بە مەترسیدارتر لەوەی لە ژیانى ڕاستهقینهیدا هەیە ههست پێبكات – بۆ ئاشنا بوونی زیاتر بهم بابهته پێشنیارى ئاوڕدانهوه له كارهكانى جۆرج گێربنەری ههنگارى دهكهین – ئەمەش دەبێتە هۆی ئهوهى كه خهڵكى لە چالاكیه جڤاتیهكانیان دووربكهونهوه و بێمتمانە بن بهرامبهر به فەزای گشتی. له كاتى ڕووماڵكردنى ڕووداوه توندوتیژ و زهبرئامێزهكان دام و دهزگا میدیایهكان ئەرکێکی ئاكاریی ههستیاریان لهسهرشانه، ئهگهر میدیاكاران به ههستیارى و به رێكارێكى ئاكارى ورد كار لهسهر ئهم پرسانه نهكهن ئهوا لهوانهیه ببێته هۆى دروستبوونى گرفتى دهروونى و كۆمهڵایهتى بۆ ڕزگاربووانى ڕووداوهكه و بڵاوبوونهوهى بێهیوای و توندوتیژى له نێو خهڵكیدا. ڕاگرتنى هاوسهنگى له نێوان ڕووماڵكردنى ڕووداوهكان وهك ئهوهى كه ههیه و پابهندبوون به ئاكارهكانى كارى میدیایی له ڕهچاوكردنى بارى دهروونى ڕزگاربووان و كهس وكارهكانیان و گرنگیدان به تهندروستى دهروونى گشتى كومهڵگه دهبێت له پێشینهى كارى میدیایدا بێ. بهر مهبناى ئهو دۆزینهوه زانستیانهى كه زانستى زهبرى دهروونی له بوارى میدیادا پێیگهیشتووه، لهخوارهوه ههندێك پێشنیارێك دهخهینه ڕوو كه میدیاكاران دهتوانن سوودمهندبن لێى له كاتى ڕووماڵكردنى ڕووداوهكانى توندوتیژى، بهشێوهیهك كه ببێته هۆى كهمترین زیان بۆ بینهر و ڕزگاربووانى ڕووادوهكان و لهههمان كاتیشدا بتوانن ئهركى میدیایی خۆیان له گهیاندنى زانیارى دروست جێبهجێبكهن: یهكهم: لهبهر ئهوهى دوور كهوتنهلهوه له ڕووماڵكردنى ڕووداوى توندوتیژ بۆ میدیا، بهتایبهتى میدیاى تایبهت به ههواڵ كارێكى نهكرده و نهبووه، بۆیه زۆر گرنگه كه میدیاكاران بهبێ جیاوازى پێگهى میدیاییان ههر له پهیامنێر و كامیراوان وپێشكهشكار و بهرپرسانى یهكهكانى ههواڵ تا رێكخهرى ڤیدیۆیی و كارمهندانى تر، ڕاهێنانى بهردهوام لهسهر بنهماكانى "كاركردنی وشیار به زەبر" وهربگرن. ئهم جۆره كاركردنه كه لهسهر دۆزینهوه زانستیهكانى زانستى زهبرى دهروونی بونیاتنراوه و بهوه دهناسرێتهوه كه لهلایهكهوه ئاشنایه به كاریگهریه نەخوازراوهكانى زهبر و توندوتیژى و ههوڵى كهمكردنهوهى ئاكامه نهخوازراوهكانى دهدات، لهلایهكى تریشهوه پاڵپشتى ڕزگاربووان و كهسانى چواردهور و جڤاتهكانیان دهكات كه بهدواى پاڵشتى دهروونى و كۆمهڵایهتیدا بگهڕێن. وهرگرتنى ڕاهێنان و ئاشنابوون به بنهما سهرهكیهكانى كاركردنی وشیار به زەبر و داڕشتنى هێڵى كاركردنى میدیایی لهسهر ئهم بنهمایه یارمهتی میدیاكاران دهدات كه ههم ئاشنابن به رێگه زانستیه جیاوازهكانى چاوپێكهوتنكردن لهگهڵ ڕزگاربووانى توندوتیژى ههمیش یارمهتیان دهدات كه ڕووماڵكردنهكهیان بهجۆرێك بێت كهوا ببته هۆى كهمترین فشارى دهروونى بۆ ڕزگاربووان و بینهر و كهمترین ئاكامى نهخوازراوى بۆ كۆمهڵگه و جڤاتهكان ههبێت. دووهم: ههرچهنده میدیا ئامانجى له بهدواداچوون و به ههواڵكردنى ڕووداوه توندوتیژیهكان باش بێت، بهڵام بۆ میدیایهك كه گرنگى بدات به ئاكاره میدیاییهكان و ههست به بەرپرسیاریهتی بكات، نیەت و ئامانجى باش بەس نییە. گرنگه میدیاكاران پێش كاركردن و ڕووماڵكردنى ڕووداوى توندوتیژ، ههڵسهنگاندنێكى ڕهخنهییانه بۆ خۆیان بكهن، لهخۆیان بپرسن كه ئایا ئهم ههواڵه یان ئهم بهدواداچوونه میدیاییه چ خزمهتێك به بەرژەوەندی و چاكهى گشتى دهكات؟ كاردانهوه گشتیه پێشبینیكراوهكان بۆ ئهم ههواڵه چین؟ ئایا ڕووماڵكردنى ئهم ههواڵه چ پهیامێكى تێدایه بۆ خهڵكى و دهوڵهت؟ ڕووماڵكردنهكه چ كاریگهریهكى دهروونى و كۆمهڵایهتى لهسهر ڕزگاربووان و كهسه نزیكهكانیان دهبێت؟ ئایا بهدواداچون و ڕووماڵكردنهكهم نا بێته هۆى هاندان بۆ توندوتیژى زیاتر؟ كاتێك میدیاكاران ئهم پرسیارانه له خۆیان كرد باشتر دهتوانن دڵنیا بن لهوهى كه ڕووماڵكردنهكهیان نابێته هۆى تهشهنهكردنى توندوتیژى و بڵاوبوونهوهى ترس و بێ متمانهىى له نێو خهڵكیدا و ڕێز و شكۆی ڕزگاربووانیش پارێزراوتر دهبێت. سێیهم: لهكاتى بهدواداچوونى ههواڵى بۆ ڕووداوێكى توندوتیژ گرنگه كهوا كۆى ههواڵهكه تهنیا لهسهر خودى ڕووداوهكه نهبێت، بهڵكو دهبێت هۆکار و پاشخان و کاریگەرییەکانی ڕووداوه توندوتیژیهكه بۆ بینهر باس بكرێت. كاتێك ههواڵ یان بهدواداچوونى میدیایی بهم شێویه بێت ئهوا لهلایهكهوه ئهگهرى ههیه كه بینهر كهمتر ترسى بۆ دروست ببى و باشتریش لهوه تێبگات کە بۆچی ڕووداوهكه ڕوویداوە و چی بکرێت بۆ كهمكردنهوه و نههێشتنى دووبارهبوونهوهى ڕووداوى هاوشێوه، لهلایهكى تریشهوه ئاستى وشیارى، هاوسۆزى، و پاڵپشتى خهڵكى بۆ ڕزگاربووان زیاتر دهكات، وادهكات كه خهڵكى بهشداری بكهن له گفتوگۆی بەرهەمدار سەبارەت بە چارەسەركردنى ڕهگ و ڕیشهكانى توندوتیژی. به پێچهوانهشهوه كاتێك ههواڵ و بهدواداچوونى میدیایی تهنها خودى ڕووداوهكه یان یهك لایهنى ژیانى بكهرى ڕووداوه توندوتیژهكه بخاته ڕوو، ئهوا جگه له دووباره دروستكردنهوهى توندوتیژى و بڵاوكردنهوهى ڕق و ترس هیچى ترى لێ چاوهڕێناكرێ. منیبه سهلیم له زانکۆی میشیگان و هاوكارهكانى له توێژینهوهیهكیاندا تیشك دهخهنه سهر ئهوهى كه چۆن میدیا دهتوانێ بهشداربێ له دروستكردنى كاریگهرى لهسهر خهڵكى له پشتگیریكردنیان له كردهوهى توندوتیژى. منیبه و هاوكارهكانى سێ توێژینهوهیان له چوارچێوهى یهك توێژینهوهدا بڵاوكردۆتهوه و توێژینهوهكهشیان له ژمارە شەشی بەرگی چل و چوارهمى ساڵى ٢٠١٧ له گۆڤارى “توێژینەوەی پەیوەندیکردن” بهردهسته. توێژینهوهى یهكهمیان كه ٧١٩ خوێندكارى ئهمهریكى تێیدا بهشداريان كردووه بۆیان دهركهوتووه كه بەرکەوتنى زیاتر بەو هەواڵانهى کە موسڵمانان وەک تیرۆریست نیشان دەدەن، پەیوەندییەکی ڕاستهوخۆى ههیه بە ئاستى پشتیوانیکردنى ئهو خوێندكارانه له دهستهڵاتداران بۆ ئهنجامدانى کردەی سەربازی دژ به وڵاتانی موسڵمان. له توێژینهوهى دووهمیان كه ٢٠٠ كهسى ئهمهریكى تێدا بهشداربوون، گهیشتوونه ئهو ئهنجامهى كه بهركهوتن بهو ههواڵه میدیاییانهى كه مسوڵمانان وهك تیرۆرست پیشان دهدهن یهكێكه له هۆكاره پێشبینى كراوهكان بۆ ئهوهى بهشداربووان پاڵپشتى ئهو سیاسهته نێوخۆیانه بكهن كه زیان مسوڵمانانى ئهمهریكا دهگهیهنن. له توێژینهوهى سێیهمدا كه توێژینهوهیهكى تاقیكاریه و ٤٠٠ كهس تێیدا بهشداربوون، بهشداربووهكانیان بهسهر چوار گروپدا دابهشكرد، گروپى یهكهم ئهو گرتە ههواڵانهیان پیشاندان کە موسڵمانان وەک تیرۆریست وێنا دهكهن، گروپهكهى تریان گرتەى ههواڵى بێلایەنەیان پیشاندان و گروپى سێیهم گرتهى وێناکردنی ئەرێنی دهربارهى موسڵمانانیان پیشاندان و هیچ گرته ههواڵیهكیان پیشانى گروپى چوارهم نهدا. دوای بینینی ڤیدیۆکان، بەشداربووان پرسهرێزكیان پڕکردەوە کە تێیدا تێڕوانینەکانیان بۆ موسڵمانان و پشتگیریکردنیان بۆ سیاسەتە گشتیەکان بهرامبهر به مسوڵمانان و وڵاتانى مسوڵمان نشین خستۆتهڕوو. ئهنجامهكانى توێژینهوهكه دهریخستووه كه به پێچهوانهى گروپهكانى ترهوه، گروپى یهكهم دواى بینیى ئهو گرته ڤیدیۆییانه زیاتر مسوڵمانانیان وهكو شەڕانگێز بینیوه ، پشتگیرییان بۆ کردەوەی سەربازی لە وڵاتانی موسڵمان زیاتر بووه و پاڵپشتى رێكارى مهدهنى توند و قورسیان كردووه بهرامبهر به مسوڵمانانى ئهمهریكا. ئهنجامهكانى ئهم توێژینهوه له پاڵ ئهنجامى دهیان توێژینهوهى تر ئهوهمان پێ دهڵێ كه چۆن ڕووماڵى میدیایی كاتێك تهنها له دهورى ڕووداوهكه بخولێتهوه بهبێ پێشكهشكردنى زانیاریی ورد و چڕ لهسهر ڕووداوهكه دهتوانى بهشدار بێ له دروستكردنى توندوتیژى و ڕق و كینهدا. چوارهم: زمانى ڕووماڵكردنى میدیایی دهكرێ ئامرازێك بێت كه برهو به زهبر و توندوتیژى بدات، دهشتوانى بهشداری ههبێت له پرۆسهى چاكبوونهوهى ڕزگاربووان و كهمكردكردنهوهى توندوتیژى. ئهو زمانهى كه ڕووداوى توندوتیژى پێ ڕووماڵ دهكرێ دهبێت زمانێكى ههستیار بێت و شكۆ و شوناسى ڕزگاربووان و ئهنجامدهرى ڕووداوهكه بپارێزێ، لهههمان كاتيشدا دهبێ زمانێكى هاوسۆز نهك بهزهیی ئامێز بێت. پێویسته میدیا زمانێكى ورد و دوور له زیادەڕەوی، لهسهر بنهماى ڕاستی و بهڵگه پشتڕاستکراوەکانەوە بهكاربهێنێ. پێویسته میدیاكار تێگهیشتن و شارهزاییهكى وردى ههبێت لهبهكارهێنانى ئهو زاراوانهى كه پهیوهستن به توندوتیژیهوه وهكو " ئهشكهنجه، ئازاردان، و لاقهكردن، پاکتاوکردنی نەتەوەیی، جینۆساید، تاوانەکانی جەنگ، تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی، کوشتنی بەکۆمەڵ" گهڕانهوه بۆ ئهو پێناسهى ئهو زاراوانه بهو شێوازهى كه كه له یاسا نێوخۆیهكان و ڕێککەوتننامهكانى نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا هاتوون كارێكى ئاكارى گرنگه تا ئهو چهمكانه له شوێنى خۆیاندا بهكاربهێندرێن، نهبێته هۆى به لاڕیدا لابردنى جهماوهر و دهستدرێژى بۆ سهر مافى ڕزگاربووان و كهسانى نزیكیان. پێنجهم: "زیان مهگهیهنه" كه سهرهكترین بنهماى ئاكاریی زۆربهى پیشهكانه به میدیاشهوه، كه دهبێ لهكاتى ڕووماڵكردنى توندوتیژدا زیاتر لهكاتهكانى تر میدیاكار و دهزگا میدیاییهكان پهیڕهوی بكهن. به كورتى ئهم بنهمایه بریتیه لهوهى كه میدیاكار دهبێ سهلامهتى و خۆشگوزهرانى ڕزگاربووان بخاته پێش كاره میدیایهكهیهوه و به شێوازێك گوفتار و ڕهفتار نهكات كه زیان به ڕزگاربووان و جڤاتهكهیان بگهیهنێ. بهنموونه لهكاتى ڕوودانى ڕووداوێكى مهرگهساتى وهكو بومهلهرزه، ڕووداوى هاتوچۆ، كردهى تیرۆرستی یان ههر ڕووداوێكى مهرگهساتى تردا، ئهو كاتهى كه ڕزگاربووهكان به دهست برین و ئازارهكانیانهوه دهناڵێنن و خوێنیان لێ دهچۆڕێ و ئهندامانى خێزان و هاوڕێكانیشیان شپرزهن و له گریان و شێوهندان، ناكرێ میدیاكار لهجیاتى كارئاسانى و بڵاوكردنهوهى زانیارى لهسهر ئهوهى كه ڕزگاربووان چیان پێویسته و خهڵكى چۆن بتوانن هاوكارى دهزگا فهرمیهكان بكات، ههوڵى چاوپێكهوتن لهگهڵ ڕزگاربووان و كهس و كارهكانیان بدات و بهربهست لهبهردهم دهزگاكانى هاوكاریی دروست بكات. گواستنهوهى دیمهنهكانى لهخۆدان و شیوهنى كهس و كارى ڕزگاربوو و قوربانیهكان له شوێنى ڕووداو و پرسهكاندا، جگه له پێشێلكردن و نهپاراستنى تایبهتمهندی ژیانى كهسهكان و بڵاوكردنهوهى ترس و بێهیوایى له نێو كۆمهڵگهدا هیچ خزمهتێك به چاكهى گشتى ناكات و بهشداریش نابێ له زیادكردنى هۆشیارى گشتیدا. بۆیه دووباره پێش ههموو كارێكى میدیایی، پێویسته میدیاكار ئهم بنهما ئاكاریه وهبیر خۆى بهێنێتهوه، لهخۆى بپرسێ ئایا ئهم كاره میدیاییه چ زیانێك به خهڵكى دهگهیهنێ، ئهو زیانه ئهگهرییانه چین كه دهشێ لهم ههواڵ و بهدواداچوونه بكهوێتهوه و چۆن بتوانم زیانه ئهگهریهكان كهم بكهمهوه. * مامۆستا و توێژەر لە زانكۆی بیلەفیڵد – ئەڵمانیا
رێبوار کەریم وەلی جیا لەو بارودۆخە تازەیەی کە لەگەڵ هاتنی سوپای تورکیا بۆ قوڵایی خاکی هەرێم هاتۆتە ئاراوە و، بێدەنگییەکی هەمەلایەنی لێکراوە! ئاراستەی رووداوەکان لە ناوخۆی کوردستان بەرەو ناسەقامگیری و پێکدادانی ناوخۆیی دەڕوات. * پارتی لەگەڵ تورکیادا، یەکێکە لە دروستکەرە سەرەکییەکانی ئەو بارودۆخە و لە چەند روویەکەوە وەبەرهێنانی تێدا کردووە. * ئەوەی پارتی دەیکات، چەندین ئامانجی کورت مەودا و درێژ مەودا لەخۆ دەگرێ. تێکچوونی رەوشی ئەمنی و ناسەقامگیری لە کوردستان فاکتەرێکە کە دەکرێ لە داهاتوودا، تەگەرە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دروست بکات، ئەگەر پارتی تا ئەو کاتە دڵنیا نەبێ کە حوکمڕانییەکەی مسۆگەر دەکاتەوە، لە توانایدایە وەک کارتێک بەکاری بێنێت. * کۆنفڕانسە ناوخۆییەکانی پارتی و ئەنجامەکانی، ئاماژەیەکی روون و ئاشکران بۆ بەئەمنی کردنی تێکڕای جومگە سیاسییەکان و ئامادەکاری بۆ قۆناغی پێکدادان و شێواندنی دۆخەکە و، گواستنەوەی ململانێکان لە شەڕی ساردەوە بۆ گەرم. * پارتی لە ماوەی رابردوودا، سەرکێشییەکی قانونیی لە بەرگێکی سیاسیدا کرد. بۆی نەچووە سەرێ تا بەنابەدڵی تەسلیمی ئێران نەبوو، هیچ دەرگەیەکیان بۆ نەکردەوە، کە دەرگاشی لێکرایەوە بە تکا و رجا ئەوەندەی بۆ چووە سەرێ کە هەڵبژاردن چەند مانگێک دوا بخات. ئامانجی راستەقینەی پارتیش هەر ئەوە بوو کە هەڵبژاردنەکان لە ژێڕ سێبەری پۆستاڵ و لولەی تفەنگی جندرمەدا، بەڕێوە بچێت. * راستییەکەی پارتی خۆی سوور دەزانێ لەم هەڵبژاردنەدا ئەوەی مەبەستییەتی نایەتەدی، بۆیە هەموو تەرکیزەکەی پارتی لە ئێستاوەڕا بۆ دوای هەڵبژاردن و راگەیاندنی ئەنجامەکانە. دەزگای(تەزویر) نەک هەڵبژاردن ئەمجارە بێئیش دەبن و کە نەشتوانن تەزویر بکەن، ئەوکاتە ئەنجامەکان بەدڵی ئەوان نابێ و رەتی دەکەنەوە. * یەکێک لە بەهێزترین سیناریۆکان بۆ دوای هەڵبژاردن (ئەگەر پارتی و یەکێتی نەتوانن تەزویر بکەن) رەتکردنەوەی ئەنجامەکانە. ئەوەی پارتی لە ماوەی رابردوودا، کردی وەک پڕۆڤەیەک بوو بۆ دوای هەڵبژاردنەکان. واتا ویستی بە دواخستنی هەڵبژاردن، ئەوە تاقیبکاتەوە کە ئایا دەتوانێ دوای هەڵبژاردنیش بە رەتکردنەوەی ئەنجامەکانی پڕۆسەکە پەک بخات و بەو ئاقارەیدا ببات کە خۆی دەیەوێت؟ یان وا بکات کە هەڵبژاردن دوبارە بکرێتەوە؟ * بۆیە پارتی دەیەوێ وا پێشان بدات کە بە هەڵبژاردن دڵخۆشە و تەنانەت لە رووداوێکی دەگمەندا، سەرۆکی پارتی، سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد بە بۆنەی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن و دەستخۆشیی لێکرد. بەڵام لە راستیدا، پارتی ئاخیر کەس بوو کە ویستبێتی گرێکوێرەکان بکرێنەوە و هەڵبژاردنێکی بێگەرد بەڕێوە بچێ. بۆیە هەڵبژاردنەکان و ئەنجامەکانی لە ئێستاوەڕا ئاسۆیەکی روونیان تێدا بەدی ناکرێ.
د. سەردار عەزیز لاوێکی بیست ساڵانی سەر بە پارتی کۆمارییەکان بە ناوی تۆماس ماثیو کروکس تەقەی لە دۆناڵد ترامپ کرد و بە سوکی گوێی بریندار کرد. تەقەکردنەکە وەها لە قەڵەم دەدرێت بە مەبەستی کوشتن بێت. دۆناڵد ترامپ هەوڵیدا سود لە ڕوداوەکە ببینێت و خۆی بکات بە شەهیدی زیندوو، بۆیە کە هەستایەوە دەستی ڕاوەشاند و هاواری کرد، بەرخودان، بەرخودان. هەرکەسێک چاودێری ئەمریکا بێت، ئەم روداوە هێندە جێگای سەرسوڕمان نیە. چەند ساڵێکە ئەمریکا وەک مەنجەڵێک وەهایە بە سەر ئاگرێکەوە دەکوڵێت. وەک هەموو دۆخێکی دووبەرەکی و ململانێ، خەڵکانەکی زۆر تیایدا سودمەندن و هەوڵدەدەن بەردەوام بێت. ]ئەمە لە کوردستانیش وەهایە]. کۆمارییەکان بە تایبەتی و بە زۆری بڕوایان وەهایە دەبێت توندوتیژی بەکاربێت بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا. گەڕانەوەی ئەمریکا مەبەست لێی گەڕانەوەی ئەمریکایە بۆ سەردەمێکی بەسەرچوو. ئەمە لە دروشمی کۆمارییەکان و ترەمپییەکاندا بە زەقی دیارە، ئەمریکا جارێکی تر مەزن بکەرەوە. هاندانی توندوتیژی لە وڵاتێکدا کە زۆرترین ڕێژەی چەک و چەکداری تیادایە لە نێو هەموو وڵاتە پێشکەوتوەکانی دونیادا، کارێکی ترسناکە. ڕێژەی کوشتن، هێرشکردن، بەکارهێنانی چەک لە ئەمریکا لە ئاستێکی ئێجگار بەرزدایە. ترەمپ زۆر سودمەند دەبێت لەوەی ڕویدا، لای لایەنگرانی کە کەڵتیین، بەو مانایە بڕوایان وەهایە کە کەسێکە لە سەروی مرۆڤی ئاساییەوە، هەستانەوەی ترەمپ بە خوێنەوە و هاوارکردنی شانۆیەکە کە زۆرێک لە شوێنکەوتوانی دەهێنێتە زیکر و تەلیلە. هەتا ئێستا هەموان بانگەشەی یەکگرتویی دەکەن. ئەگەر ئەمە ببێت بە هۆکاری ئەوەی ئەمریکا ڕێگاچارەیەکی تر بگرێتە بەر و بگەڕێتەوە بۆ دۆخێک کە لە پرسە گەورەکاندا حیزبەکان بتوانن سازش بکەن، ئەوا سەرەتایەکی نوێیە. بەڵام زۆرینە گومانیان هەیە. دووشەممە دەبێت ترەمپ جێگرەکەی دیاری بکات، بەڵام دەرکەوتنەوەی وەک گەڕانەوە دەبێت لە مەرگ. ڕۆناڵد ڕێگن سودی لە هەوڵی تیرۆرەکەی بینی لە هەشتاکان. هەندێک لە چاودێران دەڵێن، ئەم تەقەیە گەڕانەوەی ترەمپی مسۆگەر کرد، بۆیە دونیا دەبێت خۆی ئامادە بکات.
د.سەیران تەها ئەحمەد لە پرۆسەیەكی پڕ لە شکۆ وشارستانترین پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی بەریتانیادا لە ٤حوزەیران ٢٠٢٤ لە دوای كەمتر لە ١٢ كاتژمێر دەرئەنجامەكان ڕاگەیەنرا و زۆر بە ئاسانی ڕیشی سوناك سەرۆك وەزیران دەست بەرداری دەسەڵات بوو، دەرئەنجامەكەی قبووڵ كرد وە داوای لێبوردنی كرد لە توڕەبوونی دەنگدەران لە حكوومەتەكەی کرد وە لەو دۆڕاندنە سەختەی لە مێژوویی حیزبەكەیاندا ڕوویداوە، ڕایگەیاند كە بەرپرسیارێتیەكەی هەڵدەگرێت وە تەنانەت واز لە سەرۆكایەتی حیزبەكەشی (پارێزگاران) دەهێنێت، وە ڕکابەرەكەی لە حیزبی كرێكاران (كیر ستارمر) بە پیاوێكی بەڕێز و خاوەن ڕۆحێكی گشتی وەسف كرد. وە سەرەڕای ئەمانەش هەموو هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانیش پچوكترین كاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانە ی خەڵك نەكرد و دەوام نەوەستێنرا، هەموو ڕیكلامی هەڵبژاردنەكان بریتی بوو لە ڤیدۆیەكی دوو دەقیقەی پڕلە مانا بوو كە پوختەكەی (لە پێناو باشتركردنی هەموو بوارەكانی ژیان لە خوێندن، بیمەی تەندروستی، باج، خۆشگوزەرانی، خانەنشینی، ژینگە، داهاتووی نەوەكانتان بڕۆن دەنگ بدەن) كە لۆگۆی هیچ حیزبێكی لەسەر نەبوە، چونكە بە ڕاستی دەنگدان لەو ووڵاتانە ماف و ئەركێکی نیشتمانیە، وە كەس بوێری ئەوەی نیە لەترسی میللەت دەستێوەردانی تێدابكات نە حیزب نە حكومەتی نە دەسەڵاتی پادشایەتی . بەڵام لە ماوەی ٣٣ ساڵەی حكومڕانی كوریدا لە یەكەم ئەزموونیەوە تا ئێستا لە پرۆسەی خۆ ئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنەكان بریتی بووە لە گوێزانەوەی شەڕی كۆنەقین و دوژمنایەتیە كەسیەكان لەسەردەمی شاخ بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكان لە شاردا بەبێ سڵكردنەوە وە بەبێ لەبەرچاوگرتنی حورمەتی خەبات و بەها شارستانیەكان لە پێناو بە دەست هێنانی دەنگی زیاتر و سەركەوتن بەسەر ڕكەبەرەكانیاندا ئامادەبوون پەنا بۆهەمووشێوازێكی ناشارستانی لە تۆڵەكردنەوەی سیاسی لە ماوەی خۆئامادەكردن بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكان ئەنجام دەدرێت، هەر لە تەخوین كردنی یەكتری و هەڵدانەوەی مەلەفی شاراوە و نهێنیەکانی سەردەمی خەباتی شاخ و شار، كەشف كردنی سكانداڵی دەست تێكەڵکردن و هاوكاری كردن و سیخوری كردن لەگەڵ داگیركەران و دامودەزگا ئەمنیەكانی بەعس بووبێت یان میتی توركی یان پاسداران، كە چۆن بوونەتە هۆی لەناوبردن یان هەواڵ لێدان و تەسلیم كردنەوەی سەدان لە هاوڕێیانی سەنگەر و پێشمەرگەی لایەنەكانی تر بێت، تەنانەت زۆر جار كار گەیشتۆتە پەلامادانی ژیانی تایبەتی خێزانی ژن و منداڵەكانی یەكتری؟ ئەوەی جێگەی داخە كە هەڵمەتەكانی هەر خولێک لە خولەكانی پێشتر ترسناكتر و ئابڕوبەرانەتر بەڕێوەدەچن؟ كاتێك لە پیناو هەڵمەتێکی تری خولێکی تری هەڵبژاردن بە مەبەستی دواخستنی بێت یان گرەنتی پشتیوانی ئقلیمی بێت بۆ ڕێگەنەدان بە گۆڕانكاری لە دەسەڵاتی حیزبیدا، چەند شەرمەزاریە دروست کردنی سیناریۆی تاوانکاری بۆ ئەندامانی هێزە ئەمنیەكان لە زۆنی ڕکابەردا، تاوانباركردنی یەكتری یان پەکەکە بە تەقینەوە و ئاگرتیبەردانی بازاڕەكانی كەركوك و هەولێر لە پێناو ئاسانکاری و پاساو هێنانەوە بۆ تورکیا بۆ کاولکاری زیاترو بۆردمانکردنی بە درۆن کۆڵانەکانی شار و قەزا و گوندەكانی سلێمانی. هەرچەندە ئەم سیناریۆیە هەمان شێوازی سیناریۆی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابڕدووە، كەچۆن تەقینەوەكەی زاخۆ خرایە ئەستۆی سەرۆکی حكومەتی هەرێمی ئەو كاتە لە زۆنی سەوز، پاشان بێدەنگی لێکراو، هەر دوای ڕێكەوتن لەسەر دابەشكردنی دەسەڵات و سامان و داهاتی میللەت کەوتنەوە هاوبەشی حكومەت و دابەشکردنی پۆستەكان هەروەك ئەوەی هیچیان بەیەك نەكردبێت و هیچ ڕووی نەدابێت. پرسیارەكە ئەوەیە گەر پەکەکە بیەوێت تەقینەوە بکات بۆ لەناو خەڵکی هەژار نشینی بازاڕ و ناوەندی شارەكانی هەرێم دەیکات ؟ لە کاتێکدا ئەو هەموو تورکیان لە بەردەستدایە بۆ چالاكی سیاسی ، وە بە ئاماژەیەك چۆن توانیان هەڵبژاردنی شارەوانیەكان لەدەستی ئەردۆغان دەربهێنن، بەوجۆرە دەتوانن هەموو شارەکانی تورکیا بکەن بە دۆزەخ، لەلایەكی ترەوە مێژووی خەبات و ئابڕووی سیاسی پەكەكە دوورن لە پەنا بردن بۆ ئەو شێوازە لە كاری تیرۆرستیانە . ترۆپکی بێویژدانی سیاسی وپشتگوێخستنی مێژووی خەبات و ئێستا و داهاتووی، ئەو دەسەڵاتەی خۆی بە نیشتمانی بزانێت بەشێك بێت لە پرۆسەی لەناوبردنی کەرامەت و شكۆی نیشتمانی كە بە پێشمەرگە ناسراوە، ئاشکردن و ناوزڕاندنی هێزە ئەمنیەكان جا هێزەكانی ٧٠ بێت یان هێزەكانی ٨٠ بێت، دژە تیرۆر یان زێڕەڤانی بێت ....هتد هیچ جیاوازیەكیان نیە، شكاندنی شكۆیان شكاندنی شكۆی هەرێم و دەسەڵاتەكەیەتی، كە بەبێ هیچ گوێدان و حساب كردن بۆ ئاسایشی نیشتمانی هەموو جارێك ئەو ڕاستیە دەسەڵمێنن كە هێزە ئەمنیەكان هێزی نیشتمانی نین بەڵکو هێزی دەست بەسەرداگیراون لەژێر دەسەڵاتی حیزب بۆ پاراستنی حیزب دروست كراون. وە هەرگیز مەبەستیان نەبوە، وە نە كار دەكەن بۆ دروست كردنی هێزێکی نیشمانی یەكگرتوو بۆ ڕووبەڕووی دوژمنان( تەنانەت ئەمەریكا و ئەوروپاش بێ هیوا بوون لە ئامۆژگاری كردنیان). ڕاستە نەهامەتی قورسی ژیانی پێشمەرگە، وایكردوە كە ناچاربن هەموو جۆرە كارێك ئەنجام بدەن، جا كاری شۆفێری، نانەوایی، كرێکاری، باخەوانی باخ و ڤیلاكانی بەرپرسەكان بێت تا دەگاتە خزمەتكاری ماڵ و شۆفێری خێزان و مناڵەكانیان بن ئاسایی بێت، بەڵام ئەوەی ئاسایی نابێت كە بكرێن بە جاسوس و ئەنجامدەری كاری تیرۆرستی؟ ئیتر ئەبێت ئیترشكۆی نەتەوەیەك لەكوێدابێت؟ ئیتر دەبێت حورمەتی كوردایەتی و هەڵبژاردنەكان چ نرخێك و هەیبەتێكیان هەبێت؟ كەواتە دروست كردنی سیناریۆی تاوان و دەست درێژی كردن بۆ هەر بەشێك لە دەزگا ئەمنیەكانی هەرێم، هەرچەندە بۆ لابردنی سەرنجە لەسەر هێرشەكانی توركیا، بەڵام جگە لە سووك كردن و ڕسواكردن و نەمانی متمانە بە دەزگا ئەمنیەكان دەرئەنجامێكی تری نابێت. بە دیوێكی تردا ڕسواكردنی كورد و ئەزموونی حکومڕانیە شكستخواردوكەیەتی كە زیاتر شەرعیەتی دەسەڵاتەكەی دەخاتە ژێر پرسیارەوە لە دنیای دەرەوە و ناوەوەدا. هەرچەندە كە باس لە هەڵبژاردنەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی گشتی دەكرێت باس لە كێشەی متمانە و شەفافیەت و بەكارهێنانی فشارە كە پرۆسەیەكی پاك ئەنجام بدرێت، بەڵام كە دەگەینە سەر واقعی هەرێمی كوردستان لە چەند دەیەی ڕابڕوودوودا لە پلەی یەكەم و ترۆپكی ناشریترین ئەزموونی سیاسیە لە ناوچەكەدا هەر لەدواخستنی هەڵبژاردنەكان بە ئەنقەست و دروست كردنی تەنگەژەی سیاسی گەورە، دەرگا داخستنی پەرلەمان بە وویستی حیزبی و ڕێگەنەدان بە چوونە ژوورەوەی ئەو پەرلەمانداری بە دڵیان نەبێت. پەرلەمانێک لەسەر بناغەی تەزویركردنی دەنگی دەنگدەران و پاك نەكردنەوەی لیستی دەنگدەران لە ناوی مردووەكان و فێڵ كردن بە بەكارهێنانی ساختەكاری سوود وەرگرتن لە دەنگی كوردانی پارچەكانی تر( كە ناسنامەی توركی و سوری و ئێرانیان) هەیە بەڕێوە بچێت كە ئەمە بۆ لیستی مووچەش ڕاستە و تا ئێستا گەورەترین كێشەی بۆ فەرمانبەرانی ڕاستەقینە دروست كردووە، وە یەكێكە لە كێشە سەرەكیەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، كە بۆتە هۆی ئابڕووچونی كابینەكانی حكوومەتی هەرێم لەبەردەم دۆست و نەیارەكاندا؟ دەبێت چ هیوایەك بە هەڵبژاردنەكان هەڵبچنرێت، كاتێك كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە مانگی ئایارەوە ڕایگەیاند كە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دواناخرێت و لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ئەنجام دەدرێت. بەڵام كاتێك ئیرادەی حیزب لەسەروو ئیرادەی میللەتەوە دەبێت، نەحساب بۆ بڕیاری دادگا و نە مافی خەلك و میللەت دەكرێت، بەوجۆرە نە ڕێگایاندا هەڵبژاردن بكرێت وە نازانرێت كەی دەكرێت؟ لەبەرئەوە هەڵبژاردن نەك پچوكترین گۆڕانكاری لە بارودۆخی سیاسی هەرێم دروست ناكات بەڵكو هیچ هیوایەكی لەسەر بنیاد نانرێت، جگە لە دەوڵەمەندكردن و ئیمتیاز بۆ گروپێكی ترلە كەسانی حیزبی و نزیكی دەسەڵات فەراهەم دەكات، لەگەڵ زیادكردنی بارگرانیەكی تر بۆ بودجەی هەرێم و بواری زیاتر دەڕەخسێت بۆ چەسپاندنی گەندەڵی. گەورەترین كارەساتی سیاسی لە عێراقێكی سەروەری لەدەستدراودا، كە سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوی كورد بێت جگە لە دەیان پۆستی سیادی وعەسکەری كورد لەناو حكوومەتی عیراقدا، كەچی باس لە هێرشە كاولكاریەكان ولەشكركێشی و بۆردومانەكانی توركیا ناكرێت كە گەورەترین جبەخانە و دەبابە وهێزی پیادە لە سنوری بادیناندا كۆكردۆتەوە، جگە لە زیاد كردنی بنكەی سەربازی کە زیاتر لە ١٠٠ بنكەی هەیە لە ناوچەكەدا، وە لە جێبەجێکردنی پلانی دروست كردنی پشتێنەی ئەمنی به قوڵایى زیاتر لە٤٠ بۆ٥٠ كیلۆمهتر لەناو هەرێمی كوردستاندا؟ وە ئەوەی لە میدیا عیراقیەكانەوە باس دەكرێت و چەختی لەسەر دەكەن كە ئەوەی ڕوودەدات لە ئەستۆی هەرێمە، وە بەهۆی سیاسەتی حكومەتی هەرێمەوەیە كە ڕێگا بە سوپای عیراق نادات هاوبەش بێت لە پاراستنی سنورەكانی هەرێم كە بەشێكن لە عێراق؟ بەڵام پاساو بۆ سەرپێچیو فروانخوازییەکانی تورکیا دەهێننەوە؟ توركیا بێگومان بەردەوام دەبێت لەسەر دەستدرێژیەكانی بۆ سەر خەڵكی كوردستان كە نە لەلایەن عێراق، وە نە لەلایەن حكومەتی هەرێمە بە فەرمی ناڕەزایی دەرنابڕن وە نە داوای كشانەوەی هێزەكانیان لێ دەكەن؟ گەرقبوڵکردنی ئەم بێحورمەتیە سیاسیانەی توركیا ئەوەندە ئاسایی وەربگیرێت ڕەنگە بە پاساو و بیانووی بەهێزترەوە سوود لەم بارودۆخە تێكچوەی ناوچەكەدا وەربگرێت بتوانێت لەشكركێشی بۆ ناو هەولێر و چواردەوریشی زۆر بە ئاسانی ئەنجام بدات، وە پێگەی خۆی زیاتر توندتر و بەهێزتر بكات نەك لەناوچە شاخاوییەكان بەڵكو لە سەنتەری شارەكان. *كۆلێژی یاسا ـ زانكۆی سلێمانی
حەکیم داود قەرەداغیی وادیارە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی هەر سەرکردەی رۆژە سەختەکانی بێ مووچەیی و بێ کاری نییە، بەڵکو رۆژێک سەرۆکوەزیرانی خەڵک و رۆژێکی دیکەش هی خۆڕاگری و هێزە. ئەم گۆڕانکارییە بەردەوامەی سەرۆکوەزیران، زۆر گەڕام لە زمانی کوردیدا وشەیەکی گونجاوم نەدۆزییەوە، بۆیە پەنامبردە بەر وشەی 'میوتەیت mutate'ی ئینگلیزی بۆ وەسفکردنی گۆڕانە خێراکانی سەرۆکوەزیرانەکەمان، کە لە ئینگلیزیدا بە شتێک دەگوترێت بەردەوام لە گۆڕاندا بێت و دۆخێکی جێگیریی نەبێت. راوێژکار و هاوکارەکانی مەسروور بارزانی لەگەڵ هاتنی هەر قەیران و کێشەیەکی نوێدا لەبری داوای لێبووردن لە خەڵک، دێن وشەیەکی نوێ بۆ وەسفی 'سەرۆکوەزیران بارزانی' دادەتاشن. لەڕاستیدا ساڵێکی دیکە تەمەنی حکومەتە کاربەڕێکەرەی بەردەوام بێت، ئاوەڵناوی وەسفی لە زمانی کوردیدا نامێنێت بۆ وەسفی سەرکردەکەیان بەکاریببهێنن. لە دوایین مانگدا کە ئادار بوو، دوای سووتانی چەندین بازاڕی هەولێر و لەنێویشیاندا قەیسەری، مەسروور بارزانی ناونرا 'سەرۆکوەزیرانی خەڵک". نیسان بوو ناونرا 'سەرۆکوەزیران و پیاوی تەنگانە'. لە سەرووتاری ئاڤا میدیا، کە راستەوخۆ لەلایەن خۆیەوە پشتیوانی دارایی دەکرێ، مەسروور بارزانی زیاتر لە ١٠ جار وەسفکراوە، لەنێویاندا پیاوی دەوڵەت و ئەرکە سەختەکان' و 'بەهێز و خۆڕاگر'، 'حەکیم'، 'چەتری پاراستنی خەڵکی کوردستان، 'نەبەرد'، 'سەرکردەیەکی تەواو جیاواز و خاوەن دیدگا و پلانی درێژخایەن'. نووسەر دەڵێت مەسروور بارزانی بووەتە 'ببێتە چەتری پاراستنی خەڵکی کوردستان' و "بە پشتبەستن دونیابینییە تەندروستەی بۆ حوکمڕانییەکی شایستە هەیەتی، جارێکی دیکە هەموو نەیارەکانی بێ هیواو خەڵکی کوردستانیشی هیوابەخش کردەوە" و هەروەها "سەرۆکوەزیران نەبەردانە وەستایەوە بەرامبەر هەموو فشارە ناوخۆیی و ئیقلیمییەکان". جاران میدیاکانی نێچیرڤان بارزانی لە سەردەمی سەرۆکایەتی حکومەتدا ئەویان بە 'نەرم لە ناوخۆ و بەهێز لە دەرەوە' ناودەبرد، ئێستا هیچ ناڵێن چونکە بەڕاستی نزیکەکانی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی دەرفەت نادەن هیچ وشە و ئاوەڵناوێک مانگێکی بەتاڵیان هەبێت. لەڕاستیدا خوێندنەوەیەکی بێلایەنانە بۆ کابینەی نۆیەم ئەوە دەردەخات لە چەند بوارێکدا کاری باش کراون بەتایبەت گرنگیدان بە کشتوکاڵ، بەڵام لە بوارەکانی دیکەدا کوردستان لە سەردەمی نێچیرڤان بارزانیدا زۆر باشتر بوو. بۆ نموونە هەرێمی کوردستان یەکگرتوو تر و یەکدەنگتر بوو، شەفافیەتی دارایی زیاتر و ئازادی بیروڕا فراوانتر و کاری میدیایی ئازادتر بوو. دەکرێ لەڕێگەی میدیا و راگەیاندنەوە سەرکردە و دەسەڵاتێک بۆ ماوەیەک خۆی و خەڵکیش بخەڵەتێنێت بەوەی هەموو شت زۆر باشە و وڵات شامی شەریفە، ئەوەی بۆی ناکرێ ئەوەیە بەری راستی بە بێژنگ ناگیرێت و رۆژێک دێت تووڕە و ناڵەی خەڵکی هەژار و زوڵملێکراو لە خەوی غەفڵەت رایاندەچڵەکێنێت.
د. نیاز نەجمەدین جیهانی ئەمڕۆ ئاسان نییە، زیاتر خەرجکردنی لێمان ئەوێ وەک لە خۆشەویستیی. ئەگەر پارەت پێ نەما کێشە نییە، وەرە و کاتەکانتمان بەرێ، لەگەڵیشیدا پلانی کڕین دابنێ. گرنگ ئەوەیە خەرج بکەیت ئیدی لە بازاڕی واقع بێت یان دنیای مەجازیی سۆشیەل میدیا، پارە بێت یان کات. جیهانی ئەمڕۆ گۆڵکردنی لێمان دەوێت، تەنها ئەو گۆڵە نا لە تۆپی پێدا دەیبینین بەڵکو بە واتا مەجازییەکەشی: فێڵ و کڵاوکردنەسەر! کێ گۆڵ بکات ئەوە سەرکەوتووەکەیە، ئەویش چێژدەبینێت. گرنگ بردنەوەیە. دۆڕاو بە دۆزەخ ئەگەر نەیزانیوە گۆڵ بکات، با هونەرێکی بەرز و پاکیشی پێشکەش کردبێت. مەگەر کەمجار دەنا کەس بەخشیشێکی بۆ هونەری بەرز و پاک پێ نییە. دنیاکە وای لێ هاتووە بە خۆت نەزانیوە کەوتوویتەتە ناو یارییەکی پیسەوە. سوریا، ئۆکرانیا و فەڵەستین نموونەی ئەو یارییەن. رەنگە هەڵە نەبم کە بڵێم خۆشترین کاتەکانی یەکێتیی و پارتیی لە پەنجا ساڵی رابردوودا ئەو کاتانە بووە گۆڵیان لە یەکتر کردووە. حکومەتی عێراق و هەرێم خەمێکی هاوبەشی گشتییان نییە هێندەی گەمەیەکی ناشیرین (dirty game) لەگەڵ یەکتر دەکەن. ژینگەی نوێ خەریکە جۆرە کەلتورێک دەسەپێنێت هەموومان بکات بە مرۆڤێکی چاولەدەر. لە مۆبایلەکەمانەوە چاومان لە دەرەوەیە و یەکەم شوێن ئارامیی ماڵەکەمانی لەسەر دەدۆڕێنین. دەبێت ماڵەکەی خۆت جێهێڵیت و بە قوڵیی بچیتەناو ماڵە گەورەکەوە، ناو جیهانی کێبڕكێی کڕین و سەفەرکردن و گۆڕینی خێرای کەس و شتەکانت. ئەوەی لەم هەنگاوەدا لەگەڵت نییە و نایەوێت ئەم سەفەرە بکەیت، رەنگە وەک دواکەوتوو وەسف بکرێت. خێزان، خۆشەویستیی، هاوڕێیەتیی و شتی لەو چەشنە سەر بە دنیای کۆنە و دەبێت لەناوبچن بەتایبەت کە رێگرن لەوەی وەک شەکر لە ئاوی دنیادا بتوێیتەوە. تۆ دواکەتوویت ئەگەر وەک ژنێک لە ماڵەوە دانیشیت و سەرقاڵی بایەخدان بە خێزانەکەت بیت، چونکە ئەوەتا سەرمایەداریی پەیمانی پێداویت حوکمی پیاوت(باوکسالارییت) بە پارە بۆ لەناو دەبات بەبێ ئەوەی تێچووی ئەم پرۆسەیەمان پێ بڵێت، بەبێ ئەوەی پێمان بڵێت ئەمە تا کوێ ئازادبوونی ژنە و لە کوێدا فۆرمێکی نوێی ئیستیغلالکردنیەتی. لەمڕۆدا، لە یاریی و چیرۆکێکدا نەبیت یان جەماوەری یارییەک نەبیت، هەست بە بەتاڵیی دەکەیت. یارییزانان خەمی سەلامەتیی و دڵخۆشیی ئەوانی دیکە/تۆیان نییە، هۆشیان بە ئازاری ئەوانەوە نابێت کە تا بەیانی لەناو جێگەکەیاندا دەتلێنەوە تەنها لەبەرئەوەی لە یارییەکەیان نەزانی. کەم لەم یاریزانانە بۆیان گرنگە تۆ لەناو گەمەکانی ئەواندا چیت بەسەر دێت، چۆن دەپڕوکێیت، چۆن خشت بە خشتی مەعریفەت دەڕزێن و دەڕوخێن. بە کورتییەکەی، کەس لە خەمی دۆڕاوەکاندا نییە، ئیدی منداڵێکی قوربانیی جەنگەکان بێت، سیاسییەکی راستگۆ و دڵسۆز بێت، ئەندام و کارمەندێکی حزب یان کۆمپانیا یان حکومەت بێت کە نایەوێت بە ملشکاندن سەرکەوێت، دەوڵەمەندێک بێت کە نایەوێت پاشکۆی سیاسییەکان بێت، عاشق یان مێرد یان ژنێک بێت بۆ هەوا و نەفەسی دنیا پشت ناکاتە مەعشوقەکەی/هاوسەرەکەی. دۆراوەکان ئەوانەن زوو زوو بە خۆیان دەڵێن :" کاکە ناوچەوانەکە نایکات!". تۆ راست دەکەیت، هەوڵەکانت ناتوانن ناوچەوانەکەت بۆ بگۆڕن، بەڵام لەبەرئەوە نیە خودا بڕیاری لەسەر داوە، یان خۆت نەفام و نەخوێندەواریت، بەڵکو لەبەرئەوەیە تێکەڵ بە گەمە ناشیرینەکە نابیت. شەست ساڵ لەمەوپێش ژنان بە تەنەکە ئاویان دەبرد بۆ ماڵەکانیان و منداڵان سورێژە و کۆکەڕەشە دەیکوشتن. سی ساڵ لەمەوپێش خەڵک لەناو پاسدا جگەرەی دەکێشا. پانزە ساڵ لەمەوبەر سەڵت بویتایە قێزەون سەیر دەکرایت، دەکەوتیتە ژێر فشارێکی بێمانای قورسی کۆمەڵایەتیی و هەر کەس بیبینیتایە دەیوت بۆ ژن ناهێنی، بۆ شوو ناکەیت و پێیان رەوا نەدەبینیت تەنها بژیت ئەگەر خۆت دڵت پێی خۆشە. ئەم هەموو پێشکەوتن و گۆڕانکارییە دڵخۆشکەرانە بەشێكی دەرگاکردنەوە بوو لە بەردەم تاکدا تا دوای بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆی بکەوێت. بەڵام ئێستا هاوسەنگییەکە تێکچووەتەوە و بەرژەوەندیی تایبەتیی زۆر دوور رۆشتووە. ئەمجارەیان دروستکردنی خێزان دواکەوتووییە، عاشقبوون گەمژەییە، پاکێتیی لە سیاسەتدا ساویلکەییە، خوێندن و خۆفێرکردن نەفامییە، دڵسۆزیی لە کارەکەتدا کەم عەقڵییە، تا نەوت وەستا بێت ئەوا پێشکەوتن لە رێی کشتوکاڵ و پیشەسازیی و زانست و توێژینەوەوە خاوەخاو و نەنگییە، و هەر بەو شێوەیە. بەو دیودا، ناساندنی وێنەی خۆت، فراوانکردنی دەسەڵاتت، خۆدەوڵەمەندکردن بە هەر رێگەیەک بێت زیرەکییەکەیە و خەرجکردنیش چێژەکەیە. جیهانی ئەمڕۆ بۆ تاک ئاسان نییە، دەترسم یەک یەک و وردە وردە سەرسام بین بەو جۆرە یاریزانانە و بەئاگا یان بێئاگا بەرەو قوڵایی یارییە ناشیرینەکە هەنگاو بنێین.
د. كامەران مەنتك دۆخی هەرێم گەیشتۆتە ئاستێك چاوەڕوانی رووداوی زۆر مەترسیداری لێدەكرێت، لەلایەك لەسەر ئاستی جیهانی سیستەمێك خەریكی ماڵئاوایی كردنەوە وسیستەمی نوێی جیهانی هێشتا رێكنەخراوە نەچەسپاوە، ئەمە جۆرە فەوزاو ململانێیەكی ترسناكی لە سیاسەتی جیهانیدا هێناوەتە بەرهەم، كە سەرتاپای مرۆڤایەتی خستۆتە بەردەم ئەگەری شەڕێكی گەورەی جیهانی، هەرچەندە ئەو ئەگەرە لاوازیش بێت، بەڵام بوونی هەیە! لەلایەكی تر سیستەمی هەرێمی خەریكە خۆی كۆدەكاتەوەو ئەو كێشانە چارەسەر دەكات، كە دوای روخانی بلۆكی رۆژهەڵات سەریانهەڵدا، بۆ نمونە سیستەمی سیاسی لە ئێراق كەوتۆتەوە سەرپێی وخەریكە نەك هەر مەترسی هەڕەشەی دابەشبوونی لەسەر نامێنێت، بگرە ناوەند هێندە بەهێز بووە، كە بە جدی كار لەسەر گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی ناوەندی دەكات، بەمەش هەموو ئەو شتانە كەوتۆتە ژێر هەڕەشەوە، كە لەدوای راپەڕینەوە كەوتۆتە دەست كورد، دۆخی سیاسی ناوچەكە بە ئاڕاستەی قۆناغێكی تر لەشەڕی ساردو بە تامپۆنبوونەوەی كوردستان لەرووی جیۆپۆلەتیكییەوە، سیماكانی بە دیاركەوتوون. ئێراق وەك ئەندامێكی كارا لەو سیستەمە هەرێمییەی لەرێگەدایە، كە زۆر لە قۆناغی شەڕی ساردی یەكەم دەچێت، خەریكە رۆڵی گەورە دەگێڕێت، هەوڵەكانی بۆ بەیەكەوە كۆكردنەوەی ئەسەدو ئەردۆگان زەنگی مەترسییەكی ترسناكە بۆ دامەزراندنەوەو بەهێزكردنەوەی مەنزومەیەكی هەرێمی، كە هەمدیس جێگەی كوردی تیا نابێتەوە، وەك دەرهاویشتەیەك بۆ ئەو گۆڕانكاریانە، كار لەسەر ئەوە دەكرێت، رژێمە دزێو بووەكەی ئەسەد بگەڕێنرێتەوە سەر گۆڕەپانیی نێودەوڵەتی وخەریكە پڕەنسیپی سەروەری لە سوریا بە كردەیی دەكەوێتەوە كار، كە پێشتر ئێجگار كاڵ ببووەوە. هێندەی پەیوەندی بەكوردەوە هەیە، باكوور شێلگیرانە خەباتێكی مەدەنیانەی پێشكەوتوو دەكات ودەزگای وای دامەزراندووە، كە لە هەڵبژاردنەكاندا ململانێ لەگەڵ گەورەترین هێزە دەسەڵاتدارەكانی توركیا دەكات، لەرووی سەربازیشەوە هێزێكی تۆكمەی وای دامەزراندووە، كە هیچ هێزێك نەتوانێت بیسەنگرێتەوە ورووبەڕووی هەموو مەترسییەك دەبێتەوە، بەڵام بیركردنەوەی كلاسیكی وپێكهاتەی حزبی لە باشوورو رۆژهەڵاتی كوردستان نەك هەر یارمەتیدەر نین بگرە كۆسپی گەورە نەك بە تەنیا بۆ باكوور بگرە بۆ هەموو كوردستان دروست دەكەن، رۆژهەڵاتی كوردستان بە تەواوی سركراوەو هێزە سیاسیی وچەكدارەكانی تا رادەیەكی زۆر قۆڵبەست كراون، باشوور، ئەو هەرێمەی خەونی هەموو كوردستان بوو، ئێستا بە كردەیی شكستی هێناوەو لەناوەخۆ هەڵوەشاوەتەوە، ئەو ئەزموونە نەك هەر نەیتوانی لە ماوەی سی سێ ساڵدا سەركەوتن بەدەست بێنێت، بەڵكو كرایە ئامڕازێكیش بۆ لێدانی بزووتنەوەی كورد لەهەموو پارچەكانی كوردستان، بەرژەوەندیخوازی حزبی وبنەماڵەیی وایكردووە نەك هەست بە مەترسی قۆناغەكە نەكرێت، بگرە لە دۆخێكی ئاڵۆزی وەكو ئێستادا خەریكە دەهۆڵی شەڕی ناوەخۆ دەكوتنەوە وتەڕو وشك بەیەكەوە دەسوتێنن! بۆئەوەی هەرێم لەو مەترسییە ناوەخۆ ودەرەكییانە رزگاربكرێت، كە بەداخەوە بەهۆی ئەو هۆكارانەی ئاماژەمان پێكرد لە توانای كورد خۆیدا نییە، بۆیە بەپشت بەستن بە مادەی 77 لەبەندی دوازدەی میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان، خەڵكی كوردستان بۆیان هەیە، داوای سەرپەرشتیكردن(وصایة) لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بكەن، باشترین چارەسەر ئەوەیە هەرێمی كوردستان ببێتە ناوچەیەكی لە چەك داماڵڕاو ئەركی پاراستنی بكەوێتە ئەستۆی كۆمەڵگەی نێودەولەتی، بەمەش دەتوانێت لە لایەك خۆی بپارێزێت، لەلایەكی تر سەقامگیرییەكی وا بێنێتە دی، كە هاوڵاتیانی ئەو هەرێمە بتوانن بە ئارامی وئاسوودەیی ودوور لە هەڕەشەكان بژین، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە زۆرترین ئیمزا كۆبكرێتەوەو لەرێگەی داوایەكەوە پێشكەش بە نەتەوە یەكگرتووەكان بكرێت.
پ. د. سەعید عەلی لەوكاتەوەی حكومەتەكەی (عومەر حەسەن بەشیر) ڕوخێنرا (جەنەڕاڵ عبدالفتاح بورهان) و جێگرەكەی (موحەمەد حەمدان داغالو) كە بە حەمیدەتی ناسراوە دەسەڵاتیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكرد ، یەكەمیان وەك سەرۆكی دەوڵەت و دووەمیشیان وەك جێگر! (موحەمەد حەمدان حەمیدەتی) سەرۆكایەتی هێزی دەستێوەردانی خێر دەكات كە لە (100) هەزار سەربازیی میلیشیای جەنجەوید پێكهاتووە و بە ئەنجامدانی قەسابخانەكانی دارفۆر تۆمەتباركراوە. بێگومان توانای دارایی (عبدالفتاح بورهان) لە بەڕێوەبردنی كۆمەڵێك كۆمپانیادایە كە سەر بە دەوڵەتن ، لە كاتێكدا (موحەمەد حەمدان حەمیدەتی) پشت ئەستوورە بە چەندین ( كانی ئاڵتونیی ) كە بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیاكانی (فاغنەر)ی ڕووسی كە هەلی دەسەڵات گرتنیان بەسەریدا بۆ ڕەخساند دەبرێن بەڕێوە ! ئەم دوو جەنڕاڵە عەسكەرییە لەلایەك ئیمارات و ڕووسیا پشتیوانی و هاوكاریی یەكێكیان دەكات كە (حەمیدەتیی) یە ، لەلایەكی تریشەوە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی یارمەتی و هاوكاریی پێشكەش بە (عبدالفتاح بورهان) دەكەن! (عبدالفتاح بورهان) سوور بوو لەسەرئەوەی (هێزی دەستێوەردانی خێرا) كە لەژێر كۆنتڕۆڵی حەمیدەتی دایە بخرێتە چوارچێوەی هێزە چەكدارەكانی سوودان وەك مەرجێكی پێشوەختە بۆ ئاشتەوایی كردن ، لەبەرانبەردا (حەمیدەتی) سوور بوو لەسەرئەوەی دەسەڵات لە سووداندا تەسلیم بە ( بزووتنەوەی گۆڕانكاریی چەپڕەو) بكرێ و هێزەكانی تریش بەبیانووی توندڕەویی و توندوتیژیی دوور بخرێنەوە ، كە ئامانج لەم داوایەش بەركەناركردن و پەراوێزخستنی هێزە سیاسییە زیندووە چالاكە ڕەسەنەكانی ئەو ووڵاتە بوو! بەبڕوای چاودێرانی سیاسیی سەرەڕای ئەو هەموو ئاڵۆزییە سیاسیی و شۆڕشە جەماوەریی و جەنگە قەبەلیانەی لە ڕابردوودا یەخەی سوودانیان گرتووە ، بەڵام بەدرێژایی سەدەی ڕابردوو مێژووی هاوچەرخی ئەو وڵاتە هیچ شەڕو توندوتیژیی و ڕووبەووبونەوەی سەربازیی سەخت و خوێناوی و كارەساتباری وەك ئەوەی ئێستە لە خەرتووم و ویلایەتەكانی تر هەیە تۆمار نەكرد ووە!! سەرچاوە باوەڕپێکراوە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە دەڵێن : ئەوەی ئێستا لە ناوخۆی سووداندا هەیە تراژیدیایەکی بێ وێنەیە ، چونکە هەموو سێ خولەکێک یەکێک دەکوژرێ ، خەڵک بەزۆر ناچار دەکرێ لەپاڵ تەرمی کەس و کاڕەکانیاندا خۆیان بەزیندوویی بخەنە ژێر گڵەوە و خۆیان بەخاک بسپێرن ، منداڵان ناچار دەکرێن بەزۆر هەندێکیان هەندێکی تریان بکوژن ، خەڵک بەزیندوویی دەسووتێنرێ ، ئافرەتان ناچار دەکرێن بەزۆر منداڵەکانیان بخەنە نێو ڕۆنی گەرم و قرچاوەوە ، قەدەغە کراوە لەسەریان جیهانی دەرەوە بە حاڵ و بارودۆخ و ژیانی کارەسات باریان بزانێ و ، دیمەنە جەهەننەمیەکانیان بگوازرێنەوە بۆ میدیاکان و ڕاگەیاندن.! ئەم دیمەن و تراژیدیاو ڕووداوانەی سوودان دەیسەلمێنن كە بەرەی ( ڕوسیا و ئیمارات ) و نزیكەكانیان كە پشتیوانی لە (حەمیدەتی) دەكەن ، سەرگەرمی جێبەجێكردنی نەخشەیەكن بۆ پارچە پارچەكردنی جیهانی ئیسلامی و، پەكخستنی ئەو پڕۆژانەی كە دەیانەوێ لەچوارچێوەی دیموكراسییەتی ڕاستەقینە و سندوقەكانی دەنگدانەوە گۆڕانكاریی لە سیستمی سیاسی دەسەڵاتەكاندا بكەن و وەرچەرخانی گەورە لە ژیانی سیاسیی و كۆمەڵایەتی میللەتەكانی ناوچەكەدا بهێننە كایەوە ، ئەم هەوڵەش لەچوارچێوەی زنجیرە هەوڵێكی تردا دێت كە بە بەركەناركردنی ( موحەمەد مورسی ) سەرۆكی هەڵبژێردراوی شەرعی میسرو سەپاندنی (عبدالفتاح سیسی) ، هەروەها لێدان لە شۆڕشی گەلانی سوریا و لەباربردنی شۆڕشەكانی یەمەن و فەرزكردنی حوسیەكان دەستیان پێ كرد! جەنەڕاڵ (حەمیدەتی) و چەكدارەكانی وێنەیەكی ترە لە وێنەكانی مافیا و میلیشیا لە یاسا دەرچووەكانی ناوچەكە كە لەلایەن وڵاتانی زلهێزی وەک ڕوسیاو میلیشیاکانی ( فاغنەر )ەوە پشتیوانی دەکرێ و چەندین قەسابخانە و تاوانی گەورە گەورەیان دژ بە دانیشتوانی بێ تاوانی دارفۆرو ناوچەکانی تری سوودان ئەنجام داوە و ، هێزو چەک و توانا و یارمەتی هەمەجۆری وڵاتانی دەرەوە بۆ سەركووت كردن و قەتڵوعام كردنی گەلی بەشمەینەتی سوودان بەكاردەهێنن. وانەیەكی تاڵ بۆ ڕەوتە ئیسلامییەكە : دوای لادانی (عومەرحەسەن بەشیر) ئەو دوو جەنەڕاڵە سەربازییە سەپێنراوە هەموو جوڵە و چالاكییەكی تری هێزە ئازادیخواز و گۆڕانخوازەكانی تری ئەو وڵاتەیان قەدەغەكرد ، دواتر لەژێر ناونیشان و لافیتەی (لیژنەی بنەبڕكردنی دەسەڵاتی پێشوو) دەستیان كرد بە پڕۆسەی گرتن و ڕاوەدوونان و ڕیشەكێش كردنی ئەندام و لایەنگرو كادیرو هەوادارانی (كۆنگرەی نیشتمانی بزووتنەوەی ئیسلامی) ئەو وڵاتە! ئەوەی لەم دیمەنەدا جێی سەرسوڕمان بوو: ئیسلامیەكان كاتێك چینی دەستڕۆشتووی نێو دامەزراوەی سوپا و هێزە ئەمنیەكانی ئەو وڵاتە بوون بە درێژایی ماوەی (30) ساڵی دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی ڕژێمی پێشوو ، كەچی سەركردایەتی نوێی ڕەوتە ئیسلامییەكە چاوی لەو هەموو هەنگاوانەی ئەو دوو جەنەڕاڵە لە یاسا دەرچووە سەپێنراوەی دەرەوە پۆشی و، هیچ بایەخ و گرنگییەكی ئەوتۆشیان بەو هەموو ڕووداوە كارەساتبارانە نەدەدا كە ڕۆژانە دەهاتنە پێش ، سەركردایەتی نوێی ڕەوتە ئیسلامییەكە تەنها گرەوی لەسەر ئەوە دەكرد لەڕێی سندوقەكانی دەنگدانەوە لە هەڵبژاردنێكی گشتی نزیكدا جارێكی تر دەگەڕێنەوە سەر شانۆی دەسەڵات و بارودۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە! ئیسلامییەكان دڵیان تەنها بەو بیرۆکەیە خۆش بوو ، هیوایەکی ئێجگار گەورەشیان لەسەر هەڵچنیبوو !! كاتێك سەركردە و ڕەمزە دیارەكانی ئەو ڕەوتە ئیسلامییە ئامۆژگاری دەكران بەوەی دەستەوسان نەوەستن و پاڵی لێ نەدەنەوە و ئومێد لەسەر داهاتووی نادیار هەڵنەچنن ، كاتێك پێیان وتراوە : ئاگاتان لێ بێ و ووریا بن و ئەوەی ڕوودەدات سەرەتایەكە بۆ بنەبڕكردن و ڕیشەكێش كردنتان و، بەهیچ شێوەیەك ئومێدتان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەبێ ، لەوەڵامدا بڕیارو بۆچوونیان ئەوە بوو : ئامادەی بەرگەگرتن و قەبووڵ كردنی هەموو جۆرە ئێش و ئازارێكن تەنها لەپێناو مانەوەی سووودان بە یەكپارچەیی! ڕۆژان تێپەڕیان كردو جەنەڕاڵ (حەمیدەتی) شەڕی هەڵگیرساند و داوای یارمەتی لە هەموو دەوڵەتانی دراوسێ و هێزی دەرەكی كرد تا ڕادەی ئەوەی (خەرتووم)ی پایتەخت بە یەكجاری وێران بوو، هەروەها ئەو جەنەڕاڵە سەپێنراوە دەسەڵاتی بەسەر زۆرێك لە ناوچەكانی هەرێمی دارفۆردا گرت و، دواتریش ویلایەتی (جەزیرە)ی خاوەن پێگەی ئیستراتیژی كۆنتڕۆڵ كرد ، لەم دواییانەشدا هێرش و پەلاماری بۆ سەر ویلایەتی (سەنار) دەستی پێكرد! هاوكات لەگەڵ تێپەڕبوونی خێرای ئەم ڕووداو و پێشهاتانە لە دەرەوەی وڵات لەلایەن وڵاتانی زلهێزو دەست ڕۆشتووەوە و بەچاودێری و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی ئیمارات و وڵاتانی كەنداو نوخبەیەكی سیاسیی كۆنی سوودانی ئامادەكران بۆ گەڕانەوە بۆ سوودان و گرتنەدەستی دەسەڵات دوای كۆتایی هاتنی شەڕەكان! لێرەدا ڕەوتە ئیسلامییەكەی ئەو وڵاتە بەهۆی لاوازیی هۆشیاریی سیاسیی و تێڕوانین و لێكدانەوە هەڵەكانیانەوە دەبێ ئەو ڕاستییە بزانن كە بەشێك لە كەمتەرخەمی ئەو بارودۆخەیان لە ئەستۆدایە و، دان بەو ڕاستییە حاشا هەڵنەگرەدا بنێن كە دەست هەڵگرتن لە مەیدانەكە و تەسلیم كردنی چارەنووسی وڵات و میللەتێك بە لایەنی ڕكابەروو دووژمن ، هەروەها خەیاڵ پڵاویی و ڕاكردن تەنها بەدوای ئاوات و ئومێدی پشت ئەستوور بە سەراب ، تەنها و تەنها ئەوە ئەنجامەكەیەتی كە هەمووان هەستی پێدەكەن و لە ئاستیدا دەستەوسان بوون! زۆرجار نەزانیی یان خۆلادان و خۆگێل كردن لە دەركردنی بڕیاری سەخت و نواندنی هەڵوێستی توند و شیا و لە كات و سات و هەلومەرجی گونجاوی مێژوویی خۆیدا باجی قورس و گران بەدوای خۆیدا دێنێ و زۆر بە ئاسانی تۆ دەكاتە قوربانی دەستی ئەو بەرانبەرەی كە سڵ لە هیچ ناكاتەوە.