بزوتنەوەی گۆڕان: تەڵاق

Draw Media

2024-07-25 12:19:39



سەردار عەزیز

بزوتنەوەی گۆڕان هەر لە سەرەتاوە لە دوو یەکەی جیاواز پێکهاتبوو، ئەم دوو یەکەیە بریتی بوون لە بزوتنەوە لەگەڵ حیزب. ئەم دوو بەشە هەرچەندە بەبێ بوونی ئاگاییەکی زانستیانە یان زانیارییانە، هەوڵدرا تێکەڵ بکرێن یان پێکەوە کار بکەن بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

بەشە بزوتنەوەییەکەی گۆڕان بریتی بوو لە خواستێکی ڕێکنەخراوی جەماوەریی، کە خۆی تەنها لە پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەو خەڵکانەدا نەدەبینییەوە کە پشتیوان بوون، بەڵکو ئەوانەش کە پێیان باش بوو وەک مۆدێل، بەڵام لەبەر هۆکاری تر، ڕاستەوخۆ بەشدار نەبوون.

ئەم بەشە ڕێکنەخراو بوو، خواست و خەونی گەورەی هەبوو، هەست بە نادادی و بێبەشیی و قۆرغکاریی هاندەری بوو. ئامانجی ئەوە بوو دەموچاوی نوێ، مامەڵەی نوێ، دەرفەت لەگەڵ دادپەروەرییدا ببینێت. ئەم جەماوەرە دەیانویست ببن بەو کەسانەی کە تەنها لە کاتی جەنگ و دەنگداندا بیرنەکەونەوە، بەڵکو لەکاتی داڕشتنی بودجەو خزمەتگوزاریشدا لە بیر بن.

بەشەکەی تری گۆڕان، ئەوانە بوون لە حیزبەکانی ترەوە هاتبوون، بە تایبەتی یەکێتیی. ئەمانە، هەرچەند لەناو یەکتردا تەبا نەبوون، بەڵام دەیانزانی یاریی باڵباڵین و کتلەو خۆڕێکخستن و خزانە ناو ئۆرگانەکان و فشار بکەن. نەک هەر تەنها بە ئاگابوون لە یارییەکانی مانەوەو ململانێ لەناو کایەی حیزبدا، بەڵکو زۆرێکیان ئالودەبووبوون پێی. ئەم بەشە گۆڕانخواز نەبوون، تەبا نەبوون لەگەڵ بزوتنەوەکەدا، بەڵکو یەکێتییەکی تر، حیزبێکی تربوون، کۆمەڵێ بەرژەوەندیی سنورداریان دەویست.

بەڵام لەناو کایەی سیاسیدا، ئەوانەی کە بە ئاگان لە خۆڕێکسختن، هەمیشە زاڵ دەبن، بەسەر بێ ئاگا لە تەڵەکەبازییەکانی حیزبایەتی و سیاسەت. مرۆڤی حیزبی خاوەن خەونی بچوکە، هەرگیز نایەوێت کایەکە بگۆڕێت، بەڵکو چۆن بە دەستکەوتەکانی بگات. یاری گۆڕانی ڕێساکان، لە هەموو سیستەمێکدا، سەختەو باجی هەیە.

بزوتنەوە سیاسییەکان وەک لافاو دێن، فشارێکی گەورەی کاتیی دەکەن، ئەگەر نەتوانن خۆیان بگۆڕن بۆ هێزی ڕێکخراو پاش ماوەیەک دەنیشینەوە. بۆ نمونە دەبینیت ترەمپییەکان لەناو کایەی پارتی کۆمارییەکاندا، بزوتنەوەیەکن کە توانای زاڵبونیان هەیە بە سەر باڵەکانی تردا، ئەمە دەگمەنە. چونکە بزوتنەوە پشوو درێژ و یاریزان و مەکرباز نیە. بەڵکو زوو ماندو دەبێت، زوو دەکشێتەوە، زوو دەگەڕێتەوە دۆخە پێشینەییەکەی خۆی و کارەکە بۆ یاریکەرە لێزانەکان بەجێدەهێڵێت.

حیزبی کوردی کۆپییەکی ساختەی مۆدێلی لینینییە. هەموو شتێک بەکاردەبات بۆ خۆی. حیزب هەیە لەپێناوی حیزبدا.

هەرچەندە ئەم قۆناغە لە کوردستان کۆتایی هات. ئەگەر سەیری ئەدەبیاتی سەرەتاکانی گۆڕان و ناڕەزایییەکانی تر بکەیت، زۆر باس لە مەکتەب سیاسیی دەکرێت وەک یەکەیەکی حیزبی لینینی، بەڵام بە هەڵکشانی خێزانەکان، مەکتەب سیاسیی، لە ئێستادا دیکۆرێکی کۆنی زەوقسز نەبێت هیچی تر نیە.

ئێستا ئەوەی هەیە گۆڕانی حیزبە، گۆڕانی بزوتنەوە، کۆتایی هات

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand