سیاسەت و ئاگربڕی شەڕ
2024-08-02 12:21:55
فارس نەورۆڵی
ئاگربڕ زاراوەیەکی کۆنە لە گوندەکان بەکاردەهات بۆ ڕێگاگرتن لەو ئاگرە لەناکاوەی لە شاخ و لە ناو پوش و دەغڵ و دان هەڵدەگیرسا بۆئەوەی زیانی گەورەی لێنەکەوێتەوە، ئەم زاراوەیە دەکرێ لە سیاسەتيشدا تەوزیف بکرێت.
ئێستا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخێکدایە ئاگری شەڕ خەریکە بە تەواوی پەرە دەسێنێت، ڕاستە بەریەککەوتنی بەرژەوەندی زلهێزەکان ئەو ئاگرەی دروست کردووەو لەکوێدا بیانەوێ تاو دەسێنێ و لەکوێدا بیانەوێ هێوری دەکەنەوە. عێراق و هەرێمی کوردستان لەو جوگرافیایەدان ململانێ و بەریەککەوتنەکانی تێدایە.
بۆیە پێویستە ئاقڵمەندانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە ئاگایانە پەیوەندی و لێکگەیشتنیان هەبێت بۆ ئەوەی ڕێگا نەدەن ئاگرەکە عێراق و هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، چونکە حەقیقەت ئەوەمان پێ دەڵێت ئاگری ئەم جەنگەی ئەم جارە خوانە خواستە ئەگەر ڕوبدات جەهەنەمی دەبێت و ناوچەکە دەکاتە خۆڵەمێش.
بۆیە دەبێت هەموو سیاسیەکان چاکەو جوانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندیيە مەزهەبی و نەتەوەیی و حیزبیەکانەوە دانێن. خەڵکی کوردستانیش بێ جیاوزی ڕەنگ و دەنگ باش وایە بێلایەنبن هەمیشە خوازیاری ئاشتی بن بۆ ناوچەکەو گەلانی ناوچەکە چونکە جەنگی ئەم جارە بەشی کەس خێری تیانیەو ئەوەشمان لەبیر بێت سەردەمانێک ئاگری ئەنفال و کیمیایی باران کوردو کوردستانی دەسوتاند. ڕای گشتی و تایبەتی میللەتێکی ناوچەکە دڵی بۆ کورد گەرم نەبوو کەواتە نابێ لەژێر کاریگەری سۆزدا لۆژیک لەبیر بکەین، خودا ئاگری شەڕ بکوژێنێتەوەو میللەتان بە ئارامی بژین .