Draw Media

لەبەرامبەر ستەمکاری ئێوە چی دەکەین؟

لەبەرامبەر ستەمکاری ئێوە چی دەکەین؟

2019-01-08 17:44:24


ئارام سەعید

بۆ ئەوەی کۆمەڵگا دادپەروەری تێدا بێت، گرنگە چاودێری دەزگاکانی دەسەڵات بکرێت. ئەوەی دەوڵەتێکی بەهێز جیا دەکاتەوە لە لاواز بونیی، هەبونیی ئۆپۆزیسیۆنیکی بەهێزە، کە هەمیشە ئامادەیی هەیە و رەخنە لە سیاسەتەکانی دەسەڵات دەگرێت، چاودێری دەزگاکانی دەکات، بەرپرسیاری دەکات. 
لە سیستمی پارلەمانیدا رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن روون و ئاشکرایە، ئەویش پێشنیار کردن ورونکردنەوەو بەرگری کردنە لە ئەلتەرناتیڤی حکومەت، بۆیە هەمیشە دوپاتی دەکەینەوە ئۆپۆزیسیۆن نوێنەرایەتی بەدیلی حکومەت و دەسەڵات دەکات، روبەروی سیاسەتە چەوتەکانی حکومەت دەبێتەوەو سیاسەتی گونجاو و جیاواز پێشکەش دەکات. 
دادپەروەریش ئەوکاتە دەبێتە راستەقینە کە هاوڵاتی تەنها یەک هەڵبژاردەی نەبێت و بتوانێت زیاتر لە بژاردەیەکی لەبەردەمدا بێت. ئەوەی لە کوردستاندا رویدا لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە و پاش بەشداریکردنی هەموو هێزەکان لەدەسەڵاتدا تەنها یەک بژاردە مایەوە کە ئەویش سیاسەتەکانی پارتی بوو هەربۆیە شکست لەدوای شکست بەرۆکی هەریمی کوردستانی گرت. 
رۆژانە پێمان دەڵین: ئێوە چیتان پێ دەکرێت؟ بە فڵان و فیسار نەکرا، بە چوار کورسی بەغدا و هەشت کورسی پارلەمانی کوردستان چی دەکەن؟ ئەوان پارەو چەکیان هەیە و هیچتان پێ ناکرێت. وەڵامی ئێمەش بۆ ئەوان زۆر بە روونیی و ئاشکرا دەیڵێین، ئێمە خۆمان نافرۆشین بە دەسەڵات، درۆتان لەگەڵ ناکەین، لەگەڵ یەکێتی و پارتی رێک ناکەوین بۆ دوو وەزارەت و پۆستی حکومەت، ڕێز لە دەنگەکانتان دەگرین. 
هەربۆیەش لە چەندین بۆنەی جیاوازدا نەوەی نوێ داوای کردوە و پێشنیاری کردوە کە هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی تەسلیم نەبن و پێکەوە بەرەیەکی هاوبەش دروستکەین، تەنها ئازایەتی و راستگۆیی لەگەڵ خەڵکی کوردستان بەوە پێوانە دەکرێت کە نەچنە بەرەی دەسەڵاتەوە، هێزی سیاسیش لەکاتی میحنەتی وەک ئێستادا دەردەکەوێت و بەرپرسیارە و مێژوو رەحمی پێناکات، لەکاتی خۆشیدا مرۆڤ دەرناکەوێت بەڵکو ئەوکاتانە روخساری راستەقینەی دەبینرێت کە کە لە ناخۆشیدایە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand