تەزویری ناشرینی یەکێتی و سیاسەتی دروستی گۆڕان!
2019-02-20 15:25:42
سەعید کاکەیی
تەزویری ھەڵبژاردن بریتیە لە دەستێوەردانێکی نایاسایی و ناشرین لە پرۆسەی ھەڵبژاردن، چ بە بەرزکردنەوەی رێژەی دەنگەکانی کاندیدە خوازراوەکان بێت، یاخود بە کەمکردنەوەی دەنگی براوەی کاندیدەکانی لایەنە نەیارەکان. ھەرچی سیاسەتی دروستە ئەوا بریتیە لە کێ (وەك لایەنی سیاسی) چی پێدەکرێ کەی و چۆن و بۆ!
لەم دوو پێناسە کورت و سەرپێیانەی سەرەوە دەکرێ خوێندنەوە و تێگەیشتنێکی واقیعیانە گڵاڵە بکەین بۆ بارودۆخی سیاسی ھەنوکەیی لە ھەرێمی کوردستاندا. سیاسەت وەك رێکار و ئامرازیکی کاریگەر بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لەپێناو راپەڕاندن و دەستەبەرکردنی خزمەت و پێداویستیە بنەڕەتیەکانی کۆمەڵگا، پێویستی بە کەسانی شارەزا و بە ئەزموون ھەیە لە بوارەکانی دەسەڵاتی تەشریعی و دەسەڵاتی جێبەجێکار و تەنانەت دەسەڵاتی دادوەریشدا. ئەڵبەتە لە سیستەمەکانی دیموکراسیدا، بەبێ بوونی دەسەڵاتی تەشریعی، ھەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکار و دەسەڵاتی دادوەری شەرعیەتی حوکمدارییان نیە و بە دەسەڵاتگەلێکی داپڵۆسێنەری نامۆ ھەژمار دەکرێن.
لە رۆژی رزگاربوونی ھەرێمی کوردستانەوە لەژێر رکێفی دکتاتۆریەتی بەعس، حزبە کوردستانیە تەقلیدیەکان لە ھەوڵ و تەوەللای ئەوەدا بوونە مۆرکی پەرچەکرداری نەتەوەگەریی گشتگەریانە لە خۆیان دوور بخەنەوە و لەنێو کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا خۆیان بە دیموکسیخواز بناسێنن لە رێگەی ئیجراکردنی چەند پرۆسەیەکی ھەڵبژاردنی سەقەت و پر لە کێشەی تەزویر و ساختەکاری.
تەزویر، وەك بڕبڕەی پشتی گەندەڵی، ھەمیشە بەرخوردێکی ناشرینی ساختەکاران و گەندەڵکاران بووە لەپێناو قوڕخکردنی دەسەڵات و بەتاڵان بردنی بەردەوامی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا. بەلای تەزویرچی و گەندەڵکارانەوە، کەسانی شارەزا و دەستپاك لە ئیدارەدانی دەسەڵاتدا، مەترسییەکی گەورەن بۆ وشککردنەوەی سەرچاوەکانی دەستکەوتە ناشەرعییەکانیان. ھەر بۆیە، لە کاتی ھەڵبژاردنەکاندا و لە رێگای تەزویر و ساختەکاریەوە ھەموو ھەوڵ و تەقەلایەك دەدەن بۆ سەرنەکەوتنی ئەو کەس و لایەنانەی کە بە بەرنامە کار دەکەن بۆ بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و قۆڕخکردنی دەسەڵات، ئەمە لە لایەك. لە لایەکی تریشەوە، چونکە تەزویر و گەندەڵی دوو رەفتاری قێزەوەن و دزێون، بکەرانی ئەم رەفتارە ناشرینانە، بە ھەمان ئەندازە و بگرە زیاتریش، تەزویر و ساختەکاری لە نەیارە ھاوپیشەکانی خۆشیان دەکەن. بۆ نموونە، لە بەراوردکردنی پەنجا و شەش (٥٦) سندوقی دەنگدان کە لە یەکەم رۆژی جیاکردنەوە و ھەژمارکردن بە سەرپەرشتی دادوەرەکان لە شاری سلێمانی بەرێوە چوو لەگەل وێنەی ئەلکترۆنی ھەمان ئەو (٥٦) سندوقەی کە ئاماژەیان بۆ کراوە، دەبینین کە تەزویرێکی زۆر کراوە بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان. رێژەی تەزویرەکە لە زۆرەوە بۆ کەمتر لەم لایەنانەی خوارەوە کراوە:
١- پارتی دیموکراتی کوردستان
٢- یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
٣- کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان
٤- بزوتنەوەی گۆڕان
٥- ھاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری
٦- بزووتنەوەی نەوەی نوێ
بەڵام، چونکە دەنگە راستەقینە و براوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە زۆربەی ھەرە زۆری ئەو (٥٦) سندوقی دەنگدانانەدا لەوانەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان زیاتر و زۆرترن و چونکە بە تەزویر و ساختەکاری دەنگەکانی یەکێتی بەرێژەیەکی بەرچاو براونەتە سەرووی دەنگەکانی گۆڕانەوە، دەبینین زەرەرمەندی یەکەم لەو تەزویرکاریە لە پارێزگای سلێمانیدا بزوتنەوەی گۆڕان بووە. ئەڵبەتە لە داھاتوویەکی نزیکدا ئەم پرسە بە بەڵگەی ھاشا ھەڵنەگر لە دادگادا ساغ دەکەمەوە.
ھەروەھا، راستە من لە ٢٠١٨/١١/١٣دا داوای لێبوردنم لە تەنھا ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران کرد چونکە بەڵگەی ھاشا ھەڵنەگرم نەبوو لەسەر تێوەگلانیان لە تەزویر و ساختەکاری لە ھەڵبژاردنەکاندا، بەڵام لەو رۆژەوە ھەتا ئەمڕۆ چەند بەڵگەیەکی بێگومان و ھاشا ھەڵنەگرم لەسەر یان دەستکەوتووە و ئامادە کراون بۆ دادگا. بۆیە، لێرەدا ئەو داوای لێبوردنەم دەکێشمەوە و ھەر کۆمسیارێك واژۆی لەسەر ئاکامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کردبێت، تۆمەتبارە لە تێچواندن و شەرعیەتدان بە تەزویر و ساختەکاریەکانی پرۆسەی ھەڵبژاردن لە پارێزگای سلێمانیدا. ئیتر، یان دەبێ تەزویرچی و ساختەکارانی ھەڵبژاردنەکان بە سزای شایستەی خۆیان بگەن، وەیاخود دەبێ من بێدەنگ بکرێم!
جا بۆ سەرخستنی ئەم کەیسەم و رسواکردنی تەزویر و ساختەکاری، ئەرکی ئەخلاقی لایەنە زەرەرمەندەکانە، بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان و ئۆرگانە پەیوەندارەکانی، بە تەنگ ئەم پرسەی منەوە بێن و خاوەنداری لەم کەیسە ترسناکە بکەن.
شایانی وەبیرھێنانەوەیە کە من لێرەدا تەنھا باسی تەزویر و ساختەکاریەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم لە پارێزگای سلێمانیدا. ئەو ھەڵبژاردنەی کە ئاکامەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی ناچارکرد رێککەوتنی سیاسی بکات لەگەل پارتی دیموکراتی کوردستان لەپێناو کاراکردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم. ئەمەش نابێ وەك پاساوێك بخوێنرێتەوە بۆ ئەو تەزویر و ساختەکاریەی بۆ پارتی کران لە پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆك و نەینەوادا. بەڵکو، پێویستییەکی حەتمی بزوتنەوەی گۆڕانە بۆ بەرگریکردن لە سەنگ و ھەژموونی لە پارێزگای سلێمانیدا، لە لایەك. لە لاکەی تریشەوە پێداویستیەکی گرنگە بۆ بوژاندنەوە و چالاککردنی پێگەی گۆڕان لە ھەولێر و دھۆك. بۆیە، سەرباری سەرنج و تێبینیەکانی خۆم لەسەر رێککەوتنە سیاسیەکەی نێوان گۆڕان و پارتی، من رێز لەو رێککەوتنە سیاسییە دەگرم و بە سیاسەتێکی دروستی دەزانم بۆ داکۆکیکردن لە پرۆسەی چاکسازی لە کەشێکی ئاشتەواییدا.
لە کۆتاییدا، ھەموو حزبێکی خاوەن بەرنامە و پێگەی جەماوەری دوو مەبەستی سەرەکی ھەیە: یان دەسەڵات بەدەستھێنان، یاخود بەشداریکردن لە دەسەڵاتدا. بزوتنەوەی گۆڕان کە زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستانی نەبردۆتەوە، مافی خۆیەتی بە رێژەی کورسیەکانی خۆی بەشداری بکات لە دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێمدا، وەك ھەوڵێکی دیکە بۆ بەرجەستەکردنی لایەنی کەمی چاکسازی و داکۆکیکردن لە بەرژەوەندییە گشتیەکانی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان.
◦