2019، ساڵێکی پڕ لە نادڵنیایی و مەترسیی
2019-01-05 19:25:45
د. نیاز نەجمەدین
وەک چۆن پێشبینییکردن بۆ کەش و هەوا یارمەتیمان دەدات لە سەرما و گەرما و رەشەبا و زریان خۆمان بپارێزین، هەرواش پێشبینیکردن بۆ دۆخی ئابوریی و سیاسیی یارمەتیمان دەدات لە مەترسییەکان خۆمان بپارێزین. وڵاتێک نەتوانێت پێشبینیی ئایندە بکات(هیچ نەبێت ئایندەی نزیک)، ناتوانێت پلان دابنێت.
پێشبیننیی کارێکی قورسە و وەک دەڵێن تەنیا لە دوا مانگی ساڵدا دڵنیا دەبیت کە چیی رویداوە. بەڵام جارێک ماتماتیکزانێکی فەڕەنسیی وتویەتی: زۆر باشترە پێشبینیی بکەیت هەرچەند دڵنیاش نەبیت، وەک لەوەی هیچ پێشبینییەکت نەبێت. ئەم ئامۆژگارییە کۆمەڵێک بیریاری ناسراوی جیهانی هانداوە پێشبینییەکانی خۆیان بۆ 2019 لە راپۆرتێکدا بڵاوبکەنەوە. راپۆرتەکە بە 100 دۆلارە و بەداخەوە من نیمە. دەبێت لە پرۆجێکت سایندیکەیت(project-syndicate)بیکڕیت. راپۆرتەکە ناونراوە:
(PS commentators’ predictions for 2019).
خوازیارم یەکێک لە کەناڵەکان بیکڕن و لە بەرنامەیەکدا ناوەرۆکەکەیمان بەدورودرێژیی پێشکەش بکەن. لە پوختەی راپۆرتەکەدا هاتووە کە 2019 ساڵێک دەبێت پڕ لە نادڵنیایی و مەترسیی، ساڵێک دەبێت گەشەی ئابوریی جیهان دەگاتە لوتکە و لێژدەبێتەوە. مەترسییەکان ئەمانەن:
یەکەم: سیاسەتەکانی ترامپ لە دوو ساڵی رابردوودا (لەوانە کەمکردنەوەی باج لەسەر دەوڵەمەندەکان و زۆرکردنی خەرجیی) توانیی گەشەی ئابوریی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ببوژێنێتەوە، بەڵام ئەمریکای خستەژێر قەرزی یەک ترلیۆن دۆلارەوە، کە هەرگیز لە سەردەمیی ئاشتیدا هیچ وڵاتێک وای نەکردووە. ئاکامی ئەم سیاسەتە(هاوشان دەستگرتنەوە لەمساڵدا و جەنگی بازرگانیی) لە 2019دا دەردەکەوێت و گەشەی ئابوریی لە ئەمریکادا خاودەکاتەوە, کاردەکاتە سەر هەموو جیهان بەو هۆیەوە خاوەنی گەورەترین ئابورییە.
دووەم، ئەگەرچی لەناوخۆی وڵاتانی پێشکەوتوودا دەستەڵات کەم تا زۆر ئاشتییانە دەستاودەست دەکات، لەسەر ئاستی جیهان یارییەکە شتێکیترە. ئەمریکا و چین لەم ساڵدا لە جەنگی بازرگانییدا توندتر بەر یەکتر دەکەون. ئەمەش یانی ئەوەی ئەمریکا هەروا بە ئاسانیی گۆڕەپانەکە بۆ چاینا چۆڵناکات.
سێیەم، کێشە ئیقلیمییەکان بە رێگای پڕ دڕک و داڵدا تێپەڕ دەبن.
چوارەم، لە ناوخۆشدا، زۆر لە وڵاتان هێشتا بە دەست کێشەی تایفیی و مەزهەبیی و گەندەڵییەوە دەناڵێنن، قوڵ دابەشبون و لە زۆر شوێندا ئەم دابەشبونە دەگاتە ئاستی بنبەست، توندوتیژیی لێدەکەوێتەوە.
هەواڵی خۆش لەو راپۆرتە ئاماژەی یپێکراوە ئەوەیە کە 2019 ساڵێک ئەبێت لە زۆر جێگادا سیستمی دیکتاتۆریی بەرەو لاوازبون و تێکشکان دەڕوات.
............................
وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوتیش تایبەتمەندیی خۆی هەیە و لە دۆخێکی باشدا نابن بەهۆی خاوبونەوەی ئابوریی جیهان و ناجێگیریی نرخی نەوت و کێشە ناوخۆییەکانی خۆیان.
................
هێندەی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەیە، بەرای من دۆخی لە دۆخی عێراق خراپتر دەبێت.لە سایەی پرسی سەربەخۆیی، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان بە نرخێکی هەرزانتر لە بازاڕی جیهان نەوتیان دەستدەکەوێت(لە کاتێکدا وەک فریادرەش باسدەکران!). لەگەڵ خاوبونەوەی ئابوریی جیهان، کورتهێنانی بودجە و قەرزاریی و ناکۆکییە سیاسییە لەمێژینەکانی نێوان دەستەڵاتدارانی حزبەکان و حکومەتەکان، سستی وەبەرهێنان لە پێشوتردا، و ترس و دڵەراوکێ وادەکەن ساڵی 2019 پڕ لە نادڵنیایی و مەترسیی بێت و قەیرانەکە نەدات لە بن.
بەرای من، یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکان ئەوەیە حکومەتی هەرێم هیچ نەبێت وەرزانە رایبگەیەنێت کە بۆ وەرزی دواتر رێژەی پاشەکەوت چیی لێدەکات و چەند موچە دابیندەکات، ئیلتیزامیش بکات بە پەیمانەکەیەوە. واتا توانای پێشبینییکردنی هەبێت. بۆ نمونە، رێژەی لە 60%ی موچە بدات زۆر باشترە لەوەی رایگەیەنێت لە %70ی موچە دابیندەکات و لە کۆتایی ساڵدا تەنیا لە 60%ی دابینکردبێت. ئەگەر وابکات، ئەوا وەک هەمیشە سەر لە خێزانەکان دەشێوێنێت و ناتوانن بودجەی خۆیان رێکبخەن.
خراپ نییە تۆش پێشبینیی بۆ چەند شتێک بکەیت، بەتایبەت ئاستی داهاتت لە ساڵەکەدا (یان لە چەند مانگی داهاتوودا) و بەو پێیە ئامادەسازیی بکەیت بۆ روبەروبونەوەی روداوی نەخوازراوی دەرەوەی دەستەڵاتی تۆ.
ئەوەی وتم بۆ ترساندن نییە و رەنگە پێچەوانەکەی دەربچێت. بەڵام وەک ئەڵێن: حەزەر واجبە!