■ ھیوا فایەق لەماوەی کەمتر لە دوو مانگی ڕابردووەوە، دووجار هەوڵی داخستنی سینەما سالم دراوە، جاری یەکەمیان بەهۆی نمایشکردنی فیلمی( ۱٤ ی تەمووز) کە لە کۆتاییدا هەر پیشاندرا، جاری دووهەمیش تائەم ساتە وەختە قفلدانی هۆڵی سینەماکە بە هۆکاری نمایشکردنی فیلمێکی کورتی بیست دەقەیی قوتابیەکی کۆلێجی سینەمای زانکۆی سلێمانی، ئەوەش دەزانرێت کە چیرۆکی هەردوو فیلمەکە پەیوەستە بە سیاسەتە دڕندەکانی تورکیا کە بەرامبەر بە کورد هەیەتی، تا کار گەیشتۆتە ئەوەی چەند دەقەیەک پێشدانانی ئەم پۆستە کافیتریاکەش بەرووی ئەو کەسانەدا دابخەن کە دەیانەوێت هەڵوێستكیان هەبێت. ئەم کردارەی ئاساییشی سلێمانی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە چیتر ئیستیفزازی حکومەتی تورکیا نەکرێت تا بەلایەنی کەمەوە بەهانەی ئەوە نەدات بەدەستەوە چیتر تورکیا گەمارۆی سەر فرۆکە خانەی سلێمانی درێژ بکاتەوە یان خراپتر لەوەنەکات! لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە پێگەی سیاسی هەرێمی کوردستان لەدوای ڕیفراندۆمەوە ئەوەندە بێهێز بووە کە چیتر بەرگەی ئەوەنەگرێت بەدەنگی بەرز رەخنەی تورکیا و ئێران بکرێت. بۆمان دەردەکەوێت کە سیادەی ئەم هەرێمە تەنها توانای داپڵۆسین و کپکردنی دەنگی هاووڵاتیەکانی خۆی هەیە، بەڵام بەرامبەر دەرەوەی خۆیشی هیچ بەرگرییەکی پێناکرێت تا ئاستی ئەوەی نەهێڵێت فیلمێک نمایش بکرێت. ئاخر رەوایەتی ئەمە لەکوێدایە هەمان ئەو نوخبە سیاسیەی بوونە هۆکاری ئەم شکستە گەورەیە کە لە دەستگیرکردنی سیخورەکانی تورکیاوە لە سلێمانی بگاتە ئاستی قەدەغەکردنی فیلمی قوتابیەک، یان لەکاتی پێش ریفراندۆم تەخوینی ئەو کەسانەیان دەکرد کە کاتی راپرسێکەیان بە گونجاو نەدەزانی و مەترسی ئەم دەرئەنجامانەیان هەبوو کەرویداو ئێستاش باجەکەی دەدەین، چ ڕەوایە هەمان نوخبە دیزانی ژیانی ئێمە بکەنەوە دوای ئەم شکستە و دۆڕاندنەی بەسەر ئێمەیاندا هێنا؟ شایەنی باسە بینەری ئەم فیلمانەش ناگاتە دووهەزار کەس لە باشرین حاڵەتیدا، سینەما سالم چەند جارێک رووبەووی داخستنی هێجگاری بۆتەوە بە هۆکاری ئەوەی هۆڵی سینەماکە لەکاتی نمایشی زۆربەی فیلمەکاندا چۆڵ و هۆڵە، ئەوانەشی کە بەردەوام بۆ سەیرکردنی فیلمەکان ئەچن شایەتی ئەو حاڵەتەن! لە راستیدا خەونی سەربەخۆ بوون وا سوک و ڕسواکرا کە زەحمەتە بە ئاسانی سومعەی بۆ بگەڕێتەوە و باجەکەشی تەنها هاووڵاتیان دەیدەن.
ئارام سەعید بۆ ئەوەی کۆمەڵگا دادپەروەری تێدا بێت، گرنگە چاودێری دەزگاکانی دەسەڵات بکرێت. ئەوەی دەوڵەتێکی بەهێز جیا دەکاتەوە لە لاواز بونیی، هەبونیی ئۆپۆزیسیۆنیکی بەهێزە، کە هەمیشە ئامادەیی هەیە و رەخنە لە سیاسەتەکانی دەسەڵات دەگرێت، چاودێری دەزگاکانی دەکات، بەرپرسیاری دەکات. لە سیستمی پارلەمانیدا رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن روون و ئاشکرایە، ئەویش پێشنیار کردن ورونکردنەوەو بەرگری کردنە لە ئەلتەرناتیڤی حکومەت، بۆیە هەمیشە دوپاتی دەکەینەوە ئۆپۆزیسیۆن نوێنەرایەتی بەدیلی حکومەت و دەسەڵات دەکات، روبەروی سیاسەتە چەوتەکانی حکومەت دەبێتەوەو سیاسەتی گونجاو و جیاواز پێشکەش دەکات. دادپەروەریش ئەوکاتە دەبێتە راستەقینە کە هاوڵاتی تەنها یەک هەڵبژاردەی نەبێت و بتوانێت زیاتر لە بژاردەیەکی لەبەردەمدا بێت. ئەوەی لە کوردستاندا رویدا لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە و پاش بەشداریکردنی هەموو هێزەکان لەدەسەڵاتدا تەنها یەک بژاردە مایەوە کە ئەویش سیاسەتەکانی پارتی بوو هەربۆیە شکست لەدوای شکست بەرۆکی هەریمی کوردستانی گرت. رۆژانە پێمان دەڵین: ئێوە چیتان پێ دەکرێت؟ بە فڵان و فیسار نەکرا، بە چوار کورسی بەغدا و هەشت کورسی پارلەمانی کوردستان چی دەکەن؟ ئەوان پارەو چەکیان هەیە و هیچتان پێ ناکرێت. وەڵامی ئێمەش بۆ ئەوان زۆر بە روونیی و ئاشکرا دەیڵێین، ئێمە خۆمان نافرۆشین بە دەسەڵات، درۆتان لەگەڵ ناکەین، لەگەڵ یەکێتی و پارتی رێک ناکەوین بۆ دوو وەزارەت و پۆستی حکومەت، ڕێز لە دەنگەکانتان دەگرین. هەربۆیەش لە چەندین بۆنەی جیاوازدا نەوەی نوێ داوای کردوە و پێشنیاری کردوە کە هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی تەسلیم نەبن و پێکەوە بەرەیەکی هاوبەش دروستکەین، تەنها ئازایەتی و راستگۆیی لەگەڵ خەڵکی کوردستان بەوە پێوانە دەکرێت کە نەچنە بەرەی دەسەڵاتەوە، هێزی سیاسیش لەکاتی میحنەتی وەک ئێستادا دەردەکەوێت و بەرپرسیارە و مێژوو رەحمی پێناکات، لەکاتی خۆشیدا مرۆڤ دەرناکەوێت بەڵکو ئەوکاتانە روخساری راستەقینەی دەبینرێت کە کە لە ناخۆشیدایە.
چالاك ئاغجەلەری کۆماری فیدراڵی عێراق یەکێکە لەو ووڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە درێژبوونەوە لە تەمەنی دروست بوونیەوە زۆرترین کێشمەکێشی سیاسی و عسکری بەرۆکی گرتوە، ئەمەش بەهۆی خەسڵەتی دروستکردنیەوە لە کاتێکدا داڕێژەرانی ئەم ئایکۆنە سیاسیە لە ناوچەکەدا هیندەی لە هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا ئەم نەخشە سیاسییەیان کردە پێویستیەک بۆ هەرچی گەیشتن بە مەرامە ئابوریەکانیان، زۆر کەمتر هەڵوێستەیان لەسەر داهاتویی جیوپۆڵەتیکی و جیوسیاسی ئایکۆنەکە کردەوە، هەر بۆیە نا جێگیری ڕەوشی سیاسی هەردەم مۆتەکە ئاسا ئامادەیی بەرچاوی هەبووە و دەشیبێت بۆ سبەی ڕۆژی ئەم ووڵاتە، جەنگ و گرژییە سیاسیەکان لە پێشەوەی هەرە گریمانە چاوەڕوانکراوەکان، دەکرێت کۆتایی پەرەگرافی پردێکتەکان(پێشبینی) لە سوچێکدا چەند ووشەیەک بچێتە نێو کاتەگۆری بوژانەوەی ئابوری ئەم ووڵاتەوە. ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە وەستانە لەسەر ئەو چەند ووشەیە لە پەیوەند بە ئابوری عێراق بۆ ئەمساڵ (٢٠١٩)، کە تاچەند ئەم ووڵاتە چانسی ئابوری یاوەری دەبێت لەمەڕ گەشەی ئابوری لە چوارچێوەی ئابوری جیهاندا. پێشبینیەکان بۆ گەشەی ئابوری جیهان فرە ڕەهەندە ، دیارە بە پشت بەستن بە ڕووداوە ئابوری و سیاسیەکانی ساڵی ٢٠١٨شڕۆڤەکارانی ئابوریناس پێشبینیەکانیان بە جۆرێک ئەرێنیە بەهێندەی ئەوەی قسەیەک لەسەر هەڵئاوسانەکەی بکرێت، هەرچەندە گریمانەی داڕووخانی ئابوری هەمیشە وەکو دەرگایەکی دانەدخراو بەجێدەهێڵن بۆ میس پۆڵەسیە نەخوازراوەکان. بە گەڕانەوە بۆ گەشەی ئابوری عێراق لە ساڵی ٢٠١٩دا ، بەجۆڕێک کە داهاتی نەوەت بڕبڕەی سەقامگیری و بە پێوە وەستانی ووڵاتەکە دیاری دەکات ، لە کاتیکدا نەوتی ئەم جوگرافیا سیاسیە لەسەدا ١٠ی هەموو جیهان پێکدەهێنێت. هەروەها پرێدکتەکان چاوەڕوانی هەڵکشانی یەک بەمیل نەوتی خاو بۆ ٧٠ دۆلار دەخەمڵێنن، ئەمەش بە هۆکاری کەمکردنەوەی ئاساتی بەرهەم هێنانی نەوت ووڵاتانی ئۆپیک لە مانگی ١٢ی ٢٠١٨ ووڵاتانی ئەندام لە ڤییەنا بڕی کەمکردنەوەی نەوتیان بۆ ١٢٠٠٠٠٠ لە ڕۆژێکدا بڕیاردا کە بە جۆرێک نرخی نەوت بەرەو هەڵکشان دەبات، هاوکات سزاکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە جوڵە بەم بەرزبوونەوەیە دەکات ، بەدوای ئـەم بڕیارەدا کەمکردنەوەی ناردنی نەوەتی سعودیە بە ڕێژی ٤٠٠٠٠٠بەرمیل لە ڕۆژیکدا لە ھەمان مانگدا و ئـەم مانگەش ٤٠٠٠٠٠ تری کەمکردوە ، کۆی ٨٠٠٠٠٠ بەرمیل بوستێکی بەهێزە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوەت کە سعودیە چاوی بڕیوەتە ٨٠دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠١٩. ووڵاتی عێراق جیاواز هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هاوکات لەلایەن ئەمریکاوە چۆتە ڕیزی ئەو ووڵاتانەوە کە تاوەکو مانگی پێنج ئازادە لە مامەڵەکردنی ئابوری لەگەڵ ئێراندا، بۆ خۆی ئێران یەکەم ووڵاتە کە زۆرترین ئاڵوگۆڕی ئابوری هەیە لەگەڵ عێراقدا. هۆکارێکی دی کە پشتیوانی بەختی بوژانەوەی ووڵاتەکەیە ئەویش کۆتایی هاتنی شەڕی داعش و گەڕانەوەی ئارامی بە شێوەک لە شێوەکان هەروەها ئەگەری دروست بوونی کابینەکەی عادل عبدولمەهدی بە بێ کێشە هەنگاوێکی ئەرێنی ترە لە بوژانەوەی ئابوری ووڵاتەکە، دوا خاڵیش دۆزینەی میکانیزمێک بۆ شل بوونەوەی بەستەڵەکی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی فیدراڵ هۆکارێکی تر دەبێت بە ئاراستەی سەقامگیری ووڵات . بە شێوەکی گشتی ئەم خاڵانەی لەسەری هەڵوێستەم کرد و هاوکات پەیوەندەیە سیاسی دیبلۆماسیەکان بۆ ووڵاتانی ناوچەکە و دونیا ئەکرێت عێراق بە گشتی چاوەڕوانی بەختێکی باشی لێبکرێت بۆ بەدەستهێنانی ئابورییەکی گەش و تۆکمە تر لە ساڵی ٢٠١٩دا.
لاوك سەڵاح شەهیدبوونی پێشمەرگە گەران وکەشتێکی شاراوەی نەمرانەیە بۆ بەها و شکۆی دانپیاناندان، بۆ شەهید، ناساندنی خۆیەتی بە دونیا و پیشاندانی بوونێک و بە دەستهێنانی مافێکە بەهۆی شەهیدبوون و مەرگەوە. ئەمە بە سادەیی و بە کورتی حیکمەتی شەهیدبوونە، بە ئاگای یان بێ ئاگای بێت، بە بوونی هۆشمەندی سیاسی یان نەبوونی بێت، مەرگ وێستگەی ناسینەوە و پێناسەکردن و سەلماندنی شوناس و بوون بووە. دۆخی ئێستای هەرێم بە هەموو ئەو دیاردە قێزەوەن و ناچۆر و لە رادەبەر بێ لۆجیک و پڕ سەرکێشییەی کە هەیە وەک دیل گرتن و گۆرینەوە بەم دواییە، فرۆشتنی گەچ وەک دەرمان وچەندان نموونەی دیکە بەتاڵکردنەوەیەکی زەقی هەرێمە، تا دێت زیاتر و زیاتر، لە بەها و شکۆ و روخسارێکی دیار کە بە شەهیدبوون ومەرگ بیناکراوە. هەرێم نەوەک بەتاڵە لە شوناس بەڵکو لە هیچ هەوڵدانێکدا نییە بۆ گەران بە دوای پێناسەیەکدا بۆ خۆی. لە نێوان حیکمەتی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەک و بۆشایی یاسایی و سیاسییدا، هەرێمێک هەیە تا دێت سنوورەکان و جوگرافیاکەی کاڵ دەبێتەوە ئەگەر فریای بە ماناکردنەوەی نەکەوین. ژیانی زیاتر لە ٤ ملیۆن کەس بە تەواوی لە مەترسی راستەقینەدایە. ئەم جوگرافیا بچووکەی کە بە هەرێمی کوردستان ناو دەبرێت، بەم شێوازە لە حکومڕانییەی کە هەیە لە پاش سەدان ساڵ چۆن دەخوێنرێتەوە و هەڵدەسەنگێنرێت. لە یادەوەری ئێمەدا، میرنیشینەکانی بابان و ئەردەڵان و ئەوانی تر کە هەبوون، لانی کەم، هەڵگری ناسنامەیەکی لۆکەڵ واتە ناوچەیی بوون، دەستەڵاتی دیار و ناوچەی دیار و میکانیزمی بەرگری دیاریان هەبووە، ئایا، بابەتییانە قسە بکەین، ئەم هەرێمەی ئێمە لە پاش نزیکەی لە ٣٠ ساڵ لە حکومڕانی خاوەنی چ پێناسەیەکە یان هیچ پرۆژەیەکی بۆ پێناسەکردنی یاسای و سیاسی هەیە؟! ئەم هەرێمە کە رێژەیەکی زۆر لە خەڵک دانیشتوویەتی، دوور لە هەر ئایدیۆلۆژیەکی سیاسی، خۆت بە ناسیۆنالیست یان کۆمۆنیست یان ئیسلامی یان لیبرالی یان سۆشیال دیمۆکرات بزانیت، شایەنی ئەوە نییە کە ژیانیان بپارێزرێت و بەرگریان لێبکەین بە کارکردن بۆ دارشتنی ناسنامە و شوناسێک بۆیان. جاران، جارانی رۆژگاری پێشمەرگایەتی و بەرگریکردن، خەڵک زیاتر شەرعیەتی هەبوو کە خۆی بە دونیا بناسێنێت و داوای ماف بکات. لەم دۆخەی ئێستای هەرێمدا داوای ماف لە کێ بکەین؟ ئەم پرسیارە شەکەتی خەڵک دەکولێنێتەوە و لە هەناسەیەکی سارد و بزیەکی گاڵتەجاری زیاترت دەست ناکەوێت. لە نێوان مێژووی بەرگری و مێژووی حکومڕانییەکی بێ رووخسار زەمەنێک لە ونبوون و عەدەمیەت هەیە. هەرێم لەبەردەم چەندان فۆرم و سیناریۆی حکومرانی سەرەتایی جەنگلستاندایە کە تا ساتی ئەم نووسینە هیچیان بۆ مەودای نزیک و دوور نەوەک متمانە و دڵنیایی نابەخشن، بەڵکو نەهامەتی بۆ هەرێم دەهێنن، لەبەرئەوەی وەک لە بۆنەیەکی تردا باسمان کرد هەموو فۆرمەکانی حکومڕانی لە سەر پەیوەندییەکی بایۆلۆجیانە دامەزراوە و تەمەنیان لە حیکایەت و سەرگوزشتەیەکی کوردی زیاتر نییە، هەر لەبەرئەوەی هیجیان توانای ئەوەیان نییە کە ئەم هەرێمە وەک یەک یەکە بپارێزێت و ناسنامەیەکی سەرتاسەری نوێی پێبەخشێت لەسەر بنەمای شەرعیەتی مێژووی و کۆمەڵایەتی و سیاسی وکەلتووری و ئابووری خۆی و بتوانیت هەرێم لە کەرتبوونی یەکجارەکی بپارێزێت. بێگومان لە چەندان قۆناغی سیاسی جیاوازدا ئەم هەرێمە لە ژێڕ پەردەی چەندان شێوازی حکومرانییدا بەرێوە براوە بۆ نموونە لە سەردەمەی رژێمی بەعسدا هەرێم وەک سێ پارێزگا بە سیستمی بەناو لامەرکەزی ئۆتۆنۆمی بەرێوە دەبرا، بێگومان ئەمە پرۆژەیەک بوو بۆ بەتاڵکردنەوەی هەرێم لە پێناسە راستەقینەکەی خۆی، ئەمە وەک پرۆژەیەکی فاشیانەی بەعس چووە مێژووە. ئەم ئەزموونەی ئێستا بە چی پێناسە بکەین؟ بەداخەوە ناتوانیین بە ئاسانی پێناسەیەکی راشکاو بۆ ئەم شێوازی حکومرانییەی ئێستا بەکاربێنین، پێناسەیەک بۆ هەرێمێک کە نە شیرازە و نە سەنگی سیاسی هەیە و نە توانای دارایی و سەربازی و پیشەیی تۆکمەی هەیە و لە ئێستادا لە لایەن لۆردەکانی جەنگەوە بەرێوە دەبرێت. ئەم هەرێمە نە بەهاری شۆرشگێرەکان یارمەتیدا تاوەکو شوناسێکی چەسپاوی بۆ بخوڵقێنێت، نە سیاسییەکانی لە توانایاندایە ئیرادەیەکی سیاسی کۆ بۆ کارکردن پێکەوە بخەنە گەر و نە ناوەندێکی سیاسی و فیکریی هەیە کە دانپیانراو بێت تا یارمەتی بدات چوارچێوەیەکی یاسایی سەرتاسەری بۆ دەستنیشان بکات و نە دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی هەیە کە پشتی ببەستێت بۆ لۆبیکردن لە کاتی شیاودا و نە رەوەندێکی لە دەرەوەی وڵات هەیە کاریگەری لە ناوە و دەرەوەی هەرێم هەبێت و بتوانیت هاواری سەر شەقامەکان بگوێزێتەوە بۆ سەر کاغەز و بیانکاتە پرۆژەی پێناسە و ناساندنەوەی هەرێم. ئەوەی هەیە کۆمەڵە گروپێکی چەکدارن هەریەکەیان لە دۆڵێکی جیاوازدا کار دەکەن. پرسیاری سەرەکی کە دەبێت دانیشتوونی ئەم هەرێمە لە خۆیانی بکەن سەرباری شەکەتییان؛ دەبێت بپرسن چۆن دەتوانن خۆیان لە فۆرمە عەسکەرتاری و ئیستبدادییەکانی حکومڕانی بپارێزن، چۆن فشار دروست بکەن بۆ ئەوەی خۆیان لە تەوژمە توندرەوەکانی ئاییندە بپارێزن کە هەمیشە لە پاش رەوینەوەی هەرەشە دەرەکییەکان، مەترسییە ناوخۆییە نووستووەکان سەرهەڵدەدەنەوە وەک ئەوەی لە ئێستادا لە هەرێمدا روودەدات، لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم چەندان بە ناو فەرماندە و کەسی جیاواز بوونەتە حاکمی رەهای ناوچەکان شیرازەی هەرێمیان بنێس و لاواز کردووە تا رادەی نەمان. هەرێم لە دووریانێکی سەختی دارشتنەوە و ناسینەوەی خۆیدایە کە دەبێت خۆی لە خوێن رشتن و مامەڵەی بایۆلۆجیایانەی سەرمایەو پارە و دەستەڵات بپارێزێت.
سەڵاح رەشید مامۆستا جەعفەر، لە یەكەم رۆژی سەری ساڵی ٢٠١٩دا، وتارێكی دەربارەی كتێبی (دیداری تەمەن) لە سایتی (رووداو)دا بڵاوكردۆتەوە.. ئەم بۆچونانەی مامۆستا دوای ٢٠ مانگ دێت بەسەر دەرچونی چاپی یەكەمی كتێبەكە، ئەوەی سەرەتا جێی پرسیارە، بۆچی مامۆستا ئەم هەمو كاتە چاوەرێی كرد؟ بۆچی وەك هاورێكانی تری دوای دەرچونی كتێبەكە تێبینیەكانی نەنوسی؟ هەرچەندە بۆچونەكانی مامۆستا هیچی تازە نین و پێشتر چەند كەس و لایەن، بە هەمان ناوەرۆك و تێبینی، دوای بڵاوكردنەوەی كتێبەكە هەمان سەرنجیان دەربڕیوە، و بەندەش دەربارەی هەڵەی نوسین، راستكردنەوەی مێژو، تەنانەت ناوی كەسایەتی یان شوێن، لە چاپەكانی دوایدا زۆر سودم لێوەرگرتون و هەڵەكانم راستم كردونەتەوە، یاخود خۆم داوای لێبوردنم لە هەندێ لایەن كردوەو رونكردنەوەم نوسیوە، وەك دەربارەی حیزبی سوسیالیست و سەركردەكانی (چاپی سێهەم، بەشی دوهەم . ل. ١٤٣). ئیتر نازانم مەبەستی ئەم نوسینەی ئەو لەم كاتەدا چیە؟. مامۆستا ماوەیەكە لە سایتی (رووداو) نوسینی درێژ بڵاودەكاتەوە لەسەر یەكێتی و مێژوی شۆرشی نوێ و كەسایەتیەكانی و ناو و روداوەكان، بۆ ئەو مەبەستەش چەند كەسێك دێنێت و وەك سەرچاوەش بەكاریان دێنێت، تا بەو مەبەستە بگات كە خۆی دەیەوێت!. لەم نوسینەشدا باسی دانیشتنێكی ماڵی خولێخۆشبو عەبدولرەزاق فەیلی دەكات و شتەكان بە (گوتم) و (گوتی) دەگێرێتەوە، وەك ئەوی تۆماری كردبێت..ناچمە سەر ناوەرۆكی چی وتوە، بەس هەر ئەوەند دەڵێم، من كتێبم نەداوە بە مام جەلال تا بۆم (فڕێدا)، چونكە ئەوكاتە نەكراوەتە كتێب تا فرێبدریت، دیارە ئەوە رەوشتی مامیش نەبوە، پێشتریش شتی واشی لەگەڵ من نەكردوە، ئیتر نازانم لەگەڵ مامۆستا! راستیەكەی ئەوەیە كۆپیەكانم داوەتێ و بۆی نەگێراومەتەوە. دەربارەی چۆنێتی بڵاوكردنەوەی: ئەم چەند دێرە دەربارەی چۆنێتی بڵاوكردنەوەی، وەك خۆی بڵاودەكەمەوە كە پێش ساڵێك لە چەند رۆژنامە و سایتێك بڵاوبۆتەوە. " ئەم دیدارە لە ماوەیەكی درێژ، كە نزیك لە ١٥ ساڵی خایاندوە، تۆماركراوەو ئەنجامدراوە، لەو ماوەیشدا روداوی گەورەو گرنگ لە جیهان، ناوچەكە، عێراق، كوردستان و ناو ریزەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رویانداوە، لەبەر ئەوە زۆر ئاساییە كە مام جەلال كاتێ بیرەوەرییەكانی خۆی دەگێڕێتەوە، ئەوە گوزارشت لە كات و شوێنی دیاریكراوی خۆی دەكات، كە پرسیارەكەی تێدا كراوەو زیاتر ئەو روداوە مێژوییە بەوشێوەیە دەگێرێتەوە وەك ئەوەی كە ئەو لەوساتەدا چۆن بینیوێتی، نەك وەك ئەوەی ئێستا هەیە، لەبەرئەوە، هەمو لێكدانەوەو هەڵسەنگاندن و شیتەڵكردنەوەی ئەم دیدارە، پێویستە لە ڕوانگای ئەو ڕۆژەوە لێكبدرێتەوە. لە سەرەتدا رەخنە لە هەندێ كەس یان لایەن دەگریت، بەڵام لە ٢٠٠٣ پرسیاری ترم لێكردوە، مام جەلال مەدحی ئەوانەی كردوە كە رەخنەی لێگرتون. چونكە زروفە سیاسیەكە گۆڕاوە، بۆ نمونە مام جەلال باسی ئاڵای شۆرشی كردوە، وەك سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتێمانی باس و رەخنە لەو برادەرانەی ئاڵای شورش دەگرێت كە لەناو یەكێتی نیشتیماندا چونەتە دەرەوە. بەڵام دوای ئەوەی كە گەراونەتەوە ریزی یەكێتی و هەندێكیان رۆڵی ئیجابیان بینیوە، مام جەلال باسی رۆڵی باشی هەندێ لەو ئەو برادەرانە دەكات لە ٣١ ئابدا". ئەو پرسیارەی كە مامۆستاو هەندێ هاورێی زۆرجار باسیان كردوە، ئایە پێش چاپكردن (دیداری تەمەن) پرسم بە كەس كردوە؟ بە ماوەیەكی زۆر پێش چاپكردنی، كۆپیم (دیداری تەمەن)م داوە بە (نەوشیراون مستەفا، د. بەرهەم صالح، فەرید ئەسەسەرد، ستران عەبدوڵاو چەند برادەرێكی تر لە ناوە و دەرەوەی یەكێتی). هەر هەمویان تێبینی زۆر باشیان داومەتێ و كۆمەڵیك زانیاریان بۆ راست كردومەتەوەو تەنها گلەیی ئەوەیان كردوە كە پێویستە زو بڵاو بكرێتەوە، نەك بڵاونەكرێتەوە. دەربارەی ئەوەی ئایە مام جەلال رازی بوە لە بڵاوكردنەوەی یان نەبو؟ پێشەكییەكەدا نوسیومە "كە بەداخەوە مام جەلال نەخۆشەو پێشتریش دەرفەتی ئەوە نەڕەخساوە دیدارەكە ببینێ و سەرنجی نوێی لەسەر بڵێ، یان تەنانەت روخسەتی بڵاوكردنەوەشی لێوەربگرم، بەڵام خۆم باوەڕم بەوە هەیە، كە مێژوی هاوچەرخی كوردو نەوەی نوێ، پێویستی بەم شایەتیەی و زانیاریانەی لای مام جەلال هەیە، هەر لەبەر ئەوەش بڵاوكردنەوەیم بە گرنگ زانی." ئەوەی مام جەلال (تەحەفوز)ی لەسە هەبو، تەنها باسكردنی پارتی و مێژوی ململانێكان و باسی مەلا مستەفا بو، لە دیدارێكدا لەگەڵ بەندە لە نەخۆشخانەی بەرلین، مام جەلال، ئەوەی دوپات دەكردەوە، كە ئەو جارێكی تر نایەوێت لەگەڵ پارتی و خانەوادەی بارزانی بكەوێتە ململانێ، ناكۆكیەكانیش ئەو بەو گەورەییە نایان بینێت! مادەم مام جەلال بۆچونی لەسەر روداوەكان وابێت، نابێت بە ئاشكرا رێگا بدات كە چاوپێكەوتنەكانی لە حزوری خۆیدا بڵاوبكرێتەوە، چونكە ئەوە بارودۆخێك دێنێتە پێشەوە كە مام نەیویستوە، بە تایبەتی گرژی نێوان پارتی و یەكێتی. ئەگەر مام جەلال نەیویستبێت ئەم چاوپێكەوتنە بڵاوببێتەوە، بۆچی دەها سەعات كاتی خۆی بۆی تەرخان كردوە، خۆ لە یەك رۆژدا روی نەداوە، بەڵكو ماوەی ١٥ساڵی خایندوە..باشە تۆ بڵێت مام جەلال هەر بۆ خوشی ئەم دیدارەی ئەنجام دابێت؟ پێش چاپكردنی كتێبەكە، بەندە بەیاوەری د. محەمەد سابیر و ستران عەبدوڵا سەردانی هێرۆخانمان كرد، ئەو دو زاتە ماون و خۆیان ئەتونن باسی ئەو دانیشتنە بكەن، نەك بە دەمیانەوە باس بكرێت،..هێروخان وتی ئێستا كاتی بڵاوكردنەوەی نیە و با ماوەیەك چاوەرێ بكەین، بۆ نمونە ساڵێك، منیش پێشنیازەكەیم بە باش زانی و كۆپیەكانیشم لای ئەو دو برادەرە دانا، دوای ساڵیك هێرۆخانم ئاگادار كردەوە، كە كاتەكە رۆشتوە، ئەو وتبوی كەیفی خۆیەتی و با بە خراپی باسی كەسی تیدا نەكرێت و با حەمەو ستران سەیری بكەن، دوای ماوەیەك هەردو كاكەكە كۆپیەكانیان بۆ گێرامەوەو چەند تێبینیەكیان هەبو، تێبینیەكان و نامەكانیان تاكو ئێستا پارێزراون. د. محەمەد سابیر، كە هاورێیی نزیك و ئاوەڵزاوای مام جەلال و كادیرێكی پێشكەوتوی یەكێتیيە لە چاوپێكەوتنی رۆژنامە ئاوێنەی ژمارە ٥٧٨ی ٢٢\٥\٢٠١٧، بەم شێوەیە باسی كتێبەكە دەكات: " ساڵێك لەمەوبەر یان زیاتر، من و سلاح رەشید و ستران عەبدوڵا، ئەو كتێبەمان برد بۆ هێرۆ وەك هاوسەری مام جەلال بۆ ئەوەی بۆچونی بزانین. ئەو وتی لە راستیدا لەم بارودۆخەی یەكێتی ئەم كتێبە بڵاوبێتەوە، رەنگە دەرگای قسەو رەخنە بكرێتەوە لێمان، ئەگەر هەندێ شتی تێدا لاببرێت، یان هەندێ ناو هەیە لاببرێت ئەگینا تا ماوەیەك بوەستە. سەلاح رەشیدیش وتی باشە من تا ساڵێكی تریش دەوەستم. ساڵەكە تەواو بو، رۆشتمەوە بە هێرۆم وت، وتی وڵا ئەو شتانە لابەرێت باشە، لاشی نابات، بڵێم چی؟ خۆی دەزانێت و خۆی ئازادە! سەلاحیش هەندی دەستكاری ناوی كردو بە راستگۆیی قسەكانی مام جەلالی لەو قۆناغەدا بە ئەمانەتەوە نوسیوەتەوە. خۆشت دەزانی هەر سەردەمە و قۆناغێك روداوی خۆی هەیە، ناكرێت بە چاوی رابوردو ئێستا بخوێنیتەوە، ناشكرێت بە چاوی ئێستاش سەیری روداوەكانی رابوردو بكەین". تۆ بڵێیت مامۆستا جەعفەر زیاتر لەو هەمو ئەو خوشك و براو هاورێ و خزم و ناسیاوانەی مام كە كتێبەكەیان بینیوە، دڵسۆز تربێت بۆ مام جەلال؟ ئەم پرسیارە بە كراوەیی بەجێ دێڵم بۆ خۆیی و خوێنەر.. مامۆستا ئەپرسێت، چۆن تا ئێستا بافل و قوباد منیان نەداوە بە دادگا!! مامۆستا پێش هەمومان دەزانێت، ئەگەر رۆژێ دادگایی هەندێ كەس بكرێت، ئەبێ ئەوان بدرێن بە دادگا، كە زیانیان بە یەكێتی و رێبازی مام جەلال گەیاندوەو دژی وەستابونەوە، ئەوانەی كە لە رۆژانێكی سەختی خەباتی پێشمەرگایەتیدا وازیان لە یەكێتی مام جەلال هێناو چونە هەندەران و كەوتنە دژایەتی بێ سنوری یەكێتی و مام جەلال، ئەوانە ئەبێت بدرێن بە دادگا كە لە كاتێكدا بونەوە بە یەكێتی، ئیمتیازاتی دارایی یەكێتیان وەردەگرت، كەچی لە 2014/4/30 بەرامبەر بە یەكێتی لیستی تایبەتی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەغدا دروستكرد..ئەوانە ئەبێت بدرێن بە دادگا، كە جۆرەها ناشرینیان لە مەكتەبی (بیرو هوشیاری) بڵاوكردەوە، ڕاپۆرتەكەی ئەوكاتەی (مەكتەبی چاودێری و پشكنینی) ساڵەكانی ٢٠٠٧ - ٢٠٠٨ی یەكێتی لەگەڵ چەند كادیریكی ئەوكاتە ماون، ئەوانە ئەبێت بدرێن بە دادگا كە بە رۆژی روناك و با ئاشكرا دزی لە حكومەت و حیزب دەكەن و تا بیناقاقایان پرە لە گەندەڵی، هەمو كەس لەو بارەیەوە قسە بكات، نابێت ئەو لەوبارەوە هیچ بڵێت!. مامۆستا ویستویەتی نوسینەكەی درێژ بكاتەوە، هەستاوە باسی شەجەرەی ماڵی مام جەلالی كردوە، لە بەرگی یەكەمدا ئەوەم نوسیوە كە مام جەلال باسی كردوە، بەڵام كاتێ كەسوكارەكەی ناوی راستەقینەكەیان پێوتم، هەستام لە چاپی سێهەمدا راستم كردوە (چاپی سیهەم .ل. ٢١)، بەڵام مامۆستا كاتی نەبوە سەیری چاپەكانی تر بكات و راستیەكان ببینێ. مامۆستا هەڵساوە بەشوێن هەڵەی رێزمانیدا بگەرێت و تەنها ئەوەی دۆزیوەتەوە كە لە چەند وشەیەكدا لە جیاتی (ص) من نوسیومە (س).. بیگومان ئێستاش بگەرێیت لە كتێبێكی ٩٠٠ لاپەریدا، هەڵەی تر ئەدۆزیتەوە، بەڵام نەك (س و ص)، وە ئەوە مانای ئەوەناگەیەنێت كە بەندە شارەزای عەرەبیە یان نییە. لەسەر داخوازی هێرۆخان و هاورێیانی تر، هەمو ئەو وەڵامانەی مام جەلالم وەك خۆی نەنوسیوەتەوە كە دەربارەی هەندێ كەسایەتی لە قۆناغێكی مێژویی دیاریكراودا بە زبری لەسەریان قسەی كردوە، رەنگە مامۆستا یەكێك بێت لەوانە..ئەو كاسێتانە هەموی پارێزراون و بەم نزیكانە پێشكەشی دەزگایەكی یەكێتی نیشتیمانی دەكەم، بێ رتوش. دوا وشەی مامۆستا: نوسەر هاتوە، منی ئیتهام كردوە : " ئەم كتێبە بۆ مەبەستێكی سیاسی نوسراوە، نەك بۆ مەبەستێكی زانستی و ئەكادیمی و خزمەتی میژووی گەلی كورد. دیارە بە هاندانی چەند كەسێك لە براگەورەكانی لە تەڤگەری گۆران ئەم كارەی بڵاوكردۆتەوە، دیارە چەند بەشێكی گفتوگۆكە كە بە زەرەری بەشێك لە سەرانی تەڤگەری گۆران بوە، سڕاوەتەوە". ئەم كۆپلەیە ئەوەندە ئاستی نزم و بێ ناوەرۆك و پر ئیتهام كردنە كە پێویست بە وەڵامدانەوە ناكات، تەنها ئەوەندە دەڵێم، ئەو ئەوەندە ئازا نەبوە ناوەكە بهێنێت و نوسیوێتی (براگەورەكانی تەڤگەری گۆڕان) كە مەبەست لە خوالێخشبو نەوشیراون مستافا بوە، چونكە لەناو گۆڕاندا تەنها ئەو كۆپیەكانی پێش چاپكردن دیوە، ئەمە یەكەم جار نییە، كە باسی كاك نەوشیراون بەخراپە دەكات و هێرش دەكاتە سەری، جارێك دەڵێ ئازادی مستافا خۆشناو وتویەتی كە نەوشیراون لە ڤینا وتویەتی من ترۆتسكیم "ئازاد من ئێستا ترۆتسكیم و لەگەڵ ترۆتسكییەكانی ڤییەنا ژیانێكی خۆش بەسەردەبەم، بڕۆ وازم لێبێنە". ئەمە نەك هەر درۆیە، بەڵكو یاریكردنە بە خەیاڵ و هەمو ئەو كەسانەی كە ئەویان ناسیوە، ئەزانن كە ئەو هیچ كاتێ نە ترۆتسكی بوە، نە بڕوای پێیان هەبوە،. یان دەنوسیت: " من رۆژێك لە رۆژان نەمبینوە (نەوشیروان) لە كۆبونەوەی سەركردایەتی یان مەكتەبی سیاسی پێداگری لەسەر كردنەوەی دەوری مەشق و راهێنانی هێزی پێشمەرگە بكات. رۆژێك رێسا و رێنوێنی بۆ شیوەی كاری هێزی پێشمەرگە دەرنەكردوە.." (وتارەكەی دەربارەی شەهید عەلی عەسكەری – سایتی رووداو ٢٣/١١/٢٠١٨). لێرەدا باسی رۆڵی كاك نەوشیروان ناكەم لەناو پارتیدا یان دروستكردنی یەكێتی و گەشەكردنی كۆمەڵەو رۆڵی لە پێشمەرگایەتی و لە شاخ و ڕاپەرینی ١٩٩١ كە چی كردوەو چی نەكردوە، هەقە هەڤاڵانی ئەو رۆژانەی كە بەیەكەوە پێشمەرگە بون، وەڵامیان هەبێت..خۆ رەنگە مامۆستا كاك نەوشیروانی لە شەردا نەبینێبێت، چونكە بروا ناكەم مامۆستا فیشەكێكی لە شەڕدا تەقاندبێت. لە نوسینی (كۆمیتەی هەرێمەكان هەڵوەشانەوە.. یان هەڵیانوەشاندنەوە) كە ئەویش هەر لە سایتی رووداو لە ٩/١٠/٢٠١٨ بڵاوی كردۆتەوەو نوسیوێتی:"نەوشیروان هەر لە ساڵی 1978 تا هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵە دەسەڵاتی رەهای هەبوو. هەمیشە مام جەلال نیوەی ئەو چەك و پارەیەی دەست (ی.ن.ك) دەكەوت، لەبەردەستی ئەوی دادەنا، ئیدی چۆن سەرف دەكراو بە كێ دەدراو بە كێ نەدەدرا ئەوە هەر خۆی و خوا دەیانزانی، مەبەستمە بڵێم: هیچ سنوورێك بۆ دەسەڵاتی رەهای ئەو دانەنرابوو. ئەندامی سەركردایەتی زیندانی دەكردو كادری داركاری دەكرد و بیانووی بۆ كوشتنی خەڵك لەناو شارو لەناو شۆڕش دەدۆزییەوە، دەسەڵاتێك نەبوو رێگری لێبكات". ئێستا با بپرسین، ئاخۆ هەقە ئێمە لەسەر (دیداری تەمەن) بدرێینە دادگا یان مامۆستا لەسەر ئەم ئیتهامانە بدرێتە دادگا؟. یان هەقوایە دژ بەم ئیتهامانە، هاورێ و دۆستان و قەڵەم بەدەستانی بە ئاگاو هوشیارو بەویژدان یان كەس و كاری كاك نەوشیراون و بزوتنەوەی گۆڕان وەڵامی بدەنەوە و بیدەن بە دادگا. خۆ ئەگەر مامۆستا خۆی بەهەق بێژ دەزانی داكۆكی لەراستی ئەكات، خۆ ئەو بە حساب، ئەو كاتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی راگەیاندن بووە، خێرە ئەو قسانەی هەڵگرتوە بۆ ئێستاو لەكاتی خۆیدا دژ بەم كارە دژوارانە فزەی نەكردوە، كێ دەستی گرتبوو وتارو رونكردنەوە بنوسێت، یان بۆ لە كۆبونەوەكانی م.س. زاتی بە گژا چونەوەی نەبووە، خۆ گەر كاری لەو شیوەیەش كرابێت، ئەو بەناوی یەكێتی یان كۆمەڵەوە كراون، نەك بەناوی كەسێكەوە، واتە هەمویان بەرپرسیار بوون و پێویست بو ئەویش وەك سەركردایەتی بێتە دەنگ و بە دەنگی بەرز بەرنگاری بوایەتەوە. سەبارەت بەمەبەستی سیاسی نوسینیش، بەرواری چاپكردن دیارە كاتێك ئەم كتێبە بڵاوبۆتەوە، پەیوەندی نێوان یەكێتی و گۆڕان زۆر باش بوە و دوای رێكەوتنی دەباشان بوە، ئیتر بۆ ئەبێت بە مەبەستی سیاسی نوسرابێت..ئەم لێكدانەوەیە، وەك زۆر لێكدانەوەی تری نوسەر، ئاوێنەی ناخی خۆی كە پر رقە دەردەخات بەرامبەر بە هەندێ سەركردە و پرۆسەى سیاسی. زۆر لە سەركردەكانی یەكێتی و گۆڕان دەزانن كە بەندە هەمیشە هەوێنی تەبایی نێوان مام جەلال و كاك نەوشیروان بە تایبەتی و یەكێتی و گۆڕان بە گشتی بومو بە ئەركی سەرشانی خۆمم زانیوە..كاتێكیش ئەم كتێبە بڵاوبۆتەوە، من هیچ پۆستێكم لەناو گۆڕاندا نەبوە، لەبەر ئەوە ئەو قسانەی مامۆستا جێی پێكەنینە. كەم كتێب هەیە لە ماوەی كەمتر لە ساڵێك ٣ جار چاپكرابێت..ئەم بەدەنگ هاتنەوەیە گرنگی بۆچون و رۆڵی مام جەلال لە مێژوی هاوچەرخی گەلەكەمان دەردەخات، جگە لەفرۆشتنە زۆرەكەی، بە سەدان كەس نامەی هەموجۆریان ناردوە بۆ دەستخۆشی و ستایش كتێبەكەیان كردوە، زۆر ئاسایشە چەند كەسێك رەخنە بگرن، بەڵام تۆ بڵێت ئەگەر مام جەلال لەم دیدارەدا بە ئیجابی باسی رۆڵی مامۆستای بكردبایە لە ناو شۆرشدا، ئەو ئێستا هەر بەم شێوەیە باسی كتێبەكەی بكردایە؟ بۆ زانیاری مامۆستا و هاورێیانی تر، چاپی چوارهەم بەرێوەیە و وەرگێرانە عەرەبیەكەشی بڵاوبۆتەوە.
■ رێبوار کەریم وەلی (1) بەدەر لەو رووداوانەی كە لە چەند رۆژی رابردوودا، دیمەنەكانی سەردەمی شەڕی ناوخۆ، دوو ئیدارەیی و باڵادەستیی دەسەڵاتی ئەمنی بەسەر سیاسەت و قانوونیان لە زاكیرەی میللەتدا زیندوو كردەوە، دەركەوت كە یەكێتی و پارتی داخیلی قۆناغێكی نوێ لە ململانێی نەوەیەكی دیكە لە دوو مەدرەسەكە بوونە. ئەگەر بۆ پارتی ئەمڕۆ پێكهێنانی خێرا و بەپەلەی كابینەی نۆیەم بووەتە تەحەددی، ئەوا لایەنی یەكێتیش تا بۆی بكرێت رێگری لەوە دەكات كە ئەو پڕۆسەیە وا بە ئاسانی تێپەڕێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ئەوەیە كە پارتی لە پێكهێنانی حكومەتدا، خۆی خستووەتە هەڵوێستێكەوە وەك ئەوە وایە، چەندین ساڵ بێت حوكمڕانی بەدەست حیزبێكی دیكەوە بووبێت و پارتی ئەمجارە لە هەڵبژاردنەكان بردوویەتیەوە و دەیەوێت حكومەتی رادەست بكرێتەوە! ئەگەرنا ئەم هەموو پەلەپەلەی بۆ چییە؟ تا پێش سێی 12ی پارساڵ، یەكێتی و گۆڕان بە مەمنوونی چاوەڕێی ئەوە بوون كە پارتی مەرحەبایان بكات و دەرگای دانوستاندنیان لەگەڵدا بكاتەوە. دوای ئەوە ئیتر تیر لە كەوان دەرچوو! بەڵام دیسانیش پارتی دەیتوانی لەبری ئەو شاندەی ئێستای شاندێكی وەها بڕیار بەدەست دروست بكات كە توانای دانوستاندن لەسەر هەموو مەلەفێكی هەبێ، بەتایبەتیش كە نەبوونی بەربژێری سەرۆكایەتیی حكومەت لەناو شاندی پارتیدا، لای لایەنەكان جێگەی پرسیار بووە و لە جدییەتی دانوستانەكانی كەم كردووەتەوە. لەلایەكی دیكەوە دەڵێی هێشتا پارتی لەو واقیعە نوێیەی دوای 16ی ئۆكتۆبەر تێنەگەیشتووە! مەركەزییەتی بڕیاری ناو یەكێتی كە لە دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانییەوە كەوتە دەست دایك، دوو كوڕ و چەند وەسییەك، ئیتر كۆتایی هاتووە، ئیتر بە تەلەفۆنێك و چاخواردنەوەیەك لەگەڵ هێرۆ برایم ئەحمەد، بڕیار نادرێت. یەكێتی ئێستا چوار باڵە، باڵێكیان وەكو داشە هارە بەناو باڵەكانی دیكەدا تەراتێن دەكات، لەكوێ حەزی لێبێت پێكیدێنێ و لەكوێ حەزی لێنەبێت تێكیدەدا، ئەویش باڵی لاهورە كە ئێستا بەسەر حیزب و دەزگای ئەمنیدا زاڵە و، حیساب بۆ كەسیش ناكات. بۆیە ئەوانەی لەو حكومەتە نوێییەدا بەرژەوەندییەكانیان دەكەوێتە بەر مەترسی، ئەستەمە وا بەئاسانی تەحەددییەكانی پارتی لەناو جەرگەی سلێمانی قەبوڵ بكەن و، رێگەش بدەن حكومەتێكی بەهێز دروست ببێت. دكتۆر بەرهەم دێتە هەولێر؟ (2) پێناچێ ئیتر یەكێتی لە دانوستاندنەكاندا پێداگری لەسەر ئەوە هەبێت كە پارتی مامەڵە لەگەڵ دكتۆر بەرهەم ساڵح وەك سەرۆككۆماری وڵاتی بەناو عێراقدا بكات، بەڵام راستییەك هەیە كە راگرتنی پەیوەندییەكان لە نێوان بەرهەم ساڵح و پارتیدا لە قازانجی هەردوولادا دەبوو. پارتی ئەگەر ئارگۆمێنتی خۆی هەبێت، بەرهەم ساڵحیش وەكو هەموو سیاسییەكی دیكە تموحی هەبوو بگاتە ئەو شوێنەی ئێستا لێیەتی. بەرهەم ساڵح ئەگەر پشتیوانیی سەرۆك بارزانیی هەبێت، بە دڵنیاییەوە سەرۆكێكی بەهێزتر دەبێ و لە بەغداش نوێنەرایەتییەكەی لە نوێنەری حزبێكەوە دەبێ بە هی نەتەوەیەك ، بەرهەم ساڵحیش دەیتوانی بۆ پارتی ببێتە واجیهەی سلێمانی و ئەمڕۆ پارتی بەدەست ئەم پاشاگەردانییەی ناو یەكێتییەوە گیری نەخواردبایە. ئەوەی روویداوە تازە روویدا و، لە سیاسەتدا مەحاڵ نییە. بەڵام پارتی دەبێ ئەوە بزانێت كە ئەمڕۆ باجی هەڵەكانی رابردووی لەبەرامبەر دۆخی ناوخۆیی یەكێتی دەدات. ئەوانەی دەكرا وەكو (ناوەندی بڕیار) بڕیار بەدەستی یەكێتی بن و وەك پڕۆسەی ریفراندۆم پشتیوانیی لێ بكەن، ئەمڕۆ تەنها باڵێكن، ئەو باڵەیش كە پارتی پشتی گرتن، ئەمڕۆ لە راكەڕاك بۆ سەر مەزاری تاڵەبانی و پەیمان نوێكردنەوە زیاتر قسەیەكی دیكەیان پێ نییە. ئەوانەیش كە بە هەماهەنگی هەردوو بنەماڵە قوت كرانەوە و كران بە بەرپرس و چەك و پارەیان كەوتە دەست (وەك كوڕانی جەنگی)، ئەمڕۆ لە قاچوقولی پارتی و هەموو یەكێتییەوە ئاڵاون. هەقە پارتی توانای خوێندنەوەی واقیعە ناوكۆییەكانی یەكێتی هەبێت، بەرهەم ساڵحیش ئەمڕۆ باڵێكی دیكەی ناو یەكێتییە و لە رێگەی پۆستەكەیەوە تا راددەیەك كۆكەرەوەی بەرژەوەندیی باڵەكانی دیكەشە، دەتوانێ هەم لە ئاستی ناوخۆیی و هەم لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش فاكتەرێكی یاریدەدر بێت، چونكە بە خۆشی بێت یان بە ناخۆشی سەرۆكی هەرێمی داهاتوو، مەجبورە پەیوەندی لەگەڵدا هەبێت وەكو دوو سەرۆك لە وڵاتێكدا. ئەو دەرزییەی سوپا لێیدان (3) زۆر باش بوو كە یادی دامەزراندنی سوپای وڵاتی بەناو عێراق، رێك كەوتە ناو ئەو گێرمەوكێشەیەی لە نێوان پارتی و یەكێتیدا روویدا. گلەیی كورد لە سوپای داگیركەر ئەوەیە كە كورد لەو سوپایەدا رێژەی بەشداریی نزیكەی دوو لەسەدە و ئەو سوپایە تەمسیلی هەموو نەتەوە و ئایینەكانی وڵات ناكات، ئەو سوپایە بۆ كۆمەڵكوژیی كورد بەكارهاتووە، كودەتای كردووە و ئەنفالی كردووە و زۆر شتی دیكەش كە هەموویان راستن. ئەی باشە ئەی كوردەكانی بەرەی 16ی ئۆكتۆبەر و ئەی دەوڵەتییەكانی بەرەی 25ی ئەیلول، بۆ ناپرسن كە پتر لە نیو سەدەیە بۆچی ئێمە نەمانتوانی سوپایەكمان هەبێ؟ بۆچی وا بۆ 26 ساڵ زیاترە كە حكومەت و ئیدارەمان هەیە، نەمانتوانیوە هێزی پێشمەرگە، ئاسایش و پۆلیس لەژێر دەستی حزب دەربێنین و بیانكەین بە هێزی نیشتمانی؟ ئەو كاتە دەبوو خەڵك دڵیان بە یادنەكردنەوە یان بە پشووڕانەگەیاندنی رۆژی شەشی كانوون خۆش بێت كە خۆی سوپایەكی هەبوایە و خۆیشی رۆژێكی هەبوایە بۆ ئەو یادكردنەوەیە.
■ كەمال رەئوف پارتی هەرچەندە خۆی بەبراوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان ئەزانێت، بەڵام ئەركەكەی لەرابردوو قورسترە، هەرئەوەشە وادەكات بەئاسانی حكومەتەكەی بۆ پێكنەهێنرێت، پارتی براوەی دوای دوو شكستی گەورەیە، یەكەم، بەباچوونی پرسی ریفراندۆم، دووەم، شكستی وەرنەگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، لەبەرەی هەردوو ململانێكەش، بارزانی خۆی لەپشەوەی بووە، بەتایبەتی لەوەی سەرۆككۆمار، فواد حسین وەك كاندید و نوێنەری بارزانی بەشداری پێكرا، نەك كاندیدی پارتی دیموكرات. گۆرینی كتوپری كاندیدی پارتی لەنێچیرڤان بارزانیەوە بۆ مەسرو بارزانی و ئەكتیف كردنەوەی پرسی پۆستی سەرۆكی هەرێم، بەشێكی تری بارگرانی بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت دروست كرد، بەتایبەت كە یەكێتی پێدارگری ئەوە دەكات، دەبێت پاكێجی گفتۆگۆكان، بەغداد و كەركوك و هەرێم پێكەوە بێت و پێش باسكردنی دابەشكردنی پۆستەكان باس لە رێككەوتنێكی هەمەلایەنە بكرێت لەنێوان هەردوولا. ئێستا پارتی سەرباری ئەوەی خۆی بەبراوەی یەكەم دەزانێت و لەگەڵ دەنگی كۆتاكان ئەتوانێت بەتەنیا حكومەت پێكبهێنێت، بەڵام ئەو راستیەش باش دەزانێت بەبێ بەشداری یەكێتی نابێتە خاوەن حكومەتێك كە سنوری قەڵەمرەویەكەی لەدێگەڵە تێپەرێت. پارتی نیگەرانە لەوەی جاران ژمارەی كورسیەكانی هێندەی ئێستا نەبوو، بەڵام لە دانانی پۆستەكانی بەغداد بە پۆستی تاڵەبانیشەوە رەئی هەبوو، ئەو پۆستەی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێم دادەنا، بەڵام ئەمجارە بەپێچەوانەی ئیرادەی پارتی و بارزانی پۆستی سەرۆككۆمار بۆ یەكێتی لەناو پەرلەمانی عێراق بەجیاوازیەكی گەورە یەكلابووە، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە پارتی لەوەتێبگات ئەوە ئەو نییە كە دەتوانێت شەرعیەت بە پۆستەكانی دەرەوەی هەرێم بدات، چونكە هەرچی پرسی كەركویشە ئەگەر ئەنجومەنی پارێزگا كارەكانی بەو نەخشەیە بروات كە یەكێتی لەهەوڵیدایە، ئەوا پارێزگاری كەركویش لەدەرەوەی ئیرادەو خواستی پارتی یەكلادەكرێتەوە و ئەوكاتە پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم چەند ئەوەندەی ئێستا قورستر دەبێت. ساڵانێكە هەرچی نوسەری دڵسۆز و كەسایەتی خەمخۆری ئەم وڵاتە هەیە، داوا لەپارتی و یەكێتی ئەكەن كۆتایی بە دۆخی دوو ئیدارەیی و دوو هێزی چەكدار بهێنن، كۆتایی بەو دابەشكارییە حیزبیە بهێنن كە ژیانی خەڵكی تا سەرلێواری مەرگ بردوە، چونكە تا ئەوان خاوەنی هێزی چەكداو ناوچە نفوزی خۆیان بن، تا ئەوان لەسەرو یاساوە بەهێز مامەڵە بكەن و زیندانی تایبەت بەخۆیان هەبێت، ئەبێت چۆن وەك ئەو نمایشە گاڵتە ئامێزەی چەند رۆژی رابردوو، هەردوولا بەوە رازی بوون دیل بەدیل بكەن، ئاواش دەنگ و كورسی پەرلەمان و حكومەت تاو شوێنە گرنگی دەبێت، كەبەرژەوەندیەكانی هەردوو حیزب نەكەوێتە مەترسییەوە، دیارە ئەوەش بەرئەنجامی ئەو دۆخەیە كەخۆیان بەدرێژایی 28 ساڵی حومرانیان چیان چانجدوە ئێستا هەر ئەوە ئەدورنەوە.
■ كارۆخ عوسمان لەدواخستنی كۆنگرەی حزبەوە (كادر) فێری درێژكردنەوەی دەستەڵاتی ناو حكومەت دەبێت. ھەرحزبێك بەھەر بیانوویەك كۆنگرەی ناوخۆیی دوابخات ھیچ گومانێك نامێنێ كەنیەتی تەندروست و دروستی نیە لەحوكمڕانیدا. دواخستنی كۆنگرەی حزب ھەمووكات وابووە كەمەبەست لێی تەسفیەی نەیارانی سوڵتەی ڕەھای بەشێكیانە، (ئەو بەشەی كەدژایەتی دەرچوون لەپرەنسیپەكانی حزب دەكەن). دواخستنی كۆنگرە بەشێك بووە لەتێكچوونی پەیوەندی نێوان كادرانی حزبەكان، بۆیە ھیچ حزبێكی كوردی بەبێ لەتبوون و انشقاق تێنەپەڕیوە. ھەمیشەش (ماوەكان) ڕۆیشتووەكانیان بەخائین تۆمەتبار كردووە، گەرچی لەبنەڕەتدا ڕۆیشتووەكان ڕازی بەئەدای خراپی ئەوانیتر نەبوونە. باڵی مەكتەبی سیاسی پارتی لە ٦٤ لە مەلا مستەفا نیگەران بوون، بۆیە دوای ئئیبراهیم ئەحمەد و تاڵەبانی كەوتن، باڵی ڕێفۆرمیش لە تاڵەبانی نیگەرانبوون بۆیە ئەوانیش دوای نەوشیروان مستەفا كەوتن. ئێستاش خودی نەوشیروان مستەفا نەماوە تا لێی نیگەرانبن، وەلێ لەپاشماوەكانی نیگەرانن، بەشێكی زۆری كادرانی گۆڕان لەھەردوو میراتگرەكەو سوڵتەدارە ناشەرعی و ماوە بەسەرچووەكانی ناو حزب پەست و وەڕەسن. بۆیەش كۆنگرە دوادەخرێت و دوادەخرێت و ھەر دوادەخرێت تاكو پەست و نیگەرانەكان و وەڕەسەكان تەریك بن ئینجا كۆنگرەیەكی تەشریفاتی ببەستن، بەچەشنی كۆنگرەكانی یەكێتی و پارتی چەپڵەی دەربارەكان دەنگ لەھۆڵی كۆنگرە ببڕێت. ھەركامێكیش توندتر چەپڵە لێبدات، دەنگی ھەر چەپڵەیەكیش زیاتر بێت ئەویان كاری گەورەتری پێدەسپێردرێت، لەمەوقیعی باڵاتر دادەنرێت، بەڵام بەوەزیفەیەكی گوێڕایەڵ و دەستەمۆ. دەستەمۆ بۆ ئەوانەی كە مومتەلەكات و قەراری حزبیان بەدەستە. دیسان دواخرا، بەجۆرێك كە ھیچ یەكێ لەوانەی پێیان دەڵێن بڕیار بەدەست وادەكەی نازانن، نازانن كەی و لەكوێ و چۆن كۆنگرە دەبەستن، دەی حەقیشە نەزانن چونكە ھیچیان شەرعیەتی قەراردانیان نەماوە. بێ قەراریەك ڕووی تێكردوون كەناتوانن باسی ناشەرعی بوونی دەزگاكانی حوكمڕانی بكەن. ناتوانن باسی قەراربڵاوی ھیچ حزب و ڕێكخراوێكیتر بكەن. دەی ئا ئە لێرەوە فێری بێشەرعی بوون دەبن، ھێندە بەناشەرعی دەمێننەوە كە ئەگەر بچنە حوكمڕانیەوە ھەمیشە كار بۆ دواخستنی نوێبوونەوەی حكومەت و دەزگا ئیداریەكان دەكەن، دوای دەخەن چونكە مەنفەحەتی شەخسی لەدواخستن وەرەگرن، لەئیدارەشدا ھەرچەند دوابخرێت ئەوەندە سود لەموچەی زۆری موچەخۆری وەرەگرن. لێرە بەدواوە لەمەیدانی سیاسی ھەرێمی كوردستان ئەگەر ھەر ھێزێك یا حزب و ڕێكخراوێكیتر دابمەزرێت دەبێ وەعدی شەرەفی لانەدان لە پرێنسیپە چەسپاوەكانی بڕیار لێدراوی یەكەمین كۆنگرە بدرێت. وە گشت مومتەلەكاتی حزبیش لەسەر ناوی حزب یا ڕێكخراو تۆمار بكرێت بۆ ئەوەی ھیچ كەسێك یان میراتگری سەرۆكی یەكەم زاتی دەست بەسەرداگرتن نەكەن.
■ ئەبوفیراس حەمدانی هەتا ئابوریی عێراق رەیعی بێت و داهاتی زۆروزەبەندی نەوت بەردەوامبێت، دەوڵەتی گەندەڵی دەمێنێتەوە و پەرەدەسەنێت. لەبەرئەوە پێویستە شێوازێكی نوێ بخەینەڕوو، لەرێگەیەوە نەوت بگۆڕینەوە بە ئاوەدانكردنەوەن پێشتر پێشنیازی ئەوەمانكرد بۆ حكومەتی بەڕێز عەبدولمەهدی كە شەراكەتێكی ستراتیژی پێكبهێنێت لەگەڵ چین ( یەكەمین وڵاتی بەكارهێنەری نەوت لە جیهاندا بە نۆ ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا. رێككەوتنێكی ستراتیژی درێژخایەن لەگەڵ چیندا ئیمزابكەین و رۆژانە یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی پێبدەین كە بەهاكەی یەكسانە بە 50 ملیۆن دۆلار، بەوە رزگارمان دەبێت لەو چەندین ملیار پارەی كاشە كە دەچێتە گیرفانی گەندەڵكارانی مافیاكانی حزبی عێراقییەكان، هەروەها رزگاریشمان دەبێت لە بیرۆكراتیەتی وەزارەتەكان و ئەنجومەنی پارێزگاكان كە گەندەلبَی دارایی و ئیداری باڵی بەسەردا كێشاون و شكستی خۆیان لە بواری پلاندان و ئاوەدانكردنەوەدا سەلماندووە. جارێكی تر، چی رێگە لە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی دەگرێت بۆئەوەی رێككەوتنێك لەگەڵ چیندا نەكات بەناونیشانی" نەوت بەرامبەر ئاوەدانكردنەوە، كە بە گوێرەی ئەو رێككەوتنە رۆژانە بەرامبەر بە ئاوەدانكردنەوەی عێراق یەك ملیۆن بەرمیل نەوت بدەینە چین و سێ ملیۆن و نیو بەرمیلەكەی تر كە دەمێنێتەوە بۆ موچە و دزی حزبەكان.. ئەنجومەنێكی ئاوەدانكردنەوەی چینی – عێراقی هاوبەش پێكبهێنرێت كە پێداویستییەكانی دەوڵەتی عێراق دابینبكات و قەیرانی كارەبان نیشتەجێبوون، قوتابخانە و نەخۆشخانە و رێگاكان چارەسەربكات. هیوادارم ئەم بیرۆكەیە لە نێوەندە ئابورییەكان و لە نێوان پسپۆرەكاندا دەنگدانەوەی هەبێت چونكە ئەوان زۆر بە تواناترن لە پێگەیاندنی بابەتەكە و وایی لێبكەن مایەی جێبەجێكردن بێت. ئەوە دوا هەلمانە بۆ پاراستی بەشێك لە دارایی گشتی. ئیمارات چوار دەیە لەمەوبەر پێشمانكەوت.. دەگێڕنەوە كە شێخ زاید لەكاتی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیماراتدا ساڵی 1972 لەكاتی سەردانیاندا بۆ وڵاتەكەی قسەی بۆ هەموو باڵیۆز و وەفدە رۆژئاواییەكان دەكرد و ئەم رستەیەی ئاراستەدەكردن" ئێمە نەوتمان هەیە و ئێوەش تەكنۆلۆژیا و شارەزا، وەرن با نەوت بە ئاوەدانكردنەوە بگۆڕینەوە". ئەم تیۆرە سادەیە داناییەكی گەورەی شێخ زاید دەردەبڕێت كە بەشداری كرد لە بونیادنانی ئیماراتدا. هەلەكە هێشتا ماوە، پێویستە لەسەرمان بگەڕێین بە دوای رێگای تردا بۆ بونیادنان و پاراستی داهاتی نەوتمان، دوای ئەوەی دەستەی نەزاهە و وەبەرهێنان و فەرمانگەی پشكنەری گشتی و پەرلەمانە یەك لەدوای یەكەكان شكستیانهێنان لە پاراستنی دارایی گشتی. نەوت بەرامبەر ئاوەدانكردنەوە دوا بژاردەمانە بۆ پاراستنی ئەوەی ماوەتەوە.
■ مەریوان وریا قانع بەدرێژایی مێژوو دیموکراسیەت زۆر دوژمنی ھەبووە، لە ئەرستۆکرات و پادشا و جەنەڕاڵەکانی سوپاوە بیگرە، بۆ ئەو نووسەر و ڕۆشنبیر و خوێندەوارانەی گاڵتەیان بە کۆمەڵگا دێت و خەڵک وەک حەشامەتێک لە گەمژە و نەزان و بێمێشک مامەڵەدەکەن. ھەموو ئەوانەش کە بەناوی ڕۆحانیەت و بەناوی ئامانج و مەبەستی مەزن و پیرۆزەوە گاڵتەیان بە ژیانی ڕۆژانە و بە ئامادەگیی مرۆڤ لەناو سیاقە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگییەکانی ئەو ژیانە، دێت. دیموکراسیەت ھەم دوژمنی خوێندەوار و ھەم دوژمنی نەخوێندەواری ھەیە. بەڵام یەکێک لە خاڵە ھەرە پۆزەتیڤ و بەھێزەکانی سیستمی دیموکراسی لەوەدایە کە ژیانی ڕۆژانەی تاکەکەس و گروپ و کۆمەڵگا زۆر بە جدی وەردەگرێت. ئەو سیستمە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە کە کێشە و ململانێ و چاوەڕوانیی و ئەگەرە باش و بەدەکانی ناو ئەو ژیانە وەک مەسەلەی سەرەکیی و بنەڕەتیی مامەڵەدەکات و لەسەر دۆزینەوەی چوارچێوەیەکی ھاوبەش بۆ ئەو گشتە ئاڵۆزە کاردەکات. دیموکراسیەت سیستمێک نییە بەدوای وەڵامدانەوەی ”پرسیارە ئەبەدیی“ و”قووڵ“ و ”گەورەکان“ی مرۆڤەوە بێت، یان ھەڵگریی ”خەیاڵێکی میتافیزیکیی“ ئەبستراکت بێت و بەدوای ”کردەی گەورە“ و ”ڕوودوی پاڵەوانانە“ و ”ژێرەوژوورکردنەوە“ گەورەکانی کۆمەڵگا و مێژووەوە بێت. بکەرەکانیشی ڕۆحانییەکان و نوخبە فیکریی و ئەدەبییەکان نییە، بەڵکو خەڵکی سادە و مرۆڤە ئاساییەکانی ناو کۆمەڵگان. بۆیە ھەموو ئەوانەی بە زمانی ”ئەبەدیەت“ و ”دیوە قووڵە“کانی ژیان و ”بەھا نەمرەکان“ەوە ئەدوێن و قسەدەکەن، ئەوانەی خەریکی وێناکردنی کەون و مرۆڤن بە ڕۆحێکی ئەبستراکت و نارسیستیانەوە، ئەوانەی ڕقێکی گەورەیان لە خەڵکی ئاسایی ناو ژیانی ڕۆژانەیە و بەدبینییەکی گەورەیان بەرامبەر بە ململانێ ڕۆتنیی و ڕۆژانەییەکانی نێوان تاکەکەس و گروپەکان ھەیە، ئەوانە زۆرجار دیموکراسیەت بە گەمژەیی سیاسیی و مێژوویی دەزانن. دیموکراسیەت نووقسانی گەورە و جدیی ھەیە، بەڵام نووقسانییەک کە ھەر لەناو ژیانی ڕۆژانە خۆیدا چارەسەردەکرێت، نەک لە ناو گەڕان بەدوای ئەبەدیەت و ڕۆحانیەتدا. دوژمنی ژمارە یەکی دیموکراسیەت ئەوانەن لەباتی بیرکردنەوە لە بوونی ”ماڵێک لەناو واقیع“دا بیر لە دروستکردنی ”ماڵێکی میتافیزیکیی و ڕۆحانی“ لە ڕووبەرێکی ئەبستراکت و بان مێژوویدا دەکەنەوە، لە شوێنێکدا لە دەرەوەی واقیع و لەودیوی ململانێکانی ناو ژیانی ڕۆژانەدا. ئەم ھێزە نادیموکراسانە پێیان وایە ئەرکی فیکر و بیرکردنەوە دەکەوێتە دەرەوەی بیرکردنەوە لەو کێشە و مەسەلانەوە کە ژیانی ڕۆژانە دروستیاندەکات. نەک ھەر ئەمە، بەڵکو ئەم فۆرمە لە بیرکردنەوە و بەرخورد وەک تەعەداکردنە سەر ماڵە ڕۆحانیی و میتافیزکیی و ئەبستراکتەکانی ناو ”وجود“ و وەک تەعەداکردنە سەر مانا ”قوول“ و ”نەمر“ەکانی مرۆڤبوون، تەماشادەکەن. ئەمانە پێیان وایە ھەمیشە سەتحێکی تر ھەیە کە باڵاتر و مەزنترە لەوەی کە لەناو مێژوودا لە فۆرمی واقیع و ژیانی ڕۆژانەدا ئامادەیە، ئەو ”سەتحە مەزنە“ ھەرچییەک بێت سەتحی ژیانی ڕۆژانە و واقیعی بەرجەستەی ژیانی تاکەکەس و گروپەکان نییە.
مەسعود حەیدەر راستیەك ھەیە پێویستە ھەموو خەلكی كوردستان بیزانێ، ئەویش ئەوەیە كە ھەموو ئەو ژمارانەی لە پرۆژە یاسای بودجە ھەیە ناراستەو تەنھا پلان بۆ دانراوە یاخود تیۆریە. لەسەر ئەرزی واقع یاخود بە فعلی عێراق ساڵانە ٨٠ بۆ ٨٥ ترلیۆن دینار سەرف دەكات بۆ ھەموو خەرجێكانی بە پشكی ھەرێمی كوردستانیشەوە. بە تەقدیری و لەسەر بنەمای ساڵانی رابردوو خەرجێكان روون دەكەینەوە خەرجی حاكمە : ٦ ترلیۆن دینار خەرجی سیادی : ٢٠ ترلیۆن دینار خەرجی پەرەپێدانی ھەرێمەكان : ٢ ترلیۆن دینار كۆی خەرجی كە دەمێنێتەوە لە باشترین حاڵەتدا ٨٥ - ٢٨ = ٥٧ ترلیۆن دینار رێژەی ئەو پارەی كە پشكی ھەرێمی لەسەر حساب دەكرێت = ٥٧/٨٥*١٠٠ = ٦٧٪ رێژەی فعلی پشكی ھەرێم = ١٢،٦٧٪ x ٦٧٪ = ٨،٥٪ پشكی ھەرێم لە ساڵێكدا = ١٢،٦٧٪ x ٥٧ = ٧،٢ ترلیۆن دینار. واتە ھەرێم لە بەرانبەر رادەستكردنی ھەموو نەوتەكەی و ھەموو داھاتە ناوخۆییەكانی ساڵانە حەوت ترلیۆن و دوو سەد ملیار دینار وەردەگرێت، واتە مانگانە ھەرێم تەنھا شەش سەدو دوو ملیار دینار (٦٠٢ ملیار دینار ) وەردەگرێت لە بەغداد لە بەرانبەر رادەستكردنی ھەموو داھاتە نەوتی و ناوخۆییەكانی ھەرێم. بەو پارەیەش ھەرێم ناتوانێت پاشەكەوتی مووچەش بدات، جگە لەوەی كە پێویستی بە خەرجی بەكاربەرو و وەبەرھێنانە. ئەمەش ھەرێمی كوردستان لە قەیرانی دارایی ئەھێلێتەوە، بۆیە ئەركی ھەموو نوێنەرانی كوردە لە بەغداد مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم مسۆگەر بكەن وەكو ئەوەی ئێمەی فراكسیۆن كوردستانێكان لە ساڵی ٢٠١٨ جێگیرمان كردو مانگانە مووچە لە بەغدادەوە سەرف دەكرا بۆ ھەرێم بە پێی یاسای بودجە. بەو شێوازە لەگەڵ ئەو داھاتەی ھەرێم باری دارایی و مووچە لەھەرێم چارەسەر دەبێت و گرنگە ئەم بابەتە نەكرێتە كەرەستەی ململانێ سیاسێكان. ٢٠١٩/١/٥
هادی حەمەرەشید "چێ گیڤارا" وەك شۆڕشگێڕێکی چەپ و ڕادیکاڵ و ڕاستگۆ، ئەوەندەی هاوڕێ و "هاوڕێباز"ـەکانی وەك ستایلێکی جل و بەرگ و جگەرە کوبیی(چرووت)ـەکەی دەستی و کاسکێتە نەخشێنراوەکەی بە ئەستێرەی سووری شۆڕش...تاد لاساییان کردەوە، نەهاتن وەك نموونەیەکی باڵای فیکریی و ڕێبازە پارتیزانییە گەریلاییەکەی چاوی لێبکەن! جیڤارا چەندە شێلگیر و لە کوبا و پۆلیڤیا و ڤێتنام و کۆنگۆ و تەنانەت جەزائیر ڕاکە ڕاکەی بوو، دژ بە کاپیتاڵیزم و داگیرکارییەکانی ئەمریکا ئەجەنگا، ووتە بەناوبانگەکەی((ستەم و داگیرکاریی لەهەر کوێ بێت، خەباتی من لەوێ ئامادەیە)) واوەتر هاوڕێکانی قۆناغ بە قۆناغ (لەزۆربەی وڵاتاندا)خەباتی دژ بە سەرمایەداریی و چینایەتییان کرد بە پاساوێك بۆ خۆشگوزەرانیی خۆیان و لە هەموو ئەرشیفی جیڤارا، ڕیش و جگەرەکەی و کڵاوە ئەستێرەدارەکەی و چەند جوڵەیەکیان کرد بە سیمای خۆیان، بە ستایلی دەرەوە و ڕووکار(سطحي) خۆیان کرد بە شوێنکەوتەی، ئەوەندە ڕێبازە ڕادیکاڵ و گەریلاییەکەیان هەڵنەگرت! کاك نەوشیروان مستەفا، وەك شۆڕشگێڕ و تێکۆشەرێکی ماندووی ڕێگای "دادگەریی و یاسا سەروەریی و بەدامەزراوەیی کردنی دام و دەزگاکانی حکومەت" کە خەباتەکەی لە قۆناغی خوێندکاریی و دواتر ڕیزەکانی کۆمەڵە، بۆ شاخ و ڕاگەیاندنی یەکێتیی و پێکهێنانی هێزی پێشمەرگە و تۆکمەکردنی یەکێتیی بەهەردوو ڕەگەزی شاخ و شار و ڕاپەڕین و پاشتر لە هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت و ململانێ و شەڕی ناوخۆ و ئاشتەوایی و چوون بۆ بەغدا و نووسینەوەی دەستووری کۆماری عێراق و هەوڵی ڕیفۆڕم و دروستکردنی لیستی هەڵبژاردن و ...تا ئەگات بە نەخۆشکەوتن و مەرگی. بە تەنیشت خەباتە سیاسیی و چەکدارییە باوەکەیەوە، دیارترین سیمای خەباتی ئەم هەڵکەوتەیەی کورد، بریتییە لە چەند ئەدگار(خاصية)ـێك: ۱- دژ بوو بە کەسییکردن(شخصنة) و بە بنەماڵەییکردنی سیاسەت و فەرمانڕەوایی. ۲- دژ بوو بە گەندەڵیی و فراوانکردنی سپەیسی ژیان و بژێویی نێوان چینەکان بەناوی جیاوازەوە. ۳- دژ بوو بە ناڕوونیی(اللاشفّافية) لە سیاسەت بەگشتیی و پەیوەندییەکانی دەرەوە و جومگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا. ٤- پیاوێکی پڕ مەعریفەت بوو، جیاواز بوو لە سەرانی خۆسەپێنی کوردایەتیی، ئەو لەبوارەکەی خۆیدا کە سیاسەت بوو قاڵ و شارەزا و ئەکادیمیی بوو، چەندین کتێب و لێکۆڵینەوەی لەسەر گرفتەکانی ناوچەکە(کێشەی نەوت، ئاو، ناکۆکیی موڵکایەتیی...تاد) نووسیوە. کەچی هاوڕێ بێ ئەمەکەکانی، لەهەموو ئەم سەرمایە بەنرخانەی هاتوون سەرقاڵی لاساییکردنەوەی ئەون لەئاستی{جل و بەرگ(ئەویش تەنیا بۆ وێنەگرتن، ئەگینا ناتوانن وەك ئەو لە جلوبەرگدا خاکەڕابن!)، جگەرەکێشان و شێوازی ڕێکردن(خۆ لارکردنەوە و هەردوو دەست بۆ دواوە)...تاد} بزووتنەوەکەی خۆیان کرد بە کۆپی پارتی و یەکێتی و ڕادەستی نەیارە ئەزەلییەکانی ئەویان کرد، دیسان لەسەر ئاستە فیکرییەکەش گۆڕانیان کردووە بە ماڵێکی بێ دەرگا و حەوشە، کە هەموو کەسێك بتوانێت حەرەمی ببەزێنێت! ئەوە سیاسییەکی فاشیلی وەك (مامۆصا) جەعفەر(فازیل کەریم) لەماوەی مانگێکدا ۲٠/۱۱تا۳٠/۱۲/۲٠۱۸ سێ وتاری بەناوی جۆراوجۆر و بەناوەڕۆك پەلاماردانی کاك نەوشیروان نووسیوە، یەکێك لەم بخۆرانەی دەوری کاك نەوشیروان پڕکێشییان نەکرد دوو ڕستەی بۆ بنووسن و بە فیکر و مێژووی کاك نەوشیروان ڕایگرن! نووسەرێکی وەك #کامیار_سابیر عەیامێکە قسە لەسەر گۆڕان و کاك نەوشیروان ئەکات، جگە لەکۆمەڵێك (کۆمێنتەوان) کە زۆربەیان چوار ڕستەی ئینشائیی پڕ لە جوێنی بۆ ئەنووسن، یەکێك لەوانەی کە سیڤییان بۆ وەزیر و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی ناردووە نەهاتن بە سەرخەتە فیکریی و هێڵەگشتییە جیاوازەکانی کاك نەوشیروان گفتوگۆی لەگەڵ بکەن و پێی بڵێن: برام سەرباری نووسین و هەوڵەکانت بەئاراستەی چاککردنی ئەم وڵاتەدا، بەڵام لەم بارەیەوە بەم ئارگیۆمێنتە، وانیە! کە گفتوگۆی ئەم بابەتەیان لەگەڵ ئەکەیت، زۆربەیان بێ تفاقیی خۆیان لەم بوارەدا بەوە پاساو ئەدەنەوە، کە کامیار کابرایەکی موتڵەقگەرایە و لێبووەتەوە، بەکەڵکی گفتوگۆ نایەت! ئێ عەزیزم لەبری چای ڕەش و ئەم ژوور و ئەو ژوور کردنی ناو گردەکە و هات و هوت، وەرە ئەم موتڵەقگەراییەی بە چەند خاڵێك بخەرە ڕوو و بۆ خوێنەرانیشی بسەلمێنە کە نەخێر نەوشیروان مستەفا درێژکراوەی قوتابخانەی (بارزانی_تاڵەبانیی) نیە و گۆڕانیش جیاوازە لە حیزبەکانی ئەوان! نەك بینینی نەوشیروان مستەفا وەك مۆدێلێکی جیاوازی فاشیۆن و لاساییکردنەوەی، هەر وەك یارە ئەغیارەکانی چێ گیڤارا کردییان!
د. نیاز نەجمەدین وەک چۆن پێشبینییکردن بۆ کەش و هەوا یارمەتیمان دەدات لە سەرما و گەرما و رەشەبا و زریان خۆمان بپارێزین، هەرواش پێشبینیکردن بۆ دۆخی ئابوریی و سیاسیی یارمەتیمان دەدات لە مەترسییەکان خۆمان بپارێزین. وڵاتێک نەتوانێت پێشبینیی ئایندە بکات(هیچ نەبێت ئایندەی نزیک)، ناتوانێت پلان دابنێت. پێشبیننیی کارێکی قورسە و وەک دەڵێن تەنیا لە دوا مانگی ساڵدا دڵنیا دەبیت کە چیی رویداوە. بەڵام جارێک ماتماتیکزانێکی فەڕەنسیی وتویەتی: زۆر باشترە پێشبینیی بکەیت هەرچەند دڵنیاش نەبیت، وەک لەوەی هیچ پێشبینییەکت نەبێت. ئەم ئامۆژگارییە کۆمەڵێک بیریاری ناسراوی جیهانی هانداوە پێشبینییەکانی خۆیان بۆ 2019 لە راپۆرتێکدا بڵاوبکەنەوە. راپۆرتەکە بە 100 دۆلارە و بەداخەوە من نیمە. دەبێت لە پرۆجێکت سایندیکەیت(project-syndicate)بیکڕیت. راپۆرتەکە ناونراوە: (PS commentators’ predictions for 2019). خوازیارم یەکێک لە کەناڵەکان بیکڕن و لە بەرنامەیەکدا ناوەرۆکەکەیمان بەدورودرێژیی پێشکەش بکەن. لە پوختەی راپۆرتەکەدا هاتووە کە 2019 ساڵێک دەبێت پڕ لە نادڵنیایی و مەترسیی، ساڵێک دەبێت گەشەی ئابوریی جیهان دەگاتە لوتکە و لێژدەبێتەوە. مەترسییەکان ئەمانەن: یەکەم: سیاسەتەکانی ترامپ لە دوو ساڵی رابردوودا (لەوانە کەمکردنەوەی باج لەسەر دەوڵەمەندەکان و زۆرکردنی خەرجیی) توانیی گەشەی ئابوریی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ببوژێنێتەوە، بەڵام ئەمریکای خستەژێر قەرزی یەک ترلیۆن دۆلارەوە، کە هەرگیز لە سەردەمیی ئاشتیدا هیچ وڵاتێک وای نەکردووە. ئاکامی ئەم سیاسەتە(هاوشان دەستگرتنەوە لەمساڵدا و جەنگی بازرگانیی) لە 2019دا دەردەکەوێت و گەشەی ئابوریی لە ئەمریکادا خاودەکاتەوە, کاردەکاتە سەر هەموو جیهان بەو هۆیەوە خاوەنی گەورەترین ئابورییە. دووەم، ئەگەرچی لەناوخۆی وڵاتانی پێشکەوتوودا دەستەڵات کەم تا زۆر ئاشتییانە دەستاودەست دەکات، لەسەر ئاستی جیهان یارییەکە شتێکیترە. ئەمریکا و چین لەم ساڵدا لە جەنگی بازرگانییدا توندتر بەر یەکتر دەکەون. ئەمەش یانی ئەوەی ئەمریکا هەروا بە ئاسانیی گۆڕەپانەکە بۆ چاینا چۆڵناکات. سێیەم، کێشە ئیقلیمییەکان بە رێگای پڕ دڕک و داڵدا تێپەڕ دەبن. چوارەم، لە ناوخۆشدا، زۆر لە وڵاتان هێشتا بە دەست کێشەی تایفیی و مەزهەبیی و گەندەڵییەوە دەناڵێنن، قوڵ دابەشبون و لە زۆر شوێندا ئەم دابەشبونە دەگاتە ئاستی بنبەست، توندوتیژیی لێدەکەوێتەوە. هەواڵی خۆش لەو راپۆرتە ئاماژەی یپێکراوە ئەوەیە کە 2019 ساڵێک ئەبێت لە زۆر جێگادا سیستمی دیکتاتۆریی بەرەو لاوازبون و تێکشکان دەڕوات. ............................ وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوتیش تایبەتمەندیی خۆی هەیە و لە دۆخێکی باشدا نابن بەهۆی خاوبونەوەی ئابوریی جیهان و ناجێگیریی نرخی نەوت و کێشە ناوخۆییەکانی خۆیان. ................ هێندەی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەیە، بەرای من دۆخی لە دۆخی عێراق خراپتر دەبێت.لە سایەی پرسی سەربەخۆیی، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان بە نرخێکی هەرزانتر لە بازاڕی جیهان نەوتیان دەستدەکەوێت(لە کاتێکدا وەک فریادرەش باسدەکران!). لەگەڵ خاوبونەوەی ئابوریی جیهان، کورتهێنانی بودجە و قەرزاریی و ناکۆکییە سیاسییە لەمێژینەکانی نێوان دەستەڵاتدارانی حزبەکان و حکومەتەکان، سستی وەبەرهێنان لە پێشوتردا، و ترس و دڵەراوکێ وادەکەن ساڵی 2019 پڕ لە نادڵنیایی و مەترسیی بێت و قەیرانەکە نەدات لە بن. بەرای من، یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکان ئەوەیە حکومەتی هەرێم هیچ نەبێت وەرزانە رایبگەیەنێت کە بۆ وەرزی دواتر رێژەی پاشەکەوت چیی لێدەکات و چەند موچە دابیندەکات، ئیلتیزامیش بکات بە پەیمانەکەیەوە. واتا توانای پێشبینییکردنی هەبێت. بۆ نمونە، رێژەی لە 60%ی موچە بدات زۆر باشترە لەوەی رایگەیەنێت لە %70ی موچە دابیندەکات و لە کۆتایی ساڵدا تەنیا لە 60%ی دابینکردبێت. ئەگەر وابکات، ئەوا وەک هەمیشە سەر لە خێزانەکان دەشێوێنێت و ناتوانن بودجەی خۆیان رێکبخەن. خراپ نییە تۆش پێشبینیی بۆ چەند شتێک بکەیت، بەتایبەت ئاستی داهاتت لە ساڵەکەدا (یان لە چەند مانگی داهاتوودا) و بەو پێیە ئامادەسازیی بکەیت بۆ روبەروبونەوەی روداوی نەخوازراوی دەرەوەی دەستەڵاتی تۆ. ئەوەی وتم بۆ ترساندن نییە و رەنگە پێچەوانەکەی دەربچێت. بەڵام وەک ئەڵێن: حەزەر واجبە!
■ لەتیف شێخ مستەفا لەئێستادا یەکێتی کادیریکی پارتی لە سنوری سلیمانی گرتوە،پارتی دەڵێت گرتنەکە سیاسیە لە بەرامبەردا ئەویش كادریکی یەکیتی لە هەولیر گرتوە ،یەکێتی دەڵێت گرتنی کادرەکەی پارتی یاساییەو بەفەرمانی دادوەر بووە ،بەڵام پارتی ئەو قسەیە ڕەت دەکاتەوەو متمانەی بەبڕیاری دادوەرنیەو پێی وایە کە بڕیارەکەی دادوەر شتیکی شەکلیەو دادگا بەکارهاتوە ،چونکە دادگاو دادوەری لەسلیمانی لەژێر دەسەڵاتی یەکێتیدایە ،هەروەکو چۆن دادگاو دادوەری لە هەولێر لەسنوری پارتی بەحیزبی کراوەو لە ژێر کۆنترۆڵ و هەیمەنەی پارتیدایە ،ماوەیەک پێش ئیستا بینیمان دادوەرانی هەولیر سەردانی بەرپرسێکی پارتیان کرد کە لەلایەن دادگاکانی سلیمانیەوە فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوبو ئەمەی ئیستا ڕوودەدات دەرەنجامی سروشتی سەربەخۆنەبونی دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکانە کە لەلەیەن خودی هەردووحیزبەوە کراوە ،دواترینینان بڕیارەکەی ۱۲ـ٦ـ۲٠۱۸ بوو کە تیایدا ۱٠ ئەندامی دادگای تەمییز لەلایەن هەردوو حیزبەوە بە فیفتی فیفتی پڕکرانەوە کورد دەڵێت چی بچێنی ئەوە دەدورێتەوە ،هەردوو حیزب پێشتر ڕیککەوتون کە دەسەڵاتی دادوەری نیوبەو بەحیزبی بکەن ،سەرۆکایەتی ئیستیئنافی سلیمانی و گەرمیان بەڕەزامەندی یەکێتی دابنرێن و سەرۆکایەتی ئیستیئنافی هەولێرو دهۆکیش لەلایەن پارتیەوە ،ئیتر شتێکی سروشتیە کە هیچکام لەو دوو حیزبە باوەڕی بە بڕیارەکانی دادگ سنوری ئەویتر نەبێت ئێمەزیاتر لە ۱٥ ساڵە هەوڵ دەدەین و کاردەکەین بۆ سەربەخۆکردن و بێلایەنکردنی دەسەڵاتی دادوەری و دادگاگاکان بەڵام بەداخەوە کەس گوێ ناگرێت،کە ئەگەر تەنها دەسەڵاتی دادوەری لەم هەرێمە سەربەخۆو بێ لایەن بوایە ئەم بێ متمانەییە ڕوی نەدەداو لەهەردەقەو سەعاتێک ڕوبەڕوی مەترسی بەرپابونەوەی شەڕی ناوخۆ نەدەبوینەوە هەوڵ ئەدەم لەداهاتوو کۆی هەوڵەکانم لە ڕابردوو بۆ سەربەخۆکردنی دەسەڵاتیی دادوەری بڵاو بکەمەوە
■ دانا مهنمی ههرێمی كوردستان به كات و ساتێكی ناسك و ترسناك دا تێپهڕ دهبێت و پێویسته سهركرده سیاسیهكانی كورد به ژیری و درێژخایهنی برواننه پهیوهندیه ستراتیژیهكانی ههرێم و میللهتی كورد، لهههمان كاتدا، بهرژهوهندی میللهت پێش بهرژهوهندی تایبهت و حیزبی بخهن. ههماههنگی و هاوڕایی نێوان سهركردهكانی كورد لهسهر پهیوهندیه ستراتیژیهكانی ههرێم گرنگیهكی تایبهتی ههیه و دهبێ ببێته ئهولهویهت و هیچ لایهنێك نابێت سازش بكات لهسهر بهرژهوهندی میللهت بۆ بهرژهوهندی تایبهت. كاتێك دوو ئۆتۆمبێلی پڕ لە چەكدار ههڵدهكوتنه سهرماڵهكهت و بهڕاكیشان و سوكایهتی پێكردن ، بەبێ هیچ بڕیارێكی دادوەر، بههۆی ململانێی حیزبیهوه دهتفرێنن پێویستی به ڕهخنهی جدی و ههڵوهسته كردن ههیه . ململانێكانی پارتی و یەكێتی، بەلای خەڵكەوە نوێ نیەو مێژویەكی درێژی هەیە و سهرهتایی ململانێ سیاسییهكان ئهگهڕێتهوه بۆ سهرهتای شهستهكانی سهدهی ڕابردوو ، ململانێی نێوان باڵی مهكتهبی سیاسی و مهلا مستهفای ڕهحمهتی ،كه دواتر مهكتهبی سیاسی پارتی دووكهرت بوو، پاشانیش یهكێتی لهسهر دهستی جهلال تاڵهبانی سكرتێری كۆچكردوو دامهزرا و دواتریش بووه هۆی پێكدادانی چهكداری له نێوان پارتی و یهكێتی ،ههندێك جار جهنگ و ههندێك جاریش جهنگی سارد تابهرهی كوردستانی بهردهوام بوو . دوای ئهوهی له 19 ئایاری 1992، بۆ یهكهمجار ههڵبژاردنی له ههرێمی كوردستان ئهنجامدرا و بههۆی نزیكی له دهنگهكانی پارتی و یهكێتی له نێوان خۆیاندا به شێوهی پهنجا به پهنجا (50- 50) حكومهتهكهیان دابهشكرد، بارزانی و تاڵهبانی وهكو دوو كهسی یهكهمی حزبهكانیان نه بوون به ئهندام پهرلهمان و نه هێچ پۆستێكی حكومیشیان وهرنهگرت ، ئهمهش بووه هۆكاری لاوازكردنی حكومهت و پهرلهمان ،چونكه بڕیاره چارهنووسازهكان له دهرهوهی حكومهت و پهرلهمان دهدران و بۆشایی و كهلێن لهنێوان پارتی و یهكێتی و حكومهت و حیزب و پهرلهمان دروست بوو ،چونكه دوو ناوهندی بڕیاردان به ئهجیندای جیاواز و دیدی جیاواز ئامادهگی ههبوو . له 1 ئایاری 1994، جهنگ له نێوان پارتی و یهكێتی دا ڕوویدا ،ئهم جهنگه ههرێمی كوردستانی بهسهر دوو زۆندا دابهشكرد ،دواتر پارتی و یهكێتی رێكهوتننامهی "ساڵی 2000"یان ئیمزاكرد و جهنگی ناوخۆیان به تاوان له قهڵهم دا ،زۆری نهخایاند و له كاتی كۆنترۆڵكردنی كهسنهزان و دواتریش ههولێر لهلایهن یهكێتی-یهوه له دیسهمبهری 1994، ڕێكهوتنهكه كۆتای پێهات و بایكۆتی دانیشتنهكانی یهكتریان كرد و ناكۆكییهكانی نێوان یهكێتی و پارتی برده قۆناغێكی ترهوه ،جهنگی ناوخۆی پارتی و یهكێتی قهوارهی سیاسیههرێمی كوردستانی خسته مهترسیهوهو دهرگای بۆ دهستێوهردانی دهرهكی خستهسهرپشت. ڕایهڵهی پهیوهندی و ههماههنگی نێوان پارتی و یهكێتی پهرلهمانی كوردستان بوو ، پهلهمانتارانی نێو پهرلهمانی كوردستان له پارتی و یهكێتی مانیان گرت و داوای ڕاگرتنی جهنگی ناوخۆیان كرد ، بهڵام جهنگ نهبه فشاری پهرلهمانتارهكان و نهبه نێوهندگیری دۆستهكانمان و نامهكهی سهرۆكی فهڕهنسا فرانسۆ میتران و ههوڵی كوردانی تاراوگه ڕانهگیراو یهكترییان تۆمهتبار دهكرد به هاوكاری لۆجستی سهربازی له ئێران و توركیا و عێراق . له مانگی ئابی 1996 جهنگ له نێوان پارتی و یهكێتی دهستی پێكردهوه ، خواستی چوونه ناو وردهكارییهكانی جهنگی ناوخۆم نییه ، چونكه تراژیدیایهكه زۆر ناشیرن و زۆر تیكۆشهری دلسۆز بۆ گهلهمان بههۆی ململانێكانی حیزبهوه له دهست دا ، پارتی و یهكێتی هەرێمی كوردستانیان كردووەتەوە دوو زۆن ، زۆنی سهوز یهكێتی و زۆنی زهردیش پارتی قهڵهمڕهوی دهكات، ململانێی دوو ئیدارهیی و دوو زۆنی ههبووه و جگه لهوهش چەندینجار ململانێی یهكێتی و پارتی لە بازگەكانیش ڕێگرییان لە یەكتری كردووە. بهههموو پێوهرێك ئهمه نیشانهی بێ حكومهتی و بێ دهوڵهتی یه له كوردستان ،كورد له ناو بێ حكومەتیی و بێ دەوڵەتیدا ژیان دهگوزهرێنێت ، حیزب كۆنترۆڵی ههموو جومگهكانی كردووه و ویستی خۆی بهسهر كۆمهڵگادا دهسهپێنێت، لهم دۆخهدا نهیاسا سهروهره نه هاوڵاتیانیش پارێزراون . كاتێك ناكۆكی دهكهوێته نێوان پارتی و یهكێتی هێزه ئهمنییهكان جوڵهیان پێدهكرێت ،ئهوهش بۆخۆی بهڵگهیهكی تره كه له كوردستان حیزب باڵادهست و سهروهره نهك یاسا نهك حكومهت ، خواستی حیزب زاڵه نهك خواستی حكومهت ، دهسهڵاتی دادوهری بههۆی عهبهسیهتی حیزبهوه بێ بهها كراوه ،ڕفاندن و بهبارمته گرتن و دهستگیركردن و تۆمهت بهخشینهوه بۆ كادیرانی یهكتر رهفتارهكانی شهڕی ناوخۆمان بیر دێتهوه .!