بە بۆنەی ئاگرەکانی چیای گۆیژەوە: سم سمی کەر و چنگ چنگی عاسێ!

Draw Media

2024-08-02 13:30:56





مەحمود رەزا ئەمین

ناونیشانەکە نیوەی پەندێکی کوردی‌یە، کە ئەڵێ:
"سم سمی کەر و چنگ چنگی عاسێ، سەرم لەم کەین و بەینە ئەماسێ".
وتارەکەم روی لە کەسانێکە کە باش مانای پەندەکە تێ ئەگەن. بۆیە نامەوێ بە شەرحکردنی، وتارەکە درێژ بکەمەوە.
کورت و کرمانجی، هەزاران و سەدان هەزاری وەکو من گومانمان لە ئاگرەکانی گۆیژە هەیە و بە سیناریۆیەکی درێژکراوەی هەڵدڕینی سنگ و دڵی چیاکەی ئەزانین.
لە کاتێکا ئەم وتارە ئەنوسم چیای گۆیژە، لە ماوەی ٣ رۆژدا، سێیەم جارە ئاگر بەر بدرێتە هەناوی (کاتی نوسین: ١ـی ٨ـی ٢٤، سەعات ٢٣ و نیو).
ئەم زانیاریانەی خوارەوە کە لە وتارێکی بێ خاوەن و راگەیەنراوێکی دەستەی داکۆکی لە سروشت و موڵکی سلێمانی، لە سەر ئاگری یەکەم، ئاگرەکەی بەرەبەیانی ٢٩ـی تەموز، وەرم گرتون، گومان لە یەقین نزیک ئەکەنەوە، دەستێکی تەماحباز ئەم یاری‌یە بکا:
بە گوێرەی زانیاری‌یەکانی ناو ئەو وتار و راگەیەنراوە:
    ئەو روبەرەی ئاگری یەکەم سوتاندی، ٢٠٠ دۆنم بوە.
    ئاگرەکە نزیکەی ١٥ هەزار داری جۆراوجۆر و تەمەن جیاوازی سوتاندوە.
    تەمەنی سنەوبەرە سوتاوەکان ٥٠- ٦٠ ساڵ بوە.
    دو ساڵە ٦ جار لە لایەن ژمارەیەک "پارەدار- پارەدارکراو!"ەوە، داوای ئەو شوێنە کراوە بۆ ئەوەی بیکەن بە یەکەی نیشتەجێبون.
    دەزگای وەبەرهێنان داواکانیانی خەواندوە. بەڵام رەفزی نە کردون!.
دوای سوتاندن "وەبەرهێنان!" "بیانو"ـی نامێنێ شاباشیان نەکا!
    لە ماوەی ٣ ساڵی رابردوا لە بناری گۆیژە، نزیکەی ٣٥٠٠ دارسنەوبەر لە لایەن ٣ "پارەدار- پارەدارکراو"ەوە، بە ناوی "پرۆژەی وەبەرهێنان!"ەوە لە رەگەوە دەر هێنراون.
    بێجگە لە ئاگری یەکەم و دوەم و سێیەمی رۆژانی رابردو، لە ماوەی ساڵانی رابردوا، نزیکەی ١٣ هەزار دارسنەوبەر لە شاخی گۆیژە سوتێنراون... با تاوانەکانی جەندرمە و درۆنی تورکیای داگیرکەریش لەولاوە بوەستن، کە چۆن هێڵە بە بڕینەوە و سوتاندنی دارستان و پوشوپاوانی وڵاتەکەمان و لەوتاندنی ژینگەکەمان ئەکەن!
    کاتی کەوتنەوەی ئاگری یەکەم زۆر گوماناویە: هەمو جارێک کە دەستێکی پیلانگێڕ ئاگرێک ئەنێتەوە، ئەڵێن: "بە هۆی جگەرە و ئاگری سەیرانکەرانەوە بوە". بەڵام ئاگری یەکەم، سەعات ٣ و نیوی دەمەوبەیان، لە کاتێکا هەڵگیرساوە کە رەشەباکەی ئەوەنە بەهێز بوە، هیچ زینەوەرێک نەی توانیوە سەر لە ماڵ و سەر لە کون و سەر لە کولانە و حەشارگەکەی دەر بهێنێ. ئەی ئەم ئاگرە بە چ هۆیەک کەوتۆتەوە؟ لەو کاتەشا سەیرانکەر سەبەبکار بو یان دەستێکی غەیبی خێر و بەرەکەتی هێناوە بۆ تەماحبازەکان؟!
ساڵانێک پێشتر چارەنوسی سنەوبەرەکانی رێگای تاسڵوجەمان بینی، بە چ سیناریۆیەک وێخ و واریان دەر هێنان و دەیان هەزار تەن چیمەنتۆ و بلۆکی کۆنکرێت مسەلەحیان لە جێگەیان قوت کردەوە. بۆیە خەڵکی شارەکە متمانەیان بە لێدوانە حیزبی و حوکمەتی‌یەکانی ناوچەکە نەماوە کە، دەستی قەدەر لەناویان ببا... وەکو ئەوەی پەروەردگار تۆڵەی تاوان و تاڵانی‌ی تاوانکاران لە سنەوبەرەکان و دارستانە سروشتی‌یەکان بکاتەوە!
لە ٣٣ ساڵی حوکمڕانی‌ی خۆماڵیا، دەسەڵاتداران رایان هێناوین "قەیرانێک بە خولقاندنی قەیرانێکی تر" لە بیری خەڵک بەرنەوە. هەزارانی وەک من، هەقمانە وا زەین بکەین کە ئاگری دوەم (ئاگری رۆژ) و ئاگری سێیەم (ئاگری پێش نیوەشەو) بۆ داپۆشینی دەستی پلانبازی‌ی ئاگری یەکەم نرابنەوە. بۆچی هەقمانە وا زەین بکەین؟
چونکە رایانگەیاند: بۆ پاراستنی دارستانەکان لە ئاگری تر، رێگەی سەیرانکەری گۆیژە ئەبڕین!
راگەیاندنێکی زۆر جوان و زۆر باش بو، بەڵام:
ئەگەر رێگەی سەیرانکەر بڕا بو، ئەم ئاگرانە بۆچی دروست ئەبنەوە؟
ئەگەر رێگەش نە بڕا بێ، ئیتر بۆ هەقمان نەبێ گومان لەوانە بکەین کە "دینار بوە بە دین و نەتەوە و نیشتمان‌یان؟".    
لە سەردەمی حوکمەتەکانی پێش راپەڕینا سەدان کرێکار و چاودێر و فەرمانبەر لەسەر ئاودان و چاندن و ئاگربڕ و بژارکردنی دارستانەکانی گۆیژە موچەیان لە حوکمەتەکان وەر گرتوە. بەڵام لە دوای راپەڕینەوە ساڵ لە دوای ساڵ، ئەوانە یان خانەشین کراون یان مردون یاخود گوازراونەتەوە بۆ شوێنی تر، تا گەیشتوە بەم رۆژە کە، ١٠ کەسێک ماونەتەوە بۆ خزمەتکردنی دارستانەکان. ئەم ژمارەیە لە جێی نەبوانە.
ملیۆنان خەڵکی ئەم هەرێمە هەقمانە لە حوکمڕانەکان بپرسین:
    بۆچی باکی دارستانەکانتان نیە؟
وا خۆتان بەشێکی و دوژمنی داگیرکەریش خەریکی لەناوبردنی بەشەکەی ترێتی!
    بۆچی لەلای ئێوە دارستانێک نرخی بلۆکێک و کیسێک چیمەنتۆی نیە؟
هی ئەوە نیە کە، هزر و ئاوەزتان بە تەنیا پارەیان تیا تۆمارە و تۆڕی چاوتان بەتەنیا وێنەی پارە ئەبینێ؟
    بۆچی بەقەدەر مسقاڵە زەڕڕەیەک باکتان بە پیسبونی ژینگەی کوردستان نیە؟
هی ئەوە نیە کە، پێتان وایە ئەتوانن بە پارەکانتان، خۆتان و مناڵ و نەوەکانتان لە نەخۆشی‌یەکانی پیسبونی ژینگە بپارێزن و "رەعیەت"یش جار بە جەهەنم؟
    بۆچی گوێ بە ژیان و گوزەران و کەرامەتی خەڵک نادەن و بەتەنیا خەیاڵتان لای پارە و داگیرکردنی موڵکی گشتی‌یە؟
بڵێی هی ئەوە بێ، وا بزانن ئەتوانن بە پارەی حەرام عومری نوح بکڕن یان سامانەکانتان لەگەڵ خۆتان بەرنە ناو قەبرەکانتان؟
    بۆچی پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان بە خەمی خۆتان نازانن؟
بڵێی خوی شیری بێ و بە پیری تەرک نەکرێ؟
    بۆچی سەروەری‌ی خاک و سنوری هەرێمتان خستۆتە ژێر پێی داگیرکەرانی تەماحبازەوە و نقەتان لە خۆتان بڕیوە؟
بڵێی فایلەکان وا لە دەست و قاچتان ئاڵابن، لە جوڵەیان خست بن؟
ئیمامی عەلی فەرمویەتی: "الدهر یومان، فیوم لک ویوم علیک، فإذا کان لک فلا تبطر، واذا کان علیک فلا تحزن، فبکلیهما ستختبر".
بە کوردی: "دنیا ٢ رۆژە، رۆژێکیان لەسەرت و ئەوی تریان لە دژتە. کە لە سەرت بو سنوری زوڵم مەبەزێنە. کە لەدژت بو خەفەت مەخۆ، چونکە بە هەردوکیان تاقی ئەکرێیتەوە"
خۆزگە (بیر)ـێکتان لەم پەندە مەزنە ئەکردەوە!
ئەم گەلە قوربانیدەرە لە زاخۆوە بۆ کفری و جەلەولا، پێویستی بە خاوەنی بیرە (فـ.) نەک بیر (بـ.).

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand