كەمال چۆمانی کۆمیدیی دەبێت سبەی ببینیت بێرنی ساندەرز لەگەڵ دۆناڵد تڕا‌مپ هاوپەیمان بێت. دڵنیام زۆربەی رەخنەگرە رۆشنبیر و فەیلەسوفەکانی گۆڕانیش لە کوردستانەوە بێرنی ساندەرز رەخنەباران دەکەن، بەڵام ئێستا هەوڵی شەرعاندنی رێککەوتنی پارتیی و گۆڕان دەدەن و سەد ئارگیومێنتی بێ‌مانا دروستدەکەن. بێگومان نە ئێوە کەستان بێرنی ساندەرزن و نە پارتی‌یش حیزبی کۆماریی یان تڕامپن، بەس هەر بۆ نمونە. ئێوە بەس واز لە دروشمە قەبەکان بێنن، خەڵکیش واز لە ئێوە دەهێنێت و چیتر پۆستەکانی ساڵی پارتان نوێ ناکاتەوە. راستە سیاسەت بەو مانایە نییە بۆ ئەبەد ئۆپۆزسیۆن بیت، بەڵام بەو مانایەش نییە ئەمڕۆ هێزێکی پڕۆگرێسیڤ/پێشکەوتنخواز بیت و هێزێکی راستڕەوی وەک پارتیی بە مافیا، چەتە، بێئەخلاق، دز، رۆژنامەنوسکوژ، دڕندە، گەندەڵ، نەوتدز، جاشی تورکیا و ئێران، جاشی سەدام حوسێن، خاوەن میلیشیا، قۆرخکاری بازاڕ، تاوانباری جەنگ و هەرچی سیفاتی خراپە بانگ بکەیت و سبەی بێئەوەی هیچ لەو شتانە گۆڕا بن تۆ بچیت لەگەڵیدا هاوپەیمانێتیی دروستبکەیت. بزوتنەوەی گۆڕان راستە لەگەڵ پارتییدا خوێنی تێنەکەوتوە، بەڵام خۆ بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی هێزی چەکدار نەبوە، بزوتنەوەیەکی مەدەنیی بوە و چەندان جار ئۆفیس و بارەگاکانی سوتێنراون. کەس نەیگوتوە ئێوە دوژمنی پارتیی بن، بەڵکو دەڵێ نەیاری پارتیی بن. گروپێک لە گۆڕان نە دەزانن نەیار بن، نە دەشزانن دۆست بن. نەیارێتیی فیکرییتان کردە رق و کینە و دوژمنایەتیی، ئێستاش بە دۆستایەتییتان هەوڵدەدەن جیاوازییەکان نەهێڵن. چۆن شەرم ناکەن بچنە ناو حکومەتێکە زیندانی سیاسیی هەبێت؟ دەی، لەوانەیە بڵێن بۆچی ئەو قسانە بە یەکێتیی ناڵێین. خەڵک لە یەکێتیی بێهیوا بوە بۆیە ئەو رەخنانەی لە ئێوەی دەگرن لە یەکێتیی ناگرن. بەڵام ئێوە بەو سیاسەتە ناتەندروستەتان روی یەکێتییشتان سپیکردۆتەوە و ئێستا یەکێتیی نازی ریفۆرمیستیی لێدەدات. دەڵێن کوردستان لە کەناری شەڕی ناخۆیە بۆیە ئێوە دەچنە ناو حکومەتەوە. باشە، دەکرێ ئێوە نەچنە ناو حکومەتیشەوە و هەوڵیش بدەن نەیارێتیی خۆتان بە جۆرێکی وا مانیفێست و دەرببڕن کە خەڵک هاننەدەن بۆ خۆپیشاندان و دواتریش ئێوە لەسەر حیسابی ئەوان رێککەوتنی ژێر-بە-ژێر بکەن و لە پشتی پەردە لەگەڵ نێچێرڤان بارزانیی قاقا پێبکەنن کاتێک پێتان دەڵێت "پارتیی کاری بێقانونیی ناکات، دوێنێ ئێوەمان لە هەولێر دەرکرد و هەموشی لەڕێی قانون بو،" وابزانم تێدەگەن مەبەستم کێیە. لەمەودوا چیتر رەخنە لە ئێوە ناگیرێت وەک هێزێکی ریفۆرمیست، یان رونتر هێزێک کە بانگەشەی ریفۆرم دەکات. بەڵکو ئێوە هێزێکن بەشێکن لە سیستەم، ئەو سیستەمەی کە خۆتان لە من باشتر پێناسەتان کردوە. کەس داوای ئەوەتان لێ ناکات دوژمنایەتیی کەس بکەن، بەڵام چاوەڕێی ئەوەتان لێ دەکات جیاوازییەکانتان لەگەڵ پارتیی و یەکێتیی بپارێزن، بەداخەوە نەتانپاراست.
ئارێز عەبدوڵا من قسەیەکم لەسەر ناوەرۆک و ھۆکارەکانی رێککەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان نییە، بەڵام بە ورد بوونەوە لە شێواز و کاتەکەی دەردەکەوێ کە ئەو رێککەوتنەش تیماری دەردی وڵات ناکات. ئەم جارەش گۆڕان دڵی بەوە خۆشە کە ژمارەیەکی زۆر لە پۆست و پلەو پایە بۆ بەشێک لە کادیرەکانی مسۆگەر دەکا، ئەوە لە کاتێکدا ئەزموونی یەکێتی لەبەر چاوە و باشیش دەزانێ ناتوانێ لەناو ئەو حکومەتە بەقەد یەکێتی کارا و کاریگەر بێ، بەڵام ئەنجام رێکەوت. من دڵنیام ئەنجامی ئەو رێککەوتنەش لە ئەنجامی رێککەوتنەکانی تری نێوان یەکێتی و پارتی و گۆڕان و پارتی باشتر نابێ چونکە: یەکەم: ئەو سیستەمە حوکمڕانیە سەقەتە بەرێککەوتنی ئەم حزب و ئەو حزب لەسەر دابەشکردنی پۆست و پلەو پایەکان راست ناکرێتەوە. دووەم: لە بنەڕەتدا نییەتی چاکسازی راستەقینە و راستەڕێکردنی سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی کوردستان نییە. سێیە: بەو پێیەی کە پارتی ھێزی یەکەمە و مافی خۆیەتی حکومەت پێک‌بێنێ، بەرنامەیەکی گشتگیر و نیشتمانی فراوانی نییە بۆ رێککەوتنێکی سترایتیجی لە نێوان ھەموو لایەنەکانی کوردستان لە پێناوی تێپەراندنی قۆناغی راگوزاری و بە نیشتمانی و بەھێزکردنی دامودەزگا نیشتمانیەکان. چوارەم: پارتی سودی لە ناکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان وەرگرت و بۆ جێبەجێ کردنی ئامانجەکەی خۆی بەکارتی گۆڕان بێ منەتی بەرامبەر بە یەکێتی نیشاندا. پێنجەم: کاردانەوەی پارتی بەرامبەربە ھەڵبژاردنی کاندیدی یەکێتی بۆ سەرۆککۆماری عێراق و ئەکتیفکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم لە پاڵ پێک‌ھێنانی حکومەت و دواخستنی پێک‌ھێنانی حکومەت و پلانی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی دەسەڵاتەکانی کوردستانی دەردەخا. شەشەم: ئامادە نەبوونی پارتی بۆ رێککەوتن لەسەر دانانی پارێزگارێکی کورد لە کەرکوک و دروستکردنی یەک دەنگی و یەک ھەڵوێستی لایەنە سیاسیەکان لە بەغدا پرسیاری زۆر ھەڵدەگرێ. ھەموو ئەو خاڵانە بەڵگەی ئەوەن کە پارتی دەستبەرداری ھەڵوێستی خۆی و ئەو سیستەمە حوکمڕانیە نابێ، بۆیە تەنانەت ئەگەر لەگەڵ یەکێتیش رێکبکەوێ کێشە و قەیرانەکانی کوردستان چارەسەر ناکرێن، بەڵکو ھەڵدەپەسێردرێن. تەنیا لەیەک حالەتدا دڵنیا دەبین کە رێککەوتن یان رێککەوتنەکان ھۆکاری چارەسەری قەیران و کێشەکانن کە تەواوی لایەنە کوردستانیەکان لەسەر پڕۆژەیەکی نیشتمانی و نەخشە رێگایەکی کات دیاریکراو رێکبکەوین، دەنا ئەو رێککەوتنەی گۆڕان و پارتی ئەگەر چوار ساڵی ئارامیشی بەدوادا بێ کێشەکان چارەسەر ناکەن و بارودۆخەکە ھەر ھی بەزمی جاران دەبێ.
هێمن مەحمود گەنجە عەرەبەکە دوای ئەوەی پێنج مانگ و نیوی لەم کەمپەدا بەسەربردو بڕیاری ناردنەوە (دیپۆرتکردنەوە)کەی بۆ فینلەندا بەدەست گەیشت بەچەقۆ بەربووە خۆی و بەپەله گەیاندیانە نەخۆشخانە. سالاری هاوڕێشمان دوای ئەوەی شەش مانگ و بیست رۆژی بەڕێکردو بەڵێنی ئەوەی وەرگرتبو ئیتر تەواو ناینێرنەوە بۆ سوید بەڵکو دەینێرنە شارێکی ئێرە (ئەڵمانیا)، کەچی شەوێک لەپڕ پۆلیس دایان بەسەر ژورەکەیدا و بێ ئەوەی فریای هیچ بکەوێت بەخاوخێزانەوە ناردیانەوە بۆ سوید. رێبەریش ئەو گەنجە سلێمانیەی دوای ئەوەی لەبەهاری 2017 ەوە بەڕێگاوە بووەو پێنج مانگ پێش ئێستا گەیشتۆتە ئەم کەمپە، دەمەو بەیانییەک هاتن پۆلیس بەدوایداو لەفڕۆکەخانەوە ناردیانەوە بۆ ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا. لەوێش دوای مانەوەی بۆ ماوەی 4 ڕۆژ لە فڕۆکەخانە بە دەستبەسەرکراوی، دواجار خستویانەتە سەرجادەو وتویانە دوای دە ڕۆژی تر وەرەوە. سەفاش ئەو گەنجە عەرەبە سامەڕاییەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتبوو قاچێکی لەبنەوە بەهۆی تەقینەوەیەکەوە بڕابوو، دوای چوار مانگ شەوێک پۆلیس بردیانەوە بۆ فینلەندا. ئەحمەدیش ئەو گەنجەی چوار ساڵ لەسوید بووەو پێنج مانگیش لەم کەمپەدا، دوای ئەوەی لەکاتی ناردنەوەدا لەفڕۆکەخانە سواری فڕۆکەکە نابێت و دەگەڕێتەوە، ئێستا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوەو سزای زیندانی مانگێک و دواتریش دیپۆرتکردنەوەی بەزۆری بۆ دەرچووە. ئەمانەی سەرەوە مشتێکن لەخەرواری چیرۆکی ئەو پەنابەرانەن کە لەکەمپەکاندا بەبیانوی هەبوونی پەنجە مۆرەی وڵاتانی تری ئەوروپی ڕۆژانە لەئەڵمانیاوە دیپۆرتی وڵاتانی پێشوتریان دەکرێنەوە بەبێ ئەوەی هیچ دۆخێکی مرۆیی پەنابەرەکە لەبەرچاو بگیرێت. هەمیشە یەکێک لەکێشەکانی پەنابەران ئەوەیە کاتێک دەگەن بەیەکەم وڵاتی ئەوروپی پەنجەمۆردەکرێن و دواتر کە روودەکەنە وڵاتێکی تر ئەم پەنجە مۆرە دەبێتە کێشە بۆیان ولەکۆڵیان نابێتەوەو دەگەڕێنرێنەوە. لەپێشوتردا پەنابەران چەندین فێڵیان دەدۆزییەوە بۆ ئەوەی دوای شەش مانگ پەنجە مۆریان بشکێت، بۆ نمونە پەنایان دەبردە بەر کەنیسەکان یاخود لەمانگەکانی کۆتایدا خۆیان دەشاردەوە، بەڵام لەئێستادا لەوڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا (ئەوەی کە من بەچاوی خۆم لەم کەمپەدا بینیومە) بەرلەوەی شەش مانگی پەنجە مۆرەکە بشکێت، ئەو وەرەقەیەی کە دراوە پێت بۆ مانەوە و پێی دەوترێت (ئۆزفایز) بەچەند رۆژێک پێش دیپۆرتکردنەوە لێت وەردەگرن و تازەی ناکەنەوەو ناتدەنەوە، ئیتر تۆیش کە ئەوەت پێ نەبێ ناتوانی لەئەڵمانیا بژیت و هاتوچۆ بکەیت و ناچاردەبیت بڕۆیت. وڵاتی ئەڵمانیا لەئێستادا گرنگیەکی زۆر بە ناردنەوەی پەنابەران دەدات و بەپێی ئامارەکانی حکومەت ساڵی رابوردوو ئەو وڵاتە هەزاران پەنابەری ناردۆتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی کە یەکەمجار پەنجەمۆریان تیادا کردووە. ئەمە جگه لەمافی پەناریش کە بەنیسبەت عێراقی و کوردی هەرێمی کوردستانەوە ئێجگار قورسیکردووەو بەدەگمەن لەکەمپەکاندا کەسێک دەبینیت مافی پەنابەری وەربگرێت. جابۆیە هاوڵاتی ئازیز کاتێک دەتەوێت لەهەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەوروپا بێیت یەکەمجار کەیسێکی باش دروستبکە (لەجارێکی ترا دێمە سەر جۆری کەیسە رەتکراوەکان)، ئینجا هەوڵی تەواویش بدە لەهیچ وڵاتێکی تری ئەوروپی جگە لەو وڵاتەی خۆت بۆی دەچیت پەنجە مۆر نەکرێیت بۆ نمونە تۆ ئەگەر بەنیازی ئەڵمانیایت ئەوا نە لەیۆنان (یۆنان دیپۆرتی نیە تەنها سێ تا شەش مانگ لەکەمپا دەتهێڵنەوە) و نە لەرۆمانیا نە لەئیتالیا نە لەسربیا نە لەنەمسا دەستگیرنەکرێیت و پەنجە مۆر نەکرێیت.
عەبدوڵا كوێخا موبارەك ئەڵێت لەپێناو یەکڕیزی نیشتیمانی و بەدەستھێنانی ئستیحقاقی کورد پێویستە ھەمومان یەکگرتوبین، بەڵام ئەوەی کە بەدەستی دێنین ھەموی (بۆخۆم). کەرکوکی فرۆشتوە لەپێناو مانەوەی خۆی، ئێستا ھەوڵ ئەدا وەک کرێ چیەک جێگای ببێتەوە تێیدا و شیعری بەسەردا ئەڵێت، (کەرکوک و کەرکوک و کەرکوک). سەد جار خیانەتی نیشتیمانی کردوە، تا دوێنێ لە بەغدا دەستی ماچ ئەکرد بۆئەوەی جێگای خۆی بکاتەوە، کە جێگای نەبوەوە باسی (کورد پەروەری خۆی و خیانەتی ئەوانی تر دەکات. تا دوێنێ پەرلەمانی دائەخست، لەنێو حەرەمی پەرلەمان پەرلەماتاری فەلاقە و ئەتک ئەکرد، سەرۆکی پەرلەمانی دەرئەکرد، ئێستا ئەڵێت (پەرلەمان ئەوەنە گرنگە نابێت یەک کاتژێر کۆبونەوەی دوا بکەوێت). ھەموان دەزانن حکومەتی عێراق پابەند کراوە بە ناردنی بودجە بۆ ھەرێم و قبوڵی ناکات کەموکورتی لە موچەدا بمێنێت، کاکیشم دۆستەکانی خۆی جێھێشتوە و بە دۆستی دایکی ئەڵێت خاڵۆ، بەبیانوی ئەوەی بەو ڕێگایە (پاشەکەوتی موچە لادەبات). مێشکی بردبوین، ئەتوت برا ٢٤ سەعات گەلە گورگ لە دەوری ئاواییە، بەڵام کە سەپکەی بینی، (سیاسەت ڕق و کینە نەبو، ھەوڵی بەدەس ھێنانی سەپکەکە بو). نەمانزانی کاکم ھەر لە سەرەتاوە خگ رجعی دانابو، بۆیە (ناوی کەسی نەھێناوە) ھھھھھھ
موستەفا شێخ محەمەد. پارتی دیموکراتی کوردستان، لە روی ژمارەی کورسی، گەورەترین هێزی گۆرەپانی باشوری کوردستانە،( 45 کورسی)، پارتی 23 ساڵە لە دوای 31 ئابی 1996 زۆرترین هەژمونی هەیە، بەسەر کوردستانەوە، دوای پێکهێنانی کابینەی پێنجەم هەژمونەکانی زیاتر بوە، پارتی بەشێوەیەکی زیرەکانە، رکابەرەکانی لاواز کردوە، بەتایبەت دوای ساڵی 2006 کە ناکۆکیەکانی ناو یەکێتی نیشتیمانی زیاتر ئەبن، پارتی دەتوانێت زۆرتر پنتی حوکمڕانی کۆنتڕۆڵ بکات، سەر ئەنجامی ئەوەش دەبێتە هۆی نارەزایەتی زیاتر لە ناو یەکێتی، بە دروستبونی بزوتنەوەی گۆرانیش کارەکان ئاسانتر بۆ پارتی بەرێوە دەچن، پارتی ئەزمونێکی فراوانی هەیە، لە لاوازکردنی حزبە هاوپەیمانەکانی کردوە، پێش یەکێتی هێزێکی وەک سۆسیالیست دوای یەکگرتنی لە گەڵ پارتی دەتوێتەوە. ئەو 23 ساڵە، بۆ پارتی زێرینترین، ماوەیە، کە لە رێگای دبلۆماسیەوە، هێزە ڕکابەرەکانی ناچارکرد، بەدوای سیاسەتەکانی رابکەن، لەگەڵ ئەوەشدا، رەنگە گەورەترین هەڵەی پارتی ئەوە بوبێت، حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی ئەوتۆ رێکبخات کە حکومەتێکی دامەزراوەیی بەهێزبێت و سیمای دو ئیداری بسرێتەوە.! لە دوای 1976 پارتی بەردەوام نەخێری بەروی یەکێتی دابەرزکردۆتەوە و بە پێچەوانەشەوە بۆ یەکێتی. بەڵام لە دوای 31 ئاب پارتی هەر هەنگاوێکی گرتبێتە بەر هێزەکانی دیکە شوێن پێیان هەڵگرتوە. تا ئەو رۆژەی پارتی ریفراندۆم ئەنجام ئەدات، بچوکترین خواستی لایەنەکانی رەچاو نەکردوە، هەر بڕیارێکی پێ خۆش بوبێت لە هەولێر وبە‌غدا کردویەتی، هیچ جۆرە روبەربەروبونەوەیەکی راستەقینەی توش نەبوە کە پارتی ڕابگرێت. بەڵام کاتێک سێ هەفتە بەسەر ریفراندۆم تێدەپەرن کە لە 25 ئەیلولی 2017 کرا، پارتی توشی شۆکێکی گەورە ئەبێت، کاتێک ئەبینێت یەکێتی دوای نزیکەی 20 ساڵ بە پارتی ئەڵێت، ستۆپ، ساڵێکیش دواتر لە هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار، پارتی شکستێکی نوێ ئەچنێتەوە، لە سەر دەستی یەکێتی. ئێستا کە پارتی ئاسان ئەتوانێت، لە روی ژمارەیەوە، حکومەت پێک‌بێنێت، بەتایبەت دوای راکێشانی گۆران بۆ ژێر باڵی خۆی، ئەخوازێت دوبارە، یەکێتی بکاتەوە ئەو هێزەی کە نەتوانێت هیچ مانۆرێکی سیاسی بکات، گرفتەگەورەکە بۆ پارتی پێدانی پۆست نیە بە یەکێتی، تەنانەت پارێزگار کەرکوکیش، گرفتەکە گوتنی نەخێری یەکێتیە، بۆ هەژمۆنی پارتی. چونکە پارتی نەیتوانیوە، هێزە چەکدارەکان یەکبخات و سیستمێکی دادوەری کاریگە و پەرلەمان و یاسا سەروەری .... هتد ، هێندە بەهێز نین بتوانن، گەرەنتی سەرکەوتنی پارتی بکەن، بەسەر رکابەر و هاوپەیمانە دێرینەکەی، چونکە هێشتا یەکێتی خاوەنی هێزێکی چەکداری کاریگەرە و دامودەزگای ئەمنی خۆی هەیە و پشتیوانی دەرەکی و عێراقی فراوانیشی هەیە، ئەوەش شتێکە پارتی ئارەزوی پێناکات، بەتایبەت کە ستراتیجی نوێی پارتی چەسپاندنی سیستەمێکە، کە گوزارشت لە پارتی بکات، لە بەرامبەر ئەوەدا یەکێتی دەخوازێت، کۆتای بەسیاسەتی شوێنکەوتەی پارتی بێت، هەژمونی پارتی بەسەر دامەزراوەی یاسادانان، یەکێتی ئەخاتە بەردەم مەترسی، بۆیەش یەکێتی دەیەوێت رێکەوتنێکی پێشوەختی هەبێت، کە تێیدا یاریکەربێت، ئەوەش لە قسەکانی حاکم قادر بەرونی دیارکەوت، کاتێک گوتبووی کە ئەوان باسی پۆستیان نەکردوە، بەڵکو پرۆژەی چۆنیەتی حوکمڕانیان مەبەستە. ئایە ئەو نەخێرانەی یەکێتی دەتوانن، چ کاریگەریەک لە سەر هەرێمی کوردستان دابنێن، ئایە یەکێتی دەتوانێت، هەوڵەکانی پارتی پەکبخات؟ ئایە پارتی دەتوانێت یەکێتی فەرمۆشبکات؟ سیناریۆکانی داهاتووی ململانێی نوێی پارتی و یەکێتی لە حاڵێکدا بەرەو گرژی زیاتر ئەرۆن، ئەگەر یەکێتی و پارتی بەرێکەوتنێکی مام ناوەند نەگەن، ئەو کاتیش حکومەتی هەرێم توشی چەند کێشەیەکی گەورە ئەبێتەوە، بەتایبەت ئەگەر بژاردەی جیاکردنەوەی زۆنی سەوز بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەرێمێکی نوێی فیدراڵی، هەرێمی بن دەستی پارتی توشی زۆر کێشەی گەورەی جۆراو جۆر ئەکاتەوە، لەوانە پارتی چیتر ناتوانێت، وەک موخاتبێکی سەرتاسەری کوردی، یاری بکات، هەروەها بێ بەش ئەبێت لە سامانی نەوت و گازی سلێمانی و کەرکوک، کۆمەڵێک گرێبەست و قەرزی زۆریش لە سەر پارتی ئەکەونەوە، ئەوە جگە لە رودانی نائارامی سیاسی و پێکدادانی سەربازی، کە ڕەنگە دەرگا بۆ دەستێوەردانی حکومەتی ناوەند لە بەغداش ئەکاتەوە. لە کۆتایدا ئەبێت ئەوەش وەبیر بێنینەوە، کە هێزە دەرەکیەکان، رۆڵێکی کاریگەر و گەورەیان هەیە، لە شکڵپێدان، بە جۆری ململانێکانی داهاتوو، ئەوەش دوو لایەنی هەیە، یەکێکیان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەتی پێدەچێت زیاتر ئارەزوی بەهێز مانەوەی هەرێم بکەن، کۆمەڵێک دەوڵەتی ناوچەکەش رەنگە ئارەزوی بێ هێزبونی هەرێم و کێشەی ناوخۆی بکەن، بۆ ئەوەی رۆحی بەرخۆدێری لە پارچەکانی دیکە بکوژن. لە کۆتایدا ئەبێت ئەو پرسیارە، زیاتر تۆخ بکەینەوە، ئایە نەخێرەکانی یەکێتی بۆ پارتی هێندە کاریگەرن، کە ئەو هەرێمە بگەیێنێتەوە، چوار گۆشەی یەکەم؟ لە کاتێکدا رون و ئاشکرایە، هیچ کام لەم دوو هێزە بێ رەزامەندی ئەویتر ناتوانێت حوکمڕانی بکات، لە تەواوی هەرێمی کوردستان.
شوان ئەحمەد باپیر ئەمرۆ لە زۆرێك لە دامەزراوەكانی ئەكادیمی، زانستگەكان، پەیمانگاكان چەندین كۆڕ، سمینار، پانێڵ هاتبوونە گرێدان لەسەر ناساندن و خستنەرووی زمانی دایك، كە لێرەدا مەبەستی سەرەكی باسكردنیانبوو لە زمانی دایك(زمانی كوردی)، هاوشێوەی ساڵانی پێشووتر بایەخی زمانی دایكیان تەنها لەم ڕۆژە كورتكردۆتەوە، بەبێ ئەوەی گۆڕانێك و دابڕانێك لەسڵانی پێشووتر جیایی كردبێتەوە، بەڵكو زمانی كوردی بەداخەوە بەرەو قۆناغی لاوازی و تاڕادەی مردنیش ملی رێگایان پێگرتۆتەبەر لەهەندێك ناوەند، بەبێ ئەوەی ئاوڕێكی خۆمخۆرانەی لێبدرێتەوەو سنورێكیشی بۆ دابنرێت، كە ئیتر بەسە بۆ بێ بەهاكردنی زمانی دایك. دەبێت لە خۆمان بپرسین زمانی كوردی لە كاتی ئێستادا لە چ پێگەیەكی بەرەو پێش وەچووندایە ئایا بەهۆی ئەم چاڵاكییانەی لەم ڕۆژەدا دەهێنە ئەنجامدان چەند هەنگاومان بڕیووە، زمانی كوردیمان بە چەند بنكەو سنتەری هەرێمایەتی و جیهانی ناساندووە. لە پەڕاوەكانی مێژووی نوێ و هاوچەرخی گەلی كورد ئەوە تۆماركراوە، كە بە چەندین شێوازی جۆراو جۆر نەتەوەكەی، ئاوەدانییەكەی، سروشتەكەی، لەپاڵیشیدا زمانەكەی جینۆسایدكراوە لەلایەن سەركردە سەردەستەكانی وەك تورك، فارس، عەرەب. هەروەها چەندین هۆكاری دەرەكیی و ناوەخۆیی ئەم دۆخەیان هێناوەتە كاییەوە، كە ئێمە ئێستا تیایدا دەگوزەرێن، ئایا ئێمە ساڵانە هەنگاوی كرداریی و پێویستمان ناوە بۆ دووبارە سەرلەنوێ زیندوكردنەوەی زمانمان بەدەم یادكردنەوەی زمانەوە دەتوانین سەركەوتنەكانمان لە بەرانبەر كەمتەرخەمییەكان، لاوازییەكانمان زاڵ بكەین، ئایا زمانی ئێمە لەكاتی ئێستادا هاوتایی كامە زمانی جیهانییە، ئایا هەر بەڕاست منیش دەتوانم هاوشێوەی كەسێكی زمان هەڵگری نەتەوەی پەشتۆنی، ئازەری، فارسی، عربی و توركی، هتد... بەڕێنووسی كوردی بتوانم بە دوای زنیاریدا بگەڕێم لە google translate ؟ وەڵامەكە بۆ خەمخۆران و زمانناسەكانی كوردی جێدەهێڵم. لەوەبگەرێ زمانیی كوردی بەرانبەر بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی لە زانستگەو پەیمانگا ناحكومییەكان كراوەتە پلە سێ و تەنانەت وانەی كوردۆلۆژیش دەبێت بە زمانی ئینگلیزی بخوێندرێت لە چەند بەشێك، كە ڕەهەندەكانی ئەم پڕۆسەیە لە چەند ساڵێكی داهاتوودا دەرئەنجامە نەرێنییەكانی بەدی دەكرێن و لای نەوەكانی ئایندە زمانی دایكیان لا نا مۆ دەبێت، ئێستا لە قۆناغەكانی خوێندنگەكانی باخچەی ساوایان و بنەڕەتی زۆربەی وانەكان بە زمانی ئینگلیزییە ئێمە چۆن بتوانین بەنەوەكانمان بڵیێن زمانی دایك (زمانی كوردی) زمانی ڕەسەنی ئاخافتن و نووسینی باب و باپیرانی خاكی میسۆپۆتامییابووە.
چالاك ئاغجەلەری مێژووی ٢٧ ساڵی هەرێمی کوردستانی عێراق پڕە پڕە لە بگرە و بەردەی سیاسی و هەندی جاریش سەربازی ، لەو ماوەیەدا زۆرترین بەریەکەوتن بەرۆکی هەردوو پارتی سیاسی ( یەکێتی و پارتی)گرتوە ، دوو هێز هەمیشە هاوشانی یەکبون لە دەسەڵاتی بەڕێوەبردندا بۆ کۆی جومگەکانی دەوڵەتداری لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستانی عێراقدا. بەڵام ئەگەر بەووردی ڕۆچیتە ناو هۆبە بە هۆبەی ئەم یەکە سیاسی و ئیدارییەوە هەست بە لاسەنگی ئەم دابەشکاریە دەکەیت لە پەیوەند بە دەستڕاگەیشتن بۆ کۆی بەشەکان ، هەردەم لەم ژوورە تەنگەبەرەدا ( بەراوورد بە جیهانی بەڕیوەبردنی دەسەڵات) هێزێک کە خۆی بە خانەخوێی و دەمڕاستی هەموولایەک دەزانێت ( بە خۆشی بێت یان پێچەوانەکەی) پشکی شیێری بردوە( نەوەک بەریکەوتبێ) ئەوێش پارتی دیموکراتی کوردستانە بەسەرۆکایەتی( بنەماڵەی بارزانی). لێرەدا پێویستە بزانین هۆکاری ئەم باڵادەستیەی ئەم هێزە بۆ چی دەگەڕێتەوە لە کاتێکدا ئەگەر کەمێک بۆ مێژووی ئەم پارتە بگەڕیینەوە کە ڕۆژاگارێک ماڵئاواییان لە سیاسەت کرد، بەڵام سیحری مانەوە و گەڕانەوەیان بۆ گۆڕەپانەکە هێندەی پاڵپشت بە پشتیوانی دەرکی و بەکارهێنانی هێزی دەرەوە بۆ سەپاندنی خۆی بەسەر بەرامبەردا ، نەیتوانیوە و نەبینراوە بە شکۆ و ئاکاری نۆرمێکی دروست بە سیاسەت بەرخودی کردبێت و ئەم بەرکەوتەیەشی بەری ڕەنجی ماندبوونەکەی بێت. لەلایەکی ترەوە هێزە ڕکابەرەکەی ( یەکێتی نیشتمانی کوردستان) بۆ خۆی بەرهەمی جەرائەتێکی سیاسی بوو دوای بەجێهێشتنی پارتی لەساحەی سیاسی کوردستان، بەدوای تەواوی ئەو گۆڕانکاریانەی ڕوویاندا، یەكێتی بە هێزەوە لەگەڵ سەرەتای ئەو ئازادییەی کوردستاندا دا دەرکەوت ، نموونەی خەسڵەتی خەڵکەکەی جۆرێک دڵسافانە لەگەڵ ئەو هێزانەدا هەڵسوکەوەتی کرد کە بەشێکی زیندو و دەستکراوە نەبوون لە سەرەتاکانی ڕاپەڕییندا. دوای دروست بوونی کابینەی یەکەمی حکومەت و شەڕی ناوخۆ و دەرکەوتنی سەرەتاکانی شکستی عەسکەری پارتی ، زیرەکانە ( بۆ خۆی) پارسەنگی هێزی گۆڕی ، هەر لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان وەک زادەی خیانەتی نیشتمانی مایەوە درێژە بە ئەجندای هەمان سیاسەت دەدات کە نەیهێشت بگلێ، هەر بۆیە بە درێژایی ئەم چەند ساڵە یەكێتی سازشی زۆری بۆ پارتی کردوە و هەموو کاتێکیش دارەکە لەسەری خۆیدا شکاوە، هاوکات بە درێژایی ئەو ماوەیە کۆمەڵێک لە کەسانی دەست ڕۆیشتی ناو یەکێتی سیاسەتیان کردە بەشێک لە کەسابەتی ڕۆژ و بەدواییدا چەند باڵاێک دروست بوو ، تا کار گەیشتە جیابوونەوەی کاک نەوشیروانی ڕەوان شاد، تەواوی ئەم کێشانە بوونە هۆکاری لە دەستدانی باڵانسی سیاسی بەرامبەر دەسەڵاتی پارتی. ئەو کێشمەکێشەی یەکێتی وەکو حزب پێیدا تێپەڕی ئەگەر هێزێکی مێژژوو کرد و خاوەن پێگەیەکی جەماوەری تۆکمە و ماندو نەبوایە زەحمەت بوو بتوانێت جارێکی تر بەم گڕوتینەی هەیەتی هەناسە بدایە. ئەمڕۆ ش لەسەر و بەندی دروست کردنی ئەم کابینەیەدا یەکێتی و پارتی جارێکی تر دەگەڕێنەوە سەر هەمان هاوکێشە، یەکێتی پێویستی ڕوحی بە بەرنامەیەکی ڕاست و شەفاف بۆ خەڵک و جەماوەرەکەی هەیە، یەكێتی باش لەوە دەگات جەماوەرەکەی بە ئاگان لە ڕەفتار و گوفتاریان، نموونەی سزادانی ئەم هێزە لەلایەن جەماوەرەکەیەوە مێژووەیەکی دوور نیە هەر بۆیە ناتوانێت لەسەر دوو ئاست سازش بکات ، یەکەم ... بەڵێنەکان بە جەماوەرەی ئەم هێزە . دووهەم... کەرکوک ، ئەم شارە بۆ یەكێتی دڵی پەیکەرە سیاسیەکەیەتی هەر بۆیە ئیمکانی شازش کردن لێی جۆرێکە لە ئینتیحاری سیاسی، کەواتە ئەم هەڵوێستەی ئەمڕۆیان زۆر واقعی و دروستە جەرائەتێکە کە دەکرا زۆر لەمێژ بوو بەرخودی لەگەڵ بکرایە، پاشگەز بوونەوە و سازش بۆ لایەنی بەرامبەر یەکێتی مۆفەق ناکات بەڵام سووربونیان جیا لەوەی جەرائەتێکی سیاسی پێوستە و بەم هەڵوێستەش دڵی دۆست و جەماوەرەکەی شاد دەکات. ⦁
سەعید کاکەیی تەزویری ھەڵبژاردن بریتیە لە دەستێوەردانێکی نایاسایی و ناشرین لە پرۆسەی ھەڵبژاردن، چ بە بەرزکردنەوەی رێژەی دەنگەکانی کاندیدە خوازراوەکان بێت، یاخود بە کەمکردنەوەی دەنگی براوەی کاندیدەکانی لایەنە نەیارەکان. ھەرچی سیاسەتی دروستە ئەوا بریتیە لە کێ (وەك لایەنی سیاسی) چی پێدەکرێ کەی و چۆن و بۆ! لەم دوو پێناسە کورت و سەرپێیانەی سەرەوە دەکرێ خوێندنەوە و تێگەیشتنێکی واقیعیانە گڵاڵە بکەین بۆ بارودۆخی سیاسی ھەنوکەیی لە ھەرێمی کوردستاندا. سیاسەت وەك رێکار و ئامرازیکی کاریگەر بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لەپێناو راپەڕاندن و دەستەبەرکردنی خزمەت و پێداویستیە بنەڕەتیەکانی کۆمەڵگا، پێویستی بە کەسانی شارەزا و بە ئەزموون ھەیە لە بوارەکانی دەسەڵاتی تەشریعی و دەسەڵاتی جێبەجێکار و تەنانەت دەسەڵاتی دادوەریشدا. ئەڵبەتە لە سیستەمەکانی دیموکراسیدا، بەبێ بوونی دەسەڵاتی تەشریعی، ھەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکار و دەسەڵاتی دادوەری شەرعیەتی حوکمدارییان نیە و بە دەسەڵاتگەلێکی داپڵۆسێنەری نامۆ ھەژمار دەکرێن. لە رۆژی رزگاربوونی ھەرێمی کوردستانەوە لەژێر رکێفی دکتاتۆریەتی بەعس، حزبە کوردستانیە تەقلیدیەکان لە ھەوڵ و تەوەللای ئەوەدا بوونە مۆرکی پەرچەکرداری نەتەوەگەریی گشتگەریانە لە خۆیان دوور بخەنەوە و لەنێو کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا خۆیان بە دیموکسیخواز بناسێنن لە رێگەی ئیجراکردنی چەند پرۆسەیەکی ھەڵبژاردنی سەقەت و پر لە کێشەی تەزویر و ساختەکاری. تەزویر، وەك بڕبڕەی پشتی گەندەڵی، ھەمیشە بەرخوردێکی ناشرینی ساختەکاران و گەندەڵکاران بووە لەپێناو قوڕخکردنی دەسەڵات و بەتاڵان بردنی بەردەوامی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا. بەلای تەزویرچی و گەندەڵکارانەوە، کەسانی شارەزا و دەستپاك لە ئیدارەدانی دەسەڵاتدا، مەترسییەکی گەورەن بۆ وشککردنەوەی سەرچاوەکانی دەستکەوتە ناشەرعییەکانیان. ھەر بۆیە، لە کاتی ھەڵبژاردنەکاندا و لە رێگای تەزویر و ساختەکاریەوە ھەموو ھەوڵ و تەقەلایەك دەدەن بۆ سەرنەکەوتنی ئەو کەس و لایەنانەی کە بە بەرنامە کار دەکەن بۆ بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و قۆڕخکردنی دەسەڵات، ئەمە لە لایەك. لە لایەکی تریشەوە، چونکە تەزویر و گەندەڵی دوو رەفتاری قێزەوەن و دزێون، بکەرانی ئەم رەفتارە ناشرینانە، بە ھەمان ئەندازە و بگرە زیاتریش، تەزویر و ساختەکاری لە نەیارە ھاوپیشەکانی خۆشیان دەکەن. بۆ نموونە، لە بەراوردکردنی پەنجا و شەش (٥٦) سندوقی دەنگدان کە لە یەکەم رۆژی جیاکردنەوە و ھەژمارکردن بە سەرپەرشتی دادوەرەکان لە شاری سلێمانی بەرێوە چوو لەگەل وێنەی ئەلکترۆنی ھەمان ئەو (٥٦) سندوقەی کە ئاماژەیان بۆ کراوە، دەبینین کە تەزویرێکی زۆر کراوە بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان. رێژەی تەزویرەکە لە زۆرەوە بۆ کەمتر لەم لایەنانەی خوارەوە کراوە: ١- پارتی دیموکراتی کوردستان ٢- یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ٣- کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان ٤- بزوتنەوەی گۆڕان ٥- ھاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری ٦- بزووتنەوەی نەوەی نوێ بەڵام، چونکە دەنگە راستەقینە و براوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە زۆربەی ھەرە زۆری ئەو (٥٦) سندوقی دەنگدانانەدا لەوانەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان زیاتر و زۆرترن و چونکە بە تەزویر و ساختەکاری دەنگەکانی یەکێتی بەرێژەیەکی بەرچاو براونەتە سەرووی دەنگەکانی گۆڕانەوە، دەبینین زەرەرمەندی یەکەم لەو تەزویرکاریە لە پارێزگای سلێمانیدا بزوتنەوەی گۆڕان بووە. ئەڵبەتە لە داھاتوویەکی نزیکدا ئەم پرسە بە بەڵگەی ھاشا ھەڵنەگر لە دادگادا ساغ دەکەمەوە. ھەروەھا، راستە من لە ٢٠١٨/١١/١٣دا داوای لێبوردنم لە تەنھا ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران کرد چونکە بەڵگەی ھاشا ھەڵنەگرم نەبوو لەسەر تێوەگلانیان لە تەزویر و ساختەکاری لە ھەڵبژاردنەکاندا، بەڵام لەو رۆژەوە ھەتا ئەمڕۆ چەند بەڵگەیەکی بێگومان و ھاشا ھەڵنەگرم لەسەر یان دەستکەوتووە و ئامادە کراون بۆ دادگا. بۆیە، لێرەدا ئەو داوای لێبوردنەم دەکێشمەوە و ھەر کۆمسیارێك واژۆی لەسەر ئاکامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کردبێت، تۆمەتبارە لە تێچواندن و شەرعیەتدان بە تەزویر و ساختەکاریەکانی پرۆسەی ھەڵبژاردن لە پارێزگای سلێمانیدا. ئیتر، یان دەبێ تەزویرچی و ساختەکارانی ھەڵبژاردنەکان بە سزای شایستەی خۆیان بگەن، وەیاخود دەبێ من بێدەنگ بکرێم! جا بۆ سەرخستنی ئەم کەیسەم و رسواکردنی تەزویر و ساختەکاری، ئەرکی ئەخلاقی لایەنە زەرەرمەندەکانە، بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان و ئۆرگانە پەیوەندارەکانی، بە تەنگ ئەم پرسەی منەوە بێن و خاوەنداری لەم کەیسە ترسناکە بکەن. شایانی وەبیرھێنانەوەیە کە من لێرەدا تەنھا باسی تەزویر و ساختەکاریەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم لە پارێزگای سلێمانیدا. ئەو ھەڵبژاردنەی کە ئاکامەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی ناچارکرد رێککەوتنی سیاسی بکات لەگەل پارتی دیموکراتی کوردستان لەپێناو کاراکردنی پەرلەمانی کوردستان و پێک‌ھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم. ئەمەش نابێ وەك پاساوێك بخوێنرێتەوە بۆ ئەو تەزویر و ساختەکاریەی بۆ پارتی کران لە پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆك و نەینەوادا. بەڵکو، پێویستییەکی حەتمی بزوتنەوەی گۆڕانە بۆ بەرگریکردن لە سەنگ و ھەژموونی لە پارێزگای سلێمانیدا، لە لایەك. لە لاکەی تریشەوە پێداویستیەکی گرنگە بۆ بوژاندنەوە و چالاککردنی پێگەی گۆڕان لە ھەولێر و دھۆك. بۆیە، سەرباری سەرنج و تێبینیەکانی خۆم لەسەر رێککەوتنە سیاسیەکەی نێوان گۆڕان و پارتی، من رێز لەو رێککەوتنە سیاسییە دەگرم و بە سیاسەتێکی دروستی دەزانم بۆ داکۆکیکردن لە پرۆسەی چاکسازی لە کەشێکی ئاشتەواییدا. لە کۆتاییدا، ھەموو حزبێکی خاوەن بەرنامە و پێگەی جەماوەری دوو مەبەستی سەرەکی ھەیە: یان دەسەڵات بەدەستھێنان، یاخود بەشداریکردن لە دەسەڵاتدا. بزوتنەوەی گۆڕان کە زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستانی نەبردۆتەوە، مافی خۆیەتی بە رێژەی کورسیەکانی خۆی بەشداری بکات لە دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێمدا، وەك ھەوڵێکی دیکە بۆ بەرجەستەکردنی لایەنی کەمی چاکسازی و داکۆکیکردن لە بەرژەوەندییە گشتیەکانی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان. ◦
د. ئیسماعیل نامیق پارتی دیموکراتی کوردستان سەرۆکایەتی حکومەت وسەرۆکایەتی هەرێم وسەرۆکایەتی ئەنجومەنی دادوەری کۆنترۆڵکردوەو بەویستی خۆی هەڵیسوڕاندون وهەڵیاندەسوڕێنێ، سەرۆکایەتی پەرلەمان تاکە سەرۆکایەتی بو کە نەکەوتبوە ژێر کۆنترۆڵی پارتیەوە، لایەنەکانی تر دەیانتوانی جار جار وەکو کڵاورۆژنەیەک بەکاری بهێنن ولەرێگەیەوە هەناسەیەک بدەن وتاڕادەیەکیش روبەڕوی پرۆژەکانی پارتی رابوەستن و تەسلیمی هەموو ویستەکانی نەبن، بەڵام لەکۆبونەوەی 18/ 2/ 2019 پارتی دەستی بەسەر ئەو کڵاو رۆژنەیەشدا گرت وهەموو لایەنەکانی تری ئاخنیە سوچێکی تاریک وچراکەشی بەدەستی خۆیەوە گرت، تا هەموومان ناچار بین لەدوایەوە بڕۆین وبڵێین لەکوردستان تۆمان هەبی بەسمانی، بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی!!! ئەزانن پارتی چۆن ئەوەی کرد؟ بەجوڵەیەکی زۆر سادە کردی ئەویش بەدانانی مونا قەهوەچی بەسکرتێری پەرلەمان وەکو نوێنەری پێکهاتەی تورکمان. ئیتر حەز ئەکەن کێ ئەکەن بەسەرۆکی پەرلەمان بیکەن، ئەملای هەورامی و ئەولای قەهوەچی، پێم بڵێن چی پێ ئەکرێ چی؟ ترسە گەروەکە بریتیە لەوەی پارتی پێدانی سکرتێری پەرلەمان بکات بەبنەمایەکی یاسایی پیرۆز، یان عورفێکی پەرلەمانی پیرۆز کەس جورئەت نەکات باسی دەستکاریکردن وهەموارکردنی بکات، وەکو ئەوەی بۆ کۆتای پێکهاتەکان کردوێتی. من لەگەڵ پێکەوە ژیانم، لەگەڵ ئەوەم پێکهاتەکان زیاد لەمافی خۆیان پێبدرێت، چونکە ئەم وڵاتە هی هەموانە ومافی هەموومانە بەیەکسانی تیایدا بژین. بەڵام راستیەک هەیە نابێت لەبەرچاو نەگیرێت، ئەویش پەیوەندی بەکورسی کۆتاکانەوەیە. لەساڵی 1992 بەرەی کوردستانی بڕیاری دا پێنج کورسی کۆتا بدرێت بەپێکهاتەی کریستیانەکان ویەک کورسی کۆتاش بدرێت بەپێکهاتەی ئەرمەن، ئەم بڕیارە کرا بەیاسا ولەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا جێگیرکرا، پاشان لەساڵی 2009 لەژێر فشاری پارتیدا یەکێتی رازیبوو پێنج کورسی کۆتا بدرێت بەپێکهاتەی تورکمان، ئەمەش کرا بەیاسا. مەبەست لەپێدانی کورسی کۆتا بەپێکهاتەکان بەتایبەتی بەپێکهاتەی کریستیان وئەرمەن تەنها بۆ پاراستنی مافەکانیان بوو، بۆ ئەوەی ئەمانیش بونیان لەپەرلەماندا هەبێت وگوزارشت لەوویستی خۆیان بکەن وبەرگری لەمافەکانیان بکەن، بەڵام بەداخەوە ئەم کورسیانە لەململانێی نێو پەرلەماندا لەلایەن پارتیەوە بەکارهێنراون، هەردەم کەباسی ژمارەی کورسیەکانی پارتی کراوە، کورسی کۆتای پێکهاتەکانیشی لەگەڵدا ئەژمار کراوە. ئێمە لەبزوتنەوەی گۆڕان پێشتر کەبەدوای فۆرمێکدا دەگەڕاین بۆ مامەڵە کردن لەتەک کورسیە کۆتاکاندا، مەبەستمان بوو وەڵامی سێ پرسیارمان دەست بکەوێت: 1) کورسی کۆتاکان لەسەر چ بنەمایەک دیاریکراون ودابەشکراون، ئایا لەسەر بنەمای سەرژمێری یان بنەمایەکی تر؟ 2) کێ بۆی هەبێت ئەو کەسانە هەڵبژێرێت کە ئەم کورسیانە پڕ دەکەنەوە؟ 3) ئەم کورسیانە بۆ چی مەبەستێک بەکاربهێنرێن؟ ئامانجمان لەو پرسیارانە ئەوە بوو، لەدیاریکردن ودابەشکردنی کورسی کۆتاکاندا رەچاوی دادپەروەری بکرێت، هەروەها ئەم کۆتایانە بۆ مەبەستی خۆیان بەکاربهێنرێن، نەک بۆ ململانێی نێوان لایەنە سیاسیەکان، بەڵام هەرکاتێک ئێمە ئەو باسەمان دەوروژاند پارتی پێکهاتەکانی لێ هاندەداین وچەندانی وەکو قەهوەچی دەهێنایە سەر کەناڵەکانی راگەیاندن وگۆڕانیان بەدژایەتیکردنی پێکهاتەکان تۆمەتبار ئەکرد، ئەو بابەتە بووە بە پیرۆزی وهێڵی سور کەس ناتوانێت باسی بکات. بەدانانی قەهوەچی هەموو شت کۆتایی پێهات و پارتی هەموو سەرۆکایەتیەکانی کۆنترۆڵکرد، من خەمی ئەم خولەم نیە، چونکە لەم خولەدا پارتی زۆرینەیە وچی بوێت لەپەرلەماندا دەتوانێت بیکات، جا سەرۆکایەتی لای ئەو بێت یان نا، من خەمی ئەوەمە لەخولەکانی تردا، پێدانی سکرتێر بەپێکهاتەکان دەبێتە بنەمایەکی یاسایی پیرۆز یان عورفێکی پەرلەمانی پیرۆز کەس ناتوانێت باسی گۆڕینی بکات. بەڕای من بەدەر لەوەی کێ ئێستا ئۆپۆزسیۆنە، یان کێَ لەداهاتوودا دەبێتە ئۆپۆزسیۆن، پێویستە بەبنەمایەکی یاسایی لەهەموو خولێکدا پۆستی سکرتێری پەرلەمان بدرێت بە ئۆپەزسێون، ئەوەش لەپێناو بەدیهێنانی جۆرێک لەهاوسەنگی ودادپەروەری لەسەرۆکایەتی پەرلەماندا، چونکە پەرلەمان نوێنەرایەتی هەمووان دەکات، نەک تەنها حکومەت، هەروەها ئەمە هاندەریش دەبێت بۆ ئۆپۆزسیۆنبون و کاری ئۆپۆزسیۆنیش باشتر رێکدەخرێت وپەیوەندی نێوان ئۆپۆزسیۆن ودەسەڵات جۆرێک لەنەرمی ولێکتێگەیشتنی تێدا دروست دەبێت. لەجیاتی پۆستی سکرتێری پەرلەمان پۆستێکی تر بدرێت بە پێکهاتەکان.
محەمەد عەلی سەبارەت بە ڕێکەوتنی گۆران و پارتی: چەند پرسیارێکی سادە لە بڕیابەدەستانی گۆران یەکەم: دەقی ڕێکەوتنەکەتان لەگەڵ پارتیدا جگە لە کۆمەڵێک ڕستەی گشتیی‌و مەتاتیو ئێنشائی، چیتری تێدایە؟ کوا سەقفی زەمەنی؟ کوا میکانیزمی جێبەجێکردنەکان؟ ھیچ بەروارێکو سەقفێکی زەمەنی نیە بۆ ھیچ یەکێک لەخاڵەکان، زۆر بەکەمیو لاوەکیانە باسی دەسەڵاتی دادوەری کردوەو ھاتوە: کەس نابێت بەبێ بڕیاری دادگا زیندانی بکرێت. بەڵام نزیکەی مانگێکە ٢٢ کەس بەبێ دادگایی‌کردن لەبادینان زیندانن‌و گۆڕان نقەی لێوەنایەت!. بەیەک وشەش باسی گەڕانەوەی موڵکی گشتی‌و نەھێشتنی ناعەدالەتی لە موچەو خانەنشینی پلە تایبەتەکان ناکات (ئەم دوبابەتە لەبنەما ھەرەسەرەکیەکانی گۆران بون، بەڵام بڕیاربەدەستانی ئێستەی گۆران باسیان ناکەن، چونکە: کوڕانی نەوشیروان مستەفا موڵکی گشتیان-گردەکە-داگیرکردوەو زۆرێک لەبەرپرسەکانی گۆڕان سودمەندی سەرەکین لە موچەو خانەنشینی پلەتایبەتەکان). دوەم: بزوتنەوەی گۆران بەردەوام ڕەخنەی گرتوە لەم شێوە تاک لایەن و ئینشائیەی ڕێکەوتن لەگەڵ حیزبەکانی تردا، ئەگەر ھەرحیزنێکی تر ئەم کارەی ئێوەی بکردایە، راگەیاندنەکەتان و گەنجە شەھادەدارەکانتان ئێستە چیاندەکرد و چیاندوەت؟! یەکێک لە ڕەخنەکان لە بزوتنەوەی گۆران پۆپۆلیسیزمە، لەڕاستیدا، بەم ڕێکەوتنە، بڕیاربەدەستانی ئێستەی گۆران سەلمانتان کەگۆران پۆپۆلیستە بەپلەی ئیمتیاز. سێیەم: علی حەمە ساڵح لە ١٤/١٠/٢٠١٨نوسی: لەدومانگی داھاتودا گۆڕانکاری گەورە دەکەین لەناو گۆران‌دا. ئەوە ئەمرۆ ١٩/٢/٢٠١٩یە، چوار مانگ دوای ئەو قسانەی عەلی حەمە ساڵح، ئایا لە کوێ و لە چیدا گۆڕان لەناوخۆی خۆیدا گۆڕانکاریی کردوە؟ یاشێخ ئێوە کردتانە هەرا کە دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم بۆچوارساڵی داهاتو هەڵپەسێردراوە، بەڵام لەم ڕێکەوتنەدا، دایدەمەزرێننەوە. ئەرێ بەڕاست سەرۆکی هەرێم جگە لە ڕازیکردن و دۆزینەوەی پۆستی بەدیل بۆ برازا‌و زاواکەی سەرۆکی پارتی چیترە؟ ئەم کارەش لە پێناو هاوسەنگی دەسەڵاتی هەردوئامۆزاکەو بنەماڵەی بارزانیە نەک پاکێجەکانی گۆڕان! چوارەم: ئێوە نەتوانن بەڵێنەکانتان بۆ چاککردنی ناوخۆی گۆڕان ببەنەسەر، چۆن متمانەتان پێبکەین بۆ بەڵێنەکانتان بۆ دەرەوەی بزوتنەوەکە. باشە ئێوە بەڵێنەکانتان بۆناو گۆڕان خۆی نەخوات و ناتوانن دەستوری گۆران و دامەزراوەکانی گۆران ڕێکبخەنەوە، چۆن متمانەتان پێبکەین، یان چۆن دەتوانن دۆخی حکومڕانی ھەرێم چاکبکەن (فاقد الشيئ لا يعطيه). ھەر ھێزێک بۆئەوەی بتوانێت دۆخی سیاسیی دەرەکیی بگۆڕێت، خۆ ئەبێت بتوانێت دۆخی ناوەکیی حیزبەکە خۆی بگۆڕێت. دۆخی ژورەکان و مەکۆکان لە خراپترین دۆخدان. هاوکات کۆمپانیای وشە بوەتە حیزب لەناوحیزبداو زۆربەی دامەزراوەکانی بزوتنەوەکە بونەتە کارتۆنی، تەنانەت خانەی ڕاپەڕاندن ناتوانێت پەیڕەوێکی ناوخۆی هەبێت، ئیتر چۆن دەتوانێت کاری گەورە بۆ دەرەوەی بزوتنەوەکە ئەنجامبدات. پێنجەم: زەحمەت نەبێت دەتوانن پێمان بڵێن جیاوازی نێوان ھێمن ھەورامی و مونا قەھوەچی لەمەسەلەی پارتیبوندا چییە و کامەیە؟! ئەگەر دوەمیان لە یەکەمیان پارتی‌تر نەبێت کەمتر نییە. ئێوە دەزانن پارتی خەریکی چ یارییەکە و ئێوە چۆن بە کورتبینییەکی سیاسیی گەورەوە لەو یارییەوە گلاون؟ لەماوەی ٢٧ ساڵی ڕابردودا، ئەوە یەکەمینجارە پارتی ھەرسێ ئەندامەکەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی لابێت؟!. شەشەم: ئایا ئێوە دەزانن ئەگەر سەرۆکی پەرلەمانیش بدرێ بە یەکێتی، ھیچ لەمەوزوعە ناگۆرێت؟ چونکە دواجار ھەورامی و قەھوەچی بابەتەکان یەکلا دەکەنەوە! حەوتەم: ئەرێ بەراست بۆ لەخۆتان ناپرسن: بۆچی بە دوانزە کورسیەوە پۆستەکانتان دو ھێندەی بیست و چوار کورسیەکەی خولی پێشووە؟ وەڵامەکە زۆر ئاسانە: گۆران بەم قیادەی ئێستایەوە، نەک ھیچ مەترسییەکی بۆسەر دەسەڵاتدارێتی پارتی نابێ، بەڵکو ڕێک بەپێی بەرژەوەندیەکانی پارتی کاردەکات. کار‌و ڕاگەیاندنەکەی گۆڕان لەماوەی چەند مانگی ڕابردودا، باشترین بەڵگەی دەستەمۆبونی گۆڕانە بۆ سیاسەتەکانی پارتی. هەشتەم: ئێوە داوای دەسەلاتی زیاترتان کردوە بۆ جێگری سەرۆکی ھەرێم، چونکە دەدرێت بە گۆڕان! زەحمەت نەبێت ئەمە گەورەترین پاشەکشە نیە لە مەبادیئەکانی گۆران کە داوای گۆرینی سیستمی دەکرد نەک کەسەکان؟!ئەگەر دەسەڵاتی جێگری سەرۆکی ھەرێم ھێندە گەورەبێت کە ئێوە ئەتانەوێت، ئەی ئەبێت دەسەڵاتی سەرۆکەکە خۆی چەند بێت. لەکاتێکدا یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیاسەتی گۆڕان دەسکاریکردنێکی ڕیشەیی دەزگای سەرۆکایەتی هەرێمە نەک دۆزینەوەی کار بۆ گەورە هەڵسوڕاوێکی گۆڕان!
كاوسێن بابەكر پێناچێ پارتی مەستیی كورسییە زۆرەكانی بەری دابێت، یان بڕیارەكان بەبێ هەرسكردنێكی بەكۆمەڵ دەدرێن و تەنها چەند كەسێك لەكۆتاییدا ئەو بڕیارانە دەدەن، هەروەك بینیمان دوا كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی هەردوولا تێگەیشتنێكی هاوبەشیان گەڵاڵەكرد كە بەیەكەوە كاربكەن بۆ هەموو كێشەكان، واتە بەیەك پاكێج كاربكەن بۆ حكومەتی نوێ و بەغدا و كەركوك، كەچی دواتر لە گەڕانەوەیاندا بۆ لای بڕیاربەدەستەكان، بڕیاری پارتی گەڕانەوەبوو بۆ بۆچوونە كۆنەكەیان و وازهێنان لە كەركوك و بەغداو تەنها كاركردن بۆ پێكهێنانی حكومەت. 18ی مانگ دیاریكرا بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان، یەكێتی پێش كۆبوونەوەكە چاوەڕێی بڕیاری هەردوولا بوو بۆ كۆبوونەوەی پاریزگای كەركوك و ئامادەباشی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد بۆ كۆتایی هێنان بەو تەعریبە نوێیەی كە پاریزگاری ئێستای داسەپاو دەیكات. بەمەش هیج نەبێت كەمێك لە ئازاری كەركوكییەكان كەم دەبێتەوە، بەڵام پارتی كە خەریكە گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو رازی دەكات بۆ كۆبوونەوەكە و وا نیشان دەدات كە بێمنەتانە مامەڵە لەگەڵ یەكێتیدا بكات، گوایە زۆرینە دەبن، پێویستیان بە تەوافوقی سیاسی نییە و دەتوانن كارەكان بەبێ یەكێتی جێبەجێ بكەن، لەكاتێكدا هەر ئەم پارتییە بوو لە پەرلەمانی رابردوودا داوای تەوافوقی دەكرد و دژی كۆبوونەوەی پەرلەمان بوو، هەر لەسەر ئەم كۆبوونەوەیە سەرۆكی پەرلەمان و ئەندام پەرلەمانەكانی گۆڕانی ئاودیوكردەوەو دواتر وەزیرەكانیشی دەرپەڕاندن! گریمان گۆڕان و كۆمەڵ بڕیاریانداو بەشداریی حكومەتیان كرد، چۆن ئیدارەی زۆنی سەوز دەدەن؟ لەكاتێكدا زۆرینەی خەڵك و ئیدارەكان و بەرپرسەكانی ئەمنی و ئیداریی و سەربازیی ناوچەكە ئەندام و هەوادار و دۆستی یەكیتین؟ ئایا ئەگەر رۆژێك لە رۆژان پارتی بەشداریی حكومەت نەبێت، رێگە دەدات پارتەكانی تر لە زۆنی زەرد دەسەڵات بگرنەدەست؟ یان واقیعی كوردستان دەخوازێ بە رێكەوتنی سیاسی و لێكگەیشتن و تەبایی حكومەت پێكبهێنن و هەمووان لەپێناوی بەرژەوەندیی هاونیشتمانیان خەبات بكەن و ئەو كێشەو گرانی و نەبوونی خزمەتگوزاری و كێشەی بودجەو مووچە و هەڕەشەی داعش و..هتد پێكەوە چارەسەربكەن و كەمێك لە بەرژەوەندییە حزبی و كەسییەكانیان دابشكێنن و پەیمان و بەڵێنە زۆر‌و بۆرەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن بێننەوە بیری خۆیان و هێندێك وەفا نیشانی كەسوكاری شەهیدان و دەنگدەرانیان بدەن؟ پارتی ئەگەر وەك سووربوونەكەی لەسەر ریفڕاندۆم سووربێت لەسەر پێكهێنانی حكومەت بەبێ یەكێتی، با دڵنیابێت حكومەتێكی تەندروست لەدایك نابێت، بەڵكو لەباردەچێت.
د.سالار عوسمان - بزوتنەوەی گۆڕان ھێزێکی سیاسیی گرنگ و کاریگەرە، ئەوکات، کە لە نێو یەکێتیی نیشتیمانی دابوون و دواتر کە جیا بوونەوە و دواتریش، کە بوونە ئۆپۆزیسیۆن و ئێستایش، کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا ڕێککەوتوون ھەر گرنگ و کاریگەرن، چونکە خاوەن دیدگا و دەنگ و سەنگی خۆیانن و دەتوانن لە ھەر قۆناغێکدا ڕاست یا ناڕاست، کاریگەرانە ھەنگاو ھەڵێنن!.. - جارانیش، کە ملی ناڕاستەڕێیان گرتبوو و دەیانویست لە ڕێگەی ھەڵچوونەوە سیاسەت بکەن و میدیایەکی ھێرشبەر و بەشێک لە شەقامیشیان دەگەڵ خۆیاندا ماندوو کرد و ئاکام ھیچی ئەرێنی لێ شین نەبوو، ھەر گرنگ و کاریگەر بوون، لێ بە ئاراستەی ھەڵچوونە سیاسییەکە، کە ھەم خۆیان و ھەمیش کوردستان قازانجی لێنەکرد و بەڵگەیش بۆ ئەم قسەیە، لە کورتیدانی دەنگەکانیان بوو، کە ڕێک بوو بە نیوە، واتە لە بیست و چوار کورسییەوە بوون بە دوانزە کورسی !.. - ئێستایش، کە ئارام بیردەکەنەوە و دەیانەوێت، وەک لە کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەی دوێنێ لەگەڵ پارتی ئاماژەیان بۆ دەستەواژەی (کەناری ئارامی )کرد، ئارام سیاسەت بکەن و ئارام بێنەوە نێو حکومەت و ئارام میدیایەکەیان بخەنە گەڕ و ئارام دەستبار لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بگرن، ھەر گرنگ و کاریگەرن، لێ ئەمجارەیان بە ئاراستە دروستەکە، کە دواجار کوردستان و حکومەتی ھەریم و ھاوڵاتیانیش قازانجی لێ دەکەن !. - ڕوون بۆوە و بۆ ھەموو لایەک سەلما، کە ئەگەر لە پرۆسەی سیاسی‌دا خاوەن ڕستەیەکی باشیش بیت لە نێو پەرەگرافی ھەڵچووندا، نە ڕستە دەگاتە مانا و نە پەرەگراڤ دەتوانێت بووندار بێت، ئەوکات و ئێستایش و بۆ سبەیش ئەم بۆچوونە ھەر ڕاستە، بۆیە ھەقە بزوتنەوەی گۆڕان و ھەموو ئەوانەی، کە بە ھەڵچوونەوە سیاسەتیان کرد و جگە لە بەشێکی وێنەکە، قودرەتی بینینی ھەموو وێنەکەیان نەبوو، ئەمجارەیان چاو بشۆن و ھەموو وێنەکە بە ڕوونی ببینن، ھەموو وێنەکە واتە ھەموو نیشتیمان!.. - ئێمە ڕاست بووین، کە دەمانگوت، نیشتیمان با کۆکەرەوەمان بێت، ئێمە ڕاست دەرچووین، کە دەمانگوت، ھەڵچوون درەختێکی زڕە و گوڵ دەر ناکات، ئێمە ڕاست دەرچووین، کە دەمانگوت، ڕەخنە و ناڕەزایی و خۆپیشاندان و بایکۆت دەبێ وڵات پتەو بکات، نەک لەبەریەکی ھەڵوەشێنێتەوە !.. -ئێمە و ئەوان و ئەوانیتریش یەکین و نیشتیمان ھی ھەموومانە، ئومێدەوارین ئەمجارەیان بزوتنەوەی گۆڕان ئارام سیاسەت بکات و سوودی لە ڕابردوو وەرگرتبێت و ھەموو لایەکیش، بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە ئارامتر لە جاران، شەمەندەفەری حوکمەتداریی بخەنە ڕێ، رێیەک، کە تیایدا ھاوڵاتیان خێر و بەرەکەتەکەی وەرگرنەوە و لە سایەیدا ژیان و گوزەرانێکی شایستەتریان بۆ مسۆگەر بکرێت !..
كامەران عەلی گۆڕان هێزێکی واقعی و جێگیر و بەرجەستەیە و سەنگ وپێگەی تایبەتی خۆی هەیە، ئەو لە دۆستایەتی و ئاشتی و ڕێکەوتندا خیانەت لەکەس ناکات و هیچ تەنازولێک لە بەرنامە و کارنامە و ئامانجەکانی خۆشی ناکات. گۆڕان گەر وەک بەرامبەرەکانی کەڵبەی نیە بۆ گۆشتبڕین و خنجەری ژەهراوی بۆ پشت و کەمەریان!، دەتوانێ هەر بە هەنگوین بەرامبەرەکەی توشی شەکرەی مەرگ بکات. گۆڕان زۆر بە ووردی و هۆشیاری تەواوە دانوستانی کردوە و واقعی ئێستا و پێشهات و داهاتوی کوردوستان و ناوچەکەی باش خوێندۆتەوە ئەوکات گەشتۆتە ئەو بڕیارە و گەڵاڵەی ئەو ڕێکەوتنە. خەڵک ژیان و ئاسایشی و دادگەری و یەکسانی دەوێت و هەر ئەوەشە ئامانج و پاساوی بوونی حیزب، هەروەها گۆڕان هەموو هێلکەکانی خۆی ناخاتە سەبەتەی هیچ ڕێکەوتنێک لەگەڵ هیچ هێز و لایەنێکی تر و شەراکەتی ڕاستەقینە دەکات بە قەبارەی سەنگ و قورسایی خۆی.. هەڵسوڕاوانی گۆڕانیش زۆرباش حاڵی ئەم بار و دۆخە هەن و ڕێز لە هەموو بڕیارێکی سەرکردایەتی بزوتنەوەکەیان دەگرن و ئەخلاقی و سیاسی پابەند دەبن بە بنەماکانی ڕێکەوتنەکە و، شوێن خەڵکی بێ شوناس و بێ مۆڕاڵ و دەم بەتاڵ و بێ کارە ناکەون و، نمونەی هەڵسوڕاو گەلێکی زۆر لەسەر خۆ و ئارام و قوڵبین و دووربین و گەشبین دەبن و بە ئومێدەوە دەڕواننە ئایندەی هەرێمی کوردستان و بزوتنەوەکەیان.. گۆڕان ئاڵای دژایەتی هیچ کەس و لایەکی بەرز نەکردۆتەوە و ڕێکەوتن و دۆستایەتی هەموو کەسیشی قبوڵە، بەس نەک هاوڕێی نیوەڕێگا و خیانەتکار و دووڕوو ترسنۆک...
لەتیف فاتیح فەرەج 27 ساڵ تێپەڕی و هیچ ، 100 رۆژو شەش مانگ چیە ، من دەزانم هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێت ، جار‌و بار ئێمەو مانانیش كە لەنێو ئەو دەریای نائومێدیەدا ، شتێك وەك ئومێد باس دەكەین ، لانی كەم بۆ ئەوەیە كە سەركردەكان و ئەوانەی ئەرزو ئاسمانی كوردستانیان قۆرخ كردوە هۆشێك بێتە بەریان ، من بۆ خۆم تۆزقاڵێك ئومێدم لە سەر ئەم سیاسیە كەفتەكارانەی كوردستان هەڵنەچنیوە و ئەوەش دەزانم كە بەرە بەرە جڵەوی كار لە باوكەوە دەگوازنەوە بۆ كوڕ‌و نەوە ، ئێ تاڵانی كوردستان ، ئاودیو كردنی هەرچی هەیەو نیە جاشایەتی كردن بۆ توركیا‌و ئێران و عیراق و وڵاتان ، بە هەدەر دانی نەوت ، لە باربردنی خەونی كورد لە 27ساڵی بەرێدا خەڵك نەیكردووە و دەست و دیاری ئەمانەیە ، بۆیە ئومێد لەمانە گەوجیەو هیچی تر . ئەگەر هەموو كوردستان بە دەست پارتیەوە بێت ، یان بە دەست یەكێتیەوە ، دۆخەكە بەم ئاوەزانەوە هەر ئەوەیە كەهەیە كەسیشیان دەستبەرداری ئەوی تر نابن ، ئەوان لە سەت شوێنەوە پەیوەندی نێوانیان بووە بە گرێ كوێرە نە بەگۆڕان دەكرێتەوە نە بە ئیسلامیەكان و خەڵكی تر ، تەنها یەك رێگە هەیە كودەتای سەربازیە یان هەر شتێكی ناودەنەیت ، كەسێك هەڵبكەوێت هێزی چەكدار لەم حیزبانە بسەنێتەوەو بیكات بە هی میلەت ، ئەوە نەوشیروان مستەفا پێی نەكرا بە كێ دەكرێت نازانم ئەمانە هەمیشە هەڕەشە بەو چەكانەوە دەكەن كە نابووبە دەست حیزبەوە بێت ، وەرگرتنەوەی چەكەكان قورسە ، بەڵام تەنها ئومێدە . چاوەڕێی ئەوە مەكەن دەستەو تاقمی داهاتوو كوردستان بكەن بە بەهەشت ، هیچ پڕۆژەو بەرنامەیەك تۆزقاڵێك ئەمانە ناگۆڕێت و سبەینێ وەك ئێستا دەبێت . لە شەوی 19ی 5-1992ەوەوە ئەمانە مژدەی بەیانیەكی باشتر بە خەڵك دەدەن ، كەچی ماوەیەك كەم دوای ئەو مێژوە لە سەر چوار قازو شەش حەوت دوكانی داگیركراوی قەڵادزێ و رەنگی زەردو سەوز شیوەنیان بردە سەدان ماڵەوە ، 28 ساڵە درۆ دەكەن و ئێمەش باجی ئەو درۆیانەی ئەوان دەدەین ، خۆش ئەوەیە كەسێك بێ ئەوەی عەسایەكی بە دەستەوە بێت بێت و بڵێت " من وادەكەم لەزەمانی ئەمانەدا گەزۆ ببارێت " . كەسێك دزیت لێبكات هی ئەوەیە داوای یارمەتی لێبكەیت ؟!
ئاراس فه‌تاح یادكردنه‌وه‌ی حه‌ڤده‌ی شوبات نه پێویستی به گوتاری ئاگرینه بۆئه‌وه‌ی فیكه و چه‌پڵه بچنێته‌وه، نه پێویستی به لاوانه‌وه و شیوه‌نه بۆئه‌وه‌ی سۆز بدروێنێته‌وه. ئه‌وه‌ی حه‌ڤده‌ی شوبات پێویستی پێیه‌تی تێڕامانێكی ڕه‌خنه‌یی قووڵه له دووباره‌پێناسكردنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی له كولتووری سیاسیی و ڕۆشنبیریی ئێمه. كێشه‌ی سه‌ره‌كیی چه‌مكی ناڕه‌زایه‌تیی كۆمه‌ڵایه‌تیی له دونیای دوای حه‌ڤده‌ی شوباتدا ته‌نها مانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته سوڵتانییه نییه، به‌ڵكو شكستی پڕۆژه‌ی چاكسازیی و خه‌باتی پهرلهمهنتاریی و به‌مۆمیابوونی سیاسییانه‌ی ئۆپۆزیسیۆنیشه. هاوكات سه‌رهه‌ڵدانی فۆرمێكی نوێشه له كولتووری شۆڕشگێڕێتیی به‌تاڵ و بێفیكر و ریتۆریكی جنێو كه نێرجسییه‌تێكی قووڵی سیاسیی ئاراسته‌یده‌كات و „من“ێكی گه‌وره‌ش له‌پشتییه‌وه بزوێنه‌ره‌كه‌یه‌تی. كولتوورێكی سیاسیی ململانێی نوێ له چرۆكردندایه كه من ناویده‌نێم „كولتووری ئانیشك“. كولتووری ئانیشك له‌مڕۆی سیاسه‌تدا جێگای به كولتووری پێكه‌وه‌كاركردن و دیالۆگ و یه‌كترقبوڵكردن چۆڵكردووه، چونكه هه‌ر هێزێك خۆی له‌وی تر به پاكتر و شۆڕشگێڕتر ده‌زانێت و به زه‌بری ئانیشك ده‌یه‌وێت ئه‌وی تر بخاته دوای خۆیه‌وه، تاوه‌كو به‌ته‌نها وێنه‌ی خۆی له سێڵفی شۆڕشگێڕێتییدا نماییشبكات. هێزێك له هه‌ناوی كۆمه‌ڵگا ئێمه‌دا په‌یدا بووه كه داوای شكستپێهێنانی سێنترالیزمی سیاسیی پارتیی و یه‌كێتیی ده‌كات، به‌ڵام له ته‌نیشتییه‌وه سێنترالیزمی „من“ی سێڵفیستی سیاسیی به‌رهه‌مهێناوه. ڕادیكاڵیزمێكی پۆپۆلیستییانه سه‌ریهه‌ڵداوه كه له‌بری ئه‌وه‌ی له‌خه‌می گشتیی‌دا بێت و وشیاریی ده‌سته‌جه‌معیی دروستبكات، دێت به كولتووری ئانیشك وشیاری سێڵفیزمی سیاسیی به‌رهه‌مده‌هێنێت بۆئه‌وه‌ی وێنه‌ی „من“ه‌كه‌ی له پێشی پێشه‌وه دابنێت و ئه‌وانی تریش له‌دوای دواوه. ئه‌م هێزانه له خۆپیشاندانه‌كان و یادكردنه‌وه نیشتیمانییه‌كاندا دورگه‌یه‌كی سیاسیی دروستده‌كه‌ن كه ته‌نها له ئه‌ندامانی خۆیان پێكدێت و له تهلهفیزیۆنهكهشیانهوه ئه‌و جوگرافیا بچووكه وه‌كو هێزی گه‌وره‌ی خۆیان نماییشده‌كه‌ن، كامیراكان ته‌نها له‌سه‌ر خۆیانه و وتاره‌كان هه‌ر هی خۆیانه و گوێگرهكانیش هه‌ر به‌ده‌وری ئه‌واندا ده‌خولێنه‌وه، بۆئه‌وه‌ی پیشانمانبدهن كه ئاپۆڕای خه‌ڵك ته‌نها ئه‌وان به نوێنه‌ر و منداڵی راسته‌قینه‌ی گه‌ل ده‌زانێت. هه‌ر كاتێكیش بیانه‌وێت ئه‌ندامه‌كانیان هۆڵه‌كان چۆڵ ده‌كه‌ن و له تهلهفیزیۆنهكهیانهوه كورسییه چۆڵه‌كان به بینه‌ران نیشانده‌ده‌ن، وه‌كو له ساڵیادی حه‌ڤده‌ی شوباتدا بینیمان، بۆئه‌وه‌ی پێمان بڵێن، فه‌رموون ته‌ماشاكه‌ن خه‌ڵك ئاماده‌نییه گوێ له هێزه كۆنه‌كه بگرێت، چونكه چۆڵوهۆڵه. ئه‌مه نه ئێتیكی ڕۆژنامه‌گه‌رییه و نه ئه‌خلاقیی سیاسیی ته‌ندروستیشه، به‌ڵكو پێیده‌ڵێن مانیپوله‌یشن و گه‌مژاندنی بینه‌ر و بێڕێزیی به‌رامبه‌ر به ڕێكخه‌ران و ئامادهبووانێك كه نه حیزبییه و نه ده‌شیه‌وێت ناڕه‌زایه‌تیی و چالاكییه كۆمه‌ڵایه‌تیی و بۆنه‌كانیان بهحیزبییبكرێن. حیزبه ئۆپۆزیسیۆنه‌كان له زۆر كات و شوێندا به وشیاریی یان بێئاگایی تهقهموسیی ئه‌خلاقییاتی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌كه‌ن، چونكه ئامانجیان له‌پیاده‌كردنی ئه‌م ستراتیژی ئانیشكه حیزباندنی هه‌موو چالاكییه‌ك و گه‌وجاندنی بینه‌ر و دێواندنی بهرامبهرهكهیانه. هه‌روه‌كو چۆن دوو حیزبه سوڵتانییه‌كه له‌سه‌ر شه‌رعییه‌تی شۆڕشگێڕێتیی شاخ كڕكه‌وتوون و سه‌رمایه‌ی ئابووریی پێ كهڵهكهدهكهن، ئاوهاش هێزه ئۆپۆزیسیۆنه كۆن و نوێكان ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر شه‌رعییه‌تی شۆڕشگێڕێتی شار بژین و سه‌رمایه ڕه‌مزییه‌كانی بۆخۆیان پاوان و كهڵهكهبكهن. كولتووری شۆڕشگێڕێتی له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا بووه به كولتووری سیاسه‌تی سێڵفی له‌ناو فه‌زایه‌ك كه منی شۆڕشگێڕ و منی گۆڕانخواز و منی نه‌وه‌ی نوێ جگه له سمارتفۆنێك كه به‌ته‌نها مێژووی شۆڕشگێڕێتیی ئه‌و تۆمارده‌كات، هیچ ڕووداوێكی تر ئارشیف ناكات. ته‌مه‌نی شۆڕشگێڕێتی له كۆمه‌ڵگای دوای حه‌ڤده‌ی شوباتدا وابه‌سته‌ی ماوه‌ی شه‌حنی سمارتفۆنی سیاسه‌تمه‌دار و په‌رله‌مه‌نتاره نێرجسییهكانی خه‌باتی سه‌رده‌می سێڵفییه. سێڵفیسته سیاسییه نوێكان چه‌مكی شۆڕ‌شیان له كرده‌یه‌كی ده‌سته‌جه‌معییه‌وه گۆڕیوه بۆ مۆدێلی سێڵفیگرتنی ده‌سته‌جه‌معیی. حه‌زێكی قووڵی له‌پێشه‌وه‌بوون و یه‌كه‌مبوون له هه‌موو بۆنه و ڕووداوێكدا ئاماده‌یه. كێ له یه‌كه‌م ڕیزدا دانیشتووه و كێ یه‌كه‌م وتار ده‌خوێنێته‌وه و كێ یه‌كه‌م كه‌سه جه‌ماوه‌ر ده‌خرۆشێنێت و كێ زۆرترین چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌درێت و كێ زۆرترین سێلفی له‌گه‌ڵدا ده‌گیرێت و كێش زۆرترین ڵایك به سپۆنسه‌ر كۆده‌كاته‌وه. شۆڕشگێڕی سێڵفیست هه‌موو شتێك دۆكۆمێنت ده‌كات تائهشوێنهی حه‌زی خودئه‌ڤینیی خۆی ده‌یه‌وێت، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌واقیعدا بوونی هه‌یه. یه‌كه‌مبوون و خودئه‌ڤینی شۆڕشگێڕانه له‌سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیای نوێ‌دا وابه‌سته‌ی خێراییه، خێرایی گه‌یاندنی وێنه‌ی „من“ وه‌كو شۆڕشگێڕێكی سێلفیست كه پێش ئه‌وانی تر وێنه‌كه‌م ئهپلۆددهكهم و لایڤه‌كه‌م ده‌كه‌مه‌وه و بوونی شۆڕشگێڕێتی خۆم ده‌سه‌لمێنم. مۆدێلی سیاسیی سێڵفی له‌ئەمڕۆدا بووە بە کولتوورێک بۆ نماییشکردنی سیاسییەکان و په‌رله‌مه‌نتاره‌كان و نووسه‌ره‌كان و ئه‌دیب و هونه‌رمه‌نده‌كان وەک هێمایه‌ك بۆ خۆشه‌ویستییان له‌ناو جه‌ماوه‌ر. سیاسییه‌كان خۆیان له سێڵفییه‌كانیاندا وا نماییشده‌كه‌ن كه كوڕی گه‌لن و به‌شێكن له خه‌ڵك. كه‌سی سێڵفیست مرۆڤێکە کە خواستێکی پەنھانی دیکتاتۆرییانەی نێوەندبوونی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و خودئهڤینییهكی ڕۆشنبیریی دەیجوڵێنێت، خه‌ون به‌وه‌وه ده‌بینێت وێنه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ په‌یكه‌ره‌كه‌ی خۆشییدا بگرێت كه له خۆشه‌ویستییدا بۆی دروستده‌كه‌ن. سیاسەتی سێڵفیست سیاسەتی بوون بەبەشێک لە خەڵک نییە، بەڵکو کردنی خەڵکە بە بەشێک لە خۆت. ئەم فۆرمە نوێیە لە سیاسەتکردن نیشاندانی ھێزی سیاسەتمەدار نییە لەناو خەڵک، بەڵکو وێناکردن و نماییشكردنی ئەو حەزە نێرجسییە پەنھانەیە کە سیاسەتمەدار دەیەوێت لەناو خەڵکدا ھەیبێت. ئه‌م كولتووره ته‌نها كایه‌ی سیاسه‌تی نه‌گرتۆته‌وه، به‌ڵكو ڕۆچووته ناو كایه‌ی ڕۆشنبیریی و ئه‌ده‌بیی و هونهرییشمانهوه. بێگومان پرسی هه‌یمه‌نه له‌ناو فه‌زای گشتیی‌دا پابه‌ندی داگیركردنی شوێنه. گه‌ر به زمانه تیۆرییه‌كه‌ی قسه‌بكه‌ین ده‌بێت بڵێین، هه‌موو هێزێك ده‌توانێت هه‌یمه‌نه‌ی خۆی له‌ناو رووبه‌ری گشتیی‌دا به دروستكردنی دیسكورس بسه‌لمێنێت. دیسكورسیش بۆ هێزه پۆپۆلیستییه‌كان مانای داگیركردنی ئه‌و ڕوبه‌ره جوگرافییه‌یه له‌ڕێگای دروستكردنی وێنه‌ی فیلتهركراو و فیلمی مۆنتاجكراو و ریتۆریكی سیاسیی و فیكری ئینشایی و جنێوی توند و فیكه و چه‌پڵه و هوتافكێشان. حیزبه‌كانی ئێمه‌ش ئه‌ندامه‌كانیان ده‌نێرنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و ناو هۆڵه‌كان، بۆئه‌وه‌ی ته‌نها ئه‌و پارچه مێژووه تۆمار و نماییشبكه‌ن كه خۆیان سیناریۆیان بۆ نووسیوه. وێنه‌ی خۆیان وه‌كو شۆڕشگێڕی سه‌رده‌می سمارتفۆن و هێزه‌كانی تریش وه‌ك سه‌رده‌می كامیرای ناو سندوق، نیشانده‌ده‌ن. كولتووری به‌رخۆرییكردن له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا له ئابوورییه‌وه تێپه‌ڕیوه‌ته ناو كایه‌ی سیاسه‌ت، شۆڕشگێڕی سمارتفۆن جێگه‌ی به شۆڕشگێڕی ته‌قلیدیی چۆڵكردووه و ناڕه‌زایه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش بووه به بازاڕێكی نوێ بۆ فرۆشتنی كاڵای شۆڕشگێڕێتیی. حیزب و سه‌رۆكه‌كان بۆئه‌وه‌ی ئاماده‌یی و شۆڕشگێڕێتیی خۆیان له‌ناو ڕووبه‌ری گشتیی‌دا بسه‌لمێنن، ئه‌ندامه‌كانیان به سمارتفۆن پڕچه‌ك ده‌كه‌ن و ده‌یاننێرنه ناو به‌ره‌كانی جه‌نگه‌وه. گه‌ر جاران پێشمه‌رگه به بوونی چه‌كێك و چه‌ند مه‌خزه‌نێك گولله و مهتارهیهكی ئاو شوناسی شۆڕشگێڕێتیی وه‌رده‌گرت، ئه‌وا له‌مڕۆدا هه‌بوونی سمارتفۆنێك و ئامێرێكی شه‌حنی ئیزافیی و خه‌تێكی ئینته‌رنێت له خۆپیشاندان و بۆنه‌كاندا به‌سه بۆئه‌وه‌ی ئه‌و شوناسه به خۆت ببه‌خشیت. هه‌ندێك كاراكته‌ری ناو ئه‌م هێزانه، به‌هه‌مان ته‌كنیك و مۆدێلی میدیای دوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه، ململانێكانیان بردۆته ناو فه‌زای مه‌جازیی و سایته سێبه‌ره‌كان، ده‌یان سایتی فه‌یسبووكیان داناوه و چه‌ندین سایتیان كڕیوه‌ته‌وه، بۆئه‌وه‌ی بیكه‌ن به كه‌ره‌سه‌ی شكاندنی یه‌كتر و كولتووری جنێو و تۆمه‌تبه‌خشین دابهێنن. هه‌ندێك له‌م فیگه‌ره سیاسییه نوێیانه وه‌كو نه‌وه‌ی نوێی ناو پارتی و یه‌كێتیی، ڕقێكی ئه‌ستووریان به‌رامبه‌ر به ڕۆشنبیران و ڕۆژنامه‌نووسان هه‌یه و به لێپرسراوی سه‌ره‌كیی هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تییه‌ی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌یان ده‌زانن. له‌كاتێكدا زۆرینه‌ی ڕه‌های ئه‌م نوخبه نوێیه توانای خوێندنه‌وه‌ی یه‌ك وتاری فیكریی نییه، نه‌ك هه‌ر ساده‌گۆیی و سهتحییهتێكی مهترسییداری سیاسیی و فیكریی په‌روه‌رده‌ده‌كه‌ن، به‌ڵكو هێزێكی دژ به فیكر و ڕۆشنبیریی گه‌وره‌شیان خستۆته‌گه‌ڕ و به‌زمانێكی بازاڕیی و ریتۆریكیی جنێو تیۆریزه‌ی فیكریان بۆ ده‌كه‌ن. ئه‌م بێشه‌رمییه سیاسیی و ئه‌خلاقییه‌ی سیاسه‌تی میدیایی هه‌ندێ له فیگه‌ره‌كانی ناو ئۆپۆزیسیۆن هیچی كه‌متر نییه له‌و بێشه‌رمییه سیاسیی و ئه‌خلاقییه‌ی كه پارتی و یه‌كێتی له میدیای كوردییدا به‌رهه‌میانهێنا. من ئه‌م گروپه به „ڤویۆریستی سیاسیی“ سه‌رده‌می فه‌یسبووك و سمارتفۆن ناودێڕدهكهم. خاوه‌ندارێتیی سمارتفۆن و شۆڕشگێڕبوون بوونه‌ته دوانه‌یه‌كی لهیهكدانهبڕاوی سه‌رده‌می دوای حه‌ڤده‌ی شوبات. خاوه‌ندارێتی له كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌رمایه‌ی ئابووری له‌ڕێگای بارزگانییه‌وه گواستراوه‌ته‌وه بۆ خاوه‌ندارێتی گوتاری شۆڕشگێڕێتیی و كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌رمایه‌ی ڕه‌مزیی و سیاسیی. نه‌وه‌ی سمارتفۆن وێنه‌ی سێڵفی خۆی له گۆڕستانی شه‌هیدان و له مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه و له‌ناو ئه‌منه سوورهكهشدا به زه‌رده‌خه‌نه‌وه ده‌گرێت، به‌بێئه‌وه‌ی وشیاریی و ئێتیكی ئه‌وه‌ی هه‌بێت بچووكترین كۆدی ئه‌خلاقیی بپارێزێت. مرۆڤ ده‌توانێت وێنه‌ی یاده‌وه‌ریی كۆمه‌ڵكوژیی و به‌ندیخانه‌كان بگرێت و كۆمێنت له‌سه‌ر دڕنده‌یی تۆتالیتاریزمی سیاسیی و ئایینی بنووسێت، به‌ڵام كۆدی ئه‌خلاقیی ڕێگه‌ی نادات سێلفی یاده‌وه‌ریی له هۆلۆكۆست و ژووری ئه‌شكه‌نجه و له‌سێداره‌دانی ئه‌منه سوره‌كه بگرێت و به بزه و لێوخهندهوه پێمان بڵێت: من لێره بووم. كه‌سایه‌تیی و په‌رله‌مه‌نتار و ئه‌ندامانی هێزه سیاسییه‌كان له ساڵیادی شه‌هیدانی حه‌ڤده‌ی شوباتدا ده‌توانن وتاریان هه‌بێت و سێلفی بگرن و به ئه‌ته‌كییه‌تی ڕێزگرتن له‌و یاده چه‌پڵه‌ش بۆ وتاره‌كانیان لێبده‌ن، به‌ڵام چه‌پڵه‌ڕێزان به فیكه و هاهووكێشان بۆ خۆ، مانای كۆتایی سه‌رده‌می ئه‌خلاقی سیاسه‌تی ئه‌ڵته‌رناتیڤه. ژانی خانه‌واده‌ی شه‌هیده‌كان ژانێكی قوووڵی ئینسانیی و سیاسییه، بۆیه خه‌تایه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌خلاقییه هه‌وڵی بهحیزبییكردنی یاده‌وه‌رییه‌كانیان بدرێت. ئه‌وه‌ی له یادی حه‌ڤده‌ی شوباتی ئه‌مساڵدا بینرا، بێئهدهبییهكی سیاسیی و ئه‌خلاقیی گه‌وره بوو به‌رامبه‌ر به حورمه‌تی قوربانییان و مێژووی ئه‌و بزوتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه. حیزب دێت و ده‌ڕوا، له شۆڕشگێڕه‌وه ده‌بێت به ملشۆڕ و له ڕادیكاڵه‌وه ده‌بێت به ریفۆرمیست، له ئیسلامیی توندڕه‌وه‌وه ده‌بێت به میانڕه‌و، له كۆمپانیایه‌كی فرهپشكییهوه ده‌بێت به كۆمپانیایه‌كی شه‌خسیی، له كوردستانییه‌وه ده‌بێت به عێراقیی، له دوژمنی سه‌رسه‌ختی ته‌وریسی سیاسییه‌وه ده‌بێت به وه‌راسه‌تی خێزانیی، به‌ڵام مێژووی ئه‌م شه‌هیدانه و ناڕه‌زایه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی حه‌ڤده‌ی شوبات نه موڵكی هێزێكی سیاسیی دیارییكراوه و نه هیچ هێزێكی نوێش ده‌توانێت قه‌سامی شه‌رعیی بۆ ده‌ربهێنێت و له‌سه‌ر خۆی تاپۆی بكات. ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه باوك و دایك و خوشك و برا و خێزان و منداڵی چه‌ند شههیدێكن كه هیچ حیزبێك و هیچ كه‌سێك ناتوانێت و مافی ئه‌وه‌شی نییه مێژووه‌كه‌یان پارچه پارچه بكات و هه‌ر یه‌كه‌یان پارچه‌یه‌كی بۆ خۆی به‌رێت. حه‌ڤده‌ی شوبات موڵكی هیچ هێزێكی سیاسیی نییه، بۆئه‌وه‌ی له‌سه‌ری كڕبكهوێت و شه‌رعییه‌تی شۆڕشگێڕێتیی خۆی به خه‌ڵكی ئێمه بفرۆشێته‌وه. موڵكی ئه‌و هێزه نوێیانه‌ش نییه كه وه‌همی ئه‌وه‌یان لادروستبووه سه‌ره‌تای ئۆپۆزیسیۆنی به‌ناو ڕاسته‌قینه له‌وانه‌وه ده‌ستپێده‌كات. سه‌ره‌ڕای ئه‌و فه‌زا ناشیرینه‌ی له‌ساڵیادی حه‌ڤده‌ی شوباتدا به‌رهه‌مهێنرا و هه‌وڵی موڵكدارێتیی ئه‌و ئه‌زموونه به شێوه‌یه‌كی زۆر ناشیرین درا، زۆرینه‌ی وتاره‌كانیش جگه له ئینشایه‌كی بێ‌مانا و بێ‌ڕۆح، شتێكیان پێشكه‌ش به ئاماده‌بووانی هۆڵه‌كه نه‌كرد كه ببێته جێگای تێڕامانیان و له‌گه‌ڵ خۆیاندا بیبه‌نه‌وه ماڵه‌وه. له‌و یاده گرنگه‌دا جگه له هه‌ندێ دروشمی سیاسیی بێقووڵایی و ڕووكه‌شگه‌را گوێم له ڕسته‌یه‌كی پڕمانا نه‌بوو. حه‌ڤده‌ی شوبات بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بووه به بار و نازانن چۆن هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن و له‌كۆڵیان بێته‌وه، بۆ نه‌وه‌ی نوێش بووه به ماڵێكی ئاماده‌ی مه‌فروشی سیاسیی، بۆئه‌وه‌ی وه‌كو كرێچییه‌كی شۆڕشگێڕ تیایدا دانیشن. به‌داخه‌وه ئه‌و فه‌زایه‌ی له هۆڵه‌كه‌دا به‌رهه‌مهات وێنه‌ی راسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی بێ ئۆپۆزیسیۆن بوو. ئۆپۆزیسیۆن له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هێنده‌ی خه‌ریكی پارچه‌پارچه‌كردنی خۆی و ناچیزكردن و بچووككردنه‌وه‌ی خۆیه‌تی، ئه‌وه‌نده سه‌رقاڵی بچڕاندنی ده‌سه‌ڵات و بچووكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتییه سوڵتانییه‌كه‌ی وڵاته‌كه‌ی خۆی نییه. هێزگه‌لێكمان هه‌یه كه جگه له كولتووری ئانیشك و ململانێی نه‌زۆكی ته‌وریسی سیاسیی و بهموڵكایهتییكردنی ئۆپۆزیسیۆنبوونی ڕاسته‌قینه، هیچ گوتارێكی تر ناتوانێت به‌رهه‌مبهێنێت. بۆیه من دوای ئه‌و پێشهاته ناشیرینه و هاتنی ئاساییش بۆ ناو هۆڵه‌كه، به ئامانه‌ت و به داوای لێبوردنه‌وه و، هه‌ر وه‌كو رێزێك بۆ ساڵیادی شه‌هیدانی حه‌ڤده‌ی شوبات و حورمه‌تێك بۆ ئه‌خلاق و كولتووری به‌رگریی له وڵاتی ئێمه، ماڵئاواییم له یاده‌كه كرد و وه‌ڵامی ئه‌وه‌م بۆ خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و ڕێكخه‌رانی مه‌راسیمه‌كه به‌جێهێشت كه من ئه‌م بێڕێزییهم پێههرسناكرێت و ئه‌و خه‌ڵاته‌م ناوێت و وتاریش ناخوێنمه‌وه و ناوی منیش له لیستی خه‌ڵاته‌كه بسڕنه‌وه. له‌ڕاستییدا من هیچ خۆشییه‌كم به مۆدێلی كولتووری خه‌ڵاتكردن له كوردستاندا نایه‌ت، بۆیه پاش ئاگاداركردنه‌وه‌م، به‌ڕێز و پێزانینه‌وه پێمڕاگه‌یاندن كه من ئه‌و خه‌ڵاته‌م ناوێت و پێمباشه بیده‌ن به گه‌نجێك كه شایسته‌یه‌تی. به‌ڵام خانه‌واده‌ی شه‌هیدان به پێشنیاره‌كه‌م ڕازیی نه‌بوون. منیش وه‌ك رێزێك بۆ ژانی ئینسانیی و خه‌باتی ئه‌م گروپه زۆڵملێكراوه ئاماده‌یی خۆمم ده‌ربڕی و بڕیارمدا خه‌ڵاته‌كه‌یان به‌سوپاسه‌وه وه‌ربگرم. هاوكات نیازم وابوو له مه‌راسیمه‌كه و له دوتوێی وتارێكمدا كه ئاماده‌مكردبوو، مۆڵه‌تی ئه‌خلاقییان لێوه‌ربگرم خه‌ڵاته‌كه‌یان پێشكه‌ش به شه‌هیدانی ناڕه‌زایه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی شاری شیلادزێ و منداڵانی ئه‌و چالاكوان و ڕۆژنامه‌نووسانه بكه‌م كه بێچاودێریی و به نایاسایی له به‌ندیخانه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتدارێتی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بێسه‌روشوێن كراون. چ حوكمڕانێتی باش و چ ئۆپۆزیسیۆنی باش، سیاسه‌تمه‌دار و هێزی سیاسیی خاوه‌ن به‌رپرسیاری ئه‌خلاقیی گه‌وره‌ی ده‌وێت. ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای سیاسیی ئێمه‌ش لێی بێبه‌رییه ئه‌و به‌رپرسیارێتییه ئه‌خلاقییه‌یه كه له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه دوو هێزه سوڵتانییه‌كه لێی بێبه‌شن. نه هێزه ئۆپۆزسیۆنه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ڕابردوو كه ئێستا ده‌یه‌وێت بهمۆمیاكراوی له دروستكردنی چوارساڵی بێده‌نگیی گۆڕستان له حوكمڕانێتییدا به‌شداربێت و نه سیاسییه سێڵفیستهكانی قۆناغی دوای حه‌ڤده‌ی شوباتیش به‌م ئه‌خلاقییه‌ت و سیاسه‌ته‌وه ناتوانن مۆدێلێكی ئه‌ڵته‌رناتیڤی نوێ به كۆمه‌ڵگای ئێمه پێشكه‌شبكه‌ن. به بۆچوونی من ئه‌م فۆرمه له ئۆپۆزیسیۆنی بێفیكر و ئه‌م مۆدێله نێگه‌تیڤه‌ش له داهێنانی كولتووری سیاسیی „ململانێی ئانیشك“، جگه له شیوه‌نی تاوانبار بۆ قوربانیی، كولتوورێكی سیاسیی تر به‌رهه‌مناهێنێت.