Draw Media

حكومەتی نوێ بێ یەكێتی لە دایك نابێ لەبار دەچێ

حكومەتی نوێ بێ یەكێتی لە دایك نابێ لەبار دەچێ

2019-02-19 16:01:31


كاوسێن بابەكر


پێناچێ پارتی مەستیی كورسییە زۆرەكانی بەری دابێت، یان بڕیارەكان بەبێ هەرسكردنێكی بەكۆمەڵ دەدرێن و تەنها چەند كەسێك لەكۆتاییدا ئەو بڕیارانە دەدەن، هەروەك بینیمان دوا كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی هەردوولا تێگەیشتنێكی هاوبەشیان گەڵاڵەكرد كە بەیەكەوە كاربكەن بۆ هەموو كێشەكان، واتە بەیەك پاكێج كاربكەن بۆ حكومەتی نوێ و بەغدا و كەركوك، كەچی دواتر لە گەڕانەوەیاندا بۆ لای بڕیاربەدەستەكان، بڕیاری پارتی گەڕانەوەبوو بۆ بۆچوونە كۆنەكەیان و وازهێنان لە كەركوك و بەغداو تەنها كاركردن بۆ پێكهێنانی حكومەت.
18ی مانگ دیاریكرا بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان، یەكێتی پێش كۆبوونەوەكە چاوەڕێی بڕیاری هەردوولا بوو بۆ كۆبوونەوەی پاریزگای كەركوك و ئامادەباشی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد بۆ كۆتایی هێنان بەو تەعریبە نوێیەی كە پاریزگاری ئێستای داسەپاو دەیكات.
بەمەش هیج نەبێت كەمێك لە ئازاری كەركوكییەكان كەم دەبێتەوە، بەڵام پارتی كە خەریكە گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو رازی دەكات بۆ كۆبوونەوەكە و وا نیشان دەدات كە بێمنەتانە مامەڵە لەگەڵ یەكێتیدا بكات، گوایە زۆرینە دەبن، پێویستیان بە تەوافوقی سیاسی نییە و دەتوانن كارەكان بەبێ یەكێتی جێبەجێ بكەن، لەكاتێكدا هەر ئەم پارتییە بوو لە پەرلەمانی رابردوودا داوای تەوافوقی دەكرد و دژی كۆبوونەوەی پەرلەمان بوو، هەر لەسەر ئەم كۆبوونەوەیە سەرۆكی پەرلەمان و ئەندام پەرلەمانەكانی گۆڕانی ئاودیوكردەوەو دواتر وەزیرەكانیشی دەرپەڕاندن!
گریمان گۆڕان و كۆمەڵ بڕیاریانداو بەشداریی حكومەتیان كرد، چۆن ئیدارەی زۆنی سەوز دەدەن؟ لەكاتێكدا زۆرینەی خەڵك و ئیدارەكان و بەرپرسەكانی ئەمنی و ئیداریی ‌و سەربازیی ناوچەكە ئەندام و هەوادار و دۆستی یەكیتین؟
ئایا ئەگەر رۆژێك لە رۆژان پارتی بەشداریی حكومەت نەبێت، رێگە دەدات پارتەكانی تر لە زۆنی زەرد دەسەڵات بگرنەدەست؟ یان واقیعی كوردستان دەخوازێ بە رێكەوتنی سیاسی و لێكگەیشتن و تەبایی حكومەت پێكبهێنن و هەمووان لەپێناوی بەرژەوەندیی هاونیشتمانیان خەبات بكەن و ئەو كێشەو گرانی و نەبوونی خزمەتگوزاری و كێشەی بودجەو مووچە و هەڕەشەی داعش و..هتد پێكەوە چارەسەربكەن و كەمێك لە بەرژەوەندییە حزبی و كەسییەكانیان دابشكێنن و پەیمان و بەڵێنە زۆرو بۆرەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن بێننەوە بیری خۆیان و هێندێك وەفا نیشانی كەسوكاری شەهیدان و دەنگدەرانیان بدەن؟ پارتی ئەگەر وەك سووربوونەكەی لەسەر ریفڕاندۆم سووربێت لەسەر پێكهێنانی حكومەت بەبێ یەكێتی، با دڵنیابێت حكومەتێكی تەندروست لەدایك نابێت، بەڵكو لەباردەچێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand