Draw Media

هاوڕێکانی گیڤارا و ئەوانەی کاك نەوشیروان

هاوڕێکانی گیڤارا و ئەوانەی کاك نەوشیروان

2019-01-06 07:25:52


هادی حەمەرەشید     

"چێ گیڤارا" وەك شۆڕشگێڕێکی چەپ و ڕادیکاڵ و ڕاستگۆ، ئەوەندەی هاوڕێ و "هاوڕێباز"ـەکانی وەك ستایلێکی جل و بەرگ و جگەرە کوبیی(چرووت)ـەکەی دەستی و کاسکێتە نەخشێنراوەکەی بە ئەستێرەی سووری شۆڕش...تاد لاساییان کردەوە، نەهاتن وەك نموونەیەکی باڵای فیکریی و ڕێبازە پارتیزانییە گەریلاییەکەی چاوی لێبکەن!

جیڤارا چەندە شێلگیر و لە کوبا و پۆلیڤیا و ڤێتنام و کۆنگۆ و تەنانەت جەزائیر ڕاکە ڕاکەی بوو، دژ بە کاپیتاڵیزم و داگیرکارییەکانی ئەمریکا ئەجەنگا، ووتە بەناوبانگەکەی((ستەم و داگیرکاریی لەهەر کوێ بێت، خەباتی من لەوێ ئامادەیە)) واوەتر هاوڕێکانی قۆناغ بە قۆناغ (لەزۆربەی وڵاتاندا)خەباتی دژ بە سەرمایەداریی و چینایەتییان کرد بە پاساوێك بۆ خۆشگوزەرانیی خۆیان و لە هەموو ئەرشیفی جیڤارا، ڕیش و جگەرەکەی و کڵاوە ئەستێرەدارەکەی و چەند جوڵەیەکیان کرد بە سیمای خۆیان، بە ستایلی دەرەوە و ڕووکار(سطحي) خۆیان کرد بە شوێنکەوتەی، ئەوەندە ڕێبازە ڕادیکاڵ و گەریلاییەکەیان هەڵنەگرت!

کاك نەوشیروان مستەفا، وەك شۆڕشگێڕ و تێکۆشەرێکی ماندووی ڕێگای "دادگەریی و یاسا سەروەریی و بەدامەزراوەیی کردنی دام و دەزگاکانی حکومەت" کە خەباتەکەی لە قۆناغی خوێندکاریی و دواتر ڕیزەکانی کۆمەڵە، بۆ شاخ و ڕاگەیاندنی یەکێتیی و پێکهێنانی هێزی پێشمەرگە و تۆکمەکردنی یەکێتیی بەهەردوو ڕەگەزی شاخ و شار و ڕاپەڕین و پاشتر لە هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت و ململانێ و شەڕی ناوخۆ و ئاشتەوایی و چوون بۆ بەغدا و نووسینەوەی دەستووری کۆماری عێراق و هەوڵی ڕیفۆڕم و دروستکردنی لیستی هەڵبژاردن و ...تا ئەگات بە نەخۆشکەوتن و مەرگی.

بە تەنیشت خەباتە سیاسیی و چەکدارییە باوەکەیەوە، دیارترین سیمای خەباتی ئەم هەڵکەوتەیەی کورد، بریتییە لە چەند ئەدگار(خاصية)ـێك:
۱- دژ بوو بە کەسییکردن(شخصنة) و بە بنەماڵەییکردنی سیاسەت و فەرمانڕەوایی.
۲- دژ بوو بە گەندەڵیی و فراوانکردنی سپەیسی ژیان و بژێویی نێوان چینەکان بەناوی جیاوازەوە.
۳- دژ بوو بە ناڕوونیی(اللاشفّافية) لە سیاسەت بەگشتیی و پەیوەندییەکانی دەرەوە و جومگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.
٤- پیاوێکی پڕ مەعریفەت بوو، جیاواز بوو لە سەرانی خۆسەپێنی کوردایەتیی، ئەو لەبوارەکەی خۆیدا کە سیاسەت بوو قاڵ و شارەزا و ئەکادیمیی بوو، چەندین کتێب و لێکۆڵینەوەی لەسەر گرفتەکانی ناوچەکە(کێشەی نەوت، ئاو، ناکۆکیی موڵکایەتیی...تاد) نووسیوە.

کەچی هاوڕێ بێ ئەمەکەکانی، لەهەموو ئەم سەرمایە بەنرخانەی هاتوون سەرقاڵی لاساییکردنەوەی ئەون لەئاستی{جل و بەرگ(ئەویش تەنیا بۆ وێنەگرتن، ئەگینا ناتوانن وەك ئەو لە جلوبەرگدا خاکەڕابن!)، جگەرەکێشان و شێوازی ڕێکردن(خۆ لارکردنەوە و هەردوو دەست بۆ دواوە)...تاد}

بزووتنەوەکەی خۆیان کرد بە کۆپی پارتی و یەکێتی و ڕادەستی نەیارە ئەزەلییەکانی ئەویان کرد، دیسان لەسەر ئاستە فیکرییەکەش گۆڕانیان کردووە بە ماڵێکی بێ دەرگا و حەوشە، کە هەموو کەسێك بتوانێت حەرەمی ببەزێنێت!

ئەوە سیاسییەکی فاشیلی وەك (مامۆصا) جەعفەر(فازیل کەریم) لەماوەی مانگێکدا ۲٠/۱۱تا۳٠/۱۲/۲٠۱۸ سێ وتاری بەناوی جۆراوجۆر و بەناوەڕۆك پەلاماردانی کاك نەوشیروان نووسیوە، یەکێك لەم بخۆرانەی دەوری کاك نەوشیروان پڕکێشییان نەکرد دوو ڕستەی بۆ بنووسن و بە فیکر و مێژووی کاك نەوشیروان ڕایگرن!

نووسەرێکی وەك #کامیار_سابیر عەیامێکە قسە لەسەر گۆڕان و کاك نەوشیروان ئەکات، جگە لەکۆمەڵێك (کۆمێنتەوان) کە زۆربەیان چوار ڕستەی ئینشائیی پڕ لە جوێنی بۆ ئەنووسن، یەکێك لەوانەی کە سیڤییان بۆ وەزیر و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی ناردووە نەهاتن بە سەرخەتە فیکریی و هێڵەگشتییە جیاوازەکانی کاك نەوشیروان گفتوگۆی لەگەڵ بکەن و پێی بڵێن: برام سەرباری نووسین و هەوڵەکانت بەئاراستەی چاککردنی ئەم وڵاتەدا، بەڵام لەم بارەیەوە بەم ئارگیۆمێنتە، وانیە!

کە گفتوگۆی ئەم بابەتەیان لەگەڵ ئەکەیت، زۆربەیان بێ تفاقیی خۆیان لەم بوارەدا بەوە پاساو ئەدەنەوە، کە کامیار کابرایەکی موتڵەقگەرایە و لێبووەتەوە، بەکەڵکی گفتوگۆ نایەت!
ئێ عەزیزم لەبری چای ڕەش و ئەم ژوور و ئەو ژوور کردنی ناو گردەکە و هات و هوت، وەرە ئەم موتڵەقگەراییەی بە چەند خاڵێك بخەرە ڕوو و بۆ خوێنەرانیشی بسەلمێنە کە نەخێر نەوشیروان مستەفا درێژکراوەی قوتابخانەی (بارزانی_تاڵەبانیی) نیە و گۆڕانیش جیاوازە لە حیزبەکانی ئەوان!

نەك بینینی نەوشیروان مستەفا وەك مۆدێلێکی جیاوازی فاشیۆن و لاساییکردنەوەی، هەر وەك یارە ئەغیارەکانی چێ گیڤارا کردییان!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand