مەترسیە گەورەکە
2019-02-19 18:45:02
د. ئیسماعیل نامیق
پارتی دیموکراتی کوردستان سەرۆکایەتی حکومەت وسەرۆکایەتی هەرێم وسەرۆکایەتی ئەنجومەنی دادوەری کۆنترۆڵکردوەو بەویستی خۆی هەڵیسوڕاندون وهەڵیاندەسوڕێنێ، سەرۆکایەتی پەرلەمان تاکە سەرۆکایەتی بو کە نەکەوتبوە ژێر کۆنترۆڵی پارتیەوە، لایەنەکانی تر دەیانتوانی جار جار وەکو کڵاورۆژنەیەک بەکاری بهێنن ولەرێگەیەوە هەناسەیەک بدەن وتاڕادەیەکیش روبەڕوی پرۆژەکانی پارتی رابوەستن و تەسلیمی هەموو ویستەکانی نەبن، بەڵام لەکۆبونەوەی 18/ 2/ 2019 پارتی دەستی بەسەر ئەو کڵاو رۆژنەیەشدا گرت وهەموو لایەنەکانی تری ئاخنیە سوچێکی تاریک وچراکەشی بەدەستی خۆیەوە گرت، تا هەموومان ناچار بین لەدوایەوە بڕۆین وبڵێین لەکوردستان تۆمان هەبی بەسمانی، بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی!!!
ئەزانن پارتی چۆن ئەوەی کرد؟ بەجوڵەیەکی زۆر سادە کردی ئەویش بەدانانی مونا قەهوەچی بەسکرتێری پەرلەمان وەکو نوێنەری پێکهاتەی تورکمان. ئیتر حەز ئەکەن کێ ئەکەن بەسەرۆکی پەرلەمان بیکەن، ئەملای هەورامی و ئەولای قەهوەچی، پێم بڵێن چی پێ ئەکرێ چی؟
ترسە گەروەکە بریتیە لەوەی پارتی پێدانی سکرتێری پەرلەمان بکات بەبنەمایەکی یاسایی پیرۆز، یان عورفێکی پەرلەمانی پیرۆز کەس جورئەت نەکات باسی دەستکاریکردن وهەموارکردنی بکات، وەکو ئەوەی بۆ کۆتای پێکهاتەکان کردوێتی.
من لەگەڵ پێکەوە ژیانم، لەگەڵ ئەوەم پێکهاتەکان زیاد لەمافی خۆیان پێبدرێت، چونکە ئەم وڵاتە هی هەموانە ومافی هەموومانە بەیەکسانی تیایدا بژین. بەڵام راستیەک هەیە نابێت لەبەرچاو نەگیرێت، ئەویش پەیوەندی بەکورسی کۆتاکانەوەیە. لەساڵی 1992 بەرەی کوردستانی بڕیاری دا پێنج کورسی کۆتا بدرێت بەپێکهاتەی کریستیانەکان ویەک کورسی کۆتاش بدرێت بەپێکهاتەی ئەرمەن، ئەم بڕیارە کرا بەیاسا ولەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا جێگیرکرا، پاشان لەساڵی 2009 لەژێر فشاری پارتیدا یەکێتی رازیبوو پێنج کورسی کۆتا بدرێت بەپێکهاتەی تورکمان، ئەمەش کرا بەیاسا. مەبەست لەپێدانی کورسی کۆتا بەپێکهاتەکان بەتایبەتی بەپێکهاتەی کریستیان وئەرمەن تەنها بۆ پاراستنی مافەکانیان بوو، بۆ ئەوەی ئەمانیش بونیان لەپەرلەماندا هەبێت وگوزارشت لەوویستی خۆیان بکەن وبەرگری لەمافەکانیان بکەن، بەڵام بەداخەوە ئەم کورسیانە لەململانێی نێو پەرلەماندا لەلایەن پارتیەوە بەکارهێنراون، هەردەم کەباسی ژمارەی کورسیەکانی پارتی کراوە، کورسی کۆتای پێکهاتەکانیشی لەگەڵدا ئەژمار کراوە.
ئێمە لەبزوتنەوەی گۆڕان پێشتر کەبەدوای فۆرمێکدا دەگەڕاین بۆ مامەڵە کردن لەتەک کورسیە کۆتاکاندا، مەبەستمان بوو وەڵامی سێ پرسیارمان دەست بکەوێت:
1) کورسی کۆتاکان لەسەر چ بنەمایەک دیاریکراون ودابەشکراون، ئایا لەسەر بنەمای سەرژمێری یان بنەمایەکی تر؟
2) کێ بۆی هەبێت ئەو کەسانە هەڵبژێرێت کە ئەم کورسیانە پڕ دەکەنەوە؟
3) ئەم کورسیانە بۆ چی مەبەستێک بەکاربهێنرێن؟
ئامانجمان لەو پرسیارانە ئەوە بوو، لەدیاریکردن ودابەشکردنی کورسی کۆتاکاندا رەچاوی دادپەروەری بکرێت، هەروەها ئەم کۆتایانە بۆ مەبەستی خۆیان بەکاربهێنرێن، نەک بۆ ململانێی نێوان لایەنە سیاسیەکان، بەڵام هەرکاتێک ئێمە ئەو باسەمان دەوروژاند پارتی پێکهاتەکانی لێ هاندەداین وچەندانی وەکو قەهوەچی دەهێنایە سەر کەناڵەکانی راگەیاندن وگۆڕانیان بەدژایەتیکردنی پێکهاتەکان تۆمەتبار ئەکرد، ئەو بابەتە بووە بە پیرۆزی وهێڵی سور کەس ناتوانێت باسی بکات.
بەدانانی قەهوەچی هەموو شت کۆتایی پێهات و پارتی هەموو سەرۆکایەتیەکانی کۆنترۆڵکرد، من خەمی ئەم خولەم نیە، چونکە لەم خولەدا پارتی زۆرینەیە وچی بوێت لەپەرلەماندا دەتوانێت بیکات، جا سەرۆکایەتی لای ئەو بێت یان نا، من خەمی ئەوەمە لەخولەکانی تردا، پێدانی سکرتێر بەپێکهاتەکان دەبێتە بنەمایەکی یاسایی پیرۆز یان عورفێکی پەرلەمانی پیرۆز کەس ناتوانێت باسی گۆڕینی بکات. بەڕای من بەدەر لەوەی کێ ئێستا ئۆپۆزسیۆنە، یان کێَ لەداهاتوودا دەبێتە ئۆپۆزسیۆن، پێویستە بەبنەمایەکی یاسایی لەهەموو خولێکدا پۆستی سکرتێری پەرلەمان بدرێت بە ئۆپەزسێون، ئەوەش لەپێناو بەدیهێنانی جۆرێک لەهاوسەنگی ودادپەروەری لەسەرۆکایەتی پەرلەماندا، چونکە پەرلەمان نوێنەرایەتی هەمووان دەکات، نەک تەنها حکومەت، هەروەها ئەمە هاندەریش دەبێت بۆ ئۆپۆزسیۆنبون و کاری ئۆپۆزسیۆنیش باشتر رێکدەخرێت وپەیوەندی نێوان ئۆپۆزسیۆن ودەسەڵات جۆرێک لەنەرمی ولێکتێگەیشتنی تێدا دروست دەبێت. لەجیاتی پۆستی سکرتێری پەرلەمان پۆستێکی تر بدرێت بە پێکهاتەکان.