قۆناغی گوزەر لە بارزانی

Draw Media

2024-08-28 06:54:56



رێبوار کەریم وەلی

قۆناغی گوزەر لە بارزانیی باوک (مستەفا بارزانی)، خوێناوی بوو. باجەکەی لەناوچوونی خەون و هیوای میللەتێک بوو. ئاشبەتاڵ یان نسکۆی بەناو شۆڕش نەبوو. دیزاینی حوکمڕانیی ناو بنەماڵەی بارزانی بۆ داهاتوو، فاکتورەکەشی میللەت دایەوە. 1975 شۆڕش شکا، 1976 دەستی پێکردەوە!!

*

سەرکردەکان لە رۆژهەڵاتی ناوین پێگەیەکی ئیلاهی و نەبەوییان بۆخۆیان داتاشیوە. شتێک نییە بەناوی دەستبەرداربوون!

*

دەبێ بمرن، بکوژرێن و یان بە کوتەک لە دەستەڵات دوور بخرێنەوە.

*

ئەگەرچی کاک مەسعود لە دوا کۆنگرەی پارتیدا، رایگەیاند کە دوورکەوتنەوەی لە سەرۆکایەتی بە مردن نابێ، بەڵام لە تەمەنی 78 ساڵیدایەو پێناچێ ئەوەی ئەو مەبەستییەتی هاتبێتە دی! بۆیە هەر بەردەوامە.

*

باوکی کاک مەسعود لە ماوەیەکی کەمدا، بە گرەنتی کردنی پشتیوانیی برا گەورەکەی واتا کاک ئیدریس، لەناوخۆی پارتیدا، هیچ لەمپەرێکی لەبەردەم جێگرتنەوی ئەودا نەهێشت و گەورەترین تەسفییەی حزبی و عائلیی کرد، بەڵام ئەوە دە ساڵی رەبەقە کاک مەسعود ئەوەی بۆ مەسروری کوڕی پيناکرێت.

*

لە پڕی دەکات، لێیدەڕژێ، لە بەتاڵی دەکات پڕی ناکات! بابی ئارینی زۆری ماوە…

*

ئەگەرچی لە بنەڕەتدا، دەبوایە دوای بڕیاری سڕکردنی ئەنجامی ریفراندۆم کاک مەسعودیش رایگەیاندبایە کە کاری ئەو تەواو بووەو، پارتی و ئەزمونەکەی دابایە ئەو دەستەی کە قەوارەکەی رزگار کرد، بەڵام کاک مەسعود کەوتە دوای تۆڵەسەندنەوەو، فەڕزکردنی کوڕەکەی.

*

بۆ؟

*

کاک مەسعود سەرکردەیەکی سەردەمی خۆیەتی و لەو چوارچێوەیەدا، مێژوو حوکمی لەسەر دەدات، بەڵام ئەمڕۆکە پێگەکەی پتر لەوەی لە خزمەتی میللەت و تەنانەت حزبەکەشیدابێت، خراوەتە خزمەتی ئەوەی کە کوڕەگەورەکەی چۆن بتوانی لەو پێگەیەوە بچێتە جێگەی باوکی!

*

کاک مەسعود نەیتوانی دەوڵەت بۆ کورد دروست بکات، بەڵام مانەوەی لەو پێگەیەدا و پشتیوانیی رەهای لە کوڕەکەی، هەرێمی فیدراڵی پێش رووخانی سەددامی بردەوە چوارگۆشەی یەکەم کە حوکم زاتییەکەی 1970 یە.

*

کاتی ئەوە هاتووە کە کاک مەسعود بکشێتەوە. رەنگبێ دوای بسمارک و هیتلەر هیچ سەرکردەیەک بەقەدەر مێرکڵ شانوشکۆی ئەڵمانیای نەبردبێتە سەر، بەڵام کشایەوەو ئەڵمانیاش نەڕووخا! نەکشانەوەی کاک مەسعود رێگرە لەوەی کە هەقی مێژوویی بدرێ بە خاوەن هەق و، بە ئاشکرا کارکردنە بۆ بە دووپارچەکردنی هەرێمەکە.

*

مانەوەی کاک مەسعود لەو پێگەیەی ئێستای، نەک هیچ ئیزافەیەک نابێ بۆ رۆڵ و مێژووی ئەو، بگرە بەلاداخستنی رێڕەوی حوکمڕانیی ناو پارتی و کوردستانیش بەرەو ئاقارێکی خراپ و دژواردا دەبات. هاوکات کاک مەسعود بەو پشتیوانییە رەهایەی کە لە کوڕەکەی دەکات، ئۆباڵی بەشێکی زۆر لە شکست و خراپەکارییەکانی دەخرێتە ئەستۆوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand