ڕاكردن له‌ دۆزه‌خ

Draw Media

2024-08-03 15:18:01




د. هاوكار ئیبراهیم
مامۆستا و توێژەر لە زانكۆی بیلەفیڵد – ئەڵمانیا

به‌ پێى كۆتا ئاماره‌كانى کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران، تا كۆتای ساڵى ٢٠٢٣ ، زیاتر له‌ ١١٧ ملیۆن مرۆڤ له‌ جیهاندا ‌به‌هۆى سته‌م، چه‌وساندنه‌وه‌، توندوتیژی، پێشێلکردنی مافەکانیان، یان ڕووداوى نا ئاساى كه‌ بووته‌ هۆى نا سه‌قامگیرى گشتى، له‌ماڵ و زێدى خۆیانه‌وه‌ بەزۆر ئاوارەبوون یان ئاواره‌ كراون. به‌ پێى هه‌مان ئامار، تا كۆتاى ساڵى ٢٠٢٣، زیاتر ٦٨ ملیۆن كه‌س ئاواره‌ى نێو وڵاتى خۆیان بوون، كه‌ به‌ " ئاواره‌ى نێوخۆی" ناسراون ، ئه‌وانى تریش ئاوا‌ره‌ى ده‌ره‌وه‌ى وڵاتى خۆیان بوون كه‌ به‌ " په‌نابه‌ران" ناسراون.  واتا، له‌ هه‌ر ٦٩ كه‌سێك له‌سه‌ر ڕووى زه‌وى، كه‌سێك ده‌ربه‌ده‌ر و ئاواره‌یه‌‌. به‌ پێچه‌وانه‌‌ى تێگه‌یشتنى گشتیه‌وه‌ كه‌وا وڵاته‌‌ خۆشگوزه‌رانه‌كان لانكه‌ى دادڵده‌ى كه‌سانى ئاواره‌ن، ئاماره‌كانى کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له ‌هه‌ر سه‌د كه‌سى ئاواره‌، حه‌فتا و پێنجیان، له‌ وڵاتانى داهات كه‌م و مامناوه‌ندا داڵده ‌دراون. به‌پێى هه‌مان ئاماریش، ته‌نیا له‌ ساڵى ٢٠٢٣، بیست و حەوت ملیۆن و دوو سەد هەزار كه‌س ئاواره‌ بوون، له‌ كۆى هه‌مووى ئاواره‌كانیش له‌ساڵى ٢٠٢٣ شەش ملیۆن و سەد هەزار كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ زێدى خۆیان.
++++
له‌ماوه‌ى ڕابردوودا، هه‌موومان هه‌واڵى كۆچڵكردنى كه‌مپى ئاشتیمان بیست،كه‌ دواى نزیكه‌ى ده‌یه‌یه‌ك له‌ میواندارى كردنى هه‌زاران ئاواره‌ى عێراقى كه‌مپه‌كه‌ به‌ ته‌واوى چۆڵكرا و ئاواره‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ زێدى خۆیان.
به‌و پێیه‌ى كه‌ خۆم له‌ ئاواره‌یدا له‌ نێو ئۆردۆگایه‌كى زۆره‌ملێدا له‌دایك بووم، بیرمه‌ كه‌ ساڵى ٢٠١٤ بۆ یه‌كه‌م جار وه‌كو توێژه‌رێك چوومه‌ نێو ئه‌و كه‌مپه‌، هه‌مان ئه‌و كه‌شه‌م بینى كه‌وا وه‌كو ئاواره‌یه‌كى نێوخۆیی منداڵیم تێدا به‌سه‌ربرد و ئه‌و پرسیاره‌ به‌ مێشكمدا هات كه‌ ده‌بێ ڕۆژێك بێت كه‌ ئه‌م كه‌مپه‌ بچكۆله‌یه‌ كه‌ هه‌موو ئاواره‌یه‌ى كه‌ له‌ ترسى سه‌لامه‌تى ژیانیان، له‌و دۆزه‌خه‌ ڕایان كردووه‌ كه‌ تیرۆرستان بۆیان گه‌رم كردبوون، ببێته‌ شارۆچكه‌یه‌كى گه‌وره‌ی وه‌كو شارۆچكه‌ى من؟
++++
له‌ ده‌ ساڵى ڕابردوودا، خۆم و تیمه‌ زانستیه‌كه‌م به‌ شێوه‌یه‌كى چڕ و پڕ له‌ ئه‌زموون و گیروگرفته‌كانى ئه‌و ئاواره‌ و په‌نابه‌رانه‌مان كۆڵیوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌و كه‌مپه‌دا نیشته‌جێبوون. هه‌زاران چاوپێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ ژن و پیاو و منداڵانى ئه‌و كه‌مپه‌دا كردووه‌. ئه‌وه‌ى بۆمان ده‌ركه‌وت ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌وان ڕاسته‌وخۆ یان  ناڕاسته‌وخۆ به‌ر جه‌نگ و كرده‌ى تیرۆرستى وه‌كو ته‌قینه‌وه‌ و كوشتنى به‌ كۆمه‌ڵ و كاولكارى كه‌وتوبوون، هه‌روه‌ها به‌شێكى تریشیان دووچارى چه‌ند جۆرێكى ترى زه‌بر و توندوتیژى وه‌كو لاقه‌كردن و گێچه‌ڵى سێكسی و به‌ندكردن و ئه‌شكه‌نجه‌دان بوبونه‌وه‌. ڕێگه‌ى ڕاكردنیان له‌و دۆزه‌خه‌ كه‌ جه‌نگ و كاولكارى بۆی دروستكردبوون  پڕی بوو له‌ ترس و ده‌رده‌سه‌رى و نه‌هامه‌تى. جه‌نگ، كاولكارى، له‌ده‌ستدانى ماڵ و سامان و هه‌ژارى به‌شداریه‌كى نه‌رێنیان هه‌بوو له‌ سه‌ر ئاشتى ماڵه‌كانیان. رێژه‌یه‌كى زۆریان له‌ منداڵان و گه‌وره‌كان، دووچارى گیروگرفته‌ ده‌روونیه‌كانى وه‌كو خه‌مۆكى و ته‌نگژه‌ى دواى زه‌بر و گیروگرفته‌ ڕه‌فتاریه‌كان بوبوون.
له‌ كه‌مپه‌كه‌دا ماڵه‌كانیان له‌ خێوه‌تى مامناوه‌ندا  بوو، شوێنى خه‌وتن و ئاماده‌كردنى خواردن و یاری منداڵه‌كانیان هه‌ر له‌ هه‌مان خێوه‌تدا بوو. بۆ ساڵانێكى زۆر جاده‌كانى نێو كه‌مپه‌كه‌ خۆڵاوی و پڕ له‌ چاڵ و چۆڵ بوو،  كۆڵانه‌كانى كه‌مپه‌كه‌ ته‌سك، پڕ له‌ تاسه‌ و ته‌پوتۆز و قوڕ و چڵپاو بوون. منداڵان جێگه‌یه‌گى گونجاویان نه‌بوو تا یارى تیدا بكه‌ن، نه‌ باخچه‌یه‌ك نه‌ چه‌ند سه‌د مه‌ترێك سه‌وزایی له‌ كه‌مپه‌كه‌دا نه‌بوو‌. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا لانكه‌یه‌ك بوو كه‌ ئاسایشیانى له‌ جه‌نگ و باروت و خوێن پاراستبوو.
++++
کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ عێراق له‌ ساڵى ٢٠٢٣ نزیكه‌ى یەک ملیۆن سێ سەد هەزار ئاواره‌ و پەنابەرى داڵده‌ داوه‌، له‌و ژماره‌یه‌ش نزیكه‌ى یەک ملیۆنیان ئاواره‌ى نێوخۆین. به‌پێى ئاماره‌كانى ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکانى وەزارەتی ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، زیاتر له‌ نۆسه‌د هه‌زار كه‌سى په‌نابه‌ر و ئاواره‌ له‌ هه‌رێمى كوردستاندا ده‌ژین. هه‌رچه‌نده‌ ئامارێكى ورد له‌سه‌ر ژماره‌ى دانیشتوانى هه‌رێمى كوردستان بۆ ساڵى ٢٠٢٤نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پشت به‌ كۆتا ئامارى ساڵى ٢٠٢٣ى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێمى كوردستان ببه‌ستین كه‌ ژماره‌ى دانیشتوانى به‌ زیاتر له‌ شه‌ش ملیۆن كه‌س خه‌مڵاندووه‌ و هه‌مان رێژه‌ى دوو له‌ سه‌دى گه‌شه‌ى دانیشتوانى ساڵى ٢٠٢٣ بۆ ساڵى ٢٠٢٤ش وه‌ربگرینه‌وه‌، ئه‌وا ژماره‌ى دانیشتوانى هه‌رێم نزیكه‌ى شەش ملیۆن و شەش سەد هەزار كه‌س ده‌بێ، به‌م پێیه‌ش  به‌ نزیكه‌یی هه‌ر له‌ حه‌وت كه‌س، كه‌سێكى نیشته‌جێ بووى هه‌رێمى كوردستان په‌نابه‌ر یان ئاواره‌یه‌.
هه‌رچه‌نده‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، پێشوه‌خته‌ ئه‌زموونێكى ده‌وڵه‌مه‌ندى نه‌بوو له‌ داڵده‌دانى ئاوه‌ره‌ى نێوخۆى و كه‌سانى په‌نابه‌ر، به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى نه‌بوونى ئه‌زموونێكى باشیش، هه‌م كۆمه‌ڵگه‌ و هه‌میش حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان تاڕاده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتووبوون له‌ له‌خۆگرتنى ئه‌و هه‌موو په‌نابه‌ر و ئاواره‌یه‌.
پێش گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌ چوارچێوه‌ى پڕۆژه‌یه‌كى زانستیدا ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌مان هه‌بوو كه‌ له‌و ئاواره‌ نێوخۆییانه‌ى كه‌مپى ئاشتى ‌ بپرسین كه‌ ئه‌زموونى مانه‌وه‌یان له‌ كه‌مپه‌كه‌دا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، سه‌ره‌ڕاى بوونى كه‌مكورتى له‌ خزمه‌تگوزاریه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان له‌ نێو كه‌مپه‌كه‌دا، به‌شێكى هه‌ره‌زۆرى ئه‌و ئاوارانه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ ده‌كرد، كه‌ ئه‌وان هه‌ست به‌ سه‌لامه‌تى و ئارامى ده‌كه‌ن لێره‌ و كۆمه‌ڵگه‌ى خانه‌خوێشیان وه‌كو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى هاوكار و پاڵپشت وێنا ده‌كرد. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، ئه‌وان نیگه‌رانى گه‌ڕانه‌وه‌یان بوون پێیان وابوو زێدى خۆیان شوێنێكى ئارام نییه‌ تا تێدا ده‌ست بكه‌نه‌وه‌ به‌ ژیانكردن، به‌هۆكارى ئه‌وه‌ى كه‌ تا ئێستاش به‌شێكى زۆرى ئه‌و شوێنانه‌ ئاوه‌دان نه‌كراونه‌ته‌وه‌ و به‌ده‌ست گیروگرفته‌كانى نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى سه‌ره‌تاییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن و تا ئێستاش ئه‌گه‌رى شه‌ڕى ناوخۆىی و ململانێى مه‌زهه‌بى هه‌یه‌. به‌شێكى هه‌ره‌ زۆریان گه‌ڕانه‌وه‌كه‌یان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كى ناچارى وێنا ده‌كرد.
ژنه‌كان، به‌ تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌ زێدى خۆیان، لادێ نشین بوون، زیاتر له‌ پیاوان نیگه‌رانى گه‌ڕانه‌وه‌یان بوون، پێیان وابوو كه‌وا له‌ پاڵ نیگه‌رانیه‌ گشتیه‌كانى وه‌كو ئه‌گه‌رى جه‌نگ و ململانێى مه‌زهه‌بى و نه‌بوونى ده‌رفه‌تى كاركردنى گونجاو، گه‌ڕانه‌وه‌یان هه‌ندێك كۆت و به‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تى بۆ ئاسایش و ئازادیان دروست ده‌كات. ئه‌وان سه‌ره‌ڕاى زه‌حمه‌تى ئاواره‌یی و ئه‌زموونكردنى جه‌نگ و نه‌هامه‌تیه‌كانى، پییان وابوو ئاواره‌یی به‌هه‌موو ئازاره‌كانیه‌وه‌، له‌ نه‌بوونى شوێنێكى شایسته‌ بۆ نیشته‌جێ بوون و كه‌مى خزمه‌تگوزاریه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان له‌ كه‌مپه‌كه‌دا، بۆته‌ هۆى ئه‌زموونكردنى ژیانێكى تازه‌ كه‌ تێدا به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان ئاشنا بوون به‌ مافه‌كانیان له‌ چوارچێوه‌ى خێزان و ژیانى هاوسه‌ریدا.
++++
ئێستا كه‌ كه‌مپى ئاشتى چۆڵكراوه‌، له‌ پاڵ نیگه‌رانى له‌ سه‌لامه‌تى ژیانى ئاواره‌ گه‌ڕاوه‌كان و پرسیار له‌ بوونى ده‌رفه‌تى گونجاو بۆ دووباره‌ تێكه‌ڵابوونه‌وه‌یان به‌كۆمه‌ڵگه‌ى ڕه‌سه‌نى خۆیان، ئه‌وه‌ى كه‌ شوێنى نیگه‌رانى منه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و كه‌مپه‌ى ڕۆژگارێك لانكه‌یه‌كى ئارام بوو بۆ هه‌زاران مرۆڤى لێقه‌وماو، ئیستا جگه‌ له‌ وێرانه‌یه‌ك هیچى تر نییه‌.
ئه‌وه‌ى شوێنى نیگه‌رانى منه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆچى له‌ ماوه‌ى ده‌ ساڵى ڕابردوودا نه‌مانتوانى فشارێك بخه‌ینه‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و ڕێكخراوه‌كانى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان تا له‌ جیاتى خێوه‌ت، خانوو بۆ ئه‌و ئاوارانه‌ دابین بكه‌ن، تا له‌لایه‌كه‌وه‌ ئه‌وان به‌ ئاسانتر ژیانێك، بژیبان كه‌  شایسته‌ى شكۆى مرۆڤ بوویایه‌  ، له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ كاتى چۆڵبوونى ئه‌و كه‌مپانه‌ بیتوانیبایه‌ ئه‌و ژێرخانه‌ سەرەتایه‌ بۆ بارودۆخى له‌ ناكاو به‌كاریبهێنێ.
ئه‌وه‌ى من نیگه‌ران ده‌كات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕێكخراوه‌ نیوده‌وڵه‌تیه‌كان، كه‌ هه‌میشه‌ پرسى پیسبوونى ژینگه‌، تێكچوونى كه‌ش و هه‌وا و پرسى په‌نابه‌ران به‌ پرسێكى هاوته‌ریب ده‌بینن، نه‌یانتوانى بۆ هه‌ر ماڵێك له‌و ماڵه‌ ئاوارانه‌، نه‌مامێك دابین بكه‌ن، تا له‌به‌رده‌م ماڵه‌كانیاندا بیان چاندبایه‌. ئه‌گه‌ر وامان بكردایه‌ ئێستا له‌ شوێنى ئه‌و وێرانه‌یه‌ى كه‌ به‌ جێماوه‌، شارۆچكه‌یه‌كى پاك و پڕ له‌ دره‌خت به‌ جێده‌ما، كه‌ دواى پاككردنه‌وه‌ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه‌كى سه‌ره‌تایی، حكومه‌تى هه‌رێم ده‌یتوانى بیكردایه‌ كه‌مپێك بۆ هه‌ر كاره‌ساتێكى سروشتى وه‌كو لافاو و بومه‌له‌رزه‌ و ئاگركه‌وتنه‌وه‌، یاخود ده‌یتوانى له‌كاتى بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌رپه‌تایه‌كى ترى هاوشێوه‌ى كۆرۆنا به‌كاربهێنابایه‌.
++++
به‌شێكى زۆر له‌و كه‌مپانه‌ى كه‌ ئێستا له‌ هه‌رێمى كوردستاندان، به‌تایبه‌تى كه‌مپى په‌نابه‌ران ژێرخانێكى سەرەتایی باشیان تیدایه‌ وەک خانووبەرە و قوتابخانه‌ و دامەزراوە پزیشکییەکان ، کە دەتوانرێت دواى ئه‌وه‌ى كه‌ په‌نابه‌ران خۆویستانه‌ ئه‌و كه‌مپانه‌یان چۆڵكرد بە خێرایی بۆ باردۆخى له‌ناكاو بگونجێنرێن.
ئێستاش دره‌نگ نییه‌ كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم و رێكخراوه‌ ناحكومیه‌كان فشار بخه‌نه‌‌ سه‌ر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوه‌كانى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان تا زیاتر به‌ده‌م په‌نابه‌ر و ئاواره‌كان بێن و شوێنى مانه‌وه‌ى باشتر و ژیانێكى گونجاوتریان بۆ دابین بكه‌ن، هاوکاری و بودجەی نێودەوڵەتی پێشكه‌ش به‌ حكومه‌تى هه‌رێم بكه‌ن، تا حكومه‌ت بتوانێ كه‌مپه‌كان دووباره‌ نوژه‌ن بكاته‌وه‌ و بیانگونجێنێ له‌گه‌ڵ پێداویستیه‌كانى مرۆڤى سه‌رده‌م.
به‌شێك له‌و كه‌مپانه‌ له‌وانیه‌ له‌ ئاینده‌دا وه‌كو ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ى كه‌ من تێیدا له‌دایك بووم، ئه‌وانیش ببنه‌ شارۆچکەیه‌كى بچووک، بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ كه‌ پلان و دیزاینی ورد هه‌بێت بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەم شارۆچکە نوێیانە به‌ پێى ڕێكاره‌ ئه‌ندازیاریه‌ گونجاوه‌كان هێڵكاریان بۆ بكرێت و له‌ ئێستاوه‌ بیر له‌ نه‌خشه‌ى گه‌ڕه‌ك و كۆڵانه‌كانیان بكرێته‌وه‌، فشار بخرێته‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ و ڕیكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان تا بتوانن هاوكار بن له‌م پرسه‌دا، به‌م شێوه‌یه‌ هه‌م ژیانى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ ڕووى چۆنیه‌تیه‌وه‌ به‌ره‌وپێش ده‌چێ، هه‌میش له‌ ئاینده‌دا حكومه‌ت ده‌توانێ سوود له‌ ژێرخانه‌كانیان وه‌ربگرێ.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand