Draw Media

گەزۆ نابارێت

گەزۆ نابارێت

2019-02-19 13:28:43


لەتیف فاتیح فەرەج 
27 ساڵ تێپەڕی و هیچ ، 100 رۆژو شەش مانگ چیە ، من دەزانم هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێت ، جارو بار ئێمەو مانانیش كە لەنێو ئەو دەریای نائومێدیەدا ، شتێك وەك ئومێد باس دەكەین ، لانی كەم بۆ ئەوەیە كە سەركردەكان و ئەوانەی ئەرزو ئاسمانی كوردستانیان قۆرخ كردوە هۆشێك بێتە بەریان ، من بۆ خۆم تۆزقاڵێك ئومێدم لە سەر ئەم سیاسیە كەفتەكارانەی كوردستان هەڵنەچنیوە و ئەوەش دەزانم كە بەرە بەرە جڵەوی كار لە باوكەوە دەگوازنەوە بۆ كوڕو نەوە ، ئێ‌ تاڵانی كوردستان ، ئاودیو كردنی هەرچی هەیەو نیە جاشایەتی كردن بۆ توركیاو ئێران و عیراق و وڵاتان ، بە هەدەر دانی نەوت ، لە باربردنی خەونی كورد لە 27ساڵی بەرێدا خەڵك نەیكردووە و دەست و دیاری ئەمانەیە ، بۆیە ئومێد لەمانە گەوجیەو هیچی تر .
ئەگەر هەموو كوردستان بە دەست پارتیەوە بێت ، یان بە دەست یەكێتیەوە ، دۆخەكە بەم ئاوەزانەوە هەر ئەوەیە كەهەیە كەسیشیان دەستبەرداری ئەوی تر نابن ، ئەوان لە سەت شوێنەوە پەیوەندی نێوانیان بووە بە گرێ‌ كوێرە نە بەگۆڕان دەكرێتەوە نە بە ئیسلامیەكان و خەڵكی تر ، تەنها یەك رێگە هەیە كودەتای سەربازیە یان هەر شتێكی ناودەنەیت ، كەسێك هەڵبكەوێت هێزی چەكدار لەم حیزبانە بسەنێتەوەو بیكات بە هی میلەت ، ئەوە نەوشیروان مستەفا پێی نەكرا بە كێ‌ دەكرێت نازانم ئەمانە هەمیشە هەڕەشە بەو چەكانەوە دەكەن كە نابووبە دەست حیزبەوە بێت ، وەرگرتنەوەی چەكەكان قورسە ، بەڵام تەنها ئومێدە .
چاوەڕێی ئەوە مەكەن دەستەو تاقمی داهاتوو كوردستان بكەن بە بەهەشت ، هیچ پڕۆژەو بەرنامەیەك تۆزقاڵێك ئەمانە ناگۆڕێت و سبەینێ‌ وەك ئێستا دەبێت .
لە شەوی 19ی 5-1992ەوەوە ئەمانە مژدەی بەیانیەكی باشتر بە خەڵك دەدەن ، كەچی ماوەیەك كەم دوای ئەو مێژوە لە سەر چوار قازو شەش حەوت دوكانی داگیركراوی قەڵادزێ‌ و رەنگی زەردو سەوز شیوەنیان بردە سەدان ماڵەوە ، 28 ساڵە درۆ دەكەن و ئێمەش باجی ئەو درۆیانەی ئەوان دەدەین ، خۆش ئەوەیە كەسێك بێ‌ ئەوەی عەسایەكی بە دەستەوە بێت بێت و بڵێت " من وادەكەم لەزەمانی ئەمانەدا گەزۆ ببارێت " .
كەسێك دزیت لێبكات هی ئەوەیە داوای یارمەتی لێبكەیت ؟! 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand