سەردار عەزیز سەرکردەناسی زانستێکی بەرفراوانە. هەندێک پێیان وایە کەسێک وەک سەرکردە لەدایک دەبێت، تیورەی تر پێی وایە سەرکردە دروست دەبێت، هەندێکی تر پێیان وایە سەرکردە دروست دەکرێت. دیارە پێناسەی سەرکردە لە جێگایەکەوە بۆ جێگایەکی تر جیاوازە. بۆ نمونە لە هەندێک کەلتوردا سەرکردە ئەوەیە کە کاری گەورە دەکات، لە هەندێک کەلتوری تردا ئەوەیە کە ڕێگا دەدات بە ئەوانیتر هەتا کاری گەورە بکەن. لە کەلتوری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەلتوری سەرکردە، کەلتورێکی دڕندانەیە. بە زۆری خەڵک بڕوایان وەهایە کە سەرکردە دەبێت ئەو کەسە بێت کە زۆربەی هێزەکان لە دەستی ئەودایە، نەیارەکانی لە ناو دەبات و کاری گەورە دەکات. ئەمە لە گفتوگۆی ڕۆژانەی خەڵک، لە ئاگایی خەڵکی ئاسایی، لە تاریکایی کەلتوری ناوچەکەدا زۆر بە خەستی بۆنی دێت. سەرباری ئەم کەلتورە دواکەتووە، ئەمڕۆ ئێمە لە دۆخێکی تایبەتدا دەژین، ئەویش توانای تەکنەلۆجیاو میدیاو دەوڵەمەندبوونی زانستەکانی وەک دەرونناسی، پەیوەندی و مێشک، کە چۆن وێناو تێگەیشتن و هالەو ئەفسانە بۆ کەسەکان بەرهەم دەهێنرێت لە ڕێگای چنین و بڵاوکردنەوەی وێناو دیدو بەردەوام دوبارەکردنەوەی. ئەمە باسی بوونی سوپایەک لە ماستاوچی و ڕاوێژکارو زەبابیک ناکەم. ئێستا ئەحمەد شەرع، بە سەرۆککراوی سوریا لەم دۆخەدا دەژی. وڵاتانی وەک تورکیاو قەتەر پێویستیان بەوەیە کە ئەم کەسە بەسەر کایەی سیاسی سوریادا زاڵبێت. لەم ڕوەوە هەموو میدیاو ناوەندو سەرمایەکانیان خستوەتە کار. شەرع بە تەواوی راهێنراوە، شێلراوە، سەرلەنوێ ئامادەکراوەتەوە. تەنانەت وەک ئەحمەد مەنسور دەڵێت، کاتێک دەستیان بەم پرۆسەیە کرد، ئەو هەندێک قەڵەو بوو، بۆیە بۆ چاوی خەڵکی باش نەبوو، بۆیە دەبوو کێشی خۆی دابەزێنێت. نەک لەش و لاری و جل و بەرگی کە بەلای خەڵکی سادەوە زۆر گرنگە، بەڵکو لە شێوازی قسەو باری دەرونی و چۆنێتی پەیوەندیکردندا راهێنانی زۆری پێکراوە. ئەمە لە کاتێکدا خۆی ئامادەکراوە، بۆ بەرجەستەکردنی ئەمە چەندین کەناڵ و ناوەند و کەسایەتی و پارەیەکی زۆر تەرخانکراوە بۆ بونیادنانی ئەفسانەو وێناو حەکایەت و نەرەتیڤی زۆر دەربارەی هەتا هەموو ئەوانی تر لە ناو کایەی سیاسی سوریادا پەراوێز بخات. میدیای کوردی کە خۆی بە ئاگایی و بێئگایی ئامادەیە بۆ دیکتاتۆر دروستکردن کەوتوەتە ناو ئەم تەڵەیەوە و تەپوتۆزی تیادا دەکات. دیارە دەبێت لەو ڕوانگە ستراتیژییە بگەین، کاتێک ناوەندەکان پێویستیان بە ئەنجامدانی پرۆژەکانیانە، ئەوا ناتوانن دەزگا دروست بکەن، بەڵکو ئاسانترو سودمەندانەترە کە کەسێک بەرهەم بهێنن. لە هەمانکاتدا خەڵکی ناوچەکەو کەلتورەکەی ئامادەیە بۆ وەرگرتنی کەسێک وەک کاریزماو خاوەن توانای بان-مرۆیی، لەوەی بیر لە دەزگا یان ناوەند بکاتەوە بۆ پیادەکردنی دەسەڵات. دیارە هەندێک دەڵێن کە خەتای خەڵک نیە، بەڵکو خەتای نوخبەیە. هەڵەی ئەم دیدە لەوەدایە نازانێت کە خەڵک نازانن دژ بە خۆیانن. لە سوریا باری دەرونی زۆرێک لە سوننە ئامادەیە بۆ تۆڵە، خۆزاڵکردن، غرورو هەبوونی ماف و حەق. هەموو ئەمانە زەمینەن بۆ هاتنی دیکتاتۆرێکی تر. دیارە هەندێک بنەما هەیە کە دیکتاتۆریەت دەکات بە ناچاریی، بۆ نمونە، ئەگەر سوننەی عێراق بیانەوێت وەک سوننە حوکمی عێراق بکەن، تەنها دەبێت لە ڕێگای دیکتاتۆرێکەوە بیکەن. ئەمە بوو کە سیستانی بەپێچەوانەی برێمەر پێداگریی لە سەر دیموکراسیی کرد، چونکە دیموکراسی یانی زۆرینەو زۆرینە یانی شیعە. ئەمە بۆ عەلەوی سوریاش راستبوو. سوریا لە ئەدیب شیشکلییەوە هەتا خێزانی ئەسەد تەنها دیکتاتۆری بینیوە. ئێستا هەتا بەرەوە دیموکراسیی بڕوات پێویستی بە ڕێنمایی ناوەندی جیاوازترە لە قەتەرو تورکیا، کە دوو ناوەندی تیرۆرن لە ناوچەکەدا.
دڵسۆز حەمە ئەگەر ئەو وێنە تراژیدی و ترسناکانەی زیندانەکانی سیدنایا، ئەو مرۆڤە بریندارو تێکشکاو و لە مرۆڤخراوانەی لە دە ڕۆژی ڕابردوودا بۆ دنیای دەرەوە، بۆ کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوا دیمەنی شۆکهێنەرو دڵڕەق تراژیدی بن، ئەوا بۆ کۆمەڵگای عێراقی و کورد بەتایبەتی کە هەمان سیستەمی سیاسی بەعسیزمی ئەزمون کردوە لە خراپترین و قێزەونترین ڤێرژنیدا ئەوا ئەو دیمەنانە دیمەنی ئاشنان و ئەو ئازارو چەوسانەوەو بێنرخکردنەی ئینسانمان لە خراپترین و دڵڕەقترین و قێزەونترین فۆرمەکانیدا ئەزمون کردوە، لەم ڕۆژانەدا جارێکی تر برینەکانی ئەو یادەوەریە (دەستەجەمعیە) دەکولێتەوەو دەچینەوە بەردەم هەمان دیمەنی دڵرەقی و توندوتیژی کە لە سەرەتای ڕوخانی بەعس لە عێراقدا بەریکەوتین و سەرقاپی ئەو زێرابە سیاسی و زیندانە گەورەیە هەڵدرایەوە کە عێراقی بەعس بوو! دوای پەنجا ساڵ ئەزمونکردنی بەعسیزم لە عێراق و سوریادا، میراتی سیاسی و فەرهەنگی و ئابوری و ئینسانی و تەنانەت سایکۆلۆژی ئەو هێزە بۆ ملیۆنەها مرۆڤی ئەو دەڤەرە بریتییە لە وێرانەیەکی ئابوری و کۆمەلایەتی و فەرهەنگی و ژینگەیی و نابوتکردنی پایە دەرونی و ئینسانیەکان، ئەو پایانەی کۆمەڵگاکان بە زیندویی و پێکەوە گرێدراوی دەهێڵێتەوە، ئەو پێکەوەو بوونەی هێزی ئینتیماو گرێدان و وزەی ئومێد دەبەخشێتە تاکەکان بۆ گرێدان بە خاک و نیشتمان و کۆمەڵگاو بەداهاتوشەوە، ئەم وزەیە نەک لە بن هاتووە، بەڵکو ئێستاکە بەشار ئەسەد وەکو سەددام، کۆمەڵگایەکی جێهێشتوە، هەژارو برسی، لەڕووی دەرونی و ئینسانی و فەرهەنگی سایکۆلۆژییەوە کۆمەڵگایەکی تراوماتیکی و پەشێوو شپرزە، هەشت ملیۆن ئاوارەی هەندەران و ملیۆنەها ئاوارەی ناوخۆی سوریا، سێ شاری گەورەی خاپورو سەدان دێهات و شارۆچکەی وێران، ژێرخانی ئابوری ڕوخاو، کۆمەڵگایەکی پارچە پارچەو دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ و دەیان زیندانی ترسناک کراوە بەسەر ڕۆژگارو چیرۆک و حیکایەتی ترسناکتردا ! بەعس لە عێراقدا، تەواوی توانستی ئابوری بەهیزی وڵاتەکەی لە زنجیرەیەک شەڕی وێرانەکاری و عەبەسیدا بەفێڕۆدا، لە کڕینی چەک و جبەخانەی سەربازی و پیشەسازی سەربازی و سەرفکردن لەسەر دروشم و خیتابێکی سیاسی ڕەگەزپەرست و شۆڤینی عەرەبی، خیتابێک کە پارچەپارچەکردن و نامۆکردن و تۆرانی زیاتری پێکهاتە زۆرو جیاوازەکانی کۆمەڵگای عێراقی بەرهەم دەهێنا لە جێگای کۆکردنەوەو پێکەوگرێدان و قوڵکردنەوەی هەستی ئینتیماو پێکەوەگرێدان، توانستە ئابورییەکانی عێراقی بەعس ئەوەندەی لە بیناکردنی زیندان و کۆشک و تەلارەکانی سەرۆک و کڕینی چەک و جبەخانەو بیناکردنی سیستەمی جاسوسیکردن بەسەر هاوڵاتیان و سیستەمی داپڵۆسین و چەوسانەوەو زەلیلکردنی خەڵكدا بەفیڕۆ درا، هێندە لە دروستکردنی قوتابخانەوزانکۆو خەستەخانەو ڕێگاوبانەکاندا خەرج نەدەکرا، لەدیدی بەعسدا هاوڵاتیی عێراقی و کورد بەتایبەتی بەهای مێشولەیەکیشی نەبوو، هەربۆیە بێبەشکردنی بە بچوکترین مافەکانی مافی ڕادەربڕین و قسەکردن بە جۆرێک ترسناک بوو کە زیندانەکانی ئەبوغرێب و نوگرەسەلمان و هەیئەی کەرکوک و موسڵ جمەیان دەهات لە ئینسانی عێراقی کە ڕەنگە لەسەر نوکتەیەک، پێکەنینێک، ڕستەیەک، چرپەیەک، هەڵەیەک، دڕاندنی وێنەی سەرۆک بە دڕندانەترین شێوە ژیانی لێسەندرابێتەوە یان لە سوچ و قوژبنی زیندانە ترسناک و تاریک و تونەکاندا ڕوبەڕووی مەرگی هێواش کرابێتەوە. ڕەنگە ترسناکترین لێکەوتەکانی چەوسانەوەو زەلیلکردنی ئینسان، شکانی ئیرادەی ژیان بێت، شکان و بچوککردنەوەی وێنەی ئینسان لە دیدی خۆیدا، دواجار کۆمەڵگای مرۆڤە تێکشکاوەکان کۆمەڵگایەکی ترسناکە کە بۆ ئیرادەی خەوبینین، ئیرادەی گۆڕان و نوێکردنەوەی شێوازی بیرکردنەوەو فڕێدانی یەکجارەکی کەڵکەڵەی کۆیلەبون و دیلێتی هەربۆیە ئەو کۆمەڵگایانەی کە چەندین نەوە فەرهەنگی دیلی و چەوسانەوەو بێڕێزی وتوندوتیژی و بێنرخکردنی مرۆڤ ئەزمون دەکەن، ئەو مرۆڤانەی بەسەر دڵڕەقی و ئیرهاب و کوشتن و خوێنڕشتن و توندوتیژیدا چاویان دەکرێتەوە، زەحمەتە لە قۆناغی ئازادیدا، لەقۆناغی دوای ڕوخانی دیکتاتۆردا، دوای گۆڕانەکاندا، زەحمەتە وزەی ئازادی ولێبوردەیی و وزەی پێکەوەژیان و دیموکراسیان تێدا بێت، هەربۆیە لەم ناوچە پڕ ئازارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دکتاتۆرێک بەدکتاتۆرێکی دی دەگۆڕێت، سیستەمێکی چەوسێنەر بە یەکێکی چەوسێنەتر دەگۆڕێت، شێوازی بیرکردنەوەی چەوسانەوەو توندوتیژی و پاوانخوازی و ڕەگەزپەرستی و تۆتالیتاری لە دەسەڵاتێکەوە ڕادەستی سیستەمێکی تر دەکرێت، لە هێزێکەوە رادەستی هێزە نوێیەکان دەکرێت، عێراقی دوای سەددام و سوریای ئێستا کە ئاسۆی ژیان و خیتابێکی نوێ وسیستەمێکی سیاسی نوێی تێدا بەدی ناکرێت، نمونەی دووبارەکردنەوەی میراتە سیاسی و سیستەمی بیرکردنەوە داخراوەیە کە هەڵگری پڕۆژەیەکی نوێ و جیاوازی پێ نیە ! زۆربەی ڕژێمە عەرەبیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕژێمی شمولی و نادیموکراتی و گەندەڵ و نەویستراون لەناو میللەتاندا، لەدوای پەنجاکانی سەدەی ڕابوردوو، ڕزگاربونی وڵاتانی عەرەبی یەک لەدوای یەک و درستکردنی دەوڵەتە (ناسیۆنالستی) عەرەبیەکان، ئیدی دروشمە ئاگراوی و حەماسییەكانی ئازادی نیشتمان دەبێتە سەرەتای دروستبونی کۆمەڵێک سیستەمی تۆتالیتاری عەرەبی گەندەڵ و چەوسێنەر، نادیموکرات و داپڵۆسێنەر، سیستەمە عەرەبیەکان خراپترین مۆدێلی دەوڵەتی ناسیۆنالستین لە دنیادا، بەڵام بەعسی عەرەبی ترسناکترین و دڕەندەترینیان بووە لە مێژوی هاوچەرخی ناوچەکەدا. بەعس لە عێراقدا گۆڕی بەکۆمەڵ و چەکی کیمیایی و لە سێدارەدانی بێدادگایی و پاکتاوی نەژادی و وێرانکردنی شارو شارۆچکەو ڕووبارو هۆڕو زەنگاوەکان، سوتانی ملیۆنەها دارخورما، زەوی بەپیتی کشتوکاڵی و وێرانکردنی لادێکان، ڕاگوێزان و دەرکردنی بەزۆرەملێ و هەڵگیرسانی زنجیرەیەک جەنگی ماڵوێرانکەری بەرهەمهێنان کە کۆمەڵگای عێراقی بە جۆرێک نابوت کرد چەندان نەوەی دی باجی بێمێشکی و توندوتیژی و وێرانەکارییەکانی بەعس دەدەن، بەعس لە سوریا، هەمان ڕەفتاری فاشستی و نامرۆڤانەی کردوە، هاوڵاتی کوردەکانی بێبەش دەکرد لە پێدانی ناسنامە، لە مافی منداڵبوون، لە مافی بەکارهێنانی زمان و فە رهەنگ و کەلتور، دەرکردن لەسەر زەوی و خاکی خۆیان، بەعس خراپترین و دڕندەترین ڤێرژنی ناسیۆنالیزمی فاشیلی عەرەبیە لە ناوچەکەداو لە دوای دروستبونی دەوڵەتی ناسیۆنالستی عەرەبەکانەوە . ئەوەی ئێستا لە سوریادا دەبینرێت هەمان ئەو مۆدێلە قێزەونەی بەعسە کە بەدرێژایی نیوسەدە سەرقاڵی نابوتکردنی کۆمەڵگاکان و زەلیکردنی ئینسانی ئەو دەڤەرە بوون بەگرتنەبەری سیاسەتی زیندان و زەلیلکردن، بەعس داهێنانی گەورەی کردوە لە شێوازەکانی ئازاردان و زەلیلردنی ئینساندا، داهێنانی کردوە لە شێوازەکانی کوشتن و پارچەپارچەکردنی ئینساندا، لە بێئیرادەکردن و داماوکردنی کۆمەڵگاکاندا هەتا ئیرادەی گۆڕین و بیرکردنەوەی گۆڕینیان تێدا بکوژێت، ئەگەر ڕاستگۆ بین، ئیرادەی نێودەوڵەتی نەبوایە بەعس نە لە عێراق نە لە سوریان نەدەجوڵاو ڕاماڵینیان زەحمەت بوو، بەعس لەهەمبەر هاوڵاتی و ژن و منداڵیشدا لە بەکارهێنانی کیمیایی و کوشتن و لەتوپەتکردن نەدەپرنگایەوە، دڵڕەقی و ترسناکی بەعس بەجۆرێک بوو کە تەنها هاوڵاتی عێراقی و سوری دەتوانێت گوزارشت لە ترسناکی ئەو سیستەمە بکات، هەمیشە سیستەمە تۆتالیتارو چەوسێنەرەکان هەتا دڵنیاتر بن لە قێزەونی و ئەویستراوی خۆیان ئامڕازی ترسناکترو ڕێگای نامرۆڤانەتر دەگرنەبەر بۆ درێژەدان بەمانەوەی خۆیان، بەعس لە عێراق و سوریادا هەمیشە ئاوا بوون، دواجار فشارو ئیرادەی نێودەوڵەتی توانیان ئەو باڵاخانە ئاسنینەی زوڵم وزۆر بەسەرشانی ژن و مناڵی ئەو دەڤەرەوەیە بڕوخێنن، دەنا لاچونیان زەحمەت بوو . هەڵدانەوەی سەرقاپی زێرابەکەی بەعس پێویستی بە لەسەروەستان و ڕامانێکی قوڵ هەیە، بە خوێندنەوەی ئەو قۆناغە مێژوییە ترسناکە لە دەیان گۆشەی جیاوازی مێژویی و ئەکادیمیەوە، پرسیار لەسەر ئەو هەموو دڵڕەقی و بەرخوردە نامرۆڤانە ناعەقڵانی و نائەخلاقیانەی کە دەشێت مرۆڤ لەهبەر مرۆڤێکی تردا پیادەی بکات، پرسیار لە سەر چەمکی زیدان و ئازاردان، لەسەر دروشمەکانی نیشتمان و هاوڵاتی و بکەری سیاسی، لەسەر چۆنیەتی بیناکردنی سیستەمێکی چەوسێنەر لە هەناوی هەمان کۆمەڵگاوە، نە سەدام حوسەین و نە بەشار ئەسەد بە تەنها دەیانتوانی کۆمەڵگایەک بەو جۆرە ترسناکە زەلیل و بێئیرادە بکەن ئەگەر سیستەمێکی هیرارکی و سیستەمێکی بیرکردنەوەو سیستەمێکی ئیداری و سەربازی و مرۆیی لە پشتیانەوە نەوەستابێت، ئەو سیستەمە چۆن ئاوا دروست دەبێت و بۆ دروست دەبێت و کێن ئەوانەی دەبنە بەشێک لەو ستراکتورە ترسناکە ؟ بۆ دەبن ؟ چۆن دەبن ؟؟ هەڵهاتنی ترسنۆکانەی دیکتاتۆرێکی ترسناکی وەکو سەددام کە سەدان جەنەراڵ و ئەفسەی پڕۆفێشناڵ و ئەکادیمی بێ دادگاو لێپرسینەوە بەر گوللە دەدا بەناوی هەڵهاتن و ترسنۆکی لەبەرەکانی جەنگدا، بەڵام خۆی بە ترسنۆکانەترین شێوە کوناوکون خۆی دەشاردەوەو بە تا کەوتە دەست سەربازە ئەمەریکییەکان، هەروا بەشارو بن عەلی چۆن ترسنۆکانە لە میللەتەکەیان هەڵهاتن، ئیرادەی بچوکترین زیندانیان نەبوو کە لە زیندانەکانی ئەواندا ڕوبەڕووی ئەشکەنجە دەبونەوە و نەدەڕوخان !!، ئەوانە ڕێکەوتی مێژویین یان بەرهەمی هۆشیاری کۆمەڵگاو پێکهاتە جیاوازەکانی ؟ بەعس و سیستەمی بیرکردنەوەی تۆتالیتاری، داگیرکردنی کۆمەڵگا، چەوسانەوەی مرۆڤ و داگیرکردنی سامانی گشتی و بێنرخکردنی ئینسان، سەرکوت و داپڵۆسین پشتگۆیخستنی کۆمەڵگاو بیناکردنی زیندانەکان و کۆشکی دەسەڵاتدارەکان کە پشت قاییم دەکەن بە هێزی سەربازی و دەزگای جاسوسی و ترس و تۆقاندن و بێمافکردنی ئینسان، ئەمانە میراتیی بیرکردنەوەی بەعسیانەیە لەهەر هێزێکدا ئامادە بێت و لەهەر سوچێکی دنیادا بێت هەمان سیستەمی چەوسانەوەو ئازارو مەینەتی بەرهەم دێنێتەوە !
كاوه مهحمود- سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان ئهم ڕووداوهی دهیگێڕمهوه كاتی خۆی بۆ بهشێك له هاوڕێیانی خۆم باسكردوهو، وابزانم ئێستا كاتی هاتووه لهم نوسینهدا ئاماژهی پێبكهم. له شوباتی 2013 له كۆنگرهی حزبی شیوعی روسیا بهشداربووم. لهو كۆنگرهیهدا 92 حزبی شیوعیو كرێكاريی له جیهاندا بهشداربوون. دوو ڕۆژی یهكهمی كۆنگره بۆ وتاری حزبه بهشداربووهكان سهبارهت به پهیامی پیرۆزبایی كۆنگرهو لێكدانهوهی رهوشی سیاسی تهرخانكرابوو. له هۆڵی كۆنگرهدا سكرینێكی گهوره دانرابوو، كه بهردهوام گردبوونهوهی كۆمهڵێك خهڵكی سوریای پیشاندهدا، كه ئاڵای سوریاو وێنهی بهشار ئهسەدیان ههڵگرتبوو، و دروشمی پشتگیریان له رژێمی ئهسهد دهوتهوه. ئهم چالاكییه به ناوی پشتگیریكردنی گهلی سوریا نمایش دهكرا. وتاری حزبهكان، كه بهپێی ئهلفابیت ڕێكخرابوو، له ڕۆژی یهكهمدا به گشتگیریی دژی بابهتی بههاری عهرهبیو پشتگیری بۆ رژێمی ئهسهد بوو. نۆبهتی وتاری من له سهرهتای رۆژی دووهمدا بوو. بهپێچهوانهی وتارهكانی ڕۆژی یهكهم، كه ههر ههموویان دهیانووت (بزماره بزماره)، من وتم (بزمار نییه مێخه). له وتارهكهمدا ئاماژهم بهوه كرد، كه لنگییهكی گهورهیه به ناوی پشتگیری گهلی سوریا پشتگیری له رژێمی دیكتاتۆری ئهسەد بكرێتو، پێویسته ههڵوێستی حزبه كۆمۆنیستهكان له یهك كاتدا دژ به دیكتاتۆری ئهسهدو تیرۆری دهوڵهتی سوریا بێتو، له ههمان كاتدا دژ به ئهلتهرناتیفی ئۆپۆزسیۆنی گروپه توندڕهو تیرۆریسته ئیسلامییهكان بێت كه، بهشێكن له قاعیدهو بهكرێگیراوی وڵاتی دهرهكین. له وتارهكهمدا جهختم لهوه كردوه، كه پێویسته ههڵوێستی سهرجهم حزبه كۆمۆنیستهكان پشتگیری له تێكۆشانی گهلی سوریاو هێزی دیموكراتیو مهدهنی لهپێناوی كۆتایهێنان به دیكتاتۆرییو دابینكردنی جێگرهوهیەكی دیموكراتی بێت، كه تیایدا مافی سهرجهم پێكهاتهو گهلانی سوریا مسۆگهر بكات. ئهم وتارهی من بهپێچهوانهی بۆچوونی ههندێ حزب بوو، كه له سوریاو لوبنان ئاماده بوونو به وتارهكهی من زۆر قهڵس بوون تا گهیشته ئهو ڕادهیهی له كۆبونهوهی حزبه كۆمۆنیستهكانی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست لهگهڵ زاگانۆف ئهمینداری حزبی شیوعی روسیا له ئێوارهی ههمان رۆژدا دهمهقاڵی كهوته نێوان من یهكێك لهو هاوڕێیانهی به ههڵویستی من تهنگهتاو بوو، كه ئهمڕۆ له بهیاننامهیكدا دوای روخانی رژێمی ئهسهد دهڵی ههندێ به كردهوهو به قسه، ئێمه له دڵهوه دژ به دیكتاتۆری بووین. بهشێك له هۆكاری دهمهقاڵێكهی نێوانمان بهشداریمان بهناوی حزبی شیوعی كوردستانی لهو جۆره چالاكییه گهورانه، ئهو برادهرو كهسانی وهكو ئهویان نارهحهت كردبوو. بهشی دیكهش پهیوهندی به ههڵوێستمان له رژێمی ئهسهد بوو. كۆتایی دهمهقاڵێكه به دوا وتهی من كه لهبهر چاوی ههموو بهشداربووان ئاڕاستهم كردو پێم وت: (ئێوه لهو ئاسته نین شوناسی نیشتمانپهروهری به ئێمه ببهخشنو ئهوهی پشتگیری له دیكتاتۆرییو سیاسهتی داپلۆسین دهكات لهگهڵ كۆتایهاتنی دیكتاتۆریی كۆتایی دێت). دانیشتنهكه به ناوبژیكردنی زاگانۆف كۆتاییهات. مهبهست له گێڕانهوهی ئهم وتاره دوای روخاندنی رژێمی دیكتاتۆری له سوریا، ئاستی ئامادهبوونی ئهو حزبه سیاسییانهیه بۆ چاوگێڕانهوه به سیاسهتهكانی خۆیانو ئامادهبوونی ڕهخنه لهخۆگرتن، كه لهوانهیه ئێستا وهكو كاری سیاسی زوو بێت، بهڵام گرنگه سهرهتاكانی پێداچوونهوه لهگهڵ گۆڕانكارییهكان دهركهوێت. سهرجهم گۆڕانكاریو ڕووداوهكان له ماوهی چهندین ساڵدا، ئاماژهن بۆ بوونی قهیرانی ئهوهی پێی دهڵێن "دهوڵهتی نیشتمانی" له ناوچەكهدا، كه دوای ڕوخاندنی ئیمپراتۆریی عوسمانی دوور له ئیرادهی گهلان، لهوانهش گهلی كوردستان دروستكراو، جگه له پۆچهڵبوونو بهتاڵی پهیامی سیاسی بزوتنهوهی ناسیۆنالیستی عهرهبو داكۆكیكردنیان له حوكمڕانه دیكتاتۆرییهكان بهناوی رزگاركردنی فهلهستین، كه جگه له ئاژاوهو بهفیرۆدانی داهاتو سامانی مرۆیی گهلانی ناوچەكهو بهرفروانكردنی داپلۆسین گهلان، بهرههمی نهبووه. رهوشی نوێی ناوچهكه كه بووەته گۆڕهپانی ململانێی وڵاته ههرێمایهتیو نێودهوڵهتییهكانو، دوا ڕووداوه چاوهڕوانكراوهكانیش، كه به شهڕی غهزهو حماسو حزبوڵای لوبنانو ئیسرائیل دهستیپێكردو، زنجیرهی ئێستای به كۆتایهاتنی رژێمی ئهسەدو تێكشكاندنی تهواوی ژێرخانی ئابورییو سهربازی سوریاو دهرپهڕاندنی میلشیاكانی ئێرانو حهشدی شهعبی عێراق و نههێشتنی حزبوڵایه له سوریاو لغاوكردنی له لوبنان دهركهوتووهو، ئهمریكاو توركیاو ئیسرائیلو روسیاو ههندێ وڵاتی كهنداوی به پلهی جیاواز تیایدا بهشدارن، كۆتایی گهمهی سیاسیی ناوچكه نییهو، ئهم رهوشه به ههڵواسراوی نامێنێتهوهو، سادهترین پێشهاته گهیشتنی پرشكی ئاگرهكهیه بۆ عێراقو یهمهنو بابهتی ململانێی نێوان ئێرانو ئهمهریكا. بابهتی گرنگ به نیسبهت ئێمهو سهرجهم هێزی مهدهنیو پێشكهوتنخوازو چهپی ناوچهكه ئهوهیه، كه به فراوانی تابلۆی رهوشی سیاسی ببیننو ناكرێ له شیكردنهوهی سیاسیو ههڵوێست وهرگرتنو كاری سیاسیدا ئهم خاڵانهی خوارهوه فەرامۆش بكرێت: ـ گرنگه هێزه دیموكراسیو عهلمانییهكانی سوریاو ناوچهی عهرهبی به تهواوی خولیای خۆزگه مانهوهی رژیمی ئهسەد له بیری سیاسی خۆیان له كاتی مامهڵهكردن لهگهڵ پێشهاته نوێیەكان، دهربهێنن. ـ گرنگه ئهو هێزانه كاتێك دژایهتی خۆیان بۆ داگیركردنی ئیسرائیل بۆ جۆلان و بهشێك له باشوری سوریاو بوونی هێزی سهربازیی ئهمهریكا دژ به داعش دهردهبڕن، دژایهتی خۆیان بۆ داگیركردنی وڵاتی دیكه بۆ خاكی سوریاو بوونی هێزی سهربازی دیكه دهربڕن. ـ له كاتی باسكردنی دواڕۆژی سوریاو ڕێزگرتنی ئیرادهی گهلی سوریا، ناكرێ ئهو هێزانه به هیچ جۆرێك باس له دۆزی رهوای كورد له سوریا نهكهن، یان ههندێجار به پێچهوانهشهوه بوونی ئیدارهی خۆسهری به ههڕهشه لهسهر یهكێتیی خاكی سوریا دابنێن. ـ به بۆنهی كۆتایهاتن به رژێمی دیكتاتۆریی ئهسەدو لاچوونی ئهو مێردهزمهیه لهسهر سینگی خهڵك له سوریا، دهربڕنی خۆشی خهڵك لهلایهكو گوتاری گشتیی دهسهڵاتداره نوێیەكان لهلایهكهی دیكه، نابێ هۆكاری گهشپینانهی ساویلكانه به حوكمڕانه نوێیەكان دروستبكاتو ببێته هۆی خوێندنهوهی ههڵه بۆ رهوشی سیاسی. گرنگه كۆمهڵێك بابهت بهردهوام جهختی لهسهر بكرێتهوه، لهوانه: پاكتاوكردنی لێكهوتهكانی دیكتاتۆرییو قۆناغی گواستنهوهو عهدالهتی راگوزارو دیموكراسیو مافی مرۆڤو مافی ژنانو پاراستنی ژیانی شیاو بۆ خهڵكی زهحمهتكێش. ـ گرنگه لایهنی كوردستانی له سوریا مهترسییهكانی ههڕهشهكردن لهسهر رۆژئاوا بهههند وهرگرنو، كاریان بۆ ڕێكخستنهوهی نێوماڵی كورد له ڕۆژئاوادا بێتو لایهنی كوردستانی وهك یهك هێز به ههماههنگیو جهختكردنهوه لهسهر مافی سهرجهم نهتهوهو پێكهاتهكانی سوریا له یهك سهنگهری تێكۆشاندا بن. قۆناغی دیكتاتۆریی ئهسەدو عهقلیهتی ناسیۆنالیستی عهرهب كۆتایهاتو ناكرێ جێگرهوهكهی دیكتاتۆریی ئیسلامی سیاسیو گروپه تیرۆریستهكانو عهقلیهتی رههابوون بێتو، چارهنووسی گهلانی ناوچكه به ریتمی ناكۆكییه نێودهوڵهتییهكان ببهسترێتهوه. -- بزمارە بزمارە گۆرانییەکی تیپی باواجی کۆیەیە.
د. سەردار عەزیز دوێنێ برادەرێکی تورک کە جاران لە وەزارەتی دەرەوەی تورکی نزیک بوو لە ئەنقەرە سەرۆکی خانەیەکی بیر بوو، توێژینەوەیەکی بۆ ناردم. منیش لێم پرسی ئایا نیازی تورکیا چیە بەرامبەر کوردستانی سوریا، ئایا دەیەوێت تێکی بدات؟ ئەو سێ پەیامی ناردبوو لە وەڵامدا. پەیامێکیان ڕای کەسێکی تر بوو دەربارەی بابەتەکەی. لەو ڕایەدا باس لە عەقڵیەتی تورک دەکات، ئایا هێشتا لە عەقڵیەتی بەرگریی defensive ەوە پرسەکە دەبینن. وەک لە گوتارەکانی ئەردۆغان و فیداندا هەستی پێدەکەیت ئەوان دەڵێن بەرگریی لە خاکی تورکیا دەکەن. بەپێی ئەم عەقڵیەتە، کە لە هەمانکاتدا عەقڵیەتێکی نیمچە کەمالیی و بە گشتی تورکیە. کەمالی بەوەی کە ئەتاتورک دەیگوت ئاشتی لە ناوەوە، ئاشتی لە دەرەوە، لە نوتقدا باسی دەکات. هەروەها ئەو عەقڵیەتەی کە لە سیڤەرەوە دێت پێی وایە هەموو لە پیلاندان بۆ تێکدانی تورکیا. بەم پێیە ئەنقەرە هەتا بۆی بکرێت دەڕوات، بە قسەی هاوەڵە تورکەکەم. کەواتە تورکیا لە سەر بنەمای هێز و مەترسیی و دەرفەت کار دەکات. ئەو چەمکێکی دۆلۆزی بەکارهێناوە کە deterritorialize ە. من باش لە چەمکەکە تێناگەم، چونکە زۆر بەکاردێت بە جیاواز لە مانا دۆلۆزییەکە. مانا دۆلۆزییەکە وەهایە کە بەدوەکان یان کۆچەرییەکان لە پانتایی خۆیان دەچن بۆ پانتاییەکی تر، کە دەبێتە دیتیرۆتریەلایزەیشن، بەڵام کۆچەرییەکان یەکسەر پاش ئەمە ریتیریتۆریەلایز دەکەن، بەو مانایە ئەو پانتاییەی کە لە دەرەوەی تیرەتۆری خۆیان بوو، دەیکەن بە پانتایی خۆیان. بەڵام ئەم چەمکە لە پانتایی یاسای نێودەوڵەتیدا، مەبەستم توێژینەوەی ئەو بوارەیە، بە پشت بەستن بە کارەکانی کارل شمت، بە تایبەتی Nomos of the Earth مانایەکی تری وەرگرتوە بەوەی پرۆسەی سەپاندنی نۆرمی ترە بە سەر ئەو پانتاییەدا. لەم ڕوانگەیەوە تورکیا مەبەستی ئەوەیە هەتا بۆی بکرێت لە ڕوی هێز و کاتەوە زۆرترین پانتایی و جێگای ستراتیژی ببات هەم بە بیانوی کوردوەوە، هەم دژ بە کورد. لەم پانتاییەدا نۆرمەکان بگۆڕێت، بەمانای ئەوەی لە کوردبون یان دەسەڵاتی کوردی دایببڕێت و نۆرمی تری بە سەردا بسەپێنێت، وەک ڕەدعی مەترسی ناوەوە، کە پرسی کوردە لە ناو تورکیا، یان وەک ڕێگریی لە مەترسییەکی دەرونی و بونیادی دەوڵەتی تورکی. بەڵام لێرەدا چەند پرسێکی تر هەیە: یەکەم، کەس توانای کۆنترۆڵی ڕوداوەکانی نیە. تورکیا لە کاتێکدا هەست بە سەرکەوتن و دەرفەت و لاوازبونی نەیارە هەرێمییەکانی وەک ئێران و روسیا دەکات، بەڵام دوو شت زۆر گرنگن کە لە بەرچاو بگیرێت: یەکەم، ئەگەر سوریا ببێتە ملی تورکیا، ئەوا سوریا تورکیا وێران دەکات. چونکە سوریا پێویستی بە بلیون بلیون دۆلارو بۆ ئەوەی بکەوێتە سەر پێی خۆی، بەڵام تورکیا نیەتی. ئێستا بۆ کارەبای حەلەب پارە لە قەتەرەوە دەهێنن. تورکیاش دەخوازێت کەنداو پارەی سەرکێشییەکانی بدات، بەڵام تەنها قەتەرە دەچێتە ژێر ئەم بارە و لە هەمانکاتدا مەرجدار و سنوردارە. بۆیە دەکرێت وەها ببینرێت کە تورکیا بەرەو زۆنگاو دەخلیسکێت. دەچێتە وڵاتێک کە بۆی سەقامگیر ناکرێت. لە کاتێکدا ئامانجی سەرەکی دابرانە لە سوریا، بە تایبەتی لە ڕوی ناردنەوەی ملیونان سوریی. ئەمەشە تەنانەت چاودێرە تورکەکان خۆشیان دەڵێن کە ڕەنگە تورکیا پارویەکی بۆ هاتبێت کە نەتوانێت بە ئاسانی قوتی بدات. لە رویەکی ترەوە ئەگەر ئێران و ڕوسیا لاواز دەبن ئەکتەرێکی تر دەیەوێت سوریا لە قاڵب بدات، ئەویش ئیسرائیلە بە پشتیوانی ئەمریکا. وەک بەڵگەنامەکان دەریدەخەن ڕوسیا جۆرێک لە گەرەنتی بوە بۆ ئیسرائیل لە سوریا، ئێستا ئیسرائیل ئەو گەرەنتییەی نەماوە، بۆیە دەبێت خۆی کارەکان بکات. یەکەم هەنگاو ئەوەیە کە بە وێرانکردنی توانای سەربازیی و جبەخانەی سوری توانای سەربازی ئەو وڵاتە سفر بکات، لە هەمانکاتدا ناهێڵێت جارێکی تر ببێت بە خاوەن هێزی سەربازی و خاوەن جبەخانە، لەم ڕوەوە دەبێت ئیسرائیل لە ڕوی سەربازییەوە ئیدارەی سوریا بکات. ئەمەش وەها دەکات کە سوریا ببێت بە وڵاتێک کە ئیسرائیل و پلانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ لە گەڵ تورکیا و پلانی بۆ بونی بە هێزی هەرێمی نوێ، بەریەک دەکەون. دەرئەنجامەکان یەکەم، سوریا سەقامگیر نابێت و بە وڵاتێکی لاواز دەمێنێتەوە. دووەم، ئەگەر پێشتر ناوەندی ڕاگرتنی بەرەی دژە ڕۆژئاواو و بەرەی ڕۆژئاوابوو ئەوا دەبێتە ناوەندی ململانێی دوو بەرەی تر. سێ، کورد دەکەوێتە بەرداشی ئەم ململانێ نوێیەوە. بەڵام کورد نابێت بە تەواوی دژ بە هیچ لایەک بێت. چوار، هێزە ئیسلامیەکان ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بایەخیان پێنەدات ئەوا بۆ ئەوەی ببن بە جێگای بایەخی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەگەڕێنەوە بۆ کارە تیرۆریستیەکانیان. بەمەش هەموو ڕێسەکە دەبێت بە خوری.
ئەنوەر حسێن (بازگر) بەشی یەكەم یەكەم: سیناریۆكانی پێش و پاش ڕووخانى سوریا - حكومەتی سوریا بۆ ڕووخا؟ - كەوتنی ئەسەد، دەركەوتنی سەركەوتنەكانی ئیسرائیل بوو. - دیزاین و سیناریۆی ڕووداوەكان ئیسرائیلە (هەواڵگری)؟ - حەماس هۆكار، فاكتەری كەوتنی ئەسەد و ڕووداوەكانە. - چارەنووسی هیلالی شیعی. - شەڕی ناوخۆ ئەگەرێكی نزیكە. - ڕووسیا لە پێناو چیدا پشتی لە ئێران و سوریا كرد؟ - توركیا كارەكتەری سەرەكی ڕووداوەكانە (زەمینی) - كی داعش سەپۆرت دەكات؟ - پڕۆسەی ئاشتی توركیا و (PKK) كۆتایهات؟ - (هەسەدە) لەبەردەم دوو شەڕی (ئەنەكەسە) و (هەتەشە) دایە. - عێراق، پێگەی چوارەمی، نەخشەی سیناریۆكانی ئیسرائیلە! - پاشەكشەی ئێران و ئەڵتەرناتیڤەكانی؟ - ڕۆڵى قەتەر، ئيمارات، سعوديە و ئوردن لەم ڕووداوانەدا چى بوو؟ - چارەنووسى عێراق و حەشدى شەعبى بە كوێ دەگات؟ - كاريگەرى ڕووخانى سوريا لەسەر هەرێمى كوردستان. دوەم: (هەتەشە و ئیسرائیل) دوو نەیاری ئەسەد لە پێشهاتێكی چاوەڕوان نەكراودا، تەنها لە ماوەی یانزە ڕۆژدا (هەتەشە) حكومەتە پەنجاوسێ ساڵەكەی بەشار ئەسەدی ڕووخاند، بە پاڵپشتی زەمینی و پڕچەككردنی لەلایەن توركیا و هەڵكردنی چرای سەوزی ڕووسیا بە بەخشینی چەند كارتی ئەمریكا، (كە دیزاینی ئەو سیناریۆیە ئیسرائیل لە دوای ڕووداوەكانی (7)ی ئۆكتۆبەری (2023) دایڕشتبوو، بەهاوكاری چەند یەكەیەكی هەواڵگری موسادیش لەناو دڵی ڕووداوە گەرمەكانی ئەم یانزە ڕۆژەدا، لە زەمین، ژێر زەوی، ئاسمان و دەریادا، وجودیان هەبوو، پڕۆسەكەیان خێراتر كرد. جیا لە هێزێكی تر (فەیلەقی 5) كە لەلایەن ئەمریكاوە لە (تەنەف) ڕاهێنانیان پێ كرابوو، لەگەڵ (ئیسرائیل، بەریتانیا، فەڕەنسا،...) دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرت و ئێستا چەند كارەكتەر ڕۆڵی گەورەیان گێڕا لە كەوتنی ئەسەد. چۆڵكردنی گۆڕەپانەكە لەلایەن ئێرانییەكانەوە و خۆنەگرتنی چەكدارەكانی حزبوڵڵا، كە بەدرێژایی سیانزە ساڵی دوای ڕووداوەكانی (2011) بەهاری عەرەبی، حكومەتەكەی بەشار ئەسەدیان ڕاگرتبوو، ڕاكردن و ڕووخانی ئەسەدی خێراتر كرد. كۆنگرەی (7)ی دیسمبەری (2023) لە دەوحە، لەنێوان گروپی (ئاستانا- ڕووسیا، توركیا و ئێران) بە زیادەی (عێراق، میسر، سعودیە، قەتەر،...) جیا لە بەیاننامەیەك نەیتوانی چارەنووسی ڕووخانی ئەسەد یەك ڕۆژ زیاتر دوابخات. سێیەم: حەماس فاكتەری كەوتنی ئەسەد و ئیسرائیل دیزاینی كەوتنەكەی كردوە. پەلاماردانی (حەماس) لە (7)ی ئۆكتۆبەر بۆسەر سنوورەكانی ئیسرائیل، ڕووداوێك هاوشێوەی (11)ی سێپتمبەر و (شەڕی كەنداو) و (بەهاری عەرەبی) ڕووداوێكی مێژوویی بوو، كە ئاڕاستەی ڕووداوە سیاسییەكان و هاوكێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانی هێندە گۆڕی، چاوەڕوان نەكراو بوو، حەماس بەپشتیوانی تاران، ڕووداوگەلێكی خوڵقاند- كە پێدەچێت ڕووسەكان ئەو كات بەشدار بووبن، بۆ كێشانی نەخشەی ئەم ڕووداوانە: (7)ی ئۆكتۆبەر؛ - ئیسرائیلی دەست ئاوەڵاكرد، بۆ پەلاماردان و تێكشكاندنی نەیارەكانی لە (حەماس، حزبوڵڵا، بەشار ئەسەد و ئێرانییەكان)یش. - گروپی میحوەری لایەنگری ئێرانی، نەیاری تەل ئەڤیڤی بەتەواوی تێكشكاند و پاشەكشەی پێ كردن. - خاڵی گرنگ بۆ ئیسرائیل، ڕووخانی بەشار ئەسەد بوو (وەكو سەنتەری هیلالی شیعی، خاڵی بەیەكگەیشتنی تاران و حزبوڵڵا) ئەوەشی ئەنجامدا، واتا ئیسرائیل، دیزاینەری ئەم ڕووداوانەی ئەم یانزە ڕۆژەی سوریا بوو، بە پشتیوانی ئەمریكا و بێ دەنگی ڕووسیا، لە كۆتایەكانیشدا بەشداری پێكردنی توركیا و ڕوڵدان بە كوردەكانی سوریا. واتا هەڵەی حەماس، فاكتەری بەهێز بوو بۆ پەلكێشانی ڕووداوەكان بۆ باشووری لوبنان و ڕووخانی ئەسەد و دواتریش دەگاتە عێراق و یەمەن-یش. چوارەم: ئەسەد و سوریا، قوربانی ململانێی (تاران و تەل ئەڤیڤ) پەیوەندی ئێران و سوریا، لە زەمەنی شەڕی (8) ساڵەی ئێران و عێراق چوە قۆناغێكی مێژوویی، كە هەموو وڵاتانی عەرەبی دژی ئێران و پشتیوانی سەدام حسێن بوو، جیا لە سوریا و حافز ئەسەد بوە دۆستی ئێران و ساڵانە بايى (1) مليار دۆلار نەوت دەداتە سوريا جیا لەوانە؛ - بوونی گروپی مەزهەبی شیعی – عەلەوی و بەتایبەتی بنەماڵەی ئەسەد، جێگەی گرنگیپێدانی زیاتری ئێران بوو. - ساڵی (1982) لەگەڵ دروستبوون و بەهێزبوونی (حزبوڵڵا-لوبنان) پێگە و جیۆپۆلەتیكی سوریا لای ئێرانییەكان زۆرتر بوو (بە هەمان شێوە مەترسی لەسەر ئیسرائیل زۆرتر بوو). - ساڵی (2011) كە ڕووداوەكانی بەهاری عەرەبی ڕوویدا، سووریا بەهەموو پێوەرێك دەبوو پێش (لیبیا، یەمەن، میسر و تونس) لە باكوری ئەفریقا بكەوێت، بەڵام (سوپای پاسداران، چەكدارەكانی حزبوڵڵا، هێزی ئاسمانی ڕووسیا لە فڕۆكەخانەى حوميميم لە لازقيە) ئەسەدیان لە ڕووخان ڕزگار كرد. ساڵی (2003) كە عێراق ڕووخا و هەیمەنەی ئێران زۆرتر بوو، پێگەی سوریا-ش لای تاران زیاتر بوو، بۆ پێكەوە بەستنی بەرژەوەندییەكانی (تاران-سوریا-حزبوڵڵا). - گرنگترین خاڵ (هیلالی شیعی ئێرانی) سەنتەرە ستراتیژیەكەی (سوریا) بوو، كە (تاران-عێراق-سوریا دەگەیاند بە لوبنان و حزبوڵڵا) وەكو گەورەترین هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئیسرائیل. بەهێزبوونی حزبوڵڵا و پڕكردنی باشووری لوبنان و دیمەشق لە ڕاوێژكارانى پاسداران و هێزەكانی سەر بە ئێران و مەترسی گەورەبوون لەسەر ئیسرائیل، ئەسەد، هێندە كەوتبوە ژێر هەژموون و هەیمەنەی ئێران و هێزەكانی و حزبوڵڵا، زەینبيیوون و فاتميیوون بەتایبەتی كاریگەری قاسم سولەیمانی، نەیدەتوانی، مەرج و داواكانی ئیسرائیل لەبەرچاو بگرێت. دەكرێت بڵێین: یەكێك لە فاكتەرە گرنگەكانی ڕووخانی ئەسەد ئەوە بوە، كە قوربانی ململانێكانى نێوان تەل ئەڤیڤ و تارانە. پێنجەم: توركیا و سوریا، هاوسێی نەیار و دوژمنی بەردەوام توركیا و سوریا، وەكو دراوسێ، بەردەوام پەیوەندییەكانیان خراپبوە، وەكو دوژمن و نەیار سەیری یەكتریان كردوە. - ساڵی (1939) توركیا (لیوای ئەسكندرونە)ی سوریای لكاند بەخۆیەوە ناوی نا (ویلایەتی هاتای) كە (4800)كم چوارگۆشەیە لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست، (1533000) دانبشتوانی سووننەن لە (كورد، عەرەب، ئەرمەن، چەركەس و تورك). - لە ساڵی (1976) و بەتایبەتی لە (1984) كە (پ.ك.ك) خەباتی چەكداری ڕاگەیاند، سوریا دیمەشق و دۆڵی بیقاعی بۆ فەراهەمكرد و ڕاهێنان و پاڵپشتی سەربازی و دارایی زۆری پێشكەشكرد، توركیا تەواو نیگەران بوو. فشارەكان بۆسەر ئەنكەرە وایكرد، ئۆكتۆبەری (1998) توركیا هێزەكانی بردە سەر سنوور-ناچار دیمەشق ئۆجەلانی دەركرد و لە فێبریەی (1999) لە كینیا دەستگیر كرا. ماوەی (22) ساڵ سوریا دژی توركیا پشتیوانی (پەكەكە)یكرد، ڕێگاشی دابوو كوردەكانی سوریا نەچنە ڕیزەكانی سوپا ببنە چەكداری (پ.ك.ك) هەربۆیە تا (2011)، (7000) شەهیدیان لە سوریا هەبووە. - كێشەی ئاوی دیجلە و فوڕات، قەیرانی بەردەوامی نێوانیان بوو. بەڵام لەگەڵ ڕووداوەكانی (2011) بەهاری عەرەبی، كۆنتڕۆڵكردنی شارە كوردنشینەكان، توركیا گروپەكانی (سوپای ئازادی سوریا، جەیشی ئیسلام، فەسیلى سوڵتان موراد، هەمزە، سلێمان پاشا، هەیئە تحریر شام، حزبی ئیسلامی توركستان) دروستكرد و دواتر پەلاماری عەفرین و ناوچە كوردنشینەكانی دا و داگیری كردن. شەشەم: توركیا لە پەراوێزەوە بۆ كارەكتەری دەستی ئیسرائیل لە چەند مانگی ڕابردوودا، توركیا دوو جوڵەی نائاسایی كرد، كە جێگەی سەرنج بوو، وادیار بوو ئاگاداری ئەم سیناریۆیانەی ئیسرائیل هەیە، بەڵام نیگەرانی هەبوو جێگە و پێگەیەكی پێ نەدراوە. یەكەم: سەردانەكەی ئاردۆگان بۆ سوریا، بەمەبەستی ڕێككەوتن بۆ خستنەوە ژێر دەسەڵاتی ناوچە كوردنشینەكانی ژێر دەسەڵاتی (هەسەدە) كە ئەسەد نەپێی باشبوو نە ئێرانیش لەگەڵ ئەو سیناریۆیە بوو ئاكامێكی نەبوو. دووەم: بێ هۆكار و لەپڕدا، ئاردۆگان و باخچەلی ڕایگەیاند؛ پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ (پ.ك.ك) و ئۆجەلان دەستپێدەكەن. دەركەوت؛ ئەم دوو جوڵەیەی توركیا پەرچەكردار بوە، ترس و نیگەرانی هەبوە لەوەی ئیسرائیل، كورد لە سوریا، وەكو هێزی سەرەكی بۆ ئەم ئاڵوگۆڕانە ئامادە بكات و ببنە دیفاكتۆ. بەڵام دواتر كە بەشداری ناو سیناریۆ دیزاینكراوەكەی ئیسرائیلی پێ كراوە، كەوتە هەڕەشە لە سوریا و پەلاماری مەنبج-ی دا و قسەیەكیش لە پڕۆسەی ئاشتی نەما و جێبەجێ كردنی سیناریۆكەش درا بە (هەیئە تحریر شام-هەتەشە-ی محەمەد جۆڵانی) ڕاهێنراوی توركیا. ئیسرائیل بە هاوكاری هێزەكانی (هەسەدە)؛ فەیلەقی (5) و (هەتەشە) و ناردنی هێزە هەواڵگرییە نهێنییەكانی موساد بۆناو سوریا، پلانەكەی جێبەجێی كرد. جیا لەوانە، توركیا لە دیدارە نهێنییەكانی ئەم ماوەیەی نێوان (موساد-هەسەدە) تەواو نیگەران بوە، بەڵام دواتر لە نەبوونی مەترسی دڵنیاكرایەوە و وەكو كارەكتەری ناو نەخشەكەی ئیسرائیل ڕۆڵی پێدرا. بەمشێوەيە توركيا لە هێزێكی پەراوێزخراوەوە بوە كارەكتەری سەرەكی گۆڕانكاریەكان و ڕووخانی ئەسەد. حەوتەم: (هەتەشە) گروپی ئیسلامی نەترسيدارى بچووك بۆ ئەركێكی مێژوویی (هەتەشە) وەكو ڕێكخراوێكی ئیسلامی سووننی، سەلەفی جیهادی لە ساڵی (2017) لە تێكەڵوونی (بەرەی نووسرە-بەرەی ڕزگاری شام، بەرەی ئەنسار و دین، سوپای سووننە و لیوای حەق و بزوتنەوەی نورەدین زەنگی) پێكهاتوە، ئەبوو محەمەد جۆڵانی وەكو سەرۆك بەڕێوەی دەبات و تەنها لە پارێزگای (ئەدلب) بوون، ئەم ڕێكخراوە، زۆرتر عەرەبەكانی سوریای ناو (قاعیدە و داعش) گرتەخۆی كە جیابوونەتەوە و دواتر دروستیانكرد و ژمارەی چەكدارەكانی نزیكەی (20000) كەس بوە و لەلایەن توركیا و قەتەر پشتیوانی دەكران، لەلایەن ئەمریكا و ڕوسیا و ئەورووپاوە لە لیستی تیرۆردایە. (هەتەشە) دژی (كورد، شیعەی عەلەوی، چەركەس و دروز) بوون. پاش چەندین شكستی زۆر لە ناوچەكانی عەفرین و سەرێ كانی و گرێ سپی... لەگەڵ (هەسەدە)، بەڵام لەماوەی (11) ڕۆژدا، بوونە خاوەنی سەروەریەكی مێژوویی و وەكو فریاد ڕەسی گەلانی سوریا بە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد ئەركێكی مێژوویی هەواڵگری (ئیسرائیل، توركی، قەتەری، ئەمریكی،...) پێ سپێردرا، كە دیار نییە لە داهاتووی سوریا، بەو فكر و ئایدیۆلۆژیا و بیروباوەڕە ڕادیكاڵ و مەترسیدارەوە دەتوانێت جێگە و پێگەیەكی هەبێت. جیا لەوانە (هەتەشە) بە دوژمنی پلەیەكی كورد و (هەسەدە) دادەنرێت، واپێدەچێت پاش ئەم ڕووداوانە یەكەم ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ كورد بێت. هەشتەم: ئێران زەرەرمەندی یەكەمى ڕووداوەكانى (7)ی ئۆكتۆبەر - بەهۆی هەڵەی حەماسەوە لە (7)ی ئۆكتۆبەر، ئێران گەورەترین زەرەرمەندی ناو ئەو هاوكێشە سیاسیانە بوو، بە كەوتنی (حەماس) و وێرانكردنی غەززە، وەكو پێگەیەكی گرنگی تاران دژی شەیتانی گەورە لە ناو جەرگەی دڵی و وڵاتانی عەرەبی سووننی، پێگە ستراتیژییەكەی لە دەستدا و دۆستەكەشی كۆتایهات و بەرپرسەكانیشی كوژران. كارەساتى دووەم و گەورەتر بە كوشتنی حەسەن نەسروڵڵا و زیاتر لە (80) بەرپرسی پلە باڵای حزبوڵڵا و هێرشی ئیسرائیل بۆسەر باشووری لوبنان و لێدان لە جبەخانە و موشەكە دوور هاوێژەكانی، دۆستی پلەیەكی شیعی ئێران، كە لە ڕیزی پێشەوەی بەرەی ئیسرائیل دەجەنگا، كۆتایهات، ناچار بە تەسلیمبوون كرا، ئەوە دوەم لێدان بوو لە هەژموونی ئێرانی لە ناوچەكەدا. بە ڕووخانی ئەسەد و كەوتنی سوریا-ش پەیوەندی تاران-حیزبوڵڵا بەتەواوی وەكو مووروی ناو پەتی تەزبیح پچڕاو هیلالی شیعی پڕ نفوز و دەستكەوتی سی ساڵەی تاران هەموو پرد و تونێل و میترۆ و ئوبان و ئۆتۆبان و ڕێگا قاچاغەكانی ئەو هیلالە، بەستران و بۆمب ڕێژكراون. ئیسرائیل بەم دیزاین و سیناریۆیە؛ گەورەترین زەربەی لە ئێران دا، كە مەبەستی سەرەكیش هەر ئەوەبوو، چونكە ئێران بە كرداری ئیسرائیلی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خستبوە تەنگەژەوە. بۆ تاران جێگەی پرسیارە؟ مۆسكۆ چۆن بەشداری ئەو سیناریۆیانەی ئیسرائیلی كردوە و پشتی لە تاران و دیمەشق كردوە؟ ئیمتیاز و دەستكەوتی داهاتووی مۆسكۆ چیییە؟ بۆ تاران پرسیارە؟ ئایا لە قۆناغی داهاتووی بەردەوامی ململانێكانی نێوان (تاران+ تەل ئەڤیڤ و واشنتۆن) لە ئێران و عێراق و یەمەن ڕۆڵى چى دەبێت؟ مۆسكۆ لە بەرامبەر ڕێككەوتن لەگەڵ ترامپ لەسەر فایلی (ئۆكرانیا) هەڵوێستی چی دەبێت؟ ڕەنگە لە سادەترین حاڵەتدا، ڕێككەوتنى ڕانەگەیەندراوی نێوان (ترامپ و پۆتین) بێت، كە پۆتين ويستبێتى پێش هاتنى ترامپ بۆ كۆشكى سپى ديارييەكى پێشكەش بكات، كە قوربانييەكەش بەشار ئەسەدى دۆستى لەمێژينەى مۆسكۆ بوو. ماويەتى...
د. كامەران مەنتك لەرووی ستراتیژییەوە شاری حەلەب و دەوروبەری گرنگییەكی زۆری بۆ رۆژئاوای كوردستان هەیە، تاكە دەروازەیەكە كە ئەو ناوچانەی دەوروبەری عەفرین وەك شەهباو ناوچەكانی تر، بەناوچەكانی تری رۆژئاوای كوردستان ببەستێتەوە، لەكاتی داگیركاری توركیا بۆ عەفرین زۆر بایەخ بەو ناوچەیە دەدراو شەڕڤانان دەیانتوانی لەرێگەی شەهباوە بگەنە حەلەب و دواتر بۆ ناوچەكانی تر، داگیركردنی ئەو شارە لەلایەن بەكرێگیراوەكانی توركیا، دەتوانین بڵێین یەكێك لە دەرهاویشتەكانی سەرهەڵدانی جوولانەوەی داعشێكی نوێیە، كە نەك مەترسی بە تەنیا بۆ رۆژئاوای كوردستان بگرە باشووریش دەخاتە مەترسییەوە!. بەگوێرەی رۆژئاوای كوردستان ناوچەكانی ئەلباب و منبج و ئەعزازو دواتریش كۆبانێ و رەقەو ئەو ناوچانەی دەوروبەری عەفرین، كە تا ئێستا لەژێر دەستی شەڕڤاناندا ماون دەخاتە مەترسییەوە، دەكرێت ئەم هێرشەی ئێستا سەرەتایەك بێت بۆ پەلامارێكی گەورە بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، هەرچەندە رژێمی سوریا هەڕەشە دەكات و بەناو سوپا دەنێرێت، بەڵام دوور نییە جۆرە سیناریۆیەك بێت، كە توركیا سوریا لەو رێگەیەوە بەیەكەوە هەوڵ بدەن، هەمان سیناریۆی عەفرین دووبارە بكەنەوەو ئەزموونی كورد لە رۆژئاوای كوردستان لەناو بەرن، هەرچەندە هێشتا زووە بۆ پێشبینی لەو شێوەیە، چونكە تاوەكو ئێستا دیمەنەكان زۆر روون نیبن. بەڵام تەنیا بەسەیركردنی نەخشەی حەلەب و ئەدلب و ناوچەكانی دەوروبەری، گومانی گەورە دروست دەبێت، دەكرێت هەمان سیناریۆی 2014 بەڵام بەشێوەیەكی تر دووبارە بێتەوە، دەبێت ئەوە بزانین كەمپی هۆل و بەندكراوانی داعش لای شەڕڤانانی رۆژئاوا، ئێستا لە هەموو كاتێك مەترسیدارترە و دەكرێت وەك هێزێكی نووستوو لەپڕ واگا بهێنرێن و بەكاربهێنرێن، كە ئەمە ناوچەكە بەرەو فەوزایەكی گەورەو شەڕێكی ترسناك دەبات، بۆیە كورد لە هەموو كاتێك زیاتر ێویستی بە هوشیاری و یەكگرتنە، مەبەستم لەیەكگرتنی هێزە سیاسییەكان نییە، بە تایبەتی هێزە سیاسییەكانی باشوور، كە بەهیچ شێوەیەك ئیرادەیان لەدەست خۆیاندا نەماوە، بەڵكو مەبەستم خەڵكی كوردستانە بەگشتی، كە دەبێت بەهەموو شێوەیەك هەوڵی پاراستنی ئەزموونی رۆژئاوای كوردستان بدەن و لەكاتی هێرشێكی لەو شێوەیە پاڵپشتی بكەن. چونكە لەو گۆڕانكارییە نوێیانە وا پێدەچێت وەك سەرەتا بەپلەی یەكەم ئەوان بە ئامانج دەگیرێن، ئینجا دواتر وەك یاری دۆمینۆ هەموو پولەكانی تریش لەدوای ئەودا لەجێگەی خۆیاندا بكەون، ئەگەری ئەوە هەیە، كە ئەو هەوڵە سەرەتایەك بێت بۆ زیندووكردنەوەی داعش لە ئێراق بە فۆرمێكی نوێ، وەك هەوڵێك بۆ لێدانی میلشیا شیعەكان لە ئێراق گەڕاندنەوەی سوننە بۆ سەر دەسەڵات، كە ئەمەش رێگە بۆ دەسەڵاتێكی ناوەندی بەهێزی وا دروست دەكات، كە تەڕو وشك بەیەكەوە بسوتێنێت، ئەگەر شەڕی حەلەب پەرە بسێنێت و هێزە توندڕەوەكانی توركیا سەركەوتنی واخێراو گەورە بەدەست بێنن، ئەوا ئاسۆ لەبەردەم زۆر سیناریۆی مەترسیدار دەكرێتەوە، كە جارێكی تر هەموو ناوچەكە بەرەو ئاژاوەیەكی فراوان ببات!.
سەردار عەزیز زانستی دیموگرافیا بەگشتی وەها دەبینرێت کە زانستێکە بەرەی چەپ خۆی لێ بە دوور دەگرێت. بۆیە باسکردنی دیمۆگرافیا بەگشتی وەک زانستێکی ڕاست-ڕەویی دەبینرێت. بەڵام ئەمە مانای ئەوەنیە کە نابێت قسە لە سەر دیموگرافیا بکەین. دەبیستم لە کوردستان داوا دەکرێت کە خەڵک منداڵی زیاد بکات، وەک وەڵامێک بۆ زۆریی منداڵی کۆمەڵگای عەرەبی. دیارە ئەم داوایە هەر لە سەرەتاوە شکستخواردوە. چونکە زیادکردنی منداڵ پەیوەندی بە زۆر هۆکارەوە هەیە. لە مێژوودا کۆمەڵگای کشتوکاڵی پێویستی بە دەستی کاری، بێبەرامبەر بووە، بۆیە منداڵ لە کۆمەڵگای کشتوکاڵیدا وەک ئامراز یان کارکەر دەبینرێت، ناڵێم کرێکار، چونکە چەمکی کرێکاری سەر بە کۆمەڵگای پیشەسازییە. لە کۆمەڵگای کشتوکاڵیی و شوانکاریدا کۆمەڵگاکان پێویستان بە دەستی کاری زۆر هەیە بۆ زۆر کاری کەمدەرامەت، وەک شوانکاری، بەرەلەوان، گاوان، وەرزێر، بژار و ئاودێری و زۆر کاری تر. ئەم خواستە ژیارییە، نیمچە- ئابورییە وەک پاش پیادەکردنی بە دەیان سەدە دەبێت بە کەلتور. کەلتور لێرەدا یانی پیادەکردنی ئەو کردانەی کە بەبێ بیرکردنەوە وەک سروشتی یان نۆرم پیادەی دەکەیت. لە گواستنەوە بۆ کۆمەڵگای پیشەسازیی و پاش- پیشەسازی ڕۆڵی منداڵ گۆڕا. لە کۆمەڵگای پیشەسازیدا منداڵ بە ڕێژەی زۆر پێویست نیە، چونکە کۆمەڵگای پیشەسازی شارییە. شار شوێنی کشتوکاڵ نیە. بەڵام هێشتا لە کۆمەڵگایەکی نیمچە پیشەسازی وەک کۆمەڵگای ئێمەدا منداڵ وەها دەبینرێت کە جۆرێکە لە دڵنیایی نەک تەنها لە ڕووی ئابورییەوە، بەڵکو هەروەها لە ڕووی کۆمەڵایەتی و دەرونیشەوە. بەتایبەتی کاتێک دەزگا دەوڵەتییەکان یان بوونیان نیە، یان تەواو لاوازن. بەڵام لە کۆمەڵگای پاش پیشەسازیدا منداڵ وەک پرۆژە دەبینرێت. لە ئەوروپا زۆر دەبیستم کە پێگەیاندنی منداڵێک چەندی تێدەچێت. دیارە ئەم تێچونە هەتا بێت زیاتر دەبێت کاتێک دابینکردنی خوێندنی باش و گەیشتن بە ستاتۆی باڵا و هەوڵدان بۆ سەرکەوتن لە ژیاندا هەموو پێویستی بە پارەی زۆرە، وەک قوتابخانەی تایبەت، یان نیشتەجێ بوون لە گەڕەکی گرانبەها، یان خوێندن لە زانکۆ باڵاکان. ئەمانە هەموو هۆکارن بۆ کەمبونەوەی منداڵ. ئێستا لە ڕۆژئاوا منداڵبون بووە بە پرسێکی سیاسی. ڕاستڕەو داوای منداڵی زۆر دەکات. بەڵام بڕواناکەم کاریگەری ئەوتۆی هەبێت. لە کوردستان کۆمەڵگای عەرەبی هێشتا لە دۆخی کشتوکاڵیدایە. هێشتا بە زۆری ئافرەت بونەوەرێکی خزمەتچی پیاوە، هەروەها لە کاتێکدا بەشاربونێکی خێرا ڕودەدات بە هۆکاری ژینگە، لە دەرئەنجامدا هەڵاوسانێکی زۆر لە ژمارەی دانیشتواندا دەبێت. بەڵام چاوەڕوان دەکرێت هەتا ٢٠٥٠ دانیشتوانی عێراق بەردەوام لە زۆربوندا بن. ئەمە بە تایبەتی دۆخی کەلتوریی عێراق زیاتر بۆ پاشەوە دەڕوات. لەم دۆخەدا کوردستان باری لاسەنگ دەبێت. لە دونیادا چەند مۆدێلێک هەیە، بۆ نمونە لە باکوری ئیتالیا، لەو ناوچەیەی کە بە زمانی ئەڵمانی قسە دەکەن، هەر ئیتالییەک بیەوێت بێت لەوێ کار بکات، دەبێت زمانی ئەڵمانی فێربێت. لە هەمانکاتدا دەکرێت فیدراڵیەت تۆکمەتر بکرێت، لە ئاستی ناوەوەی کوردستان و هەروەها لە بەغدا. بەڵام لە هەمانکاتدا لە سەر پرۆژەی دەوڵەتی عێراقی وەستاوە. لەم سەرژمێرییەدا عێراق بە مۆدێلی تورکیای ئەتاتورکی دەڕوات بەوەی هەموو کەسێک عێراقییە. تەنها دەتوانرێت خاوەن شوناسی ئاینی بێت، بۆ نمونە کەسێکی مەسیحی و ئێزیدی دەتوانن ئاینی خۆیان تۆمار بکەن، بەڵام تایفە ناتوانێت. ئەمە لە ڕاستیدا دیدێکی کۆنی عوسمانییە. جیاواز تەنها ئەوەیە کە ئاینی جیاوازە. عێراقی سەردەمی ئینگلیز هەمیشە عێراقێکی فرەیی بووە. پاش ئینگلیز پرۆژەی یەکبوونی عێراق لە هەموو ئاستێکدا کاری لە سەر کراوە. بۆ نمونە ئەگەر لە زاخۆوە هەتا فاو بڕۆیت دەبینیت باڵەخانەی سەردەمی ڕژێمی پێشوو هەیە هەموویان یەک ڕەنگ و یەک دیزانیان هەیە، سەرباری جیاوازی زۆری جوگرافیای شاخاویی و بیابانی عێراق، بەڵام دەسەڵاتی ناوەندیی سیاسەتی سڕینەوەی جیاوازی بووە، نەک لە پێناو یەکسانی بەڵکو لە پێناو لە بیرچونەوە. سەرباری ئەمە ئابوری کرێخۆری مرۆڤی کوردی تێکشکاند، لە ئەنجامدا عەقڵی کرێخۆری دروست کرد. عەقڵی کرێخۆریی وەلائی تەنها بۆ خاوەن کرێکە هەیە، یان خاوەن هیچ وەڵائێک نیە.
سەردار عەزیز ئەم هەڵبژاردنەی کە کرا، لە زۆر ڕووەوە جیاواز بوو. بۆ یەکێتی و پارتی قورسترین و گرانبەهاترین هەڵبژاردن بوو. بە جۆرێک دووبارەکردنەوەی مەحاڵە. بۆیە بە ناچاری دەبێت بیر لە شێوازی تر بکرێتەوە. یەکێتی و پارتی لە سی ساڵی ڕابردوودا لەسەر فەلسەفەی زاڵبوون و بردنی هەموو شتێک حوکمی کوردستانیان کردوە. ئێستا بە جۆرێکە کە دەبێت هەموو دەنگێک بکڕن هەتا بتوانن حوکم بکەن. بەم پێیە ئێمە لەبەردەم پرسی شەرعیەت و هەروەها پرسێکی زۆر قوڵترداین کە متمانەیە. لە کتێبی دژ-دیموکراسیی بیرمەندی فەرەنسی پییر رۆسانڤالۆن باس لەوە دەکات کە چۆن لە دیموکراسیدا هەڵبژاردن بەکاردێت بۆ بەدەستهێنانی شەرعیەت و متمانە، بەڵام بە ڕای ئەو ئەگەر شەرعیەت بە دەست بێت ئەوا ئەستەمە بتوانرێت متمانە بە دەستبێت. کەواتە سیستەمی کوردستان لەبەردەم کۆمەڵێک گرێکوێرەی سەختدایە. یەکەم، کاتێک دەخوازێت زاڵبێت، بەڵام نە شەرعیەتی هەیەو نە متمانە، ئەوا بەردەوام پێویستی بە داهاتی زیاترە هەتا زاڵبوونی مسۆگەر بکات. دووەم، کێشەی کڕینی زاڵبوون لەوەدایە کە مارکس واتەنی گۆڕ بۆ خۆی هەڵدەکەنێت، چونکە پێویستی بە بردن و دەستبەسەراگرتنی زیاتری داهاتە، بۆیە خەڵک ڕەزامەندی دەدات بە سیستەمێک کە نە بە شەرعی دەزانێت و نە متمانەی پێیەتی، چونکە ئێستا دەنگ کاڵایە. کاڵاش بە ڕێسای بازاڕ بەڕێوەدەچێت. سێیەم، ئەگەر هۆکاری نەمانی شەرعیەت و متمانە گەندەڵییە، ئەوا گەندەڵی زیاتر پێویستە بۆ درێژەدانی مانەوە. بەڵام وابزانم داهات سنوری هەیە. بۆ نمونە ئێمە چەند مانگێکی تر لەبەردەم هەڵبژاردنێکی ترداین ئایا دەتوانرێت بەهەما شێوە بکڕدرێت. دیارە دیاردەی کڕین ئالۆزو جۆراو جۆرە. لێرەدا دێنە سەر پرسی ئەوەی دەکرێت چی بکرێت. مۆدێلی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر مۆدێلی نیزامی هۆبزییە. وەک تەلکۆت پارسنس دەڵێت کێشەی نیزامی هۆبزی. نیزامی هۆبزی کرۆکەکەی ئەوەیە کە بۆ ئەوەی نیزام هەبێت دەبێت ڕکەبەریی یان کێبڕکێ یان بوونی جیاواز کۆتایی پێبهێنرێت و هەموو دەسەڵات لای سەروەربێت. پارتی حەزی لەمەیە بیکات بەڵام یەکێتی ڕێگەی پێنادات. یەکێتی حەزی لەمەیە بەڵام پارتی ڕێگەی پێنادات. پارتی و یەکێتی پێکەوە حەزیان لەمەیە، بەڵام بۆیان ناکرێت. لە ئەنجامی ئەمەدا دەبینین ئۆپۆزسیون دروستبووە. دیارە دیاردەی ئۆپۆزسیون لە کوردستان پڕ سەیرو سەمەرەیە. جگە لە گۆڕان لە ٢٠٠٩ هەموو ئۆپۆزسیونەکانی تر جیاوازی هاوشێوەن. بەو مانایە تەنها لەو خەسڵەتانەدا جیاوازن کە ناتوانن بەدەستی بهێنن بۆ نمونە وەک هێزی چەکدار، ئەگینا لە ڕەفتارو مامەڵەی و ستراکتۆردا تەواوی تەواو یەکێتی و پارتین. حوکمی شەخس و حکومی بنەماڵەو میدیای تایبەتی پڕ پڕوپاگەندەو سەرۆکی هەمیشەیی و نەبوونی دیموکراسیی ناوخۆیی و نەبوونی ستراکتۆری حیزبی و هەبوونی بەرژەوەندی ئابوری و زۆری شتی تریش. لێرەدا دێمە سەر مۆدێلێکی تر لە دروستکردنی نیزام، ئەویش مۆدێلی ماکیاڤیللییە. ماکیاڤیللی بە پێچەوانەی هۆبزەوە بڕوای وەهایە کە ڕکەبەریی و ململانێ و گرژی نەک لەناوناچێت بەڵکو ئەو خەسڵەتەیە کە کۆمەڵگاو سیاسەت لەسەری بونیادنراون و لە ڕێگایەوە خۆیان دەناسنەوە. کاتێک توانای لە ناوبردنی ڕکەبەریی نیە، بە تایبەتی لە دۆخی کوردستاندا دەستی دەرەکی ناهێڵێت ئەو ڕکەبەرییە لەناوچێت و سیاسی کوردیش خاوەن هێندە ئاگایی و بەرپرسیاریی نیە هەوڵی کەمکردنەوەی بدات، بەڵکو بە گشتی دەبنە نێچیریی. کەواتە چۆن یەک کوردستان و یەک پێشمەرگە و یەک پەرلەمان دروست بکەین، وەک مەسعود بەرزانی داوای دەکات؟ تەنهاو تەنها لە ڕێگای دەزگاوە. چۆن دەزگا دروست دەکەیت؟ یان چۆن دەزگای تایبەت بە کوردستان دروست دەکەیت دەبێت قوتابخانە زۆرەکانی دەزگای تەقیلیدی ودەزگای نوێ و دژە دەزگاکان هەموو هەڵبسەنگێنین. کێ ئەمە دەکات؟
د. شۆڕش حاجی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە کەرکوک، کە بڕیارە لە رۆژی ٢٠ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێ، ئومێدی گێڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە رێکاری یاساییو دەستوری هەتا هەتایە زیندەبەچاڵ دەکا. ئەوەش دوای ئەوەی کە گەلی کورد لە رابردودا چەندین هەلی مێژویی لەدەستداوە. سەرکردایەتی سیاسی کورد لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٠٣ هەلێکی زێڕینییان لەدەستدا بۆ ئەوەی کەرکوک بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان. ئەمەش بەوەی لەسەر داوای ئەمریکا رازی بون کە پێشمەرگە لە کەرکوک بکشێتەوەو لێگەڕێن کەرکوک لەلایەن ئەمریکاوە ئازاد بکرێو دواتریش بەپێی مادەی ١٥٨ لە یاسای ئیدارەدانی کاتی عیراق مامەڵە لەگەڵ پرسی کەرکوک کرا. لەوەش قەباعەت تر ئەوە بو، کە لە کاتی نوسینەوەی دەستوری عیراق جارێکی دی سەرکردایەتی سیاسی کورد رازی بون پرسی کەرکوکو ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان تێکەڵ بە کێشەی چەندین ناوچەی تر لە باکورو ناوەڕاستی عیراق بکرێو چارەنوسی ئەو شارە بە جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستوری هەمیشەیی عیراقەوە بەسترایەوە. لەوساشەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم هەنگاوی جیدیو یەکلاکەرەوەیان نەناوە بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠. ئەو هەمو ساڵە، سەرانی کورد هەر جارەی بە بیانوێک پاساویان بۆ جێبەجێنەکردنی مادەی ١٤٠و دروستکردنی ئاستەنگ لە بەردەم یەکلاکردنەوەی چارەنوسی کەرکوک دەهێنایەوەو دەسکەوتی شەخسیو حیزبی لە بەغداو لە هەرێم لەلای دەسەڵاتدارانی کورد زۆر لە پێشەوەی پرسی کەرکوک بو. ئەنجامدانی ریفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧و پاشان رادەستکردنی کەرکوکو باقی ناوچە کوردستانییە دابڕینراوەکان بە سوپای عیراق لە ١٦ی ئۆکتۆبەر، دوا گورزی کەمەرشکێن بو کە لە کەرکوک درا. ئەگەر بێتو ئەم مانگە سەرژمێری گشتی لە کەرکوک بکرێ، ئەوا بەدڵنیاییەوە ژمارەی کورد بە بەراورد بە ژمارەی عەرەبو کۆی ژمارەی دانیشتوانی ئەو شارە بە کوردو عەرەبو تورکمانو کلدۆئاشورییەوە بە جۆرێک دەبێ کە بە هیچ پێوەرێکی زانستی لەسەر بنەمای ئامارو فرەیی نەتەوەیی ناتوانرێ ئیدیعای کوردستانییەتی کەرکوک بکرێ تاکو ئەو شارە دێرینەی کورد بگەڕێتەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە قۆناغە هەرە گرنگەکەی مادەی ١٤٠ تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، کە بریتیە لە گێڕانەوەی عەرەبی هاوردە بۆ شوێنەکانی پێشویانو گەڕانەوەی کوردە دەرکراوەکان بۆ ناو شاری کەرکوکو گۆڕینی سنوری ئیداری ئێستای پارێزگای کەرکوک بۆ سەردەمی پێش هاتنی رژێمی بەعسو دەستپێکردنی شاڵاوی تەعریب. بەڵام ئێستاش کورد لەروی دەستوریو یاساییەوە کارتێکی بەهێزی بەدەستەوەیە کە نابێ پێش جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠، کە بەشێکە لە دەستوری هەمیشەیی عیراقو زۆرینەی خەڵکی عیراق دەنگی پێداوە، سەرژمێری لە کەرکوکو ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، کە لە دەستوری عیراق بە ناوچە جێناکۆکەکان ناوی هاتوە، ئەنجام بدرێ. بۆیە لە ئێستادا ئەرکی هەر کوردێکی بێلایەن یان لایەنگری هەر حیزبو هێزێکی سیاسییە، کە بڕوای بە کوردستانییەتی کەرکوکە، فشار بخەنە سەر سەرکردایەتی سیاسی کوردو حکومەتی هەرێمی کوردستانو سەرۆکایەتی هەرێم، کە لەم ساتەوەختەدا هەمو جیاوازیو ناکۆکییەکانیان بەلاوە نێنو پێگەو پەیوەندییەکانیان لە بەغداو تارانو ئەنقەرە بەکاربێنن بۆ ئەوەی نەهێڵن سەرژمێری لە کەرکوک بکرێ. ئەگەر بەرپرسانی کورد پێداگری لەسەر ئەم بابەتە نەکەنو رێگری لە ئەنجامدانی سەرژمێری لە کەرکوک نەکەن ئەوا هەرچیەکیان کردوەو گوتوە سەبارەت بە کوردستانییەتی کەرکوک پوشێک ناهێنێو هەر کەسو لایەنێکیش لەو پێناوە هەر قوربانییەکی دابێ رەنج بەخەسارو مایەپوچ دەبێ!
سەردار عەزیز هەتا ماوەیەکی کەم لەمەوپێش ئەو تێزەی کە پێشەنگی دونیابینی جیوپۆلەتیکی نوخبەی دەسەڵاتی دەکرد لە ئەنکەرە، ئەوەبوو کە ئەمریکا لاواز دەبێت، لە ناوچەکە دەکشێتەوەو ڕۆڵی کەمدەبێتەوە، ئەمە دەرفەتێک بۆ ئەوان دەڕەخسێنێت هەتا ببن بە هێزێکی ئیقلیمی. ئەم دونیابینییە پاڵنەری ئەو سیاسەتەی تورکیا بوو کە وەک وڵاتێکی خاوەن بڕیاری خۆی ڕەفتار بکات، هەرچەندە ئەندامی ناتۆیە، بەڵام خۆی بەتەواوی پەیوەست نەکات بەو هاوپەیمانییەوە، چونکە ئەگەر لە ڕابردوودا تورکیا پێویستی بە ناتۆ بوو، ئێستا ناتۆ پێویستی بە تورکیایە. وەک دەمانبینی تورکیا لەم ڕەفتارەیەدا هەوڵی دەدا لە ڕوسیاو چین و ئێران و وڵاتاتی بریکس نزیکبێتەوە. سڵ نەکاتەوە لە دژایەتی ئەو پرۆژانەی کە لەلایەن ڕۆژئاواوە کاریان بۆ دەکرا، بۆ نمونە پرۆژەی هیند-ئەوروپا، کە تورکیای کەنارگیر دەکرد. لە هەمانکاتدا تورکیا لە ناوچەکەدا وەها مامەڵەی دەکرد کە هێزەکانی ناوچەکە لاواز دەبن و ئەم وەک هێزێکی مامناوەندی ئیقلیمی دەتوانێت بەسەر ناوچەکەدا زاڵ بێت. دەستوەردان لە سوریا، پرۆژەی گەشە، هەوڵی بۆ چارەسەری پرسی کورد بە سەربازیی، هەروەها گەیشتن بە وڵاتانی کەنداو، هەموو بەشێک بوون لەم ستراتیژە. بەڵام کاتێک بزوتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، دۆخەکە گۆڕا. وەک چۆن پێشتر بەهاری عەرەبی پرۆژەی داودئۆغلۆی تێکشکاند، هێرشەکەی حەماس، گۆڕانکاریی بەسەر ڕەفتاری ئیسرائیلدا هێناو ئەمریکای ناچارکرد بە گۆڕانی ڕەفتاریی. ئیسرائیل بە پەشۆکانی لە ئەنجامی هێرشەکەی حەماس دەستیکرد بە جەنگێکی دڕ دژ بە هەمووان. جەنگەکە بە چەند قۆناغێکدا ڕۆشت: یەکەم، تێکشکانی ڕەدعی ئیسرائیلی، وەک شارەزایەکی ئیسرائیلی وتی، ساڵانێک بوو خۆمان وەک بەشێک لە مانهاتن دەبینی، لە پڕ خراینەوە ئەو دۆخەی کە جولەکەین. جولەکەبوون یانی بوونی مەترسی و پلان بۆ لە ناوبردن. پاشان مەترسی جەنگی ئەقلیمی، دوای ئەوە هەوڵدان بۆ درێژەدان بە جەنگەکە لەپێناو ئەوەی گوایە ئیسرائیل ئەگەر بە خێرایی سەرنەکەوێت توانای جەنگی درێژخایەنی نیە. بەڵام لە یەک دوو مانگی ڕابردوودا سروشتی ململانێکان گۆڕان. دەستوپێوەندەکانی ئێران بە ئاسانی داڕوخان. مەترسی جەنگی ئیقلیمی لەئارادا نیە وەک ئەوەی هێرش بێت بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵکو ئێستا بژاردەیەکی ئیسرائیلیە. لە هەمانکاتدا واشنتۆن هەڵوێستی گۆڕا بەوەی دۆخەکە لەوە خراپتر نابێت، بۆیە دەرفەتە بۆ لاوازکردنی ئێران. بوونی ئیسرائیل بە هێزی سەربازی باڵاو بوونی پلانی هاوبەش بۆ لاوازکردنی نەیارەکانی، و ئامادەیی زۆربەی عەرەب بۆ قبوڵکردن و مامەڵەکردن لەگەڵیدا، تێزی تورکی کە لەسەر لاوازبوونی ئەمریکا لە ناوچەکە بونیاندنرابوو ناچار بە پێداچونەوە کرد. کرانەوە بەرامبەر کورد لە میانەی ئەم گۆڕانکارییەدایە لە ناوچەکە. چونکە کوردو بە تایبەتی پانتاییە جوگرافیەکەی دەکرێت ڕۆڵی گەورە ببینێت لە داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا. بە هاتنەوەی ترەمپ ئەم پرۆژەیە خێراتر بەڕێوەدەچێت. بەڵام ئەگەر لە کەمالا هاریس بنواڕین بە تایبەتی لە دیدی ڕاوێژکارە نزیکەکانی وەک گۆردۆن فیلیپ بۆ نمونە خوازیاری ئەوەی کە ئەمریکا ڕۆڵێکی کەمتر لە دونیادا بگێڕێت. بەڵام ئەوەی بڕیاردەرە، ڕوداوەکانە.
رێبوار کەریم وەلی لە کاتێکدا، کۆمیسیۆن هەوڵ دەدات کەمێک کەفوکوڵی شەقام بنیشێتەوە و ئینجا ئەنجامی کۆتایی رابگەیەنێت، تا راددەیەکی زۆر ئەنجامەکان دیارن. * کۆمیسیۆن خۆی بەشێکە لەو تەزویرە و ناتوانێ دژی بوەستێتەوە. * رەنگبێ یەکێک لە ناوازەترین لایەنی ئەم هەڵبژاردنە ئەوە بووبێ کە هەمیشە دەسەڵات بە تەزویر تۆمەتبار دەکرێ، بەڵام ئەمجارە کۆمپانیایەکی تەرفیهیی سیاسیشیان لەگەڵ خۆیاندا کردووە بە هاوقەتاری ساختەکاری و، پارتی و یەکێتی بە پلان و بەرنامە هەتکیان کرد. * جوڵانەوەی نون نون ئێستا بووەتە گیسکی گوناه و دەوری ریشی سۆفیەکەی ناو چێشتی مجێوری هەژار موکریانی بۆ پارتی و یەکێتی دەبینێ؛ خەڵک جنێوە تەڕەکان بۆ ریشەکە دەنێرن نەک بۆ جێگەی دیکە! بە کورتی ئۆپۆزیسیۆنیان بەگژ ئۆپۆزیسیۆندا کرد و، خۆشیان تەماشاچین! * بۆ لە نون نونەوە دەستم پێکرد؟ چونکە ئەم جوڵانەوەیە خۆی پێ موعاریزێکی موزمینە، بەڵام لێرە بەدواوەباوەڕکردن بە میسداقیەتی دروشمەکانیان لای خەڵک لاواز بووە و، تووشی سەرگەردانیی سیاسی دەبن و ئەگەر بیانەوێ بەتایبەتیش لەگەڵ پارتیدا، بچنە حکومەتێکەوە کە مەسرور بارزانی سەرۆکی بێ، ئەوا ئەلفاتیحا. * لەکاتێکدا کە یەکێتی لە مەحافیلی داخیلیی خۆیدا رایگەیاندووە کە ناچێتە ناو هیچ حکومەتێکەوە کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتیی بکات و لە سەرۆکایەتیی هەرێم و وەزیران یەکیان دەبێ پشکی ئەوان بێ، یانیش هەردوو سەرۆکایەتییەکە دووساڵ بە دووساڵ بێت، پارتی بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە دەرەوەی یەکێتی لە گەڵ لایەنەکانی دیکە خەریکی بیروڕا گۆڕینەوەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە و تۆڵەکردنەوە لە یەکێتی. * ئەلبەتە باڵی مەسرور بارزانی و باوکیشی ئیعلانیان کردووە کە لەگەڵ “هەڵتۆقیوە سیاسییەکان” کە بانگەشەی”رووخاندیان” کردووە ناچنە ناو حکومەتەوە. بەڵام ئایا پارتی دەتوانێ زۆرینەی سادە دەستبەر بکات؟ * پارتی ڕەنگبێ چاوی لەوە بێت کە بتوانێ لانیکەم 10 تا 15 کورسیی لایەنە تەزویرلێکراوەکان بۆ لای خۆی رابکێشێ و یەکەمجار بتوانێ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەبێ یەکێتی دابنێ، کوتلەی براوە دروست بکات، سەرۆکی هەرێم هەڵبژێرێ و ئینجا مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی 10 ناوزەد بکات. * لەم پڕۆسەیەی سەرەوەدا، وا داندراوە کە یەکێتی و نون نون هیچ دەورێکیان نییە و بە پێچەوانەوە چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە دانوستانەکانی پارتی کۆتایی پێبێت و نۆرەی یەکێتی بێت بۆ پێکێنانی کابینە. بەدڵنیاییەوە ئەگەر مەسرور بارزانی نەتوانێ حکومەت پێک بێنێ بە قوباد تاڵەبانیش پێک نایەت. بۆیە بەو حاڵە رەنگبێ پێکهێنانی کابینەی 10 بکەوێتە دوای هەڵبژاردنەکانی بەغدا و، هەموو پۆستەکان بکرێنە یەک پاکێج. * لە کۆی گشتیدا، ئەوە پرۆسەیەکە کە واداندراوە پارتی سوورە لەسەر کاندیدکردنەوەی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت و گرێکوێرەکەش لێرەدایە. ئەم دڕودۆنگی پەرتەوازەییەی توشی ناو ماڵی کورد هاتووە، بەرهەمی سیاسەتە چەوت و بوغرایانەکانی مەسرور بارزانییە بۆیەش ئەگەر تورکیاش فریای پارتی کەوتبێ کە نەکەوێ، بەڵام ئێران وای دیزاین کردووە کە مەسرور بارزانی نەتوانێ بێ یەکێتی حکومەت پێک بێنێت. * بۆیە پێداگریی سەرۆکی پارتی لە کاندیدکردنی کوڕەکەی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەتی داهاتوو، خولانەوە دەبێ لە ناو بازنەدا، وەک هەمان بازنەی هاوپەیمانیی(صبح) کە ئەخیرەن کەوتنەوە باوەشی ئیتاڕی تەنسیقی. * بۆیە لە حکومەتێکدا کە قەرار بێت بەبێ مەسرور بارزانی پێک بێت و بۆ نمونە نێچیرڤان بارزانی(بە تایبەتیش کە هێشتا دیار نییە، مەیلی مانەوە لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی هەیە یان نا؟) ناوزەد بکرێ بۆ پێکهێنانی حکومەت، بە دڵنیاییەوە ئەو ماوەیە زۆر کورتتر دەبێتەوە و گرێکوێرەکە زۆر بە ئاسانی دەکرێتەوە. * پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی بە بەشداری هەموو لایەنە براوەکان(ئەوانەی بیانەوێ بەشدار بن)بۆ ئەم قۆناغە تا راددەیەک تۆڵەی ئەو تەزویر و ئەو غەدرە گەورەیە دەکاتەوە کە لە هەڵبژاردن لێیان کراوە.
ئەنوەر حسێن (بازگر) -1- بەم زوانە پارتی وەك هێزی یەكەمی براوە، دەستدەكات بە سەردانی تاكتیكی لایەنەكان و كارت و بەرژەوەندییان بۆ دەخاتە سەر مێز، (یەكگرتوو، كۆمەڵ، نەوەی نوێ، هەڵوێست...) لەگەڵیاندا ناچنە حكومەتەوە، بەڵام ڕەنگە بۆ ئەزیەتكردنی یەكێتی زۆرتر لای بەرەی گەل ڕاوەستێت. دواین سەردانیشی بۆلای یەكێتی دەبێت، فایلی سەوز و زەرد دەگۆڕنەوە و یەكێتی فایلێكی سەوز دەداتە پارتی كە حكومەتی كردوەتە دوو ستۆن، داوا لە پارتی دەكات یەكێكیان هەڵبژێرێت. دواتر یەكێتی، سەردانی هەمان ئەو لایەنانە دەكات و كارت و بەرژەوەندی خۆی دەخاتە سەرمێزی دانووستان. پارتی فایلەكە دەباتەوە و ماوەیەك لێی بێدەنگ دەبێت و دواتر پێشنیاری خۆی دەكات و دیسانیش یەكێتی قبوڵی ناكات. ئەم هاتوچونە بەردەوام دەبێت لەنێوان (سەری ڕەش و دەباشان) وەكو شەرابی ناو زەریا دەشڵەقێنرێت تا پێ دەگات، تا دوای سەری ساڵ و نزیك بە بەهاری داهاتوو دەگاتە نۆشكردن. دواتر بە كارت، تەلەفون و قسەی خۆشی (تاران، ئەنكەرە و واشنتۆن) مەراسیمی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كارا و حكومەتی نوێ پێك دێت. -2- لەم دیزاینە تازەیەدا نەوەی نوێ وەكو هێزێكی عیلمانی پلەی دوەمی لە بادینان لە یەكگرتووی ئیسلامی سەندوە، لە سلێمانیش پلەی دوەمی لە پارتی وەرگرتوە بە (15) كورسی سوپرایزی ناو موعجیزەی دیزاینی ناو هەڵبژاردنەكەیە و لەگەڵ یەكێتی كورسییەكانی نزیك بۆتەوە، هەرچەندە لە ڕووی جوگرافیشەوە دەباشان و كۆشكی سپی گوندی ئەڵمانی زۆر لەیەكەوە نزیكن. گەر ڕازیش بێت پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەردەگرێت. لەم دیزاینەدا كۆمەڵی دادگەری پاشەكشەی كردوە، خۆیان هۆكارەكەی دەزانن، بەرەی گەل، جگە لە پارتی جێگەی ڕەزامەندی ناو دیزاینە هۆمۆجینەكە نییە، چارەنووسیشی پێناچێت لە بەرهەم ساڵح باشتر بێت، هاوپەیمانی كوردستانیش خێری قسە باشەكانی بە یەك كورسی وەرگرتەوە. هێزی تریش دەركەوتوون، كە خۆیان وەكو بەرەی ئۆپۆزسیۆن ناساندوە، بەڵام لە كوردستان دووبارە بوونەوەی نەوشیروان مستەفا كارێكی مەحاڵە. -3- پرسیارێكی سادەی خەڵك لە شەقام و كۆڵانەكانی ئیسكان و كانی ئاسكان، چایخانەی مەچكۆ و شەعب دووبارە دەبێتەوە؟ - ئەو موعجیزەیە چییە یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕان (نەوشیروان مستەفا)، هاوپەیمانی كوردستان (بەرهەم ساڵح)، بەرەی گەل (لاهور جەنگی....) لێی جیادەبێتەوە، كەچی هەر یەكەمی زۆنی سەوزە و خەڵكی دەنگی پێدەدەنەوە! كەواتا سیاسەت حیكمەتی دەوێت، گرنگ دەنگدەر دەنگ بەكێ دەدات. - ئەو موعجیزەیە چییە پارتی، بەنەبوونی مووچە، قەیرانی ئاو و كارەبا، لافا و هاتنی سوپای توركیا و قەیرانی زۆر و زەوەند، كەچی هەر یەكەمی زۆنی زەردە و خەڵكی دەنگی پێدەدەنەوە! سیاسەت حیكمەتە. لە هەڵبژاردنیش ئەنجام شەرتە، ژمارەی دەنگ و كورسییەكان قسە دەكەن. -4- - بارودۆخەكە هێندە ئاڵۆزە، گە بڵێیت پڕۆسەكە دیموكراسییە دەخوات، گەر بشڵێیت ساختەكاری تێدا كراوە دیسان هەر دەخوات، گەر بشڵێیت پارتی و یەكێتی دوو هێزی جەماوەری كوردستانن، هیچ ناڕاستییەكی تێدا نییە. گەر بشڵێیت خاوەنی جوگرافیا، هێزی پێشمەرگە، ئەمنی و پەیوەندی ناوچەین هەقیقەتت وتوە، گەر بڵێیت؛ ئێران، توركیا و عێراق تەنانەت ئیسرائیلیش دەستیان وەرداوەتە كارەكەوە هەر دەخوات ئەوانە هەموو ئەگەر و گریمانەن. من نازانم ئێران چی دیزاین كردوە (وەكو پێشتر پارتی دەیوت...!)، بەڵام ئەم ئەنجام و فۆڕمە مۆزایكەی بەدڵەو پێشوازی لە هەموو ئەو هێزانەش كردوە، كە بە ئاشكرا یان نهێنی ئەم ماوەیە سەردانى تارانیانكردوە، پارتیش پاش ئەنجامەكان نە باسێكی لە ئێران نە لە دیزاین كرد (پێدەچێت پارتی-ش ئەو دیزاینەی بەدڵ بێت). توركیا دیزاینەكەی بەدڵە و لە هێنانی دەنگەكانی یەكێتی نیگەران نییە (پێدەچێت یەكێتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا لە سەری ساڵەوە ئاسایی بكاتەوە). عێراق عرابی كارەكەیە، ئیتر منەت دەكات و مەرج و خواستەكانی خۆی باشتر دەسەپێنێت. ئیسرائیل هەرچەندە لە سنورەوە لێمان دورە، بەڵام لە هەموو كون و قوژبنی ئەم وڵاتە پەسێوە، لە تەوێڵە و بیارەوە تا حاجی ئۆمەران، سۆران و ڕەواندز گوێی هەڵخستوە، هەندێكجار (ئەم یان ئەو) باجی سەرە تاتكێی و جرت و فرتی ئەو دەدەن. واتا ئیسرائیل تەنها لە غەززە، باشووری لوبنان، بەرزاییەكانی جۆلان و دیمەشق نییە، وە بەتەنها بۆ ئەوان سەرئێشە نییە، بەڵكو لەهەموو ناوچەكە سەرئێشەی خۆی هەبوە و هەیە، وەكو چۆن هەولێر دووجار مووشەك بارانكرا و باجی ناهەقی دا. -5- هەڵبژاردنەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، پاش بانگەشەیەكی توندی لایەنەكان كۆتایهات، ئیتر (كۆتایی پێدەهێنین، ناتوانن، بوەستە، درۆ دەكەن) دەخرێنە ئەرشیفەوە، پێویستە؛ توندی گوتارەكان لە یاد بكرێت، دوو وەفدی بەهێزی یەكێتی و پارتی، كە خاوەنی بڕیار و تۆلێرانس بن كۆببنەوە بۆ دروستكردنی كابینەیەكی جیاوازتر. پارتی؛ (پۆست و كارەكتەر)ی سەرۆكی حكومەتی دەوێت، یەكێتی سەرۆكی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆی دەوێت. ڕەنگە لەسەر وەزارەتە سیادییەكان گرفت پێكبێت، چونكە لەوانەیە یەكێتی داوای دوو لەو وەزارەتانە بكات. ڕەنگە سیناریۆی تریش بێتە پێشەوە، وەكو ئەڵتەرناتیف، بەڵام دروستكردنی حكومەت و سیستمی سیاسی، بێ یەكێتی بە (23) كورسی و بێ پارتی بە (39) كورسی لە كارێكی مەحاڵ دەچێت. وەكو چۆن بردنەوەی پڕۆسەكەش بەبێ دیزاینی زۆرینەی یەكێتی و پارتی لە موعجیزە دەچێت. بەڵام، بۆ هەلوومەرجی كوردستان، بەتەنها ژمارەی كورسی حوكم ناكات، بەڵكو هێز و دەزگای ئەمنی، جوگرافیا، پەیوەندی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، واتا بەدەركردنی هەركام لەم دوو هێزە لە هاوكێشەكەدا، واتا دوو ئیدارەیی هەرێمی كوردستان و بێ ئەرزشكردنی پەرلەمان و دەنگی خەڵك. بەڵام بۆ تێپەڕاندنی كێشەكان پێویستە: - هەردوولا، هەندێ كارەكتەر لەناو كابینەكەدا بگۆڕن. - هەردوولا واز لە غرور و عینادی بێنن. - دوو سەرۆكی فراكسیۆنی شارەزا و كەسایەتی بۆ لیستەكانیان دەستنیشان بكەن. چونكە چەند مەترسی لەبەردەم كوردستان و ناوچەكەدا هەیە: - هەڵبژاردنەكانی نۆڤەمبەری داهاتووی عێراق، كە ڕەنگە گرفت بۆ كورد و پۆستەكان دروستبكات. - ئەگەری پەلاماردانی عێراق و حەشدی شەعبی لە لایەن ئیسرائیلەوە. - شەڕ و ململانێی و هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران و وەڵامدانەوەی. بۆیە گەر هەلومەرج و هاوكێشە سیاسییەكان باش نەخوێننەوە، ڕەنگە بۆ حەلی قەیرانەكانی نێوانیان، قۆناغی یەكەم دادگای فیدراڵی و دواتر توركیا و ئێران، پاشان ئەمریكا و ئەوروپا سییناریۆیەك بسەپێنن، كە بەخواستی یەكێتی و پارتی نەبێت. دیزاینی پەرلەمانی كوردستان و هێزە سیاسییەكان گۆڕاوە و هەلومەرجەكەش تەواو گۆڕاوە، بۆیە مامەڵەكردن بە تێڕوانینی چوار ساڵی پێشوو بۆ حوكمڕانی كوردستان، نەك هەر مەنتقی نییە، بەڵكو ئاریشە و قەیرانی زۆرتری لێدەكەوێتەوە.
د. یاسین تەها دوو رۆژی دیكە دەچینە نێو پرۆسەی هەڵبژاردن، پاش تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر ئەزموونێکی هاوشێوە کە پڕی پێشهات بوو، ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی ئەم جارە جیاواز بكات لەوانی تر. لە نێو تەوەرە فرەڕەهەندەكانی هەڵبژاردندا ئەم چەند تەوەرەیە دەشێت جێگەی هەڵوێستە و تێڕامان بن: 1- هەڵمەتی هەڵبژاردن: لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی 2024دا هەندێک لایەنی ئەرێنی و لە هەمان کاتیشدا هەندێك لایەنی نەرێنی هەبوون كە لێكەوتەیان لەسەر پرۆسەكە و دەرهاویشتەكانیییەوە دەبێت: لایەنە ئەرێنییەکان: - ئاستی بەریەککەوتنی گوتار تا ڕادەیەك زۆر بەرز بوو، بەڵام جێگەی دڵخۆشییە توندوتیژی و پەلاماردان لە هەڵمەتەكەدا شیاوی باس نەبوو بەراورد بەو جۆش و خرۆشە، ئەمەش پێشهاتێکی باشە بۆ گۆڕینی میکانیزمی ململانێ لە وڵاتێکدا کە هێزی چەکداری جۆراوجۆری تیایەو هێشتا کاریگەرە بە لێکەوتەکانی شەڕی ناوخۆو هەمیشە تارمایی شەڕی بەسەرەوەیە. - لە هەڵمەتەکاندا بەکارهێنانی خەبات و ڕابردوو زۆر پاشەکشەیانکرد، لە بەرامبەردا گفت و بەڵێنەکان دەربارەی ئێستاو داهاتووی ژیان و گوزەرانی خەڵک هەڵكشان، کەمتر "خەباتی شاخ"و "قوربانی"و "شەهیدان" کرانە کەرەستەی هەڵمەتەکان کە نەوەی ئێستا زۆر تێی ناگەن و زۆرجاریش موزایەدەو زێدەڕۆیی و ئاوەژووکردنی تێدەکەوێت. - سەركردەو بەرپرسەكان ناچاربوون گرنگی بە ڕای گشتی بدەن و بچنە ناو خەڵك و كۆبوونەوە جەماوەرییەكان گرنگی زۆریان پێدەدرا، ئەمەش ئەگەر ناچاركردنەكانی لێ دەربكەیت گەڕانەوەی گرنگییە بۆ ڕای خەڵك كە لە بنەڕەتدا دەبێت ئەوان سەرچاوەی شەرعیەت بن. - سەرباری پەرتەوازەیی زۆری لیستە ڕكابەرەکان، جەمسەرگیرییەکان لەسەر بنەمای دەسەڵاتدارو ئۆپۆزیسیۆن بوون ئەمەش دەشێت بۆ وێستگە و قۆناغی تر پەرەی پێ بدرێت. حوکمڕانی ئەگەر عەیار 24یش بێت، ڕێسای یاریی دنیای ئێستا وایە کە دەبێت هاوکێشەکە لە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن پێکبێت و ناکرێت و ناشێت هەمووی لە حوكمڕانیدا بەشداربێت. لایەنە نەرێنییەکان: - بەرزکردنەوەی سەقفی گفت و بەڵێنەکان گەیشتنە ئاستێک دەشێت دواتر ببنە هۆكاری بێهیوایی زیاتر، بەتایبەت ئەوکاتەی بە دڵنیایی کە لانیکەمی ئەو گفتانە جێبەجێ نابن. - شەڕە قسەو بەریەککەوتنی توند سەرباری لایەنی باشی بەتاڵکردنەوەی حەماسەت و تەزوو کراوەیە بەڕووی ئەگەری خراپیشدا کە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی تورکیاو ئێرانی دراوسێیە، پرۆسەی سیاسی ئەم دوو وڵاتە پڕیەتی لە شەعبەوییەت و شەڕە قسە، بەڵام بارودۆخ لەسەر ئەرزی واقیع تا ڕادەی زۆر هەروەک خۆیەتی و ناگۆڕێت. - لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا چەمکی زۆر ئاوەژووکران و فریودان و زانیاری نادروستی زۆر دەرخواردی خەڵک دران، تێكەڵكردنی زۆر هەبوون لەنێوان ئەرکی پەرلەمان و ئەرکی حکومەت، ڕاستکردنەوەی ئەم تێگەیشتنەش دواتر ئاسان نییەو پاش هەڵبژاردن یەخەی پەرلەمانتارانی دەرچوو دەگرێت، کاتێکیش کە بە دڵنیایی ناتوانن ئیشی حکومەت بکەن دەکەونە بەر ڕەخنەو تەنانەت نەفرەتیش. - لە هەڵمەتەکاندا ڕاستییەک فەرامۆش کرا کە وتنی لە بەرژەوەندی ڕکابەرەکان نەبوو، ئەویش ئەوەیە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مەحکومە بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بۆ موچەو بودجەش هەر چاوی لە دەستی بەغدا دەبێت و چیتر کوردستان سەرچاوەی تەشریعی دەستکراوەو خاوەن ئابوری و دارایی سەربەخۆ نییە، بەرچاوڕوونی ئەوتۆش لەبارەی هاوکێشەی هێز لەسەر ئاستی فیدراڵی بە خەڵک نەدرا کە زیاتر لە هەمووشت لە ئێستادا كاریگەریی لەسەر كوردستان هەیە. 2- گرێی بەشداریكردن و بایكۆتكردن: كێشەیەكی گەورەی هەڵبژاردن لە كوردستان و دنیا پاشەكشەی رێژەی بەشداریكردنە. لە كوردستاندا بەپێی هەندێک ڕاپرسی نێوخۆیی و هەندێک ئاماژەی دیکە، ڕێژەی خەڵکی دوودڵ و ڕا ڕا دەربارەی هەڵبژاردن کەم نین، بەشی زۆری ئەمانەش پاساو هۆکاری خۆیان هەیە کە زەقترینیان چەقبەستنی دۆخی هەرێم و سوڕانەوەیەتی لە نێو بازنەیەکدا بەبێ هەبوونی ئاسۆیەکی ڕوونی دەربازبوون. بەڵام بۆ بەرچاوڕوونی ئەم توێژە ڕەنگە ئەم چەند ڕاستییە گرنگ بن: - ئەزموونی خولەکانی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەت چوارەم و پێنجەم پێمان دەڵێن؛ نابێت چاوەڕوانی گۆڕانکاری گەورەو بەرچاو بکرێت لە خولی شەشەم، تەنانەت لە خولی حەوتەم و دوای ئەوەش، ئەگەر زەمینەی تر نەڕەخسێت و لەسەر ئاستەکانی دیکە ئەم شێوازە بەڕێوەبردنە گۆڕانکاریی بەسەردا نەیەت، ئەمەش پرۆسەیەکی ئاڵۆزەو بەشێکی زادەو دەرهاویشەی ژێرخانە کۆمەڵایەتی و بنیاتە کولتورییەکەیەو تەنیا دەنگدان نایگۆڕێت. - ڕاستییەکی تر هەیە کە تا هەنوکە هیچ بەدیلێکی دیکەی گونجاو بۆ هەڵبژاردن لە ناوچەکەو دنیادا نییە، عەرەب قسەیەکیان هەیە بۆ ئێمەش کت و مت ڕاستە "إما الانتخاب أو الانقلاب"، بژاردەی دووەمیشیان (كودەتا) لە کوردستاندا ڕوودانی تاڕادەیەک لە مەحاڵەوە نزیکترە چونکە ئێمە لە چوارچێوەی سیستمێكی تایفی عێراقیداین كە هەمیشە مەترسیمان لەسەرە، جگە لەوەش زیاتر لە جەمسەرێکی دەسەڵات و زیاتر لە گروپ و دەستەیەکی خاوەن بەرژەوەندی هاوبەش لە كوردستاندا هەن و لە خاڵی كۆتاییدا ڕێگرن، هەروەها ڕوونە کودەتاش تەنیا بەسەر یەک لایەنی شمولیدا دەکرێت کە هەموو شت تەنیاو تەنیا خۆی بێت نەك ئەو تێكچڕژانەی ئێستا. - ڕێگاکانی گۆڕانکاریی فرەو جۆراوجۆرن و پشوو درێژی پێویستە، هەر هیچ نەبێت دەشێت هەڵبژاردن وەک ڕاپرسییەکی جەماوەری لەبارەی خواست و ویستی دەنگدەرو هەڵوێستی خەڵک لە کارو ئەدای لایەنە سیاسییەکان تەماشا بکرێت و خەڵک لەو ڕێگایەوە پەیامی خۆیان بگەیەنن بەتایبەت كە بەشداریكردن هیچ قورس نییەو تێچووی نییە لەسەر دەنگدەرو هەموو ئاسانكارییەكی بۆ كراوە. - سەرباری هەموو ئەمانەش ویستی بەشداریکردن یان بایکۆتكردن؛ بڕیارێکی زۆر تایبەتەو هەر چۆنێک بێت هەر دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت و شیاو نییە هیچ بەرەیەک پلار لەوی دی بدەن. جگە لە توركیا ڕەنگە كەم هەڵبژاردن هەبن لە دنیا كە رێژەی بەشداریكردن بچنە سەروو 50%. 3- قۆناغی پاش هەڵبژاردن: ڕەنگە سەرقاڵی هەڵمەتەكان و لۆكاڵی بوونی گوتارەكان هەندێك لە دەوروبەرمان دایبڕیبین، لە ئێستادا ئیسرائیل بە پاڵپشتی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی (ترەمپ بەتایبەت ئەگەر بگەڕێتەوە)، دەیانەوێت نەخشەیەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بسەپێنن. ئەم نەخشەیە لە دەریای ناوەڕاستەوە تا ناو عێراق درێژ دەبێتەوە، لەبەرامبەریشدا ئێران و باڵ و تەواوكەرەكانی لە ناوچەکە بە هەموو توانایەک کە هەیانە بەرگری دەکەن و دەیانەوێت شکست بەم پرۆژەیە بهێنن، لەم نێوەنەشدا کوردستان لەگەڵ ئەو ململانێ جیۆسیاسییەدا یەخانگیرەو کەشتییەوانی باشی دەوێت لە گێژەڵوکەو تەوژمە چاوەڕوانکراوەکان بیپەڕێنێتەوە، بۆیە گرنگە بە خێرایی گرێی هەڵبژاردن و ئاڵۆزییەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردن تێپەڕێنین و بچینە سەر پەڕەی سپی پاش هەڵبژاردن. زۆر گرنگە پرۆسەکە هەر دەرەنجامێکی هەبێت بەخێرایی قبوڵبکرێت، هەر لە ئێستاشەوە مشوری ڕۆژی پاش جێگیرکردنی ئەنجامەکان بخورێت، چونکە ڕوونە کە دەوڵەتانی ناوچەکە بەتەنیا ناتوانن بەرەنگاری ئاڵنگارییەکان ببنەوەو ئەوەتا هەموو خەریکی جەمسەرگیری و هاوپەیمانێتین، ئیتر ئەبێ هەرێمێکی بچوک لەنێو دەستورێکی کاڵ و خاوی دەڵەمەدا چۆن بە پەرتەوازەیی و بەبێ دیگایەكی ڕوون بتوانێت.
دڵسۆز حەمە هەڵەیەکی گەورەیە پڕۆسەی هەڵبژاردن تەنها بە سندوقەکانی دەنگدانەوە گرێ بدەین، زۆربەی ڕژێمە دێکتاتۆرو شمولیەکانی وەکو ئێران وعێراقی سەردەمی بەعس و میسری سەردەمی موبارەک و تەواوی وڵاتە عەرەبیەکان پیادەی جۆرێک هەڵبژاردن و دەنگدان دەکەن، بەڵکو هەڵبژاردن ئەوکاتە مانادارەو مانیفێستی دیموکراسی و ئازادی مرۆڤ و بەشداری دیموکراسیانەی هاوڵاتی دەکات کە دەسەڵاتەکان لەیەکتری جیاکرابێتەوە، دەزگای دادوەری سەربەخۆ بێت، دامەزاراوەکان پابەندی یاسای بەڕێوەچونی تایبەت بەخۆیان هەبێت نەک پابەند بەمیزاجی شەخسی و بەڕژەوەندی ئەم یان ئەو هێزی سیاسی، کۆی دەزگای بەڕێوەبردن و دەزگای دادوەری و دەزگای تەشریعی کە پارلەمانە ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان ببینن لە چەسپاندنی یاساو چەمکی هاوڵاتیبوون و پاراستنی مافەکانی هاوڵاتی و ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و دەسەڵات، هاوکات کۆمەڵگا هەڵگری لانی کەمی فەرهەنگی دیموکراسی و ئەخلاقی دیموکراسی بێت، هەڵگری فەرهەنگی لێبوردیی و پێکەوەژیان بێت، ئەو فەرهەنگەی کە دەبوو ئەو هێزە سیاسیانەی ساڵانێکە دەسەڵاتی ڕەهایان بەسەر تەواوی کۆمەڵگادا واڵایە دەبوو لە ڕێگای دەزگا پەروەردەیی و مێدیایی و سیاسی و فەرهەنگیەکانەوە بینایان بکردایە، بەڵام سەرجەمی ئەو هێزە سیاسانەی بەدرێژایی سێ دەیەیە ڕابوردوو کۆمەڵگای کوردیان بەڕێوەبردوە لە بونیای خۆیاندا نەک هەڵگری خەیاڵی دیموکراسی و بەرهەمهێنانی کۆمەڵگایەکی ئازادو دیموکرات نین بەڵکو خۆیان مانیفێستی نادادوەری و سستەم و بەرهەمهێنانەوەی سەرکوت و دەسەڵات و پاوانخوازین لەهەمبەر هێزەکانی دی و لەهەمبەر کۆمەڵگاشدا، ئەم هێزانە نەک خەیاڵی چەسپاندنی یاساو بەدامەزاروە کردنی کۆمەڵگایان نیە. بەڵکو بۆ خۆیان گەورەترین لەمپەرن لەبەردەم چيسپاندنی یاساو بەدامەزراوەکردنی کۆمەڵگاو بیناکردنی دیموکراسی و دەوڵەتی هاوڵاتی و چەسپاندنی مافەکانی، خۆیان ڕێگرو لەمپەرن لەبەردەم بیناکردنی فەرهەنگی دیموکراسی و بەرهەمهێنانی هاوڵاتی هۆشیارو ئازاد، مرۆڤی بەهێزو خاوەن ئیرادە ، ئەوەی کە ئێستا دەگوزەرێت لە پێشبڕکێ و نمایشێکی هێستریدا بەناوی هەڵبژاردنەوە وەکو دەبینین بووەتە شانۆیەکی هێستری و نمایشێکی هەرزان بۆ خاڵیکردنەوەی ئەو هەموو وزەی ڕق و کینەو بەربەرەکانێ و ململانێ نابەرپرسیارەی کە هێزە جیاوازەکان لە هەمبەر یەکتریدا کەڵەکەیان کردوە، ڕق و کینەیەکی بارگاوی بە زیاتر پاوانکردنی هێزو مونافەسە لەسەر پارەی خەیاڵی نەوت وداهاتەکان، لەسەر پاوەری سیاسی، شەڕێکی تاقەتپڕوکێنە لەسەر ئەو پول و پاوەرە ترسناکەی لە کوردستاندا بوونی هەیە، ئەوەی لێرەدا غائیبە، ئەوەی نرخ و پێگەو بەهای نیە هاوڵاتییە! ئەو هاوڵاتیە ئاساییەی کە دواجار لە پڕۆسەی دەنگدانی ئاساییدا دەبوو خەم و ئامانجی ئەو هێزە سیاسیانە بێت کە دەبێت نوێنەرایەتی بکەن. بەڵام ئەوەی ئێستا ئاکتوێلە، ئەوەی دەگوزەرێت ململانێ نیە لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی دەسەڵات، لەسەر بەرنامەی ئابوری، جیاوازی دنیابینی ئیداری، جیاوازی لە پێناسەکردنی ماف وئەرک و پێگەی کۆمەڵایەتی و ئینسانی تاک، جیاوازی لە بەرنامەی دورمەودا و نزیک مەودا، لە سیاسەتی دەرەوەو ئاسایشی ئەمنی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی خۆراک، ململانێ نیە لەسەر ڕێزەی ئاوەدانکردنەوەو سیاسەتی ئاوەدانکردنەوەو بوژانەوەی ژینگەو سیاسەتی کشتوکاڵی و پیشەسازی، ململانێ نیە لەسەر بیمەی بێکاری و بیمەی تەندروستی و باشکردنی ڕێگاوبان و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری و بەهێزکردنی کەرتی خوێندن و گۆڕینی ڕیشەیی سستەمی پەروەردە و فێربوون کە بە هێجگاری داڕزیوە، سستەمی تەندروستی کە بوەتە پانتاییەک بۆ وەبەرهێنانی نامرۆڤانەو بازرگانی گومانلێکراوی داودەرمان بەسەر ژیانی هاوڵاتیانەوە، ململانێ نیە لەسەر سیستەمی دادوەری و فەراهەمکردنی مافەکانی مرۆڤ، لەسەر پاراستنی مافی ژن و مناڵ، مافی کەمئەندام و مرۆڤە بێنەواکانی کۆمەڵگا، ململانێ نیە لەسەر بەهێزکردنی کۆمەڵگاو بەرهەمهێنانی مرۆڤێکی نوێ و خاوەن ئیرادە، بەڵکو ئەوەی لەمڕۆژانەدا نمایش دەکرێت بەناوی هەڵبژاردنەوە ڕوونترین گوزارشتە لە نادیموکراسی هێزەکان خۆیان، لە وێرانەیی و تەپینی بە ئانقەستی کۆمەڵگا. دوای سێ دەیە لەئەزمونی خۆبەڕێوەبردن و خۆسەری تازە بەتازە لەبەردەم خراپترین و نابەرپرسیارترین جۆری خیتابی سیاسیداین، خیتابێک گوزارشت لەو پارچە پارچەبونە ئەبەدیەی کوردبون دەکات، خیتابێکی ناعەقلانی، نابەرپرسیار، نازانستی و نائەخلاقی، خیتابێک خاڵی لە خەیاڵی دیموکراسی لە هەڵگرتنی بەرپرسیاری مێژویی و لە خەیاڵی ستراتیژی ئیداری بۆ داهاتووی کۆمەڵگایەک بە دەست دەیان کێشەی ئیداری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ئابوری سەختەوە دەناڵێنێت، کۆمەڵگایەک لە ناوەوە پارچە پارچەو خاڵیکراوە لە مۆتیڤەکانی ئینتیماو پابەندبون بەیەکترو بە دەسەڵات و بە خەونەکانیشەوە، کۆمەڵگایەک خاڵی لە خەون و پڕۆژەی هاوبەش، بەڵکو خیتابی ئەو دوو هێزە لە ململانێ و شەڕەدەنوکی دووخێڵ، دوو تایەفە، دوو گروپی کۆمەڵایەتی دەچێت کە شەڕی کۆنە قین بکەن نەک خەمی پیادەکردنی دیموکراسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایەکی ئینسانی . دوای سێ دەیە لە ئەزمونی خۆبەڕێوەبردن و ئەزمونی هەڵبژاردن لەبەردەم خراپترین پڕۆسەی هەڵبژاردنداین چی وەکو ئەو کەشوهەوا هێستری وناعەقلانی و پڕ هاتوهاوارەی فەزای گشتی داپۆشیوە، چی وەکو ئەو بەربژێرو کاندیدو کەسانەی خۆیان بەشایەنی هەڵبژاردن ونوێنەرایەتی کۆمەڵگا دەزانن، حەشاماتێک کە پێناچێت بەهیچ فلتەرێکی ئەکادیمی و سیاسی و تەنانەت هونەری و ئەخلاقیشدا تێپەڕیبێت هەر بۆیە لەم نمایش و کەرنەڤاڵە هێستریەدا سەیر نیە کە ڕێکەوتی فیگەری سەیرو سەمەرە بکەین تا دەگاتە دەیان لیبۆک و هەرزانترین ڕوخسارەکانی سۆشیال میدیا، ئەمە ئەگەر بەدیوێکدا گاڵتەکردن بێت بە ئیرادەی ئینسانی کورد، بەدیوەکەی تردا، بێئەرزشکردن و بێنرخکردنێکی بەمەبەستی هەموو ئەو دەزگا و دامەزراوانەیە کە دەبێت لە پڕۆسەی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگادا بونیان هەبێت و کارابن وەکو پارلەمان ..... بەڵام لەدەرەوەی حیزب و هەژمونی حیزب ! مەترسیدارترین وەبەرهێنانی سیاسی، ئاسانترین و نزمترین ئامڕازەکانی کۆکردنەوەی دەنگ و خەلەتاندنی خەڵکی عەوام یاریکردنە بە هەستی دینی و ختوکەدانی عاتیفەی دینی عاتیفەی قەومیە، مەترسیدارترین وەبەرهێنانی سیاسیش وەبەرهێنانە لە ئایین و پشتیوانیکردن و بەکارهێنانی ئایینە، ئەو وەبەرهێنانە فاشلەی کە تەنانەت زلهێزەکانیش هەمیشە سەرکەتوو نەبوون لەو گەمەیەدا چی جای هێزێکی سیاسی لە کوردستاندا و لەهەناوی کۆمەڵگایەکدا کە توندڕەوی ئایینی یەکێکە لە کێشەکانی نەک مۆتیڤەکانی هەڵبژاردن! وەبەرهێنانی سیاسی لە ئایین و دیدە توندڕەوەئایینیەکاندا یاریکردنە بەو ئاگرەی کە هەمیشە سوتان و وێرانەیەکی فەرهەنگی وئینسانی و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، نمونەکانیش هێندە زۆرن کە لە ئەفغانستانەوە دەستپێدەکات هەتا میسرو لوبنان. ئەوەی لەم پڕۆسەیە غائیبە، گفتوگۆ، دیباتی سیاسی قوڵ و ڕەخنەو هەڵسەنگاندنە، عەقڵ و ژیری و هاوڵاتییە، ئەوەی لەم نمایشە هێستری و نابەرپرسیارو پڕی هاتوهاوارو توڕەیی و دەرکەوتنی چەندان مەشهەدی هەم توندوتییژ، هەم کۆمیدی ونمایشکاری نەشارەزا هەم لە پڕۆسەی سیاسی و هەم لە کۆدی نمایشکردنی سیاسی ئەوەمان بیردەخاتەوە کە ئێمە دوای سێ دەیە لە ئەزمونی سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبردن بەڵام دەیان هەنگاو بەرەو پاشەوە گەڕاوینەتەوە !! دەبێت بە قوڵی گومان لەو کۆمەڵگایە بکەین کە ئەزمونی بێڕێزی وتاڵانی و گەندەڵیەکی سیستەماتیک دەکات، کە سستەمی پەروەردەو تەندروستی داڕزیوە، کە بۆ موچە ڕسوا دەبێت، کە ئەزمونی ئەو هەموو تاڵانییە ئاشکرایە دەکات کەچی وەختێک پاڵەوانەکانی دزینی نەوت و داگیرکردنی عەقارات و زەویوزاری وڵات دێنەسەر پلاتفۆرمەکان و بەشەقامەکاندا بە ئۆتۆمبیلە گرانبەهاکانەوە نمایش دەکەن .... ئەمانیش لەمبەری شەقامەکانەوە چەپڵەیان بۆ لێدەدەن !!
رەحمان غەریب لانی كەم نزیكەی چارەكە سەدەیەك مام جەلال لە هەرێم و بەغدا، وەك سكرتێری گشتی یەكێتی و سەرۆك كۆمار، لە ساتەوەختی تۆفان بوبێت یان سایەقەی سیاسیدا كە دەچووە سەر ستەیج یان وتارێكی پێشكەش دەكرد، وردبین و هاوسەنگ و واقعی بوو بۆیە لە ناوخۆ و دەرەوە كاردانەوە و كاریگەری هەبوو. جەنابیان كە وتاریان دەدا، تێكەڵیان دەكرد بە شۆخیی ژنە جوتیارێكی گوندەكانی پشدەر، گێڕانەوەیەكی نوكتە ئامێزی هاوڕێ عەزیز محمد، بە یادەوەری دیداری لەگەڵ سەركردەیەكی نێونەتەوەیی، تێكەڵ بە وەفای هاوڕێیەكی، بە گەشبینی سیاسی پێشمەرگەیەكی كەمئەندام، تەڵەی چەپڵە لێدان پێیەكانی نەدەخلیسكاندە نێو زمانێكی كۆنترۆڵنەكراوی سیاسی. روحی شاد بێت، ئەو لەناو پاركی ئازادیدا، سەكۆیەكی ئازادی بۆ هاوڵاتیان دروست كرد لە یەكەمین لێدوانیدا ووتی" جوێندانیش بێت وەرن لە منەوە دەستپێبكەن"، مینبەرێكی بۆ جوێندان بە خۆی دروستكرد نەك بۆ جوێندان بەخەڵك، ئەو لە خەیاڵیدا نەبوو دەورانێك بێتە پێشەوە لەمینبەری رەسمیی پۆست یەكێتییەوە، جوێن بە هاوڵاتییان بدرێت، بە " گەواد" وەسفییان بكرێت. بەكارهێنانی دەستەواژەیەكی وەك " گەواد" لە مینبەری هەڵبژاردنی شارێكی جوان و بە مەعریفەت و خاوەن فەرهەنگی رەنگینی وەك هەڵەبجە، دەبوو شۆكهێنەر بێت بۆ هەموو ئەوانەی باس لە رێبازی تاڵەبانی باوك دەكەن، لەسەردەمی ئەودا رەخنەگرتن برەوی پێدەدرا، ئەندامانی یەكێتی و هاوڵاتیانیش زاتیان دەكرد رەخنە لە سكرتێرەكەیان بگرن. ئێستا لەناو یەكێتیدا، سەدان خاوەن بڕوانامەی بەرزی ئەكادیمی، نووسەر، هونەرمەد، چەند سیاسەت مەدارێكی بێدەنگی نەوەی پێشووش هەن كە سەریان لە سیاسەت سپی كردووە، رەنگە درك بەمەترسی ئەو زمانە ئاست نزمە بكەن، زاتبكەن وەك چۆن رەخنەیان لە تاڵەبانی باوك دەگرت، لانیكەم رەخنە لەو هەڵسوكەوتە بگرن، سنووردار بكرێت تا لەسەر ستەیجەوە شۆڕنەبێتەوە بۆ كۆبونەوەكانی سەركردایەتی. یەكێتی مافی خۆیەتی لە دروشمەكانیدا بۆ ڕازیكردنی دەنگدەر، پەنا بۆ هەموو دەستەواژەیەكی وەك "دەیڕوخێنین" و "لۆمارێ" و "شامسوار" و "زاب خودێ" و " وین حصە "و "مودیرعام" و هەموو ئەو دەستەواژانەی تریش لە گوتاری سیاسییان رەنگبدەنەوە، بەڵام نەختێكیش سوود لە زمانی نەرم و روونی مام جەلال وەربگرن كە بە زیاتر لە مانایەك كراوە بێت بۆ لێكدانەوە. رەخنەگرتن لە ووتاری سكرتێری گشتی، پشتگیری نییە لە " مێشی ئەلكترۆنی" كە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی دژ بە سەرۆكی یەكێتی، بە پارەی گشتی كارایان كردوون ، كە بە روخسارو جەوهەر، تەنها لەم سەردەمی پوچگەراییەدا شوێنی دەبێتەوە.
