Draw Media

پارتی و نەخێرەکانی یەکێتی.

پارتی و نەخێرەکانی یەکێتی.

2019-02-22 07:46:59


موستەفا شێخ محەمەد. 

پارتی دیموکراتی کوردستان، لە روی ژمارەی کورسی، گەورەترین هێزی گۆرەپانی باشوری کوردستانە،( 45 کورسی)، پارتی  23 ساڵە لە دوای 31 ئابی 1996   زۆرترین هەژمونی هەیە، بەسەر کوردستانەوە، دوای پێکهێنانی کابینەی پێنجەم  هەژمونەکانی زیاتر بوە، پارتی  بەشێوەیەکی زیرەکانە، رکابەرەکانی لاواز کردوە، بەتایبەت دوای ساڵی 2006  کە ناکۆکیەکانی ناو یەکێتی نیشتیمانی زیاتر ئەبن، پارتی  دەتوانێت زۆرتر  پنتی حوکمڕانی کۆنتڕۆڵ بکات، سەر ئەنجامی ئەوەش دەبێتە هۆی نارەزایەتی زیاتر لە ناو یەکێتی، بە دروستبونی بزوتنەوەی گۆرانیش کارەکان ئاسانتر بۆ پارتی بەرێوە دەچن، پارتی ئەزمونێکی فراوانی هەیە، لە لاوازکردنی حزبە هاوپەیمانەکانی کردوە، پێش یەکێتی هێزێکی وەک سۆسیالیست دوای یەکگرتنی لە گەڵ پارتی دەتوێتەوە.

ئەو 23 ساڵە، بۆ پارتی زێرینترین، ماوەیە، کە  لە رێگای دبلۆماسیەوە، هێزە ڕکابەرەکانی ناچارکرد، بەدوای سیاسەتەکانی رابکەن،  لەگەڵ ئەوەشدا، رەنگە   گەورەترین هەڵەی پارتی ئەوە بوبێت،   حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی ئەوتۆ رێکبخات کە حکومەتێکی دامەزراوەیی  بەهێزبێت و سیمای دو ئیداری  بسرێتەوە.!

لە دوای 1976  پارتی بەردەوام نەخێری بەروی یەکێتی دابەرزکردۆتەوە و بە پێچەوانەشەوە بۆ یەکێتی. 
بەڵام لە دوای 31 ئاب پارتی هەر هەنگاوێکی گرتبێتە بەر هێزەکانی دیکە شوێن پێیان هەڵگرتوە. 

تا ئەو رۆژەی پارتی ریفراندۆم ئەنجام ئەدات،  بچوکترین خواستی لایەنەکانی رەچاو نەکردوە، هەر بڕیارێکی پێ خۆش بوبێت لە هەولێر  وبەغدا  کردویەتی، هیچ جۆرە روبەربەروبونەوەیەکی راستەقینەی توش  نەبوە کە پارتی ڕابگرێت.

بەڵام کاتێک سێ هەفتە بەسەر ریفراندۆم تێدەپەرن کە لە 25 ئەیلولی 2017 کرا،  پارتی توشی شۆکێکی گەورە ئەبێت، کاتێک ئەبینێت یەکێتی دوای نزیکەی 20 ساڵ بە پارتی ئەڵێت، ستۆپ،  ساڵێکیش دواتر لە هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار، پارتی شکستێکی نوێ ئەچنێتەوە، لە سەر دەستی یەکێتی. 
ئێستا کە پارتی  ئاسان ئەتوانێت، لە روی ژمارەیەوە،  حکومەت پێکبێنێت، بەتایبەت دوای راکێشانی گۆران بۆ ژێر باڵی خۆی، ئەخوازێت  دوبارە، یەکێتی بکاتەوە ئەو هێزەی کە  نەتوانێت هیچ مانۆرێکی سیاسی بکات، گرفتەگەورەکە بۆ پارتی پێدانی   پۆست نیە بە یەکێتی، تەنانەت پارێزگار کەرکوکیش،  گرفتەکە گوتنی نەخێری یەکێتیە، بۆ  هەژمۆنی پارتی.

چونکە  پارتی نەیتوانیوە، هێزە چەکدارەکان یەکبخات و سیستمێکی دادوەری کاریگە و پەرلەمان و یاسا سەروەری .... هتد ، هێندە بەهێز نین بتوانن، گەرەنتی سەرکەوتنی پارتی بکەن، بەسەر رکابەر و هاوپەیمانە دێرینەکەی، چونکە هێشتا یەکێتی خاوەنی هێزێکی چەکداری کاریگەرە و دامودەزگای ئەمنی خۆی هەیە و پشتیوانی دەرەکی و عێراقی فراوانیشی هەیە، ئەوەش شتێکە پارتی ئارەزوی پێناکات، بەتایبەت کە ستراتیجی نوێی پارتی چەسپاندنی سیستەمێکە، کە گوزارشت لە پارتی بکات، لە بەرامبەر ئەوەدا یەکێتی دەخوازێت، کۆتای بەسیاسەتی شوێنکەوتەی پارتی بێت،  هەژمونی پارتی بەسەر دامەزراوەی یاسادانان، یەکێتی  ئەخاتە بەردەم مەترسی، بۆیەش یەکێتی دەیەوێت رێکەوتنێکی پێشوەختی هەبێت، کە تێیدا یاریکەربێت، ئەوەش لە قسەکانی حاکم قادر بەرونی دیارکەوت، کاتێک گوتبووی کە ئەوان باسی پۆستیان نەکردوە، بەڵکو پرۆژەی چۆنیەتی حوکمڕانیان مەبەستە. 
  
ئایە  ئەو نەخێرانەی یەکێتی دەتوانن، چ کاریگەریەک لە سەر هەرێمی کوردستان دابنێن، ئایە یەکێتی دەتوانێت، هەوڵەکانی پارتی پەکبخات؟ ئایە پارتی دەتوانێت یەکێتی فەرمۆشبکات؟ 

سیناریۆکانی داهاتووی ململانێی نوێی پارتی و یەکێتی  لە حاڵێکدا  بەرەو گرژی زیاتر ئەرۆن، ئەگەر  یەکێتی و پارتی بەرێکەوتنێکی مام ناوەند نەگەن، ئەو کاتیش  حکومەتی هەرێم توشی چەند کێشەیەکی گەورە ئەبێتەوە، بەتایبەت ئەگەر بژاردەی جیاکردنەوەی زۆنی سەوز بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە،  هەرێمێکی نوێی فیدراڵی، هەرێمی بن دەستی پارتی توشی زۆر کێشەی گەورەی جۆراو جۆر ئەکاتەوە، لەوانە پارتی چیتر ناتوانێت، وەک موخاتبێکی سەرتاسەری کوردی، یاری بکات، هەروەها  بێ بەش ئەبێت لە سامانی نەوت و گازی سلێمانی و کەرکوک،  کۆمەڵێک گرێبەست و قەرزی زۆریش  لە سەر پارتی ئەکەونەوە، ئەوە جگە لە رودانی نائارامی سیاسی و پێکدادانی سەربازی، کە ڕەنگە دەرگا بۆ دەستێوەردانی حکومەتی ناوەند لە بەغداش ئەکاتەوە. 
لە کۆتایدا ئەبێت ئەوەش وەبیر بێنینەوە، کە هێزە دەرەکیەکان، رۆڵێکی کاریگەر و گەورەیان هەیە، لە شکڵپێدان، بە جۆری ململانێکانی داهاتوو،  ئەوەش دوو لایەنی هەیە، یەکێکیان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەتی پێدەچێت زیاتر  ئارەزوی بەهێز مانەوەی هەرێم بکەن، کۆمەڵێک دەوڵەتی ناوچەکەش رەنگە ئارەزوی بێ هێزبونی هەرێم و کێشەی ناوخۆی بکەن، بۆ ئەوەی رۆحی بەرخۆدێری لە پارچەکانی دیکە بکوژن.

لە کۆتایدا ئەبێت ئەو پرسیارە، زیاتر تۆخ بکەینەوە، ئایە نەخێرەکانی یەکێتی بۆ پارتی هێندە کاریگەرن، کە    ئەو هەرێمە بگەیێنێتەوە، چوار گۆشەی یەکەم؟ 
لە کاتێکدا رون و ئاشکرایە، هیچ کام لەم دوو هێزە  بێ رەزامەندی ئەویتر ناتوانێت حوکمڕانی بکات، لە تەواوی هەرێمی کوردستان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand