Draw Media

هەرێم و مەترسی فۆرمە جیاوازەکانی حکومڕانی

هەرێم و مەترسی فۆرمە جیاوازەکانی حکومڕانی

2019-01-08 10:39:25


لاوك سەڵاح

شەهیدبوونی پێشمەرگە گەران وکەشتێکی شاراوەی نەمرانەیە بۆ بەها و شکۆی دانپیاناندان، بۆ شەهید، ناساندنی خۆیەتی بە دونیا و پیشاندانی بوونێک و بە دەستهێنانی مافێکە بەهۆی شەهیدبوون و مەرگەوە. ئەمە بە سادەیی و بە کورتی حیکمەتی شەهیدبوونە، بە ئاگای یان بێ ئاگای بێت، بە بوونی هۆشمەندی سیاسی یان نەبوونی بێت، مەرگ وێستگەی ناسینەوە و پێناسەکردن و سەلماندنی شوناس و بوون بووە.

دۆخی ئێستای هەرێم بە هەموو ئەو دیاردە قێزەوەن و ناچۆر و لە رادەبەر بێ لۆجیک و پڕ سەرکێشییەی کە هەیە وەک دیل گرتن و گۆرینەوە بەم دواییە، فرۆشتنی گەچ وەک دەرمان وچەندان نموونەی دیکە بەتاڵکردنەوەیەکی زەقی هەرێمە، تا دێت زیاتر و زیاتر، لە بەها و شکۆ و روخسارێکی دیار کە بە شەهیدبوون ومەرگ بیناکراوە. هەرێم نەوەک بەتاڵە لە شوناس بەڵکو لە هیچ هەوڵدانێکدا نییە بۆ گەران بە دوای پێناسەیەکدا بۆ خۆی. لە نێوان حیکمەتی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەک و بۆشایی یاسایی و سیاسییدا، هەرێمێک هەیە تا دێت سنوورەکان و جوگرافیاکەی کاڵ دەبێتەوە ئەگەر فریای بە ماناکردنەوەی نەکەوین. ژیانی زیاتر لە ٤ ملیۆن کەس بە تەواوی لە مەترسی راستەقینەدایە.

ئەم جوگرافیا بچووکەی کە بە هەرێمی کوردستان ناو دەبرێت، بەم شێوازە لە حکومڕانییەی کە هەیە لە پاش سەدان ساڵ چۆن دەخوێنرێتەوە و هەڵدەسەنگێنرێت. لە یادەوەری ئێمەدا، میرنیشینەکانی بابان و ئەردەڵان و ئەوانی تر کە هەبوون، لانی کەم، هەڵگری ناسنامەیەکی لۆکەڵ واتە ناوچەیی بوون، دەستەڵاتی دیار و ناوچەی دیار و میکانیزمی بەرگری دیاریان هەبووە، ئایا، بابەتییانە قسە بکەین، ئەم هەرێمەی ئێمە لە پاش نزیکەی لە ٣٠ ساڵ لە حکومڕانی خاوەنی چ پێناسەیەکە یان هیچ پرۆژەیەکی بۆ پێناسەکردنی یاسای و سیاسی هەیە؟! ئەم هەرێمە کە رێژەیەکی زۆر لە خەڵک دانیشتوویەتی، دوور لە هەر ئایدیۆلۆژیەکی سیاسی، خۆت بە ناسیۆنالیست یان کۆمۆنیست یان ئیسلامی یان لیبرالی یان سۆشیال دیمۆکرات بزانیت، شایەنی ئەوە نییە کە ژیانیان بپارێزرێت و بەرگریان لێبکەین بە کارکردن بۆ دارشتنی ناسنامە و شوناسێک بۆیان.

جاران، جارانی رۆژگاری پێشمەرگایەتی و بەرگریکردن، خەڵک زیاتر شەرعیەتی هەبوو کە خۆی بە دونیا بناسێنێت و داوای ماف بکات. لەم دۆخەی ئێستای هەرێمدا داوای ماف لە کێ بکەین؟ ئەم پرسیارە شەکەتی خەڵک دەکولێنێتەوە و لە هەناسەیەکی سارد و بزیەکی گاڵتەجاری زیاترت دەست ناکەوێت. لە نێوان مێژووی بەرگری و مێژووی حکومڕانییەکی بێ رووخسار زەمەنێک لە ونبوون و عەدەمیەت هەیە.

هەرێم لەبەردەم چەندان فۆرم و سیناریۆی حکومرانی سەرەتایی جەنگلستاندایە کە تا ساتی ئەم نووسینە هیچیان بۆ مەودای نزیک و دوور نەوەک متمانە و دڵنیایی نابەخشن، بەڵکو نەهامەتی بۆ هەرێم دەهێنن، لەبەرئەوەی وەک لە بۆنەیەکی تردا باسمان کرد هەموو فۆرمەکانی حکومڕانی لە سەر پەیوەندییەکی بایۆلۆجیانە دامەزراوە و تەمەنیان لە حیکایەت و سەرگوزشتەیەکی کوردی زیاتر نییە، هەر لەبەرئەوەی هیجیان توانای ئەوەیان نییە کە ئەم هەرێمە وەک یەک یەکە بپارێزێت و ناسنامەیەکی سەرتاسەری نوێی پێبەخشێت لەسەر بنەمای شەرعیەتی مێژووی و کۆمەڵایەتی و سیاسی وکەلتووری و ئابووری خۆی و بتوانیت هەرێم لە کەرتبوونی یەکجارەکی بپارێزێت.

بێگومان لە چەندان قۆناغی سیاسی جیاوازدا ئەم هەرێمە لە ژێڕ پەردەی چەندان شێوازی حکومرانییدا بەرێوە براوە بۆ نموونە لە سەردەمەی رژێمی بەعسدا هەرێم وەک سێ پارێزگا بە سیستمی بەناو لامەرکەزی ئۆتۆنۆمی بەرێوە دەبرا، بێگومان ئەمە پرۆژەیەک بوو بۆ بەتاڵکردنەوەی هەرێم لە پێناسە راستەقینەکەی خۆی، ئەمە وەک پرۆژەیەکی فاشیانەی بەعس چووە مێژووە.

ئەم ئەزموونەی ئێستا بە چی پێناسە بکەین؟ بەداخەوە ناتوانیین بە ئاسانی پێناسەیەکی راشکاو بۆ ئەم شێوازی حکومرانییەی ئێستا بەکاربێنین، پێناسەیەک بۆ هەرێمێک کە نە شیرازە و نە سەنگی سیاسی هەیە و نە توانای دارایی و سەربازی و پیشەیی تۆکمەی هەیە و لە ئێستادا لە لایەن لۆردەکانی جەنگەوە بەرێوە دەبرێت. ئەم هەرێمە نە بەهاری شۆرشگێرەکان یارمەتیدا تاوەکو شوناسێکی چەسپاوی بۆ بخوڵقێنێت، نە سیاسییەکانی لە توانایاندایە ئیرادەیەکی سیاسی کۆ بۆ کارکردن پێکەوە بخەنە گەر و نە ناوەندێکی سیاسی و فیکریی هەیە کە دانپیانراو بێت تا یارمەتی بدات چوارچێوەیەکی یاسایی سەرتاسەری بۆ دەستنیشان بکات و نە دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی هەیە کە پشتی ببەستێت بۆ لۆبیکردن لە کاتی شیاودا و نە رەوەندێکی لە دەرەوەی وڵات هەیە کاریگەری لە ناوە و دەرەوەی هەرێم هەبێت و بتوانیت هاواری سەر شەقامەکان بگوێزێتەوە بۆ سەر کاغەز و بیانکاتە پرۆژەی پێناسە و ناساندنەوەی هەرێم. ئەوەی هەیە کۆمەڵە گروپێکی چەکدارن هەریەکەیان لە دۆڵێکی جیاوازدا کار دەکەن.

پرسیاری سەرەکی کە دەبێت دانیشتوونی ئەم هەرێمە لە خۆیانی بکەن سەرباری شەکەتییان؛ دەبێت بپرسن چۆن دەتوانن خۆیان لە فۆرمە عەسکەرتاری و ئیستبدادییەکانی حکومڕانی بپارێزن، چۆن فشار دروست بکەن بۆ ئەوەی خۆیان لە تەوژمە توندرەوەکانی ئاییندە بپارێزن کە هەمیشە لە پاش رەوینەوەی هەرەشە دەرەکییەکان، مەترسییە ناوخۆییە نووستووەکان سەر‌هەڵدەدەنەوە وەک ئەوەی لە ئێستادا لە هەرێمدا روودەدات، لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم چەندان بە ناو فەرماندە و کەسی جیاواز بوونەتە حاکمی رەهای ناوچەکان شیرازەی هەرێمیان بنێس و لاواز کردووە تا رادەی نەمان.

هەرێم لە دووریانێکی سەختی دارشتنەوە و ناسینەوەی خۆیدایە کە دەبێت خۆی لە خوێن رشتن و مامەڵەی بایۆلۆجیایانەی سەرمایەو پارە و دەستەڵات بپارێزێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand