دەربازبوون لە قەیران

Draw Media

2024-08-28 07:21:04



عەلی کەریمی
زیاتر لە دە ساڵە، دوای بەرزکردنەوەی دروشمی "بەرەوە دەسەڵات" لە ساڵی ٢٠١٣ لە لایان بزوتنەوەی گۆڕان و شەخسی کاک نەوشیروان بە دووسێ جار نووسین و لێدوان و چوونم بۆ لای کاک نەوشیروان حەولی زۆرم دا لەم بریارە پاشگەز ببنەوە و ڕێی هەولێرو دەسەڵات و پارتی نەگرنەبەر.
لە سەردانێکی ئاساییم لە ساڵی ٢٠١٣ بۆ لای لە ماڵەکەی خۆی کە خەریکی ئامادەکردنی لیستی ئەندامەکانی پەرلەمان بوو، تووشی تێکگیرانێکی جیاوازی بۆچوونەکان بووین، من حەولم دەدا کە بڵێم جارێ زوویە بۆ چوون بەرەو دەسەڵات و شەراکەتی حکومەت، ئەم کارەتان بە لەناوچوون و کەم بەهابوونی گۆڕان تەواو دەبێ، ئەویش دەیگووت نا تا نەچینە دەسەڵات و لەنزیکەوە تەداخولی حکومەت نەکەین چاکسازیمان بۆ ناکرێت، ئەو سوور بوو، منیش دەمگووت گوڵێکی جوان و پاکت پیێە و لە قوڕی وەردەدەی، بۆ وان فەرق ناکات و هەر قوڕاوین، ئەوە ئێمەین پیس دەبین، لێگەڕێ با چوار ساڵی دیکەش بە تۆپخانەکە ( ک ن ن) دایانگرین و ئۆپۆزیسۆن بین و بڕۆین بەرەو چل کورسی ئەوجار با باسی دەسەڵات بکەین، فایدەی نەبوو ئەو بڕیاری خۆی دابوو، هەڵبەت ئەوەی کە چۆن ئەو بریارە درابوو بە بێ شک پێویستی بە وردبوونەوە و لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی هەیە لە لایان هەموو کاربەدستانی یەکێتی، پارتی و لەوانەش گرنگتر هەڵسۆڕاوانی دەرجە یەکی گۆڕانیش، من لێرە جارێ دەست بۆ ئەمە نابەم. تەنیا وەبیرم هێناوە کە گۆڕان لە ٢٠٠٩ کە ئەم دەنگە زۆری برد هۆکاری سەرەکی ڕەخنە لە دەسەڵات و گەندەڵی و زەقکردنەوی کەم و کوڕێکان بوو کە تۆپخانەکەی گۆڕان شەو و ڕۆژ لێی غافل نەدەبوو، هەڵبەت لە هەموو ئەوانەش گرنگتر باکگراوندی ئانتی بارزانی بوو لە لایان سەرکردەو زۆربەی زۆری هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەکەو بە عام خەڵکی ناوچەی سلێمانی، هەڵبەت ئێستاش هەر پێموایە هەر گرووپ و لیستێک ئەم دژایەتییە لە گەڵ پارتی و بنەماڵەی بارزانی زەق کاتەوە لە ناوچەی سلێمانی و کەرکوک و گەرمیان سەرکەوتن بۆ خۆی هیچ نەبێ تا ڕادەیەک دەستەبەر دەکات و بەعکسەوە لایەنگری بۆ پارتی لەم ناوچەیە ئەم برەوەی نابێ و شتەکەش زۆر لۆژیک و تەبیعییە بۆ میللەت ئەگەر هەر قەرار بێ وەدوای گروپێک کەون کە ئینتماو لایەنگری پارتی بن باشترە بەرەو خودی سەرچاوەکە بچن تا ئەوەی لە دەستی دوو سۆزو لایەنگریان بۆ دەربڕن. بە کورتی زۆر بە زەحمەتی دەبینم حیزب و لیستی سێبەر لە ناوچەی سلێمانی سەر بە پارتی، نەجاحەتێکی ئەوتۆ بێنن.
ئەوەتا نەمشاردۆتەوەو چەند ساڵە دەیڵێم ئەوەی کە گۆڕان وا پەڕو باڵی خۆی کرد، ڕاستە سەرکردەیەکی وەک کاک نەوشیروانی لە کیس چوو بەس بە بێ دوو دڵی سۆزو چوونە ناو باڵ و سێبەری پارتی بوو کە وایان لێ بەسەر هات.
سەرچاوەی کانییەکان کەمیان کردووەو هەر بەرەو کەمتریش دەچن و لق پۆپی سەرچاوەکانیش هەر زیاد دەکەن و بچوکتر دەبنەوە، سەرچاوە کە دەیان لقی لێبووە دیارە ئەم خوڕو گرفەو لوورەی جارانی نامێنێت و زۆر بە ئاسانی تاقە ئاودێرێک تەنیا بە خاکەندازەیەک بە سەهلی دەتوانێت ڕێڕەوی بگوڕێت و تەنانەت بەرەو عەدەمی نادیاری بەرێت.
لە نوسینی ئەم وتارە لەم سەردەمە کە هەرێم دەیان لق و پۆپی لێ پەیدا بووەو بەزوویی بەرەو هەڵبژاردن دەچین، هەموو باش دەزانین ملدەبەرملان و زۆرانبازێکان گەیشتوونە کوێ و تا مانگێکی تر بەرەو کوێ دەڕوات و باوەڕ ناکەم لە بێحورمەتی و درۆ و بوختان و فشەکردن هیچی تێدا بێڵنەوە، هەر لە سەری ئێوارەوە مانگەشەو دیارەو ئەوەی بیری چاک و دڵسۆزانەی لێ نەکرێتەوە بەرژەوەندی و دواڕۆژی ئەم میللەتە خێرلەخۆنەدیوەیە، هەر چاوێک بە کاندیدەکانی ئەم حیزب و گرووپانەدا بخشێنین تەنانەت خەڵکی کوردستانیش نەبین و ئاشنای کۆمەڵگا بین دەزانین کامانەن کە مرخیان لە پەرلەمانتاری و مەعاشی خەیاڵی خۆش کردووەو بۆچی و بە چ نیازێک دەچن، ئەوەندەی من بزانم کەمن ئەوانەی کە ساحیب کەسایەتێکی بەرچاو و خاوەن ڕابردوو و بەهرەن ئامادەبن لەم کوردستانە کە ئەم بەڵای سوکبوون و بێحورمەتیان بەسەر پەرلەمان هێناوە، خۆ کاندید بکەن و مەراقی چوونی ئەم بینایەیان هەبێ کە بووەتە جێی گاڵتە پێکردن و نوکتە لەسەر کردن و کارتۆنی بوون.
لێرەدا من هیچ ئومێدێکم بە چاکسازێکی وا بە زوویی لەمەڕ کارو وقاری پەرلەمان نییە، بەڵکو لە مکانیزمێک  دەگەڕێم حاڵی ئەم گەلە بەستەزمانە بە جۆڕیک بگاتە لەنگەرێکی تا ڕادەیەک ئاسودەو بێ خەتەر لە ئاژاوەی ناوخۆ و موئامرات و پیلانی دەرەکی.
بۆ ناوچەی سلێمانی لەوە بە باشتر نازانم و نابینم کە بزووتنەوەی گۆڕان دەسبەجێ لە سەر وەسێتی هەر دوو سەرکردە مام جەلال و کاک نەوشیروان تێکەل ببنەوە، هەرچەند باشتر دەبوو دوای هەڵبژاردن ئەم کارە بکردرێت بەڵام بە زەحمەتی دەزانم هەڵبژاردن تەنانەت بشکرێت، بۆیە بۆ لێکنەترازان و حاڵی ئێمرجێنسی ناو گۆڕان بە باشی دەزانم هەر ئیستا بکرێت. بەم کارە ناو ڕیزەکانی خەڵکی زۆنی سەوز تا ڕادەیەک یەکگرتووتر دەبێتەوە لە لایەک و لەلایەکیتریش قەیرانی خانەی ڕاپەراندن و ڕێکخەری گشتی نامێنێت. ئەم کارەش لەسەر دەستی ماندووی بەڕێز کاک عومەری سەید عەلی بە پاسی هەموو تەمەنی و خزمەتی بە بزوتنەوەی کورد و گۆڕان و فیداکاری خۆی، دەبێتە پاداشتێکی بەرچاو بۆ ئەم پیاوە بە ئەمەک و ماندووی ڕێی خەباتی بێوچان و کوردایەتی نەپساوەی.
بۆ یەکێتیش پێش ئەم هەنگاوە مێژووییە گەر بێتو بە سینگ فراوانی لێبوردن هەبێ و هەموو لایەک ئاشتبوونەوەیەکی گشتی ڕابگەیەنن، ئەوە دڵنیام دایکی نیشتمان شاد دەکەن و زۆرێک لەم تاقم و لیستە بێ ئەجێنداو ستراتیژە خۆیان لەناویاندا دەتوێنەوە.
دەبێ حەول بدرێت سەنگ و قورسایی بۆ کاری حیزبی و حیزبەکان بگەڕێتەوە، جا ئەوجار زۆر زەحمەت نابێ پەرلەمان و حکومەتێکی سەنگین و گران جێی ئەم پەرلەمانە بی کەڵک و کارتۆنییەو ئەم حکومەتە گەندەڵ و بنەماڵەییە بگرێتەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand