Draw Media

مەریوان وریا قانع  نووسەری ئێرلەندی جێمس جۆیس لە شوێنکدا دەڵێت ”ھەندێک مرۆڤ ھەن مێژوو وەک زنجیرەیەک لە کابوس دەبینن و ئەزموون دەکەن“، دەشێت ئەم ڕوانینەی جۆیس بۆ ئاستی میلەتانیش بەرزبکەینەوە و بڵێین ھەندێک میلەت ھەن مێژوو وەک زنجیرێک لە کابوس وێنادەکەن. میلەتی ئێمە یەکێکە لەو میلەتانە و مێژووی دونیای دوای ڕاپەڕینیشی مێژووی بەکابوسبونی واقیعێکە، وابڕیاربوو خەونێکی گەورەی ئازادیی و خەیاڵێکی بەرپرسیاری دادپەروەریی و پرۆژەی ڕێزگرتن لە مرۆڤ، ئاراستەیبکات. سپێەدەی یەکەمی ڕاپەڕین یەکێکە لە ساتەوەختە ھەرە گرنگ و ھەرە جوان و ھەرە شیعرییەکانی ناو مێژووی ھاوچەرخی ئێمە. لەو بەیانییەدا میلەتێک کە بۆنی گازی کیمیاویی و بۆنی جەنگە گەورەکان و بۆنی ڕوخانی ھەزارەھا گوند و شارۆچکە، بۆنی ترس و بیمێکی کەموێنە، لە ساڵە قورسەکانی دەھات، لە ساتەوەختێکی ئەفسانەیی دەگمەندا، ھەستایەوە سەرپێکانی و بەگژ یەکێک لە ئەزموونە ھەرە ناشیرینەکانی دەسەڵات لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا تەقیەوە. بە زمانی ھانا ئارێنت بدوێم دەکرێت بڵێم سپێدەی ڕاپەڕین دەکرا ”سەرەتایەکی تازە“بێت بۆ دروستکردنی جیھان و مێژوویەکی جیاواز، دەرکا ببێتە ”سەرەتایەکی تازە“ بۆ خۆشویستنی جیھان و ڕێزگرتنی مرۆڤ، ببێت بە مێژوویەک بۆ ”مافی ھەبوونی ماف“، بۆ ”گەڕاندنەوەی متمانە بە یەکتریی“، بۆ دروستکردنی نیشتیمانێک بۆ ھەمووان کە دەستەبەرکردنی مافەکان چوارچێوە سەرەکییەکەی بێت و ”ژیانێکی گشتیی“ تێدابێت کە ھەمووان بە ژیانی خۆیانی بزانن.  ئێستا ٢٨ ساڵ دواتر، ٢٨ ساڵ دوای تێپەڕینی ئەو سپێدەی یەکە، ئەم ”ئەگەری سەرەتا تازە“یە و ئەو ھێزە بۆ خۆشویستنی جیھان، گۆڕاوە بۆ چەندان کابوسی تاکەکەسیی و دەستەجەمعیی کە مێژووی ئێمەی توشی ئیفلیجیەکی گەورە کردوە. ئەمڕۆ ھەرشتێک زیندووبێت ئەو سپێدەی یەکەمەی ڕاپەڕین زیندوونییە، بە کابوسبوونی دونیای ئێمە نەوەیەکی دروستکردوە ھەم گۆمانێکی گەورە و بەرفروانی لە شۆڕش و یاخیبوون ھەیە، ھەم لە ھەموو ئەو دروشمانەش کە بیانەوێت ھێما بۆ پرۆژەیەکی بەرپرسانەی گۆڕانکاریی بکەن. سپێدەی پڕ ڕەنگ و پڕ ئەگەری ڕاپەڕین گۆڕاوە بۆ واقیعێکی خۆڵەمێشیی و قەترانیی، لە شوێنی خەونە زیندوکانی ئەو سپێدەیە جۆرێک لە بەدەعەجانبوونی کافکایی دروستبووە کە دەسکارییەکی ڕادیکاڵی جیھانی ئێمەی کردوە. بەر لە ھەموو شتێک بڕێکی زۆر لە پێشمەرگەکانی جاران گۆڕاون بۆ جەردە و پیاوە نابەرپرسیار و گەندەڵ و بەڵتەجییەکانی ئەمڕۆکە. شۆڕشگێڕانی شاخ گۆڕاون بۆ بزنسمانە نیولیبرالە پڕ تەماحەکانی ئەمڕۆ کە بازرگانی بەھەموو شتێک و ھەموو بەھایەکەوە دەکەن، لەگەڵخۆشیاندا لەشکرێک لە پاسەوان دڵڕەق و بێویژدانییان دروستکردوە کە کاری سەرەکییان پاراستنی دەسکەوتە ناشەرعیی و جەردەییەکانی ئەوانە. کۆمەڵگایەکی پڕ ئومێد و چاوەڕوانیی پۆزەتیڤی گۆڕیوە بۆ کۆمەڵگایەکی نائومێد و وەڕس لە خۆی و بێزار لەو مێژووەی کە ھەم خۆی بۆ خۆی دروستیدەکات و ھەم ئەوانیتر بۆی دروستدەکەن. ئەوەی ئەمڕۆکە بڕێکی زۆر لە خەڵک دەیبینێت و ئەزموونی دەکات، وشکبوون و وەرین و ڕوخانی سپێدەی یەکەمی ڕاپەڕینە، کە تەپوتۆزەکەشی خەریکە وەک یاداوەریی لەیاددەچێتەوە. لە دوای ڕاپەڕینەوە بڕ و ڕادەی خودنەفرەتی، قەبارەی ڕقبوونەوە لە خود خۆی، بە ڕادەیەکی ترسناک گەشەیکردوە. دەتوانم بڵێم لە کەم میلەت ھەیە لە ئێستادا بەقەد ئێمە ڕقی لەخۆی بێت، کەم میلەتیش ھەیە ھێندەی ئێمە خوێندەوار و نووسەری ھەبێت کە ئەم خودنەفرەتییە تێمای ژمارە یەکی نووسینەکانیان بێت، بەبێ ئەوەی ئەم ڕقبوونەوەیە لە خود توانیبێتی ئاستە سایکۆلۆژییە سەتحیی و وێرانکەرەکەی تێپەڕندبێت و بووبێت بەھێزێکی دروستکەر.  لە ئێستادا و دوای تێپەڕینی ٢٨ ساڵ بەسەر سپێدەی یەکەمی ڕاپەڕیندا، ھەم بڕێکی بەرچاوی کۆمەڵگای ئێمە بەرەو ئەوە دەڕوات نەفرەت لەو سبەینێی یاخیبوونە بکاتە بەشێک لەو ڕقە مێژووییە کە لە خۆی ھەیەتی و لەو حوکمڕانە کابوسییانەش کە لە ھەناویدا دروستبوون. ھەم نەوەیەک لە دەسەڵاتدارانیش دروستبوون، کە بەھا و نرخ و ئامانج و ئیرادەی ئەو ڕۆژی یەکەمەی ڕاپەڕینیان لێبووە بە کابوس و وەک ھەڕەشە و وزەیەکەی نادیار بۆ گۆڕانکاریی دەیبینن کە دەشێت لە ساتێکدا بەڕوویاندا بتەقێتەوە. کۆمەڵگا گیری بەدەستی ئەو بکەر و دروستکەرانەی دونیای دوای ڕاپەڕینەوە خواردوە کە لە فۆرمی لەشکرێک لە کابوسدا ئامادەن و دەستیش بۆ ھەرشتێک ببەن دەیکەن بە کابوس، لەکاتێکدا دەسەڵاتدارن گیریان بەدەستی ئەو ڕۆحیەت و خەون و بەھا و ئیرادەیەوە خواردەوە کە سبەینێی یەکەمی ڕاپەڕین خوێنێکی تازەی بە مێژووی ئێمە دەبەخشیی و خەڵکی بەگژ یەکێک لە سیستمە ھەرە ترسناکەکانی نیوەی دووھەمی سەدەی بیستەمدا، کردەوە. بەم مانایە گۆڕانی مێژوو بۆ کابوس لە دونیای ئێمەدا گۆڕانێکی دوو جەسەرەیە. لەسەرێکەوە کۆمەڵگا گیری بەدەستی کابوسە سیاسییەکانی ناو ھەناوی خۆیەوە خواردوە، لەسەرێکی دیکەوە ئەو کابوسە سیاسییانە گیریان بەدەستی بەھاکانی ڕاپەڕینەوە وەک کابوسێک خواردوە. ئەم کابوسە دووجەمسەرەیە ناتوانێت تاسەر بەیەکەوە و لەناو یەک جەستەی کۆمەڵایەتیدا، بژی. بەریەککەوتنی ئەم دوو کابوسە تەنھا مەسەلەی کاتە، کات وەک یەکێک لە فێڵە ھەرە گەورەکانی مێژوو.


د. هەردی مێد  له‌ ماوه‌كانی رابردوو له‌ یه‌ك دوو پۆستدا ئاماژه‌م به‌ دینامیك و بزاوتی هه‌ره‌وه‌زی له‌ شاری خانه‌قین كرد. ئه‌م دینامیكه‌ له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵێ كه‌سی خۆبه‌خشه‌وه‌ كه‌وتۆته‌ سه‌رپێ و هه‌موو كار و چالاكیه‌كانیشیان واده‌ریده‌خات كه‌ له‌ گه‌شه‌كردن و نشونمایه‌كی به‌رچاودان‌. كار و چالاكیه‌كانی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی هه‌ره‌وه‌زی فره‌ فۆرمن و زۆر لایه‌ن و بواری ژیان و كۆمه‌ڵگایی له‌ خۆده‌گرن. هه‌ر له‌ نوێژه‌نكردنه‌وه‌ی شوێنه‌ گشتیه‌كانه‌وه‌ بگره‌ (وه‌ك خوێندنگا، شه‌قام، ڕێگاوبان…)، تا بواری تایبه‌ت وه‌ك نوێژه‌نكردنه‌وه‌ی شوێنی نشته‌جێی خێزانی كه‌م ده‌رامه‌ت، هاوكاریكردنیان…به‌ هه‌ر حاڵ، لیژنه‌ی هه‌ره‌وه‌زی خانه‌قین پرۆژه‌گه‌لێكی دی گرنگیان له‌ به‌رده‌ستدایه‌ وه‌ك دروستكردنی نۆرینگه‌یه‌كی خۆبه‌شی هه‌ره‌وه‌زی، تد. سه‌ره‌ڕای گیانی خۆبه‌شی، زۆری كاره‌كانیان و سه‌نگینی پرۆژه‌كانیان لیژنه‌ی هه‌ره‌وه‌زی خانه‌قین سودی له‌ كه‌مترین ئاوڕدانه‌وه‌ی میدیا و رۆژنامه‌كان نه‌بینیووه‌. له‌ كاتێكدا، شێوازی كاركردن و چونه‌ ڕێوه‌ی ئه‌م بزاوته‌ خۆبه‌خشه‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌ له‌ خانه‌قین زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ ته‌نها له‌ دیدگای پرۆژه‌یه‌كی هه‌ره‌وه‌زیه‌وه‌ ته‌ماشا بكرێت. له‌ راستیدا ئه‌م بزاوته‌ زۆرینه‌ی سیفه‌ت و توخمه‌كانی ده‌ستگای تێدایه‌. ئه‌م بزاوته‌ بۆته‌ دامه‌زراوه‌ و له‌ لیژنه‌یه‌كدا رێكخراوه‌. ئه‌م لیژنه‌یه‌ كۆبونه‌وه‌، به‌رنامه‌، رۆژمێری كار، تد تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌. جگه‌ له‌ بوونی دیاریكردن رۆڵ بۆ هه‌ر ئه‌ندامێكی، پاشان ئاماده‌یی دابه‌شكردنی كار و چالاكی له‌ نێوان كه‌سه‌ خۆبه‌خشه‌كانی. ئه‌م بزاوته‌ ده‌ستگایه‌ چونكه‌ زمانی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌: ئه‌وه‌تا له‌ جیاتی زاراوه‌ی <به‌خشین>، زاراوه‌ی <به‌شداری> به‌كارده‌هێنن. پاشان كار و چالاكیه‌كانیان له‌ خانه‌ی <خێر و حه‌سه‌نات>دا تۆمارناكه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ وه‌ك <هه‌ره‌وه‌زی>، <خۆبه‌خشی>…ده‌یناسێنن. ئه‌م بزاوته‌ ده‌ستگایه‌ چونكه‌ لۆژیكی تایبه‌ت به‌ خۆشی هه‌یه‌. ئه‌وه‌تا كاری به‌خشین و هاوكاری له‌و دونیابینیه‌ زاڵه‌ دوور ده‌خه‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌موو <یارمه‌تی> و <كۆمه‌كێك> ده‌باته‌وه‌ بۆ دین و لۆژیكی <خێروخێرات>. به‌ مانایه‌كی دی، ئه‌م ده‌ستگایه‌ هاوكاری و پشتیوانێكانی بۆ ئه‌وانی دی ده‌كات‌ به‌ پرسێكی كۆمه‌ڵگایی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو مرۆڤه‌كان به‌ده‌ر له‌ جوداییه‌ ئاینی و مه‌زهه‌بیه‌كان به‌ ده‌وری هاوكاری یه‌كتر و ده‌ستگرتنی یه‌كتردا كۆبكاته‌وه‌. ئه‌م ده‌ستگایه‌ خودان دونیابینی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی و ده‌یه‌وێت كۆمه‌ڵگا له‌ ئافاتی سه‌رمایه‌داری و لۆژیكی <هه‌ر كه‌س بۆ خۆی> رزگار بكات. ئه‌م ده‌ستگایه‌ ده‌یه‌وێت كایه‌ی ئابوری لۆژیك و دونیابینی خۆی به‌ سه‌ر كۆی كایه‌كانی دیدا نه‌سه‌پێنێت، واته‌ ڕێگری له‌وه‌ بكرێت كه‌ <لۆژیكی قازانج و كه‌ڵه‌كه‌بوون> ببێته‌ بنه‌ما و ڕێسای كۆی چالاكیه‌ مرۆییه‌كان. بۆیه‌ لیژنه‌ی هه‌ره‌وه‌زی خانه‌قین ده‌یه‌وێت كۆمه‌ڵگا به‌و ئاقاره‌دا ئاراسته‌ بكات كه‌ خودی خۆی خۆی ڕێكبخات، هه‌ر خۆی مشوری خۆشی بخوات. راسته‌، هه‌ندێك ره‌خنه‌ له‌م جۆره‌ ده‌ستپێشخه‌ریانه‌ ده‌گرن و پێیانوایه‌ نابێت كۆمه‌ڵگا ببێته‌ جێگره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و له‌ جیاتی ده‌وڵه‌ت به‌ هانای خۆیه‌وه‌ بێت. سه‌ره‌ڕای دروستێتی ئه‌م ره‌خنه‌یه‌، به‌ڵام ناشبێت له‌و شوێنه‌ی ده‌وڵه‌ت بێده‌ربه‌ستانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بێده‌رامه‌ت و بێلانه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌كات، كۆمه‌ڵگا به‌ هانای ئه‌مانه‌وه‌ نه‌یات. ناكرێت به‌ ناوی به‌جێهێشتنی په‌‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌كیه‌كان بۆ ده‌وڵه‌ت، كۆمه‌ڵگا له‌ ئاست كه‌مده‌رامه‌ت و لانه‌وازه‌كانی بێده‌ربه‌ست و خوێنسارد بێت.  به‌ هه‌ر حاڵ، ئه‌وه‌ی له‌ خانه‌قین ده‌گوزه‌رێت بۆته‌ ده‌ستگا و له‌ زۆر رووه‌وه‌ نوێیه‌ و خه‌سڵه‌تی پێشه‌نگی هه‌یه‌. بۆیه‌ ئومێده‌وارم میدیاكان به‌ چڕی ئاوه‌ڕ له‌ كار و چالاكیه‌كانیان بده‌نه‌وه‌‌.


شوان محه‌مه‌د سیاسیە باڵاکان و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان بەڕێوەن بۆ پیرمام، ئەگەر پێیان بکرێت هەر خۆیان ناچن، ڕەوڕەوەیەک دەخەنە ژێر سلێمانی و دەیگەیەننە پیرمام. بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو بە تایبەتی لەکاتی نەخۆشکەوتنی جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی، دواتریش مردنی نەوشیروان مستەفاوە، ئەو کاروانە قەرەباڵغ تر و رێگاکەش گەرمتربووە. هیچ لەنگی تێدا نییە نوخبەی سیاسی و رۆشنبیر، دوای بەرنامەی حیزبێکی خاوەن تێڕوانینێکی هاوچەرخی دیموکراسی و سەرکردەیەکی نیشتمانی بکەون، بەڵام تا ئێستا لە کوردستان نە سەرکردەیەک و نەهێزێکی نیشتمانی و دیموکراسیمان هەیە، خاوەن خەم و خەوی گەورە بێت، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی لە چەندان وێستگەشدا تاقیکراونەتەوە، هەر بۆیە ئەوەی ئێستا کاروانی ئەو رێگایەیە، جگە لە راکردن بەدوای کۆمەڵێک ئیمتیازاتی ماڵ و موڵک و سامان هیچی تر نییە!. کەسایەتی سیاسی پلە باڵای دەڤەری سەوز هەیە، زیاتر لە ساڵێکە لە پۆستەکەی نەماوە، ماوەی چەند مانگێکە مووچەکەی بڕاوە، داوا لە بارزانی دەکات و مەسجی جیاجیای بۆ دەنێرێت کە مووچەکەی پێبدەن. کەسایەتی دەڤەری سلێمانی هەیە، حیزبەکەی خاوەنی گرووپی کۆمپانیای گەورە گەورەن و، شەریکی دەسەڵات و سامانن لەگەل پارتی، بەڵام هەرچی پانێڵ و دیداری ساڵانە هەیەو، ئەو دەزگا میدیایانەی ئەو بەڕێوەی دەبات، بە سپۆنسەری ئاشکراو نهێنی کەسانی نێو بنەماڵەی بارزانی بەڕێوە دەچێت. بەرپرسی تر هەن لەکاتی مفوەزاتی بەرزترین پۆستی ئەم وڵاتەدا، خەریک بوو کاندیدەکەیان بە چەندین ملیۆن دۆلار بفرۆشن. کەسایەتی زۆر پلە باڵای ئەم وڵاتە هەیە، پارتی و بارزانی لێی نیگەرانن، ئەم بەرپرسە پلە باڵایە، کێچ کەوتۆتە کەوڵی و پێدەچێت سیەکانی لای بارزانی بێت و بێ ئەو نەتوانێ هەوا هەڵمژێت، دوا لە رۆژنامەنووسێک دەکات نێوانی ئەو و بارزانی چاک بکات و شفاعەتێکی بۆ بکات. سیاسی" مخضرم " هەیە، ماوەیەکە بەناو دانیشتووەو دوورکەوتۆتەوە لەکاری سیاسی، ناوبەناو خەریکی بزنسە، ئێستا کار دەکات بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی پێشووی هەرێم و، کەمێک نزیک بێت لە بنەماڵەی بارزانی یەوە. کەسانی سیاسی تر هەیە، ماوەیەک بوو گۆڕان بوو و دواتر دانیشت، پاشان گەڕایەوە نێو "ماڵە گەورەکە"، بەدرێژایی تەمەنی دژی حیزبی بنەماڵە بووە، ئێستا خوا خوایەتی بچێتە هەولێر و کەمێک لە " حەجەکە " ی بارزانیەوە نزیک بێت، تا خێرو بێر بەسەریدا ببارێت. خانوو و زەویەکانی سەری رەش و گوندەکانی (ئەمریکی و ئینگلیزی و ئیتالی) و شوقەکانی ئیمپایەر .. هتد، خەریکە سیخناخ دەبن لەم جۆرە سیاسیانە کە پشتیان کردۆتە ئەو دروشمانەی دەیان ساڵی تەمەنیان خەباتیان بۆ کردووەو، ئێستا قافلەی کاروانەکەیان بەرەو سەری رەشە. هەرکەسێ بڕواتە هەولێر و پیرمام، ئالودەی دەبێت، کەمیش نین ئەوانەی ئۆپزسیۆنی پێشوو بە ئاشکراو بەنهێنی لە دەوری کەسانی نێو بنەماڵەی بارزانی و پارتی دەسوڕێنەوە، ئەوە جگە لەوەی ژمارەیەکیان بە ئاشکرا بارو بنەیان لە سلێمانیەوە گواستەوە بۆ هەولێر و کەوتن بەسەر نازو نیعمەتی ئەو دەڤەرەدا. با بێ ویژدانی نەکەین، ئەوە هەر سیاسیەکان نین کاروانیان گەرمە بەرامبەر پیرمام و هەولێر، هەندێک لە رۆشنبیران و میدیاکاران پێش سیاسیەکان و، لە پێش کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاو تاڵەبانیشدا ئەو رێگایەیان تاقیکردەوە. لای پارتی و دەزگاکانی ئەو حیزبە رۆشنبیر و میدیاکاری سلێمانی و حیزبەکانی " ژمارە " یان لەسەرە، بەشێک لەو ئیمتیازاتانەی وەریدەگرن، دەبێت خەڵکی سلێمانی بن، یان رۆشنبیری ئۆپۆزسیۆن بن، یان لە میدیای ئەهلی بووبن، بۆ هەریەک لەمانەش نرخی لەسەرە، جێگای سەرسوڕمان نییە کە میدیاکاری ئەو دەزگایانەی هەولێر هەیە، هێندەی وەزیرێک مووچە وەردەگرێت، کە رەنگە لە میدیایەکی جیهانیشدا هێندە مووچەو ماڵ و موڵکی بەسەردا نەڕژێت. کاتێک کە هەستدەکرێت سلێمانی بێ هێز دەبێت، ئەوە رەفتارو مۆراڵی ژمارەیەکی بەرچاو لە نوخبە سیاسی و رۆشنبیرەکانیەتی، بۆیە ئاساییە ئەگەر رەوڕەویەکی بخرێتە ژێرو بەرەو پیرمام بەڕێ بکرێت.  


سامانی وەستا بەکر   ٢٨ ساڵ پێش ئێستا و لە و لە ٥ی ئادار لە ڕانیەو ٧ی ئادار لە سلێمانی سەرەتای قبوڵ نەکردنی ڕژێمی بەعپی عەرەبی یان ڕاستتر سەرەتای قبوڵ نەکردنی حوکمـی نەتەوەی عەرەب دەستـی پێکرد و تا ئێستاش درێژەی ھەیە. ھەڵبەتە ئەو قبوڵ نەکردنە بە "ڕاپەڕین" ناوزەند کرا  کە لە ڕاستیا بەنگخواردنەوەو دەرھاویشتەی زوڵمێکی مێژووی لایەنی کەم سەد ساڵە بوو  کە لە چەند وێستەگەیەکـی جیاوازا کوردی پیا تێپەڕیبوو ئەمە وێڕای مێژووی کۆن کە ھەمیشە کورد لەلایەن بێگانەوە حوکم کراوە یان حکومەتی بەسەرا سەپێنراوە. ئەو پەنگخوادنەوەیە دەرھاویشتەیە کاردانەوەی چەندین شۆڕشی پێشتریش بوو کە بە ھۆکاری جیاواز جیاواز ھیچیان ئامانجەکانیان نەپێکابوو یان سەرکەوتوو نەبوون کە ھەمیشە خودی کورد ھۆکارەکەی ئەگێڕێتەوە بۆ دەستی دەرەکی کە لەڕاستیا ئەوە تەنھا ھۆکار نەبووە بەڵکو خودی کوردیش فاکتەرێک بووە بۆ سەرنەکەوتنی. وا باوە کە ڕاپەڕین کۆرپەی شۆڕشە واتە سەرەتا شۆڕشێک ھەیە و پاشان بە ڕاپەڕین سەرەتای کۆتای و دوا وێستگەی قۆناغی پێشووترو سەرەتای دەستپێکی قۆناغی نوێ و دەرەنجامەکانی شۆڕش دەستپێئەکات. لە دوای شۆڕش و ڕاپەڕین چاوەڕوانی گۆڕانکاری و شێوازێکی حوکمڕانی جیاوازتر لەوەی پێشوو ئەکرێت و زۆرینەی گەل خۆی بەخاوەنی ئەزانێت و پشتگیری لێئەکات. شۆڕش لە خاڵێکەوە دەستپێئەکات و لە راپەڕینا ئەبێ بە واقیع و بەردەوامی ئەبێت بەجۆرێک ھەندێک جار شۆڕش بۆ  چەندین دەیە بەردەوامی ئەبێت و ھەنگاو لەدوای ھەنگاو ئامانجەکانی شۆڕش بە کردار جێبەجێ ئەکرێ. کاتێ کە ئامانجەکانی شۆڕش بەکردار و لەسەر زەوی ھەستی پێنەکرێ و گەل خۆی تیا نەدۆزێتەوە ئیتر ئەوە بەسەرەتای قۆناغێکی نوێ بۆ شۆڕشێکی نوی ئەژمارەکرێت و  بێ بەشکراوان لەدەوری کۆئەبنەوە و  ئیتر لەوەبەدواوە شۆڕشگێڕانی پێشوو ئەبن بە دیکتاتۆرو کەلێن لە نێوانی دەسەلاتدارو میلەتا دروست ئەبێ. کەمن ئەو شۆڕشانەی کە بە درێژای چەندین سەدە کاری لەسەر ئامانجەکانی کردبێ و بەردەوام لە ھەوڵی دانەبڕاوا بووبێ تا بەڵێنەکان بکرێ بە کردار نمونەی ئەو شۆڕشانەش شۆڕشی فەرەنسی و ماویەکان و ئەمریکیەکانن. ڕاپەڕینەکانی ساڵی ١٩٩١ گۆڕانکاریەکی ئەوتۆی نەھێناوەتەوە کایەوە کە تێرکەری خواستی خەڵکبێ و ھۆکارەکەشی ئەوەیە کە لە ڕاپەڕین گۆڕانکاری گەورە لە دایک نابێ بە پێچەوانەوەی شۆڕشەوە کە گۆڕانکاری گەورە دروست ئەکات و  ئەمەش ئەو جیاوازییەیە کە تێگەشتنی ئاسان نیە ئەگەر میلەت ئاستی ھۆشیاری زۆر بەرز نەبێت. شۆڕشی تەواو نەکراو وەک قوماشێکی بڕاو نەدوراوە واتە بەکارنایەت ئەمە کێشەی ھەرێمی کوردستانیشە کاتێک ئەو دەرھاویشتەو پەنگخواردنەوەیەی کە چەندین سەدەبوو لە ناخیا قەتیس مابوو وە لە بەھاری ساڵی ١٩٩١یا بەڕاپەڕین دەریبڕی بە ئاسانی تەسلیمی چەکدارەکانی شاخی کرد کە بە شۆڕشگێرەکانی شاخ ناسـراوبوون کە لەڕاستیا  بەشێکی کەم و نوخبەیان نەبێ ئەوانیتر دوورو نزیک شۆڕشگێڕ نەبوون. یەکێک لە خاڵە لاوازوکانی ڕاپەڕینی بەھاری ١٩٩١ نەبوونی سترایژییەت و پاشەڕۆژ بوو بەجۆرێک ھیچ حیـزبێکی سیاسی کوردی پلانی بۆ دوای ڕاپەڕین نەبوو یان بەرنامەی بەڕێوەبردنی شاری لە شاخ جیانەکردبۆوە بێجگە لە نەوشیروان مستەفا  کە وەک ئەندازیاری ڕاپەڕین پلانی ستراتیژی قۆناغی دوای ڕاپەڕینیشی ھەبوو بەڵام ڕێگری لێکراو بەتەنھا ئەویش پێی جێنەجێ نەکرا. یەکێکیتر لە خاڵە لاوازەکانی ڕاپەڕین نەبوونی فکر بوو بەڵکو ڕاپەڕین لە پێناو تۆڵەیا لەدایک بوو "تۆڵە لە سەدام" کە لە ڕاستیا ئەبێ لە شۆڕشا فکر لەدایکبێ وەک نمونەی شۆڕشی فەرەنسی و ئەمەریکی بەجۆرێک شۆڕش بیرمەند بەرھەم ئەھێنێ و ئامانجەکانی پێئەسپێرێ بەجیاوازی لەمەڕ خۆمان لە ھێزی چەکداری دروست کردوو شۆڕشی پێشپارد و لەوەودوا بوو بەکاڵا بۆ حیزبایەتی. ئەگەر قۆناغی دوای ڕاپەڕین بکرێ بە دوو بەشەوە ئەوا بەشە بەکەڵک و بەسوودەکەی فێربوونی ئەزموونی دیموکراسی و چوونە سەر سندوقی ھەڵبـژاردن و دروست کردنی حکومەت بوو بە ھەموو کەم و کوڕیەکانیشیەوە، بەڵام بەشە بێ کەڵک و خراپەکەی ئەوەبوو شەڕی ناوخۆ کراو  خەڵکی پێ چاوترسێن کرا بەجۆرێک خەڵکەکە لەبەر ھەڵنەگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ بیری ئازادی لەبیرچۆتەوانێ. ڕاپەڕین نەبووە گێڕانەوەی یەکسانی و ھاوبەشی حوکمێکی خۆماڵی لە نێوان حیزب و خەڵکا و مرۆڤ نەبووە بە چەق بۆ خزمەت کردن و بە ئامانج نەگیرا بۆ پێشکەش کردنی ژیانێکی شایستە. ڕاپەڕین بووە ھۆکاری ناوچەگەرای و لێکدابڕان و ڕق لێک بوونەوە و سەپاندنی دوو ناوچەی جوگرافیای ڕەنگکراو بە چەک سەپاو. بەرژەوەندی ھاوبەشی حیزبی، بازرگانی، خێزانی و کەسی خاڵی جەوھەری ڕاگرتنی ئەزموونی حوکمڕانی خۆماڵی کوردی دوای ڕاپەڕینە نەک ستراتژیەک بۆ پاشەڕۆژ لەسەر بنەمای ئازادی، خاک، نەتەوە، سەربەخۆی....ھتد کە ئەمەشیان خاڵێکی لاوازە. ئەوەی دەسکەوتەکانی ڕاپەڕینی ڕاگرتووە حوکمڕانیەکی ڕەشید نیە بەڵکو کۆژانێکی میلەتە لە ترس لە حوکمی بێگانە کە ڕاست وایە زۆرینەیەک لە یەکێتیەکی گشتیا بە شێوەیەکی پراگماتیکی سوود لەیەکتر وەرگرین و پلانی ھاوبەش و ستراتیژی و پاشەڕۆژی کورت و مام ناوەنجی و درێژخایەنمان ھەبێ، کوردبوون ببەسرێتەوە بە مافەوە واتە تا ماف زۆربێ کورد بوون جوانترئەبێ و پێچەوانەکەشی ڕاستە. نەوەی شاخ لە بەھاری ١٩٩١وە حوکمی نەوەی دوای راپەڕین ئەکا و ھیچ لێتێگەشتنێکی بۆ خواستەکانی نیە و لە توانایا نیە لە دنیابینی تێبگات و دەستبەرداری لایەنی کەمی دیدگای بەناو شۆڕشگێڕی خۆی نابێ و بوارێک ناڕەخسێنێ کە نەوەی دوای ڕاپەڕین ئەزموونی حوکمڕانیەکی مەدەنی بەرجەستەکراو ئەزموون بکات. ئەم نەوە نوێیە پۆستاڵ و ئەمنە سورەکەی نەبینیوە بۆیە دیدی بۆ ئازادیش جیاوازە بەجۆرێک مەفھومی ئازدی لای نەوەی دەوای ڕاپەڕین "دروست کردنی ژیانێکی ھاوچەرخ و داڕشتنی ژیانە بەوجۆرەی خۆی بۆی ئەڕوانێ" نەک مەفھومە کۆنەکەی لای نەوەی شاخ کە ئازادی بریتیە لە "دەربڕینی بیروڕا بە ئازادی"! ئەگەر ئەو  دەرھاویشتە پەنگخوراوەی ساڵی ١٩٩١ وەرگرین ئەوا ئەبینین لێکچوونێکی زۆری لە شۆڕش تیایە چونکوم شۆڕش ھەمیشە سێ قۆناغە،  قۆناغی ئامادەکاری، قۆناغی ڕاپەڕین و قۆناغی دوای شۆڕش کە ئێمە لە قۆناغ و یەکەم و دووەما سەرکەوتووبووین  بەڵام لە قۆناغی سێیەما شکستمان خورادووە کە ئەمەش خاڵی لێچووە بە بەراورد بە زۆربەی ئەو شۆڕشانەی لە جیھاندا ڕوویانداوە. ئەگەر باس لە گەورەترین دەستکەوتی ڕاپەڕینەکانی ساڵی ١٩٩١ بکرێت ئەوا یەک ڕیزی ھەموو خەڵک و ھەموو حیزبەکان لە یەک سات و بۆ یەک ئامانج دیاترین خاڵێکە کە بەدەست ھاتبێت ئەگەرچی درێژەشی نەکێشاو حیزبەکان بوون بە ھۆکاری لێکترازانەوەی ئەو یەکڕیزیە، ئاخر کەمن ئەو ساتە مێژووانەی کە کورد تیایا یەک و یەکگرتووبووبێ. ھەرچیەکی ناوبنرێ  و ھەرچۆنێک لێکدانەوەی بۆ بکرێ ئەوەی لە ساڵی ١٩٩١دا ڕوویا گۆڕانکاریەک گەورەو سەردەمی دەستپێکی قۆناغێکی ھیوابەخش بوو ئەگەرچی نەوەکانی دوای ڕاپەڕین ھەندێک جار بۆچوونێکی تریشیان ھەبێ کە ئەوەش بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە لەسەردەمی دەسەڵاتی حوکمی بەعپا نەژیاون و وێرانکردنی ٥٠٠٠ گوندو ١٨٠٠٠ ئەنفال و خاپوورکردنی شاخ و دۆڵ و لادێکان  و کیمیای باران و خنکاندنی شارێکیان بەچاو نەدیووە، ڕێش و لەبەرک کردنی جلی ڕەش و کۆڕو کۆبوونەوەیان لێ قەدەغە نەکراوە. شۆڕش باشترین کاڵایە بۆ بازرگانی کردن و شۆڕشگێڕەکانیش باشترین بازرگانن لە کۆتاییا، شۆڕش لە ڕۆژھەڵاتی ناوین لە باشترین پێناسەیا حەزێکی خودە بۆ گەشتن بەدەسەڵاتێکی بێ کۆتای باوان بۆ وەچەکانی.


چیا عەباس جەماوەی گۆڕان پشتگیر و خەمخۆری هزر و پرەنسیپەکانی بزوتنەوەکەن، بەڵام دڵگران و زویرن لە سیاسەتکردن و ئەدای دەسەڵاتدارانی ئێستای.  پارادۆکس دۆخێک یا بابەتێکە کە تێگەیشتن لێی مەحاڵە یاخود زۆر ئەستەمە چونکە دو کارەکتەر یاخود دو راستی دژ بە یەکی لە خۆ گرتوە. بەپێی ئەم پێناسەکردنە دەردەکەوێت ناکۆکیەکە لە گەڵ لۆژیک، چاوەروانی یاخود قەناعەتی لایەنێک یاخود گروپێکی دیاریکراوی ناو پرۆسەکە یەک ناگرنەوە، لە گەڵ ئەوەشدا بێ یەکتری کاریگەری ئەوتۆیان نامێنێ.  هزری گۆڕان بەرفراوانە، سنورەکانی دیاریکراو نین، پابەندی ئایدیۆلۆژیەکی تایبەت نیە، زۆربەی بوارەکانی ژیان دەگرێتەوە و تێهەڵکێشی دۆخێکی سیاسی ناجێگیر و ئاڵۆزیش بوە، لۆژیکە وردەکاری و پێکهاتەکانی ئەم پرۆسەیە بە گەلێک هۆکارەوە، کە ناکۆکن بە یەکتر، بەرامبەر یەک بوەستنەوە، پێکدادان و ئاراستەی جیاواز و تەنانەت دژ بە یەکتر تێیدا سەر هەڵبدەن. کاک نەوشیروان لە سەرەتای دروستبونی گۆڕان بۆ یەکلاییکردنەوەی چەند پرسێکی سیاسی و  حوکمرانی لە گەڵ رکابەر و نەیارەکان لە ململانێ و کێبرکێەکی قورسدا بو، لەم روانگایەوە ناسنامەی ئایدۆلۆژیایەکی تایبەتی بۆ گۆران دیاری نەکرد، بەڵکو بە کراوەیی هێشتیەوە تا زۆرترین جەماوەر لە دەوری کۆببێتەوە. ئەم واقیعە زەمینەیەکی لە باری بۆ کۆکردنەوەی چەندین ئاراستەی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی جیاجیا لە ژێر خەیمەی گۆڕاندا رەخساند.  کاریزما و کەسایەتی کاک نەوشیروان توانی جیاوازی و ناکۆکیە خەست و گرنگەکان، وەک نێوان ئاراستە ئیسلامی و عەلمانی و لیبراڵ و نەتەوەیی و گروپە هەڵچوەکان، بە یەکترەوە گرێبدات، هاوسەنگی نێوانیان رابگرێت و بۆ خزمەتی گۆڕان بیانخاتە گەر.  بەرچاوترین پارادۆکسەکانی ناو گۆڕان ئەو جیاوازیە بنەرەتیانە بون نێوان نەوەی دێرین و نەوەی نوێ، نێوان ئیسلامی و عەلمانی و لیبراڵەکان و نێوان پۆپولیستە فرە رەنگ و سەرچاوەکان لە گەڵ ئاراستەی ئەقڵانیەتدا. لە حزوری کاک نەوشیروان هەر یەک لەو گروپ و ئاراستانە ئەرک و کاری خۆی جێبەجێ دەکرد و بە یەکەوە بۆ ئامانجە هاوبەشەکان هەوڵیان دەدا. کۆکردنەوەی ناکۆکی و دژ بە یەکەکان لە یەک قەوارەدا و ئاراستە کردنیان بۆ ئامانجێکی دیاریکراوی هاوبەش هونەرێکی سیاسی زۆر قورسە کە لە توانا و قودرەتی سەرکردەی خاوەن کاریزما و تێرامانی ستراتیژی و پێگەی تایبەتە.  کاتێک کاک نەوشیروان بە هۆی نەخۆشیەوە لە کوردستان دور بو و دوای کۆچی دوایشی، بەشێک لەو تاقم و گروپانەی ناو گۆڕان بە هۆی غیابی رادع و نەبونی ئیدارەدان و ئاراستە کردنی دروست بونەتە مۆتەکەی ناو بزوتنەوەکە وکرۆکی پرسی گۆرانبونیان شێواندوە. ئەو پرسەی بریتی بو لە کۆکردنەوەی ناکۆکی و جیاوازیەکان لە کەش و هەوای راستگۆیی، دۆستایەتی، وەفاداری و کاری هاوبەش و یەکتر قبوڵکردن.   کاتێک کاک نەوشیروان لە ٢٠١٣ بریاری بەرەو دەسەڵاتی دا لەو باوەرەدا بو دەبێت چاوەروانیەکان لێی لە گەڵ واقیعدا بگونجێن، لە گەڵ ئەوەشدا لە قەناعەتەوە ئەو بریارەی دا. ئەمە یەکێک لە بریارە هەرە قورسەکانی بو لە ناو گۆڕاندا. ئەم پارادۆکسە سیاسیە وێستگەیەکی گرنگی وەرچەرخاندن بو کە تا ئەم چرکەیەش باس و هەڵسەنگاندنی زۆری بۆ دەکرێت. سەرەرای نارەزایی گۆرانخوازان لەو هەنگاوە، بەڵام کاک نەوشیروان مەبەستی بو ئەم کارە گۆڕان لە چوارچێوەی حوکمرانی و ئۆپزسیۆنبوندا بە نەرمی و هێمنی بهێڵێتەوە و بپارێزێت، لە ژیانی پەرڵەمانیدا بە دوالیزم ناسراوە، هاوکاتیش بە هیوا بو گۆرانخوازان، تایبەت گەنجەکان، بتوانن لە سایەی ئەو هاوکێشە تەنراوە بە چەمکە دژەکان بە یەکتر، زەمینەی وەرچەرخاندن بەرەو واقیعبینی و ئەقڵانیەتی سەردەم و پراگماتیکی سیاسی ساز بکەن بۆ گەشەپێدان و دارشتنەوەی کارنامە و ئایندەی بزوتنەوەکە.  کاک نەوشیروان زۆر مەبەستی بو گۆڕان لە لایەن نیەت و ئەقڵیەتە کلاسیکیە بەسەرچوەکان قۆرغ نەکرێت و بزوتنەوەکە بچێتە سەر رێرەوێکی سەردەمانە. لە چوارچێوەی ئەم بۆچونەدا سەرجەم ناکۆکی و دژ بە یەکەکانی ناو گۆڕانی لە ماوەی حوکمرانیشدا ئاراستە دەکرد.  مەخابن روداوەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥، نەخۆشکەوتنی خۆی، خۆپەرستی بەشێک لە گەنجەکان و بێباکی و پێداگری نەوەی دێرین لە دەسەڵات و پێگەکانیان ئەو دەرفەتەیان نەرەخساند بۆ بەدیهێنانی بەشێک لە مەبەستەکانی ئەو هاوکێشە پارادۆکسە. کاتێک بە وردی چاوپێکەوتن و نوسینەکانی کاک نەوشیروان دەخوێنینەوە، وەک لە وتارەکانی: لە هاوخەباتیەوە بۆ تەخوین، پەرڵەمانتاران لە خەمی کێدان، خوێندنەوەیەکی کورد بۆ رێکەوتنی ئەمریکا – عێراق، بانگەوازە بەناوبانگەکەی بۆ عوسیانی مەدەنی بەرامبەر فەرمانرەوایی برێمەر و ... تاد، دەبینین لە هەمویاندا ناکۆکی و دژ بە یەکەکان دەکاتە کەرەستەی بنەرەتی بۆ گەشەپێدانی ئاستی هۆشیاری و مەعریفەی کۆمەڵایەتی و کەسایەتی. چەند مانگێک دوای نەخۆشبونی مام جلال کونسڵی ئەمریکا سەردانی مەکۆی سەرەکی گۆڕانی کرد، سودفە لە کوردستان بوم، کاک نەوشیروان داوای لێکردم ئامادەی دانیشتنەکە بم. دانیشتنەکە نزیکەی ٤٥ دەقیقەی خایاند، خەمی سەرەکی کونسڵ ئەوەبو بزانێت نیەت ونیازی کاک نەوشیروان بەرامبەر بە یەکێتی چیە، هەرچەندی هێنا و بردی هیچ وەڵامێکی وەرنەگرت. کاک نەوشیروان بە یەک رستە کۆتایی بە باسەکە هێنا کاتێک وتی: کورد یەک مام جلالی هەیە و هەرواش دەمێنێتەوە. کونسڵ تێگەیشت و خواحافیزی کرد. مەبەست لە گێرانەوەی ئەم روداوە ئەوەیە کە کاک نەوشیروان پێرەوی ململانێ و ناکۆکیەکانی بەو پەری رەوشتی بەرزەوە دەکرد، دڵنیاشم بە هەمان نەفەس مامەڵەی لە گەڵ کاک مسعود و سەرکردەکانی تری کورد کردوە.  یەکێک لە پارادۆکسە سیاسیە ئاڵۆزەکان رێکەوتن بو لە گەڵ یەکێتیدا، کاک نەوشیروان لە مەراسیمی تایبەت بە رێکەوتنەکە لە کۆتایی وتارەکەی گوتی: عیبرەت لە جێبەجێکردندایە، راشکاوانە دەری بری متمانە و بێ متمانەیی دو روی ئەم روداوە سیاسیەن. هەرچەندە زۆر باش دەیزانی ئەوەی یەکێتی بە گۆڕانی کردوە سنورەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەریتەکانی کوردەواریان بەزاندوە، لە گەڵ ئەوەشدا هەوڵێکی زۆری بۆ جێبەجێکردنی رێکەوتنەکە دا بەمەبەستی خەڵقاندنی واقیعێکی نوێ.  کاک نەوشیروان زۆر بە ئاگاییەوە دەیزانی کۆکردنەوەی دژەکان لە یەک هاوکێشە و پرۆسەدا زۆر پرس دەوروژێنێت، بە بۆچونی خۆی ئەم وروژاندنە هاندەرێکی گرنگە بۆ هەست و دەرککردن و بە ئاگابون و هۆشیاربونەوە، کە کەرەستە بنەرەتیەکانی زەمینەی گۆڕانکارین. گەر قەدەر دەرفەتی پێبدایە بە نیاز بو دروێنەی کێڵانی دۆخی سیاسی کوردستان بکات، مەخابن بەشێکی زۆری هاوکارەکانی لە قوڵایی ئەو بیرە ستراتیژیە تێنەگەیشتبون، بەشێکی گەنجەکانیش ئاراستەی بێ هودەیی و لادان و خۆپەرستیان گرتە بەر. کاتێک کاک نەوشیروان گروپی راوێژی دروستکرد، هەڵسەنگاندی تایبەتی خۆی بۆ بەشێکی ئەو گروپە هەبو و باشیش دەیزانی زۆربەیان لە گەڵ یەکتردا هەڵناکەن، سەرەرای ئەوەش گڵۆپی سەوزی بریاردانی بۆیان هەڵکرد. لەو باوەرەدا بو گەر ئەو کارە نەکات بۆشایی و بێسەر و بەریەکی گەورە لە دوری خۆیدا سەرهەڵدەدەن. مەخابن دوای کۆچی دوایی دەرکەوت ئەو هاوکێشە پارادۆکسە بە سودی گۆڕان نەشکایەوە.  ئێستا، دەسەڵاتدارانی گۆڕان، خۆشیان بوێت یاخود ترش، ناتوانن ئەو ئیرسە رەسەنەی کاک نەوشیروان دایرشتوە پشتگوێ بخەن و حسابی بۆ نەکەن، لە گەڵ ئەوەشدا لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ کاڵکردنەوە و کۆتایی پێهێنانی. یەکپارچەیی گۆڕان، گۆڕانبون، یەکتر قبوڵکردن، کۆکردنەوە و بەرێوەبردنی دروستی جیاوازی و ناکۆکیەکان، ئیدارەدانی سیاسی و چەند بابەتێکی گرنگی تر لە هەڵوەریندان. قەڵەم بە دەستەکانی دەسەڵاتدارانی گۆڕان زۆر بێ ئەمەکانە و بێ شەرم پەلاماری دەنگی نارەزا دەدەن، سوکایەتیان پێدەکەن و هەوڵی ناوزراندنیان دەدەن.  روداوەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی پێدەچێت ئەم دەسەڵاتدارانە گۆڕانێکی بێ نقە و فزە و ناکۆکی و ململانێیان بوێت، سلێمانی وتەنی: جادەکەیان بۆ تەخت بێت. هەواداران و پاشکۆکانی ئەم دەسەڵاتدارانە تا سەد ساڵی تریش دروشم و ستراتیژ و بەرنامەکانی گۆڕان بچرنەوە، بە دەستەواژەی " رەوانشاد" قەڵغانێکی وەهمی لە دەوریان هەڵدەن و بە شان و باڵای ئەدای سیاسی سەرکردەکانیاندا بخوێنن بزوتنەوەکە بەرەو کەناری ئارام نابەن، چونکە پرسە مەزنەکانی گۆڕان پێویستیان بە ئەقڵیەتی سیاسی مەزن هەیە، ئەقڵیەتی ئێستای گۆڕان تەنانەت رەخنەش رەتدەکەنەوە، پێویستیان بە زەمینەی بە پیتی تایبەت  هەیە، ئەو زەمینانەی ئێستا لە ناو گۆڕاندا لە وشکبوندان و چاندنی تۆوێک تێیاندا لە مەحاڵ نزیکبۆتەوە.   


ئاراس فه‌تاح پرس و خه‌م و خه‌باتی مرۆڤ بۆ دۆزینه‌وه‌ی مۆدێل و رێكخستنێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی نموونه‌یی له‌ تێكسته‌كان كۆنتره‌. خه‌مه‌كانی ئینسان گه‌ردوونیی و هاوتان؛ ئینسان ده‌یه‌وێت ئازادییه‌كانی فه‌راهه‌مبێت، ژیان و ژینگه‌ و كه‌رامه‌تی پاڕێزراوبێت و دادپه‌روه‌ریی و ئاشتیی و ئاساییشی كۆمه‌ڵایه‌تیشی زامنكراو. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ته‌نها خه‌ونی به‌ جیهانێكی باشتر نه‌بینیوه‌، به‌ڵكو فیكری فه‌لسه‌فه‌یی و سیاسییشی به‌رهه‌مهێناوه‌، بۆئه‌وه‌ی بیكات به‌ جیهانبینییه‌ك تاوه‌كو له‌پێناویدا خه‌باتبكات و بۆ به‌دیهێنانیشی تێبكۆشێت. مرۆڤ له‌ قۆناغی جیاو له‌ چوارچێوه‌ی مۆدێلی جیای خه‌باتی مه‌ده‌نیی و سیاسییشدا هه‌وڵی دامه‌زراندنی ئه‌و جیهانه‌ یوتۆپییه‌ی داوه‌ كه‌ بۆ داهاتووی كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆی و سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تیی وێنایده‌كات؛ جیهانێك كه‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تیی و نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیی و جێنده‌ریی تێدا نه‌بێت و یه‌كسانیی و دادپه‌روه‌ریی و خۆشگوزه‌رانیی و به‌خته‌وه‌ریی كۆڵه‌كه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پێكبهێنن. جگه‌ له‌ تێكسته‌ ئایینییه‌كان كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌هه‌شتێكی جیا و تایبه‌تی بۆ ئیماندارانی خۆی به‌رهه‌مهێناوه‌، چه‌ندین تێكستی فه‌لسه‌فیی و ئه‌ده‌بیشمان هه‌یه‌ كه‌ سه‌ره‌تای موغامه‌ره‌ و فه‌نتازیای عه‌قڵی ئینسانن‌ بۆ دامه‌زراندنی یوتۆپیایه‌ك له‌سه‌ر زه‌ویی. له‌ كۆماره‌كه‌ی ئه‌فڵاتونه‌وه‌ سه‌ره‌تای ئه‌م وێناكردنه‌ یوتۆپییه‌ی مرۆڤ بۆ مۆدێلێكی تری كۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌ڵاتدارێتیی ده‌ستپێده‌كات، به‌ تێكسته‌كه‌ی تۆماس مۆر ده‌رباره‌ی دورگه‌ یوتۆپییه‌كه‌ی تێده‌په‌ڕێت و له‌ كۆمۆنیزمی ماركسییزمیشدا كۆتایی نایه‌ت كه‌ له‌ مانیڤێسته‌كه‌یدا مژده‌ی كۆتایی چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تیی و دامه‌زراندنی به‌هه‌شتی ئازادیی له‌سه‌ر زه‌وی له‌ڕێگای شۆڕشی پرۆلیتارییه‌وه‌، به‌یانده‌كات. به‌ ڕوخانی سیسته‌می كۆمۆنیزم و سه‌ركه‌وتنی لیبرالیزمی سه‌رمایه‌دارییش مێژوو كۆتایی نه‌هات، وه‌ك فۆكۆیاما بانگه‌شه‌یده‌كرد، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بوو به‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی پۆپۆلیزمی نوێ و ته‌وژمێكی مه‌ترسییداری راسیزمی كولتووریی له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و زۆر وڵاتی تر. له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه‌ ترس له‌ سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی و كۆلۆنیالیزم و جه‌نگ و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها له‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتیی تۆتالیتاریزمی كۆمۆنیزم و نازیزم ده‌بن به‌ هه‌وێنی چه‌ندین شاكاری ئه‌ده‌بیی و فیكریی و هونه‌ریی كه‌ له‌بری خه‌ونبینین به‌ یوتۆپیا باس له‌ مه‌ترسییه‌ واقیعییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی سیسته‌می دیستۆپیا ده‌كه‌ن كه‌ جیهانێكی ته‌وا جیاواز و ناكۆكه‌ به‌ یوتۆپیا. زۆرینه‌ی ئه‌م تێكستانه‌ پێشبینی كۆتایی به‌شه‌رییه‌ت و ماڵئاوایی له‌ ئازادییه‌كان و فه‌ردانییه‌ت و پلورالیزمی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئایینیی و جێنده‌ریی ده‌كه‌ن. باس له‌ مه‌ترسییه‌كانی تێكه‌ڵبوونی ئایدیۆلۆژیا و ده‌سه‌ڵات، بیرۆكراسییه‌ت و كۆمه‌ڵكوژیی ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ری جه‌نگی ئه‌تۆمیی و كۆتاییهاتنی شارستانی مرۆڤایه‌تیی و كوژانه‌وه‌ی سروشتمان وه‌ك گشتێك نیشانده‌ده‌ن، مه‌ترسییه‌كانی شۆڕشی ته‌كنه‌لۆژیا و سه‌رهه‌ڵدانی دیكتاتۆرییه‌تی دیجیتاڵیمان بۆبه‌یانده‌كه‌ن و باس له‌ سیسته‌می براگه‌وره‌ده‌كه‌ن كه‌ نه‌ك ته‌نها چاودێریی ڕه‌های ژیانمان ده‌كات، به‌ڵكو كتێب و خوێندنه‌وه‌ی تێدا قه‌ده‌غه‌ده‌كرێت و شاكاره‌ گه‌وره‌كان ده‌سوتێنرێن و جگه‌ له‌ مارشی سه‌ربازیی گوێمان له‌ موزیكی تر نابێت. نووسینه‌كه‌ی پۆڵ لافارگ له‌ ساڵی ١٨٨٠ ده‌رباره‌ی مافی ته‌مه‌ڵێتی، ڕه‌خنه‌یه‌كی توند بوو له‌ چه‌مكی كار نه‌ك ته‌نها له‌ سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی، به‌ڵكو له‌ بزوتنه‌وه‌ی كرێكارانیش كه‌ چۆن یه‌كێكیان كاركردنی كردووه‌ به‌ كرده‌یه‌كی پیرۆز و ئه‌وی تریشیان لێی بووه‌ به‌ ئاینێكی نوێ. كافكای نووسه‌ریش له‌ ڕۆمانی دادگاییكردندا وه‌ك ئه‌دۆرنۆ ده‌ڵێت وێنای جیهانێكمان بۆ ده‌كێشێت كه‌ نموونه‌ به‌رجه‌سته‌كه‌ی له‌ تیرۆری نازییه‌كاندا به‌رجه‌سته‌ده‌بێت. ئه‌ڵدۆس هاكسڵیش له‌ ساڵی ١٩٣٢دا له‌ رۆمانه‌ دیستۆپییه‌كه‌یدا ده‌رباره‌ی جیهانێكی نوێ، ده‌وڵه‌تێكمان بۆ نماییشده‌كات كه‌ كۆتایی به‌ پرۆسه‌ی له‌دایكبوونی سروشتیی ده‌هێنێت و له‌ تاقیگه‌ی تایبه‌تدا هه‌ڵده‌ستێت به‌ دروستكردنی پێنج مۆدێل له‌ مرۆڤ بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی كۆنترۆڵكراو و ئاراسته‌كراو. جۆرج ئۆروێلیش له‌ ڕۆمانی ١٩٨٤دا جوگرافیای سیاسیی جیهانێكی ئایدیۆلۆژیی تۆتالیتێری مه‌ترسییداری براگه‌وره‌مان ده‌خاته‌به‌رده‌ست كه‌ هه‌م له‌ سیسته‌می نازیزم و هه‌م له‌ سیسته‌می ستالینیزمدا به‌رجه‌سته‌ده‌بێت. جیهانی سه‌ده‌ی بیستویه‌كه‌میش ده‌بێت به‌ سه‌ده‌ی خه‌می نوێی ئینسان له‌ وێرانبوونی ژینگه‌ و مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانی پۆپۆلیزم و دیكتاتۆرییه‌ت و تۆتالیتاریزم به‌ فۆرم و ته‌كنیكی نوێی ناو جیهانی دیجیتاڵ. ده‌یان ڕۆمان و تێكستی فیكریی و ئه‌ده‌بیی و به‌رهه‌می هونه‌رییمان هه‌یه‌ كه‌ ته‌عبیر له‌ به‌هه‌شتی یۆتۆپیا و دۆزه‌خی دیستۆپیا ده‌كه‌ن. دوو جیهانی وێناكراو و خه‌یاڵیی كه‌ یه‌كێكیان له‌سه‌ر زه‌وی بوونی نییه‌ و مرۆڤ به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێت، ئه‌ویتریشیان مه‌ترسیی دروسبوونی هه‌یه و مرۆڤ لێی هه‌ڵدێت‌. بۆ جیهانی یه‌كه‌میان مرۆڤ خه‌باتی ئاشكرا ده‌كات تاوه‌كو بونیاتی بنێت، له‌ دووهه‌میشیاندا خه‌باتی نهێنیی ده‌كات بۆئه‌وی بیڕوخێنێت و لێی ده‌ربازبێت. یوتۆپیا و دیستۆپیا هه‌ردووكیان دوو چه‌مكن كه‌ گوزارشت له‌ ناشوێن ده‌كه‌ن. یوتۆپیا به‌مانا پۆزه‌تیڤه‌كه‌ی باس له‌ شوێنێكی وێناكراوی به‌هه‌شتئاسا ده‌كات كه‌ ده‌شێت له‌ فۆرمی دورگه‌یه‌كی خه‌یاڵییدا بوونی هه‌بێت، یان له‌ ناشوێنێكدایه‌ كه‌ له‌ ئه‌وپه‌ڕی دونیایه‌ و كه‌س تاوه‌كو ئێستا نه‌یبینیوه‌. دیستۆپیاش به‌ مانا نێگه‌تیڤه‌كه‌ی مه‌ترسییه‌كانی جوگرافیایه‌كی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی وێناكراومان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ چۆن ئه‌و شوێنه‌ ده‌بێت به‌ دۆزه‌خێكی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و ڕۆشنبیرییمان. یوتۆپیا وه‌ك ناشوێنێك له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تییدا ئه‌زمووننه‌كراوه‌ و تاوه‌كو ئه‌م چركه‌ساته‌ش دورگه‌یه‌ك نادۆزینه‌وه‌ كه‌ ئه‌و جیهانه‌ فه‌نتازییه‌ جوانه‌ی تێدا دروستكرابێت. به‌رامبه‌ر به‌وه‌ش دیستۆپیامان هه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و جیهانه‌ ئایدیۆلۆژییه‌ عه‌لمانیی و دینییانه‌ پێكدێت كه‌ بانگه‌شه‌ی دروستكردنی جیهانێكی پێرفێكت و ئاشتی هه‌میشه‌یی و به‌هه‌شت له‌سه‌ر زه‌وی ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌ دامه‌زراندنی دۆزه‌خێكی گه‌وره‌ و جه‌نگ و سیسته‌مێكی تاریك بۆ ئینسانه‌كان و مرۆڤایه‌تیی كۆتایی پێدێت. یوتۆپیا شوێنێكی واقیعی نییه‌، بۆیه‌ ته‌نها له‌ خه‌یاڵی نووسه‌ردا ده‌بێت به‌ شوێنێكی كۆنكرێت و ناوێكی پێده‌به‌خشرێت. شوێنێك كه‌ جێگای هه‌موو خه‌ونه‌كانی تێدا ده‌بێته‌وه‌، جوگرافیایه‌كی فه‌نتازییانه‌ی وێناكراوه‌ كه‌ نه‌چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی، نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی یان جێنده‌ریی تێدایه‌، نه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندیی و هه‌ژاریی بوونی هه‌یه‌ و نه‌ چینێكی سیاسیی نوێنه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵگا ده‌كات و نه‌ شتێك هه‌یه‌ ناوی گه‌نده‌ڵیی بێت و نه‌ بێدادیی و نه‌خۆشیی و ته‌نانه‌ت مردنیش. به‌كورتی جیهانێكی كامڵ و پێرفێكتمان هه‌یه‌ كه‌ سه‌رتاپای خه‌ون و فه‌نتازیاكانی مرۆڤ بۆ به‌خته‌وه‌ریی و خۆشگوزه‌رانیی و ئازادیی تێرده‌كات. ئه‌زموونی مرۆڤایه‌تیی پێمانده‌ڵێت ده‌شێت ئه‌م جیهانه‌ یۆتۆپییه‌ به‌ دیستۆپیی كۆتایی پێدێت. یه‌كه‌م ئه‌زموونی وه‌حشه‌تگه‌ریی له‌ شۆڕشی فه‌ره‌نسییه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ هه‌موو ئینسانییه‌ت قه‌رزارباری گوتار و دروشمه‌كانێتی، به‌ڵام له‌ قۆناغێكدا ئه‌و شۆڕشه‌ش منداڵه‌كانی خۆی ده‌خوات. شۆڕشی سۆسیالیزم له‌ ڕوسیا و پاشان وڵاتانی تر نموونه‌ی گۆڕینی به‌هه‌شت بوو به‌ جه‌هه‌نه‌می سه‌ر زه‌وی. نموونه‌ی شۆڕشی ئێرانیش به‌ مۆدێله‌ دینییه‌كه‌ی بوو به‌ دۆزه‌خی ڕاسته‌قینه‌ی ئینسان و گه‌لانی ئه‌و وڵاته‌. له‌ كۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌میشدا دژ به‌هه‌مان ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ سۆسیالیستییانه‌ی كه‌ ده‌بایه‌ ببن به‌ مه‌نزڵگای كۆمه‌ڵگایه‌كی بێچین و خاڵیی له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی، شۆڕشی مه‌ده‌نیی كرا و سیسته‌مگه‌لێك دروستبوو كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ندێ ڕووه‌وه‌ له‌ سیسته‌مه‌كه‌ی پێشووتر كه‌متر سته‌مگه‌ر نین، وه‌ك له‌ نموونه‌ی ڕوسیای پوتین و هه‌نگاریای ڤیكتۆر ئۆربان و یارۆسلاڤ كازنسكی پۆله‌ندا ده‌یبینین. له‌ سه‌ده‌ی بیستویه‌كه‌میشدا له‌ زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كاندا نموونه‌یه‌كی تری شۆڕش و شه‌ڕی ناوخۆیی و هێزی ترسناكی سه‌له‌فیی ئایینیمان بینیی كه‌ چۆن نه‌ك هه‌ر سه‌ری منداڵه‌كانی خۆیان ده‌په‌ڕاند، به‌ڵكو ماڵ و مێژووشی وێران و خاپووركردن. له‌دوای ڕاپه‌ڕیینی ١٩٩١ و ڕاماڵینی ده‌سه‌ڵاتدارێتی به‌عس و هاتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕه‌كانی شاخ بۆ شار و دامه‌زراندنی یه‌كه‌م ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتدارێتی كوردییشه‌وه‌، چه‌ندین لێكوڵینه‌وه‌ سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و شاكاری ئه‌ده‌بی شیعریی و ڕۆمان و به‌رهه‌می‌ شانۆیی و هونه‌ریی ده‌رباره‌ی ئه‌م ئه‌زموونه‌ خۆماڵییه‌ نووسراون و بڵاوكراونه‌ته‌وه و نماییشكراون‌ كه‌ هه‌ر هه‌موویان ئه‌و مه‌ترسییه‌ ئاشكرا و په‌نهانانه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌ نیشانده‌ده‌ن كه‌ چۆن شۆڕشی كوردیی له‌ یۆتۆپیاوه‌ بووه‌ به‌ دیستۆپیا. چۆن شۆڕشگێڕه‌كانی دوێنێ بوون به‌ بازرگانی سیاسیی ئه‌مڕۆ و چۆن له‌ به‌رهه‌مهێنه‌ری خه‌ونه‌وه‌ بوون به‌ نه‌وتفرۆش و وێرانكه‌ری ژینگه‌ و په‌روه‌رده‌ و ئاساییشی ته‌ندروستیی و نیشتیمانییمان و ئه‌و سیسته‌مه‌ سیاسییه‌شی كه‌ دروستیانكرد‌ به‌ چ میكانیزمێك هه‌نگاوی خێرا به‌ره‌و دیكتاتۆرییه‌تی خێزانیی و دامه‌زراندنی سیسته‌مێكی سوڵتانیی ده‌نێت. له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه‌ شۆشگێڕه‌كانی شاخ چه‌مكی شۆڕشگێڕبوونیان له‌سه‌ر خۆیان تاپۆكردووه‌. له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی خێزانه‌ سیاسییه‌كه‌ی خۆیاندا كه‌سی تر بۆی نییه‌ شوناسی شۆڕشگێڕبوون هه‌ڵگرێت. شۆڕشگێڕه‌كانی دوێنێ قه‌سامی شه‌رعییان نه‌ك ته‌نها بۆ موڵك و ماڵی گشتیی ده‌ركردووه‌، به‌ڵكو بۆ سه‌ركردایه‌تییكردنی ئه‌به‌دیی ئه‌م نیشتیمانه‌ش هه‌موو خاك و سامانی نیشتیمانییان له‌سه‌ر خۆیان تاپۆكردووه‌. هه‌ر حیزبه‌ مێژووی ڕاپه‌ڕیین بۆخۆی دادڕێژێته‌وه‌‌ و ده‌یكات به‌ حیكایه‌تی حیزبیی و شه‌خسیی خۆی له‌كاتێكدا ئه‌ندازیار و بكه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كان یان كۆچی دواییان كردووه‌ یان دڵشكاون. ده‌سه‌ڵاتدارێتیی‌ خێزانه‌ شۆڕشگێڕه‌كانی دوای ڕاپه‌ڕین‌‌ ته‌نها ترس دروستناكات بۆئه‌وه‌ی بێده‌نگیی به‌رهه‌مبهێنێت، به‌ڵكو له‌ڕێگای كردنی سیاسه‌ت به‌ زه‌بروزه‌نگی ڕووت، كار له‌سه‌ر تێكشكاندنی كه‌رامه‌تی ئینسانیی هاونیشتیمانیانی هه‌رێم ده‌كات. ئه‌م مۆدێله‌ ته‌نها شكست به‌ هه‌موو فۆرمێكی خه‌باتی مه‌ده‌نیی ناهێنێت و قه‌شمه‌ریی به‌ هه‌موو خه‌باتێكی مه‌ده‌نیی ناكات، به‌ڵكو له‌ پاڵیدا دیدگایه‌كی شكستگه‌راییش به‌رهه‌مده‌هێنێت كه‌ مرۆڤی بێهیوا به‌رهه‌مده‌هێنێت. ئه‌م ستراتیژه‌ سیاسییه‌ش چه‌شنێك له‌ مرۆڤ دروستده‌كات كه‌ یان تا سه‌ر ئێسقان ڕه‌شبینده‌بێت به‌رامبه‌ر به‌ هه‌موو گۆڕانكارییه‌ك، یان ده‌بێت به‌ مڕۆڤێكی توڕه‌ كه‌ ته‌نها ڕق كۆده‌كاته‌وه و جگه‌ له‌ توندتوتیژیی ڕێگایه‌كی تر نابینێت بۆ ده‌ستكارییكردنی ده‌سه‌ڵات‌، چونكه‌ ئه‌ویش وه‌ك ده‌سه‌ڵات گاڵته‌ی به‌ هه‌موو فۆرمێكی خه‌باتی مه‌ده‌نیی و گۆڕانكاریی ئاشتییانه‌ دێت.


دانا حەمەعەزیز بارزانی دژی ڕاپەڕین بوو. نەوشیروان مسته‌فا چۆن بارزانی هێنایه‌وه بۆ کوردوستان ؟ مەلا بەختیار بەیاننامەی دژی ڕاپەڕین دەرکرد.  ڕەسوڵ مامەند: خۆمان توشی ئەم مەعمەعەیە ناکەین. - له‌گه‌ڵ که‌مده‌رامه‌تیشدا، یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان دوو ده‌زگای ڕادیۆی هه‌بوو. یه‌کێکیان توانای ناردنی 10 کیلۆ وات و ئه‌وه‌ی تریان2 کیلۆ واتی هه‌بوو. ڕادیۆ 10کیلۆ واتیيه‌که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشی ئه‌گرته‌وه‌، به‌ده‌ست ته‌شویشی به‌عسه‌وه‌ واوه‌یلای بوو.  له‌گه‌ڵ سره‌واندنی گورزی ئاسمانیی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق له‌ بەرەبەیانی 17/01/1991دا، پارازێته‌کانی ڕژێمی به‌عس له‌کارکه‌وتن، به‌وه‌ش ته‌شویش له‌سه‌ر ئیزگه‌ نه‌ما، نه‌وشیروان مسته‌فا (مام جەلال لە شام بوە) تواناکانی ڕاگه‌یاندنی له‌ ئیزگه‌دا کۆکرده‌وه‌، له‌و ماوه‌یه‌د‌ا ده‌رکردنی هه‌ردوو ڕۆژنامه‌ی (ڕێبازی نوێ و الشراره‌)ی به‌شێوه‌یه‌کی کاتیی ڕاگرت، خۆشی ڕۆژانه‌ له‌ باره‌گا قوڕه‌که‌یه‌وه‌ له‌ (زه‌ڵێ)، وتاری (ئاخاوتنی ڕۆژ)ی ئه‌نووسی و له‌ڕێگه‌ی بێسیمه‌وه‌ ئه‌ینارد بۆ سه‌قزو له‌ ئیزگه‌ بە کوردی و عەرەبی ئه‌خوێنرایه‌وه‌، ئاخاوتنی ڕۆژ، ئاخاوتن بوو له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی عێراق و کوردستان بۆ خۆ ئاماده‌کردن بۆ ڕاپه‌ڕین.  له‌گه‌ڵ ده‌ست پێکردنی هێرشی زه‌مینی هاوپه‌یمانان بۆسه‌ر سوپای بەعس له‌ کوه‌یت و عێراق، نه‌وشیروان مسته‌فا ئیزگه‌ی کرد به‌ دوو ستاف، ستافێكی له‌گه‌ڵ ڕادیۆ 2000 واتيیه‌که‌ برده‌ لای خۆی بۆ‌ زه‌ڵێ (ده‌زگا دە کیلۆ واتیيه‌که‌ به‌ موه‌لیده‌ ی ئاسایی کاری پێنه‌ئه‌کراو له‌سه‌ر پشتی وڵاخ نا ئه‌گوازرایه‌وه‌).  - ئاماده‌کاریيه‌کان ته‌واو بووبوون بۆ ڕاپه‌ڕین و بۆ په‌له‌ماردانی ڕژێم. ئه‌وکاته‌ هیچ حیزبێکی ناو به‌ره‌ی کوردستانی ئاماده‌ نه‌بوون به‌شداری ڕاپه‌ڕین بکه‌ن و، ڕاپه‌ڕینیان به‌ خۆکوژیی له‌قه‌ڵه‌م ئه‌دا. ئه‌م حیزبانه‌ له‌ڕاستیدا هیچ که‌رسته‌یه‌کی سه‌ربازیی و سیاسی و ڕاگه‌یاندنیان نه‌بوو، پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دوای ئاشبەتاڵ 500 ملیۆن دۆلاری شۆڕشی ئه‌یلولی بۆخۆی بردبوو (کتێبەکەی دکتۆر مەحمود)، به‌ڵام هیچ دامه‌زراوه‌یه‌کی شۆڕگێڕیی نه‌بوو، ته‌نانه‌ت ڕادیۆیه‌کی وای نه‌بوو که‌ خه‌ڵك گوێبیستی بێت، زۆر که‌س ئیزگه‌که‌ی یه‌کێتی (ئیزگه‌ی ده‌نگی گه‌لی کوردستان)یان به‌ ئیزگه‌ی به‌ره‌ی کوردستانی ئه‌زانی.  - مامجه‌لال له‌ سوریا بوو، هه‌وڵیدا به‌ هێزێکه‌وه‌ به‌ قاچاغ بچێته‌ تورکیاو له‌وێوه داخڵی کوردستانی عێراق ببێت، به‌ڵام پلانه‌که‌ جێبه‌جێ نه‌بوو. مامجه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ بێسیمی ڕاکاڵ ڕۆژانه‌ گفتوگۆیان ئه‌کرد. وتوێژه‌کانی نه‌وشیروان مسته‌فاو سه‌رکردایه‌تی یه‌كێتی بۆ قه‌ناعه‌ت پێکردنی لایه‌نه‌کانی به‌ره‌ی کوردستانی بۆ به‌شداری کردن له‌ ڕاپه‌ڕین، بێ ئه‌نجام بوو، هیچ کام له‌لایه‌نه‌کانی به‌ره‌ ئاماده‌ نه‌بوون به‌شداری ڕاپه‌ڕین بکه‌ن، به‌ڵکو دژی بوون و خه‌ڵکیان ساردئه‌کرده‌وه‌، رەسوڵ مەمەند (حزبەکەی سەی کاکە و حەمەی حاجی مەحمود) ئه‌یووت ئێمه‌ خۆمان توشی ئه‌م مه‌عمه‌عه‌یه‌ ناکه‌ین. هه‌ندێك گروپ و تاقمی بچوکیش به‌یانیان له‌دژی ڕاپه‌ڕین ده‌رکرد، مه‌لا به‌ختیار به‌ناوی ئاڵای شۆڕشه‌وه چه‌ند ڕۆژێك دوای هێرشی ئاسمانی هاوپه‌یمانان بۆسه‌ر عێراق، به‌یاننامه‌ی دژی ڕاپه‌ڕین ده‌رکرد، له‌ به‌یانه‌که‌دا مه‌لا به‌ختیار، یه‌کێتی تۆمه‌تبارکرد که‌ که‌وتۆته‌ شوێن هاش و هوشی ئیمپریالیزمی ئه‌مریکاو به‌ته‌مایه‌ گه‌له‌که‌مان دوچاری کاره‌سات و هه‌ڵدێر بکاته‌وه‌...  - هه‌وڵه‌کان بۆ ڕازیکردنی پارتی بێ ئه‌نجام بوو، بارزانی نه‌ئه‌چووه‌ ژێر باری به‌شداری کردنه‌وه‌، بروسکه‌ی نارد بۆ لقه‌کانی له‌ناو ئێران که‌ وریا بن و نه‌چنه‌ ژێر کاریگه‌ریی یه‌کێتی یه‌وه‌ ( ڕێبین هەردی دەقی بروسکەکەی لایە). - ڕۆژی 24/02/1991هێرشی زه‌مینی بۆ سه‌ر ڕژێمی عێراق ده‌ستی پێکردو ته‌نها 100 سه‌عاتی خایاند، سه‌دام داوای ڕاگرتنی شه‌ڕی کردو، ڕۆژی 28/02/1991 جۆرج بوش ئازادکردنی کوێت و ئاگربه‌ستی ڕاگه‌یاند. نه‌خشه‌که‌ی یه‌کێتی له‌ جیبه‌جیکردن نزیك بوو بووەوە، به‌ڵام هەوڵەکان بۆ قه‌ناعه‌ت پێکردنی بارزانی بێ هووده‌ بوون، یه‌کێتی گه‌ره‌کی بوو هه‌رچۆنێك بێت پارتی به‌شداری پێ بکات. مام جه‌لال له‌ بروسکه‌کانیدا بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا ته‌ئکیدی ئه‌کرده‌وه‌ که‌ هه‌رچۆنێك بێت کاك مه‌سعود له‌گه‌ڵ خۆیان به‌رنه‌وه‌. مام جه‌لال و نه‌وشیراون مسته‌فا هه‌موو ڕێوشوێنه‌کانی هاتنه‌خواره‌وه‌یان بۆ بارزانی دیاری کردبوو، نه‌وشیروان مسته‌فا چه‌ندین جار جوابی بۆ بارزانی نارد، به‌ڵام نه‌ده‌هات، بۆیه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ چاوه‌ڕوانیی بارزانیدا له‌ توڕه‌ییدا وه‌ك ئه‌ڵێن ئاگری ئه‌کرده‌وه‌و له‌ بروسکه‌یه‌کدا بۆ مام جه‌لال ئه‌ڵێ: "بارزانی ئەم جەنازەیە بەمن ناچێته‌وه‌، هێزه‌کانمان دواکه‌وتون، من ناتوانم هیچی تر چاوه‌ڕێ بکه‌م ، ناچارم جوڵه‌ به‌ هێزه‌کان بکه‌م". - سه‌عات ده‌ی بەیانی ڕۆژی 01/03/1991 سه‌رداری مه‌سجیدی فه‌رمانده‌ی قه‌رارگای ڕه‌مه‌زان هاته‌ لای نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ زه‌ڵێ، بۆ سه‌عات 12 ی نیوه‌ڕۆش شێخ مه‌ولای سه‌رکرده‌ له‌ مه‌جلیسی ئه‌علا گه‌یشت و به‌شداری کۆبوونه‌وه‌که‌ی کرد. سه‌رداری مه‌سجیدی زۆر به‌ ڕاشکاوی به‌ نه‌وشیروان مسته‌فای وت:( ئێوه‌ وه‌ك یه‌کێتی هه‌موو تواناو هێزه‌کان هی خۆتانه‌و ئاماده‌ن، ئیشتان به‌ بارزانی چیه‌، ئه‌و هیچ شتێکی به‌ده‌سته‌وه‌ نیه‌و له‌ قوڵایی خاکی ئێراندایه‌و، ئه‌وتان بۆ چیه‌...؟). مام جه‌لال زۆر مه‌به‌ستی بوو بارزانی به‌شداری پێ بکات، بۆیه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ ئاغای مه‌سجیدی وت: (‌ ئه‌بێ بارزانی بێت، ئێوه‌ بڕۆن قه‌ناعه‌تی پێبکه‌ن و بیهێنن بۆ زه‌ڵێ، چونکه‌ له‌م مه‌سه‌له‌ چاره‌نووسازه‌دا کورد ئه‌بێ به‌یه‌که‌وه‌ بن، به‌تایبه‌تی ئه‌و په‌یوه‌ندی باشه‌ له‌گه‌ڵ موسته‌شارو ره‌ئیس جاشه‌کان!). دوای قسه‌کانی نه‌وشیروان مسته‌فا، فه‌رمانده‌ی قه‌رارگای ڕه‌مه‌زان، حه‌میدی سه‌فایی نارد بۆ ورمێ به‌شوێن مه‌سعود بارزانیداو هه‌فته‌یه‌ك دوای ئه‌وه‌ بە قاسمەڕەشدا هێنایه‌ زه‌ڵێ. حه‌میدی سه‌فایی ئه‌فسه‌رێکی قه‌رارگای ڕه‌مه‌زان بوو،‌ به‌رپرسی کاروباری ده‌فته‌ری سیاسی پارتی بوو.  - دوای ئازادکردنی رانیە‌و سلێمانی، نه‌وشیروان مسته‌فا بارزانی له‌گه‌ڵ خۆیدا ‌هینایه‌ خوارەوە، بارزانی یەك مەتریش لە نەوشیروان مستەفا جیا نەئەبووەوە. گومانی تیا نیە، ماڵی بارزانی بە حوکمی جوگرافیاو پەنابردن بۆ سەرجەم دوژمنەکانی کورد، هەموو دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینیان زەوت کردوەو، زۆربەی فەرماندەو بەرپرسەکانی ڕاپەڕینیانیشیان کوشتووە، پێش کۆچی دوایی، فەرمانی گرتنیان بۆ نەوشیروان مستەفاش دەرکرد.  دوای تێپەڕبوونی 28 ساڵ، پارتی هیچ شتێك نەماوە نەیدزێ، مێژوو نەبێ. بارزانی ویستی بە ڕیفراندۆم مێژووش بدزێ، بەڵام ئەمجارەش ئاشبەتاڵی بە خەونی سەربەخۆیی کورد کردەوە.


نەبەز گۆڕان  بەرلەوەی سەرنج لەسەر ئەو فەزایە بدەم، نەوەی دووهەمی بەعس لە ئێستادا لە رێگەی چەندین دەمامك و سیمای جیاجیاوە، بەرگری لە بەعس و ئەو سیستەمە فاشییە دەكەن ، كە هەموو توانای خۆی خستە گەڕ بۆ سڕینەوەی كورد. هەندێك خاڵ باسدەكەم، خاڵەكان هەم نوكتەن، هەم بەشێكن لە مێژوو.  جاران... ماوەیەكی زۆر، بەتایبەت هاوینان، ئێواران كۆمەڵێك هاوڕێ و دۆست، لە باخچەكە لە گەڵ (كاك نەوشیروان) دادەنیشتین. لە دانیشتنەكاندا قسە لەسەر زۆر شت دەكرا، یەكێك لە ئێوارەكان باسی راپەڕین و نەخشەی راپەڕین كرا. (كاك نەوشیروان) بەوردی زۆر شتی باسكرد، بەڵام ئەوەی لێرەدا دەیگێڕمەوە تەنها چیرۆكێكی بچوكە، باسی ئەوەیكرد :" لەگەڵ دكتۆر مەحمود عوسمان، هەوڵێكی زۆریانداوە تا بارزانییان رازیكردوە بێتە ناو نەخشەكەوە. تەنانەت ناونیشانی سەرپەرشتكاری گشتیان پێداوە بۆ ئەوەی كێشە بۆ نەخشەكە دروستنەكات، چونكە زۆر بروای بە مەسەلەكە نەبووە. تەنانەت رۆژێك دوای كۆبوونەوە و كاتی بردنەوەی بۆ بارەگاكەی خۆی، لەرێگە لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا بەهاوەڵەكەی دەڵێت: ئەرێ‌ ئەم پیاوە شێت بووە، ئاگای لەخۆیەتی، ساغە، لەخۆیەوە باسی راپەڕین و نەخشەی راپەرین دەكات و هەموومانی مەشغوڵكردوە، ئێمە چۆن رزگارمانبێت لەم پیاوە خەیاڵاوییە. تومەز نەیزانیوە ئەو شۆفێرەی ئەو دەگوازێتە شۆفێرەكەی كاك نەوشیروانە و لە رێگا هەرچی وتوە، شۆفێرەكە بۆ كاك نەوشیروانی گێراوەتەوە. جا لەوەش كۆمیدی تر، كاك نەوشیروان ئەیگوت: ناومان نابوو جەنازەكەی راپەڕین، چونكە نەیدەوەیست بجوڵێت و بێتە خوارەوە. یەك پانزەرۆژی رێك ئامادەنەبووم دابەزمە خوارەوە تا ئەو جەنازەیە لەگەڵ خۆم دەهێنمەوە، بەبرادەرانم وت: ئەگەر ئەم جەنازەیە جێبهێڵم، ئێرانییەكان فشاری دەخەنە سەر ونەخشەكە تێكدەدەن و توشی شكست دەبین. ترسم لەوەبوو ماندووبوونەكەمان بەخەسار بچێت. ناشزانم بۆ نەیدەوێرا بێتە خوارەوە و بەو مەرجە رازیبوو كە خۆم لەگەڵی بم! من یەك مانگی رەبەق شوێناو شوێن لەگەڵی بووم بۆ ئەوەی ئەو جەنازەیە نەچێتەوە ئێران و ریسەكەمان لێبێتەوە بەخوری. ئەو لەشتێك دەترسا منیش لە شتێكی تر. ئەو دەیەویست من لەگەڵی بم تا بێخەمبێت و ئەمە فێڵێك نەبێت دژی ئەو، منیش دەمەویست لەگەڵی بم تا بێخەمبم و نەچێتەوە ئێران و ئێرانییەكان نەخشەكەمان لێتێكدەن." جا بەم بۆنەیەوە، ئێستا لە میدیاكاندا ئەو جەنازە بەرێزەی بە هەزار هیلاكەت هێناویانەتە خوارەوە، خاوەنی راپەڕین و نەخشەی راپەڕینە! بۆ مەسەلەی قسەكانی _سەید كاكە_ لەبارەی راپەڕین. هەڵبەت ئەم پیاوە پیاوێكی زۆر بەكەیفە، ژیانی نیوەی نوكتەیە. قسەكان لەهی ئەو دەچن و، لەهی ئەویش ناچن. هەرچۆنێبێت پیاوێكە جاربەجار شتێك دەڵێت: بەڵام ئەبێت بزانیت چ كات قسە ئەكات و بۆ ئەیكات. ئەوە من لە هەولێربووم، بەرپرسی نووسینگەی رۆژنامەی هاوڵاتی بووم، ئەوكات دور لە ئێستە كاری رۆژنامەنووسیم دەكرد و خەڵكێكی زۆرم دەناسی و سەرم دەكرد بە هەموو كونێكا بۆ هەواڵێك، راپۆرتێك، بابەتێك. دەشمزانی ئەم _خارە سەید كاكەیە_ چ كات قسە دەكات و بۆدەیكات. رۆژێك تەلەفۆنێكم بۆ هات. دوای چۆنی و چاكی، گوتی: ئەتو جەماعەتی جەریدەی هاوڵاتیت. منیش گوتم: بەڵێ‌، گوتی من سەید كاكەم دەمەوێت مقابەلە بكەم. گوتم خارە لەبارەی چییەوە؟ گوتی: ئەم وەزع و مەزعە. منیش پێشتر شتم بیستبوو لەسەری، گوتم: خارە پارەو شتت نەمایە؟ گوتی: هەتیم ئەوە چدەرێی؟! گوتم: خارە بەخوا جەماعەتەكەی خۆتان دەرێن، خارە كە پارەی نامێنێت قساندەكات و لەسەرەوە هەندێك پارەی لۆ دێت، كە پارەی پێبێت لەمارێ‌ لۆخۆی دادەنیشێت فزەی لێوە نایەت. گوتی: هەتیم بەخودای ئەوە لە قسەی بەرزانی مەلاخالید دەچێت. گوتم: نەبەخودا زۆر كەس وادەرێن بۆ دەیخەیتە سەر ئەو. ئیتر قسە لەمن و قسە لەو توڕە بوو، گوتی چاوی خۆتان و جەریدەتان دەرهات هەر مقابەرە ناكەم. رەنگە ئەم لێدوانەشی لەسەر راپەڕین كە زۆر لە قسەی ئەو دەچێت، هی ئەو كاتانەبێت خارە پارەی پێنەماوە و دەبا قسەیەك بكات. ( لەناو كەوانەیەكدا، بەرزانی مەلاخالید، پێشمەرگەی دێرینە، یەكێكە لە بێژەرە كۆنەكانی سەردەمی شۆرشی ئەیلول، ئەوە جارێكیان فەرهاد پیرباڵ كۆڕێكی بەست شیعرێكی خوێندەوە وەسفی كرد، لە شیعرەكا نووسیبووی: خۆپیشاندانبوو، بەرزانی مەلاخالید لە پێش خۆپیشاندەرانەوە بوو هاواری ئەكرد: پێشمەرگەی ناو تەڕاشان، چیریان بەقونی جاشان. جا خارە بەرزانیش شیعرەكەی پێخۆشنەبوو، ئەیگووت: ئەو هەتیمە لەخۆیەوە شیعرێكی لەسەرمن نووسییە، من بەحەیاتم شتی وەهام نەگوتییە!)  پێش ئەوەی بێمە سەر نەوەی دووهەمی بەعس، باسی نەوەی یەكەمی بەعس دەكەم كە لەناوماندان و شوێنی گرنگیان هەیە لای حیزبەكان و مێژووەكەیان تێكەڵی مێژووی حیزب بووە! رۆژێك یادێكی حیزبی دەبێت لەو گەرمیانە. بارزانی لەیادەكە دەبێت و پاشان لەگەڵ كۆمەڵێك دەچن بۆ دەعوەتێك. خاوەن دەعوەتەكە دەبینێت هەموو ئەوانەی لە گەڵ بارزانی هاتوون بۆ دەعوەتەكە كۆنە مستەشارەكانی گەرمیانن. ئەویش دەڵێت: ئەرێ‌ كاكە خۆ بەس فەتە كەرەی برامت لەگەڵ نییە، ئەویشت لەگەڵ بوایە هەر وەكجاران دەبایە عاشە قائید بڵێین. (فەتە كەرەی برای خاوەن دەعوەتەكە كۆنە مستەشاربووە.) جا ئێستا سەرەی نەوەكانیانە. نەوەكانیان بە قات و ریباتەوە، هەندێكیان قەڵەم بەدەست، هەندێكیان بەرپرس لە شوێنان. لەرێگەی ژەهرێكەوە بۆ بەرگریكردن لەبەعس بەردەوام ستایشی سیستەمی رابردوو دەكەن. دەیانەوێت فەزایەك دروستبكەن كە بەعس باشتربوو لەم پیسخۆرانە. ئیدی نە ئەنفال، نە هەڵەبجە، نە راگواستن و بە ئۆردوگاكردنی لادێكان، نە سڕینەوەی شوناس، نە كوشتن و لەناوبردن، نە ئەو مەكینەیەی پرۆژەی هەبوو كۆتایی بە چیرۆكی كورد و نەخشەی كورد بهێنێت، نە ئەو گوتارە فاشی و كۆنترۆڵكەرەی كەسایەتی كوردی تێكدەشكاند، هیچ شتێكی رابردووی بەعسیان بۆ گرنگ نییە، ناشیانەوێت ئەو مێژووە بخوێننەوە كە بەعس چی بوو. بەڵام دەیانەوێت لە ژێر سیمای جیاواز جیاوازدا، بەرگری لێبكەن. بەرگری لەو مێژووەی كە هی باوكەكانیان بووە، مێژووێك ئەگەر میللەتێكی زیندوو بوونی هەبایە، باوكەكانی ئەو نەوەی بەعسە بەشێوەیەكی زۆر یاسایی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرا و ئێستا بۆ نەوەكانیان سەربەرزی نەبوو شانازی بە بەعسەوە بكەن. بەڵام نەك بەخشران، بەڵكو نەوەكانییان پەروەردەكران و شوێنی گرنگ گرنگیان پێدەدرێت و لە شوێنەكانی خۆیانەوە بەرگری لە مێژووی باوكیان دەكەن. هیچ كەسێكی بە ئاگا ئامادە نییە بەرگری لەم سیستەمە پیسخۆرەی حوكومڕانی ئەم حیزبانە بكات. بەڵام هیچ كەسێكی هوشیاریش ئەم دۆخە وای لێناكات بەرگری لە سیستەمی بەعس بكات. ئەوە تەنها نەوەی دووهەمی بەعسن لەژێر دەمامكی دیكەدا بەرگری لەو دۆخە دەكەن و خەڵكانێكی خۆشباوەڕیش وادەزانن ئەمە بەرگریكردنە لەمافی ئێستای خەڵك. بەرگریكردن لە بەعس و لە گوتاری بەعس، گەر لای هەندێك كەس نەزانانە كەوتبنە ناو ئەو فەزایەوە، لە كۆتایدا هەمان بەرگیركردنەیە كە نەوەی دووهەمی بەعس دەیكەن و هەمان خزمەتە بەوانەی بەشێكن لەو مێژووە. هەموو بیانوێك بۆ بەرگریكردن لە بەعس و لە گوتارەكەی خزمەتكردنە بەو تایپە بەعسی و جاشەی، ئەمڕۆ لەناو سیستەمەكەدا شوێنی خۆیان قایمكردوە و دۆست و هاوڕێی نزیكی دەسەڵاتدارەكان و، نەوەكانیشیان سەرقاڵی بەرگریكردنن لە مێژووی پۆخڵی رابردووی باوكیان. پاشان لە تەنیشت ئەوانەوە گوتارێك بەرزدەكەنەوە، ئەو گوتارە بۆ میللەتی زیندوو جێگای شەرمەزارییە. هەرچۆن جێی شەرمەزارییە دۆستێكی نزیكی بەعسییەك، یان كۆنە مستەشارێك بیت دەستی لە ئەنفال و وێرانكردنی گوندەكاندا هەبێت و لەگەڵی بچیت بۆ دەعوەت، بە هەمانشێوەش جێگای شەرمەزراییە لەژێر دەمامكی جیاجیادا بەناوی نووسین و بەرگریكردن لە خەڵكەوە بێیت، بتەوێت مێژووی باوكت لەناو بەعسدا سپی بكەیتەوە. (هەندێك لەو قەڵەم بەدەستانە خۆشیان بەعسی بوون و ئێستا بەناوی بەرگریكردن لە مافی خەڵك، بەرگریی لە سیستەمی بەعس دەكەن.)  


چالاك ئاغجەلەری  واژووەکەی ٤ی ئازاری نێوان دوو هاوتا سیاسیەکەی پارتی دیموکرات و یەکێتی نیستمانی سەرەتای توانەوەی بەستەڵەکەی نێوانیان بوو ، ئەم ڕێکەوتنە پرسی دەست و برکردنی پێکهێنانی کابینەی نۆ خێرا تردەکات ئەم جوت ‌هێزە وەک دوو براوەی کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان لەم چەند مانگەی پێشودا لە چەندین کۆبونەوەی ڕەسمی و پشتی پەردەدا نەتوانی بگەنە ڕێکەوتن لە پەیوەند بە چەندین پرس ( دەتوانین بڵێین گرژییەکان بەرادەیەک بوو کەش وهەوای جیابوونەی زۆنەکان وەک بژادەیەک خۆی ناساندەوە) کە سەرچاوەکەی لێکەوتەکانی دوای هەڵبژاردنە گشتیەکەی عێراق بوو وەکو بینرا لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا کە پشکی کورد بوو بەچی شێوەیەک هەڵسوکەوتی لەگەڵ کرا و چۆن یەکلاکرایەوە، بەدوای ئەم باتەڵە سیاسیەدا پارتی دیموکرات بە جۆرێک پێداگری دەکرد کە مەبەستی بوو بە پێی ئەنجامەکانی هەلبژاردنی هەرێم مامەڵە لەگەڵ یەكێتی بکات هەروەها یەكێتیش سەقفی داواکاریەکانی بۆ چارەسەری کێشەکان لە یەک پاکێجدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرد بە تایبەتی پرسی پارێزگاری کەرکوك، ئاکام هەدووک هێز جارێکی تر گەیشتنە ڕێکەوتنێک بۆ هەرچی بەردەوامیدان بەو قەوارە لۆکاڵییەی کورد کە دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام وەکو بەرکەوتەی کوردەکان نەخشی بۆ کێشرا و بۆ یەکەم جار لە مێژووی هاوچەرخی سیاسیدا وەک دەسکەوت بۆ کورد هەژماردەکرێت.بە نەتیجە هەر ڕێکەوتنێکی سیاسی لە کوردستاندا بەرژەوەندی گشتی سەرچاوەی لێک گەیشتنەکان بێت بەرهەمدار دەبێت ، بە پێچەوانەوەی نەزۆک و بێ ئەرزش دەبێت. لێرە بە دوا لەمپەری بەردەم پرسی دانانی پارێزگار و ڕێگری لەو خواستە بەرەو کۆتایی دەچێت ، جارێکی تر پارتی دەست و دەنگی نەرم کرد بۆ داواکاریەکانی یەکێتی لە بەرامبەر دروستکردنی کابینەی نۆ و سەرۆکایەتی هەرێم بەسەرکردایەتی پارتی وەک براوەی یەکەم . ئەمڕۆ پرسی کەرکوک و سەرکەوتنی بەسەر تەواوی ئەو کێشانەی لەو شارەدا هەیە بە دەرجەی یەک لە ئەستۆی یەكێتیە، هەر بۆیە بەربژێر و دانانی کەسێک بۆ ئەو پۆستە دەبێت زۆر ژیرانە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت، پێوەر بۆ ئەم کورسیە خۆی نەبەستێتەوە بە ئاستی باڵا بوون لە حزبدا ، وەک بینیمان ئەندامی بەرزترین ئۆرگانی حزبی هاوکات ئاستی زانستی و هاوشاریش نەیتوانی سەرکەوتوبێت لەو پێگە ئیداریەدا. ئەم شارە خاوەنی هەندێک تایبەت مەندیە لە هیچ شارێکی تری ووڵاتدا نیە ، ئیدارەدانی ئەم شارە پێویستی بە مێنتاڵتیەکە تەواو کراوە بێت هەزمی زۆر نەفرەتی بکات کە لە دەرەوەی فەزای خۆی ئاراستە دەکرێت ، چاوەڕوانی بۆمبە چێنراوەکانی دەوڵەتانی دەوروبەر بێت و دیبلۆماتکارێکی کارامە بێت، لە ڕووی فەرهەنگ و زمانەوە شارەزابێت هەر سێ زمانەکە ( ترایلنگۆڵ) بزانێت باشترە ، خاوەن پاشخانی ڕق و تۆڵە نەبێت ( کەرکوک شارێکە پێوستی بە ئاشتەواییە) دەبێت زمانی گوڵ و هەڵسوکەوتی دروست لەم ماڵەدا جێکەوتە بکرێت کورد پێش هەر نەتەوەیەک بیکاتە فەرهەنگ لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، کەسێک بێت بۆنی نەوتی نەگرتبێت و دەست پاک و خزمەتگوزار بێت ، پەیوەندیەکی تەندروستی لەگەڵ دەسەڵاتی فیدراڵ هەبێت بە تایبەت سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران، جونکە هەر تەشەنوجێک لیکەوتەی خراپی دەبێت بۆ پرسی سەرکەوتنی پارێزگار ، هاوکات حکومەتی هەرێم پشتیوانی بکات بۆ هەر پێویستیەک هەرچەندە باشترە وەزارەتێک دابمەزرێت بۆ پرسی ئەو شوێنانەی کە کێشەیان لەسەرە، وەک پەرۆشیەک بۆ ئەو ناوچانە. لە کۆتاییدا هەڵسوکەوت بە دانانی پرسی پارێزگار بۆ شاری کەرکوک پێویستی بە ڕامانێکی قوڵە لە دەست نیشانکردنی کاندیدەکە، دەبینین و دەبیستین کەسانێک خواستی ئەو شوێنەیان هەیە، (علی بێت یان عومەر) گرنگ کارامە بێت لە خزمەتکردنی خەڵک و بوژانەوەی ئەو شارە بێنازە، ئەرکە لەسەر تەواوی هێزە سیاسیەکانی کوردستان پشتیوانی پرۆسەی بوژانەوەی شاری کەرکوک بن لەسەر هەموویانەوە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، پارێزگار دەیێت بۆ هەمووان بێت بە بێ جیاوازی نەتەوە و ئاینزاکان سەنگی مەحەک پرۆژە گشتی و خزمەتگوزاریەکان دیاری دەکات، قەرزێکە دەبێت بدرێتەوە بە دەنگە سەوزەکان.


لاوك سەڵاح قسەکردن لەسەر بیناکردنەوە و دابەشکردنەوەی دەستەڵات و حکومرانی باش و دروست دەستبەجێ لە پاش مێژوویەکی پڕ جەنگ و ململانێ لە ژینگە و دۆخێکدا کە سەرتاپا نائومیدی باڵی بەسەردا کێشا بێت، لە تارمایی سەراب و بێهودەیی ژیان و پروپووچی ماناکان زیاتر نییە، زەمەنێکت پێویستە بۆ ئەوەی بە هانای هاوارەکانی سەرلەنوێ بیناکردنەوەی کۆمەڵگە و دامەزراوەکان و بەهاکانەوە بچیت تا پرۆسەیەکی خۆماڵی لە بیناکردنی نەتەوە دروست بکەیت. هەموو جووڵەیەکی پاش جەنگ و وێرانی خاوە تا رادەی مردن، وەک شانۆنامەیەکی بێدەنگ وایە، هەندێ جار بێ رۆح دێتە بەرچاوت و کاتت دەوێت تا لە کرۆکی ماناکەی تێدەگەیت. لە دۆخی پاش جەنگ، هاوار و نزاکان بەر پەڕەی ئەو گوێیانە دەکەون کە دەنگی بۆمبا بارین و ناپاڵم و موشەک و تانک درزی تێکردوون و تووشی کەڕی کردوون، نزاکان لەگەڵ وێنەی لاشە و تەرمی کوژراوەکان تێکەڵ دەبن و مانا و بەهاکان لێڵ دەکەن تا رادەی سڕینەوە، کارەساتەکان نەوەک هەر بەدگومانی دەخوڵقێنن، بەڵکو دەتکەنە لاشەیەکی نیوە مردووی دابڕاو لە هەموو شتێک، زیندوویەکی بێ رۆح و کپ وەک مردوو، لە دۆخێکی لەو جۆرەدا ئاستمە گوێ بۆ هاوارەکانی بیناکردنەوە بگیرێت یان بڕوا بەکەسەکان بێنیت کە دەبێت خشتەکان سەرلەنوێ دانە دانە بخرێنە سەر یەکتری و ئەوەی وێران بوو بینا بکرێتەوە. بۆ ئەوەش کۆمەڵگە پێویستی بە کات و راچڵەکینێکی ناوخۆی خۆی هەیە بۆ ئەوەی لەو کپ بوون و بێدەنگیە مردووەی کە هەیە بە ئاگا بێتەوە.  بۆ کۆمەڵگەیەکی وەک ئەوەی ئێمە کە تا ساڵانی راپەرینی ١٩٩١ ئاشنای هیچ جۆرە فۆرمێکی دەستەڵاتی دیکە بەدەر لە سیستمێکی مەرکەزی و تۆتالیتاری نەبوو، تەنانەت میراتێک و گەنجینەیەکیشی لەبەردەستدا نەبوو تا بتوانێت شتی لەسەر بینا بکات، بەداخەوە هەر ئەوەندە توانامان هەبوو کە خەون بە راپەرین و راماڵینی ئەو سیستمەوە ببینین، نە زەمەن و نە پانتایی ژیان بواری دایین بۆ ئەوەی مەزەنەی سیستمێکی دیکە لە بری ئەو بکەین. لە هەمان کاتدا توانا و ئەزموونیش نەبوو بەهۆی دۆخی شۆک و بڕوانەبوون بەوەی کە لە پر ژینگەیەکی سیاسی دێتە ئاراوە و ئەکتەری نوێ دیمەنە سیاسییەکە مۆنۆپۆل دەکەن کە ئامادە نەبوون فۆرمێکی حکومرانی سیاسی واقیعی جیاواز بخولقێنن. کەس لە ئێمە لە وڵاتێکی دیکەوە نەهاتبۆوە بە بڕوانامە و ئەزموونی حکومڕانییەوە!  بەداخەوە ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتیانەی کە دواتر کاریان لە سەر ئاشنابوون بە فۆرمەکانی حکومڕانی کرد هەر لە ساڵانی دووهەزارەوە تا ئێستا شارەزای مێژووی ناوچەکە نەبوون و نین، کارمەندەکانیان میوانێکی کاتی بێ رۆح بوون، رێژەیەکی کەمیان یادگارییەکی قووڵیان بەجێ هێشت، ئەوەش نەنوسراوە، زۆر بە پەلەبوون بۆ ئەوەی لە یەک دوو هەفتەدا ئاڵۆزی مێژووی ئەم ناوچەیە لە هەندێ ۆرکشۆپی چەندە رۆژدا کورت بکەنەوە و هەندێ فۆرمی حکومڕانی و قاڵپی حازر بە دەست لە ژینگە و مێژوویەکی دیکەی خواستراوە پیادە بکەن.  بە درێژای ئەو مێژووە، ئەکتەر و رێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە لۆکەڵەکان یەک وتەی  کاریگەریان لەسەر بابەتەکانی حکومرانی نەبووە، کاریگەریان لەسەر نەخشەی سیاسی نەبووە، ئەوە ئەوان بوون، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بوون، بە دیدی خۆیانەوە حیکایەتە خوێناوییەکانی ئەفگانستان وعێراق و یەمەن ولیبیا و سوریا و شوێنەکانی دیکەیان بۆ ئێمە دەگێرایەوە. ئەوە ئێمە نەبووین شارەزای تیۆرەکانی ئەوان بین و بتوانین حکومڕانییەکی خۆماڵی بە بەری خۆمان بدرووین. ئەو کاتانەی کە سەربازێکی ئەمەریکی یان بریتانی قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە بەسرە یان خەستەخانەیەکی لە هەولێر بینا دەکردەوە، ئەمە کاری ئەوان نەبوو و نییە، نە کاری سوپایە، نە داخوازییەکی نیشتمانییە، ئەمە بەداخەوە نارژێتە بیناکرنەوەی کۆمەڵگە و نەتەوەوە، هەر لە سەرەتاوە ئەم کارە هەڵە بوو، کە بووە بەشێکی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتە گەورەکان، بە دەلیلی ئەوەی هەر رۆژی دوایی بۆیە نوێکەی سەر دیوارەکان لە لایەن قوتابییەکانەوە وەک نارەزاییەک رەش دەکرانەوە. پرۆسەی بیناکردنەوەی نەتەوە و حکومڕانی دروست و باش نایەتە بەرهەم ئەگەر توانا و ئیرادەی سیاسی کەس و ئەکتەرە سیاسییە لۆکەڵەکان پێنەگات، راستە زەمەنێک لە بە ئاگابوونەوە دەخوازێت، بەڵام ئەگەر لە خالێکەوە دەست پێنەکەیت و ئەزموونەکان نەنوسینەوە ئەو زەمنەش دوادەکەوێت یان رەنگە  پرۆسەی بیناکردنی نەتەوە قەت نەیەتەدی و هەموو ئەو فۆرمانەی کە ئێستا لە ئارادایە بە نامۆیی بمێننەوە هەتاهەتایە. دونیای دەرەوە، ئەوەی لە توانایدایە بۆت بکات، لە باشترین حاڵەتدا، ئاشناکردنی تۆیە بە تەکنیکەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دەوڵەتداری، چاوەروانی ئەوە مەکە ئیرادەی سیاسی و تیۆرەکانی پەرەسەندی سیاسی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و مەسەلە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگەکەت بۆ دارێژێت، تەنانەت کە باسی جەندەر دەکات جورئەت ناکات دەستنیشانی مەترسییە سەرەکییەکانی کۆمەڵەگەت بکات، خۆی لە مەسەلە کەلتووریەکان و دینییەکان و مێژوویەکان دەپارێزێت، نەوەک پرۆژەکەی  کە چەندان کیشۆری بۆ بڕیوە تێکبچێت، سادەترین پاساو دەهێنێتەوە و دەڵێت ئەکەوە کاری من نییه، کەواتە هەر لەسەرەتاوە دیارە کارە سەرەکییەکە دەبێت لەلایەن ئێمە ئەنجام بدرێت.  هەر بۆیە، پرۆژەی بیانکردنەوەی نەتەوە و هێنانەکایەی حکومڕانی دروست دوو چەمکی رۆژئاوایین، پێویستیان بە کەسانێک هەیە کە لە ژینگە و دۆخێکی سیاسی دیکەدا سەرلەنوێ بەرهەمی بهێننەوە نەوەک کوێرانە شاگەشکەمان بکات و کۆپی بکەین. ئەم جۆرە چەمکانە لە ژینگەی خۆرسک و سەرەکی خۆیدا زۆر خێرا گۆرانکاریان بەسەردا دێت و زۆر جار لەسەر فۆرمە سەرەتاییەکەی نامێنێت، بەمانایەکی دیکە، چەمکی بیانکردنەوەی نەتەوە کە سەردەمانێک لە ئەجندای سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی حکومەتە رۆژئاواییەکان بوون ئێستا نەماوە.  راستە، پرۆسەی بیناکردنەوە و حکومرانی دروست پرۆسەیەکی ماراسۆنییە، بەڵام گرفتە جەوهەرییەکە ئەویە ئێمە هێشتا دەستنیشانی ئەوەما


لەتیف فاتیح فەرەج         لەرێكەوتنەكەی 4-3ی یەكێتی و پارتیدا كەركوك درایە دەست ڕەشەبای قەدەرەوە ، ئەوە یەكەم جار نیە كەركوك بەو دەردە دەبرێت،زنجیرەی فرۆشتن و پشتكردنە كەركوك و یاری كردن بە چارەنووسی دانیشتوانەكەیەوە، بە تایبەت كوردەكە دورو درێژە ،سپاردنی كەركوك بە لیژنە واتە دەستی دەستی پێكردن ، قسە باوەكەی كە دەڵێت هەر كارێك ویستت سەرنەگرێ‌ لیژنەی بۆ دروست بكە، بۆ هیچ پرسێك راست نەبێت بۆ كەركوك راستە ،ئەوەش لە بەر ئەوەی شەڕی كەركوك شەڕی خاوەندارێتی و مافی مرۆڤ نیە شەڕی بۆشكە نەوت و بەرژەوەندیە . شەڕی نەوت و ریفراندۆم و شەڕی كورسی و 16ی ئۆكتۆبەرو ئەم یاریەی ئێستا كە یاری دواخستنی چارەسەرو ماندو كردن و بێزار بوونە هەمووگرێدراوی یەكترن ،ناكرێت هیچ یەك لەو بازنانە لە یەكتر جیا بكەیتەوەو بە تەنێ‌ هەڵوەستەی لە سەر بكەیت ، ئیدی ئەوە ئاوەزی دەسەڵاتدارانی كوردستانە دەرهەق بە كەركوك . ئێمە هەموو ئەو راستیانەمان پێش رودانی دەزانی ، لە 2003ەوە قسەمان لەو یاریە ناشرینە كردوە كە لە بارەی كەركوكەوە بەڕێوە دەچێت ،بەڵام ئیدی قسەی پاڵەوانەكانی نەوت و گەندەڵی هەر ئەوە بوو كە ئێمە ناهەقی بەرانبەر حزبەكانی خۆمان دەكەین و چاومان بە سەركەوتنەكانی ئەواندا هەڵنایەت ، ئێوە تەنها سەیری پرسی كەركوك بكەن لەم یەك دوو مانگەدا بە دەست سەرانی كوردەوە ، رۆژی 5-2بڕیاریان دا " یەكێتی و پارتی " كە لە 18ی -2 پرسی كەركوك و مەسەلەی پارێزگار یەكلابكەنەوە ، پارتی لە 18ی دوو لەو پرسە خۆی دزیەوەو راستی لە گەڵ بەڵێنەكەی خۆیدا نەكرد ، یەكێتیش تا ئەو ساتەش نەیتوانیبوو یەك كاندید بۆ پارێزگار دیاری بكات . لە 4-3 دیسان یەكێتی و پارتی دانیشتنەوە ، پرسی كەركوك لاوەكیانەو لە پەراوێزدا باس كرا ، سەیر ئەوەیە ئەگەر مانگی 11ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكرێت و كەركوكی تیا بێت وەك بڕیارە ، ئەوالە ئێستاوە بۆ ئەو كاتە 8 مانگی ماوە، باوەڕم وایە ئەگەر پارتی و یەكێتی زۆر پەلەش بكەن و بتوانن عیراقیش رازی بكەن و توركمان و عەرەبی كەركوكیش بێنە ڕایە لە ئێستاوە بە لای كەمەوە 3مانگپێویستە بۆ بێنەو بەرە ، واتە ئەوەی دەمێنێتەوە 5 مانگە ، ئاخۆ ئەمە یاری پێكردن نەبێت چیە ؟! لێرەدا جێی خۆیەتی رەخنەی كەركوكیەكان بكەین ، ئەندامانی كوردی حزبە كوردیەكانی كەركوك زۆر كەم كەركوكیانەو لە بەرژەوەندی كەركوك بیردەكەنەوە ، دەنا دەیانتوانی خۆیان زۆر بابەت چارەسەر بكەن ، لەمەدا نمونەیەكی زندوو هەیە كاتی خۆی یەكێتیەكانی كەركوك لە گەڵ ریفراندۆم نەبوون ،بەڵام بە ناچاری و لە ژێر فشارو هەڕەشەدا ناچاركران ، خۆ ئەگەر ملیان نەدایەو سوربونایە لەسەر هەڵوێستەكەیان ، رەنگە ئێستا بارو دۆخەكە جۆرێكی تر با، بۆیە كەركوكیەكان پێویستیان بە جۆرێك لە خۆ بڕیاری و یاخی بوونە نەك ملدان و قەبوڵكردن .  


رەنجدەر عوسمان  ئێمە لەبەردەم دوو مێژووی جیاوازدانین، ڕاپەڕین قۆناغێک نییە دوو مێژوومان بۆ لێک جیاکاتەوە، ئەگەرچی ئەو بە تەنها سەر بە هیچیان نییە، واتا نە بەشێکە لە مێژووی بەر لە ڕاپەڕین و نە دوای خۆی. چرکە ساتێکی تاک و تەنهایە، هەڵقوڵاو و موڵکی خەڵکە، نە بەشێکە لە ستەمکارییەکانی ڕژێمی بەعس، نە میراتگریی ناشیرنیێەکانی شۆڕشگێڕەکانە. فەزایەکە و مرۆڤی ئێمە بۆ چەند ڕۆژێک لە ئازادیی و هەیەجانی خۆیدا دەژی. ئەگەرچی مێژوویەک لە زەبروزەنگ و ستەم پاڵنەریەتی، ئەگەڕچی پلان و نەخشەیەک هەبوو بۆ ڕاپەڕین، لەلایەن هێزە چەکدارەکان و بەرەی کوردستانی، بەڵام چرکە ساتی دەستپێک و خودی ڕاپەڕین لەو پانتاییانەوە سەرچاوە دەگرن کە خەڵک شەرعیەتیان دەداتێ. دواتر کێشەکە لەو خۆشخەیاڵیەوە دروست دەبێت کە کۆمەڵگا ئازادیی و خەونەکانی خۆی دەسپێرێتەوە بە کۆمەڵێک بەناو شۆڕشگێڕ. ئەم سپاردنەوەیەش ڕاستەوخۆ یەکسانە بە کوشتن و لێدان لە ئازادیی و مافە کۆیی و تاکە کەسیەکانی کۆمەڵگا و تاکی کورد. لێرەدا مەبەستمان نییە بڵێین کۆمەڵگای ئێمە کۆمەڵگایەکی ئازا بوە، بەڵام توانیویەتی فرسەت لەو دەرفەتە وەرگرێت کە مێژووی ناوچەکە لە لەحزەیەکی دیاریکراودا پێیدەبەخشێت. بە مانایەکی دی ئەوەی ڕاپەڕین دروست دەکات، ژیرمەندانە سوود لە لاوازیی ئەوی دی وەردەگرێت. واتا ڕاپەڕین هێندەی بەرهەمی لاوازیی ئەویدییە، هێندە بەرهەمی ئازایەتی کۆمەڵگای ئێمە نییە. کۆڕەو سەلمێنەری ئەم دۆخەیە. هەڵبەت مەبەستم نییە کە بڵێم خەڵکی ئازا و قارەمان لەناو مێژووی ئێمەدا و بە دیاریکراویی لە ڕاپەڕیندا بوونی نەبوە. ئەوەی بۆ من گرنگە ئەوەیە، ئەگەرچی میللەتی ئێمە لە ڕاپەڕیندا خۆی لە ستەم ڕادەپسکێنێ و دەیەوێت تەوق و زنجیرەکان بۆ خۆی بکاتەوە بەڵام جارێکی تر یەکێکی تر بانگ دەکاتەوە بۆ ئەوەی زنجیرەکەی بکاتەوە مل. وەک ئەوەی بڵێت ئەو ئازادییەی بە دەستم هێناوە، گەر یەکێک نەبێت بۆم بپارێزێت خۆم توانای پاراستنم نییە. بەڵام لێرەدا پرسیارێک خۆی دروست دەکات ئەویش ئەوەیە، ئاخۆ کۆمەڵگایی کوردی لە لەحزەی سەرهەڵدانی ڕاپەڕیندا ئەو ڕزگارییەی بە دەستی دەهێنێت و ئەو ئازادیی و هەیەجانەی تێیدا دەژیت و لەمسی دەکات، ئایا بە هۆشیارییەوە دەستی بۆ دەبات؟، ئایا ئاگامەندە بەم چرکە ساتە؟، ئایا بیر لە نرخ و بەهاکانی دەکاتەوە؟، یاخود وەک شتێکی سەرپێی و ڕاگوزەر سەیری دەکات و بێ ئاگایانە بەناویدا دێت و دەڕوات؟. هەڵبەت دەبێت ئەوە بڵێین لە ڕۆژگاریی ڕاپەڕیندا خەیاڵەکان تەنها لەسەر ڕوخان و کەوتنی ستەمکارە، ئەوەی خەڵکی بەر نەفرینی خۆیانی دەدەن ستەمکارێکە بەخۆیی و ڕژێم و سەرجەم دەزگا داپڵۆسێنەرەکانییەوە، ئەوەی بۆ کەسی ڕاپەڕیو گرنگە کۆتایی بە ڕابردوو بێنێت و بیر لە داهاتووش نەکاتەوە. ئەو دەمەی چەکەکان ڕوویان لە بارەگا حیزبی و هەواڵگرییەکانە، تەنها ویستی کۆتایی پێهێنان لە گۆڕێیە نەک بنیاتنانی سبەینەیەکی جیاوازتر. واتا ئەوەی غائیبە ئەوەیە ئەو ڕۆژگارەی دێت چییە و چۆنە، کەس بیری بۆ ئەوە ناچێت، تەنانەت ئەوانەی لە شاخیش بوون ئەقڵ و خەیاڵدانیان بۆ شتێکی تر نەدەچوو جیاواز بێت لەوەی کە تێیدا دەژین. لێرەوە تێدەگەین مێژووی پێش و دوای ڕاپەڕین یەک شتن، ئەوەی جیاوازە ستەمکارێکی عەرەب ڕۆیشتوە و لە جێگەی ئەو کۆمەڵێک ستەمکاریی کورد لەسەر عەرشەکەی دانیشتوون. ئەوەی نە ڕۆیشتوە ئەخلاق و ئاکار و کلتوری بەعسیزمە، کە تاوەکو ئێستا ئیش دەکات، ئەوەی بەردەوامە ئەو ئەقڵیەتە دژە ئازادیی و دژە دیموکراسییەیە کە بە هەمان ڕیتم و نەغمەی بەعسیزم لە کاردایە. ئەوەی ئامادەیە بەعسیزمە بە هەموو جەبەرووتی خۆیەوە. ئەوەی نایەوێت بڕوات و بەردەوام خۆی بەرهەم دێنێتەوە، ئەو فاشیزمەیە کە پەرش و بڵاو بۆتەوە لەناو هەموو خانەکانی ژیانی کۆمەڵگەی ئێمە. فاشیزمێک بە تەنها لەناو دەسەڵاتدا نییە، بەڵکو هەندێک جار دەڕژێتە ناو زمان و هەست و بیرکردنەوەی ئەوانەی نەیار بە دەسەڵاتیشن. هەر بۆیە دەکرێت ڕاپەڕین وەک لەحزەیەکی تاقانە و دابڕاو سەیر بکەین، کە ناتوانرێت بەرهەم بهێنرێتەوە، بەڵکو دواتر لاقە دەکرێت، هەر بۆیە وەک توحفەیەک دەبێت وەک مێژوویەکی تاقانە سەیری بکرێت و لێگەڕێین تاک و تەنهایی خۆی بژی.


 عەدنان محەمەد تاهر زێباری            سەرهەڵدانا کوردستان ب گشتی ساڵا1991 ئێکە ژ رووداوێن هەرە گرنگ مێژوا کوردستانێ دا ، ڤێ سەرهەڵدانا جەماوەری دژێ رژێما بەعس یا دیکتاتور هات کرن ، کە دەسەڵاتا وی دەمی دان پێدانا مافێن کوردان نەکرن ، هەر تشت بن کونترولا وان دا بوو ، نەشیا خزمەت هەمی نەتەوەیێن جودا بکەت ، رێک نەددا هەلبژارتنێن دروست بهێن کرن هەمی هێزێن سیاسی بەشدار بن ، ژ بلی ڤی کوشتن و سوتن و دەربەدەریا خەلکی کوردستان و خوارێیا عێراق تایبەت (شیعەیان) درێژە کێشا ، ڤێ دەسەڵاتا دیکتاتور تاوان سەر تاوانێ زێدە دکر و پێنگاڤ بو چارەسەریا وێ نەهاڤێتن ، ژ بەر هندێ ئەڤە هەمی بینە ئەگەر کە خەلک دژی راوستیت و سنورەکێ بو دانن .  جەماوەرێ کوردستانێ پشتەڤانیا پێشمەرگەی شیا بگەهیت بەشەک ژ وان ئامانجێ ، کە سەرهڵدان دوو ئامانجێن سەرەکی پێ هەبوون .ئێک رزگارکرنا ئەردێ کوردستانێ کە کورد خو رێڤەببەن . دوو هێنانا دیموکراسی و دادپەروەری و سەروەریا یاسایێ . هەرچەندە ئەنجامێن وێ دا هەتا ئەڤروو شیایە بەشەکێ ئەردێ کوردستان رزگار بکەن ، دەسەڵات کەفت دەستێ کوردان دا ، لێ بەشەکێ کوردستان نەهات رزگارکرن تایبەت کە ئەو دەڤەرێن ئەڤروو دەڤەرێن ڤەقەتیایی بەرنیاسن ، بەرپرسێن مە کورێن کوردستانێ بوون بەلێ نەشیانە وەکی پێتڤی جەماوەری کوردستان رازی بکەن ب کور و کچێن خو حساب بکەن ، مەسەلا دیموکراسی و دادپەروەری وەکی دیڤ دا هاتی هەم کارێن دلخوشکەر بوون و هەم کارەساتێن دلتەزین ، دژی وێ ئامانجێ کە جەماوەری وەکی دروشم بلند کربوو ، ئەویش دامەزراندنا حکومەت و پەرلەمانێ کوردستان پێنگاڤەکا باش و دلخوشکەر بی ، لێ ئەڤ حکومەتە و پەرلەمانە وەکی پێتڤی خزمەت جەماوەرێ نەکریە  ، مللەت ژ دەسەڵاتا کوردی نەرازیە چونکی دەسەڵات بەروڤاژیا وان داخازیێن سەرهەڵدانێ هەی سەرەدەریەکا نەتەندروست دکەت ، داهاتێ کوردستان یەکسانی ناهێت دابەش کرن ، چینەک هەژار و بێ دەسەڵات و چینەک دەسەڵات و دەوڵەمەند ، تەنانەت زوور کار گەهشتی وی ئاستی بەشەک جەماوەری دوو دل بیت ژ وێ سەرهەڵدانا کری و هەر ئەڤرو خوپیشاندان دژی دەسەڵاتێ دکەن ،  بو هندێ جەماوەرێ نەرازی دژی دەسەڵاتا کوردی نەراوستیت ، پێتڤیە دەستا دانن سەر برینا بو چارەسەریا وێ ، پێتڤیە دەسەڵات پێداچونێ غروریا خوەدا بکەت ، لاپەرەکا چاکسازی هەڵبدەت ، هەمی هێز و لایەنێن سیاسی دگەل ئێش و ئازارێن مللەتی دا بێن ، ناکوکی و شەرە پوست و پلە وازێ لێ بینن ، حکومەت کەڤیت خزمەتا هاوڵاتیان دا و داهاتێ وەڵاتی یەکسانی بو هەمیان بیت ، هاوڵاتی هەست بکەت کورێ ڤێ وەڵاتیە ، دا بەرمبەر دا هاوڵاتی هەست بەرپرسیارەتی بکەت و بشێت خزمەت وەڵاتی بکەت و ئەو دەسکەفتیێن هەیی بپارێزیت ،   


هونەر تۆفیق      ئەمڕۆ بە ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی کۆتای بە گەشکەی خۆشی بزوتنەوەی گۆڕان دێت ۰  یەکێتی و پارتی وەک دوو هێزی سیاسی شارەزا لە چۆنیەتی ئیدارەدانی ناکۆکیەکانی نێوانیان و دابەشکردنی دەستەڵات و هێز بە شەریکایەتی دەزانن کەی کاتی ساردکردنەوەی گەرمی ناکۆکیەکانیانە و چۆنیش لەسەر ئەو ناکۆکیانە رێکدەکەون ۰ بەڵام بزوتنەوەی گۆران وەک حیزبێکی ئاماتۆر لەناو دەست و پێ ی ئەو دوو هێزەدا جگە لە گوشین و بچوکبوونەوە توانای مانەوەی لەدەستدا ۰ بچوکبوونەوەی گۆڕان لەو پەلەکردنە ئیستفزازیەوە دەستی پێکرد کە لە حساباتی سیاسی خۆیدا دەیتوانی ببێتە بەدیلی یەکێتی بۆ پارتی ۰ راستە لەم کابینە نوێ یەی حکومەتی هەرێمدا ٫ گۆران بە رێکەوتن لەگەڵ پارتیدا بەشدارە بەڵام یەکێتی جگە لە بەشداری بەپێ ی رێکەوتنی لەگەڵ پارتیدا شەریکی سیاسیشە ۰شەراکەتی سیاسیش فراوانترە لە بەشداری لە حکومەتدا ۰ وەک لە دوو وێنەی مەراسیمی رێکەوتنەکەدا دەردەکەوێت ٫ هێما و دەلالەتەکانی جیاوازی رێکەوتنەکان دەردەکەون ۰ یەکێتی لەژێر وێنەکەی مام جەلالدا رێکەوتنە سیاسیەکەی لە ئاستی باڵای ماڵی بارزانیدا مۆر دەکات وەک هێمایەک بۆ مسەوگەری شەراکەتە سیاسیەکەی لەگەڵ پارتیدا ۰ بەڵام گۆران لە ئاستێکی خوارتری حیزبەوە بەبێ شایەتی نەشیروان مستەفا یان بارزانی رێکەوتنی بەشداری لە حکومەتدا دەکات ۰ لەخۆشیدا گەشکەبوون بەو دواکەوتنەی یەکێتی ۰ بەڵام بەو گەشکەبوونە دڵی جەماوەرەکەی لەخۆی رەنجان ۰ رێکەوتنەکەی گۆران وەک ناپاکی دەرکەوت و بوویە هۆکاری ئەوەش کە ئەمەی یەکێتی و پارتی هەم دەستکەوت بێت و هەم چارەسەر ۰  


بەرهەم مستەفا           ئێستا بۆ هەموولایەک  دەرکەوت کەتیمی دانوستانی گۆڕان  چ بڕیاڕێکی دروست و حەکیمانەیاندا  ٫ دەرکەوت  رێکەوتن و بەشداریکردنیان لەحکومەت ٫لەگەڵ پارتی٫   لەپێناو  دۆخێکی باشتر بوو  بۆ هەرێم ٫٫   کارەساتە  خۆت بەهەڵسوڕاوی گۆڕان بزانی و شوێن ئەو گەڕەلاوژەو تەشهیرەی یەکێتی بکەویت کە دەرهەق بە رێکەوتنەکەی گۆڕان و پارتی کرا ٫  کارەساتە بەشێک لە خەڵکانی دەرەوەی بزوتنەوەکە بەناوی چاودێری سیاسی و ڕۆشنبیرەوە  کەوتنە هەڵەیەکەوە  کەخوێندنەوەکەیان نەک دروست نەبوو بەڵکو چوە خانەی بێ ئاگایی و تێنەگەیشتن لەسیاسەت ! ٫٫  ئێستا  لەخۆتان بپرسن پلانی ABC چی لێهات ؟۰۰ ئەزانن  هیچ نەبوو جگە  لەدرۆیەکی گەورەو حەزێکی یەکێتی بەتامی بێزوکردن بەحکومەتەوە ٫  ئەرێ بۆچی رێکەوتنی گۆڕان تەسلیم بوون بوو  بەپارتی ؟ بەڵام رێکەوتنی یەکێتی و پارتی خۆشگوزەرانی بوو  ؟!  ئێستا  دەرکەوت کەسیاسەت بەوکەسانە ناکرێ  کەسەرپێیی  بڕیاڕ ئەدەن بەڵکو سیاسەت بە پشووی درێژ و خوێندنەوەی دۆخ و گرەوی بەرامبەر ئەکرێ کە ئامادەکراوە و کراوە لەسەرت ٫   گۆڕان توانی یارییەکە  لەسودی خۆی و هاوڵاتیان کۆتایی پێ بهێنێت  بەوەی  ئامادە نەبوو  کارتی سوتاوی هیچ لایەک زیندو بکاتەوە لەسەر حیسابی خۆی و خەڵکی  ٫   بەڵکو  خاوەنی ڕوئیاو دنیابینی خۆی بوو ٫  یەکێتی گەرەکی بوو  گۆڕان ڕابکێشێتە  نێو یارییەکی فرەباڵ و نێو ماڵێکی پەرتەوازەی خۆیەوە و  دواتر لەنیوەی ڕێگا   گۆڕان بەجێبهێڵێت و بیکاتە قوربانی گرەوی دۆڕاوی خۆی بەرامبەر بە پارتی ٫ هەر بۆیە کاتێک بینی بزوتنەوەکە  خاوەنی سیاسەتێکی سەرکەوتوانەی خۆیەتی  خێرا کەوتنە تەشهیر و سوکایەتی  بەرێکەوتنەکەی گۆڕان و پارتی ۰ بزوتنەوەی گۆڕان لەو ساتەی رێکەوتنەکەی واژۆ کرد نیەتی وەلانانی هیچ هێزێک نەبوو   جگە لەبەشداریکردنی لەحکومەتێک بەپاکێج و بەرنامەی کارێک کە پڕاوپڕ بوو لە شەفافیەت و خزمەتگوزاری بەخەڵکی  ٫ پێگەو قورسایی و ڕۆڵی ئەم بزوتنەوەیە  لەو ساتە وەختەدا  دۆست و ناحەزانی سەرسام کرد  کەچەند سەرکەوتوانە  توانی دوور لەتەشهیر و موزایەدە تیمی دانوستانی بگاتە ئەنجام ٫  لە ئێستاشدا  بزوتنەوەی گۆڕان خۆشحاڵە بەرێکەوتنی پارتی و یەکێتی لەپێناو  زووتر پێکهێنانی کابینەی نوێی  حکومەتی هەرێم و پێ ی  وایە بەهەموو لایەک ئەتوانین خزمەت بەهاوڵاتیان بکەین نەک بەموزایەدە و شکاندنی یەکتر ۰  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand