چیرۆکەکانی دیپۆرتکردنەوە
2019-02-22 09:15:59
هێمن مەحمود
گەنجە عەرەبەکە دوای ئەوەی پێنج مانگ و نیوی لەم کەمپەدا بەسەربردو بڕیاری ناردنەوە (دیپۆرتکردنەوە)کەی بۆ فینلەندا بەدەست گەیشت بەچەقۆ بەربووە خۆی و بەپەله گەیاندیانە نەخۆشخانە.
سالاری هاوڕێشمان دوای ئەوەی شەش مانگ و بیست رۆژی بەڕێکردو بەڵێنی ئەوەی وەرگرتبو ئیتر تەواو ناینێرنەوە بۆ سوید بەڵکو دەینێرنە شارێکی ئێرە (ئەڵمانیا)، کەچی شەوێک لەپڕ پۆلیس دایان بەسەر ژورەکەیدا و بێ ئەوەی فریای هیچ بکەوێت بەخاوخێزانەوە ناردیانەوە بۆ سوید.
رێبەریش ئەو گەنجە سلێمانیەی دوای ئەوەی لەبەهاری 2017 ەوە بەڕێگاوە بووەو پێنج مانگ پێش ئێستا گەیشتۆتە ئەم کەمپە، دەمەو بەیانییەک هاتن پۆلیس بەدوایداو لەفڕۆکەخانەوە ناردیانەوە بۆ ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا. لەوێش دوای مانەوەی بۆ ماوەی 4 ڕۆژ لە فڕۆکەخانە بە دەستبەسەرکراوی، دواجار خستویانەتە سەرجادەو وتویانە دوای دە ڕۆژی تر وەرەوە.
سەفاش ئەو گەنجە عەرەبە سامەڕاییەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتبوو قاچێکی لەبنەوە بەهۆی تەقینەوەیەکەوە بڕابوو، دوای چوار مانگ شەوێک پۆلیس بردیانەوە بۆ فینلەندا.
ئەحمەدیش ئەو گەنجەی چوار ساڵ لەسوید بووەو پێنج مانگیش لەم کەمپەدا، دوای ئەوەی لەکاتی ناردنەوەدا لەفڕۆکەخانە سواری فڕۆکەکە نابێت و دەگەڕێتەوە، ئێستا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوەو سزای زیندانی مانگێک و دواتریش دیپۆرتکردنەوەی بەزۆری بۆ دەرچووە.
ئەمانەی سەرەوە مشتێکن لەخەرواری چیرۆکی ئەو پەنابەرانەن کە لەکەمپەکاندا بەبیانوی هەبوونی پەنجە مۆرەی وڵاتانی تری ئەوروپی ڕۆژانە لەئەڵمانیاوە دیپۆرتی وڵاتانی پێشوتریان دەکرێنەوە بەبێ ئەوەی هیچ دۆخێکی مرۆیی پەنابەرەکە لەبەرچاو بگیرێت.
هەمیشە یەکێک لەکێشەکانی پەنابەران ئەوەیە کاتێک دەگەن بەیەکەم وڵاتی ئەوروپی پەنجەمۆردەکرێن و دواتر کە روودەکەنە وڵاتێکی تر ئەم پەنجە مۆرە دەبێتە کێشە بۆیان ولەکۆڵیان نابێتەوەو دەگەڕێنرێنەوە.
لەپێشوتردا پەنابەران چەندین فێڵیان دەدۆزییەوە بۆ ئەوەی دوای شەش مانگ پەنجە مۆریان بشکێت، بۆ نمونە پەنایان دەبردە بەر کەنیسەکان یاخود لەمانگەکانی کۆتایدا خۆیان دەشاردەوە، بەڵام لەئێستادا لەوڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا (ئەوەی کە من بەچاوی خۆم لەم کەمپەدا بینیومە) بەرلەوەی شەش مانگی پەنجە مۆرەکە بشکێت، ئەو وەرەقەیەی کە دراوە پێت بۆ مانەوە و پێی دەوترێت (ئۆزفایز) بەچەند رۆژێک پێش دیپۆرتکردنەوە لێت وەردەگرن و تازەی ناکەنەوەو ناتدەنەوە، ئیتر تۆیش کە ئەوەت پێ نەبێ ناتوانی لەئەڵمانیا بژیت و هاتوچۆ بکەیت و ناچاردەبیت بڕۆیت.
وڵاتی ئەڵمانیا لەئێستادا گرنگیەکی زۆر بە ناردنەوەی پەنابەران دەدات و بەپێی ئامارەکانی حکومەت ساڵی رابوردوو ئەو وڵاتە هەزاران پەنابەری ناردۆتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی کە یەکەمجار پەنجەمۆریان تیادا کردووە.
ئەمە جگه لەمافی پەناریش کە بەنیسبەت عێراقی و کوردی هەرێمی کوردستانەوە ئێجگار قورسیکردووەو بەدەگمەن لەکەمپەکاندا کەسێک دەبینیت مافی پەنابەری وەربگرێت.
جابۆیە هاوڵاتی ئازیز کاتێک دەتەوێت لەهەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەوروپا بێیت یەکەمجار کەیسێکی باش دروستبکە (لەجارێکی ترا دێمە سەر جۆری کەیسە رەتکراوەکان)، ئینجا هەوڵی تەواویش بدە لەهیچ وڵاتێکی تری ئەوروپی جگە لەو وڵاتەی خۆت بۆی دەچیت پەنجە مۆر نەکرێیت بۆ نمونە تۆ ئەگەر بەنیازی ئەڵمانیایت ئەوا نە لەیۆنان (یۆنان دیپۆرتی نیە تەنها سێ تا شەش مانگ لەکەمپا دەتهێڵنەوە) و نە لەرۆمانیا نە لەئیتالیا نە لەسربیا نە لەنەمسا دەستگیرنەکرێیت و پەنجە مۆر نەکرێیت.