بازاڕی کاری حزبیی

Draw Media

2024-08-13 19:51:23



د. نیاز نەجمەدین
من زۆر لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نیم کە ئەڵێت خەڵک دەیانەوێت ببنە ئەندام پەرلەمان تا نانێکی چەوریان هەبێت. دەکرێت خەڵک هەبێت زۆرتر پەیدا بکات وەک لە موچەی پەرلەمانییەکەی. ئیش و موچەی سەقامگیر دەشێت پاڵنەر بن، بەڵام مەسەلەکە زیاترە لەمانە و دەهێنێت وردتر لێی بڕوانین.
یەکەمیان 'گێڕانەوەی ئەزموون'ە. ئەوانەی بوونەتە ئەندام پەرلەمان زۆر بە زەحمەت بە دۆستەکانیان دەڵێن "تکایە خۆت کاندید مەکە". بەپێچەوانەوە، بۆیان باس دەکەن کە دەگەن بە دنیایەک زۆر دوورە لەو دنیایەی ئیشی ئێستایان بۆیان دابین دەکات و خەڵکی سادە دەیبینێت. دنیایەکە بە مرۆڤی بەناوبانگ (بۆ نمونە سیاسیی، هونەرمەند، هتد) ئاشان دەبیت و باس و مەجلیسەکانت دەگۆڕێن. دنیایەک چین چین چنرابێت، هەستبزوێنە و وروژێنەرە بزانیت چی تیادا دەگوزەرێت. لە بەرامبەردا، ئەزموونی فەرمانبەران و هەندێک لە بەرپرسانی حکومەت (وەک سەرۆکی بەشێک لە زانکۆیەکدا)، پتر تفت و تاڵ و بێتامە، هیچی تر نییە جگە لەوەی لێرە و لەوێ بەڕێوەبەرەکەی دەستخۆشییەکی لێ کردووە، یان لە سوچێکدا باوەشێک و دوو فلسی دەست کەوتووە. دنیایەکە تۆ دەزانیت مردوویت بەر لەوەی بمریت.
دووەمیان تۆڕی پەیوەندیی و دەسەڵاتە. کاری پەرلەمانتاریی نێتۆرکێکی بەرفراوانت پێ دەناسێنێت. لەو رۆژە پێت دەڵێن تۆ کاندیدیت، ئیدی دەکەویتە نمایشکردن، پاشان دەرگا بە دەرگا بۆی هەیە ماڵان و دامەزراوەکان بگەڕێیت. حزبێک بە توانایەکی سەرسوڕهێنەرەوە پشتیوانتە و کۆبوونەوەت بۆ رێکدەخات. ئەوانەش تا دوێنێ سەلامیان لێ نەدەکردیت، ئەمڕۆ وا خۆیان کەوتونەتە ژێر کاریگەریی تەلیسمی کاندیدبوونتەوە و دانە دانە دێنە پێشەوە، پێت دەڵێن "چۆن لە خزمەتدا بین؟". کاندید یاریزانی حزبە و رەنگە پەیمانی ئەوەشی پێ درابێت کە ئەگەر ئەم پۆستە نەبوو، شتێكی تر وەردەگرێت. هەرواشە، بازاڕەکە لەبەردەم حزبدا زۆر کراوەترە وەک لەوەی تاک و تەنها پیایدا بێیت و بچیت. لەمانەش زیاتر، دەسەڵاتەکە دەگاتە بڕیاردان. لە کوێ بڕیارت بەسەردا بسەپێنرێت و لە کوێ چمکێکی بڕیاردانت بە دەستەوە بێت؟ لە بەرامبەردا، فەرمانبەرانی حکومەت هەمان دەرفەتی دروستبوونی تۆڕی پەیوەندییان نییە. تەنانەت بەبێ حزب دەسەڵاتیان زۆر کەمە. هەرچی کۆمپانیاکانیشە، گروپێکیان و لەناو ئەم گروپەشدا گروپێک خەڵک هەمان دەرفەتی کەسی حزبییان هەیە، ئەوانی دیکە لە رووبەری زۆر بچوکدا رۆڵیان پێ دەبەخشرێت. پر دەبن لە کەئابە و نازانن چۆن رۆژ بەڕێ بکەن. بۆیە ژیانی حزبیی رەنگە تەنانەت بۆ ئەمانیش سەرنجڕاکێش بێت.

سێیەمیان ئالوودەبوونە. حزب شوێنێکی نەوەستاوە، پڕ جوڵە و شەپۆلە. زۆر زوو ئالودەی یارییەکانی دەبیت و هاوکارت دەبێت لەوەی حەبلی دڵت بە ئالودەبوونەکانی پێشوترتەوە بپچڕیت. سەیری کادران و ئەندامانی یەکێتیی و پارتیی بکەن. لەناو خۆیاندا، دەیان یاریی هەیە ئالوودەی بوون، لەوانە باڵباڵێن و شەڕی تەکەتولەکانی ناو حزبەکە و چاوەڕوانی ئەوەی کێ لە کۆتایی ئەم فیلمەدا دەیباتەوە و کێ هەق لە کێ دەکاتەوە. شەڕی نێوان دوو حزبەکەش بۆ خۆی یارییەکی تری سەرنجڕاکێشە، وەک ئەوەیە نەک چوار ساڵ جارێک بەڵکو هەفتانە پێویست بکات پاڵەوانێتییەکە ببەیتەوە. بردنەوە و سەرکەوتن مەرج نییە پەیوەندییان بە توانا و کارامەییەکەوە هەبێت کە خزمەت بە خەڵک بکات و سیفەتی سەرکردەیەک بن کە دنیا بۆ ئێمە باشتر دەکات، رەنگە زیاتر ئەوە بێت ئەو لە بەرامبەر حزبێک یان تەکەتولێکی تردا یارییەکی باشتری کردووە. ئەم خاڵەش کەمتر لە کاری بزنزی بچوک (وەک دوکانداریی) یان بۆخۆکارکردن (وەک شۆفێریی) یان کۆمپانیا مامناوەند و زەبەلاحەکان یان بەشی گەورەی حکومەتدا هەن. لێرە زیاتر بۆ موچە دەژیت. زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجیی شەڕێکی نەبڕاوەیەی پڕ دڵەڕاوکێیە.
خۆ من ناڵێم بە هیچ شێوەیەک خەمی گشتیی و خزمەتی خەڵک لە دامەزراوەیەکی بەهێزەوە خەمی کاندید نییە. بێگومان ئەم پاڵنەرەش لای هەندێک هەر هەن و دەبن. هاوکات دەشێت هەندێک لەو پاڵنەرانەی باسم کردن مافی تاک خۆیان بن. بەڵام کورتەی باسەکەی من پیشاندانی هەندێک خاڵی نەرێنییە و بەم شێوەیە دەیڵێمەوە:
کەسی حزبیی دەرفەتێک و دووان و دەی لەبەردەستە و هەست دەکات بەسەر هەردوو کەرتەکەی تر (حکومەت و تایبەت) زاڵە، دەتوانێت خەیاڵ بکات بەرز بەرز بفڕێت. بێکار و کارمەندی بزنزی بچوک و مامناوەند و گەورە و فەرمانبەری حکومەت خەیاڵی لەم چەشنەیان زۆر کەم بۆ دێت.
ئەگەر وابێت، لات سەیر نەبێت باشترین کەسە بەتواناکانی ئێمە شوێنی ئێستایان بەجێبهێڵن و روو بکەنەوە باوەشی حزب و شانازییشی پێوە بکەن. لات سەیر نەبێت کەمترین کەس خەریکی پێشخستنی زمانی کوردیی، ئەدەبی کوردیی، هونەری کوردیی، زانستیی ئابووریی و کۆمەڵناسیی و فیزیا و چی و چی تر ببن و پۆل پۆل پەت بۆ حزب هەڵبدەن.
دوو دەرئەنجامی تر لێرەدا گرنگن سەرنجمان لەسەریان بێت. یەکێکیان ئەوەیە ژیانی کارکردنی فەرمانبەری حکومەت و کارمەندی کۆمپانیا زۆر کەم چێژبەخشە. ئێمە لە مۆدێلی حزبییەوە پێویستە ئەوە فێرببین (جگە لە دۆخی ئالوودەبوونەکە کە نەخۆشییە!) لاوازیی دوو سێکتەرەکەی تر چییە و چۆن دەتوانین ژینگەی کاری ئەم دوو بازاڕی کارە باشتر بکەین تا کادرەکانمان نەفەوتێن و بەختەوەرتر بژین (هەڵبەت حزب بەربەستە و ناهێڵێت ئەمە ئاسان رووبدات تا رەواجی خۆی کەم نەکات). دووەمیان ئەوەیە لامان سەیر نەبێت دانە دانە مرۆڤی خاوەن گوتاری ئەخلاقیی قوڵ ببینین لەبەردەم حزبدا دەکەون، جا ژن بن یان پیاو! هەندێکیش شەیدای ناووناوبانگی خۆیان دەبن و دڵخۆشن ئیهتیمامی ساختەش بێ وەریگرن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand