د. عەبدولموتەلیب رەفعەت جگە لە هەرێمی کوردستان، لە هەموو جیهان لە ئێستادا بزووتنەوەی دادپەروەری ژینگەیی هۆشیارترە بەبەراورد لە گەڵ پێشوودا، وئەم بزووتنەوەیە تیشک دەخاتە سەر پرسەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە ململانێ ژینگەییەکاندا. بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان ئەم بزووتنەوەیە وەکو پێویست چالاک نییە ئەویش ئەگەڕێتەوە بۆ ئاستی ڕۆشنبیری وتێگەیشتنی خەڵکی ئاسایی ودیدگای ژینگە دۆستان لە بارەی کارەساتە ژینگەییەکان کە ڕووبەڕووی جیهان بووتەوە. لە ساڵی ١٩٨٨ ئەلبێرتۆ گالیندۆ دەستەواژەی (ژینگەگەرایی بۆ هەژاران)ی پێشنیار کرد بۆ وەسفکردنی بزووتنەوەکانی خۆڕاگریی جووتیاران کە هەوڵێک بوو بۆ تێگەیشتن لە خەبات و بزووتنەوە ناوخۆییەکان کە سەریهەڵدا وەکو بزوتنەوەیەک بۆ خەباتکردن لە دژی سەرمایەداری و لەسەر بنەمای لەناوبردنی ژینگە وئیستغلالکردنی سامانە سروشتیەکان بۆ مەبەستی تایبەت کاری دەکرد. هەروەها خوان مارتینێز لە ساڵی ٢٠٠٢دا لە کتێبی (دادپەروەری ژینگەیی بۆ هەژاران) بەراوردێکی وورد دەکات لە نێوان ژینگەی ناوچە گوندنشینەکان و ناوچە هەژارەکان لە گەڵ کۆمەڵگا دەوڵەمەندەکان، وتێیدا پرسیارێکی زۆر دەروژێنێت لە بارەی داکۆکیکارانی ژینگە و (دادپەروەری ژینگەیی بۆ هەژاران). وهەرێمی کوردستان لە ئێستادا بە قۆناغێکی مەترسیداری ژینگەیی تێپەڕدەبێت بە هۆی گوێنەدانی دەسەڵات بە کارەساتە ژینگەییەکان وچارەسەرنەکردنیان بە شێوەیەکی زانستی. هەرێمێکی بچووکی خاوەن پێنج ملیۆن دانیشتووان، زیاتر لە دوو ملیۆن وچوارسەد هەزار ئۆتۆمبێڵی تێدایە، واتا هەر دوو تاکێکی دانیشتووی ئەم هەرێمە ئوتۆمبێلێکیان بەردەکەوێ کە ئەمە لە ڕووی زانستی ژینگەوە کارەساتەو پێویستی بە هەڵوێستی زۆر جددی هەیە. جگە لەوە زیاتر لە حەوت هەزار وسێ سەد وپەنجا موەلیدەی کارەبایی لە هەرێمدا هەیە کە ڕۆژانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گازی گەرمکەرەوە وزیانبەخش تێکەڵ بە ژینگەو سروشتی هەرێمی کوردستان دەکەن وتا ئێستا حکومەت هیچ هەنگاوێکی کرداریی نەهاوێشتووە بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە گەورەیە، ئاخر ناکرێ حکومەتێ تەمەنی زیاتر لە ٣٢ ساڵ بێت وکێشەی کارەبای پێ چارەسەر نەکرێت. ئەمەو جگە لە دەیان کێشەو گرفتی ژینگەیی تر وەکو پاڵاوگە نایاساییەکان، نەبوونی یەکەی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆ، نەبوونی یەکەی ریسایکڵین .. وهتد. ولە هەمووی کارەساتتر فراوانکردنی شارەکانی هەرێمی کوردستانە بەبێ پلان، شاری واهەیە لە هەرێمی کوردستان بەبەراورد لە گەڵ ٢٠ ساڵێ پێش ئێستا رووبەرەکەی پێنج ئەوەندە فراوانکراوەتەوە، ئەمەش لە سەر حیسابی سروشت وژینگەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، لە ڕێگەی ئیستغلالکردنی زەوییە کشتوکاڵی ولەوەڕگا وڕەزو باخەکانەوە وگۆڕینی ڕەگەزیان بۆ بازرگانی ونیشتەجێبوون. ئەمەش لە داهاتوویەکی نزیکدا روبەڕووی دوو مەترسی زۆر گەورەمان دەکاتەوە کە یەکەمیان: دیاردەی دورگەی گەرمی شارەکان (UHI)ە واتا لە ناوەندی شارەکان پلەی گەرمی زیاتر بەرز دەبێتەوە بە بەراورد لە گەڵ ناوچەکانی دەرەوەی شار ئەویش بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی یەجگار زۆر لە کۆنکریت وئەسفلت وکەرەستەکانی بیناسازی کە توانای هەڵمژین ودانەوەی گەرمییان زۆر بەرزەو ودواتر پلەکانی گەرمی شارەکان زیاتر بەرز دەکەنەوە. وادیارە کارەساتەکە تا ئێرە کۆتایی نەهاتووە بەڵکو لە ئێستادا دەست براوە بۆ شاخ وگردەکانی هەرێمی کوردستان کە ژینگەیەکی تایبەتیان هەیەو هۆکارن بۆ هاوسەنگی ژینگەیی وبە سینکی کاربۆن هەژماردەکرێن. بە داخەوە لە ئێستادا ئەو شاخ وگردانە تەخت دەکرێن وئەکرینە پرۆژەی گەورەی تایبەت بە خەڵکی سەرمایەدار وخاوەن دەسەڵات. تەنانەت شارەکانی هەرێمی کوردستان کە فراوانکراون لە سەر حسابی سروشت، دانیشتوانەکانی بە مەبەست یا بێ مەبەست پۆلێنکراون وجۆرێ لە چینایەتی تێیاندا بەدی دکرێت بە تایبەت لە شارە گەورەکان، وبە ئاشکەرا دیارە چ گەڕەکێ تایبەتە بە دەوڵەمەندەکان وچ گەڕکێ تایبەتە بە خەڵکی هەژار. لێرەوە ئەوەمان بۆ ئەسەلمێنرێ کە نادادپەروەری ژینگەیی باڵی کێشاوە بە سەر هەرێمی کوردستاندا. وبەشێوەیەکی زۆر خراپ ژینگەو سروشتی هەرێمی کوردستان کە موڵکی گشتییە ئەشێوێنرێ وتەرخان دەکرێت بۆ خەڵکی سەرمایەدار ودەوڵەمەند وژینگەیەکی گونجاویان بۆ ڕەخسێنراوە، و لە بەرانبەردا خەڵکی هەژار لە ژینگەیەکی نالەباردا کوزەر دەکەن. واتا مەترسی دووەم کە ڕووبەڕوومان بوەتەوە ولە داهاتوویەکی نزیکدا بەڕوونی کاریگەری لە سەر ژینگەو کۆمەڵگای کوردستان دەبێتەوە (نادادپەروەری ژینگەیی)یە کە ئەمەش مەرترسی دووەمی فراوانبوونی شارەکانی هەرێمی کوردستانە. و (نادادپەروەری ژینگەیی) لەسەر ئەو بەنەمایە هاتوەتەکایەوە کە هەژاران ودانیشتوانی ناوخۆیی زیاتر کاریگەری تێکچوونی ژینگەیان لە سەرە وئەم تێکچوونە ژینگەییە لە ئیستغلالکردنی نادادپەروەرانەی سامانە سروشتییەکاندا ڕوودەدات. وچەمکی دادپەروەری ژینگەیی ڕەهەندێکی زۆر جیاوازی هەیە، چیتر خەمی ژینگە تەنیا لە پاراستنی درەخت و باڵندە و ڕووبار و ڕووەک و گیاندارەکاندا سنووردار نابێت، بەڵکو پێویستە سەرنج بخرێتە سەر پاراستنی ژیانی مرۆڤەکانیش بەتایبەتی ئەوانەی ستەمیان لێ دەکرێت ولە پێناو خەڵکی سەرمایداردا ژینگەییان دەشێوێنرێ و بێ بەش دەکرێن لە سروشت و ژینگەی گونجاو. بۆیە لە هەرێمی کوردستان پێویستمان بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی ژینگەییە کە لەسەر بنەمای دادپەروەری کۆمەڵایەتی-ژینگەیی کاربکات وهەروەها لەسەر بنەمای خەباتی بەرگریکردن لە پاراستنی ژینگە وکەمکردنەوەی ئاسەوارەکانی گۆڕانکارییەکانی کەش وهەوا، و دژی ئیستغلالکردنی ژینگە و سامانە سروشتییەکان لەلایەن دەسەڵات وخەڵکی سەرمایەدار بوەستێتەوە. و دیدگای خەباتی ژینگەیی لەسەر ئەوە بنەمایە دەبێت دابمەزرێ کە هیچ گروپێکی دیاریکراو لە خەڵک نابێت پشکێکی ناڕێژەیی لە دەرئەنجامە نەرێنییە ژینگەییەکانی بەربکەوێ کە لە ئەنجامی ئیستغلالکردنی خراپی زەوی، سامانە سروشتیەکان، وسیاسەتە ژینگەییە هەڵەو نادادپەروەرانەکانەوە دێتە ئاراوە. و کار لە سەر فەراهەمکردنی دادپەروەری ژینگەیی بۆ هەژاران دەکات لە ڕێی جەختکردنەوە لەسەر دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پاراستنی زەوی و سامانە سروشتییەکان بۆ هەموو دانیشتووان بە تایبەتی خەڵکی هەژار. ودەبێت ئامانجی خەباتی ژینگەیی کار لەسەر چارەسەرکردنی نادادپەروەری ژینگەیی وکەمکردنەوەی پیسبوون وچارسەرکردنی سەرچاوەکانی پیسبوونی ژینگە بکات. هەروەها پێویستە کاری جددی لە سەر بەدیهێنانی هاوسەنگی لە نێوان گەشەی ئابووری و پاراستنی ژینگە بکات، چونکە لاسەنگی نێوان بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابووری و پاراستنی ژینگەدا کارەساتی ژینگەیی زۆر خراپ ومەترسیدار بەدوای خۆیدا دەهێنێت. وهەموو ئەم ئامانجانە تەنها بە دروستکردنی فشاری بەهێز لە سەر حکومەت وحیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم دێنەدی، چونکە ئەوانن بێ گویدانە پرەنیسپ وستاندەردە ژینگەیی وزانستیەکان، ژینگەو سروشتی هەرێمی کوردستان تێکدەدەن وهەڕاجی دەکەن بۆ خۆیان و خەڵکی سەرمایەدار.
خالد سلێمان جیهان لەبەردەم گەرمبونێکی بەردەوامدایە. پێش 10 ساڵ زاناکان وایان مەزەندە دەکرد ساڵی 2050 پلەی گەرمای زەوی 1.5 پلە بچێتە سەرەوە بە بەراورد لەگەڵ پلەی گەرمای زەوی پێش شۆڕشی پیشەسازی کە بەروارەکەی بەشێوەیەکی ڕەسمی دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1850، بەڵام سەرەتاکەی بەشێوەیەکی مێژوویی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1784. بەرزبوونەوەی خێرای گەرما، وایکردوە بەردەوام پێشبینی و مەزەندەکان بگۆڕێن و وەک خۆیان نەمێننەوە. مانگی پێشو (ئایاری 2024) وەک گەمترین مانگ لەمێژووی تۆمارکردنی گەرمای زەوی ناسێنرا. ئەم گەرما خێراییە وای لە پسپۆرەکانی زانستی کەشوهەواو زەوی کردوە پێشبینی تر بکەن و باس لەوە بکەن کە گەرمای زەوی پێش ساڵی 2030 پلەو نیوێک بە بەراورد لەگەڵ پێش شۆڕشی پیشەسازیدا تێپەڕێنێت. ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارەو زەوی دەبێتە نیوە کورەیەکی ئاگر، چونکە ئەو کاتە پلەی گەرما 0.4 لە ئێستا زیاتر دەبێت. هەڵبەتە ڕێژەی چڕی کاربۆن لەبەرگەهەوادا کە دەرەنجامی پیشەسازی و خانوبەرەو کشتوکاڵی چڕو زیادەڕۆیین لە بەکارهێنانی وزەدا، لە تواناياندا هەیە زەوی بەرەو ئاکارێکی زۆر ترسناک ببات. ئەگەر ڕێتمی پیشەسازی نەوت و تێکدانی سروشت و لەناوبردنی عەمبارەکانی کاربۆن لەسەر ئەم ڕیتمەی ئێستا بڕوات ناوچەکەی خۆمان دەکەوێتە دەرەوەی شوێنە شیاوەکان بۆ ژیان. کوردستان دەکەوێتە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا. ئەم ناوچەیەش لاوازترین شوێنی دنیایە لەبەرامبەر ئاکارەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوادا، چونکە زۆربەی زەویەکانی وشکانی یان نیوە وشکانین، کۆی سەرچاوەی ئاوی سازگار تیایدا لە 1% ئاوی سازگاری جیهان تێپەڕ ناکات، لە کاتێکدا لە 6%ی کۆی دانیشتوانی جیهان لەم ناوچەیەکدا دەژین. ئەمە جگە لەوەی بیابانەکان بەهۆی نەبونی ڕوپۆشی ڕوەکییەوە توانای گلدانەوەی گەرمایان نیە. هەڵبەتە سێ عەمباری سروشتیی سەرەکی هەن بۆ گلدانەوەی گازە گەرمکەرەوەکانی زەوی وەک (دوانە ئۆکسیدی کاربۆن و میتان)، ئەوانیش دەریاو زەریاکان، دارستانەکان و خاکن. ئێمە لە کوردستان دەریاو زەریامان نیە بۆ فێنک کردنەوە، برێکی کەمی دارستانمان هەیە، جگە لەوەی لەژێر هەڕەشەی لەناوچوندان، بەرگەی ئەو هەمو چالاکییانە ناگرن کە لە کوردستاندا هەن. ئەوەی هەمانە تەنها خاکە کە توانای گلدانەوەی بڕێک لە گازە گەرمکەرەوەکانی هەیە. ئەگەر شاخەکانمان لە هاویندا ڕوتەڵەش دەربکەین، ئەوا لە زستان و بەهاردا عەمبارێکی باشی گلدانەوەی گازە گەرمکەرەوەکانن، چونکە ئەو ڕووەکانەی لەسەر خاکەکانیان دەپشکوێن و سەوز دەبن ڕێژەیەکی باشی کاربۆن لە رێگەی پێکهاتە ڕوناکییەکانەوە وەردەگرن، بەم شێوەیەش لەو گەرمییەی ڕزگارمان دەکەن کە لە کەشدایە. لەگەڵ کۆتایهاتنی بەهارو مردنی ڕووەکەکاندا، شاخەکان وەک ڕوتەڵە دەردەکەون، چونکە ئەو کاربۆنەی لە زیندەوەرەکان لەژێر خاکدا ماوەتەوە، لەگەڵ هەناسەدانی خاکدا جارێکی تر دەکەوێتە کەشەوە.بەم شێوەیەش شاخەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لەراگرتنی باڵانسی گەرمادا. لێرەدا جارێکی تر دەگەڕێمەوەو دەڵێم، شاخەکان ڕوتەڵە نین، ئەوە بینینی ئێمەیە ڕوتەڵەیەو سوڕی ژیانی کۆمەڵگەی زەوی نابینێت. لەهەر مەترێکی سێجای خاکدا، ملیارەها زیندەوەر دەژین و بەردەوامی دەدەن بەخاک. باراناوی شۆڕ بوەوەی قەد پاڵی شاخەکان، تاکە سەرچاوەن بۆ شۆردنی خاک و گواستنەوەی کانزا خۆراکیەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگوازێتەوە. ئەمەش بەشێکە لەبەردەوامیی سوڕی زەوی و ژیانی ئێمەی مرۆڤ. بۆیە پاراستنی گۆیژەو هەمو شاخ و دۆڵ و دەشتاییەکانی کوردستان، لە بنەڕەتدا پاراستنی خودی خۆمانە لە ناوچون. تێبینی: ئەم نەخشەیەی دانراوە پێمان دەڵێت کە ئێمەو وڵاتەکان لەناو دڵی گەرەمادا دەژین، ئەگەر پلانی ڕوبەڕوبوونەوەمان نەبێت، دەکەوینە بەردەم هەڕەشەی لەناوچونەوە.
خەبات عەبدوڵڵا وەبەرهێنان لە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی: ١. داهێنانی مۆدێلێکی وەبەرهێنانە کە لە بەشێکی زۆریدا پشت بە داگیرکردن و وێرانکردنی خاک و سروشت دەبەستێت و بەهیچ شێوەیەک ڕەنگدانەوەی زۆربوون و هەڵکشانی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم نییە. ٢. وەبەرهێنان لە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبووندا کەرتێکی مۆنۆپۆلکراوە لەلایەن ئەوانەی لەم ساڵانەی دواییدا لە سایەی ئابووریی حیزبییەوە بوونە ملیۆنێر و ملیاردێری دۆلار. ٣. برەودان بە بواری دروستکردنی زۆرتری یەکەکانی نیشتەجێبوون، وەبەرهێنانە بۆ دهوڵهمهندبوونی خێرا. دەوڵەمەندبوونی خێرا درێژكراوهی كولتووری تاڵانوبڕۆ و له ههمان کاتدا ڕهنگدانهوهیهكی ڕاستهوخۆی ئابووریی حیزبییه، ئهو تهرزه ئابورییهی كه جگه له كوردستان و عێراق له هیچ شوێنێكی دنیادا بوونی نییە. دهوڵهمهندبوونی خێرا جگه لهوهی لهڕێی کەسە دەستڕۆێشتووەکانی حیزب و حکومەتەوه ئاڕاستهكراوه، شێوازێكی تایبهته له دهوڵهمهندبوون له سایهی نهبوونی سیستمێكی ڕۆشنی باج و واوهتریش نهبوونی دهسهڵاتی قانووندا. بۆیە ئەم شێوازە لە وەبەرهێنان لە بەشێکیدا دەچێتە خانەی شهرعهنهكردنی تاڵانییەوە. ٤. وەبەرهێنان لەم کەرتەدا کایەیەکی لەبارە بۆ سپیکردنەوەی پارەی پیس، ئەو پارەیەی لە ئەنجامی تاڵانوبڕۆی کوردستان و عێراقەوە بەردەوام دەڕژێتە گیرفانی دەستەبژێری سیاسیی گەندەڵ و نزیکەکانیانەوە. ٥. لەو سۆنگەیەی کە بەشێکی زۆری ئەم ڤێلا و یەکانە لە مۆدێلی های کڵاسن، زۆربەیان ڤی ئای پییەکانی کورد و عەرەبی هاوردە لێی سوودمەندن نەک چینە نەدار و مامناوەندەکانی کوردستان. ٦. وەبەرهێنان لە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبووندا مۆدێلێکی نوێ و مەترسیداری تەعریبکردنی کوردستانە بەناوی وەبەرهێنانەوە. (بەگوێرەی هەندێک لە ستاتسە فەرمییەکان [هی ساڵی ٢٠٢٠] زیاتر لە یەک ملیۆن عەرەب نیشتەجێی هەرێمی کوردستانن (هەولێر ٦٠٠ هەزار ٢٩%، دهۆک ٢٧٥ هەزار ١٦%، سلێمانی ١٦٠ هەزار ٧%). [لە ئێستادا ئەو ژمارەیە ملیۆن و نیوێکی تێپەڕاندووە]. ٧. ئەم مۆدێلەی وەبەرهێنان لە کاتێکدا بەردەوام کار لەسەر دروستکردنی بە (بەهەشتکردن)ی ڕووبەری ناو سنوورەکانی خۆی دەکات، هاوتەریب دنەی (بە ئۆردوگاکردن)ی بەشەکەی تری شار دەدات. ٨. ئەم مۆدێلەی وەبەرهێنان لە کاتێکدا کار لەسەر بە (گوندکردن)ی ناوەندی شار دەکات، هاوتەریب کار لەسەر بە (مەزرەعەکردن)ی گوندەکان دەکات. ٩. سیتی و گوند و کۆمەڵگاکانی ئەم یەکانەی نیشتەجێبوون، تا ڕادەیەکی زۆر برەودانە بە دروستکردنی مڕومۆڵگە (مستوطنات)، ئەوەی کۆڵۆنیالیستە ئەوروپییەکان لە سەدەکانی پێشوودا وەکو ستایڵێکی ژیانی تایبەت بە خۆیان و بۆ خۆجیاکردنەوە لە هاوڵاتیانی ڕەسەنی ئەو وڵاتانە بۆ خێزان و سوپا و بازرگانانی خۆیان لە وڵاتە داگیرکراوەکاندا دروستیان دەکردن. ١٠. هۆکاری هەڵکشان بۆ داگیرکردنی ئەو ڕووبەرانەی کە هێشتا دەستی داگیرکارییان پێ نەگەیشتووە (چیا و دامێنی گۆیژە بەنموونە)، برەودانە بە ژیان لەسەر هەمان ڕیتمی مڕومۆڵگە. ئەو مڕومۆڵگە لەیەک دابڕاوانەی کە لەڕێی فراوانبوونی جیاوازییە چینایەتییەکانەوە، وردە وردە تەونی کۆمەڵایەتیی و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی کوردەواری بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەبەن. ١١. ئەوە قسە هەڵناگرێت ئەوانەی لە پشتی ئەم کارەساتەوە وەستاون، ئەو سیاسییە گەندەڵانەن کە پۆستە حیزبی و حکومەتییەکانی خۆیان خستۆتە خزمەتی ئەم جۆرە پڕۆژانە و بوونەتە بازرگان. ١٢. بێگومان ئەمەش لە بەشێکی گەورەیدا پێوەندی بەو گۆڕانە دراماتیکییەوە هەیە کە لەم ساڵانەی دواییدا و پاش دابارینی پارەی نەوت و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن نەوەی دووەم و سێیەمی سیاسییەکانەوە، بەسەر حیزبی چەکداری کوردیدا هات و لە جیاتی حیزب، ئێستا ئێمە ڕووبەڕوو لەگەڵ دەرەبەگایەتییەکی چەکداردا دەرگیرین. ١٣. بەدەنگەوەهاتنی هاوڵاتیان لەسەر سروشت و موڵکی سلێمانی، خودهۆشیاریی و خودئاگاییەکی یەکجار کەشخە و ڕاقییە، ئەم لەسەرکردنەوەیەی هاوڵاتیان لە سروشت و موڵکی شارەکەیان کوردبوون و کوردستانییەتێکی سەربەخۆی نوێیە کە زیندوێتی کۆمەڵگەی مەدەنیی (لانی کەم) سلێمانیمان پیشان دەدات. ١٤. ڕاستییەکەی دەسەڵاتی سیاسیی کوردی عەیامێکە شەقاوی گەورە گەورەی ناوە، بۆ ئەوە نا سیستم دروست بکات، بۆ ئەوەی هەرچی زووترە ببێتە یەکێک لە کۆمارەکانی مۆز!
د. سەردار عەزیز لە بەشی هەشتی کتێبی سەرمایەدا کارل مارکس چەمکی کەڵەکەکردنی سەرەتایی یان پێشوو دەهێنێتەوە ناو باسەوە. مارکس ئەم بەشە بە “Die sogenannte ursprungliche Akkumulation“ ناو دەبات. خوێندنەوەیەکی وورد لە ناونیشانەکە گرنگە بۆ تێگەیشتن لە مەبەست. مارکس هەموو چەمکەکە دەخاتە ناو کۆتەیشن یان ئیقتیباسەوە، هەروەها دەنوسێت بەناو کەڵەکەکردنی سەرەتایی. دیارە پێشگریی ئور لە زمانی ئەڵمانیدا لە ئوری عێراقەوە وەرگیراوە، بە مانای کۆن، دێرین یان پێشینە. هەموو ئەمانە پێکەوە پێمان دەڵێن، مارکس بڕوای بە چیرۆکی کەڵەکەکردنی پێشینەیی نیە، بەڵکو ڕەخنەی دەکات. دیارە مارکس ئەم چەمکە لە ئابوریناسی سکۆتلەندی ئادەم سمسەوە وەردەگرێت. کە وەهای دەبینێت بریتیە لە بردنی زەوی و زار و بەکاربردنی بۆ مەبەستی سەرمایە. دەیڤد هارڤی لە ڕاڤەی چەمکەکەی مارکسدا ئاماژە بەوە دەکات کە بردنی زەوی و زار و دەست بە سەراگرتنی، زەوییە بە مەبەستی دەرکردنی خەڵکەکەی و دروستکردنی توێژی بێ-زەویی و لە ئەنجامدا پرۆلیتاریا. چەمکی پرۆلیتاریا، یانی ئەو خەڵکەی کە تەنها توانای زاوزێیان هەیە. هەموو ئەمانە لە دۆڵە ڕوت دەبینین. دۆڵە ڕوت وەها پۆلێن دەکرێت کە خاکێکی ڕەقەڵەی بێ سودە و ئەم کۆمپانیایانە دێن دەیگۆڕن بۆ جێگایەکی سودمەند. هەمیشە لە مێژودا کاتێک هێزێک دەیەوێت جێگایەک ببات، وەها پۆلێنی دەکات کە بێ سودە، بۆیە شایانی ئەوە نیە کە ناڕەزایی لە سەری دەرببڕێت. گۆڕینی یاڵ و گرد و دۆڵ و زەوییە کشتوکاڵیەکان بۆ پرۆژەی خانوبەرە، بەرفراوانترین جۆری کەڵەکردنی سامان و دروستکردنی توێژێژێکی موڵکدارانی ساماندار لە بەرامبەر توێژێکی بەرفراوانی بێ دەرامەتە یان کەمدەرامەت. دۆڵە ڕوت و شوێنەکانی تر، هەموو ئاماژەن بۆ دروستبونی کۆمەڵگایەکی ئێجگار چینایەتی لە کوردستان. دروستبونی توێژێک کە خاوەنی داهاتی زەبەلاحە، لە بەرامبەر توێژێکی بەرفراوانی کەمدەرامەت، جگە لە دروستبونی ناوچەی دابڕاو و داخراو، هەموو دەبنە بنەمای دروستبونی نایەکسانی کە هۆکارێکی هەرە سەرەکی نا-دیموکراسیی بونە. چارلس تیللی دوو هۆکار بە سەرەکی دەبینێت لە پرۆسەی نا-دیموکراسیبون، de-democratization ئەوانیش نەبونی باوەڕ یان سیقە لە گەڵ نایەکسانی. پێویست بە ئاماژەدان ناکات کە نەمانی باوەڕ لە نێو کۆمەڵگا و نایەکسانی لە کۆمەڵگای ئێمەدا چەندێک زەقە. هۆکاری تری زۆر هەیە کە دەبنە مایەی نا-دیموکراسیی. ڕەنگە دۆڵە ڕوت بکرێتە شوێنێکی جوان و ئاوەدان، بەڵام زۆرینەی زۆری خەڵک لێی مەحروم دەبن. لە نەبونی ئاگایی فیکریی، ئاگایی سیاسی و کۆمەڵایەتی، یان لە سەروی هەمویەوە ئاگایی ژینگەیی ئەم دیاردانە بە ئاسانی بەڕێوە دەچن. بەشی زۆری بەناو ئۆپۆزسیون یان سەرقافلەی ئەم کارانەیە یان توانای تێگەیشتنی ئەم دیاردانەی نیە. ئەوانیتریش خاوەن گەمەکەن.
د. نیاز نەجمەدین بڵاوبوونەوەی یەک فۆتۆ خەریکە زۆر کەس پەشیمان دەکاتەوە لەوەی گفتوگۆی پرۆژەکەی گۆیژە بکات. ئەمە پێمان دەڵێت ئێمە لە سەردەمێکداین فۆتۆ دەمانبات بەڕێوە. گفتوگۆی ئێمە لە فەیسبوک زۆر خۆش نییە، بەڵام هەندێکجاریش پێویستە. هەر ئەمەش وردە وردە فێرمان دەکات هێمنانەتر بیر بکەینەوە. من شارەزای پلاندانانی شار نیم، بەڵام چەند بنەمایەکی سادە هەن زۆربەمان دەیزانین و بەم پێیەش مافی خۆمانە لە شوناس و کاریگەریی پرۆژەکان بپرسینەوە: یەکەم/ ژینگە: هەر پرۆژەیەکی گەورە دەبێت حساب بۆ ژینگە بکات، نەک تەنها لەوەدا هەوای پاکمان پێ ببەخشێت، بەڵکو ژیانی گیاندارانیش کەم تا زۆر پارێزراو بێت. قسەی ئەم سەردەمە ئەوەیە دەبێت لە هەر پرۆژەیەکدا بزانین چەند تەعەددامان لە سروشت کردووە. تا کوێ بۆ چڵێسی خۆمان رێگەپێدراوین ژینگە وێران بکەین؟ بۆچونەکە ئەوەیە نابێت بۆ گەشە و خۆدەوڵەمەندکردن ژینگە وێران بکەین لە کاتێکدا لە ماوەی درێژخایەندا تەنانەت خۆمان زەرەری لێ دەکەین. ئەم پرۆژەیە ئەم سیفەتەی تیادایە؟ باوەڕ ناکەم. ئەوسا ئەمەمان نەدەزانی، ئەمڕۆ باشتر فێربووین و پێویستە هەر یەکێک لە ئێمە حسابی زیاتر بۆ ژینگە بکات و دژ بە گەشەیەکی ژینگەوێرانکەر بێت. ئەو بازاڕکزییەی ئەمڕۆ رووی کردۆتە شار و وڵاتەکەمان، ئەگەر ئاگامان لێی نەبێت هەڵەی گەورەمان پێ دەکات و دەبێت بە پاساویش بۆ وێرانکردن. دووەم/ خانووبەرەی کەشخە: پلاندانەرانی شار کاتێک رەزامەندیی لەسەر پرۆژەیەکی خانووبەرە دەکەن، دەبێت حساب بۆ ئەوە بکەن کە نرخی شوقە و خانوو و کرێ لە شاردا نەفڕێنێت. ئەم پرۆژەیە پێدەچێت لە نرخێکی بەرزدا بوەستێت، بۆیە کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر کۆی نرخی خانووبەرە لە سلێمانیدا. سێیەم/ شاردنەوەی زانیاریی: پێشتر کۆمەڵیک پرۆژەی خانووبەرە کراوە و هەموومان دەزانین کە کێشەی ساغبوونەوەیان هەیە. ئێستا تۆ دێیت و رکابەرێکی بەهێزیان بۆ دروست دەکەیت. تۆ تەنها کۆمەڵێک کڕیارت هەیە توانای کڕینی ئەو خانووبەرەیەی هەبێت. چیت کرد؟ تەنها لەم پرۆژە بۆ ئەو پرۆژە رایاندەکێشیت و کۆمەڵێک مایەپوچ دەکەیت. لێرەدا با پرسیارێکی سیاسییش بکەم: ئایا دەتەوێت بەدەسیسە مایەپوچیان بکەیت تەنها لەبەرئەوەی سەر بە تەکەتولەکەی تۆ نین؟ ئاخر ئەگەر ئەمە نییەتتە، ئەوا مەیلی وەبەرهێنان وێران دەکەیت. چوارەم/ یەکگرتووی کۆمەڵایەتیی: پرۆژەی کەشخە کە بۆ کەمینە بوو، زۆرینەش بە دەست کەمدەرامەتییەوە ناڵاندیان، یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیی دەشێوێنێت، رق و تەنگژەی کۆمەڵایەتیی دەورووژێنێت. من ئەم بنەمایەش لەو پرۆژەیەدا نابینم. پێنجەم/ تەرخانکردنی سەرچاوەکان: تەرخانکردنی سەرچاوە بۆ پرۆژەیەکی گەورەی کەشخەچێتیی راکێشانی سامانی وڵاتەکەیە بۆ ئەو بوارە بۆ ژێرخان و زۆر شت، کە واتای کەمبوونەوەی سەرمایە بۆ بوارەکانی تر، وەک کشتوکاڵ کە سفرەی بەیانیانی هەموومان خۆراکی بیانییە، یان خوێندن، هتد. پێش ئەوەی بچمە سەر خاڵەکانیتر، با ئەوەش بڵێم کە سەردەمێکیشە ئیدی مرۆڤ ئیسراحەتی لێ دەبڕێت. جاران بەهۆی جەنگ و ئەمڕۆ بەهۆی مەسڕەف و کەشخەچێتییەوە ناسەقامگیرین، بەردەوام قەلەقین، هەست بە کەمیی دەکەین و هەر بەو شێوەیە. ئەم کۆمپانیای قەیوانە خۆی ریکلامی دنیای بۆ بەرزاییەکانی قەیوان و سلێمانی کرد، ئێستا پرۆژەیەکی تری دروست کردووە بۆ ئەوەی لەبەرچاویان بخات و ئەو تۆزە پارەیەی پێیانە سەڕفی بکەن. ئەمەشی پێنەوتن تا شوقە و ڤێلاکانی پێ فرۆشتن. شەشەم/ کوالتی ژیان: کوالتی ژیان تەنها کوالتی خانووەکان نییە، یان قەبارەی خانووەکان نییە، بەڵکو شار بەوە دەناسرێتەوە کە چەند ئاو و کارەبا و رێگا و قوتابخانە و نەخۆشخانەی باشی هەیە. دەیان شاری وڵاتانی ئەوروپیی هەن زۆر سادەن لە دیزایندا، بەڵام شارن نە گاڵتە. تامی ژینگەی پاک و رێگای سەلامەت و بژاردەی جۆراو و جۆر و دەرفەتی کاری باش و ئازادیی دەکەیت. ئەم پرۆژەیە چی لەمانە زیاد دەکات؟ زۆر زۆر کەم. حەوتەم/ ژێرخان: هەر پرۆژەیەکی خانووبەرە فشاری زیاتر دەخاتە سەر خزمەتگوزاریی وەک ئاو و کارەبا و شتی لەو چەشنە. ئەمەش لەو پرۆژەیەدا نابینم حسابی بۆ کرابێت. جگە لەمانەش، ئەوانەی ئەمڕۆ پارەیان پێیە هەم خۆیان پێویستیان بەوە هەیە لە شتێکیتردا پاشەکەوتی بکەن، هەم کۆمەڵگەش پێویستێتی پارەکەیان بخەنە بواری ترەوە. ئاکامی ئەم پرۆژەیە چییە؟ ئەوەی پارەی پێیە یان موڵکێکی دروست کردووە، دەیفرۆشێت، یەڵا دەست بکەرەوە بە قیست دانەوە تا حەوت ساڵی تر. تەنانەت بۆ ئەوانیش ئەوە ژیان نییە کە بەردەوام ناسەقامگیرن. بەکورتیی، بۆ میکانیزمەکانی تری پاشەکەوت و پاراستنی سەرمایە لەم وڵاتەدا لاوازن و بۆ بەتەنها بە خانووبەرە پارە دەهێننە بازاڕەوە؟ ئەگەر ئەم خوێندنەوانەی من هەڵەن، ئەوا بە دڵنیاییەوە بەشێکی لەبەر ئەوەیە زانیارییمان پێ نەدرا. دەکرا چوار شارەزای ژینگە و پێنجی پلاندانانی شار ئەم باسەیان بخستایەتە بەردەم رای گشتیی، ئینجا حکومەت پشتبەستوو بە بەڵگەی زانستیی دەکرا پرۆژەکە بدات بە قەیوان. ئایا بەس کۆمپانیای قەیوان ئەمەی کردووە؟ نەخێر. بەڵام ئەوەی ئێمە یادگارییمان لەگەڵ ئەو شاخە هەیە و ئەوەش ئەمڕۆ چاوکراوەترین لە جاران، وای کردووە دەنگ بەرز بکەینەوە نەک بەسەر حزب و پیاوەکانیان، بەڵکو بەسەر خۆشماندا کە ناکرێت لەوە زیاتر بۆ کەشخەچێتیی چڵێس بین، کەشخەچێتییەک کە ئەگەر وێرانمان نەکات ئەوا بە دڵنیاییەوە ناتوانێت بەتاڵییە دەروونییەکەمان پڕ بکاتەوە.بەڵێ هاوارەکە بەر لە ئەم و ئەو، بەسەر خۆماندایە و خۆڕاچڵەکاندنە. کە شەرم لە خۆمان نەکەین و داوا لە خۆمان بکەین ئەدامان لەگەڵ خۆمان و دنیا باشتر بێت، ئەوا شەرم لە کەسیتریش ناکەین کە هەمان داوامان هەبێت لێی.
ئەندازیاری تەلارسازی: دڵسۆز حەمە ئاوەدانکردنەوەی شارەکان و دروستکردنی ژینگەیەکی فیزیکی و ئینسانی تەندروست لە شارەکاندا ئەرکێکی ئەخلاقی و یاسایی و سیاسی و کارگێڕی دەسەڵاتی سیاسییە لە کۆمەڵگادا، چەمکی شارو ئاوەدانی (ئاربانیزم) تەنها ڕەهەندێکی فیزیکی و تەلارسازیی ئەبستراکتی نیە، بریتی نیە لە بەرزکردنەوەی باڵهخانەو خانوبەرەی قەبارە جیاوازو هەڵتۆقینی بێبەرنامەی گەڕەک و ناوچەی نیشتەجێی تازەو فراوانبونی بێبەرنامەی شارەکان، بریتی نیە لە ڕاکێشانی هەڕەمەکی پردو شەقام و بیناکان بێپلان و بەرنامەی ستراتیژی دوورمەدا بەسەر زەوی وڵاتدا، بریتی نیە لە ساغکردنەوەی بازاڕی بەردو بلۆک و چیمەنتۆو شوشەو مادەکانی بیناسازی بێ ڕەچاوکردنی دۆخی ژینگەو پلەی گەرماو سروشتی زەوی و شێوازی ژیان و فەرهەنگی کۆمەڵگا، بەڵکو ئاربانیزم و ئاوەدانکردانەوەی شار، ڕەهەندێکی ئابوری و ئەخلاقی و زانستی و یاسایی و مێژوویی و ستراتیژی و بگرە دەرونیی فراوانترو گەورەتر لەخۆدەگرێت ئەو ڕەهەندانەی کە دەسەڵاتدارانی هەرێمەی کوردستان نەک ڕەچاویان نەکردوە، بەڵکو تەواو پێچەوانەکەیان پیادەکردوە، هەربۆیە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان دواجار بوهتە یەکێک لە بەهێزترین پایەکانی بەرهەمهێنان و پەردەپۆشکردنی گەندەڵی، شێواندنی کەلتورو فەرهەنگی کۆمەڵایەتی ڕەسەن، قوڵکردنەوەی جیاوازی چینایەتی، شێوانی ناسنامەی شارەکان، داگیرکردن و شێوانی پانتاییەکی زۆری زەوی نیشتمان و وەبەرهێنانێکی هێستری لەو سێکتەرەدا. لەدوای ڕاپەڕین نزیکەی نیوەی سەرزەمینی کوردستان کە ناوچەی قەدەغەکرابوون ئازاد کرا، دواتریش دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس، کوردستان لەڕووی ئابورییەوە بوژانەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە دیت، دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی دەستی لە بودجەیەکی زەبەلاحی ئابوری گیرکەوت و پاشانیش دەرهێنان و فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت، کرانەوەی هەرێمی کوردستان بەسەر بازرگانی و دنیای دەرەوەدا، ئەمانە هەمووی فاکتەری بوژانەوەی کەرتی ئاوەدانی وخانوبەرەو باشکردنی ژینگەی شارەکان بوو. یەکێک لە جێکەوتەکانی بوژانەوەی ئابوری ئاوەدانیە، ئاوەدانی و ئابوری تەواو وابەستەو گرێدراوی یەکترن، لەکوێدا ئابوری بەهێز بێت ئاوەدانی هەنگاوی گەورە دەبڕیت، بەڵام ئەوەی لەم چەندین ساڵەدا لە کەرتی ئاوەدانی و خانوبەرەو سەرمایەگوزاری بیناسازیدا دەگوزەرێت کارەساتێکی ئەخلاقی و ئینسانی و سیاسی و ژینگەییە، تراژیدیای داگیرکردن و بەهەدەردانی گرنگترین سەرمایەی نیشتمانیی و ئابوری نەوەکانی داهاتووە کە ئەو سەرزەمیەنهیە تێێدا دەژین، هەر بەتەنها نەوت و غازو کشتوکاڵ سەرچاوەی ئابوری نیە بەڵکو ئەو سەرزەمینەی کە هاوڵاتیەکانی شارەکان لەسەری دەژین سەرمایەیەکی ڕەمزی و فیزیکی و ئابوری گرنگە کە پەیوەستە بە داهاتووی نەوەکانی کە دێن، ڕەنگە غازو نەوت و ئاو کەم ببنەوە، بەڵام سنوری نیشتمان، گۆی زەوی نە زیاد دەکات، نە کەم دەبێتەوە، هەر بۆیه ئەو زەویەی سنوری شارەکانە سەرمایەیەکەی ڕەمزی و ئابوری گرنگە کە دەبێت زامنی ئەوە بکات نەوەکانی داهاتوو دەتوانن بە ئاسودەیی تێێدا بژین و شوێنی نیشتەجێیان دەسکەویت و قوتابخانهو نەخۆشخانە و شەقام و بازاڕ و جێگای وەرزش و خوداپەرستی و هونەروهەموو ئەو چالاکیانەش ببیتەوە کە ژیانی گشتی و فەزای گشتی دەخوازێت، بە مانایەکی تر دەبێت شارەکان لە خەیاڵی ئاوەدانکردنەوەو کشانی خۆیدا پاشەڕۆژی ئەو نەوانە بەبەرچاو بگرێت کە بەڕێوەن و هاوڵاتی پاشەڕۆژی ئەو شارەن و لەو ژینگەیەدا دەمێننەوە. دەبێت لە خەیاڵی ئاوەدانکردنەوەی شاردا داهاتووی خزمەتگوزاری و زیادبونی دانیشتوان و گۆڕانی ژیان ڕەچاو بکرێت، مەبەست لە ئاوەدانی فەراهەمکردنی ژینگەیەکی تەندروست، شارێکی ئاوەدان، گەڕەگ و شوێنی نیشتەجێی تەندروست، کۆمەڵگایەکی خۆشگوزهران کە هەمووان دەستیان بە خزمەتگوزاییەکان بگات و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبون بۆ هاوڵاتییەکانی وەکو سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ لە ئاوەدانیدا. یەکەمین بەریەککەوتنی مرۆڤ لەگەڵ فەرهەنگ و کەلتورو شارێکی تردا ئاوەدانیە، هونەری تەلارسازی و ڕوخساری بیناو باڵاخانەو ئەو بینایانەی کە گوزارشت لە مێژوی ڕەسەنی شارەکە دەکەن، پۆشتەیی خانووەکان، ئاستی تەلارسازی و پێشکەوتن و سەلامەتی تۆڕی هاتوچۆ ڕێگاوبان و پردو پێکەوگرێدانی شارو شارۆچکەکانی وڵات بەتۆڕێکی بەهێزی هاتوچۆکردن و گوێزانەوە، ئاستی سەوزایی و پانتایی گشتی و ئەو چالاکییە کۆمەڵایەتیانەی کە تایبەتە بە نەریت و فەرهەنگ و کەلتوری کۆمەڵگا وەکو ئەو بینایانەی کە تایبەتی بە وەرزش و هونەرو فەرهەنگ، ئەو پانتاییە سەوزانەی کە کراوەن بە ڕووی هەموو هاوڵاتیەکدا و موڵکی گشتین هەموو خزمەتگوزاریەکیشی بۆ دابینکراوە، ئەو بینایانەی کە وەزیفەیەکی پەروەردەیی و فەرهەنگی و ئایینی گشتیان هەیە، هەتا ئەم بینایانە، هەتا ئەم پانتاییانە گشتیانەی کە موڵکی گشتی کۆمەڵگان زۆرترو زیاتر کراوە بن بە ڕوی کۆمەڵگادا، فەرهەنگی دیموکراسی و هەستی پێکەوەژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی پەیوەستبوونی مرۆڤ بە کۆمەڵگاو بەوانی ترەوه، هەستی سۆلیدارێتی و هاوبەشی تێدا زیاتر بەرجەستە دەبێت. ئاوەدانی چەمکێکی زانستی و یاسایی و فەرهەنگی هەیە، زەوی شارەکان هەر بە تەنها ئەو پانتاییە فیزیکییە نییە کە کۆمەڵگا لەسەری دەژی، تەنها مانای ئەو داروبەردو خۆڵ و شاخ و کانیاوە نییە کە لە شیعرەکاندا رۆمانتیزە دەکرێت و داوا دەکرێت خوێنی لەپێناودا بڕێژین، بەڵکو ئەو پانتاییە فیزیکی و ئەندازەیی و یاسایی و ئابوریەشە کە دەبێت بەشدار بێت لە باشترکردنی ژیانی هاوڵاتی، لە فەراهەمکردنی پایەکانی دیموکراسی وعەدالەتی کۆمەڵایەتی، دابینکردنی ژیان و ژیار بۆ هاوڵاتییەکانی، لە بیناکردنی هەستی ئینتیماو پێکەوە بوون بۆ ئەو مرۆڤانەی لەهەمان شارو ژینگەیەدا پێکەوە دەژین، بۆ بەرجەستەکردنی هەستی هاوفەرهەنگی و هاوکەلتوری و ئارامی بۆ هاوڵاتییەکانی، دابینکردنی لانی کەمی ژیانی بەکەرامەت بۆ مرۆڤەکانی ناوی. دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان زۆر بە ئاستێکی نابەرپرسیارو نائەخلاقیانە لەگەڵ ئەم ڕەهەندە ئابوریەی زەوی و خاکی هەرێم هەڵسوکەوت دەکەن و کردویانە، چەمکی خاک و سەرزەمینی نیشتمان بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو تا ئێستاش لە خەیاڵی سیاسی و ئابوری دەسەڵاتدارانی هەرێمدا سەرچاوەیەکی بێخاوەن و ئاسان بەدەست بووە بۆ دەسکەوتنی پارەیەکی خەیاڵی، سپیکردنەوەی پارەو بەهێزکردنی پێگەی حیزبی و شەخسی و دەسکەوتنی پارەیەکی خەیاڵی بە ئاسانترین شێوە. ساڵانێکی درێژە، پرۆسەی ئاوەدانی و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا کورت کراوەتەوە بۆ کەرتی نیشتەجێبونی و بیناکردنی شوققەو باڵاخانەو هیچی تر، دروستکردنی شوققەو گوندو شاری نیشتەجێبون لەژێر دەیان ناوی بیانی سەیرو سەمەرەدا پەتایەکی کوشندەی و ئابڕوبەرانەی کەرتی وەبەرهێنانە کە وەکو شێرپەنجە جەستەی شارەکانی تەنیوە، زەوی کشتوکاڵی و پانتایی سەوزو زەویە خزمەتگوزارییەکان و گرد و شاخ و سەیرانگاو باخ وبێستان و زەمینی وڵاتەکەی بەترسناکترین شێوە کردوە بەژێر ئەو کشانە شێرپەنجەییەی بیناکردنی هەڕەمەکی کە مەبەست و ئامانجی گەورەی ئەم کشانە شێرپەنجەییەی بیناکردنی خانوو و شوققەی نیشتەجێبون گەندەڵیەکی ترسناک و نامۆراڵیانەی هەمو ئەوانەن کە بەشدارن لەم پڕۆسە ناعەقڵانی و ناسروشتی و نابەرپرسانەیەدا کە ئامانجی سەرەکی دەسخستنی زۆرترین پارەیە لە کورتترین کاتداو بەئاسانترین ڕێگا. ئاوەدانکردنەوە، دابینکردنی زەوی نیشتەجێبون بەپێی پلانێکی ئابوری و زانستی بەڕێوەدەچێت کە زیادبونی دانیشتوان و بەکارهێنانی زەوی و ئاستی گەشەی ئابوری پێشبینی کراو لە ساڵانی داهاتوودا ئەو فاکتەرانەن کە زەوی نیشتەجێبون و بڕی باڵاخانەو پانتایی زەوی تەرخانکراو ژمارەی پێشبینیکراوی یەکەی نیشتەجێبون دیاری دەکات، بەڵام ئەوەی لە کوردستاندا دەگوزەرێت کارەساتێکی نامۆراڵی و تاڵانیەکی نامۆراڵیە بە زەوی و خاک و نیشتمان وزەوی شارەکانەوە کە موڵکی گشتیەو مافی هەموو هاوڵاتیەکی پێوەیە ، باڵاخانەو شوققە و خانوەکانی بەردەوام بازرگانە چاوچنۆک و دەسەڵاتداری بێمۆراڵ لەسەر زەوی شارەکان (کە موڵکی گشتیە) دروستی دەکەن نزۆر زیاترە لە ژمارەی هاوڵاتیان و پێداویستی هاوڵاتیان لە داهاتووی دورتریشدا بەڵام چونکە ئامانجی دروستکردنیان لە گەندەڵی و تاڵانی زیاتر هیچ پەیوەندی نیە نە بە فراوانکردنی شار ونە بەهاوڵاتیەکان و نە بەپلانی ئابوری ونە بە چەمکی ئاوەدانی و نەبە خزمەتکردنی هاوڵاتی و نە بە پێشکەوتنی وڵاتەکەوە هەربۆیە زۆرێک لەم پڕۆژانە، نرخی یەکەو بیناکان بەهیچ پێوانەیەکی ڕێژەیی لەگەڵ دەرامەت و داهاتی هاوڵاتی هەرێمدا ناگونجێت و نەگونجاوە، بەڵکو ئەم پڕۆژانە بونەتە سەرچاوەی ڕاکێشانی کەسانی دەرەوەی هەرێم بێگرنگیدان بە پاشەڕۆژی دیموگرافی و ئاسایشی نیشتمانی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و هیچ بەهاو لەمپەرێکی ئەخلاقی، ئاوەدانی لەبری ئەوەی پڕۆسەیەک بێت بۆ قوڵکردنەوەی چەمکی پێکەوە ژیان بۆتە دیوارێکی ئەستور لەنێوان هاوڵاتی و شارەکەیدا، لەنێوان هاوڵاتیانەی هەمان شار، بۆتە ئامرازێک بۆ قوڵکردنەوەی جیاوازی چینایەتی، دروستبوونی گیتۆی جیاوازی کۆمەڵایەتی و دابڕان و پارچەپارچەکردنی کۆمەڵگای شارەکان تا ئاستێکی ترسناک و تراژیدی. لەو کۆمەڵگایانەی کە دەسەڵاتی سیاسی بەرپرس و بەمۆراڵ دەیانبات بەڕێوە، دەستبردن بۆ زەوی و شاخ و ڕوبارو تەنانەت درەختێکیش، گوێزانەوەی درەختێک لە شەقامێکەوە بۆ شەقامێکی تر ڕێوشوێنی یاسایی هەیە، گۆڕینی ڕوکاری دەرەوەی هەندێک خانووی نیشتەجێبون کە ڕەگەزی گرنگی فەرهەنگی و تەلارسازی پێوەیە، کە بەهای کەلتوری هەیە، یان مۆنەمێنتە (ئەگەر موڵکی خۆشت بێت) ڕێوشوێنی یاسایی هەیەو مرۆڤ ئازاد نیە لە گۆڕینی هەڕەمەکی پەنجەرەیەکیشدا، چونکە ئەو خانووە، ئەو بینایە بە بەشێک لە ناسنامەی شارەکە دێتە ژماردن!! لە کاتێکدا لە هەرێمەکەی ئێمەدا ڕەمزێک نەماوە لەپێناوی وەبەرهێنان و پارەدا دەستی بۆ نەبرابێت، شاخ وگردو تەپۆڵکەو باخ و کەناری دەیاچەو گەڕەکە کۆن و ڕەسەنەکان نەماوە نەکەوتبێتە ژێر هێرشی بەربەڕی وهێستریانەی کەڵکەلەی وەبەرهێنان و بە ئاسماندابردنی شوققە و باڵاخانەکانەوە ! چەند ڕۆژێکە ئەو هەڵدڕین و داتاشین و بڕینەی شاخی گۆیژە پێدەچێت نەشتەرێکی ئازاراوی چەقاندبێتە کۆنەستی گشتی خەڵکی سلێمانی، ئەو مانا ڕەمزیەی کە شاخی گۆیژە لە ویژدان و نۆستالژیای ئێمەدا هەڵگریەتی، هەروەها پێڕاکێشانی ئەو کۆمپانیا گەندەڵانەی بەناوی وەبەرهێنانەوە وەکو مشەخۆر ئابوری و زەوی و زارو تەنانەت خەونی ئاوەدانی کۆمەڵگاکەشێان وێران کردوە، پێڕاکێشانی ئەمانەو دەستبردنیان بۆ ئەو شاخە دواجار ئەو کۆدەنگیەیە بەرهەمهێناوە کە دەبێت لەمەودوا هەم ڕێگر بێت لەو تەراتێنە بێمۆراڵ و نابەرپرسیارەی کۆمپانیاو بەرپرسەکان بەناوی وەبەرهێنانەوە بە خاکی هەرێمی دەکەن و ئیستغلالی هەموو بەردو کانی و مستە خۆڵیکیان کردوە، هەمیش سەرەتایەک بێت بۆ سنوردانان بۆ هەموو ئەو و بێڕیزی و بێمافی و بەتاڵانبردنەی کە بە ناوی کەرت نیشتەجێبونەوە خاکی نیشتمانیان بۆ هاوڵاتی ئاسایی و بۆ نەوەکانی داهاتو نەهێشتۆتەوە بە نامرۆڤانەترین و نابەرپرسیارترین شێوە.
كاوه مهحمود- سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان یۆنامی پێكهاتهیهكی سیاسیی نێردراوی ئهنجومهنی ئاسایشی نێودهوڵهتییه، كه لهسهر داوای حكومهتی عێراق به بڕیاری 1500 له ساڵی 2003 دروستبوو و، دواتر ڕۆڵی بهپێی بڕیاری نهتهوه یهكگرتووهكان 1770 له ساڵی 2007 فراوانتر بوو. له ماوهی بیست ساڵی ڕابردوودا بهشێوازی جۆراجۆر كارتێكردنی لهسهر ڕهوشی عێراق ههبووه. یهكهمین نێردراوی ئهمینداری گشتی نهتهوه یهكگرتووهكان سیرجو دیمیلو لهگهڵ 27 له فهرمانبهرانی یونامی له تهقینهوهیهك له بهغدادا گیانیان لهدهستدا. كهسایهتی نێردراوهكان كارتێكردنیان لهسهر ئهو ڕاپۆرت و زانیاری و ههڵسهنگاندنانهی له كۆبونهوهكانی ئهنجومهنی ئاسایشی نێودهوڵهتی پێشكهشیان دهكرد ههبوو، ههر بۆ نموونه ڕۆڵی نهرێنی یان كوبیش جیاواز بوو له ڕۆڵی پلاسخارت، كه بهشێوازێكی ئهرێنی مامهڵهی لهگهڵ ئهگهرو پێشهاتهكانی ڕهوشی سیاسی دهكرد، بهتایبهتی ئهوهی پهیوهندی به دۆزی كوردستانهوه ههبوو، ههرچهنده سهرجهم ئهو نێردراوانه لهچوارچێوهی دیپلۆماسیهتی پشتگیری حكومهتهكانی ناوهند به ههر شێوهیهك بووبن، دهرنهچوون، بهڵام لهگهڵ ئهوهشدا یۆنامی وهك نێردراوی سیاسی و نوێنهری ئهمینداری گشتی نهتهوه یهكگرتووهكان كارتێكردنیان لهسهر ڕهوشی سیاسی ههبوو، ههر بۆیه بهشێك له هێزه سیاسییهكان عێراق و ئهوانهی خاوهنی میلشیای سهربازین ههردهم بوونی یۆنامی له عێراقدا به پێشێلكردنی سهروهری عێراق و دهستێوهردان له كاروباری ناوخۆیی دهوڵهتیان دادهنا. ئاڕاستهی وهدهرهێنانی یۆنامی و كۆتایهاتن به كارهكانی لهگهڵ ههندی ئهجیندهی وڵاته ههرێمایهتییهكانیش دهگونجێت، كه پێیانوایه بوونی یۆنامی بهربهستێكی بۆ دهستێوهردان و ههژموونیان له عێراقدا دروستكردووه. ئاڕاستهی كۆتایهێنان به كاری یۆنامی ئهم جارهیان سهرۆك وهزیرانی عێراق سودانی گرتهوه، كه له نامهیهكیدا بۆ ئهمینداری گشتی نهتهوه یهكگرتووهكان له مانگی ڕابردوودا داوای كردووه، كه له 31ی دیسهمبهری 2025 یۆنامی كۆتایی به كارهكانی بهێنێت و، بیانووی سودانی بۆ ئهم داواكارییهش كه له نامهكهیدا هاتووه: "سهركهوتنی" عێراقه له گۆڕانكاری" دیموكراسی، كه بیست ساڵه ئهم پرۆسهیه بهردهوامه و، توانراوه "سهركهوتن" بهسهر ئاڵنگارییهكان ئهنجام بدرێت. بۆیه زۆر به ڕوونی له نامهكهی سودانی دیاره، كه داوادهكات ئهجیندهی سیاسی له عێراقدا لهلایهن نهتهوه یهكگرتووهكانهوه كۆتای پێ بێت و، با ئاژانسهكانی نهتهوه یهكگرتووهكان یارمهتی عێراق له بواری خزمهتگوزاری و گۆڕینی كهشوههوادا، بدهن. پاشخانی ئهم داواكارییهی سودانی بۆ ئایاری ساڵی پار دهگهڕێتهوه، كه تاقمی دهسهڵاتدار له عێراقدا به بیانووی "پاراستنی سهروهری" داوای كۆتایهاتنی ڕۆڵی یۆنامییان كردو، ئهمهش لهكاتێكدا بوو كه ئهو تاقمه له بهشێك له ڕاپۆرتهكانی پلاسخارت ڕازی نهبوون و، بهشێك له جموجۆڵهكانی ئهو نێردراوهیان به دهستێوهردان له كاروباری ناوخۆیی عێراق دادهنا. لهسهر بنهمای ئهو داواكارییهی عێراق ئهنجومهنی ئاسایشی نێودهوڵهتی لیژنهیهكی سێ قۆڵی بۆ ئهو داواكارییه به بڕیاری 2682 له ساڵی 2023 دروستكردو، ئهو لیژنهیه به سهرۆكایهتی فوڵكر بیرتس سهردانی عێراقی كردو، 250 چاوپێكهوتنی لهگهڵ لایهنی سیاسی و حكومی و ڕێكخراوی كۆمهڵَگای مهدهنی و فهرمانبهرانی یۆنامی كردو، له كۆتاییدا پێیان ئاسایی بوو، كه له حوزهیرانی 2026 یۆنامی كۆتایی به كارهكانی بهێنێت و ئهركهكان به رێكخراوه تایبهتمهندییهكانی نهتهوه یهكگرتووهكان بدرێت و، ئهمهش فرسهتێكی نوێ بوو بۆ ئهوهی سودانی و له پشت ئهوهیشهوه هێزی سیاسی خاوهن میلشیا به بیانووی پاراستنی سهروهری داوای كۆتایهاتن به كارهكانی یۆنامی بكهن. ههرچهنده ڕاپۆرتی ئهو لیژنهیهی نهتهوه یهكگرتووهكان دهستنیشان كردبوو لهگهڵ كۆتایهاتنی كاری یۆنامی له 2026دا بوو، بهڵام خودی ڕاپۆرتهكه ئاماژه بۆ ههندێ خاڵی گرنگ دهكات، كه وردهكارییهكهی، پێداویستی بوونی یۆنامی دهخاتهڕوو، وهك ئامرازێك بۆ پاراستنی سهروهری دهوڵهتی عێراق له ههژموونی دهوڵهته ههرێمایهتییهكان. له ڕاپۆرتی ئهو لیژنهیه، كه بیرتس سهركردایهتی دهكرد هاتووه: سێ دیاردهی مهترسیدار ههڕهشه له عێراق دهكات، كه بریتین له شلۆقی دامهزراوهكان و كهمبوون و لاوازی داهاتی مرۆیی و بوونی دیاردهی كۆمهڵ و میلیشیا چهكدارهكان و ئهگهر سهرههڵدانی داعشێكی نوێ. ههڵبهته تێكڕای ئهم بابهتانه كرۆكی دۆزی سیاسین و، بهشێكن له ئهجیندهی كاری سیاسی، كه سودانی و ئهوهی ئاڕاستهی دهكات دهیانهوێ هیچ لایهنێك له چوراچێوهی شهرعیهتی نێودهوڵهتی مافی كارتێكردنی لهسهر ئهو بابهتانه نهبێت. ههرچهنده ڕاپۆرتهكهی بیرتس به گشتگیری ئاماژهی بۆ ئهم سێ دیاردهیه كردووه، بهڵام ڕووداوه سیاسییهكان، كه پێشتر له گوتارهكانی نێردراوی یۆنامی له ئهنجومهنی ئاسایشی نێودهوڵهتی پێشكهشكراون بهپێچهوانهی بۆچوونی ڕوودانی گۆڕانكاری چلۆنایهتین له ههژده مانگی ڕابردوو له ڕهوشی سیاسیدا، كه له ڕاپۆرتهكهی بیرتس و له دوا وتاری پلاسخارت له ههفتهی ڕابردوو له فیدیو كۆنفرانسهكهیدا له ئهنجومهنی ئاسایشی نهتهوه یهكگرتووهكاندا، هاتبوو. ئهگهر بگهڕێنهوه بۆ هۆكاری بوونی یۆنامی، كه لهسهرهتاوه نهتهوه یهكگرتووهكان له بڕیاری پێكهێنانی ئاماژهی پێكردبوو، بابهتی تۆلیرانس و حوكمڕانی باش و چارهسهركردنی كێشهكانی نێوان حكومهتی فیدڕاڵ و ههرێمی كوردستان و سهروهری یاساو بهیهكهوهژیان و تهواوكردنی قۆناغی گواستنهوه له دیكتاتۆری بۆ دیموكراسی و یارمهتیدان له ئهنجامدانی ههڵبژاردنهكان و پاراستنی ئاشتی كۆمهڵایهتی و مافی مرۆڤ و مافی ژنان له كرۆكی ئهركهكان و مهبهستی بوونی یۆنامی بوو. ئهگهر له ڕوانگهی ئهم ئهرك و ئامانجهوه بڕوانینه بوونی یۆنامی و ڕهوشی سیاسی له عێراقدا، ئهوهی ڕچاو دهكرێت، بهردهوامبوونی گرفت و كێشهكانی نێوان ههرێمی كوردستان و حكومهتی فیدڕاڵه، جگه له پاكتاونهكردنی ئاسهواری سیاسیهتی شۆڤینیستی ڕژێمی دیكتاتۆری پێشوو له بواری تهعریب و گۆڕانكاری دیموگرافی و سیاسهتی پهراوێزخستن. هاوكات لهگهڵ ئهمهشدا گرفتی گهوره له شهرعیهتی حوكمڕانی و ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق دوای كشانهوهی ڕهوتی سهدر، كه زۆرینهی ئهو ئهنجومهنی پێكدههێنا بهدیدهكرێت، كه ئهمهش بهشێكه له ململانێی شیعهو شیعه لهسهر حوكمڕانی و ئهمهش هاوكاته لهگهڵ ململانێی سوننهو سوننه، جگه لهو بابهتانهی پهیوهندییان به تاونبارانی جینوسایدی ئێزیدییهكانه، كه نه له دادگای ناوخۆیی و نه له دادگای نیودهوڵهتی پرسینهوهو دادگاییان ناكرێت. تێكڕای ئهم بابهتانهی ئاماژهیان بۆ كراو چهندین مهسهلهی دیكه پێداویستی بوونی یۆنامی و دهزگاو چاودێری نێودهوڵهتی بهسهر شێوازی حوكم و بهڕێوبردنی دهوڵهت له عێراق دهخوازێت بهو مهبهستهی سنورێك بۆ پێشێلكردن ماف و زهوتی ئازادی و دیاردهكانی پێشێلكردنی یاساو پاراستنی خهڵك و ڕاگرتنی دهستێوهردانی دهوڵهته ههرێمایهتییهكان، دابنرێت. ئهوهی جێگای سهرسورمانه، هێزی سیاسی كوردستانی و تهنانهت ناوهندی فراوانی ڕایگشتی بابهتی ئهم نامهیهی سهرۆك وهزیرانی عێراق بۆ كۆتایهاتن به بوونی یۆنامی بهههند وهرنهگرتووهو، ئهم بابهتهش وهك دهیانی دیكه بهسهرماندا تێدهپهڕێت.
خالد سلێمان یەکێک کە خەسڵەتە هەرە جوانەکانی شاری سلێمانی، هەڵکەوتە جوگرافی و سروشتییەکەیەتی. بەبێ ئەزمەڕ، گۆیژە، پیرەمەگروون و قەرەداغ، هیچ تایبەتمەندییەکی نامێنێت، بەتایبەتی گۆیژەو ئەزمەڕ کە لە ڕووی سروشتی و ژینگەییەوە، پارێزەری شارەکەن. لەوانەیە کەسانێک هەبن و بڵێن ئەم دوو چیا ڕووتەڵە کە ژمارەیەک داریان پێوەیە، بەکەڵکی چی دێن و بۆ نەکرێنە ڤیلاو باڵەخانە؟ هەڵبەتە ئێستا ئەم پرسیارە لە پرسیاردا نەماوە، گۆیژەو ئەزمەڕ کە بە ملیارەها ساڵ دروست بوون، کەوتوونەتە بەردەم ڕەحمی شۆفەڵ و حەفارەی کۆمپانیان. لە هەموو لایەکەوە چاویان تێ بڕێندراوەو بەبێ هیچ حیسابێک بۆ شارو دانیشتوانەکەی دەستی چیمەنتۆ ئاسا خراوەتە هەناوی هەردوو چیاکە. لە ڕووی پێکهاتەی سروشتییەوە، بناری ئەزمەڕو گۆیژە تێکدراوەو لە داهاتوودا کاریگەری ئەم تێکدانە، ژینگەی شارو ناوچەکە بەرەو وێران بوون دەبات. یەکەم: خاکی ئەم بنارە سەختەی چیا، عەمبارێکی سروشتیی گەورەیە بۆ هەڵمژینی دووەم ئۆکسیدی کاربون، هەروەها سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی هەمە-جۆریی ڕووەک و وردیلەکانی خاکە. کاتێکیش ئەم ناوچە سروشتییە دەگۆڕن بۆ باڵەخانەو کۆنرێت، لە بری هەڵمژینی کاربۆن و گەرمیی، دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ بەخشینی گەرما. ئەمە جگە لەوەی ئەم پرۆژانە بەشێوەیەکی زەبەلاح پێویستیان بە وزەو ئاو هەیە، ئەویش لەسەر حیسابی دانیشتوان و لێرەوە ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی زیاتر دەبێت لەوەی هەیە. دووەم: چیاکان تەنانەت ئەگەر بەردەوام سەوزیش نەبن، سەرچاوەی گلدانەوەی شێی هەورەکانن. کاتێک هەوری شێدار یان بارگاویی ڕووبەڕووی چیاکان دەبێتەوە، پێش بەرزبوونەوەو تێپەڕبوون، بارەکەی دادەگرێت. بەم شێوەیە چیاکان دەبنە هۆی دابارین. کاتێک پارچەی زەبەلاحی چیمەنتۆو ئاسن، جێگەی خاکەکە دەگرنەوە، لەبری هەوایەکی سروشتیی، خانوبەرەو باڵەخانەو پارەچە زەبەلاحەکانی کۆنرێت، تەوژمێکی گەرم دەر ئەدەن و خەسڵەتی ڕەوتەکانی هەوا دەگۆڕن. سێیەم: چیاکان سەرچاوەی ڕەوتی بای جیاجیان و ڕۆڵیان هەیە لە هەمەجۆری و گۆڕینی ئاوهەوادا. گۆڕینیان دەبێتە هۆکاری گۆڕان لە ئاوهەوادا. چوارەم: چیاکان خەسڵەتی جوانتر دەبەخشنە دەوربەریان، دەشتاییەکانی نزیک چیاکان وەک هەمان ئەو دەشتایانە نابینرێن کە لە بیاباندا هەن. کاتێک باڵەخانە جێگەی چیا دەگرێتەوە، شار دەبێتە بیابان. پێنجەم: جگە لە ژێرخانی باش و بەهێز، یەکێک لە میکانیزمە بەهێزەکانی شار لە بەرەنگاربونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا، نزیکردنەوەیەتی لە سیستمی سروشتیی. بۆ نموونە دروستکردنی ڕووبەری تایبەتە بۆ هەمە-جۆریی (بەتایبەتی هەڵگرو گواستەوەرەکانی هەڵاڵە، وەک باڵندەو مێروو). دروستکردنی ڕووبەری تایبەت بۆ سیستمی ژینگەیی لە ناو شاردا، بە یەکێک لە خەسڵەتەکانی شاری زیرەک دادەنرێت لە پلانی درێژخایەندا. بەڵام لە سلێمانیدا، بەپێچەوانی ئەم سیاسەتە ژینگەییەوە، کۆمپانیاکانی نیشتەجێبوون، دیواری کۆنکرێت بەچوار دەوری سییەکانی شاردا دروست دەکەن. جێگەی ئەسەف و داخێکی گەورەیە، لەبری ئەوەی پەرە بەو خەسڵەتە سروشتیانە بدرێت و بپارێزرێن، ئەمڕۆ چەند کۆمپانیایەک بێ ڕەحمانە بەربوونەتە گیانی سروشتی سلێمانی و تێکدانی زنجیرە چیایەک کە تەمەنی لەگەڵ تەمەنی زەویدایە. بەڕاستی ئیتر، سلێمانی نە خاکی گەوهەرەو نە ئاوی کەوسەرە، تەنانەت سروشتەکەشی کەوتووەتە ژێڕ هەڕەشەی نەمان و لەناوچونەوە. دوو پرسیار یەکەم: باشە ئەم ڕووبەرە سروشتییانە موڵکی گشتین و بەشێکن لە سیستمی هەناسەدان و تەندروستی خەڵک، ئەوە چی یاسایەکە دەیانبەخشێتە کۆمپانیاکان؟ دووەم: قەیرانی نیشتەجێبوون لە ئارادا نیەو ئەمڕۆ بازاڕی کرێ و کڕین و فرۆشتن لە سلێمانی و کوردستاندا لەوپەڕی هەرزانیدایە، ئەم چیایە لە پێناو چیدا دەبڕن و دەیکەنە شوقەو ڤیلا؟
سان ساراڤان ناوچەی گویژە زنجیرەیەک ناوچەی زۆر جیاوازن لە ڕووی کەشوهەواوە، بە جیاوازیەکانییەوە جا گەر مەودای کورت بێت یاخود نزم بن. ئەمەش شاخەکان دەکاتە ئیکۆسیستەمێکی زۆر جیاواز لە سلێمانی و ناوچەکەدا. ناوچەی گۆیژە شوێنی نیشتەجێبوون و ژیانی چەندەها جۆراوجۆری زیندوو (بایوداڤێرستی) ، ژیانی ئێمەی مرۆڤیش وابەستەیە بە سوڕی جۆراوجۆری زیندەییەکانەوە کە لەو ناەچەیەدا دەژین، گەر هەر ناهاوسەنگییەک ڕوو بدات ئەوا ئێمەی مرۆڤیش زەرەرمەندی گەورە دەبین لەم پرۆسەیەدا. ناوچەی گۆیژە کاریگەریەکانی لەسەر دابەشبوونی فەزا، گەشەکردن، فیزیۆلۆژیا و سوڕی ژیانی ڕووەک و ئاژەڵان لەوانەش وردە زیندەوەران و مرۆڤ پێک دێنێت. بە داتاشینی ناوچەی گۆیژە ڕووەک و ئاژەڵی ناوچەکە شوێنی نیشتەجێبوونیان لەدەست دەدەن، لەناودەچنن و ڕەو دەکەن. -ناوچەی گۆیژە کۆمەڵێک سەرچاوەی سروشتی بەرچاویان لەخۆگرتووە و کە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پرۆسەی ئیکۆلۆژی و ئابووری ناوچەکەدا. بە خاپوورکردن و داتاشینی ناوچەی گۆیژە گرنگترین کاریگەری لەسەر خولی هایدرۆلۆجیی دەبێت کە پابەندن بە دابەشبوون و جوڵەی ئاو لەسەر ڕووی زەوی و لە ژێر زەویدا. ناوچەی گۆیژە وەک بەربەستێکی ئۆرۆگرافی(جوگرافیای فیزیکی کە مامەڵە لەگەڵ پێکهاتن و تایبەتمەندییەکانی دەکات) کاردەکەن بۆ تێپەڕینی بای شێدار ، کۆنتڕۆڵی باران بارین دەکەن لە ناوچەکانی دەوروبەرییدا. لەم هەلومەرجەی گۆڕانی کەشوهەودا، شێواندنی ژینگەی شاخەکان کاریگەرییەکی زۆریان هەیە لەسەر ئەنجامەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. ڕووک و دار و درختەکان رژەیەکی زۆر لە دووەم ئۆکسید گل دەدەنەوە لە ژێر خاکادا، بە داتاشین و لەناو بردنی ڕووەک و دارو درەختەکانی وەو ناوچەیە ئەو ڕێژە زۆرەی دووەم ئۆکسیدەی کاربۆن دەچێتە هەواوە. بە خاپوورکردنی ناوچەی گۆیژە پلەی گەرما زیاتر بەرز دەبێتەوە و دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی بەفری شاخەکان زووتر و خێراتر لە بەهاردا بتوێنەوە و کاریگەری ڕاستەخۆیان ئەبێت لە سەر کات و دابەشبوونی ئاو و دەستەکەوتنی ئاوی شیرین بۆ سروشت و بۆ بەکارهێنانی مرۆڤ. داتاشینی ناوچەی گۆیژە دەبێتە هۆی دابەزینی بەپیتی خاک و کاریگەری دەکاتە سەر بەرهەمی کشتوکاڵی لە ناوچەکانی دەوروبەریدا.
سهردار عهزیز عێراق لە ڕووی سیستەمی سیاسی و حوکمڕانییەوە بەرەو وەرچەرخانێکی گەورە دەڕوات. لە ساڵی ٢٠٠٣وە، مۆدێلێک لە حوکمڕانی لە عێراق پەیڕەو کراوە کە بە مۆدێلی پێکهاتەیی ناسراوە. ئەم مۆدێلە، یان چەمکە، گەرچی ناوازەیە، بەڵام دەرخەری کۆمەڵێک گرێ و ترسە لە هەناو سیستەمی دەسەڵاتداریی عێراقدا، لە سەری هەموویانەوە ترسی زاڵبوونی لایەک و پەراوێزخستنی ئەوانی ترە. مۆدێلی پێکهاتەیی لە سەر ئەو بنەمایەیە کە شیعەو کوردو سوننە، پێکهاتەن، بەو مانایە دەبێت وەک یەک بەشداربن لە حوکمدا. لەگەڵ ئەمەدا چەمکی کەمینە بۆ ئەو گروپانە بەکاردێت کە هەمان مافی یەکسانی ئەو سێ پێکهاتەیان نیە، وەک تورکمان، کەمینە ئاینییەکان و ئەوانی تر. بەمجۆرە عێراقی پاش سەدام، خۆی لە چەمکی زۆرینە دەپاراست. چونکە زۆرینە میکانیکییەن، کەمینە بەرهەم دەهێنێت، ئەم میکانیزمەش، مایەی ترسە، چونکە پێکهاتەکانی عێراق خاوەن مێژوویەکی خوێناوین. ئێستا ئێمە هەست بە وەرچەرخان دەکەین لەسەر بنەمای ئەوەی کە چەمکی زۆرینە بەکاردەبرێت لەلایەن شیعەوە. زۆرینە، یانی بوونی مافی زۆرتر لە ئەوانی تر. خۆی لە هەناو سیستەمی زۆرینەو کەمینەدا، زۆرینە خاوەن هەموو مافێکە، بەڵام جێگای کەمینە دەکاتەوە وەک بەشێک لەخۆی یان پێدانی ئەو مافانەی کە هیچ لە پێگەی زۆرینەیی زۆرینە کەمناکاتەوە. بە زمانێکی تر کەمینە، دەگونجێنرێن لەهەناو سیستەمی زۆرینەو کەمینەدا، بەجۆرێک کە هیچ ئالەنگارییەک بۆ زۆرینە دروست نەکات. دیارە ئەمە لە باشترین دۆخدا، ئەگینا بە گشتی کەمینە دەسەڵاتی بە سەردا پیادە دەکرێت، بۆیە بەگشتی کەمدەسەڵات یان بێدەسەڵاتە. ڕەنگە وتەکانی بەها ئەلئەعرەجی زەقترین دەربڕی ئەم دۆخە بێت، بەڵام بەکاربردنی چەمک و دیدی زۆرینە هەتابێت زیاتر دەبێت. ڕەنگە پرۆژەی سەدر لە هەموان زیاتر جەخت لەسەر ئەم ئاڕاستەیە بکاتەوە. سەدر نەک بەوەی لەگەڵ حەلبوسی و بارزانیدا ویستی حکومەتی زۆرینەو کەمینە پێکبهێنێت، بەڵکو دوا هەوڵی بۆ تێپەڕاندنی پشوی ڕۆژی غەدیر بە چڕی کارکردنە بەم ئاڕاستەیەدا. غەدیر تەنها ڕەهەندی تایفی یان جەدەلی نێوان سوننەو شیعە نیە، بەڵکو هێنانی چەمک و دونیابینی ئیمامەتە بۆ ناو سیاسەت. بەپێی تەفسیری شیعە بۆ غەدیر، لەو ڕۆژەدا خوێن و بنەماڵەیی و نەسەب دەبێت به بنەمای حوکمڕانی ئیسلام. ئەمەش خۆی لە چەمکی ئیمامدا دەبینێتەوە. ئیمامەت ڕەهەندی زۆرە، بەڵام دەرکەوتەی کردەیی ئێرانە. ئێران لەسەر بنەمای ئیمام و سەرۆک کار دەکات. وەک ئەمیر تاهیری نوسیبووی ڕەئیسی تەنها سەرۆک بوو کە پێگەی ئیمامی لەناو کایەی سیستەمی ئێرانیدا بەباشی دەزانی، بۆیە هەمیشە خۆی وەک بچوک و موتیعێک دەبینی نەک سەرۆک. لە سیستەمی ئیمامیدا، ڕۆژانەو دینیانە تێکەڵ دەبن. نهێنی نیە کە سەدر دەخوازێت سیاسییەکی پیرۆزبێت. وەک سیاسییەک وتەو بڕیارەکانی مشتومڕ نەکرێن، بە هەناو ناوەندو کەناڵ و دەزگادا تێنەپەڕن، بەڵکو دەستبورد پیادە بکرێن. ئیمامەت کۆتایی بە عەلمانیەتی حکومەتی عێراقی دەهێنێت. زۆرینەی کورد نازانن عەلمانی یانی چی، چونکە هێزە ئیسلامییەکان بە ئەنقەست شێواندویانە، بۆ دروستکردنی بەرەو دوژمنی وەهمی. عەلمانی یانی سیاسەتکردن بۆ پرسە دونیاییەکان بە شێوازیی دونیایی، یان مرۆیی. بۆ نمونە داڕشتنی بودجە کردەیەکی عەلمانییە. دەبێت بزانرێت داهات چەندە، لە کوێوە دێت، چۆن سەرف بکرێت، بۆکوێ بڕوات باشترە، چۆن بنەمای داهاتووی لێ دابڕێژێت. ئێران لەبەر بوونی کەلتوری ئیمپراتۆریی ئەم دەزگایانەی هەیە. بەڵام عێراق نیەتی. بۆیە لەم بۆشاییەدا، مەرجەعیەت، کەسایەتییەکان، هێزە دەسەڵاتدارەکان، بۆشاییەکە پڕ دەکەنەوە. دیارە بێگومان ئیمام نایەت، چونکە ئیمام لێرەیە. بەڵام کەس نایناسێتەوە، هەتا گەڵاکە نەکەوێت. ئەمە جۆرێکە لە مەسیانیک پۆلەتیک. messianic politics سیاسەتکردن لە چاوەڕوانی عیسادا، وەک ئەوەی عیسا لێرە بێت.
عهبدولڕهزاق شهریف ئهو لهگهڵ مامجهلالدا، چل ساڵی تهمهنیان پێكهوه هاوڕێ و هاوكارو پشتیوانی كاری سیاسی یهكتری بون، دوای كۆنگرهی یهكی (ی ن ك) بڕیاری چونهدهرهوهی كۆتایی دا. ساڵی 1995 له شهڕی ناوخۆدا، مهكتهبی سیاسی به گهلهكۆمهیهك، به ئیمزای زۆرینه، به قهواڵهیهك مامجهلالیان قاودا، جهبار فهرمان ئیمزاكان و داواكهی مهكتهبی سیاسی له ههولێر دایهدهست، له رۆیشتنا مامجهلال وتی: - من ئهڕۆم، بهڵام تا ههموتان ئیمزای گهڕانهوه نهكهن ناگهڕێمهوه. حیكایهتی هانابردنی مامجهلال بۆ ئهو، پێكهوه گهڕانهوهیان باسی لێوه كراوه، له دهروازهی پهروێزخانهوه مامجهلال به خهتی خۆی ههواڵی گهڕانهوهیانی نوسی و بۆ یهكهمجار ناوی جێگری سكرتێری گشتی بۆ ئهو بهكارهێنا، بهبێ ئهوهی لهوكاتهدا پلهو پۆستی وهها له هیچ بهندێكی پهیڕهوی ناوخۆی (ی ن ك)دا ههبێت، ههموان قبوڵیان كردو "جێگری سكرتێر"یش وتی: - تهنیا ئهركێك له كوردستان بۆی گهڕاومهتهوه، پشتیوانیكردنی مامجهلاله. بهشبهحاڵی خۆم ههرگیز لهو بڕوایهدا نهبوم، ئهو كیانێكی سیاسی دروست بكات و له (ی ن ك) جیابێتهوه، زۆر كهسیش تا نوكه ئهو جیابونهوهیه به سیناریۆی نێوان مامجهلال و ئهو وێنا دهكهن!! بۆیه كه چومه لای له بزوتنهوهی گۆڕان، یهكهم پرسیارم ئهوه بو: + كهی ؟ بۆچی ؟ چۆن بڕیاری دوركهوتنهوهت له مامجهلال دا؟ وهڵامهكهی وهك خۆی دهنوسم: - (من مامجهلالم وهك پیاوێكی به ورهو خۆراگر، ئازاو نهترس له مردن و بێمنهت له ماڵ و پاره ناسی بو، به سێ قۆناغی جیا بێ ئومێدو دڵشكاوی كردم! یهكهمجار دوای ئهنفالهكان پێشنیازی كرد واز له شهڕی چهكداریی بهێنین، موڵك و ماڵی یهكێتیی بۆ ئهوروپا بگوازینهوه، هاوشێوهی جولهكهكانی سهدهی رابردوو كاری دیپلۆماسی بۆ كوردو كوردستان له تهواوی دنیادا بكهین. بیركردنهوهكهی مامجهلالم به توندی رهتكردهوه، دوای گفتوگۆ گهیشتینه رێككهوتن، بهوهی كه مامجهلال بڕوات له دهرهوهی خهریكی ئهو بهرنامهیهی خۆی بێت و منیش هێزی پێشمهرگه رێكبخهمهوهو دهستهی پارتیزانهكان له ناوخۆ دروست بكهم. قۆناغی دووهم لهدوای راپهڕین بو، كاتێ مامجهلال خهریكی دروستكردنی بارهگای تایبهت و هێزی گهورهی تایبهت به خۆی بو، كه پێم وت بۆچی و لهچی ئهترسێ وا له ههر شوێنێ بارهگاو هێزی تایبهت به پاراستنی خۆی دروست ئهكات؟ وتی: حهكمڕانی شار جیاوازه لهو حوكمڕانیهی له شاخ كردومانه، لهناو شاردا ئهبێ ههمو دهقهو سهعاتێ ئاگادارو وریای ئینقیلابی عهسكهری بین. له قۆناغی سێیهم و كه بهتهواوی نائومێدی كاری پێكهوهیی كردم، لهدوای روخانی رژێمی بهعس و ئهو ساڵانه بو كه زانیم ههوڵی ههرچی دهستخستنی پارهو موڵك و ماڵی زۆرتر بۆ خۆی و ماڵ و مناڵهكانی ئهدات، ئیتر لێرهوه بڕیاری كۆتایی و دوركهوتنهوهو جیابونهوهم دا). ئهو له نوسینهكانیدا ههرگیز قۆناغی یهكهم و دوهمی باس نهكردوه، بهڵام له وتارێكدا، له ساڵی 2005 كه سایتی (ریفۆرم) بڵاویكردهوه نوسیویهتی كه مهسعود بارزانی و مامجهلال ملیارێك و سهدان ملیۆن دۆلاریان بۆ ئاوهدانكردنهوهی كوردستان له (پۆل بریمهر)ی حاكمی عێراق وهرگرتوه، برابهشیان كردوهو گواستویانهتهوه بۆ دهرهوهی كوردستان، تهنانهت نوسیویهتی نهمتوانیوه رێگرییان لێ بكهم و داوا له خهڵك دهكات ههڵوێست وهربگرن. گهنجهكانی كۆمهڵهی رهنجدهرانی كوردستان (جگه لهوانهی ئهو سزای دابون یان به حهق و ناحهق له بۆنهیهكدا شكاندبونی) ههموان وهكو پهیامبهرو فهرمانهكانیشمان وهكو كهلاموڵا جێبهجێ ئهكرد. پێش دامهزراندنی بزوتنهوهی گۆڕان دهستهیهكمان زۆر ههوڵماندا له گردی زهرگهته بمێنێتهوهو حزب دروست نهكات، بهڵام بێ سود بو! حزبی دروست كردو منیش وهك وهفایهك چهند كورته شعرێكم پێشكهش به خۆی و بزوتنهوهكهی كردو جارێكیش به هاوڕێیهكماندا داوای لێ كردبوم كه ڕای ههندێ له ئهندامهكانی مهكتهبی سیاسی و سهركردایهتی لهسهر خۆی و بزوتنهوهكهی بۆ بنوسم، ئهوهی له كۆبونهوهی رهسمی و ناڕهسمی بهر گوێم كهوتبو، بۆم نوسی و ههر بهو هاوڕێیهدا بۆم نارد، ئیتر به درێژایی چوار ساڵ هیچ پهیوهندیهكم پێوهی نهما. رۆژی 30ی حوزهیرانی 2013 كۆسرهت رهسوڵ و نێچیرڤان بارزانی ئیمزای رێككهوتنی دو ساڵ درێژكردنهوهی سهرۆكایهتی مهسعود بارزانییان كرد. هێرشێكی چڕو پڕی راگهیاندنی رێكخراو لهلایهن بزوتنهوهی گۆڕان، حزبهكانی تری ئۆپۆزسیۆن، رێكخراوهكانی كۆمهڵی مهدهنی و میدیای ئههلی بۆسهر (ی ن ك) دهستی پێكرد، ئۆرگانهكانی ئێمه به راگهیاندنیشهوه قوڕوقهپ بهدیار رهوایهتی و ناڕهوایهتی ئهو هێرشهوه دۆش دامابون، چونكه هێنده نهێنی بو، كهس ناوهڕۆكی رێككهوتنهكهی نهبینی بو. له ژورهكهی خۆی و به ئامادهبونی چهند كهسێ، به مهلا بهختیارم وت: + ئهم بێدهنگییهی ئێمه مانای چی؟! ئایا ئهو قسانهی لهسهر رێككهوتنهكه ئهكرێ راسته؟ - نهخێر. هیچی وا نییه. پاشان پهنجهكانی دهستێكی لێكئاڵاندو كردی به تۆپێكی تێنس و وتی: - مهسعودمان ئاوهها بچوك كردوهتهوه، چارهنوسیمان خسته دهستی چهند پهرلهمانتارێكهوه. + ئهی بۆ ئهمه له راگهیاندنهكاندا باس نهكهین ؟! - بڕۆ تۆ باسی بكه. + رێككهوتنهكهم بدهرێ. - من تهنیا خوێندومهتهوه. بڕۆی لای كاك كۆسرهت وهریبگره. ئهو ئێوارهیه رێككهوتنه پێنج خاڵییهكهم وهرگرت و خوێندمهوه، ههر له ماڵی جێگری یهكهمی سكرتێری گشتییهوه تهلهفۆنم بۆ (سهردار محهمهد)ی سهرنوسهری رۆژنامهی (ئاوێنه) كردو وتم: + مانشێتی سبهینێی (ئاوێنه) بنوسه. بهناوی خۆم و پۆستهكهمهوه (لێپرسراوی راگهیاندنی مهكتهبی سیاسی ی ن ك) تهواوی رێككهوتنهكهم به گفتوگۆیهك و وهڵامی پرسیارهكانی له ژمارهی (384)ی رۆژی 2/7/2013ی رۆژنامهكهدا بڵاوكردهوه. رۆژی دواتر، وهك قیامهت ههستابێ، مهلا بهختیار بانگی كردم و به توڕهیی وتی: - چۆن ئهتوانی بڵێی كاك مهسعودمان بچوك كردوهتهوه؟! + ئهوه قسهی خۆته، پێنج كهس شایهتن، وتت بڕۆ بیڵێ. - من نهموتوه له راگهیاندنا بیڵێ. + ئهی خۆ له بهردهركی سهرا خهڵك كۆناكهمهوه پێیان بڵێم. پاشان مهسعود بارزانی بهناوی سهرۆكایهتی ههرێمهوه رونكردنهوهیهكی لهسهر من بڵاوكردهوه، پهیامێكیشی بۆ مهكتهبی سیاسی یهكێتیی نارد كه من دهربكهن. پهیامنێری تهلهفزیۆنی (NRT) بهرهو روم هات و پرسیاری ڕای خۆمی لهسهر بهیاننامهكهی سهرۆكایهتی ههرێم كرد، وتم: + هێنده بێ مستهوایه، شایهنی وهڵامدانهوه نیه، چونكه له 17 دێڕدا 17 جنێوی نوسیوه. ئهو شهوه، بۆ یهكهم جار لهدوای چوار ساڵ، ئهو تهلهفۆنی بۆكردم و وتی: - كاكه من لێدوانهكهی تۆم بینی، دهموچاوت ماندو بو، بێتاقهت دیار بوی، داوات لێ ئهكهم گوێ نهدهیتێ و خۆڕاگربی، ههر كاتێكیش حهزت لێ كرد ئهتبینم و سهردانێكم بكه. چهنج رۆژێك و ئهو پهیامهشی به (مامۆستا جهمال)دا بۆ ناردم، ههفتهی دواترو درهنگانێكی شهوێ، له خانوهكهی گردی عهلی ناجی سهردانم كرد، كهمتر له سهعاتێ دانیشتین، مامۆستا جهمال به یهك وشهش بهشداری گفتوگۆی نێوان من و ئهوی نهكرد، له خواحافیزیا وتی: - ئهم بزوتنهوهیه هی خۆته. له ههر شوێنێ بی وهك سهركردهیهكی بزوتنهوهی گۆڕان ئهتبینم. باوهشم پێدا كردو له ژورهكهی قاتی سهرهوه، لهناو دهرگاكهیا جێم هێشت. ههفتهی دواتر، مهلا بهختیار بڕیاری كۆبونهوهی مهكتهبی سیاسی پێ راگهیاندم و وتیشی جگه له مهكتهبی سیاسی، له ههر ئۆرگانێكی تر بتهوێت، ئهتگوازینهوه، ههندێكیش له ئهندامهكانی مهكتهبی سیاسی، به جیا بڕیارهكهی مهسعود بارزانی و شێوازی پشتیوانی هاوڕێكانی خۆیان بۆ جێبهجێكردنی، بۆ گێڕامهوه. جاری دوهم، ئهو لهڕێگهی مامۆستا جهمالهوه بانگی كردم، ئهم جارهیان به رهسمی داوای كرد ئیستیقاله بدهم و پهیوهندی به بزوتنهوهی گۆڕانهوه بكهم. + ئهگهر ههفتهیهك مۆڵهتم بدهیتێ بیر بكهمهوه. قسهكهم تهواو كردو ههستم كرد ههڵهیهكم كردوه، راستكردنهوهو پینهكردنی لهو دهیقهیهدا ئهستهمه، رۆژی دواتر ههر لهڕێگهی مامۆستا جهمالهوه پهیامی لێ بوردنم بۆ ناردو ئامادهیی خۆم بۆ پهیوهندیكردن به بزوتنهوهی گۆڕانهوه پێ راگهیاند. ئهو ئهیویست پهیامێكی خۆی لهناو نامهی دهستلهكاركێشانهوهكهی مندا جێگه بكاتهوه، بۆیه داوای كرد پێش بڵاوبونهوه، بۆی بنێرم و ئیزافهكهی خۆی بكات، بهڵام كه وێنهیهكی نوسراوهكهم به ئیمێڵ بۆ نارد، تهلهفۆنی بۆ كردم و وتی: - ئهوهی ویستم ئیزافهی بكهم، خۆت جوانتر جێگهت كردوهتهوه. بڵاوی بكهرهوه. + بهڵێنم به (ئهحمهد میره) داوه بۆ یهكهم جار له گۆڤاری (لڤین) رایدهگهیهنم. ئهو له ناوهڕاستی 2016 دوای بێ ئومێدبونی له ژیانی بهردهوام و چارهسهری نهخۆشییهكهی، گهڕایهوه ههرێمی كوردستان، زۆربهی كاتهكانم به گفتوگۆی دور له سیاسهت لهگهڵیدا بهسهر ئهبرد، ئهو قسهی لهسهر ههر بوارێكی كۆمهڵایهتی، ئابوری، زمان و فهرههنگی كوردو نهتهوه جیاوازهكان ئهكرد، شتێكی تازهی ئهوت و فێر ئهكردی كه ههرگیز نهتبیستوه، نهمزانیوه له مێژوی كورد، پیاوێكی وا پڕ له مهعریفهت ههبوبێ، ههر لهو مانگهداو له دانیشتنێكدا، به ههندێ ئاماژهو دهستهواژه، ناڕاستهوخۆ تێی گهیاندم كه چهند مانگێكی له ژیاندا ماوه. - ماڵێكم لهو شاخه بۆ تهرتیب بكه، له باوزێ تا قهندیل له ههر كوێ خۆت پێت باش بێ، ناشمهوێ كهس پێم بزانێ و كهس سهردانم بكا. له پهیوهندییهكی تهلهفۆنیدا ئهم قسهی به (رهحیم باوزێی) وت، دوای دانانی تهلهفۆنهكهی دهستی وتی: - ئهڕۆم، ئهمهوێ ئهو چهند مانگهی له تهمهنما ماوه، له قهندیل و دور له ههمو كهس بهسهری ببهم، ئهمهوێ لهو شاخانه بمرم. منیش جگه له شۆك و واقی وڕماو، بهبێ دهنگیی جێهێشتنی، هیچ وهڵامێكم پێ نهبو. له هاتنه دهرهوهیا، چیای كوڕی یهخهی گرتم و وتی: - ئێوه بۆ هانی ئهدهن له كوردستان بمێنێتهوه، ئهو عیلاجی ههیه له بهریتانیاو خهستهخانهكهی داوای ئهكات، ههمو ههوڵی ئێمه رازیكردنیهتی بۆ گهڕانهوه بۆ لهندهن، بهزۆریش بێ ئهیبهینهوه. بهبێدهنگی و بێ وهڵام ئهویشم بهجێهێشت.
د. یاسین تەها- پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق سەردانی "نێچیرڤان بارزانی"، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی هاوەڵی بۆ تاران، كە سروشتێكی ئاشتەواییانەی هەبوو، لەسەر ئاستەكانی ناوخۆو عێراق و ناوچەكە پێشهاتێكی لێكەوتەدارە؛ بەتایبەت پاش دوو ساڵ لە گرژی و تۆمەتگۆڕینەوەو هێرشی موشەكی و درۆنیی ئێران و باڵەكانی. ئەم شرۆڤەیە هەوڵدەدات لە دەرەوەی لێكەوتە ناوخۆییەكانی هەرێم، كاریگەری و پەیوەندیی ئەو كرانەوە نوێیە لە گۆشەنیگای هاوكێشەی عێراق و ناوچەكەوە بخوێنێتەوە. دوو وێستگەی كاریگەر لەسەر سەرانەكەی تاران سەردانی سێ ڕۆژەی سەرۆكی هەرێم و شاندی یاوەری بۆ ئێران (5_8 ئایار) كە ئاژانسی "میهر"ی ئێرانی بە "ئاشتبوونەوە" هەژماری كردووە[1]، لە وەڵامی بانگهێشتنامەیەكی فەرمیی تاراندا هات.[2] لە دیدارەكانیشدا شاندەكە بەكۆمەڵ و سەرۆكی هەرێمیش بەتەنیا چاویان بە سێگۆشەی دەسەڵاتی ئێستای ئێران كەوتووە، ئەوانیش بریتین لە "عەلی خامنەیی"، ڕابەری شۆڕش، "ئیبراهیم ڕەئیسی"، سەرۆك كۆماری ئێران و، "محەممەد قاڵیباف"، سەرۆكی پەرلەمان. زانیارییە نافەرمییە ئێرانییەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن؛ سەردانەكە جگە لە لایەنی پڕۆتۆكۆڵی و فەرمی، دانیشتن و دیداری تایبەت و پشتپەردەیشی لەخۆ گرتووە. ئەو دیدارانەیش بەرهەمی لێكگەیشتنی پێشوەختەی نێوان هەردوولا بوون و، دانیشتنەكان زیاتر بۆ چەسپاندنی بووە.[3] سەردانە هەمەلایەنەكەی شاندی هەرێم، كەمتر لە هەفتەیەك پاش سەردانێكی چڕوپڕی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا، ئەنجام درا؛ كە ناونیشانە سەرەكییەكەی، چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێرو بەغدا بوو، بەڵام لە ناواخندا دۆسیەی هەڵبژاردنی هەرێم پانتاییەكی گەورەی پێكدەهێنا. ئەم دوا سەردانەیش كە دوو ڕۆژی خایاند (27 و 28ی نیسان)، دووەم سەردانی نێچیرڤان بارزانی بوو بۆ بەغدا لە ماوەی یەك مانگدا؛ بەرنامەكەیشی دیداری فەرمی و حكومی و سیاسی و حزبیشی لەگەڵ لایەنە عێراقییە جۆربەجۆرەكان لەخۆ گرتبوو.[4] هەروەها سەردانی شاندی هەرێم بۆ تاران، لە پاش پێشوازیكردنی سەرۆك كۆماری توركیا هات لە هەولێر، پاش سەردانی بەغدا (22ی نیسان)؛ ئەو سەردانەیش كە بە "مێژوویی" لە قەڵەم درا، بە مۆركردنی 26 لێكگەیشتن و ڕێككەوتننامەی ئاشكرا لەنێوان بەغداو ئەنقەرە كۆتایی هات. دوای كۆتاییهاتنیشی، سەرۆك كۆماری توركیا ستایشی ئەنجامەكەی كرد، بەتایبەت ئەو بەشەی كە پەیوەست بوو بە سەردانی هەولێرو گەرموگوڕی لە پێشوازی و دیدارەكان.[5] هەرچەندە هیچی فەرمی لەبارەی پەیوەندیی ئێران و هەڵوێستی لە سەردانی ئەردۆغان ئاشكرا نەكراوە، بەڵام لە پاش بەغدا، لایەنی پەیوەندیداری ڕاستەوخۆ بەو سەردانەی ئەردۆغان بۆ عێراق و هەرێم، دەسەڵاتدارانی تارانن؛ هەم وەك هێزێكی هەرێمایەتیی ڕكابەری توركیا لە عێراقدا، هەم بەشێك لە ئەجێندای سەردانەكە كە پەیوەندیی بە بەرەنگاربوونەوەی جموجۆڵ و چالاكییەكانی “PKK”وە هەیە پەیوەندیدارە بە ئێرانەوە، بەڵكە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ تاران ناچێتە پێشەوە، بەو پێیەی هەندێك ڕایەڵی پەیوەندی و، هەروەها بەریەككەوتنیان لەسەر سنورەكان هەیە. ئامانجە سەرەكییەكانی سەردانەكە بەپێی سەرچاوە ئێرانییەكان، ئامانجەكانی سەردانی شاندەكەی هەرێم جۆراوجۆر بوون، بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بە لایەنە عێراقییەكەیەوە هەیە زیاتر بریتییە لە: جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنیی ئێران و عێراق كە لە 19ی ئازاری 2023 دا واژۆ كرا. ڕێككەوتنەكە پەیوەستە بە دۆخی هێزە بەرهەڵستكارو ئۆپۆزیسیۆنە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم و، ئێران گازندەی لە شێوازی جێبەجێكردنی هەیە، بەڵام ئەوەیشی لا ڕوونە كە هێزە فیدراڵییەكانی عێراق لە ناوچە سنورییەكانی هەرێمدا نین و "لە هەرێمێشدا جۆرێك لە ئازادیی جموجۆڵی هێزی هاوپەیمانان هەیە"؛ بۆیە دەربارەی وردەكارییەكەی، ناچارە خۆی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا بكات.[6] بۆ ئەم مەبەستەیش لەگەڵ "وەزیری ناوخۆی هەرێم" لەسەرهێڵن كە سەرپەرشتیی ئەو دۆسیەیە دەكات. لە پەنا دۆسیەی ئەمنیشدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ئامادەیی بەرچاوی هەبووە لە ئەجێندای سەردانەكە، چونكە زانیارییە بەردەستەكان ئەوە دەردەخەن پەیوەندییە بازرگانییەكان كاریگەر بوون بە گرژییەكانی ئەم دوو ساڵەی دوایی نێوان هەولێرو تاران و، كەوتووەتە ژێر كاریگەریی بەئامانجگرتنە موشەكییەكان. ئەمەیش بۆ ئێران بابەتێكی هەستیارە چونكە قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و هەرێم پێش پەرەسەندنی ئەو گرژییانەی دوایی و لە ساڵی ڕابردوودا (2023) گەیشتبووە نزیکەی دوو ملیارو 500 ملیۆن دۆلار[7]؛ ئەمەیش بۆ تاران كە لەژێر گەمارۆی جۆربەجۆری ئەمریكی و ئەوروپیدایە جێگەی بایەخ و گرنگیی زۆرە و نایەوێت ببێتە قوربانیی ناكۆكییە ئەمنی و سیاسییەكانی نێوان هەردوولا. هەرچەندیشە تۆمەتباركردنی هەرێم بە داڵدەدانی مۆساد، یەکێک لەو بابەتانەیە کە هەمیشە گرژی و ئاڵۆزیی لەنێوان هەردوولادا دروستكردووەو، هەروەها پاساوی هێرشەكانی ئێرانیش بووە بۆ سەر هەولێر لە دوو ساڵی ڕابردوودا، كەچی ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە لەم سەردانەی شاندەكەی هەرێمدا بەئاشكرا نەوروژێنراو ئاماژەی بۆ نەكرا! لەبارەی هۆكاری ئەمەیشەوە سەرچاوە ئێرانییەكان باس لەوە دەكەن، پێش سەردانەكە هەردوولا لەبارەی ئەو پرسەوە گەیشتوونەتە جۆرێك لە لێكگەیشتن. بەهۆی ئەوەیشی قۆناغێكی نوێ لە پەیوەندییەكانی هەردوولا لە كاتی سەردانەكەوە دەستیپێكردووە، ئێرانییەكان نەیانویستووە ئەو تۆمەتانە لە سەروبەندی سەردانەكەدا بورووژێنن، "بەو پێیەی پێشتر لێكگەیشتنی تەواوی لەبارەوە گەڵاڵە كراوە".[8] ئەوەیشی ئەم زانیارییانە پشتڕاستدەكاتەوە هەندێك لێدوانی ئەرێنییانەی ئێرانین دەربارەی هەرێم، لەوانەیش: ئاخاوتنی "سارا فەلاحی"، ئەندام لە لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، كە پاكانە بۆ حکومەتی هەرێم دەكات لە تۆمەتی پەنادانی چالاكییە دژەئێرانییەكان؛ لەگەڵ ئەوەیشدا جەخت دەكاتەوە، "حزب و لایەن و کەسایەتیی سیاسیی کاریگەر هەن لە هەرێمدا، كە لە دژی ئێران چالاكییان هەیە".[9] بەشێوەیەكی گشتییش لە ڕۆژی سەردانەكەوە تۆنی لێدوانە فەرمییە ئێرانییەكان دەربارەی هەرێم، جیاوازیی هەیە لە ماوەكانی ڕابردوو كە ئێرانییەكان بەبێ سێ و دوو هەرێمی كوردستانیان بە هۆكارێكی مەترسی لەسەر ئاسایشی ئێران دەدایە قەڵەم. پێناچێت ئەم لێكگەیشتنە لە دەرەوەی ئاگاداری و ڕەزامەندیی ئەمریكا بێت چونكە بەپێی ئەو كاردانەوە ئەمریكییانەیشی ئاشكرا كراون، ئەم هێوربوونەوەی گرژییە لەنێوان هەولێرو تاران، ناكۆك نییە لەگەڵ خواستی واشنتۆن بۆ پارێزگاریكردن لە ئۆقرەیی ئێستای عێراق. لەم نێوەیشدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هاوكات لەگەڵ ئەوەی ڕەتیكردووەتەوە بچێتە وردەكاریی سەردانی شاندی هەرێم، ئەوەی ڕاگەیاندووە "هانی ئەو دیالۆگانە دەدەن كە ئامانجی ڕاگرتنی گرژییە، هەروەها ئۆقرەیی زیاتر بەدی دەهێنێت؛ لەو بابەتانەیش كە پەیوەستە بە ئێرانەوە".[10] ناوبژیوانیی تاران لەنێوان هەولێرو بەغدا بەپێی هەندێك لێكدانەوە، یەكێك لە ئامانجە ڕانەگەیەنراوەكانی سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ تاران، هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی و پاڵپشتیی ئێرانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، بەو پێیەی ئێران دەتوانێت گوشار لە هێزە سیاسییە عێراقییەكان بكات، بەتایبەت شیعەكانی هاوپەیمانی تاران.[11] ئەم لێكدانەوەیەش لەگەڵ سروشتی پێكهاتەی حوكمڕانیی عێراقدا دێتەوە كە ئێستا بەدەست لایەنەكانی "چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە"وەیە. ئەم بەرەیەش لە سێ جەمسەر پێكدێت كە شوێنكەوتەو هاوپەیمان و دۆستە نزیكەكانی ئێرانن. ئەگەر ئێرانیش ئەمە بكات، لە بەرژەوەندیی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراقیشە كە بە دوای قۆناغێكی ئارام و پردێكی پەڕینەوەی هێوردا دەگەڕێت تا دەگاتە هەڵبژاردنی گشتیی ئۆكتۆبەری 2025. دەشێت هەر ئەم فاكتەرەیش بێت هانی "سودانی"ی دابێت كە نێوانگیری بكات. لەم بارەیشەوە سەرۆكی هەرێم لە تاران، نەیشاردەوە كە سەرۆک وەزیرانی عێراق، یارمەتیدەری ڕێكخستنی سەردانەكە بووە. جەختی لەوەش كردەوە "چەندان کۆبوونەوەی نهێنی"یان هەبووە تا دیدارەكانی تاران سەری گرتووە.[12] بەپێی ئەو لێدوانە فەرمییانەشی لە دەستەی ڕاوێژكارانی سودانییەوە بڵاو كراونەتەوە، بەغدا هانی هەموو بەرەوپێشچوونێك دەدات لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت ئێران؛ هەروەها "حكومەتی فیدراڵ بەئەرێنی تەماشای سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم دەكات".[13] ئەم هەڵوێستە ئەرێنییەیش لەسەر سەردانەكە زیاتر لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە گرژییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بارگرانی و شەرمەزاری (ئیحراجبوون) بۆ سەرۆك وەزیران و سیاسەتی كابینەكەی دروستدەكات و لە كرانەوە بەڕووی هەولێردا دەستی دەبەستێت. ئەو كاتانەشی ئێران هەولێری بەئامانج گرتووە، بنكە سیاسییەكەی حكومەتی سودانی كە "چوارچێوەی شیعی"یە، ڕێگەی نەداوە زۆر بەرەنگاری تاران ببێتەوە. لە لاكەی ترو لەبەرامبەردا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پێداویستییەكانی سەروەری و ڕایگشتیی عێراقییش چاوەڕێی ئەوەیان لێكردووە هەڵوێست و پەرچەكرداری هەبێت لەسەر ئەو هێرشانەی، هەولێر وەك بەشێك لە عێراق دەكاتە ئامانج. لە دەرەوەی عێراقی فەرمی و لەسەر ئاستی گروپە وابەستەكانی ئێرانیش، كۆتا بەیاننامەی وتەبێژی سەربازیی كەتیبەكانی حزبوڵڵا (7ی ئایار)، كە سەرۆك ئەركان و سێ لیوایان لەنێو حەشدی شەعبیدا هەیە (45، 46، 47)، هێرش دەكاتە سەر ئیمارات و ڕێگەی گەشەپێدانی توركیا، بەڵام هیچ ئاماژەیەك بە هەرێمی كوردستان ناكات؛ لە كاتێكدا لە بەیاننامەكانی پێشوودا (15ی ئادار) جەختی لەوە كردبووەوە "هەولێر لانكەی سیخوڕییەو بنكەی پلانگێڕیی زایۆنییە".[14] دەشێت ئەم خۆبواردنەی "حزبوڵڵا"ش لە هەولێر، یەكێك بێت لە دەرەنجامەكانی كرانەوەی هەولێر بەڕووی تاراندا، چونكە لە ئەزمونەكانی پێشوودا دەركەوتووە چارەسەری قەیرانەكان لە عێراقی ئێستادا بە گەڕانەوە بۆ تاران دەبێت؛ بەتایبەت كە هەندێك لە باڵە كاریگەرە حوكمڕانەكانی بەغدا پەیوەست و شوێنكەوتەی بڕیاری تارانن.[15] هاندەرەكانی تاران بۆ كرانەوە بەڕووی هەولێردا میدیای فەرمیی ئیرانی و لێدوانە سیاسییە شیعییەكان، وەها وێنای سەردانەكەیان كردووە كە پەنابردنی هەرێمە بۆ تاران و هەوڵی دڵنیاكردنەوەیەتی، بەڵام بەپێی پێدراوە بەردەستەكان نزیكبوونەوەو هەڵدانەوەی پەڕەیەكی نوێی بەرژوەندییەكی هاوبەشە لەنێوان هەردوولا، چونكە جگە لە ئاسایش و دۆسیەی هێزە بەرهەڵستكارەكانی ئێران لە هەرێمی كوردستان، ئێران نیگەرانییەكی تری گەورەی هەیە كە پەیوەستە بە ڕێگەی بازرگانیی "گەشەپێدان"ەوە لەنێوان بەسرەو توركیا كە تێچووەكەی 17 ملیار دۆلارەو بڕیار وایە وڵاتانی كەنداو (سعودیه، ئیمارات، قەتەر، كوێت) وەبەرهێنانی تێدا بكەن.[16] ئێرانییەكان پێیانوایە ئەم ڕاڕەوە بازرگانییە كە بڕیارە ساڵی 2050 كۆتایی بە قۆناغی سێیەمی بێت، دەشێت ببێتە ڕكابەری ئێران لە نەخشەی جیۆسیاسیی ناوچەكەدا، چونكە ئەم پرۆژەیە وا دەكات عێراق پشت بكاتە ئێران وەك سەرچاوەیەكی سەرەكیی بازرگانی و لەبەرامبەردا ڕووی خۆی بگوازێتەوە بەرەو هێڵی كەنداو- بەسرە- توركیا. ئەمەش بە مانای لەدەستدانی بازاڕێكی گرنگ دێت بۆ ئێران.[17] ئێران و كوردستان لەوەدا هاوبەشن كە بێبەش كراون لە نەخشەو پلانە تێورییەكانی "ڕێگەی گەشەپێدان"، ئەمەش هەم دەرفەتێك بۆ نزیكبوونەوە دەڕەخسێنێت و هەم لێكەوتەكانیشی بۆ هەردوولا جێگەی نیگەرانین ئەگەر سەر بگرێت. هەرچەندە ئێرانییەكان تائێستا دان بە خۆیاندا دەگرن و زۆر بەئاشكرا دژی "ڕێگەی گەشەپێدان" لێدوان نادەن، بەڵام "كەتیبەكانی حزبوڵڵا" كە پەیوەستن بە سوپای پاسدارانەوە، لەدوا ڕاگەیەنراوی خۆیاندا جەخت لەوە دەكەنەوە "ڕێگەی گەشەپێدان هێشتا سەرچاوەی دڵەڕاوكێیە"؛ داوای ئەوەش دەكەن گەرەنتیی بنجبڕو یەكلاكەرەوەی ستراتیژییان پێبدرێت بەر لە دەستكردن بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە[18]، كە عێراق دەكاتە كەناڵێكی وشك بۆ بەستنەوەی كەنداو بە توركیا. جگە لە هۆكارە ئابورییەكەی، دەشێت پشتیوانیی ئهمریكا بۆ "ڕێگەی گەشەپێدان" كه هۆكارێكە بۆ كهمكردنهوهی ههژمونی ئێران له عێراق و یارمهتیی سەربەخۆبوونی ئابوریی عێراق دەدات، بەشێك بێت لە هۆكارەكانی دڕدۆنگی و نیگەرانییەكانی تاران. لە ڕوانگەی ئێرانییەكانیشەوە "ڕێگەی گەشەپێدان"، هۆكارێكە بۆ بههێزبوونی پهیوهندیی ئابوری و سیاسیی عێراق و توركیا. ههر جۆره زیادبوونێكی ههژموونی ئەنقەرەش له عێراقدا، به واتای كهمبوونهوهی ههژموونی ئێرانە؛ ئەمە جگە لەوەی ترانزێتی "ڕێگەی گهشەپێدان" دهتوانێت هۆكاری لادانی بازرگانی و گواستنهوه بێت لهسهر ئهو ڕێگەیانهی كە بە ئێراندا گوزەر دەكەن.[19] ئەوەشی نیگەرانیی ئێران لە پەلكێشانی توركیا لە عێراق زیاتر دەسەلمێنێت ئەوەیە، پاش واژۆكردنی 26 لێكگەیشتن و ڕێككەوتننامە لەنێوان بەغداو ئەنقەرەو سەردانی ئەردۆغان بۆ بەغداو هەولێر، ئێرانییەكانیش 23 بەڵگەنامەو تەوەرەی دانوستانیان دیاریكردووە وەك دەرفەتی هاریكاریی ئابوری لەنێوان تاران و بەغدا، بۆ ئەوەی هاوشێوەی توركیا لەگەڵ عێراق، بیكەن بە لێكگەیشتن و ڕێككەوتننامە.[20] هەندێك لەو دۆسیەو بوارانەیش پەیوەندیی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، بەو پێیەی چوار خاڵی سەرەكیی ئاڵوگۆڕو بازرگانییەكی فراوانی لەگەڵ ئێراندا هەیە لەچوارچێوەی پەیوەندییە بەرفراوانەكانی نێوان عێراق و ئێران. بەپێی ڕاپۆرتە ئێرانییەكان، تاران چاوی لەسەر ئەوەیە كەڵك لە هەرزانیی گواستنەوە و شمەكی بازرگانی لە نێوان ئێران و هەرێم وەرگرێت بەراورد بە تێچووی زۆری ئاڵوگۆڕی بازرگانیی عێراق لەگەڵ توركیا، هەروەها دەسەڵاتدارانی ئێران تا ڕاددەیەك كێشەیان هەیە بەدەست بەربەستە هونەرییەكان و خراپیی ژێرخانی مەرزەكانی ئێران لەگەڵ ناوەڕاست و باشوری عێراق؛ پێشیان وایە هەرێم باشترو خێراتر دەتوانێت كێشە هونەرییەكانی هاتوچۆی بازرگانی چارەسەر بكات بەراورد بە پارێزگا عێراقییەكان.[21] قۆناغی نوێی پەیوەندییەكانی هەرێم و تاران سەرۆكی هەرێم پێیوایە لە پاش سەردانەكەی تاران لاپەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندییەكانی هەردوولا هەڵدراوەتەوەو دەرگە لەسەر قۆناغێكی نوێ خراوەتە سەرپشت.[22] بە لای ناوەندە ئێرانییەكانیشەوە ئەوە گرنگە كە هەرێمی كوردستان بەفەرمی دڵنیاییی ئەوەی داوەتە ئێرانییەكان كە خاكەكەی نابێتە سەرچاوەی هیچ هەڕەشەیەكی ئەمنی و، نابێتە هۆكاری تێكدانێكی ڕەوش و بارودۆخی ئێران.[23] هەروەها ئێرانییەكان ئەوەیشیان بەلاوە مەبەستە، هەرێمی كوردستان لە پەنا پشتبەستنی زۆر بە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا، تارانیش بكەن بە هاوبەش لە نەخشەڕێی چارەسەرو، جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ ئێران لەسەر شێوازی ساڵانی پاش ڕاپەڕینی 1991و پاش ڕوخاندنی ڕژێمی سەددام لە 2003 كە ئەم سیستەمە سیاسییەی ئێستای عێراقی لێ بەرهەم هات.[24] دوو لێكەوتەی كرانەوەی گرێی پەیوەندییەكان بەپێی ئاماژەنما بەردەستەكان ئەم كرانەوەیە نوێیەی هەولێرو تاران، لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە دوو جۆر لێكەوتەی دەبێت كە دەشێت بەم جۆرە بخرێنەڕوو: - لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم كرانەوەی هەولێر بەڕووی تاراندا جارێكی تر "پارتی دیموكراتی كوردستان"و هێزە شیعە بنەڕەتییەكانی عێراق دەخاتەوە سەر هێڵی گفتوگۆو پەیوەندیی گەرموگوڕ. لەم نێوەندەیشدا زانیارییەك هەیە كە جگە لە سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق، نوری مالیكی، سەرۆكی "دەوڵەتی یاسا"ش ڕۆڵی دیوە لە ئاسانكاریكردن بۆ كرانەوەی پارتی بەڕووی تاران و سەردانی بەرپرسێكی ئەو حزبە بۆ ئێران.[25] دەرەنجامی "ئاشتەواییەكە"، جگە لە دەستكەوتی سیاسی و حزبیی تایبەت لە دۆسیەكانی هەڵبژاردن و گوشارەكانی دادگەی فیدراڵی بۆ پارتی، دەكرێت لێكەوتەی ئەرێنیی گشتیشی هەبێت لەسەر پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا، لەبەر ئەوەی سەرۆكایەتیی حكومەت و سەرۆكایەتیی هەرێم و دۆسیەی نەوت و بنەجێكردنی موچە، بەشی زۆری لە هەولێرن. هەرەها چاوەڕێی ئەوەش لە باشبوونی پەیوەندییەكان دەكرێت تارمایی هێرشی موشەكی و درۆنیی ئێرانی و عێراق لە ئاسمانی هەرێم دووربخاتەوە، لانی كەم لە مەودای نزیك و ناوەڕاستدا. - لەسەر ئاستی هەرێمایەتی، "ئاشتەوایی هەرێم و تاران" گرنگییەكەی لەوەدایە، لە دوو ساڵی دواییدا یەكێك لە ئاڕاستە سەرەكییەكانی چارەسەركردنی گرژیی ناوچەكە، گەڕانەوەیە بەرەو ڕۆژهەڵات لە بری پشتبەستی تەواوەتی بە ئەمریكاو ڕۆژئاوا. ئەم سیاسەتەش كە لە ئاداری 2023دا بە ڕێككەوتننامەی تاران و ڕیاز بە نێوانگیریی چین گەیشتە لوتكە، سەرباری ئاڵنگاری و لێكەوتە گەرم و سەختەكانی جەنگی غەززەو هێرشی 7ی ئۆكتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هێشتا هەر خۆڕاگرە. ئەمەش ڕێخۆشكەرە بۆ گەڵاڵەبوونی باوەڕێك، كە "مەرج نییە واشنتۆن تاكە سەرچاوەی چارەسەری كێشەكانی ناوچەكە بێت"؛ بەتایبەت كە ئەمریكا لەم ساڵانەی دواییدا پاشەكشەی لە زۆر دۆسیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە بە مەبەستی خۆتەرخانكردن بۆ پرسی گرنگتر لە ئۆكرانیاو ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. سەرباری ئەمەش ئەم ئۆقرەیییەی ئێستای نێوان سعودیهو ئیمارات لەگەڵ ئێران، دەشێت تێكبچێت، چونكە ئاشتەواییەكی چاوەڕوانكراوی ئیسرائیل و سعودیهو ئیمارات بە نێوانگیریی ئیدارەی بایدن لەئارادایە.[26] لە حاڵەتی سەرگرتنی ئەم سیناریۆ ڕێتێچووەیشدا، هەرێمی كوردستان هەر پێویستیی بە گەرەنتی و دڵنیایی هەیە كە بە ئاگری ئەو جەمسەرگیرییە توندە چاوەڕوانكراوە نەسوتێت كە كێشمەكێشی زلهێزو گەورەكانەو، باشترین دڵنیاییش هەبوونی پەیوەندی و لێكگەیشتنە لەنێوان هەردوو جەمسەرە سەرەكییەكەی ناوچەكە، كە تاران و واشنتۆن- تەلئەبیبە. [1]. https://bit.ly/4byAwlo [2]. https://bit.ly/4auxRZn [3]. https://bit.ly/3UymPMI [4] . https://bit.ly/4bbAoIK [5]. https://bit.ly/4dAU0Ic [6]. https://bit.ly/3wtFNvK [7]. https://bit.ly/3USlbqi [8]. https://bit.ly/3JYcJzL [9]. https://bit.ly/3JWjguC [10]. https://bit.ly/3UCN1Wg [11]. https://bit.ly/4bdgQUq [12]. https://bit.ly/44zsTc8 [13]. https://bit.ly/3WSVsQj [14]. https://bit.ly/4ag2OQT [15]. https://bit.ly/3wk7yHf [16]. https://bit.ly/3JXQz0k [17]. https://bit.ly/3Wz1CEM [18]. https://bit.ly/3ydoQGF [19]. https://bit.ly/3KgepF3 [20]. https://bit.ly/3yfCHw5 [21]. https://bit.ly/3wu9sVC [22]. https://bit.ly/44zsTc8 [23]. https://bit.ly/3V4nZB7 ؛ https://bit.ly/3JX83tM [24]. https://bit.ly/3QGsaQV [25]. https://bit.ly/3Wxz7av [26]. https://bit.ly/4b8Zhow سهرچاوهی بابهت: خانهی هزریی كوردستان
سلێمان مستەفا حەسەن لەماددەی ( ٩٣) ی بڕگەی دووەمی دەستوری هەمیشەی ساڵی ٢٠٠٥مافی تانەدانی لەیاساو سیستەمەکان زامن ودەستەبەرکردوە ، بەڵام ئەو مافە رێکخراوە لە رووی پابەند بوون بەکاتەوە ، بۆ جێگیری مامەڵە و پرسە ئابوری وسیاسی و یاساییەکان ، دادگای فیدراڵ لەبەر رۆشنایی دەستورو یاسای ژمارە (٣٠)ی ساڵی ٢٠٠٥ی هەموارکراو و پەیرەی ناوخۆی ژمارە (١) ساڵی ٢٠٢٢ دادگای فیدراڵی و یاسای دادبینی شارستانی ژمارە (٨٣) ساڵی١٩٦٩ هەموارکراو، دادبینەکانی ئەنجام دەدات . فەرمانی وەلائی ژمارە(١٢٦) ی ساڵی ٢٠٢٤ ی دادگای فیدراڵی دادگاکان بە پێی تایبەتمەندی دەسەڵاتی دەرکردنی فەرمانی بەپەلەی هەیە وەک لەماددەی (١٤١ و ١٥٠) ئاماژەیان پێدراوە ، هەروەها دەسەڵاتی دەرکردنی فەرمانی وەلائی (سالاری)یان هەیە بۆ بابەتە بە پەلەکان ( ١٥١ و ١٥٢) یاسای دادبینی شارستانی داهاتوە. فەرمانی دادوەرییە بە بڕیاری دادوەری کاتی ناسراوە (رێکارێکی ئیداریی کاتییە کە لەلایەن دادوەری تایبەتمەندەوە دەرچووە لەسەر ئەو داواکارییەی کە لەلایەن یەکێک لە نەیارەکانەوە پێشکەش کراوە، کە بە بەڵگە و بەڵگەنامە و پشتڕاسکراوەتەوە ، ناکرێت فەرمانی دادوەری کاریگەری لەسەر مافە بنەرەتیەکان دروست بکات ، لەهەمان کاتدا فەرمانی وەلائی سنورە و پابەندیە رێکاریە باوەکان دەبرێت و بەبێ ئاگادارکردنەوەی نەیاران یان ئەنجامدانی ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوانیاندا بڕیار دەدرێت . لە مادەکانی( ١٥١ و ١٥٢ )ی یاسای دادبینییە شارستانیەکان ئاماژە بە ڕێکارەکانی دەرکردنی فەرمانی (وەلائی ) کراوە . لە مادەی ١٥١دا هاتووە: هەرکەسێک بەپێی یاسا مافی ئەوەی هەیە فەرمان لە دادگا وەربگرێت بۆ ئەنجامدانی رەفتارێکی دیاریکراو ،بۆی هەیە لە حاڵەتی بە پەلە عەریزەیەک پێشکەشی دادوەری تایبەتمەند بکات و تیایدا داوا لە دادگای تایبەتمەند بکات کەوا ئەو فەرمانەی بۆ دەر بکات وئەو عەریزەیە بە دوو وێنە پێشکەش دەکرێت و رووداو و بەڵگەنامەکانی داواکاری لە خۆ دەگرێت و بەڵگەنامەکانی پاڵپشت بۆ داواکارییەکەی هاوپێچ دەکات ) هەروەها لە ماددەی ١٥٢ی هەمان یاساد هاتوە ( دادوەر بە زۆری لە رۆژی دوای پێشکەشکردنی عەریزەکە بە نوسین فەرمانی خۆی سەبارەت بە وەرگرتن یان رەتکردنەوە لەسەر یەکێک لە هەردوو وێنەی عەریزەکە دەردەکات و وێنەیەکی فەرمی فەرمانەکە بە پەراوێزی وێنەی دووەمی عەریزەکە بە داواکار دەدات و وێنەی ڕەسەن لە خامەی دادگا هەڵدەگرێت ، و وێنەیەک لە فەرمانەکە بەو کەسە ڕادەگەینرێت کەوا فەرمانەکەی لە دژی دەرچوە ) لە ماددەی (١٥٣) یاسای دادبینییە شارستانیەکان بڕگەی یەکەمی ماف دراوە بە لایەنی فەرمانی دژی دەرچوێنراوە لە ماوەی (٣) رۆژ تانە لەبڕیاری دادگا بدات لە رۆژی دوای بلاوکردنەوەی ، بەلام بەپێی ماددەی ( ٩٤) دەستور بڕیارەکانی دادگافیدراڵی مایەی تانە لێدان نێن و یەکلاکەرەوەن . گرنگە لێرەدا ئاماژە بە کۆت و بەندە یاساییەکان بکەین لەرووی کات ولایەنی پەیوەندیدار لە روانین و بڕیاردان و پابەندیەکانەوە تایبەت بە پرۆسەکانی هەڵبژاردن و ئەو فەرمانە وەلائییەی داداگای فیدراڵی دەریکرد بۆ ڕاگرتنی کارەکانی کۆمسیۆن ، کە یاسا دانەر زۆر بە وردی دەق نوسی کردوون ، ئایا دادگای فیدراڵ لایەنی پەیوەندیدارە بۆ روانین لەم بابەتە: یەکەم : لە ماددەی (٢٣)ی پەیرەوی ناوخۆی دادگای فیدراڵی ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٢ دا هاتوە ، دوای شەش مانگ لە دەستپێکی پرۆسەی هەڵبژاردن نابێت تانە لەیاسا و رێکارەکانی تایبەت بە هەڵبژاردن بدرێت لەبەردەم دادگای فیدراڵی ، مەبەستەکە ڕوون و دیارە ، جونکە بە بونی داوا و سکاڵا لەسەر یاساو پەیرەوەکانی کۆمسیۆن لەبەردەم دادگای فیدراڵی واتە وەستانی پرۆسەکە دەرچوون لە تەوقیت و کۆتەکانی دەستوور . دووەم : لە یاسای ژمارە (٣١ ) ساڵی ٢٠١٩ یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکاندا هاتوە ، ماددەی (١٩) دەستەیەکی دادوەری پێکدەهێنرێت بۆ راونێن لەو تانانەی لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی کۆمسیاران دەدرێن ، بڕیارەکانی ئەم دەستەی دادوەری هەڵبژاردنە بنبڕن و تاکە دادگایە بۆ یەک لایی کردنەوەی تانەکان . سێیەم : لەماددەی ( ٢٠) یاسای کۆمسیۆن پابەند کراوە بە بلاوکردنەوەی بڕیارەکانی ، لایەنی زەرەر مەند بۆی هەیە تانە لەبریارەکانی کۆمسیۆن بدات لەماوەی (٣) رۆژدا لەرۆژی دوای بڵاوکردنەوەیان لە سێ رۆژنامە یان ماڵپەری کۆمسیۆن . چوارەم : لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان کوردستان ، ژمارە (١) ساڵی ١٩٩٢ی هەموار کراو ، هەمان پابەندی خاڵی (دووم و سییەمی سەرەوە دەکاتەوە . با بێنەوە سەر بابەتەکە ، (بەرێز مەسرور مەسعود بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی (٦ /٥ / ٢٠٢٤ ) داوایەکی پێشکەش بە دادگای باڵای فیدراڵی کردوە ، داوا دەکات دادگا فەرمانی وەلائی دەربکات ، و کۆمسیۆن ناچار بکات بە ڕاگرتنی تەوای رێککارەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ، کە بە مەرسومی هەرێمێ لە (٣ /٣ /٢٠٢٤ ) وادەی ١٠ ی حوزیران وەک رۆژی هەڵبژاردن لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریکردبوو بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان . بارزانی داواکەی دژی ئەنجومەنی کۆمسیارانە ، لە داواوەکەیدا تانە لە ماددەی دووەمی پەیرەوەی ژمارە (٧)ی تایبەت بە تۆمار کردن و پەسەندکردنی لیستی کاندیدان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داوە ، کەلە لایەن ئەنجومەنی کۆمسیارانەوە پەسەند کراوەو بڵاو کراوەتەوە ،کە هەرێمی کورستانی بە چوار بازنە دیاریکردوە لە دابەشکردنی (١٠٠) کورسی پەرلەمان بەسەر چوار بازنەکەدا پشتی بە تۆماری دەنگدەران بەستوە نەک ژمارەی دانیشتوان ، وەک لە ماددەی (٤٩)ی دەستوردا هاتوە کە هەر (١٠٠) هەزار کەسێک نوێنەرێکیان دەبێت لە ئەنجومەنی نوێنەران ، هەروەها لە داواکەی ئەنجومەنی کۆمسیاران تۆمەتبار کردوە بە سەرپێچی یاسیایی و بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە (٨٣)و یەکخراوەکانی( ١٣١ ، ١٨٥)کە پێرەوی بنەمای یەکسانی و دادپەروەری نەکردوە و پێکهاتەکانی بێ بەشکردوە لەمافەکانیان ، سەرۆکی حکومەت لە داوەکەی بە سیفەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تانەکەی پێشکەش بە دادگا کردوە بۆ ئەمەش پشتی بە بڕگەی دووەمی ماددەی یەکەمی یاسای ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٣) ی ساڵی ١٩٩٢ هەموارکراو بەستوە ،هەرەوها دووپاتی مافی ئەنجومەنی وەزیران دەکاتەوە و ئاماژەی داوە بە بڕگەی (٨ )ی ماددەی( ٧ )ی هەمان یاسا کە دەسەلاتی ئەنجومەنی وەزیرانە پاریزگاری ماف و بەرژەوەندی هاولاتیان بکات ، بۆیە بە پشت بەستن بە بڕگەی یەکەمی ماددەی (٩٣) دەستور و بڕگەی یەکەمی ماددەی (٤) یاسای دادگای فیدراڵ ژمارە (٣٠) ساڵی ٢٠٠٥ ی هەموارکراو ، داوا دەکات دادگا بڕیار بدات بە نادەستووری بونی ماددەی (٢)لە پەیرەوی ژمارە (٧) ساڵی ٢٠٢٤ ی پەیرەوی تۆمارکردن و پەسەندکردنی لیستی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، هەروەها داوا دەکات دادگا بڕیار بدات بە راگرتنی رێکارەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تا یەکلایکردنەوەی داواکەی . بۆیە جێگەی خۆیەتی لێرەدا چەند پرسیارێک بکەین و لە ناوەرۆک و دەقە یاساییەکان ووردبینەوە : وەک لەسەرەوە ئاماژمان بە کۆمەڵی بنەمای دەستوری و یاسایی داوە ، پێویستە ئاماژە بە ماددەی (١٣ )ی دەستوور بدەین : يەكەم: ئەم دەستورە بە ياساى باڵاو هەرە بەرز دادەنرێت لە عێراقداو، پێويستە لە هەموو شوێنێكى عێراقدا پابەندبن پێوەى بە بێ جياوازى. دووەم: نابێت ياسايەك دابنرێت پێچەوانەى ئەم دەستورە بێت. بە رای بەندە دەبێت دادگای فیدراڵی پابەندی ماددەی (١٣) ی دەستووربێت لە دادبینەکانیدا ، داداگای باڵای فیدراڵی لەدەرکردنی بڕیاری ژمارە (٨٣) و یەکخراوەکانی ژمارە (١٣١ و١٨٥) پەلەی کرد ، هەروەها ناڕونیەک لە بڕیارەکەدا بەدیدەکرێت ، ئەنجومەنی کۆمسیارانێش داوای رونکردنەوەو راڤەیان نەکرد کرد لە مەبەستی بڕیاری دادگا . بۆ پرسی داواکەی سەرۆک وەزیران بە وورد بونەوە لە پەیرەی ناوخۆی دادگای فیدراڵی و یاسای کۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان ، لایەنی پەیوەندیدار لە روانین لە تانەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانە نەک دادگای فیداراڵی ، بۆیە لەبنەرتدا لەرووی یاساییەوە پێویست بوو دادگا فیدراڵی ئەو داوایە رەت بکاتەوە ، چونکە لایەنی زەرەر مەند لەوادەی دیاریکراو لەبەردەم دەستەی دادوەری هەڵبژاردن تانەی لەبڕیاری کۆمسیۆن نەداوە کە پەیرەی ژمارە (٧)ی تۆمارکردن و پەسەندکردنی لیستی کاندیدانە ، هەرەها رەچاوی پەیرەوی ناوخۆی خۆی نەکردوە ، پرسی دابەشکردنی بازنەکان و (١٠٠) کورسی پەرلەمان ئەوە بریاری دادگای فیدراڵی خۆی بوو نەک ئەنجومەنی کۆمسیاران ، ئەنجومەنی کۆمسیاران لەسەر بنەمای دابەشکاری کورسیەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کورسی بازنەکانی دابەشکردوە، بۆیە دادگا لە دۆزینەوەی دەرچەی یاسایی بۆ ئەو بارودۆخەی هەرێمی کوردستان، بەڕای بەندە زیاتر هەولی داوا سازان دروستبکات و بنەمای بڕیاردانیشی زیاتر سیاسیە . ئەنجام : هەڵبژاردن دوا دەخرێت ، وادەی نوێ کەی دەبێت دیار نییە ، بەڵام دادگا بڕیاری چی دەدات ئەبێت چاوەڕێ بکەین ، خۆ ئەگەر ژمارەی کۆرسی بە پێی بنەمای ماددەی (٤٩)ی دەستور دیاربکرێن وەک لە داواکەدا هاتوە ، کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان بەنزیکەیی دەبن بە (٦٢) کورسی بەپێی ژمارەی دانیشتوان و داتاکانی وەزارەتی پلان دانان، هەولێر ٢٢ کورسی ، سلیمانی هەڵەنجە ٢٥ کورسی ، دهۆک ١٥ کورسی ، وە تەرخانکردنی کورسی کۆتاکانیش لە کورسی تەرخانکراوەکانی هەر پارێزگاێک دەبێت ، بەڵام گرفتەکە هەر بەردەوام دەبێت کە پێکهاتەکان خۆیان دەنگ بە کاندیدانیان خۆیان نەدەن ، چونکە حیکمەتی دیاریکردنی کۆتا گەیشتنی پێکهاتەکان بە کورسی بۆ نوێنەرایەتی کردنی پێکهاتەکان خۆیان ، لێرەشدا لەسەر ژمارەی کورسی پێکهاتەکان ڕاو سەرنجی جیاواز هەیە ، ئەگەر بۆ پێکهاتەکان یەک کورسی تەرخان بکرێت بۆ پەرلەمان وە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکانیش لەسەر ئاستی پارێزگا کورسیان بۆ تەرخان بکرێت ، لەوانەیە ئەنجامێکی پەسەندکراوی هەبێت لای هەموان .
لوقمان مسته فا خوێنەرانی بەڕێز.. ئەم بابەتە تەنها باس لە سودو زیانەكانی سیستەمێك دەكات كە ناوی سیستەمی بانكی هەژماری منە.مانای ئەوەنیە كە نوسەرەكەی ئەم سیستەمەی پێ پەسەندبێت ، بەڵكو تەنها بەشێوەیەكی یاسای دیدو تێڕوانینەكانی خۆی لە سودو زیانەكانی بۆ ئێوەی ئازیز ڕون دەكاتەوە. سیستەمی بانكی هەژماری من : بریته له دابەشکردنی مووچە لە رێی کارتی بانکییەوە، فەرمانبەر هەژمارێکی بانکی بۆ دروست دەکرێت و لە رێی کارتێکی زیرەکەوە مووچەکەی وەردەگرێت. ئەگەر دەستی حیزب و كەسانی چاوچنۆكی لە پشتەوە نەبێت و بۆ بەرژەوەندی حیزبی و كەسی بەكار نەهێنرێت ئەوە سیستەمێكە وەك هەر سیستەمێكی بانكی مۆدێرن و بێ كێشەیە. چونكە ئامانج لەم سیستەمە بانكیە وەك خۆیان دەڵێن هەوڵی به مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستان و خێراترکردنی پڕۆسەی بە دیجیتاڵکردنی حکومەتە، کە بەشێکی سه ره كیه له دید گای كەسانی پسپۆڕ لە بوارەكەدا كە كوڕی ئەم ووڵاتەن و كاردەدەستن لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازی و گۆڕانکاری ڕیشەیی و پاڵپشتی پارەدانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان. بە متمانیەیەكی ڕەهاوە دەڵێن بەهۆی ئەم سیسته مه وه، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف، لە ڕێگەی تۆڕێک لە ئامێری پارە (ATM)ەوە کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات، کە ئاسانکاری دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانەش قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی. بەم کارە پارەدان بۆ نزیکەی یەک ملیۆن فەرمانبەر، هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە وکارایی حکومەت و شەفافیەت زیاتر دەکات.پێیان وایە سودێكی یەجگار زۆری هەیە بۆ هاوڵاتیان. -سودەکانی سیسته می هه ژماری من : - ئەم سیستەمە بانكیە وەك باسمان لێوەكرد ئەگەر بەشێوەیەكی تەندروست بەڕێوە بچێت ئەوا چەندین سودی جۆراو جۆری بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەبێت و لە بواری ئاسانکاری و سەلامەتی هەژمارەکان دەبێتە هۆی پێدانی مووچەی فەرمانبەران بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و لە کاتی خۆیدا، بەبێ بوونی نۆرە و کاتی زۆر. هەروەها توانای دەستڕاگەیشتن بە پارە لە هەر شوێنێک بە بەکارهێنانی بانکی مۆبایل - ئەنتەرنێت بەبێ سەردانی لقەکان. هەروەها کاریگەری دەبێت لە سەر داهاتی زیادە لە دانانی پارەی نەختینەیی ناکار لە پاشەکەوتدا و کڕینی کاڵا یان خزمەتگوزاری یان پارەدان بە خەرجییە کەسییەکان لەڕێی قەرزی ئاسانەوە. هەروەها لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت پارە بدرێت بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکان و حەواڵە لە نێوان هەژمارە جیاوازەکان و وەرگرتنی حەواڵەی نێودەوڵەتی بێ ئەوەی پێوست بە سەردانی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو بکات. لە هەمانکاتدا ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەشداریکردنی هاووڵاتیان لە کەرتی بانکیدا و هەنگاو بە هەنگاو زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە و خەرجی بەکاربەرانیش بەهۆی زیادبوونی قەرزی تاکەکەسی زیاد دەبێت و دەرفەتی کاری زیاتریش لە کەرتی بانکیدا دەڕەخسێنێت. بەڵام ئەگەر هاتوو بەشدار بوو بە هۆشیارانەوە مامەڵەی لە تەكدا نەكات بەتایبەت لە كاتی واژۆ كردنی گرێبەستەكەدا كە چۆن بەشدار دەبێت و ئەو بڕگەو مادانە چین و چی لە بەرژەوەندی دایە ئەوا توشی زیانی مادی دەبێتەوە وەك هەر گرێ بەستێكیتر. هەندێ لە زیان و مەترستەكانی ئەم سیستەمە بانكیە دەخەینە ڕوو -زیانه كانی سیسته می بانكی هه ژماری من :- لەم سیستەمەدا كەسی به شدار بوو بۆ وەرگرتنەوەی كارتی بانكیەكەی بەپێی (هەژماری من)، فەرمانگەكەی ئەو اجباری دەبێ حساب بانكی بكەنەوە. لەو بانكە گرێبەستێكیان بۆ ڕێكخراوە بەشێك لە ماددە و برگەكانی جێگای هەڵوەستەیە، لەوانە:- 1- بە واژۆكردنی ئەم گرێبەستە پابەند دەكرێ لەهیچ بانكێكی تر هەژماری حیسابی نەكاتەوە. 2-بانكم كردە بریكاری خۆم (بەبێ گەڕانەوە بۆمن) هەركاتێك بیەوێت دەتوانێت ئەو قەرزانەی حكومەت داوای لێدەكات دەفعیان بكات و لە موچەكەی بیهێنێتە خوارەوە. 3- بانك هەركاتێك بیەوێت (بەرەهایی، هەر لەراستیدا وشەی رەهایان بەكارهێناوە) دەتوانێت عمولەی موچەكەم بگۆڕیت بۆ هەرچەندێك كە بانك دایدەنێت و پێویست بە گەڕانەوە بۆمن ناكات. كۆمەڵێك شتی سەیرتر لە مەرجەكان:- 1- تەلەفۆنت بۆ دەكرێت دەڵێن وەرە كارت وەربگرەوە و باسی عقدی حساب بانقی ناكرێت. 2- دوای ئەوەی واژۆی ئەلكترۆنیت پێدەكرێت ئینجا اعلانی دەكەن كە ئەمە گرێبەستێكە واژۆت كردوە. 3-بەهیچ شێوەیەك مەرجەكان بە كاغەز نیشانی كەس نادەن. 4- نایەڵن مەرجەكانی گرێبەستی كردنەوەی حساب بانك وێنەبگری. 5- وێنەی گرێبەستە ئەلكترۆنیەكەت پێنادەنەوە. لە ئەنجامدا : گریمان ئەم سیستەمە بانكیە لەپێشەوەی هەموو بانكە عێراقیەكانەوەیە لە ڕووی مۆدێرنێتی ، وە بە باشترین سیستەمی بانكی دابنرێت ، بەڵام ناتوانی متمانەی خەڵك بە دەستبێنێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی حوكمڕانیەتی خۆیدا نەك هەر نەی نەیتوانیوە خزمەت بە هاوڵاتیەكانیبكات بەڵكو بۆتە گرفت و سەر ئێشەی بۆ خەڵك دروستكردووە لە سەرجەم سێكتەرەكانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتداریدا . هەر لە تەك ئەوەشدا پێداگری حكومەت لەسەر پەیڕەوكردنی سیستەمی بانكی هەژماری من بە شێوەی زۆرەملێ خۆی لە خۆیدا بۆتە هۆی دروستبوونی ئەو بێ متمانەییەی هاووڵاتیان.
د. عهبدولقادر ساڵح سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم لە تیانووسى داواكهیدا بۆ دادگای فیدراڵی، داواى لە دادگاى باڵا کردووە حوکم بدات بە نادەستورىبوونى ماددەى (2) لە پەیڕەوى ژمارە (7)ى ساڵى 2024ى کۆمیسۆنى باڵاى سەربەخۆیى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ هەلبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى عێراق، کە ماددەکە دوو بڕگەى سەرەکى لە خۆى دەگرێت و بریتین لە: 1. هەرێمى کوردستانى دابەشکردووە بۆ چوار ناوچەى هەلبژاردن کە بریتین لە (هەولێر، سلێمانى، دهۆک، هەڵەبجە). 2. ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستانى دیاریکردووە بە (100) کورسى و دابەشى کردووە بەپێى هەر چوار ناوچەکەى هەڵبژاردن. بێگومان تۆمارکردنى داوایەکى لەم چەشنە جێگەى دەستخۆشییەو دروستترین رێگەى چارەسەرکردنى کێشەو ململانێکانە، جا ئیتر ئەنجامى داواکە هەرچى بێت، هەروەها لە رێکارەکانى تۆمارکردنى داواکەشدا، رەچاوى ئەحکامى ماددەى (93/ یەکەم) لە دەستورى عێراق کراوەو لەسەر ئەو بنەمایەش داواکە تۆمارکرداوە، کە ئەمەش خۆى لە خۆیدا هەنگاوێکى دروست و یاساییە بۆ تۆمارکردنى داواکەو تایبەتمەندى تێڕوانینى داواکە دەدات بە دادگاى فیدراڵى. بەڵام ئەوەى لێرەدا جێگەى سەرنجەو دەکرێت بکرێتە پرسیار جەوهەرى و کاریگەرى لەسەر داهاتووى ئەم داوایە هەیە ئەوەیە: ماددەى (2) لە پەیرەوى تانەلێدراو لەبەردەم دادگاکە، لە بڕگە حوکمییەکانى (یەکەم و سێیەم) لە بڕیارى دادگاى باڵاى فیدراڵییەوە سەرچاوى گرتووە لەداواى ژمارە (83/ موحدتیها 131 و 185/2023)، بەو مانایەى ماددە تانەلێدراوەکە لە دەقى بڕیارێکى پێشووترى دادگاکەوە وەرگیراوە. ئەمە جەوهەرى بابەتى داواکەیە لەڕووى ناوەڕۆکەوە، دیارە بە رەچاوکردنى بڕگەى دووەمى داواکە کە داواى دەرکردنى فەرمانسالارییەکى (أمر ولائی) کردووە بۆ راوەستانى رێکارەکانى کۆمیسیۆن تایبەت بە هەلبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تا کاتى یەکلابوونەوەى ناوەڕۆکى داواکە.