هێشتاش یەکێتی هەر لۆ مارێ!

Draw Media

2024-08-12 08:28:18




رێبوار کەریم وەلی
پێش هەموو شتێک ئەوەی لە یەکدوو رۆژی رابردوو، بەناوی پێکهێنانی ئیدارەی مەحەلی لە کەرکوک کراوە، گەورەترین شکستە بۆ کورد و بۆ یەکێتیش، کە ئەگەر پارتیش هەمان شتی کردبایە و بۆی چوبایە سەر، هەمان بۆچوونم دەبوو.
*
جارێ مەعلوم نییە ئەو رێککەوتنە سەردەگرێ یان نا؟ چونکە مەعایبی قانونیی تێدایە.
*
عارف قوربانی لە وتارێکیدا نووسیویەتی، بافڵ ماڵی عارەبی کەرت کرد. راستە ئەی ماڵی کورد؟
*
یەکێک لە داواکارییەکانی ئێران، لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتیدا، ئەوە بوو کە هەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتیدا، ئاسایی بکاتەوە و، هەمیش پاڵپشتی یەکێتی بێت لە دانانی پارێزگارێکی یەکێتی بۆ کەرکوک.
*
سەرباری ئەو راسپاردەیەی ئێرانییەکان، پارتی دەیویست بە دوو کورسییەوە، لانیکەم وا لە یەکێتی بکات کە پارێزگاری نوێی کەرکوک کەسێک بێت کە بە دڵی ئەویش بێت. ئەوە سەری نەگرت؛ پارتی بە رێککەوتنی ژێر بەژێر(هاوشێوەی هاوپەیمانیەتیی صبح ) پاڵی بە یەکێتییەوە نا تا تەسلیمی داواکاریی عەرەب و تورکمان بێت.
*
بەپێی ئەوە رێککەوتنە کە (بە دیاریکراوی مفەوەز رێبوار تەها کردوویەتی)، کورد لە کەرکوک کەمینەیەکی ناچیز دەبێ لە ئیدارەدانی شارەکە و جگە لە پۆستی پارێزگار، هیچ پۆستێکی ئەمنی، ئیداری و ئابوریی بەدەستەوە نابێ. بەواتایەکی دیکە ئەوەی عارەب و تورکمان لە رابردووشدا بەرامبەر کورد پێیان نەکراوە، لەژێر چەتری ئەم رێککەوتنەدا دەیکەن و یەکێتیش لە هەمووی بەرپرسیارە.
*
ئینجا مفەوەز رێبوار تەهاش سەربار و بنبار!
*
ئەم کابرایە پێشتر مفەوەزی ئاسایشی بەدناوی یەکێتی بوو لە کەرکوک، دوایی بوو بە ئەندام پەرلەمان. ئەم پیاوە ساڵانێکە خەون بەو پۆستەوە دەبینێ، چونکە لە رابردوودا، دووجار کورد شانسی ئەوەی هەبوو کە ئەم پۆستە لەدەست کورددا بمێنێ. ئەو کابرایە لە بەغدا تێکی دا.
*
دوای 16 ی ئۆکتۆبەر بەغدا و عەبادی ویستیان ئاڵا تاڵەبانی بکەنە پارێزگار، تێکی دا. جارێکی دیکە کە پارتی و یەکێتی رێککەوتن خالید شوانی بکرێتە پارێزگار، ئەم زاتە راپۆرتی لەسەر نارد کە شوانی ئینفیساڵییە و دەستی هەبووە لە جێنشینکردنی کورد لە کەرکوک!
*
وەڵحاسڵی کەلام چەند هەڤاڵ ئەبوبەکر لە پۆستی پارێزگاردا، خێری بۆ گۆڕان و خەڵکی ناڕازی هەبووە، ئەم پارێزگارەش هێندە سودی بۆ یەکێتی و کورد دەبێ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand