Draw Media

  رێبوار کەریم وەلی زۆر بە کورتی. ئیشی سەرۆک بافڵ ئەگەر کۆتاییشی نەهاتبێ، ئەوا بۆ ماوەیەک دەبێ پشوو بدات و لە واجیهەدا نەمێنێ. * پەیوەندییەکانی ئێران و پارتی بەرەو ئاساییبونەوە دەچن. ئێران پارتیی لە کەشکەلانی فەلەک هێنایەوە خوارێ و ئەوەش بێ هاوکاریی سەرۆک بافڵ مەیسەر نەدەبوو. * لێرە بەدواوە مانەوەی سەرۆک بافڵ مەترسیی نفوز و پەلاماری تورکیا بۆ زۆنی سەوز  زیاد دەکات و ئێرانیش نایەوێ تورکیا ئەو بەهانەیەی هەبێ. * قوباد تالەبانی کە لە بنەڕەتدا بۆ شوێنی مام جەلال ئامادە کراوە، دەکرێتە واجیهەی یەکێتی و مامی بچووک لە سکرتاریەتی مامەوە، بە دوو ئاراستەدا، هەم هەوڵ دەدا ببێ بە جێگرەوەیەکی متمانە پێکراو لای ئێران و هەمیش پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا و پارتیدا نەک هەر ئاسایی بکاتەوە، بگرە بیگەیەنێتە ئاستی متمانەی موتەقابیل. *  ئەوانە هەمووی زانیارین. چاوەڕوان دەکرێ، لە داهاتوویەکی نزیکدا، لە تاران بخرێنە سەر مێزی دانوستان؛ چونکە نە ئێران پێویستیی بەو هەموو تەسعیدەیە و نە تورکیاش حەز دەکات ئەو جۆرە پەیوەندییەی لەگەڵ یەکێتیدا هەبێ. * قوباد تاڵەبانی کەسێکی متمانەپێکراوە لای تورک و رۆژئاواییەکان، تەنها دەمێنێتەوە ئەوەی کە ئێرانییەکانیش بگەنە ئەو قەناعەتەی کە توانای ئیدارەدانی یەکێتیی هەیە.


رێبوار کەریم وەلی زۆر بە کورتی. ئیشی سەرۆک بافڵ ئەگەر کۆتاییشی نەهاتبێ، ئەوا بۆ ماوەیەک دەبێ پشوو بدات و لە واجیهەدا نەمێنێ. * پەیوەندییەکانی ئێران و پارتی بەرەو ئاساییبونەوە دەچن. ئێران پارتیی لە کەشکەلانی فەلەک هێنایەوە خوارێ و ئەوەش بێ هاوکاریی سەرۆک بافڵ مەیسەر نەدەبوو. * لێرە بەدواوە مانەوەی سەرۆک بافڵ مەترسیی نفوز و پەلاماری تورکیا بۆ زۆنی سەوز زیاد دەکات و ئێرانیش نایەوێ تورکیا ئەو بەهانەیەی هەبێ. * قوباد تالەبانی کە لە بنەڕەتدا بۆ شوێنی مام جەلال ئامادە کراوە، دەکرێتە واجیهەی یەکێتی و مامی بچووک لە سکرتاریەتی مامەوە، بە دوو ئاراستەدا، هەم هەوڵ دەدا ببێ بە جێگرەوەیەکی متمانە پێکراو لای ئێران و هەمیش پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا و پارتیدا نەک هەر ئاسایی بکاتەوە، بگرە بیگەیەنێتە ئاستی متمانەی موتەقابیل. * ئەوانە هەمووی زانیارین. چاوەڕوان دەکرێ، لە داهاتوویەکی نزیکدا، لە تاران بخرێنە سەر مێزی دانوستان؛ چونکە نە ئێران پێویستیی بەو هەموو تەسعیدەیە و نە تورکیاش حەز دەکات ئەو جۆرە پەیوەندییەی لەگەڵ یەکێتیدا هەبێ. * قوباد تاڵەبانی کەسێکی متمانەپێکراوە لای تورک و رۆژئاواییەکان، تەنها دەمێنێتەوە ئەوەی کە ئێرانییەکانیش بگەنە ئەو قەناعەتەی کە توانای ئیدارەدانی یەکێتیی هەیە.


د. یاسین تەها ڕۆژی 19ی ئەم مانگە (نیسانی 2024) موقتەدا سەدر لە یەپامێكدا كە بەناوی "خودای محەمەدو عەلی" دەستیپێكردووە، پشتئەستور بەوە ناوی ناوە "زۆرینەی نیشتمانی میانڕەو"، داوا دەكات بە یاسایەك، 18ی هەموو مانگێكی حاجیان (ذي الحجة)، بكرێتە پشووی فەرمی، ئەمەش هاوتای "ڕۆژی غەدیرە". موقتەدا سەدر لە داواكەیدا هانی باڵە سیاسییەكەی دەدات (ڕەوتی نیشتمانی شیعی) كە هەموو رێگایەكی ئاشتیانەوە یاسایی بگرنەبەر بۆ تێپەڕاندنی پشووی "غەدیر" لە پەرلەمان، بە دوای ئەوەشدا "موحسین مەندەلاوی" سەرۆكی ئێستای "ئەنجومەنی نوێنەران"، پرۆژە یاسایەكی لەوبارەیەوە لە پەرلەمانتارێكی نزیك لە سەدرییەكانەوە وەرگرت و خستییە ڕێكاری یاسایی، ئەمەش بووەتە هەوێنی مشتومڕێكی قووڵ لەنێو چالاكانی هەردوو پێكهاتەی شیعەو سوننە لە عێراق پاش ساڵانێك لە ئۆقرەیی و ئاشتەوایی كۆمەڵگایی. سەرچاوە متمانەدارەكانی هەردوو ئایینزای شیعەو سوننە لەوەدا كۆكن؛ پاش حەجی ماڵئاوایی (١٠ك/٦٣٢ز)، پەیامهێن لە ناوچەیەك كە پێی دەوترێت "غەدیری خوم"، وتاری داوە بۆ حاجیان و جەختی لەوەكردووەتەوە: ئەو مەولای هەركەس بێت ئەوە عەلیش بە هەمانشێوە (من كنت مولاه فعلي مولاه)، بەڵام لەبارەی ماناو ڕاڤەی ئەم فەرموودەیە ناكۆكی و ناجۆری و دژیەكی زۆریشیان هەیە. سەرچاوە و گێڕانەوە شیعییەكان ئەم پێشهاتەی "غەدیر"و فەرموودەكە بە بناغەو سەرچاوەی تیۆریای "ویلایەت" دادەنێن كە تێیدا "عەلی كوڕی ئەبو تالیب"ی ئامۆزاو زاواو كەسی نزیكی پێغەمبەر كرابێتە دەمڕاست و پێشەواو جێگرەوە لە پاش ئەو، بەڵام دواتر "غەدری لێكراوە". بەلای سوننەكانیشەوە فەرمووەدەكە جگە لە سەلماندنی خۆشەویستی "عەلی" هیچ ئاماژەیەكی لەوچەشنەی تێدا نییە شیعە دەیڵێن و جێنیشینی (خیلافەت) بەجێهیڵراوە بۆ شورا، ئەوەشی لە "سەقیفەی بەنی ساعیدە" ڕوویدا لە پاش ئۆغری پەیامهێن لە دانانی ئەبوبەكر بە جێنشین، هیچ خەوشوخاڵێكی تێدا نییەو ئەوە هەق و ڕاستییە شەرعییەكەشە. بەپێچەوانەی گێڕانەوە شیعییەكان لە بیروباوەڕی باوی سوننەدا "باشترین كەس لە پاش پەیامهێن ئەبوبەكر پاشان عومەرە"، بەڵام لە بەراورد لەنێوان "عوسمان و عەلی" دەرفەت و بوارێكی بچوكی تێدایە جێگۆڕكێیان پێ بكرێت ئەویش لە فەزڵ و چاكەدا نەك ڕیزبەندی خیلافەت، ئەمەش كۆڕای قوتابخانە سوننەكانی لەسەرەو بەلای ئەوانە هیچ كات "عەلی" لەپێشر نییە لە ئەبوبەكر (الصدیق)و عومەر (الفاروق)، ئەمەش خاڵی بەریەككەوتنە لەگەڵ "غەدیر". هەندێك لێكدانەوە هەنگاوەكەی سەدر دەخنە چوارچێوەی "مزایدة"كردن بەسەر ڕكابەرە شیعەكانی لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر پابەندی بە سروت و پرسە شیعییەكان، هەندێكی تر دەیگێڕنەوە بۆ كاریگەریی دوورەپەرێزی و دابڕان و نەخوێندنەوەی لێكەوتەی پێداگرییەكە لەسەر بە پشووكردنی غەدیر، لەبەرامبەریشدا هیچ لە شیعە ڕكابەرەكانی تائێستا بە "بەڵێ" یان "نەخێر" لەسەر ئاستی فەرمی و ئاشكرا وەڵامیان نەداوەتەوە، بەڵام باوەڕێك هەیە تێپەڕاندنی یاسای "بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی و لادانە سێكسییەكان" لەلایەن چوارچێوەی شیعییەوە وەڵامی "مزایدة"ی سەدر بێت، ئەوەش هەیە ئەم یاسایەی تر لەبارەی لەشفرۆشی كۆدەنگی ئیسلامی و كۆمەڵگایی زیاتری لەسەرە. كێشەی بەجەژن و بە پشووكردنی "غەدیر" تەنیا لەوە نییە بۆنەیەكی جێگە مشتومڕو ناكۆكییە لەنێوان دوو پێكهاتە مەزهەبییە سەرەكییەكەی عێراق بەڵكو دوو ئاڵۆزی گەورەی تێدایە: - بە فەرمیكردنی شرۆڤەی شیعی بۆ "غەدیر" لەسەر ئاستی دەوڵەت، دژی چیرۆك و ڕیوایەتی سوننەكانە بۆ عەقیدەو مێژووی پاش سەردەمی پەیامهێن. - لێشاوێك فەتوای موعتەبەری سەرچاوە دێرین و نوێیەكانی شیعە بەردەستن لەسەر ئەوەی هەركەس بڕوای بە ویلایەتی عەلی نەبێت كە سەرچاوەكەی "غەدیر"ه‌، ئەوە لەبەرەی بێبڕوایانەو یان لانیكەم باوەڕەكەی مۆڵەقەو بەر سۆزو بەخشینی خودا ناكەوێت، بەم پێیەش ئەگەر سوننەكان بە "غەدیر" ڕازیبن بە جۆرێك لە جۆرەكان دەشێت وەها لێكبدرێتەوە كە دەچنە ژێرباری تەكفیركردنی خۆیان! لەم كێشمەكێشە كراوە ئاڵۆزەدا چارەسەرێكی سێیەم هەیە كە "غەدیر" لە پارێزگا شیعەكان بكرێتە ئاهەنگ و پشوو لە ڕێگای ئەنجومەن خۆجێییەكانەوە، بەبێ ئەوەی لەسەر ئاستی دەوڵەت بگشتێنرێت، بەڵام هەندێك لە شیعەكانی تر دەڵێن: چما ئێمە بۆ "نەورۆز"و سەری ساڵی زاینی و بۆنە ئیسلامییەكانی تر پشوومان قبوڵە بەڵام كە نۆرە هاتوەتە سەر بۆنەكەی ئێمە لە زۆر لاوە ڤیتۆ بەرزكراوەتەوە! مشتومڕی غەدیر كە ئێستا ناوەندی میدیایی و سیاسی عێراقی پێوە سەرقاڵە، یەكێكە لە دەرهاویشتەو قەیرانەكانی نەبوونی دیدگا بۆ بەرێوەبردنی وڵاتی فرەچەشن و فرەپێكهاتە، چونكە ئەگەر ئەمە تێپەڕێت چەندین بۆنەو ڕۆژی تری پڕ ئیشكال هەیە دەشێت ببنە هۆكاری پێكدادان و بەریەككەوتن لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكان، ئەمەش پێویستی بە عەقڵ و سەلیقە و بەرنامەی جیاكردنەوەی سایدەكانە بەجۆرێك هەر پێكهاتەو بازنەیەكی كلتوری و ڕۆشنبیری لە عێراقدا مافی پابەندییان بە باوەڕو سروتی خۆیانەوە هەبێت لە فەزای تایبەتدا، بەبێ ئەوەی هەوڵبدەن بیگشتێنن بەسەر هەموویداو بیكەنە پشوویەكی فەرمی و گشتی بە تۆپزی.


د. عه‌بدولقادر ساڵح * کاتێک دادگایەکى دیاریکراو بڕیارێک لە دۆسیەیەک دەدات ئەوا لەگەڵ دەرکردنى بڕیارەکەى ولایەتى بەسەر بڕیارەکەدا نامێنێ و ناتوانێت گۆڕانکارى تیا بکات. * ئەگەرهاتوو هەڵەیەکى ماددى پەتى (خطأ مادی بحت) لە نوسین یان ژمیریارى رویدابوو، ئەوا دادگا دەتوانێت لەسەر بنەماى داواکارى هەردوو لایەنى داواکە یان لایەکیان، هەڵەکە راست بکاتەوە ئەویش بەو مەرجە لایەنەکانى داواکە بانگهێشت بکاتەوە بۆ گوێگرتن لە وتەکانیان لەوبارەیەوە دواتر بڕیارى راستکردنەوە بدات، ئەمەش بە رەچاوکردن رێکارەکانى هاتوو لە ماددەى (167)ی یاساى دادبینى شارستانى . * بەگوێرەى مادەى (45) لە پەیرەوى دادگاى باڵا فیدراڵى ژمارە (1)ى ساڵى 2022، دادگاکە دەتوانیت دەست هەڵبگرێت لە بنەمایەکى (مبدأ) پێشترى کە بریارى لێداوە لە یەکێک لە بڕیارەکانیدا، بەو مەرجە کاریگەرى نەکاتە سەر سەقامگیرى پێگە یاساییەکان و مافە بەدەستهاتووەكان. بەو مانایەى ئەم دەستلێهەڵگرتنە لە خودى ئەو بریارەدا نییە کە دەرچووە، بەڵکو لە بڕیارێکى دیکەدایە. * بڕیارەکانى دادگاى باڵاى فیدراڵى کۆتایى و پابەندکارن (بات و ملزم)و رێگەپێدراو نییە بەرێگەى راستکردنەوەى بریارى پێداچوونەوە (تصحیح القرار التمییزى) تانەیان لێ بدرێت. * دادگا بێ هەبوونی پاڵپشتی یاسایی ناتوانێت دەستبەرێت بۆ رێکارێک یا راستکردنەوەیەک لە بڕیارەکانی یان هەر کارێکی دیکە.


سه‌ردار عه‌زیز لەم دواییانەدا هەوڵێک هەبووە بۆ نزیککردنەوەی باشورو ڕۆژئاڤا. بەڵام هەوڵەکە شکستی هێنا، سەرباری هەوڵی ئەمریکاو فەرەنسا. بۆ من سەرباری ڕێگریی و هۆکاری ئێستایی، لە پشت بێ توانایی کوردەوە بۆ پێکەوەبون هۆکاری قوڵتر هەیە کە دەبێت قسە لە سەر بکەین. لە ساڵی ٢٠١٨ لێکۆڵەری ئەمریکی ئامی چاو، کتێبێکی نوسی بە ناوی Political Tribes: Group Instinct and the Fate of Nations خێڵی سیاسی: غەریزەی گروپی و چارەنوسی گەلان. تێزەکەی ئامی لە سەر ئەو بنەمایە بونیادنراوە کە گەلان، زیاتر خێڵەکین نەک نەتەوە. ئامانجی ئەو ئەوەیە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکی دان بە خێڵکەێتی سیاسیدا بنێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانیتردا. ئەوەی دەتوانین لە کتێبەکەی ئامیەوە فێربین لە ڕوانگەی بتوانایی پێکەوەبوونی کوردی و کورد، زاڵی غەریزەی تیرەگەرێتی و نەبوونی ئاگایی نەتەوەیی. لێرەدا مەبەستم لە ئاگایی نەتەوەیی ئەو هاشوهوشە نیە کە لەوبارەوە لە ئارادایە. بەڵکو نەتەوەو خێڵ وەک دوو یەکەی بەرامبەر یەکتر دادەنێم، یەکەمیان، کە خێڵە، لەسەر بنەمای غەریزە بونیاد دەنرێت. ئەم گروپچێتییە غەریزەییە، لە کۆنترین خەسڵەتەکانی کۆمەڵگا مرۆییەکانە. لەبەرامبەر ئەمەدا نەتەوە هەیە، کە داهێنراوێکی مۆدێرنەیە لەسەر بنەمای دروستکردنی هاوبەشی دەستکرد، لەنێوان خەڵکانێکدا کە لەڕێگای دەزگاو ئاگایی و ناوەندەکانەوە، ئەو هاوبەشییە دەکەنە پرسێکی ڕۆژانەی ناوەکیی کراو، لەپێناو پرۆسەیەکی سیاسی گشتیدا. لە ناو کورددا، نەتەوە وەک چەمکێک هاتووە، بەڵام خزێنراوەتە ناو جوغزی خێڵەوە. دەکرێت لێرەدا چەمکی خێڵنەتەوەی بۆ دابنێین. خێڵنەتەوە ئەو خەڵکانەن کە چەمک و زاراوە نەتەوەییەکان بەکاردەبەن بە غەریزەو خواستی خێڵەکی. خێلە سیاسییە کوردییەکان کە بە هەڵە پێیان دەگوترێت پارتی سیاسی، وەک هەر خێڵێکی سیاسی تری ناو مێژوی درێژی مرۆڤایەتی لەسەر بنەمای دژایەتی و بوغز بۆ خێلەکەی تر کار دەکات. بوونی ئەم پاشخانەیە کە وەهایکردوە، بۆ نمونە، تورکیا زۆر بە ئاسانی ڕێگریی بکات لە نزیکبونەوەی باشورو ڕۆژئاڤا، بەڵام ئەمریکاو فەرەنسا شکست بخۆن لە هەوڵی نزیکبونەوەیان. بەو مانایە، چونکە لە هەناو هابیتۆسی کوردیدا، ئامادەیی هەیە بۆ پەرتی، دژبون، بوغز، هەر هەوڵێک بۆ پەرتکردن بە ئاسانی سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام هەر هەوڵێک بۆ نزیکبونەوە و تێکەڵبون شکست دەهێنێت. خێڵنەتەوە، دۆخێکی ئاڵۆزە کە نە وەک خێڵی تەقیلیدی ماوەو نەبووە بە نەتەوە، بۆیە لە دۆخێکی دەبڵ سەقەتدا دەژی. چۆن پێکەوەبیت؟ تەنها بە ئەوە نابێت کە شیعر هەڵدەیت و ئاخ هەڵکێشیت و دروشم و دەربڕینی ئایدیالیانە بڵێیت. بەڵکو پرۆسەیەکی ئاڵۆزە پێویستی بە هەموو بنەما ماددی و مەعنەوی و ئاگایی و دەزگاییەکان هەیە بۆ لێکنزیکبونەوە. لە ڕاستیدا تێزی ئەوەی کە نەتەوە بونێکی خەیاڵکراوەو ئەم خەیاڵەش بەرهەمی تەکنەلۆجیای وەک چاپخانەو ڕۆژنامەیە، مانای ئەوەیە کە نەتەوەی پرسێکی تەکنەلۆجییە. بەو مانایە نە سروشتییە، نە هەمیشەییە، نە تایبەتە. لە هەمانکاتدا تەکنەلۆجیا بریتییە لە چۆنێتی بەکارهێنانی، چونکە تەکنەلۆجیا دەکرێت بەرهەمهێنی خێڵکەیی بێت جارێکی تر، وەک ئەمڕۆ لە سیاسەتی شوناسی چەپدا دەیبینین.


مەریوان وریا قانع   لەم ھەفتەیەدا دوو رووداومان بینی کە بە ھەموو جیاوازییەکانیانەوە لە یەک خاڵدا ھاوبەشن، خاڵی نەمانی شتێک بەناوی ”سەروەریی نیشتیمانیی“ یان ”نەتەوەیی“ەوە لە عێراق و ھەرێمدا. ماوەیک لەمەوپێش لە پەیوەندییدا بە ھێرشەکەی ئێرانەوە بۆسەر ھەولێر لە مانگی یەکی ئەمساڵدا،لە وتارێکم بەناوی ”کێن ئەوانەی باس لە سەروەری دەکەن؟“ نووسیی. لەو وتارەدا باسم لەوەکرد ماوی سێ دەیەیەک دەبێت شتێک لەم ناوچەیەدا بەناوی پرنسیپی ”سەروەریی نەتەوەیی“ یان ”نیشتیمانیی“ە.وە نەماوە. ئەودەم ئێران ھێرشیکردوە سەر ھەولێری پایتەختی ھەرێم. لەم ھەفتەیەشدا دوو ڕووداوی تر ڕوویاندا کە ڕاستی ئەم بۆچوونە لە ئاستێکی تردا، دەسەلمێنن. یەکەمیان رازاندنەوەی قەڵای ھەولێربوو بە ئاڵای تورکیا و نمایشکردنی سیمای قەڵاکە وەک بەشێک لە سەرزەیمن و خەیاڵی سیاسیی ھێزە ناسیۆنالیستیی و ئیسلامییەکانی، تورکیا. دووھەمیشیان ئەو ھێرشەیە کە ئەمڕۆکە کراوەتە سەر کێڵگەی کۆڕمۆر لە گەرمیان. یەکەمیان وڵاتەکەی بردە ناو خەیاڵە ئیمپراتۆرییەکەی تورکیای ئەردۆغانەوە و دووھەمیشیانە دەیبات ناو خەیاڵی ئیمپراتۆریەتانەی ئایەتوڵاکانی ئێرانەوە. لە سێ دەیەی ڕابردوودا شتێک لەم ناوچەیەدا بوونی نەماوە بکرێت ناوی دیاردە یان ڕووداوی ”ناوخۆیی“ لێبنێین، ناوخۆ بە بەردەوامیی بووە بە بەشێک لە ”دەرەخۆ“ و ناوەوەی زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە بووە بە گۆڕەپانی ململانێی چەندان زلھێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی ناکۆک و دژبەیەک. کەم ڕووداو ھەیە دەستی ئەم یان ئەو ھێزی ناوچەیی و جیھانیی تێدانەبێت و ناوچەکەش قاندراوە بە ھێزی پرۆکسی ئەو لایەنە جیاوازانە. لە ئێستادا لانیکەم تورکیا و ئێران و سعودیە و ئیمارات و قەتەر ھەڵگری خەون و تەماحی ئیمپراتۆریانەن و زۆرجاریش وەک ئیمپراتۆریەتە کۆنەکان مامەڵەی ناوچەکە دەکەن. ئەوەی لە ھەرێمە لاواز و بەشبەشبوو و پارچەپارچەبووەکەی ئێمەدا ڕووئەدات، دابەشبوونێکی تەواوە بەسەر لایەنە جیاوازەکانی ئەم ھێزە ناوچەییە پڕ تەماحی ئیمپراتۆریانەدا. ئەم دابەشبوونەش رەچەتەی تیاچوون و لەناوچونێکی یەکجارەکییە. ئەوەی لەم ناوچەیەدا ڕووئەدات گەڕانەوەیە بۆ ئەو فەوزا ناوەکیی و دەرەکیی و ناوچەیی و جیھانییەی کە دەمانباتەوە بۆ بەر لە سەدەی ھەژدەھەم و بۆ ڕۆژگاری بەر لە دروستبوون و وەگەڕخستن و کارکردن بە چەمکی سەرەوەیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی. دەمانباتەوە بۆ ئەو دۆخەی کە فەیلەسوفی سیاسیی تۆماس ھۆبز بە جەنگی گشت بەرامبەر بە گشت ناویدەناێت. لە ئێستادا مەترسی ھەرەسەرەکیی لەسەر ژیانی ملیۆنەھا مۆرڤی ئەم ناوچەیە لەوەدایە ئەم میلەتانە لەپاڵ ئەم جۆرە لە حوکمرانیی خاوەن تەماحی ئیمپراتۆریانەی پڕچەک و تەکنۆلۆژیای وێرانکردندا دەژین. ئەم ھێزانە خاوەنی ئۆقیانوسێک لە تەکنۆلۆژیای کوشتن و وێرانکاریی ھەمەجۆرن، کە وایکردوە بتوانن بە ئاسانی بکوژن و وێرانبکەن. دۆخەکە لە ھەرێمی کوردستاندا بە ئاستێک گەیشتوە، ھیچ رووداێک لەناویدا ڕوونادات گەر بەناو خواست و خەون و تەماح و ویستیی ئیمپراتۆریانەی ئەم یان ئەو وڵاتی ئیقلیمیی یان جیھانیدا تێنەپەڕێت. دابەشبوون بەسەر ئەم ھێزە ناکۆکانەدا بە ئەندازەی پەلامارەکانی ئەنفال مەترسیدارە. ئەنفالێکیتر لە ژێر ناو و ناونیشانێکی دیکەدا.


رێبوار کەریم وەلی بەدەر لە هاوکێشە ئیقلیمییەکان کە رێگرن لەوەی عێراق لە رووی بەرهەمهێنانی غازەوە بگاتە ئاستی دابینکردنی پێویستیی ناوخۆیی و دواتر هەناردەکردنی بۆ بازاڕەکانی جیهان، کێڵگەی غازی کۆرمۆر وەک پاژنەی ئاشیلی هەر دوو حکومەتەکەی هەولێر و بەغدای لێهاتووە. * هەڵکەوتە جوگرافییەکەی کۆرمۆر لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیدایە، پارتی و حکومەت دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان بەسەر ناوچەکەوە نییە. بۆیە پارتی بە ملیۆنەها دۆلاری خەرج کرد تا لە رێگەی کڕینی کەسایەتی و عەشیرەتەکانی ناوچەکە و دروستکردنی هێزی چەکداری بۆیان، پەرە بە نفوزی سەربازی و جەماوەریی خۆی بدات. * بۆ بەغداش بەهەمان شێوەیە کە ناوچەکە بە تەواوەتی لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە ئیتیحادییەکاندا نیە و میلیشیا چەکدارەکانی شیعە لە ناوچەی نێوان دەسەڵاتەکان جێگیرن و خۆسەرن. * هەڵگریسانی شەڕی ئۆکراین، جەنگ و ئەمنیەتی وزەی بردە قۆناغێکی نوێوە. بۆیە سەرنجی رۆژئاوا کەوتەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هێشتا رووس و ئێرانییەکان نەیانتوانیوە کۆنتڕۆڵی بکەن. * ئەگەر ئێران دەستی هەبێ لەو هێرشانەدا، دەستتێداهەبوونی راستەوخۆ نییە. تەنانەت ئەنجامدانی ناڕاستەوخۆش لە رێگەی میلیشیا شیعەکانەوە، ناکرێت ئەگەر دەستێکی ناوخۆیی وەک یەکێتیی نیشتیمانی پاڵپشتی نەبێ. * لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەر هەواڵێک سەبارەت بە پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە، ئێران تەنگاو دەبێ، حکومەتەکەی پارتی لووتبەرزتر و یەکێتیش سەرکزتر دەبێ. دەرچوون لەو حاڵەتەش رەوانەکردنی چەند درۆنێکە و، ئینجا دوبارەکردنەوەی ئەو قسەیەی کە “مەگەر بۆڕیی غاز بە سەرلاشەی مندا تێپەڕ بێت”. * ئاراستەی سیاسەتی ئێران و یەکێتی یەکە. بۆیەش دوای کوژرانی تەمومژاویی ئاکام عومەری فەرماندەی هێزی کۆماندۆ و هاوکات هێزی درۆنیی یەکێتی، بۆ ماوەیەکی زۆر هێرشە درۆنییەکان وەستان. پێدەچێ کوژرانی ئاکام تەسفییەیەک بووبێ یان رووداوێکی چاوەڕواننەکراو، بەڵام لە هەردوو حاڵەتدا دەرکەوت کە یەکێتی و سەرۆکی یەکێتی خاوەنی هێزی درۆنین و دیار نییە ئەو درۆنانە لە کوێ دابین دەکەن. * لە هەموو ئەو هێرشە درۆنیانەدا، یەکەم کەس کە بەیاننامە دەردەکات و سەرکۆنەی رووداوەکە دەکات، قوباد تاڵەبانیی جێگری سەرۆکی حکومەتە.!بەڵان بەیاننامەی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر بەس ماوە ئەوەی تێدا بنوسرێ کە یەکێتی لەو هێرشە بەرپرسیارە.! * پوختەی کەلام ئەوەیە کە سەرۆکی یەکێتی بە هاوکاریی میلیشیاکان، کەرتی وزە و ژێرخانی ئابوریی کوردستانی بۆ تەسفیە حیساباتی سیاسیی خۆی لەگەڵ پارتیدا کردۆتە ئامانج. لەوە واوەتریش بۆ تەسفییە حیساباتی ناوخۆی یەکێتیش(لەگەڵ هەولێرییەکان) بەکاری دێنێت. هاوکات بەدوریش نازاندرێ کە پەیامێکی راستەوخۆ بێت لەلایەن سەرۆکی یەکێتییەوە بۆ ئیماراتییەکان کە لەماوەی رابردوودا دەستیان بەسەر پارەکانی کۆمپانیایەکی نزیک لە سەرۆکی یەکێتیدا گرتووە کە نزیکەی 350 ملیۆن دۆلارە.


د. سەردار عەزیز چەند هەفتەی ڕابوردوو سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق نزیکەی پەنجا ڕێکەوتنی لە گەڵ تورکیا و ئەمریکادا واژۆکرد. ئەم هەموو ڕێکەوتن و لێکگەیشتنانە ئینتیباعێکی وەهایان دروستکردبوو کە عێراق بەرەو دۆخێکی تر دەچێت و بەڕوی گەشە و بازاڕ و کۆمپانیا بیانیەکاندا دەکرێتەوە. یەکێک لەو بوارانەی کە لە واشنتۆن قسەی لە سەر کرابوو غاز بوو. ئەمریکاییەکان بە سودانیان گوتبو کە ڕەنگە ڕێگەپێدانەکەی کڕینی غازی ئێرانی نوێ نەکەنەوە. ماوە ماوە ئەمریکا ڕێگە بە حکومەتی عێراقی دەدات کە سەرباری ئابلۆقە لە سەر ئێران غازی ئێرانی بکڕێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وڵاتدا. ئەمریکاییەکان فشار دەکەن کە ئەمە کۆتایی بێت، بەڵام عێراق هەمیشە دەڵێت ئێمە پێویستمان بە چەندین ساڵە بۆ کۆتایی هێنان بەو غازە. خودی ئابلۆقەکە غازەکەی لە سەرچاوەیەکی وزەوە کردوە بە یەکەیەکی جیوپۆلەتیکی نێوان ئێران و ئەمریکا. ئەم پاشخانە چیمان پێدەڵێت؟ ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان ئەو جێگایەی کە لێدراوە لە کێڵگەکە، لە گەڵ لێدانی جاری پێشوو کە ساڵی ڕابوردوو ڕویدا، سەرە داوێکی گرنگمان بۆ دەردەکەوێت. هێرشە درۆنییەکە بۆ هەمان  ئەو بەشە نوێیەی کۆمپانیاکەیە کە دەخوازرێت دروست بکرێت، بەم پێیە، پەیامەکە ئەوەیە کە دانا گاز نابێت ئاستی وەربەرهێنانی زیاد بکات. نابێت عێراق ببێت بە خاوەن غازی زیاتر. ئەمریکا ناتوانێت وەیڤەرەکەی نوى نەکاتەوە، بە تایبەتی لە کاتی هاویندا کە کارەبا بۆ سپلیت زۆر پێویستە. نەمانی کارەبا لە تەموزدا سودانی دەکاتە قەرەبروت. لە ڕۆژانی ڕابوردودا کارم لە سەر هاتنەکەی ئەردۆگان دەکرد. ئەوەی نوێ بوو، بێدەنگی ئێران بوو. بەڵام ئێستا گەر کەسێک ژیربێت ئاماژەیەکی بەسە.


د. ئارام ره‌فعه‌ت لە رێگەی ئەم پەیامەوە دەمەوێت ئەوەتان بیر بخەمەوە کە، رەجەب تەیب ئەردۆغان رۆڵی سەرەکی هەبوو لە لەباربردنی ریفراندۆمی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧و لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان و راگرتنی هەناردەی نەوت و بەشێکی زۆری دەسکەوتە ئابوری و سیاسی و سەروەرییەکانی هەرێم. فەرموون ئەوە مێژوو: * ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ ئەردۆغان پەیامێکی هەڕەشەئامێزی بۆ بارزانی ناردو داوای پاشگەزبوونەوەی ریفراندۆمی لێکرد. داوای کرد ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکەکان لە ٢٢ی ئەیلول لەمەڕ ئەو پرسە کۆبێتەوە. * ٢٢ی ئەیلولی ٢٠١٧ ئەردۆغان سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی کرد.ئەردۆغان رایگەیاند: - ریفراندۆم هەنگاوێکی ناشەرعییە - مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی تورکەکان - ئەمە دوا ئینزارە بۆ بارزانی - هەڕەشەی بەکارهێنانی هەموو رێوشوێنێکی دیبلۆماسی و ئابوری و سەربازی کرد ئەگەر ریفراندۆم ئەنجام بدرێت. * ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ (رۆژی ریفراندۆم) - ئەردۆغان هێزێکی سەربازی عێراقییەکانی هێنایە باکوری کوردستان، بۆ لێدان لەپشتەوە لە هەرێم. - هەر ئەو هێزەی عێراقییەکان لەگەڵ سوپای تورکەکاندا مانۆرێکی هاوبەشییان لەسەر سنور کرد. - عەلی یڵدریمی سەرۆک وەزیران هەڕەشەی گرتنەبەری رێکارە سەربازی و دیبلۆماسی و ئابوری و سیاسی دژی هەرێم کرد. * ٢٦ی ئەیلولی ٢٠١٧ لەم رۆژەداو بەر لە بەغدا و تاران، ئەردۆغان: - ریفراندۆمی بە خیانەت و مەسعود بارزانی بە خیانەتکار وەسف کرد. - هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی کرد. - هەڕەشەی راگرتنی هەناردەی نەوتی کرد - هەڕەشەی گەمارۆی ئابوری و کوشتن لە برسان لە خەڵکی هەرێم کرد. جگە لەوە: - بەهاندانی ئەردۆغان، حەیدەر عەبادی داوای تەسلیمکردنی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کرد. - عەبادی هەڕەشەی کرد ئەگەر فڕۆکەخانەکان تەسلیم نەکەن گەمارۆی ئاسمانی دەخەنە سەر هەرێم. * ٢٧ی ئەیلولی ٢٠١٧ - ئەردۆغان هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد کە پەیوەندییەکانی لەگەڵدا دەپچڕێنێت ئەگەر پشتیوانی ریفراندۆم بکات. - هەڕەشەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کرد. * ٢٨ی ئەیلولی ٢٠١٧ - ئەردۆغان بۆ دژایەتی ریفراندۆم دیداری لەگەڵ پۆتیندا کردو لە کۆشکەکەی خۆی پێشوازی لێکرد. - هەڕەشەی گرتنەوەی بۆری نەوتی هەرێمی کرد. - تەوهینی بە بارزانی کردو پێی گوت تۆ سەرۆکی عەشیرەتی نەک سەرۆکی دەوڵەت. * ٣٠ی ئەیلول - ئەردۆغان هەڕەشەی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کرد. - هەڕەشەی مردن لە برسانی لە هەرێم کرد. - هێزەکانی داگیرکەری عێراقی هێنایە سەر سنوری باشور لە ناو خاکی تورکیاوە. - مانۆڕی سەربازی هاوبەشی لەگەڵ سوپای داگیرکەری عێراقیدا کرد. - بەهاندانی تورکەکان، وەزیری بەرگری عێراقییەکان گوتی بڕیارمان داوە سنورەکانی هەرێم کۆنترۆڵ بکەین. * ١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لەمەڕ ریفراندۆم ئەردۆگان کۆبوونەوەی بە پەرلەمانتارەکانی کردو پێی راگەیاندن: - هەوڵی دروستکردنی بەرەیەک دژی ریفراندۆم دەدات. - بۆ ئەو مەبەستە ٤ی ئۆکتۆبەر دەچێتە تاران. * ٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ - ئەردۆغان وەزیری بەرگرییەکەی، خولوسی ئاکار، دەنێرێتە ئێران و بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی هاوبەش دژی هەرێم. - وەک ئاماژەیه‌ک بۆ سوربوونی ئەردۆغان لەسەر لێدانی ریفراندۆم و هەرێم، خولوسی یەکەم وەزیری بەرگری تورکیایە کە دوای روخانی شا سەردانی ئێران بکات. * ٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ - وەزیری دەرەوەی تورکەکان داوای لە عێراق کرد بەهاوکاری تورکەکان سەرجەم سنورەکانی هەرێم کۆنترۆڵ بکەن. - ئەردۆغان هەڕەشەی کرد کە گەمارۆی زیاترو توندتر دەخەنە سەر هەرێم. * ٤ی ئۆکتۆبەر ٢٠١٧ بۆ دروستکردنی بەرەیەک دژی ریفراندۆم ئەردۆغان سەردانی ئێرانی کرد: - چاوی بە رۆحانی و خامنەئی کەوت. - ئەردۆغان داوای کاری هاوبەشی دژی ریفراندۆم لە ئێرانییەکان کرد. - ئەردۆغان داوای مانۆڕی سەربازی و گەمارۆی ئابوری هاوبەشی دژی هەرێم لە ئێرانییەکان کرد. - ئەردۆغان پێشنیاری پلانی هاوبەشی لەگەڵ عێراقییەکان و ئێرانییەکان بۆ راگردتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کرد. - لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکانی ئەردۆغان و ئێرانییەکاندا: - رۆحانی نەرمی نواندو رایگەیاند دژی ریفراندۆمین بەڵام کوردەکان ئازار نادەین. - خامنەئی هەمان هەڵوێستی دوژمنکارانەی ئەردۆغانی هەبوو. * ٥ی ئۆکتۆبەر ٢٠١٧ - ئەردۆغان گوتی تەنها رێگەیەک لەبەردەمماندا بێت رێگرییە لەو کارە، واتە ریفراندۆم، ئەگینا سەر دەگرێت. * ٧ی ئۆکتۆبەر ٢٠١٧ - ئەردۆغان دژی ریفراندۆم پەیوەندی بە ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا دەکات. * ١١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ - باخچەلی هاوپەیمانی ئەردۆغان رایگەیان ٥٠٠٠ گورگە بۆرە ئامادەن بچنە کەرکوک. - هەواڵەکان رایانگەیاند کە تورکەکان هەزاران پارچە چەکییان بۆ تورکمانەکانی کەرکوک ناردووە. * ١٦ی ئۆکتۆبەر - تورکیا رایگەیاند کە هاوکاری عێراق بووە لە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی کەرکوکدا. * ١٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، - ئەردۆغان هەڕەشەی لە عێراق کرد ئەگەر هاوکاری هەرێم بن، سنوری نێوان هەرێم و تورکیا دادەخەن. - ئەردۆغان رایگەیاند کە چاوشئۆغلۆ دەنێرێتە بەغدا تا عەبادی بانگهێشت بکات بۆ بەغدا بۆ دانانی رێوشوێنی داهاتوو دژی هەرێم. * ١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ - ئەردۆغان هەڕەشەی لە بارزانی کرد کە: - لەبەردەم مێژوودا بەرپرسی. - هیچ مافێکت بە کەرکوکەوە نییە. - چیتر مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا ناکەم و راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەکەم. هەڕەشەی داخستنی سنوری کرد. * ٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ئەردۆغان عەبادی سەرۆک وەزیرانی شیعەکانی بانگهێشتی ئەنقەرە کرد. لەم دیدارەدا: ئەردۆغان دژایەتی خۆی بۆ سەربەخۆیی باشور دووپاتکردەوە. بەرنامەی کاری داهاتوویان بۆ ئیحتیواکردنی زیاتری هەرێم داڕشت. * بەکورتی ئەوەی بەسەر هەرێم هات ئەنجامی ئەم کەمپینە فراوانەی ئەردۆغان بوو دژی ریفراندۆم و هەرێم، لەوانەش: - هەڵپەساردن و ئیلغاکردنی ریفراندۆم و ئەنجامەکانی. - لەدەست دانی نیوەی خاکی کوردستان. - راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم. - رادەستکردنەوەی زۆرێک لەدەسەڵاتەکان بە بەغدا. - لاوازکردنی هەرێم و پێگە ئابوری و سیاسییەکەی بەهۆی بڕینی موچەوە. * رایەدارانی پارتی لەکاتێکدا لەم سەردانەیدا بۆ بەغدا، ئەردۆغان دەیان رێککەوتتنامەو چەندین پرۆتۆکۆڵی لەگەڵ بەغدادا واژۆ کرد، هیچ رێککەوتتنامەو پرۆتۆکۆڵیکی لەگەڵ هەرێمدا واژۆ نەکردووە. ئەمەش رەنگدانەوەی بڕیارەی لە ١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ی ئەردۆغانە کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا. لەبری رێککەوتن و پرۆتۆکۆڵ، ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ئەردۆغان لە سەردانی هەولێریدا فشاری خستبێتە سەر ئێوە بۆ ملدان بە رێککەوتتنامە ئەمنی و ئابورییەکانی ئەنقەرەو بەغداو هاریکاریکاریکردنی لە هێرشی چاوەڕوانکراوی بۆ سەر باشوری کوردستان و پلانەکانی بەرامبەر شەنگال. بەشێکی زۆری رێککەوتننامەی ٢٢ی نیسانی نێوان ئەنقەرەو بەغدا لە درێژماوەدا دژی ئاسایشی نەتەوەیی کوردن. لەوانەش ئەوەی کە ناونراوە هێڵی گەشە، کە دوو ئامانجی مەترسیداری لە پشتەوەیە: یەکەمیان، خنکاندنی هەرێم لەرێگای دروستکردنی ئالتەرناتیڤێک بۆ دەروازەی برایم خەلیل و دووەمیش کە زۆر مەترسیدارترە، دابڕینی رۆژاڤاو باشورە. بەو ئومێدەی کە بۆ ملدان و نەدان بە خواستی تورکەکان لەو پلانە جەهەننەمییەی بۆ دوارۆژی باشوری هەیە، ئەو جەردەی لە مەڕ هەڵوێستەکانی ئەردۆغان بەرامبەر ریفراندۆم لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە بخەنە بەرچاو. جەردەیەک تەنها بەشێکە لە خەرواری هەڵوێستی تورکەکان لەمەڕ ریفراندۆم و لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان و وەستاندنی هەناردەی نەوت و زۆرێک لە دەسەڵاتەکانی تری هەرێم.


  رێبوار کەریم وەلی تا ئەم دەققەیە، رێکارە قانونییەکان بە ئاراستەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانە لە وادەی دیاریکراوی خۆی لە 10ی حوزەیران. لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ئیقلیمی و نێودەوڵەتی کۆمەڵێک هەوڵ هەیە بە ئاراستەی دواخستنی هەڵبژاردن بۆ بەشداریکردنی پارتی. * دانوستانەکان بەو ئاراستەیەدان کە پارتی بە بەدەستهێنانی کات، لەسەر چەند ئاستێک بێتە پێشەوە. گرنگترینیان ئەمانەن: 1- ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ کوڕانی تاڵەبانی. 2-رێککەوتن لەگەڵ کوڕانی تاڵەبانی بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک. 3-دەستبەرداربوون لە یەکێک لە پۆستەکانی سەرۆکی حکومەت یان سەرۆکی هەرێم بۆ کوڕانی تاڵەبانی. 4-درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی بەغدا بۆ دوای وادەی درێژکراوەی هەڵبژاردنەکانی کوردستان. * پارتی تا راددەیەکی زۆر نەرمیی نواندووە. چاوەڕێ دەکرێ هەفتەی داهاتو، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش، سەردانی تاران بکات و لەوێ گرێکوێرەی هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستان بکرێتەوە.  هەنگاوی دواتریش کۆبوونەوەی بەرفراوانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەبێ بۆ بڕیاردان لە دواخستنی هەڵبژاردنەکان.


سه‌ردار عه‌زیز دوێنێ شەو ساتەوەختێکی ناوازە بوو لە ناوچەکە. لە سی ساڵی ڕابردوودا ئێران هەوڵیداوە ڕاستەوخۆ نەبێت بەشێک لە جەنگەکان، بەڵام ناچارکرا، بە بەشداریی. ئێرانییەکان یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتنی ئامانجەکانیان ئەوەبوو کە چۆن زەمینەی تۆڵەتەکی سنوردار بدۆزنەوەو کۆتایی بە دڵەڕاوکێ ستراتیژییەکەیان بهێنن. ئێران خێرا پاش هێرشەکان ئەوەیان ڕاگەیاند کە کۆتایی هات. لە هەمانکاتدا ئەمریکا دەخوازێت کە کۆتایی پێ بهێنرێت، بەوەی کە بایدن داوای لە نەتانیاهۆ کردوە کە وەڵام نەداوە. لە بەر بنەمای ئەم پێودانگە. دەکرێ هەڵوێست و دۆخی هەر سێ ئەکتەرە سەرەکییەکەو ئەکتەرە ناوەنجییەکان هەڵبسەنگێنین. سێ ئەکتەرە سەرەکییەکان بریتین لە ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا. ئیسرائیل ئامانجی نەتانیاهو ئەوەبوو کە ئێران بهێنێتە ناو جەنگەکەوە. هەروەها ئەمریکاش بکات بە بەشێک لە شەڕەکە. ئیسرائیل وەک مناڵێکی نازکێشراوی، بێزاری ئەمریکییە. ئەمریکا ناتوانێت پشتیوانی ئیسرائیل نەکات، بەڵام حەز ناکات ئیسرائیل دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بکات. ئامانجێکی تری ئیسرائیل ئەوەبوو کە وڵاتانی ناوچەکە لە جەنگەکە بەرامبەر ئێران تێوەبگلێنێت. دوێنێ شەو ئوردن شەوێکی پڕ لە ترسی بەڕێوەبرد. وڵاتانی کەنداو بە چاوی خۆیان بینیان کە توانای ئێران چەندەو ئەگەر هەمان تەکنەلۆجیای ئیسرائیلیان نەبێت، ئەوا لە ڕەحمەتی ئێراندا دەبن. ئیسرائیل ناتوانێت وەڵام نەداتەوە، چونکە ئەوان وەها بیر دەکەنەوە، وەڵام نەدانەوە وەک لاوازی دەبینرێت، لاوازیش سەر دەبڕدرێت نەک ڕێزی دەگیرێت. دۆخی کوردستان لە عێراق بەڵگەیەکی ڕونی ئەم بیرکردنەوەیە. ئیسرائیل وەڵام دەداتەوە. چاوەڕوانکراو بوو هەندێک ڕۆکێت بگاتە ناو خاکی ئیسرائیل بۆ دروستکردنی بەڵگە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، بەڵام زۆرینەی نەگەشتە سەر ئیسرائیل. ئێران ئێران ناچاربوو. ئێستا بەهیوایە، دۆخەکە بگەڕێتەوە سەر دۆخی جارانی. لە هەمانکاتدا ئێران ئەوەی بۆ دەرکەوت کە سەرباری زۆری چەک و تەقەمەنی هێشتا لاوازە بەرامبەر تەکنەلۆجیای ئیسرائیل و ڕۆژئاوا. ئەمە لە هەمانکاتدا کێشەیە بۆ حیزبوڵا، کە سەرباری چەک و تەقەمەنی توانای زیان گەیاندنی بە ئیسرائیل سنوردارە. ئێران بە ئاستێکی زۆر زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا وەڵامی دایەوە، هەرچەندە ئەم هەوڵانە شکستی هێنا، بەڵام کۆمەڵێک شتی دەرخست، هەبونی خەزێنەی زۆری درۆن و ڕۆکێت. ئێران ئێستا چاوەڕێی ئیسرائیلە. هەرچەندە ئەوەی بە ئەمریکاییەکان گەیاندوە کە کۆتایی بە هێرشەکەی هێناوە. ئێران بۆ دەرکەوت سەرباری ئەوەی لە غەزە دەگوزرێت، ئیسرائیل تەنها نیە، نەک ڕۆژئاوا بەڵکو وڵاتانی عەرەبیش لە گەڵدایە. ئەمریکا دوو ئەمریکا هەیە. یەکەم، ئیدارەی بایدن کە سیاسەتی کورت خایەنی هەیە. بەڵام ئەمریکا وەک وڵات خاوەن ستراتیژی درێژخایەنی خۆیەتی. بایدن دەخوازێت لەوە زیاتر گەورە نەبێت، هەر زوو کۆتایی پێ بهێنرێت. ئەمریکای دەوڵەت دەخوازێت ئێران لاوازبێت بەڵام نەکەوێت، چونکە زیاتر پشێویی دروست دەکات. بەڵام ڕێگری لە کەوتنی ناکات. دەرئەنجامەکان ئێران و ئیسرائیل ڕاستەوخۆ ڕوبەڕووبوونەوە. غەزە جۆرێک دادەپۆشرێت. نەدەبوو بۆ ئیسرائیل پاش غەزە ئێران بە بێ لێدان بەجێبهێڵێت. ئیسرائیل هاتەوەوە ناو هاوپەیمانی ناوچەکەو نێودەوڵەتی لە ڕێگای ناچارکردن و هێزەوە. ئیسرائیل وەڵامی دەبێت و ڕەنگە ئەم دۆخە بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکان.


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج ده‌بوو شه‌ڕه‌كه‌ی مۆسكۆو كیف كه‌متر له‌شه‌ش مانگ بخایه‌نێت و زیلینسكی ئاڵای ئاشتی نه‌ك خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ دان بۆ ڕووسیا هه‌ڵبكات و وڵاته‌كه‌ی به‌ وێرانكردن نه‌دات ، به‌ پاڵپشتی ئه‌مه‌ریكاو به‌ریتانیاو ناتۆ شه‌ڕه‌كه‌ دوو ساڵی تێپه‌ڕاندو هێشتا به‌رده‌وامه‌ ، شه‌ڕه‌كه‌ له‌ ڕوكه‌شدا له‌ نێوان روسیاو ئۆكرانیادایه‌، له‌ ناوه‌ڕۆكدا ئه‌مه‌ریكاو زۆربه‌ی ئه‌وروپاو ناتۆ به‌رانبه‌ر روسیا له‌ شه‌ڕدان، به‌رده‌وام هاوكاری ئۆكرانیا به‌ پاره‌و چه‌ك له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا ئه‌وروپا زیاتر له‌ سه‌ت ملیار ئیرۆی بۆ ئۆكرانیا كۆكرده‌وه‌ ، هێشتا زیلینسكی هاوارێتی ، كۆماۆیه‌كان و دیموكراته‌كان ناكۆكن له‌ هاوكاری ئۆكرانیا ، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا پشتی تێنه‌كردووه‌، وه‌رگرتنی سویدو فنلاند له‌ ناتۆ هه‌وڵه‌ بۆ فراوانبوونی شه‌ڕه‌كه‌، هاوارو مه‌ترسیه‌كانی سه‌رۆكه‌كانی فنلاندو پۆڵه‌نداكه‌ گوایه‌ روسیا ئامانجی دور تری هه‌یه‌ ئه‌مانه‌ هه‌موو نیشانه‌ی گه‌وره‌یی شه‌ڕه‌كه‌ن له‌ لایه‌كه‌وه‌ ناتۆ و یه‌كێتی ئه‌وروپاو هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكی ئه‌وروپی هه‌یه‌ ، له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ڕوسیاو هاوپه‌یمانه‌كانی، ئه‌گه‌ر چی هاوپه‌یمانه‌كانی روسیا به‌رده‌وام له‌ مه‌نگه‌نه‌ ده‌درێن، شه‌ڕه‌كه‌ هه‌ر له‌ ئۆكرانیا نیه‌ له‌ غه‌زه‌ش به‌ به‌رچاوی دنیاوه‌ وێرانكاری و جینۆ سایدێكی گه‌وره‌ هه‌یه‌و سه‌رانی عه‌ره‌بیش ملكه‌چی فه‌رمانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، ئێستا دنه‌ی ئێرانیش بۆ كاردانه‌وه‌ هاتوه‌ته‌ پێشه‌وه‌، بایدن به‌ ڕۆژنامه‌نووسه‌كانی وت په‌یامم بۆ ئێران ئه‌وه‌یه‌ " ئێران مه‌كه‌ " به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردودا ئه‌مه‌ریكا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوین كردویه‌تی وێرانكاریه‌كی گه‌وره‌ بووه‌و قه‌بوڵیش ناكات كه‌س پێی بڵێت "ئه‌مه‌ریكا مه‌كه‌" هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌نگاوێكی له‌ خۆوه‌ نه‌بوو، به‌ربه‌رنامه‌و رێكخراوبوو، به‌ریتانیاو ئه‌مه‌ریكا له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێری گه‌شه‌ی خێرای روسیا له‌ بواری ئابوری و چه‌ك و چۆڵ و په‌یوه‌ندی ، هه‌روه‌ها سین له‌ بواری ته‌كنه‌لۆژیاو قۆرخكردنی بازاڕی دنیا ، فه‌ڕه‌نسا له‌ بواری فرۆشی چه‌ك و دۆزینه‌وه‌ی بازاڕو تادوای ئه‌مه‌ریكا به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك فرۆشی چه‌كی فه‌ڕه‌نسای به‌ ئوستورالیا په‌كخست، روسیا ئاڵێنرایه‌ شه‌ڕی ئۆكرانیاوه‌ ، چینیش تا ئێستا چه‌ندین به‌ربه‌ست بۆ هه‌نگاوه‌كانی له‌ بواری ئابوریدا دانراوه‌، ته‌نانه‌ت پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌ عیراق په‌كخرا، به‌رده‌وام جم و جۆڵه‌ سه‌ربازیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌، ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و گۆڕانكاریه‌ ئابوریه‌ گه‌شه‌كردوانه‌ بوون كه‌ وڵاتانی ناوبراوی سه‌ره‌وه‌ ترسیان خستبووه‌ دڵی ئه‌مه‌ریكاو به‌ریتانیاوه‌له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مه‌ریكا ڕۆژ به‌ ڕۆژ له‌ پاشه‌كشه‌دا بوو ئیتر یه‌كه‌می دنیا نه‌ماوه‌ ، هه‌رچه‌ند نایه‌وێت ئه‌وه‌ دانپێدا بنێت ، دانیشتنی به‌رده‌وامی چین و روسیا پێكه‌وه‌و كاری هاوبه‌شیان ئاماژه‌ و په‌یامێكی ڕونه‌ بۆ ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی كه‌ دنیاكه‌ گۆڕاوه‌، چین ئه‌مڕۆ زه‌به‌لاحێكی گه‌وره‌ی دنیایه‌، بیه‌وێت ده‌توانێ‌ به‌ بیست و چوار سه‌عات بێئه‌وه‌ی بچێته‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕی ڕووبه‌ڕوه‌وه‌ زیانی گه‌وره‌ به‌ ئه‌مه‌ریكاو دنیا بگه‌یه‌نێت، ڕوسیاش كه‌م نیه‌ ئه‌و له‌ شه‌ڕی جیهانی دوه‌مدا ئه‌ڵمانیای خست، ئه‌ڵمانیایه‌ك كه‌ هه‌موو ئه‌وروپای له‌بن چنگدا بوو، ڕوسیا له‌ ده‌ركردنی ئه‌ڵمانیا له‌ ڕوسیاو خستنی  هیتله‌ردا ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی بینی و له‌مه‌ودای شه‌ڕه‌كه‌شدا نزیكه‌ی ملیۆنێك و سێسه‌ت هه‌زار قوربانی دا، ئایه‌ ئه‌گه‌ر ناتۆو ئه‌مه‌ریكا نه‌بن ئێستاو دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ ئۆكرانیا هی ئه‌وه‌یه‌ به‌رگه‌ی روسیا بگرێت . هه‌وڵێكی گه‌وره‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی سێیه‌می جیهانی هه‌ڵگیرسێت ، ئه‌و شه‌ڕه‌ی ڕرۆژ به‌ ڕۆژ هێڵه‌كانی ڕونتر ده‌رده‌كه‌ون ده‌سته‌ بژێری سیاسی و كارناسانی شه‌ڕ ئه‌وه‌ ناشارنه‌وه‌ كه‌ ئێستا له‌ ناو شه‌ڕه‌كه‌دان، له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردودا به‌رده‌وام ئه‌وبابه‌ته‌ دراوه‌ به‌ گوێی دنیادا كه‌ شه‌ڕه‌كه‌ هه‌ڵگیرساوه‌، بێگومان ئه‌م شه‌ڕه‌ هه‌ر ئامانج لێی پاشه‌كشه‌ی ئابوری روسیاو چین و چه‌كی ناوكی ئێران و ئه‌وانه‌ نیه‌و پڕۆژه‌یه‌كیشه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك ئیدی ئه‌وه‌ به‌ مانه‌وه‌ی ملیاره‌ ئاڵتونیه‌كه‌ كه‌ خه‌باڵێكه‌ هه‌یه‌و یان به‌ كۆرۆنا كه‌ به‌ زۆر خه‌ڵكیان له‌ هه‌موو دنیا پیده‌كرده‌ كونی ژوره‌وه‌ یان به‌ راستینه‌ی شه‌ڕه‌كه‌، لاتان سه‌یر نه‌بێت كوشتنی سی هه‌زار كه‌س له‌ غه‌زه‌ ئه‌وه‌نده‌ی هه‌وڵی كه‌وی كردنه‌ ئه‌وه‌نده‌ پرسه‌كه‌ حه‌ماس نیه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌نیه‌ش سێ‌ كوڕو سێ‌ نه‌وه‌ی ده‌بنه‌ خۆراكی شه‌ڕه‌كه‌ هیچ ئازایه‌تی نیه‌و ئه‌وانیش به‌شێكن له‌و ژماره‌ زۆره‌ قوربانیه‌، گرنگ نیه‌ چه‌ند كه‌س له‌ ڕۆژێكدا ده‌كوژرێت و كوێ‌ وێران ده‌بێت ، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مه‌ریكا هه‌م خۆی له‌ شه‌ڕه‌كه‌وه‌ دور بێت هه‌م بتوانێت بازاڕی گه‌وره‌ بدۆزێته‌وه‌ هه‌روه‌ها خه‌ڵكی زیاتر بكوژرێن و شوێنی زیاتر وێران بن، ئه‌مه‌ نه‌ك هه‌ر من نایڵێم ته‌نانه‌ت له‌ ناو ئه‌مه‌ریكاشدا قسه‌ی له‌ باره‌وه‌ ده‌كرێت. ئه‌مه‌ریكا گره‌وی بردنه‌وه‌ ده‌كات بۆ ئه‌مه‌ش ده‌توانێت له‌ یه‌ك كاتا له‌ یه‌مه‌ن له‌ حوسیه‌كان بدات و له‌ ئۆكرانیا له‌ پشته‌وه‌ هاوكاری زیلینسكی بكات و كێشه‌ له‌ ئه‌وروپا بئه‌فرێنێت و به‌ ئێرانیش بڵێت بوه‌سته‌ ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ ده‌ستوه‌ردانه‌كانی له‌ شوێنانی دیكه‌ی دنیا، ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ر كات زیاتر ئاوه‌زی ئاشتی له‌ دنیادا ونه‌ ، نه‌بوونی ئاوه‌زی ئاشتی و سه‌رهه‌ڵدانی شه‌قاوه‌ی حوكمڕان له‌ ته‌واوی جیهاندا وای كردووه‌، به‌رده‌وام هێزی شه‌ڕ زاڵتر بێت له‌ هێزی ئاشتی، زۆر جار سه‌ركرده‌و ده‌سته‌ بژێری سیاسی له‌ دنیادا به‌ جۆرێك قسه‌ ده‌كه‌ن كه‌ زۆر نا ئاوه‌زی تره‌ له‌ قسه‌ی یه‌كێك له‌ شێته‌كانی به‌رده‌رگای كاكه‌ئه‌حمه‌دی شێخ،مرۆڤ ناچاره‌ بپرسێت ئه‌مانه‌ دنیا به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن ، یان ده‌شێت له‌ پشتی ده‌رگاكه‌وه‌ شتێكی تر بگوزه‌رێت و ئێمه‌ ئاگادار نه‌بین. ئاوه‌زی سه‌رانی ئه‌مه‌ریكا، به‌شی زۆری ئه‌وروپا ، روسیا و وڵاتانی دیكه‌ش پێویستی به‌ چاره‌سه‌ره‌، چۆنێتی قسه‌ كردنی ئه‌ردۆغان له‌ شكست و سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردناو به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كورد ، ده‌ركه‌وتنی ئێران به‌ قه‌ناس و عه‌باوه‌، بایدن و هه‌ڵبزڕكانی قسه‌، كێن ئه‌وانه‌ی دنیا به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، ئێ‌ له‌ نێو ئه‌و هه‌موو شه‌قوه‌شێنه‌ی شه‌ڕدا هه‌ر باشه‌ زه‌وی ژێرو ژور نابێت .  


د. ئارام ره‌فعه‌ت دوێنێ ٣١ی ئازار لە باکوری کوردستان و تورکیا هەڵبژاردن کرا. دەرەنجام و هاوکێشە تازەکانی دوای هەڵبژاردن بەمجۆرەیە: + یەکەم: تورکیا بەرەو عەلمانی/ کەمالیبوون دەچێت. براوەی سەرەکی هەڵبژاردنەکان جەهەپەیە. * جەهەپە لە ٢٠١٩ دا: - ١٤ ملیۆن دەنگ، رێژەی ٣٠٪ی بەدەست هێنا . - شارەوانی ٢١ پارێزگای گرتە دەست. * جەهەپە لە ٢٠٢٤: - زیاتر لە ١٧ ملیۆن دەنگ، رێژەی ٣٧،٥٪. - شارەوانی ٣٥ پارێزگای گرتەدەست (١٤ پارێزگا زیاتر لە ٢٠١٩) - بەبەراورد بە ٢٠١٩، دەنگەکانی ٣ ملیۆن و نیو زیاد کردووە + دووەم: سەردەمی ئەردۆغانیزم بەرەو کۆتایی دەچێت * دۆڕاوی سەرەکی ٢٠٢٤ ئاکەپەیە.٢٤. * ئاکەپە لە ٢٠١٩: - زیاتر لە ٢٠،٥ ملیۆن دەنگی هێنابو، رێژەی ٤٤،٣٪. - شارەوانی ٣٩ پارێزگای گرتە دەست. * ئاکەپە لە ٢٠٢٤، - ١٦،٣ ملیۆن دەنگی بەدەست هێناوە، رێژەی ٣٥،٥٪ - زیاتر لە ٤ ملیۆن دەنگ کەمی کردووە. - تەنها ٢٤ پارێزگای بەدەست هێناوە (١٥ پارێزگای لەدەست چووە) * سێیەم: مەهەپەی باخچەلی، هاوپەیمانی ئەردۆغانیش لە شکستدایە + مەهەپە لە ٢٠١٩: - ٣،٤ ملیۆن دەنگی هێنابو، رێژەی ٧،٣٪. - شارەوانی ١١ پارێزگای گرتە دەست. * مەهەپە لە ٢٠٢٤، - ٢،٣ ملیۆن دەنگی بەدەست هێناوە، رێژەی ٥٪ - زیاتر لە ١ ملیۆن دەنگ کەمی کردووە. - تەنها ٨ پارێزگای بەدەست هێناوە (٣ پارێزگای لەدەست چووە) * چوارەم، کورد (دەم پارتی) کەمێک بەهێزتر لە مەیداندا ماوەتەوە + هەدەپە لە ٢٠١٩: - نزیک بە ٢ ملیۆن دەنگی بەدەست هێنابو، رێژەی ٤،٢٪. - شارەوانی ٨ پارێزگا و ٥٠ شارۆچکەی گرتە دەست. -  تورکەکان سەرۆک شارەوانییەکانیان زیندانی کرد و قەیومیان لە جێگا دانان. + هەدەپە لە ٢٠٢٤: - ٢ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دەنگی بەدەست هێنا، رێژەی ٥،٧٪. -١٠ پارێزگا و ٦٥ شارۆچکەی بەدەست هێناوە. - ٢ پارێزگا و ١٥ شارۆچکە زیاتر بەبەراورد ٢٠١٩. - ٣ پارێزگا بە موئامەرە تورکەکان دەستیان بەسەرداگرت. - بەدلیس (جەهەپە دەنگەکانی خۆی دایە ئاکەپە)، - قارس (ئاکەپە دەنگەکانی دایە مەهەپە)، - شەرناخ (٦ هەزار ژاندرمە بە نایاسایی دەنگیان دایە ئاکەپە). - لە ٢٠٢٤ دەرسیم گەڕایەوە باوەشی کوردستان. - لە ٢٠٢٤ سەرجەم پارێزگا کوردستانییەکانی رۆژاوای فورات دەنگیان بە کاندیدی حیزبە تورکییەکان دا. * پێنجەم + لە ٢٠٢٤دا، هودا پارتی (حیزبوڵڵا) شکستێکی مێژوویی تۆمار کرد. - تەنها لە باتمان لەگەڵ حیزبی ریفاهی نوێ بەیەکەوە ٪١٥ی دەنگەکانیان بەدەست هێناوە. - لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی تری کوردستان نیمچە غائیبە. - لە باتمان کورد (دەم پارتی) ٦٥٪ی دەنگەکانی مسۆگەر کرد. هاوپێچ نەخشەی دابەشبوونی دەنگەکانە لەنێوان ٢٠١٩ و ٢٠٢٤دا


هاوڕێ تۆفیق ئەمڕۆ گەلی تورکیا دەنگ بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیی شارەکانی ئەدات. ئەم هەڵبژاردنە لە وەختێکدایه‌ کە هەڵئاوسانی ئابوری رێژەی 70%ه‌. جەوهەری هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەسەر مەسەلەکانی دارایی و خزموتگوزارییە. چەند سەرنج و زانیارییەکی گشتی لەسەر هەڵبژاردنەکە: 1: لە هەموو شارەکان لە یەککاتدا وەکو یەکتری، کاتی دەنگدان دەستپێ ناکات، لە هەندێک شار کاتژمێر (7)ی بەیانی و لە هەندێک شوێنی تر کاتژمێر (8)ی بەیانیە. 2: لە یەککاتدا دەنگدەر، چەند دەنگێک دەدات، دەنگێک بۆ سەرۆکی گەورەی شارەوانی و دەنگێک بۆ سەرۆکی شارەوانی و دەنگێکی تر بۆ ئەندامانی شارەوانی و دەنگێک بۆ موختار. 3: دەوامی فەرمانگەکان و داودەزگای دەوڵەت ئاساییەو پشوو نیە. 4: ئیستانبوڵ دڵی هەڵبژاردنەکەیەو هەموو سیاسییەکان چاویان لەسەر ئەنجامەکەیەتی. ئاشکرایە پێگەی ژمارەی دانیشتوان و گرنگی گەشتیاری و بازرگانی شارەکە چەند گرنگە، لەلایەکی تر دوو خولە (کەمال ئوغلو) براوەیە، ئاشکرایە ناوبراو سەر بە پارتی گەلی کۆمارییە (جەهەپە) کە حیزبێکی کۆنی نەتەوەیی عەلمانی تورکییەو لەسەر دەستی ئەتاتورک دامەزراوە. لە راستیدا جەنگی هەڵبژاردنەکە لەسەر کەوتنی کەمال ئۆغلوە. چونکە ئەگەر جارێکی تر ئیستانبوڵ بباتەوە، بەختی سیاسی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتوی تورکیا زیاد دەکات. تەنانەت لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پێشوو، بەهۆی رێگری قانونی نەتوانرا کاندید بکرێ، ئەگەر نا، ئەگەری سەرکەوتنی زۆر بەهێزبوو، لە ئێستادا دووبارە بەهێزەو ئەگەری بردنەوەی هەیە. 5: ئاکپارتی دەسەڵاتدار گرەو لەسەر بردنەوەی زۆرینەی شارەوانییەکان دەکات هەتاوەکو پێگەی خۆی بە تەواوی دابکوتێ، لە تورکیا هاوشێوەی وڵاتانی ئەوروپا شارەوانییەکان حکومەتی خۆجێی راستەقینەن و دەسەڵاتی زۆرو فراوانی یاسایی و کارگێریی و دارایی و خزمەتگوزارییان هەیە. راستیەکیش هەیە، ئەو شارەوانیانەی کە بەدەست ئاکپارتیەوەن لەلایەنی پێشکەشکردنی خزموتگوزارییەوە لە شارەوانییەکانی تر باشترن، ئاکپاریی چەکی دەستی خزمەتگوزارییەو هەوڵئەدات پارێزگاری ئەم سیحرەی خۆی بکات. 6: شارە کوردەکان بە بارێکی تایبەتدا تێدەپەرن، سەرۆکی بەشی زۆری شارەوانییەکان لەناو زیندانن و دادپەروەری وەکو یەکی هەڵبژاردن نەڕەخساوە. لەلایەکی تر هەدەپ بە بریاری دادگا هەڵوەشاوەتەوە. لەئێستایا حزبێکی تازەیان دروستکردوە بەناوی (پارتی یەکسانی گەلان و دیموکراسی) کورتکراوەکەی (دەم)ە. بە تورکی ناوەکەی (Halkların Eşitlik ve Demokrasi)یە. ئەم پارتە جگە لە کورد تارادەیەک چەپەکانی تورکیاشی لەخۆی کۆکردۆتەوە. 7: کورد لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پێشووی تورکیا دەنگی بە کاندیدی جەهەپە دا. چاوەرێ ئەکرێ جارێکی تر کورد، تەرازوی بردنەوەی ئیستانبوڵ بەلایەکدا بخات و لە بەرژوەندی کەمال ئوغلۆ دەنگبدات و توڵە لە ئاکپارتی بکاتەوە. 8: لەڕووی سیاسییەوە، نرخی ئەم هەڵبژاردنە دیاریکردنی براوەی یەکەمە لەنێوان دوو لایەند رکابەرە تەقلیدەیەکەدا، ئەوانیش ئاکپارتی و جەهەپە، ئاکپارتی کە لۆگۆی حزبەکەی گڵۆپێکی زەردەو جەهەپەش ئاڵایەکی سور شەش تیری ئاڕاستەکراوی تێدایە کە هەر تیرێکی هێمایە بۆ دروشمێک ئەوانیش (حوکمی کۆماریی، نەتەوەیی، دەسەڵاتی دەوڵەت، میللەتگەرایی، چاکسازی، عەلمانیەتی) ئاشکرایە، جەهەپە هێشتا تاڵاوی دۆڕاندنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە قورگیدایەو هەوڵئەدات تۆڵەبکاتەوەو ئەو هەڵئاوسانە داراییەی بەرۆکی ژیان و گوزەرانی خەڵکی گرتۆتەوەو تەنگ پێ هەڵچنیون، ئۆباڵەکەی بخاتە سەر شانی ئاکپارتی، بەڵام تەنگ پێهەڵجنینەکەی بە ئاکپارتی هێشتا مسۆگەری سەرکەوتنی بۆ نەکردوە. ئاشکرایە جەهەپە دوای شکستی سەرۆکایەتی خۆی رێکخستۆتەوەو سەرۆکی پێشووی حزبەکە (کەمال ئۆغلۆ) دەستی لەکارکێشاوەتەوە، لە ساڵی 2023وە (ئۆزگور ئۆزیل)ی تەمەن 49 ساڵی دەرمانساز، بۆتە سەرۆک. نازانرێ ئەم دەرمانسازە کە دەرچووی کۆلێژی دەرمانسازییە، دەرمانی دەردی دۆڕانی جەهەپەی پێیە، ئەم شەو ئەنجامەکان وەڵامەکەیمان پێ ئەڵێت.


ئارام عەلی، مامۆستای زانکۆ و خوێندکاری دکتۆرا لە ئەمریکا   ئایە پێداگری حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی “هەژماری من” تەنها بۆ ٢٥٠٠ دینار کرێی موچەی موچە خۆرە؟ یان مەبەستیان پاراستنی قەوارەی هەرێم و حکومەتی هەرێمە؟ یان شتێکی گەورەتر و گرنگتر لەو هۆکارانە هەیە؟ ‎ لە ٧/٣/٢٠٢٤ دا، ئەنجومەنی دادوەری دانیشتنێکیان کرد بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر ڕوداوی سیخوڕی کردن و چاودێری کردنی هاوڵتیان و بازاڕکردنیان لە بانکێکی ئەمریکادا، بەتایبەت دوای ئەوەی کە ئێف بی ئای هەستا بە ڕێکەوتن لەگەل بانکێکی ئەمریکی بۆ دەستخستنی زانیاری وورد دەربارەی هەر کەسێک کە لە چەند ڕۆژێکی دیاریکراوی مانگی ١ی ٢٠٢١ لە واشنتن دی سی بازاڕیان کردووە. جۆردن پیتەرسن، وەک شایەتحاڵێکی شارەزا، لەبەردەم لیژنەکە ئامادەبوو بۆ شایەتیدان و باسکردنی مەترس هاوکاریکردنی حکومەتی فیدڕاڵ لەگەڵ بانک و بازرگانیە گەورەکان بۆ چاودێری کردن و سیخوڕی کردن بەسەر هاوڵاتیانی ئەمریکاوە بۆ ئاگاداربوون لە هەرشتێک کە دەیکەن. جا چەقی گفتووگۆکە لەسەر هەستیاری داتای بانکی بوو کە هەموو وردەکاریەک دەربارەی خاوەن هەژماری بانکی لەخۆدەگرێت. پیتەرسن سەرەتای قسەکانی بە باسکردنی حکومەتی کۆمیونیستی سین دەستپێکرد، باسی شێوازی چڕ و پڕی سیخوڕیکردنی حکومەتی کرد بەسەر خەڵکەوە، کە زیاتر لە ٧٠٠،٠٠٠،٠٠٠ کامێرای چاودێریان داناوە تا چاودێری هاوڵاتی سینی بکەن. ئەو سیستەمە ناوی (Skynet) ە کە بەستراوەتەوە بە کرێدیت سیستێمی کۆمەڵایەتیەوە کە لەسەر پاداشت و سزا بنیات نراوە و هەڵسەنگاندن بۆ متمانەی هاوڵاتیان دەکات و ناچاریان دەکات پابەندبن بە یاسا و ڕێساکانی سینەوە. بەهۆی ئەو سیستەمە چڕ و پڕەی چاودێریکردنەوە، حکومەتی سین توانیویەتی کۆنتڕۆڵی هەموو کەل و پەل و جوڵە و پەیوەندیەکی هاوڵاتیانی بکات، بەجۆرێک کە ئەگەر هاوڵاتی بەشیک نەبێت لەو سیستەمە و کرێدیتی نەبێت یان لە ئاستی پێویست نەبێت، حکومەت هەموو پەیوەندیەکی دەپچڕێت لەگەڵ جیهانی دەرەوە و ژیانی لێ تێکدەدات. ئەو سیستەمە بووە بە هۆکارێک کە خەڵک ناچاربن ئەگەر بەبێ بەرامبەریش بێت ئیش بۆ حکومەت بکەن تا کرێدیتیان بەرز ببێتەوە و ئەو نەهامەتیەی حکومەت بەسەری هێناون لەسەریان سوک بکرێت. پیتەرسن پێیوایە کە ئەو سیستەمە جێگای مەترسیە بۆ سەر ڕۆژئاواش، چەنکە ئەو سیخوڕی و چاودێریە لە ڕێگای تەکنەلۆژیاوە دەکرێن و سەرچاوەی داهێنانە تەکنەلۆژیاکانیش ڕۆژاوایە. باسی ئەو مەترسیە گەورەیە دەکات کە ئێستا لەسەر مرۆڤ و مرۆڤایەتی هەیە بەهۆی زۆری بەکارهێنانی ئامرازەکانی پەیوەندی و بازاڕکردنی ئۆنلاینەوە، مرۆڤی دوونیای تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی مەترسیدار بچوک بۆتەوە لە داتادا؛ بەجۆرێک کە ئەم داتایانە پیشاندەری کەسێتی و کەسایەتی بەکاربەرە و  دەکرێت بە ئاسانترین شێوە کرداری کرین و فرۆشتنی پێوە بکرێت. ئەو داتا و ئەلگۆریتمانە نەک تەنها ڕەسم و شێوە، بەڵکو بیرکردنەوە و حەز و بڕیارەکانی تاکیش خەزن دەکەن. بەتایبەت لە کرداری بازاڕکردن و سیستەمی بانکیدا، کۆمپانیا (بانکیە) گەورەکان، توانای چاودێری کردنی مەبەست و کردارەکانی بەکاربەریان هەیە، وە هەروەها توانای پێشبینی بڕیار و کردارەکانی داهاتووی کەسەکانیشیان هەیە. بەجۆرێک، جگە لەوەی کە دەتوانن درک بکەن بەوەی کە بەکاربەر حەزی لێیە، دەشتوانن بڕیاربدەن کە چی پێویستە و ئاراستەی بکەن. جا حکومەتەکان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە ڕێکدەکەون بۆ دەستخستنی مەبەست و کردار و هەتا پرۆسەی بیرکردنەوەی هاوڵاتیانیش! جگە لە ئاشکرا نەبوونی پۆخڵەواتی لیستی موچە، ئەو گرنگیە زۆرەی سیستمی بانکی هۆکارێکی تری سەرەکیە لەپشتی ئەو هەوڵە زۆرەی سەرانی هەرێمەوە بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژەی “هەژماری من” و هێشتنەوەی جڵەوی کۆمەڵگا لای خۆیان. لە وڵاتێکی وەک و ئەمریکا، دەبێت حکومەت لەگەڵ بانک و کۆمپانیاکان ڕێکەوتن بکات تا دەستی بگات بە زانیاری هاوڵاتیان، بەراوردی بکەن بە هەرێمێکی بێ یاسا و دەستوور کە هەم حکومەت، هەم  هێزی پێشمەرگە، هەم بانک و “هەژماری من” هەمووی لەژێردەستی یەک کەسدا دەبێت و، حکومەت لەوەی کە ئێستا هەیە زیاتر دەبێت بە حکومەتێکی سیخوڕی و دەست بەسەر داتا و زانیاری وردی هەموو دانیشتوانی هەرێمدا دەگرن. ئەو پێشهاتە کاریگەری لەسەر هەموو دانیشتوانی کوردستان دەبێت، بەتایبەت دانیشتوانی سلێمانی چونکە دوای ئەوە، ئەوانیش وەک دانیشتوانی هەولێر، زیاتر لە ئێستا دەبن بە دەست و پێ بەستراوی بەردەستی حیزب وحکومەت. هەمان هاوکێشە بۆ بانکەکانی عیراقیش ڕاستە، بەڵام ئایا خەڵکی کوردستان زیاتر سیقە بە کامیان دەکات؟ ئایا کردار و بەڵێن و حوکمی سەرانی باشور لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابروودا، مافی ئەوەیان پێدەدات کە دەستیان بەسەر زانیاری ورد و هەستیاری هاوڵاتیان هەبێت؟    



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand