+ د. كامەران مەنتك یهكێك له بوارهكانی ململانێی نێوان ئهمریكاو روسیا، ئهگهر بكرێت ناوی بنێین له قۆناغی دووهمی شهڕی سارددا، سهپاندنی ههژموونیه له رێگای هاوپهیمانیهتیهكانهوه. جا ئهو هاوپهیمانیهتیانه جیهانی بن یاخود ههرێمی. وهلێ ههندێك لهو هاوپهیمانیه ههرێمیانه رهههندێكی جیهانی مهترسیداری ههیه. وهك ئهو هاوپهیمانیهتیه سێلایهنهی به شێوهیهكی نا راستهوخۆ له نێوان روسیاو توركیاو ئێران دروست بووه. كه پێگهیهكی جیۆپۆلهتیكی زۆر مهترسیدار به گوێرهی ههژموونی جیهانی دهگرێتهوه و دهتوانین بڵێین بهردی بناغهی پڕۆژهی ئۆراسیایه له ئاسیا به گشتی و رۆژههڵاتی ناوهڕاست به تایبهتی. لهبهرئهوهی ئهو دوو وڵاته به بهشێك له قووڵایی ستراتیژی روسیا دادهنرێت بۆ گهیشتن به ئاوه گهرمهكان، دیاره ئێران بههۆی ناكۆكی لهگهڵ ئهمریكا، ههر لهزووهوه بۆته هاوپهیمانێكی بههێزی روسیا. بهڵام كێشهكه له توركیادایه، كه له لایهك ئهندامێكه له هاوپهیمانیهتی ناتۆ و زیاتر له حهفتا ساڵه له بهر دهرگای یهكێتی ئهوروپا وهستاوه بۆ ئهوهی ببێته ئهندام، له لایهكی تر به هۆی باڵادهستبوونی ئاكپارتی، كه پارتێكی ئیسلامییه ههوڵدهدات بهرهو رۆژههڵات بگهڕێتهوه ولهسهر بنهمای ههر سێ رهههندی( ئاینی- ئهتنیكی-مێژوویی و جوگرافی) خهونی دامهزراندنهوهی ئیمپراتۆریای عوسمانی بكاتهوه راستهقینه. كهواته توركیا قاچێكی له رۆژئاوایهو قاچهكهی تری له مۆسكۆ، ههر دوو وڵاتیش، ئهمریكاو روسیا گرهو لهسهر راكێشانی توركیا دهكهن، ئهمه وایكردووه توركیا ههوڵبدا گهورهترین سوود لهو ركابهریه وهربگرێت. له راستیدا توركیا له مێژووی نوێیدا بهردهوام ئهو سیاسهته، یاریكردن لهسهر دوو پهتهی پیادهكردوه. كه كورد لهم سیاسهتدا زهرهرمهندی یهكهم بووه. روسیا ههوڵیدا له رێگای توركیاوه رێگاكانی گواستنهوهی وزه بۆ رۆژئاوا بۆ خۆی به مسۆگهری بهێڵێتهوه. هاوكات مهترسیهكانی ئهمریكاو رۆژئاوا له سنوورهكانی باشوریدا له خۆی دوور بخاتهوه. بهرامبهر ئهمهش توركیا ههوڵیداوه، سهرباری دهسكهوته ئابوریهكانی دهستكهوته ستراتیژیهكانیشی لهم رێگایهوه دابینبكات!. به تایبهتیش له سوریا. گرێبهستی كڕینی رۆكێتی S-400 له روسیا یهكێكه لهو گهمه مهترسیدارانهو ههندێك پێیان وایه یهكێك بوو لهو فاكتهره گرنگانهی روسیا دهرگای عهفرینی له رۆژئاوای كوردستان بۆ توركیا كردهوه. كه ئهمهش بێگومان دهستكهوتێكی ستراتیژی گرنگ بوو بۆ توركیا. لهو كاتهوه ئهمریكا كار لهسهر ئهوه دهكات و فشار دهخاته سهر توركیا بۆ ئهوهی ئهو گرێبهسته ههڵوهشێنێتهوه. دیاره توركیا بهرامبهر ئهمهش مهرجی ههیه، ئهو مهرجانهش لهسهر حیسابی بزووتنهوهی كورده. راسته ئهمریكا گڵۆپی سهوزی بۆ توركیا دایساندووه بۆ ئهوهی به بیانووی پهلاماردانی پارتی كرێكارانی كوردستان ناوچهیهكی فراوان له باشوری كوردستان داگیربكات و له كاتی ئێستادا بهردهوامیشه له داگیركردنی. بهڵام توركیا دهیهوێت زیاتری دهستكهوێت و ئهمریكا ناچار بكات نهخشه رێگای منبج جێبجێبكات، كه لهگهڵ توركیا له سهری رێك كهوتووه. له رێگای ئهو نهخشهیهوه توركیا دهیهوێت چۆن روسیا دهرگای عهفرینی بۆ كردهوه، ئهمریكا دهرگای منبج و رۆژههڵاتی فوراتی بۆ بكاتهوه. بهمهش بزمارێكی گهوره له تابووتی بزووتنهوهی كورد دهدات له ههموو پارچهكانی كوردستان. له لایهك رۆژئاوای كوردستان كۆنتڕۆڵدهكات، باشوری كوردستانیشی به شێوهیهكی كردهیی داگیر كردووه، رێگا له ههر مهترسییهكی كوردیش دهگرێت له رۆژههڵاتی كوردستان ئهگهر ههر گۆانكارییهكی سهربازی و سیاسی له ئێران رووبدات. لهو روانگهیهوه كۆبوونهوهی سهرۆكی ئهمریكا و سهرۆكی توركیا له دوو توێی كۆبوونهوهكانی G-20 لهم چهند رۆژهی دادێ، مهترسی گهورهی لهسهر كورد ههیهو پێویسته به وریاییهوه تێیبگات و خۆی بۆ ئاماده بكات.
+ مەریوان وریا قانع بەشی دووھەم نیقاب لەسەرکردن و شاردنەی ڕوخسار ھەمووی، یان ھەمووی تەنھا چاوەکان نەبێت، دیاردەیەکی دینیی بەربڵاو و گشتیی ناو جیھانی ئیسلامیی نییە، بەڵکو شێوازی خۆپۆشینی ئەو کەمایەتییە وەھابییە سەلەفییە سعودییە خەلیجییەیە کە لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا بەھۆی سەرفکردنی زۆری ئەوە پارەیەی لە ئەدەبیاتی سیاسیدا پێدەگوترێت ”پێترۆ دۆلار“، واتە دۆلاری نەوت، وەھابیزم گۆڕا بۆ دیاردەیەکی جیھانیی. وەھابیزم و سەلەفیەتی سعودیی دیاردەی لاوەکیی و پەراوێزیی ناو جیھانی ئیسلامی بوون تا ئەو قۆناغەی سعودیە خاوەنی پێترۆ دۆلار نەبوو، بەڵام لەدوای ئەوەی ئەم وڵاتە بوو بە خاوەنی ملیارەھا دۆلاری نەوت و بڕێکی گرنگیی ئەم پارەیە لە ڕەوتی جەنگی ساردا بۆ بە جیھانیکردنی سەلەفیزم سەرفکرا، دۆخەکە گۆڕا. سعودیە و وڵاتانی خەلیج ئەم فۆرمە پەراوێزیەی ئیسلام و ئەم شێوە داخراوەی دینداریان بە جیھاندا بڵاوکردەوە و لە دەیان شوێندا چاندیان. بەشێکی تری بڵاوبوونەوەی ئەم نیقاب و بورقەپۆشییە لەڕێگای تێرۆر و ترساندن و سەپاندنی بەزۆرەوە بووە، لەو شوێنانەدا ھێزە ئیسلامییە سەلەفییە وەھابییەکان لەوەدا سەرکەوتن دەسەڵات بگرنەدەست و نیقاب بەسەر ھەموو ئافرەتاندا بسەپێنن. تاڵەبان و داعش دوو نموونەی ھەرە بەرچاوی ئەم دیاردەیەن. ئەم ڕاستییە سادانە وادەکات نەکرێت نیقاب تەنھا وەک جل، یان وەک پارچە قوماشێک مامەڵەبکەین، بەڵکو ھاوکات وەک رەمز یان سیمبۆڵێک بیبینین. لە کۆمەڵگا و ژینگەیەکی وەک کۆمەڵگای ئێمە نیقاب ھێندەی رەمزێکی تایبەتی ئاراستەیەکی دینیی زۆر تایبەت و بەشێکە لە پرۆژەیەکی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی، کە بە سەلەفیەت ناسراوە، ھێندە جل نییە بەمانا ڕۆژانەیی و بە مانا ئەنترۆپۆلۆژییە ڕاستەوخۆکەی خۆداپۆشین. نیقاب لەم ژینگەیەدا زیاتر ڕەمزێکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییە، تا جلپۆشینێکی ئاسایی. بەشێکە لە ستراتیژ و شێوازی دەرکەوتنی ھەندێک لە گروپە سەلەفییەکان لەناو ڕووبەری گشتیدا. پێداگرتن لەسەر ئەم شێوازی دەرکەوتنەی لەشی ئافرەت لەناو ڕووبەری گشتیدا دەشێت تا ئەو شوێنە بڕوات کە دۆخێکی تەواو ترسناک دروستبکات. ساڵی ١٩٩٤ ھێزە ئیسلامییە سەلەفییە جیھادییەکانی جەزائیر نیقاب لەسەرکردنیان کرد بە واجبێکی دینیی و ئەوانەشیان دەکوشت کە ئامادەنەبوون ئەم واجبە جێبەجێبکەن. کە دەگوترێت نیقاب دیاردەیەکی دینیی بەربڵاو و گشتیی ناو جیھانی ئیسلامیی نییە، چەندەھا بەڵگە ھەن کە ئەم ڕاستییە دەسەلمێنن. محەمەد تەنتاو، شێخی ئەزھەر، لە ساڵی ٢٠٠٩ فەتوایەکی دەرکرد تیایدا نیقابپۆشی لەناو قوتابخانەکاندا یاساغ کرد. ساڵی ٢٠١٠ وەزیری تەندروستی لە میسر لەبەرکردنی نیقابی لەناو نەخۆشخانەکاندا یاساغ کرد. لە مالیزیا و ئەندەنوسیا و تونس و زۆر شوێنی تر لەبەرکردنی نیقاب یاساغە. لە عێراق فەتوایەکی شێخ ئەحمە ئەلقوسەیبی ھەیە نیقابی یاساغ کردوە بە ناوی ئەوەوە کە خەڵک مافی ئەوەیان ھەیە بزانن ئەو کەسە کێیە لە تەنیشتیانەوە دانیشتوە. لەو شوێنانەشدا کە سەلەفیەتی دینیی تێدا نییە، یان لاوازە، ئەم دیاردەیە بوونی نییە، یان زۆر زۆر دەگمەن و لاوازە. بۆیە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و بەھێز لەنێوان بوونی نیقاب و بڵاوبوونەوەی دیدی وەھابیی سەلەفیی و دروستبوونی گروپی وەھابیی سەلەفیدا ھەیە. بە بۆچوونی من نیقاب لە کۆمەڵگای ئێمەا بەر لەوەی کێشەیەکی شەخسیی و تاکەکەسیی بێت، کێشەیەکی دینیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و تەئویلییە، ھێرمۆنۆتیکیە. نیقاب بە پلەی یەکەم پەیوەندیی بە جۆرێکی زۆر تایبەت لە تێگەیشتنەوە لە دین و بە پێگەی ئەو تێگەیشتنە دینیەوە لەناو گشتێتی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، ھەیە. نیقاب ھێما بۆ ئەو جۆرە تێگەیشتنە لە دین دەکات کە تیایدا ئیمان لە باوەڕێکی ناوەکیی پتەوەوە گۆڕاوە بۆ کردەی خۆنمایشکردنێکی ئیستیعرازیانەی دەرەکیی لەناو ژیانی گشتیدا. فۆرمێکی تایبەت لە نمایشگەریی ئاینیی ژێرخانە سیاسیی و نەفسیی و رەمزییەکەیەتی، ئەوەی بە ئینگلیزیی پێیدەگوترێت exibitionism، بەمانای حەزیێکی پەڕگیر بۆ دەرکەوتن و خۆنمایشکردن، ئارەزوویەکی گەورە بۆ ئەوەی بینرێیت. ئەمەش موفارەقە، یان پارادۆسکێکی تایبەت لەخۆی دەگرێت، چونکە جەستەی ژن لەو کاتەدا دەیەوێت لەژێر نیقابدا خۆی بشارێتەوە، لە ھەمانکاتدا حەز و خواستێکی گەورە بۆ بینین و دەرکەتنی لەناو ڕووبەری گشتیدا ئاراستەیدەکات. لەم ئاستەدا دەکرێت نیقاب وەک بەشێک لە کردەی تەسویق و پیشەسازیی ریکلامکردن ببینین، بەڵام تەسویق و ریکلامکردنێکی دینیی تایبەت بۆ مارکەیەکی زۆر تایبەتی لە دینداریی. نمایش لەڕێگای نیقابەوە، بە پێچەوانەی حەزی نمایشکردنی نادینییەوە کە حەزی دەرخستنی جەستە یان ئەو پارچە و بەشانەی جەستەیە کە لە زۆربەی کۆمەڵگاکانی دونیادا دادەپۆشرێن. دەڵێم ئەوەی لەڕاێگای نمایش لەڕێگای نیقابەوە دەردەکەوێت جەستە نییە، بەشە جیاوازەکانی لەش نین، ئەوەی دەردەکەوێت رەمز و سیمبۆلێکی تایبەتە، ڕەمزێکە لەڕێگای نیقابەوە ھێما بۆ شوناسی دەستەجەمعیی گروپێکی دینیی تایبەت دکات و ریکلام بۆ ئەو گروپە دینییە و بۆ تێگەیشتنی ئەوان لە دین لەناو ڕووبەری گشتیدا دەکات. لەپاڵ ئەم ڕوانینەدا بۆ نیقاب لە کۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای ئێمەدا ناتوانین ھیچ یەکێک لەو دوو دیدە خۆرئاواییە بەشێوەیەکی حەرفی قبووڵبکەین کە لە بەشی یەکەمدا باسمکرد. نیقاب لەناو ژینگەیەکی دینیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ڕەمزیی وەک دونیای ئێمەدا و لەناو فۆرمێک لە حومکڕانیی ستەمگەر و دەسەڵاتگەردا، کۆمەڵێک دەرەنجامی ھەیە تەواو جیاواز لەو دەرەنجامانەی لە شارێکی وەک پاریس یان کۆپنھاگن یان ئەمستردام دا ھەیەتی. لەبەشی داھاتوودا وردتر لەم مەسەلەیە دەدوێم. بەشی یەکەم سەبارەت بە نیقاب و خۆپۆشین http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=4083
+ زەبەنگ بەهادین پاره وهك خودی ناوهكی خۆی هیچ سودێكی نی یه لهبهر ئهوهی پاره نه دهخورێ وه نه دهخورێتهوه وه نه لهبهریش دهكرێت , بهڵام به هۆی پارهوه دهتوانین ههموو پێداویستی یهكانی ژیان فهراههم بكهین , بۆیه پێویسته پاره ههمیشه به شێوهی سورانهوه بهردهوام بێت وهك خوێن له جهستهی مرۆڤدا ئهو پارانهی كه له سورانهوه دهوهستێنرێن زهرهی زۆرتر دهبێت بۆ ئهو كۆمهڵگایه وهك له قازانج , سورانهوهی پاره به مانای زیندوێتی كۆمهڵگا و نیشتیمان دێت . ئهو پارانهی كه له ناو نیشتیماندا دهسورێت دهتوانێت كاری تهندروستی خۆی بكات به شێوهك پێداویستی یهكانی تاك و كۆمهڵگا به دی دههێنێت وه برهو به بهرهو پێش چونی ناوچهكه دهدات له ههمان كات دهبێته هۆكاری نههێشتنی بێكاری و نهبوونی وه نههێشتنی تاوان . له ههرێمی كوردوستان پارهیهكی بێشومار ههیه ههرله ماوهی ئهم چهندساڵه ی دوایدا به ههزارهها ملێونێری دۆلار پهیدا بووه ئهمه جگه لهوهی كه دهسهڵاتداران و حیزبهكان و سهركردهكانی حیزبهكان چونهته ریزبهندی دهوڵهمهندهكانی جیهانهوه , كوردوستان سهرچاوهی ژیان و سهرچاوهی دهوڵهمهند بوونی زۆره له ههموویان گرنگتر نهوت و غازه ,بۆ شانس و بهختهوهری ئهم حیزبانه پێگهی ههرێمی كوردوستان كهوتۆته شوێنێكه وه له ئێستادا هیچ فۆكهسێكی دهرهكی بهسهرهوه نی یه بۆیه دهبینین ئهو پاره زۆرهی كه له رێگهی نهوتهوه دهست دهسهڵاتدارانی كوردوستان دهكهویتَ كهسێك نی یه پێیان بڵێت ئهم پارهیه چی لێ دهكهن و بۆ كوێ ی دهبهن , حكومهتی ههرێم ههمیشه دهڵێت ئێمه قهرزارین وهك ئهوهی حكومهت نهوتی كری بێت نهك فرۆشتبێتی , هیچ دوكومینتێك نی یی بری قهرز یان قازانج نیشان بدات ههمیشه فایلهكانی دهرهێنان و فرۆشتنی نهوت شاراوهو نا شهفافن , ئهو حیزبانهی به ناو ئۆپوزسێون بوون ئهوا نیش به چهند بهرمیلێك دهمیان بهستراوهو بێدهنگ كراون . جگه له نهوت داهاتی گومرگ و داهاتی ناوخۆ و چهندهها داهاتی تر بوونی ههیه له كوردوستان دا كه هیچیان چاودێری یهكی بێگهردیان بهسهرهوه نی یه , كێشهكه به تهنها لێرهدا نی یه كێشه ئهوهیه ئهو پارهیهی له رێگهی ئهم داهاتانهوه دهست حكومهت یان باشتر وایه بڵێن حیزبهكان دهكهوێت لێره سورانهوه بهو پارهیه ناكرێت تا ههر هیچ نهبێت ببێته هۆی نههێشتنی بێكاری و برسێتی , وهك دهبینین زۆرینهی دهوڵهمهندهكان پارهكانیان دهبهنه دهرهوهی ووڵات و لهوێ وهبهرهێنانی پێدهكهن ههندێكیشیان پارهكانیان حهشار ئهدهن و ئهیخهوێنن , ههندێكی تریشیان بۆ كاری بێ سوود به كار دێنن , ئهمه گرفتێكی گهورهی بۆ كۆمهڵگا دروست كردووه بهوه كه ههلی كار نهماوه و ساڵانه به ههزارهها كهس خوێندن تهواو دهكهن و ههلێكی كاریان دهست ناكهوێ . یهكێكی تر له كێشه گهورهكانی ههرێمی كوردوستان نهبوونی سیستمێكی داد پهروهری مووچهیه , به شێوهیهك كهسانێك ههن كه مووچهكهیان دهچێته ههشت ملێون دینار له كاتێكدا كهسانێكی تر ههن مووچه كهیان ناگاته سێ سهد ههزار دینار , كێشه له وهدایه ئهو كهسهی كه ههشت ملێونهكه وهردهگرێ پارهكهی ناخاته دۆخی سورانهوه تا دهور و بهرهكهی سوودی لێ ببینێ به پێچهوانهوه پارهكانی دهخهوێنێ یان مولكێكی بێ سوودی لێ دهكرێ بهمهش زهرهی بۆ پاره دهبێت , ئهمه كاری پهرلهمانه كه ئهم نا داد پهروهری یه راست بكاتهوه بهڵام به شێوهیهك ئهوانهی مووچهكانیان زۆره كهمی بكاتهوه ئهو پاریهی له وان دهمێنێتهوه بكرێته پرۆژه به شێوهیهك گهنجهكان سوودی لێ ببێنن ئهو پارهیه بكهوێتهوه سوران بۆ بهردهاوتم بوونی گهشهی تاك و كۆمهڵگا . پێناچێت ههم یهكێتی نیشتیمانی كوردوستان ههم پارتی دیموكراتی كوردوستان زۆر بروایان به كورد و كوردوستان ههبێت , ههروهها هیچیان بروایان به داهاتووی ههرێمی كوردوستان نی یه بۆیه دهبینین هیچیان كار ناكهن بۆ گهشه سهندنی كۆمهڵگا و بهرهو پێش بردنی وولات ئهوان وا دهزانن گهشه كردنی وولات له چهند باڵه خانهیهكی بهرز و چهند پاركێكدا یه , یهكێتی و پارتی چ كارهگهیهكیان داناوه چ پرۆژهیهكی سترتیژیان كردهوه ههرچی سهرمایهو پارهیان ههیه له دهرهوی ووڵات وهبهرهینانی پێدهكهن ئهمه سهلمێنهری ئهوهی هیچیان بروایان به داهاتووی ووڵات نی یه . دهبێت كاری داهاتووی سهرۆكی حكومهت راستكردنهوهی ئهم دۆخه لارهبێت , سهرهتابه رێكخستنهوهی سیستمی مووچه پاشان به ریكخستنهوهی داهاتی نهوت و سهرجهم داهاتهكانی دی له پاش ئهوه جی َ به جێكردنی كۆمهڵێك پرۆژهی ستراتیژی به مهبهستی دابینكردنی ههلی كار بۆ گهنجان به كوردی و به كورتی كار كردن بۆ سورانهوهی پاره , كه به دڵنیای هیچیان ناكات .
+ لەتیف فاتیح فەرەج كورد دەڵێن دۆست گۆشتیشت بخوا ئێسقانت ناشكێنێت ، سەرەتای سەرهەڵدانی گۆڕان ئێمەو مانان لە ئاوازێكی نەشازی نێو بزوتنەوەكە دەترساین ، كە لە لایەكەوە بزوتنەوەكەی لە سەرتاسەریەوە دەكردە لۆكاڵی ، لە لایەكی دیكەشەوە بە ئاوازێك دەدوا كە ئەو نەبێت كەسی تر ، ئێمە ئەو كاتە بۆ ئاشتی كۆمەڵایەتی و سیاسی ، بۆ نەبچڕانی زنجیرە بەندی كۆمەڵایەتی ، رەوانشاد نەوشیروان مستەفاو كاك عوسمانی حاجی مەحمودمان لەو مەترسیانە ئاگادار دەكردەوە ، هەڵبەت خۆیشیان دركی تەواویان بەو مەترسیە كردبوو ، كێ ئاراستەی ئەوئاوازەی ناو بزوتنەوەكەی دەكرد، مەگەر هەر خوابزانێ . ئێستا هەمان ئەوئاوازە لە پەنا ناوی نەوشیروان مستەفاوەو هەندێك جاریش بە هێنانەوەی قسەی تەم و مژاوی ئەو ، رۆڵێكی مەترسیدار لە هەلا هەلا كردنی بزوتنەوەی گۆڕاندا دەبینێت ،دەنگ و باسی دروستكردنی حزب لە لایەن ناڕازیەكانەوە ، گەورە كردنەوەی ئەو پرسە ، بمانەوێت ونەمانەوێت خزمەتێكی گەورەیە بە نەمانخوازەكانی گۆڕان ، سەیرەكە ئەوەیە ئەو زەنایە لەناو گۆڕاندا زیاتر برەوی سەند ،ئەوە بێئەوەی رێكخەرو خانەو جیڤاتەكان قسەیەك بكەن ، وەك ئەوەی ئێستا قسە كردن لەو بزوتنەوەیەدا لە هەموو ئەوان سەنرابێتەوەو درابێت بە كەسانی تر ، لەو رۆژانەی بەرێدا هەندێك جار كارەكتەری پارتی لەبری گۆڕانەكان قسەیان دەكرد" بەتایبەت لە وەڵام بە پارلەمانتارەكانی بەغدا " . بزوتنەوەی گۆڕان نەك هەر چووەتە رێكەوتنێكەوە لە گەڵ پارتیدا كە ئایندە كەی كەس نازانێ چۆن دەبێت ، بگرە بووە بەبەشێك لەوهێزەش كە پەیتا پەیتا كار لەسەر لێدانی ناڕازیەكان دەكات ، یانی بزوتنەوەكە ئەوەندەی خەریكی چاكسازی و ئەو بەرنامەیە بێت كە خۆی بانگەشەی بۆ دەكات ودەڵێت پارتی هەمووی جێبەجێ دەكات ، خەریكی لێدانی ئەو دەنگە ناڕازیانەی ناو خۆیەتی كە تا ئێستا بزوتنەوەكەیان لە سەر پێی خۆی هێشتوەتەوە ، با دەستیشیان لە كار كێشابێتەوە یان لە ماڵەوە دانیشتبن . من بڕوای تەواوم بەوەهەیە ئەوانەی ئێستاش رەخنە لە بزوتنەوەی گۆڕاندەگرن ، بە تایبەت ئەوراستگۆیانەی مەترسی لە رێدەرچونەكە دەزانن ، بریتین لە خەمخۆرە راستیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ، جا گۆڕان بەوە رازیە یان نا ئەوەیان شتێ ترە ،ئەوانە هەموویان دەیەیەكی تەمەنیان لە ناو ئەو بزوتنەوەیەدا بە خەرجداوە ، ناكرێت لە پای رەخنەكانیان وەك گوێیان لێناگیرێت ورێزی قسەكانیان ناگیرێت ، تۆمەت و تانەیان لێبدرێت ، من خۆم شاهیدی چەندین قسەی ناخۆشم كە مایەی گێڕانەوە نیە، لە راستیدا رۆژ بە رۆژ زیاتر من ئەوەم لا ڕوونتر دەبێتەوە كە ئێستا نا كە لە پەنا ناوی نەوشیروان مستەفاوە تانە لە گۆڕانخوازە راستیەكان دەدرێت ، بگرە ئەو كاتیش كە هێشتا نەوشیروان مستەفا لەژیاندا بوو ، كە سانێك لە پەنا ئەوەوە یاریە كی مەترسیداری خۆبە دەستەوە دان نا ، بزوتنەوەكە بە دەستەوە دانیان دەكرد،رەنگە لەوەشدا خودی نەوشیروان مستەفاو كارەكتەرەكانی بزوتنەوەكەش پشكی ئەو خەتایەیان بەربكەوێت كەلە هەڵبژاردنی هەندێك كەسا بۆ هەندێك پۆست "بەخت " یاریان نەبوو .
ئارام سەعید – سەرکەوت شەمسەدین لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا چەند هەلبژاردنێک ئەنجام دراوە و لە هەمویاندا دەنگی ئۆپۆزیسیۆن و نارازی هەبووە، لە سالەکانی (٢٠٠٥، ٢٠٠٩، ٢٠١٣، ٢٠١٤،٢٠١٨ ) لە سالی ٢٠٠٩ ەوە ئۆپۆزیسیۆنێکی سیاسی بە ناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە سەری هەڵدا و توانی کاریگەری گەورەی لەسەر پرۆسەی حوکمڕانیی و کۆکردننەوەی دەنگە ناڕازیەکان هەبیت و خەونی گۆڕینی لەلای هەموو ئەوانە دروستکرد کە ساڵانێک بوو بە شیوازی جیاواز و هەوڵی فەردی و دەرکردنی رۆژنامەی ئەهلی و وتاری رەخنەیی و فیکری و حزبی بچوک ، زەمینەیەکی لەباریان خولقاندبوو بۆ بەهێزبونیی هەر هیزێک کە بتوانێت روبەروی دەسەلاتی تاکڕەوی یەکێتی و پارتی بێتەوە، چونکە ئەوەی ئەوان دروستیانکرد بەرامبەر دەسەڵات بنەمای ئۆپۆزسیۆنی گۆمەڵگەبوو کە زۆر بەهێزترە لە ئۆپۆزسیۆنی حزبی. لەوکاتەوە (٢٠٠٩) تا رۆژگاری ئەمرۆمان کە دەساڵە چەند هەڵبژاردنێک ئەنجامدرا و گۆڕانکاری گەورە بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتوە کە تیایدا ئۆپۆزسیۆن وەک حزب کەوتە بەر تاقیکردنەوە و تەحەدیاتی چاوەروان نەکراو، دیارترینیان شەڕی داعش و ئەنجامدانی ریفراندۆم بوون، کە دوو هۆکاری گەورە بوون بۆ لاوازبونی ئۆپۆزیسیۆن و پاشەکشەکردنیان لە کایەی سیاسیدا. ئەمە سەرەرای ئەوەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن گەیشتنە ئەو بروایەی ئیتر بە بەشداری لە دەسەڵات گۆڕانکاری دروست بکەن، بەمەش هێزێک بە ناوی ئۆپۆزیسیۆن لە ساڵی ٢٠١٤ دا لە پارلەمانی کوردستان نەما. هەرچەندە هەر لەوکاتەوە هەر هێزێک یان گروپێک باسی روبەروبونەوەو بەرەنگاری کردبێت ئەوا ئەو هێزانە کە پێشتر ئۆپۆزیسیۆن بوون تیربارانیان کردون بە رەخنەو تەخوینکردن، لەبەرئەوەی پێیان وابوە ئۆپۆزیسیۆن بوون لەلایەن خۆیانەوە پاوانکراوەو بێ ئەوەی باکیان هەبێ لەوەی کە خۆیان لە دەسەڵاتن، تەنانەت تائێستاش بە خۆیان وەک دەسەڵات یان بەشێک لە دەسەڵات نابینن و شەرم لەوە ئەکەن دان بەوەدا بنێن کە ئەورۆژەی بریاری چونە دەسەڵاتیان دا ئیتر چیرۆکی ئەوان وەک حزبێک یان بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن کۆتایی هات. بەڵام ئەوەی تراژیدی بوو کە لە دوای رۆشتنی ئۆپۆزسیۆنی پێشو بۆ دەسەڵات (گۆڕان_کۆمەڵ_یەکگرتوو) چیتر هێزێکی تر نەمایەوە شان باتە بەر بەرپرسیارێتی ئۆپۆزسیۆن، نوخبەو ئەو گروپە کۆمەڵایەتیانەی پێشتر لەروی جەماوەری و فکری یەوە بنەمای ئۆپۆزسیۆنیان دامەزراندبوو پەرتەوازە و دابەشبون و نەتوانرا وەک دەنگێکی سەربەخۆ و ئۆبژێکتیڤ ئیدامە بە دیدی رەخنەگرانەی خۆیان بدەن(جگە لە هەندێ هەوڵی فەردی رێزلێگیراو). ئیتر لەورۆژەوە شڵەژان و بێ هیوایی و پاشەکشە روی لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن کردوە و دەسەڵاتیش پلانی هەیە زیاتر پەرتەوازەی بکات. بەگوێرەی راپۆرتی گروپی قەیرانە نێودەولەتیەکان کە لەسەر قەیرانی ئێستای هەرێم نوسراوە دەڵیت: " لە ساڵی ٢٠١٨ هەڵبژاردنی عیراق و کوردستانیش جاریکی تر دەسەلاتی هەردو حزبی پارتی و یەکێتی سەپاندەوە سەرەرای ئەنجامدانی ریفراندۆم و هەموو ئەو قەیرانانەی دروستی کرد، لەو هەڵبژاردنەدا کە ئاستی بێئومیدبونی خەڵک زۆربوو بەو ڕێژەیەی کە بەشداری کردبوو دەرکەوت. ئۆپۆزیسیۆنیش تەواو دابەش و پەرش و بڵاو، بێ هیچ تیروانینێکی ستراتیژی، ئەمەش پێمان دەڵێت ئەنجامەکان قەیرانی قوڵی هەرێمیان چارەسەر نەکرد و چاوەروانیی زیاتر کرد . هەموو چاکسازیەکیش لە بوارەکانی میکانیزمی چاودێری دەسەلات و دامەزراندنەوەی دەستەو دامەزراوەی سەربەخۆی گرنگی دواخست، دەسەلاتی قەزا یش وەک خۆی مایەوە کە ناتوانیت چاودیرێکی گرنگ بیت"*١ "ساڵی ٢٠١٧ ساڵیکی کارەساتبار بوو بۆ کوردستان لەبەرئەوەی هەردوو حزب پارتی و یەکیتی هاوپەیمانیتیان لەگەل خۆرئاوا و شەریان لەگەل داعش گۆڕی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم ، ئەو دەرفەتە گەورەیەی سەرکەوتن بەسەر داعشدا گۆری بۆ خەونی دەوڵەتی کوردی کە لە ئەنجامدا هەموو هاوپەیمانی خۆرئاوا جگە لە ئیسرائیل نیگەران بوون. "*٢ بۆ قسەکردن لەسەر شکستی ئۆپۆزسیۆن پێویستە دوو خاڵمان لەبەرچاو بێت. یەکەم بریتیە لە گوتار و تێروانینی ئۆپۆزسیۆن وئەو ئامرازانەی لەبەردەستیەتی بۆ ئەوەی تێڕوانین و ستراتیژێکی بەدیل پێشکەش بکات نەک ببێتە کۆپی هێزە رکابەرەکانی. واتە هۆکاری یەکەم ناوخۆییە. واتە دەنگدەر بە تەنیا بەوە رازی نابێت کە ئۆپۆزسیۆن دژی حکومەت و هێزە حوکمرانەکانی بی، ناشیرینی و گەندەڵی حکومەت بە تەنیا بەس نیە بۆ ئەوەی خەڵک دەنگ بە هێزێکی نوێ بدات بەڵکو ستراتیژ و پلانی درێژخایەن و سەبر گرتنی ئەوێ، خۆراگری و گۆرینی ستراتیژ و تەکتیکی دەوێت. خاڵی دووەم بریتیە لە شکست یان سەرکەوتنی دیموکراسی، کاتێک ئۆپۆزسیۆن شکست دێنێ لەم ناوچەیە ئەبێ تەنیا هۆکارە زاتیەکان لەبەرچاونەگرین، بەڵکو هۆکارە مەوزوعییەکان رۆڵی سەرەکییان هەیە لەوەی هەم هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان باوەریان بە وە نەبێت بە ئۆپۆزسیۆن بون بتوانن گۆرانکاری ئەوتۆ بکەن، هەم دەنگدەر بێهیواببێت بەوەی کە میکانیزمی دیموکراسی بۆ وەرگرتنی دەسەڵات شکستی هێناوە. واتە ئەوە شکستی دیموکراسی و بونی تەزویرێکی زۆرە کە ئەو هیوا کەمەی بە ئۆپۆزسیۆن هەیە نەمینێ. بەڵام ئۆپۆزسیۆن بون نابێ تەنیا لە حزبی سیاسی دا کورت بکرێتەوە، بەڵکو ئۆپۆزسیۆنیی حزبی سنوردارە و ناتوانێ سەرکەوتو بێت ئەگەر کارنەکرێت بۆ دروستبونی ئۆپۆزیسیۆنی جەماوەری و کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا و نوخبەی رۆشنبیر، ئەگەر ئەمانە لە پشت ئۆپۆزسیۆن نەبن هەرگیز ناتوانێ کێبرکێیەکی سەرکەوتوانە بکات چونکە حزب چ دەسەڵات و چ ئۆپۆزسیۆن هەمو رێگایەک ئەدۆزنەوە بۆ شکاندن و روبەروبونەوەی یەکتر بە میکانیزمی تەزویریشەوە، بەڵام ئەوە ئۆپۆزسیۆنی جەماوەری و نوخبە و میدیایە ئەتوانێ باڵانسەکە راست بکاتەوە، بەڵام مەرجی سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆنی کۆمەڵگە ئەوەیە لە دەرەوەی حزب کە بە سیاسی (حزبی) نەکرێ بەڵکو وەک هێزێکی رەخنەگر و چاودێر بەسەر حزب و حکومەتەوە بمێنێتەوە. بۆیە گرنگە چاویک بخشێنینەوە بەو مێژوەدا و بڵێین بۆ ئۆپۆزیسیۆن بەوشێوەیە شکستی هێنا، لێرەوە هۆکارەکان لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورت دەکەینەوە و بپرسین ئایا ئەوەی بەرپرسە لەو شکستانە تەنها یەکێتی و پارتین یان سیاسەتەکانی ئۆپۆزیسیۆن خۆشیی هۆکار بوون. هۆکارەکان بە کورتی: ١. شەری داعش -٢٠١٤ – توانی کاریگەری هەبێت لەسەر دواخستنی زۆر لە مەسەلە سیاسیەکان، ئەو هەرەشانە بوە هۆی ئەوەی سەرکردە سیاسیەکانی حزبەکانی دەسەلات خۆیان وەک فریاد رەس نیشان بدەن بۆ کوردستان و توانیان لە رێگەیەوە ئۆپۆزیسیۆن بیدەنگ بکەن و دواتریش ریفراندۆم ئەنجام بدەن. ٢. ریفراندۆمی ٢٠١٧ و بێدەنگی و رازیبونیی هەموو هێزەکان بوو بە ئەنجامدانی ریفراندۆم کە هەڵەیەکی ستراتیژی گرنگ بوو لە مێژووی ئێمەدا و تا ئێستاش و چەندین ساڵی داهاتوش ئاسەوارەکانی هەر دیار دەبن ، لەدۆخێکی لەوجۆرەدا ئەرکی ئۆپۆزیسیۆنە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی هەڵوێستێکی رون و ئاشکرای هەبێت ، نەک لەژێرەوە نارازی بێت و بۆ موجامەلەی بارزانی رەزامەندی دەرببرێت و بێدەنگ بێت. ٣. ئەوەی رویدا، مێژوویەکی زۆر کوورت لەئەو پەڕی بەرەنگاربونەوەو ئۆپۆزیسیۆن بوندا بۆ ئەو پەڕی تەسلیمبون، کەم ھێز ھەبووە لە مێژووی ئێمەدا بەڕادەی ئۆپۆزیسیۆنی رابردوو زیانی لە ژیانی سیاسیمان دابێت چونکە ئەرکی ئۆپۆزیسیۆن گۆڕینی دەموچاوەکان نیە بە دەموچاوی تر، یان بنەماڵەیەک بە یەکیکی تر، بەڵکو دەبێت دامەزرێنەری سیستمێک بێت کە رێگە نەدات بە سەرهەڵدانەوەی ستەمکاری بەشێوەیەك دامەزراوەی سیاسی لەلایەن كەمینەیەكەوە كۆنترۆڵ بكرێت. تەسلیم بوون، روبەرونەبونەوەی تەحەدیەکان ، بەرگری نەکردن لە پرەنسیپەکان بە نمونە لە کاتی دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕان ، دەکرا هەڵویستی رون بە کشانەوە لە دەسەڵات رابگەیەنرێت ، هەڵەی دواتر بەشداریکردنی راستەوخۆی ئۆپۆزیسیۆن لە درێژکردنەوەی تەمەنی پارلەمان و دواخستنی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان . کە دوای ریفراندۆم دەیانتوانی رۆڵی کاریگەر ببینن و رێگە نەدەن بە دواخستنی هەڵبژاردن. کورتبینی و ئیش نەکردن بۆ ئایندە... ... لەوانە بزوتنەوەی گۆڕان کە " ھاوکات لهدوای مردنی نهوشیروان مستەفاوه ژمارهی ههڵه ستراتیژییەکان و نهبوونی ئیرادەیەکی سیاسیی بەھێز و چالاک بۆ کاری سیاسیی، لەناو بزوتنەوەکەدا لە گەشەیەکی بەردەوامدایە. سهرهتای گۆجبوونی سیاسیی گۆڕان له بەشدارییكردن له حكومهت و شكستی خهباتی پهرلهمانیی و قفڵكردنی پهرلهمانهوه دهستپێدهكات. پاشان ههر له نەبوونی دیدگایهكی ئهڵتهرناتیڤهوه بۆ ریفراندۆم بیگرە، تا دهگات به لهدهستدانی ئهو ههله مێژووییه كه گۆڕان دوای شانزهی ئۆكتۆبهرەوە سهركردایهتی دروستكردنی بهرهیهكی ئۆپۆزیسیۆنی گهوره دژ به شكسته مێژووییهكانی دهسهڵاتدارانی ههرێم بكات..*٣“ ٤. نەبونیی سەرکردە و سومبولێک بۆ ئۆپۆزیسیۆن ، رۆڵی نەوشیروان موستەفا کە خۆی لەبنەرەتدا لە دامەزرێنەرانی حکومەتی هەریم وحوکمڕانی بوەو دۆستایەتی گرنگی لەناو ئاسایش وهێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆدا هەبوو.*٤ ٥. دوورکەوتنەوەی ژمارەیەکی زۆر بەرچاوی سەرکردەی دیار و کەسایەتی گرنگ لەناو ئۆپۆزیسیۆندا کە هەریەکەیان بە بیانویەک یان وازیان هێنا یان وازیان پێ لێهێنرا. ٦. ئۆپۆزیسیۆن لە نێوان شۆرش و خەباتی مەدەنیدا تیکەلاوی کردوە بنکەی جەماوەری خۆیان وا رادەهێنن کە شۆرش دەکەن ئەویش بەو دروشمانەی بەرزی دەکەنەوە، دواتر کە بەشداری هەڵبژاردن دەکەن دەبێت لە پارلەمان خەباتی خۆیان بکەن، واتە لایەنگرانیان بەشێوەیەک ئامادەکردوە کە رۆڵی شۆڕشگێر ببینن و لە واقیعدا ئەوەی دەیکەن بەشداری هەڵبژاردن و خەباتی پارلەمانیە، کە ئەوەش هەرزوو لایەنگرانیان لێ دوور دەکەویتەوەو ئەو دروشمانەی سەرەتا بەرزیان کردۆتەوە دواتر بەتاڵ دەبێتەوە. ٧. دابەشبونیی ئۆپۆزیسیۆن و بەردەوام نەبون بۆ کاری هاوبەش ، لاوازیی تێروانینی ستراتیژیی. پێویستە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن سیاسەتی ئەلتەرناتیڤی خۆی پێشکەش بکات و بۆ خەڵکی رون بکاتەوە کە چۆن ئەوان كارەکان بە جیاوازتر دەکەن ، پێکەوە خاڵی هاوبەش کاری هاوبەشیان هەبێت، دابەشبون لاوازیان دەکات. گرنگە شیکردنەوەو زانیاری تەواو بدەن لەسەر سێکتەرەکان کە چۆن بە شێوازێکی جیاواز مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. ٨. یەکێک لە پرسە گرنگەکان ئەوەیە هاولاتیان لە هەڵبژاردن ئازاد بن و تەزویر لە ئەنجامەکاندا نەکریت، نەمانی متمانە پەیوەندی بە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە هەیە، کە ئەنجامەکان راستەقینە نەبن و تەزویر بکرێت خەڵک بروای بە پرۆسەکە نامێنیت، وەک چۆن لە دوا هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە ٢٠١٨ بینیمان. ٩. ئۆپۆزیسیۆن زۆربەیان لە سلێمانین، لە کەرکوک یان هەڵەبجەن، واتە دەنگیان ناگاتە پایتەخت و دهۆک، یان دەنگێکی لاوازە هێشتا. ١٠. بێ دەنگیی نوخبەی رۆشنبیر و تەسلیم بونی ژمارەیەکی زۆریان بە دەسەڵات ، ئەنیشتاین دەڵی" "جیهان شوێنێکی ترسناکە، لەبەرئەوانە نیە کە شەرانگیزی دەکەن، بەڵکو ئەوانەی سەیردەکەن و هیچ ناڵێن" ئەو بیدەنگیە ترسناکەی نوخبەی رۆشنبیر لە دونیای ئێمەدا هۆکارێکی ترە بۆ پاسەكشەی ئۆپۆزیسیۆن. لە کۆتایدا دەسەلاتی سیاسی ئێستا لە کوردستان متمانەی لەدەستداوە ، چاوروانی لێناکریت گۆرانکاری گەورە ئەنجام بدات، بەڵێنی زۆریداوەو زۆر کەمی جیبەجێکردوە، هەرێمیان تەواو قەرزار و ماندوو کردوە، جگە لەدەسەڵاتەکانی جێبەجیکردن و یاسادانان ، دوو دەسەلاتی گرنگی تریشی کۆنترۆڵکردوە کە میدیا و دەسەلاتی قەزاییە، چاوەروان ناکرێت ئەگەر خەلک ئازاد بێت متمانە بە هەمان ئەوهێزانە بکاتەوە جارێکی تر، کەواتە گرنگترین پرسیار کە وەڵام بدرێتەوە ئەوەیە کە بەدیل چیە بۆ وەزعی ئێستا؟ وەلامی ئەم پرسیارە لە نوسینە هاوبەشەکانی داهاتومان دەبینن. سەرچاوەکان: ١* After Iraqi Kurdistans Thwarted Independence Bid . - ICG- international crisis group ٢* هەمان سەرچاوە ٣* بزوتنەوەی گۆڕان: شكستی نوخبەیەکی سیاسیی نوێ؟نوسینی: ئاراس فەتاح، مەریوان وریا قانع ( ماڵپەری ئاوێنە ) ٤* *The Leadership Crisis of the Kurdistan Region Opposition Parties 09/20/2018 . BY KAMAL CHOMANI ٥* Kurdish Opposition Parties Lost in May 12th Election: Does Fraud Explain it? Yerevan Saeed www.washingtoninstitute.org
چیا عەباس رەوشی سیاسی و حوکمرانی هەرێم بە خەستی چەقیان بەستوە، دەرفەتێک بۆ تێپەراندنی بەمزوانە چاوەروان ناکرێت. ئەم دۆخەی ئێستای هەرێم زادەی ئەمرۆ نین، لە دوای راپەرینەوە میللەت لە سەری راهاتوە، باس باسی کێ هۆکار و کێ پشکی شێری لەو دۆخەدا هەیە نیە، باس باسی نیەت و قەسدە نەبینراو و نەبیستراوەکانی ناو کوردستان و عێراق و دەرەوەیە، کە لەم سەردەمەدا دوای شکستیهێنان بە ریفراندۆم و کارەساتی ١٦ ی ئۆکتۆبەر و چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار زۆر ئاڵۆزتر و تەڵختر بون، بە شێوازێک بێ ئومێدی خەڵک لە زیادبونی بەردەوامدایە. بایکۆتی زۆرینەی خەڵکی هەرێم بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی زیندوە کە ئەو زۆرینەیە دیدگا و هەڵسەنگاندنی بۆ حزب و حزبایەتی، بۆ هەڵبژاردن و ژیانی پەرلەمانی، بۆ رێکەوتن و ناکۆکیەکانیان و بۆ موجامەلە و شەرە قسەکانیان لە جاران زۆر جیاوازن. باوەرو متمانەیان بە حزب و کارنامە و دروشمەکانیان لەرزۆکن، ئەو متمانەیەش کە بە حزب ماوە زادەی خەبات و قوربانی حزبەکانە لە مێژودا و وەفای رێژەیەکیش لە ئەندام و هەوادارانیان. ناشێت لە بیری بکەین کە سوپایەک لە بەرژەوەندخواز و دەستەمۆکراو و سەرلەقێنەریش پاشکۆیەتیان بۆ حزبەکان کردۆتە پیشە. باشترە دەرک بکەین بەوەی کە پێگەی هەرێم دوای شکستی سەربازی داعش لە عێراق و سوریا و ریفراندۆم و کارەساتی ١٦ ی ئۆکتۆبەر لای هێزە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەکان ئەوەندە لاواز بوە کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی ناچار کرد پەنا بۆ بەغدا بەرن، تا لە سایەی ئەو پانابردنەدا زیاتر لەوەی لە دەستیان داوە نەیدەن، کەرکوک و ناوچە دابرێنراوەکان نمونەی حاشاهەڵنەگرن، هاوکاتیش برێک پارە بۆ موچە و چەند کارێک دابین بکرێت. بە کوردی و کورتی سەروەری و سەربەخۆیی بریاری سیاسی و ئابوری هەرێم و ئایندەی باشور بە ناوچە زەوتکراوەکانیشەوە لە دەستی دەسەڵاتی هەرێمدا نین، پرۆسەی بە دیموکراتیزەکردنی سیستەمی حوکمرانی هەرێم لە سایەی دەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەدا بەهایەکی ئەوتۆی نەماوە. بە کورتی باشور بە قەیرانێکی سەخت و ئاڵۆزدا تێدەپەرێت، لە ئەگەری پێکدادانی کرداری نێوان ئەمریکا و ئێران روبەروی دۆخێکی زۆر مەترسیدار و نادیاریش دەبین. لە بەرامبەر ئەم رەوش و دۆخەدا نارەزاکانی میللەت رۆژ دوای رۆژ لە هەڵکشاندان، تورەیی و هەڵچون رو لە لوتکە دەکەن، چەندین گروپی نارەزا خۆیان بۆ کاری گەورە ئامادە دەکەن. لەم بەینەشدا دەستەیەکی داماوی ناو گۆڕان لە گێژاوی ئەم ناجێگیری و نارۆشنی دۆخەکەدا، وەک گەمەکەرێکی خاو و خلیچک و بێ بەهرە و توانا ئۆقرەیان لێبراوە و چاوەروانی رەحمەتی رێکەوتنی دەسەڵاتدارەکانن و پەلەیانە بچێک لە کێکەکە بپچرن. هێزە ئیسلامیەکان و گروپە نارەزاکانی تر بەرچاویان رونترە و پێدەچێت واقیعیانەتر دۆخەکەیان خوێندبێتەوە. بێگومان بەهێزترین و گەورەترین بەرەی نارەزای ناو حزب لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندایە، نارەزایی ئەم هێزە دو لایەنەیە، لە لایەک بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی گۆڕانە و لە لاکەی تریش بەرامبەر بەو دۆخەی هەرێمە. بە رەچاوکردنی واقیعێکی تاڵی ناو گۆڕان کە هەڵچنینی هیوا بۆ چاکسازی و گۆرانکاری لە سایەی دەسەڵاتدارەکانی ئێستایدا وەک راکردن وایە بە دوای سەرابدا، بۆیە پێموایە بەشی دوەمی نارەزایەتیەکە گرنگتر و هەستیارترە، دارشتنی کارنامە و قەوارەی ئەو نارەزاییە دەبێتە زەمینەخۆشکەریش بۆ راستکردنەوە و چاککردنی دۆخی ناوخۆی گۆڕان، چونکە خۆ دابران لە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان سەری ساحیبەکەی دەخوات. گەر نارەزاکانی ناو گۆڕان لە مەقامی یەکەمدا لە سەر بەرنامە و کاری هاوبەش بۆ راستکردنەوەی دۆخی ناو بزوتنەوەکە رێکبکەون باوەر ناکەم ئەوەندە کێشەیان توش بێت، بەڵام ئەمە تینویەتی ئەو نارەزایانە بە تەواوی ناشکێنیت، چونکە دوچاری هەمان تاس و حەمام دەبنەوە: لە گەڵ دەسەڵاتی کلاسیکی حزب و بنەماڵە چی بکەن؟ چۆن مامەڵە لە گەڵ حوکمرانی بکەن؟ چی بۆ کارنامە رەسەنەکەی گۆڕان بکەن؟ بەرەی نارەزای گۆڕان دەتوانێت ببێتە نەواتێکی دەستپێشخەر بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم نارەزاکانی باشور لە سەکۆیەکی نیشتتمانی بۆ گۆرانکاری و دادپەرەوری، بزافێکی جەماوەری دور لە دەستور و کاری حزبایەتی کلاسیکی و دەسەڵاتی هەرەمی. سەکۆیەک خاوەنی دیدگا و تێرامان و ئەڵتەرنەتیڤی واقیعی بۆ سەرجەم پرسە گرنگەکان بێت، سەکۆیەک هەمو کۆبکاتەوە و هەموش لە بەرێوەبردنیدا بەشدار بن. زۆر شیاوە هەنگاونان و کارکردن بۆ ئەم مەبەستە بە راگەیاندنی بەهێز و کۆکردنەوەی نارەزاکان و ئامادەسازی بۆ سازدانی گرتبونەوەی نیشتمانی و نەتەوەیی دەست پێبکات، هاوکاتیش سازدانی کۆدەنگی بۆ بەشداریکردن لە سەرجەم هەڵبژاردنەکان بە ناوی لیستی سەکۆی نیشتمانی بۆ گۆرانکاری. گەر ئەمە سەرکەوت گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی جەماوەری یەکەم سودمەند دەبێت و بزوتنەوەکەش دەخرێتەوە سەر رێرەوە رەسەنەکەی خۆی و لە گێژاوی نارونی و غیابی دیدگا و کاری کلاسیکی رێکخراوەیی رزگاری دەبێت. رۆتەردام: ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠١٩
عەبدوڵا كوێخا موبارەك دەنگۆی دروستکردنی حزب لەلایەن ناڕازیەکانی گۆڕانەوە لە لای ئەو گروپەوە دروستکراوە کە ئێستا بەھۆی درۆ و چەواشەکاری ئەوانەوە گردەکە ناوی نراوە (گردە درۆزنە) ئەم دەنگۆ ناڕاستەشیان لەپێناو شاردنەوەی عەیبوعارەکانی خۆیان و بێ بایەخکردنی ئەو ڕەخنە جدیەیە کە ناڕازیەکان ھەیانە لە ئەدای کار و بڕیاردانی ئێستای ئەوان، ئەیانەوێ بەم دەنگۆ ناڕاستە بە جەماوەری گۆڕان بڵێن کە ناڕازیەکان لەپێناو مەرامی خۆیان و دروستکردنی حزب بۆ خۆیان ناڕازین و ڕەخنە ئەگرن. ڕەنگە باسی دورکەوتنەوە لە گرد و گۆڕانی ئێستا کرابێت، بەڵام باسی دروستکردنی حزب نەکراوە، ھەرکاتیش ئەوە پێویست بێت بە دزیەوە نابێت و گۆڕانیش پێغەمبەری ئاخر زەمان نیە. کێشە ڕاستەقینەکەی ئێمە دروستکردنی حزب نیە، بەڵکو ئەو تەفسیرە جیاوازەیە بۆ قسەکەی نەوشیروان مستەفا کە وتی پارتی و یەکێتی تەنھا درۆ و دراویان بەدەستەوەیە و ئەوەشیان لەدەست دەردێنین، ئێستا دوو بۆچون و ئاراستەی جیاواز لەسەر ئەو قسەیە دروست بوە، ئێمەومانان پێمان وایە نەوشیروان مستەفا مەبەستی لەو قسەیە ئەوە بوە کە درۆکانیان بۆ خەڵک ئاشکرا بکەین و پارەکانیشیان لێ بسێنینەوە بۆ خەڵک، بەڵام ئەوانەی ئێستای گردەکە پێیانوایە مەبەستی نەوشیروان مستەفا ئەوەبوە کە کۆپی درۆکانی پارتی و یەکێتی بکەن بۆ چەواشەکاری خەڵک و ڕایکردنی سیاسەتە چەوتەکانی خۆیان و پارەکانیشیان لێبسێننەوە بۆ خۆیان بۆ دامەزراندنی کۆمپانیا و کڕینی پشک و بەڕێوەبردنی سایت و میدیای چەواشەکار و کڕین و کۆیلە کردنی خەڵک بەکاری بھێنن. چەند نمونەیەک وەک بەڵگە -لەلایەک ھەڵسوڕاوی گۆڕان نان بڕاو کرواوە و سزا دراوە، لەلایەکی ترەوە ٢٥ دەفتەر دۆلار و پارەی ژێربەژێر لە ھەمان حزب وەرگیراوە و دەمی میدیای گۆڕانی پێ داخراوە لەئاست ئەو غەدرەی لە شوێنکەوتوانی گۆڕانیان کردوە. -لەلایەک گۆڕانخواز سواڵی بۆ گۆڕان کردوە و پارە و شەکروچای ماڵی خۆی بردوە بۆ مەکۆ و ژور و بانگەشەی ھەڵبژاردن، لەلایەکی تر پشکی کۆمپانیا و سایت و پەیجی فەیک بە پارەیەکی زۆر دروستکراوە. -لەلایەک ئیدعای گەڕاندنەوەی موڵکی گشتی کراوە، لەلایەکی تر موڵکی گشتی لەسەر سەرکردە و کوڕی سەرکردەی گۆڕان تاپۆ کراوە. -لەلایەک ناڕەزایەتی ھەیە لە دژی نزیکبونەوەی گۆڕان لە یەکێتی و پارتی، لەلایەکی تر ناڕازیەکان تۆمەتبار دەکرێن کە بەدەستی یەکێتی و پارتی ئەیانەوێت گۆڕان لەناو بەرن. -لەلایەک باسی سیستەم و موئەسەسە ئەکرێ لایەکی تر پشتیوانی لە حوکمی سوڵتانی و گەڕانەوە بۆ چاخی بەردین دەکرێت. -جارێک ئەوترێ سەرکردە ناڕازیەکان قەت بەرگریان لە گۆڕان نەکردوە لەکاتی تەنگانەدا، جارێکی تر ئەوترێ سەرکردە ناڕازیەکان توند ڕەون و بەھۆی کێشەی شەخسیەوە گۆڕان توشی کێشە دەکەن. -لەلایەک ئەڵێن شکستی گۆڕان ھی ١٢/٥ پەرلەمانی عێراقە و سەرۆک و لیژنەی بانگەشەی ئەوکات بەرپرسیارن لەو شکستە، چونکە گۆڕان ئەوکات تەنھا ٢٠٠ ھەزار دەنگی بەدەست ھێناوەتەوە، لەلایەکی تر ئەڵێن بایکۆت چیەکانی ٣٠/٩ی پەرلەمانی کوردستان شکستیان بە گۆڕان ھێنا و گۆڕان تەنھا ١٨٧ ھەزار دەنگی بەدەست ھێناوە. بەراستی ئیتر پێویستە جەماوەری گۆڕان و ئەو کەسایەتی و نوسەر و چاودێرە سیاسیەیانەی کە پشتیوانی گۆڕانیان کرد و گۆڕانیان سەرخست قسەی جدی و یەکلا کەرەوەیان ھەبێت لەسەر بۆچونی ئەم دوو ئاراستەیەی ناو گۆڕان و پشتیوانی لە بۆچون و ئاراستە ڕاستەکە بکەن، چونکە ھەمومان ئەزانین کە کار بەم پینەوپەڕۆ و درۆ و دەلەسە و خۆ خەڵەتاندن و خەڵک خەڵەتاندنە ناچێتە سەر.
مەریوان وریا قانع بەشی یەکەم لەدوای ھێرشەکانی ١١ سێپتەمبەرەوە بۆ سەر نیوێۆرک، مەسەلەی ئیسلامی توندڕە و سەلەفیەتی دینیی لە وڵاتانی خۆرئاوادا بووە بە مەسەلەیەکی گرنگ و قسە و باسێکی زۆری لەبارەوە کراوە و دەکرێت. یەکێک لەو بابەتانەی کە لەناو ڕووبەری گشتیی ئەم کۆمەڵگایانەدا، لەناو سیاسەت و میدیا و بەشێک لە کۆمەڵگای مەدەنیدا، گفتوگۆی لەسەر دەکرێت مەسەلەی نیقابی ژنانە. ئەو فۆرمەی خۆپشینە کە ڕوخساری ئافرەتەکە، جگە لە چاوەکانی، بەتەواوی دادەپۆشێت. پرسیاری سەرەکیی لەم گفتوگۆیەدا ئەوەیە چۆن مامەڵەی ئەم دیاردەیە بکەین. دەکرێت دوو بەرە لەم گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێیەدا لەیەکتری جیابکەینەوە کە بۆچوونی تەواو ناکۆک و دژ بەیەکیان، ھەیە. بەرەیەکیان دژایەتییەکی تەواوی پۆشینی نیقاب دەکات و داوای یاساخکردنی دەکات بە پێی یاسا. بۆ ئەمەش چەندان ھۆکار بۆ ئەو دژایەتیی و یاساخکردنە دەھێنێتەوە، لە کاتێکدا بەرەکەی تریان بەرگریی لەوە دەکات کە ئەو ئافرەتانە ئازادن چی لەبەردەکەن و چۆن خۆیان لەناو ژیانی گشتیدا نمایشدەکەن. بەری یەکەمیان پێیوایە نیقابپۆشی جۆرێکە لە قبووڵکردنی کۆیلەیەتی، ”کۆیلەبوونێکی خۆبەخش“ و ”خۆویستە“. ئەو ئافرەتانەی نیقاب دەکەن بە دەستی خۆیان کۆیلەیەتی بۆ خۆیان ھەڵدەبژێرن و تەسلیمی خواستە پاتریارکیەکانی پیاوان دەبن. ھەندێکی تر پێیواە نیقاب دژە بە مافی یەکسانی ژن و پیاوە، دژ بە ئازادییەکانی ژنانە، دژ بە دەرکەوتنی ژنە وەک مرۆڤێککی کامڵ لەناو ڕووبەری گشتیدا، دژ بە پێداویستیی و مەرجە ھەرە سادەکانی پەیوەندییکردنی ئینسانیانەیە لەنێوان کەسەکاندا. لەڕووی ئیستاتیکییەوە قەبیحە. درێژەدانە بە کولتور و فەرھەنگی بە کەم و نزم و ترسناک تەماشاکردنی ژن،. گواستنەوەی کولتوری تاڵەبانە بۆ ناو ئەوروپا. نیقاب بەشێکیشە لە دیاردەیەکی گەورەتر کە دیاردەی توندڕەویی و توندوتیژیی دینییە. جگە لەمانە نیقاب خۆشی دیاردەیەکی ترسناکە و دەشێت ھەڕەشە لە ئاسایشی گشتیی بکات. بەحوکمی ئەوەی نازانرێت ئەوەی لەژێر ئەو نیقابەدا خۆی شاردۆتە پیاوە یان ژن، دەکرێت بەشێوەیەکی زۆر خراپ و بۆ مەبەستی تێکدانی ئاسایش لەلایەن تێرۆریستانەوە بەکاربێنرێت، لە سەردەمێکدا کە کردەی تێرۆر بووە بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە. بە کورتی نیقاب ماسکێکی دینییە کە ڕوخساری ژن دادەپۆشێت. وەکچۆن ماسکیش لەسەرکردن لەناو دەزگا گشتییەکان و لەناو دەزگاکانی دەوڵەتدا یاساخە، دەبێت ئەویش یاساغ بکرێت. ھەرچی کەسانی سەر بە بەرەکەی ترە، ئەو بەرەیەی بەرگریی لە ئافرەتە نیقابپۆشەکان دەکەن، باس لە کۆمەڵێک ھۆکار دەکەن کە ھەرە گرنگەکانیان بریتییە لەمانە. ژنانی نیقاب لەسەر بە ژمارە زۆر زۆر کەمن و لە شوێنێکی وەک فەرەنسادا لە چەند سەد کەسێک یان لە باشترین حاڵەتەدا لە دوو ھەزار ژن تێپەڕن ناکەن، لە کۆی نزیکەی ٦٧ ملیۆن مرۆڤ. ئەم دیاردە پەراوێزییە و بە ئەنقەست گەورەکراوە. ھەندێک کەس تا ئەو شوێنە دەڕۆن کە بڵێن گەورەکردنی بەم بابەتە لەناو وڵاتە ئەوروپییەکاندا و باسکردنی بەردەوامی لە میدیادا و دەرکردنی یاسا لە پەرلەماندا بۆی، بەشێکە لە ھەوڵدانی حوکمڕانان و دەوڵەت بۆ لەبیربردنەوەی کێشە ڕاستەقینەکانی ئەو وڵاتانە کە بەھۆی سیاسەتی نیو لیبرالیزمەوە دووچاریان بوون. ھەندێکی تریان دەڵێن ئەم ھێرشە بۆسەر نیقاب درێژەدان بەو ئیسلامۆفۆبیایەی لەم وڵاتانەدا ھەیە، وەکچۆن ھێرشە بۆسەر ئەو کەمینە موسڵمانەی لە وڵاتە ئەوروپییەکاندا دەژین. بەشێکی زۆری کەسانی سەر بەم بەرەیە لە دیدێکی دژە بە دەوڵەتەوە قسەدەکەن و بوونی ئەو ژنانە بە نیقابەوە لەناو کۆمەڵگادا بە مەترسییەکی کەمتر دەزانن لەوەی دەوڵەت دەستبخاتە ناو ژیانی تاکەکەسەکانەوە و بە خەڵکی بڵێت چی لەبەربکەن و چی لەبەرنەکەن. ترس لە دەسەڵاتی دەوڵەتی مۆدێرن لە ترس لە چەند سەد ئافرەتێکی نیقابپۆش بە گەورەتر دەزانن. ھەندێکی تریان دیاردەی نیقاب وەک دیاردەیەکی دینیی دەبینن و پێیان وایە ئەوە خیانەتکردنە لە پرنسیپە سەرەکییەکانی ناو ژیانی مۆدێرنی کۆمەڵگا خۆرئاواییەکان کە ئازادیی دین لەوێشەوە ئازادی ویژدان سنوورداربکرێت. بەم مانایە یاساغکردنی نیقاب دژ بە پرنسیپەکانی ئازادیی خۆرئاوا خۆیەتی، دەوڵەت بۆی نییە دەست بۆ ئازادیی و بۆ ویژدانی دینیی و نادینیی تاکەکەسەکان ببات. ھەندێکی دیکەیان لەڕێگای بەرگریکردن لە بیرۆکەی ”لێبوردن“ەوە باس لەوە دەکەن کە دەبێت واز لەو ئافرەتانە بھێندرێت کە جلێک لەبەردەکەن لەگەڵ زەوق و حەز و تەنانەت سایکۆلۆژیای زۆرینەدا ناگونجێت. ئەمانە باس لەوەدەکەن کە چەمکی لێبوردن یەکێکە لە چەمکە بنەڕەتییەکانی ناو ژیانی سیاسیی و دینیی و کۆمەڵایەتیی و ڕەمزیی کۆمەڵگاکانیان. ھەندێک دەنگی تر باس لەوەدەکەن کە یاساخکردنی نیقاب ڕەگەزێکی دژە ژن و دژە مێینەبوونی تێدایە و لەڕێگای ئەم یاساخکردنەوە درێژە بە سیاسەتی پاتریارکیانە دەدرێت، بەڵام ئەمجارە لەلایەن دەوڵەتەوە. باس لەوەش دەکەن لەشی ژن موڵکی تایبەتی خۆیەتی، چۆنی بوێت وا نمایشیدەکات و بەوشێوەیە جل دەپۆشێت کە خۆی دەیەوێت. لەشی ژن موڵکی خۆیەتی نەک موڵکی دەوڵەت یان موڵکێکی گشتیی. بەکورتی بەرگیرکردن لە بیرۆکەی ئازادیی و لە سەربەخۆیی لەبەرامبەر دەوڵەتدا ئەو ژێرخانە فیکریی و مەعریفییەیە کە ئەم بەرەیە لەسەری ڕاوەستاوە. لای ئەمان تاکەکەس، بە ژن و پیاوەوە ئازادن و دەوڵەت بۆی نییە دەستبخاتە ناو ژیانیانەوە و ئەوەیان بەسەردا بسەپێنێت کە خۆی دەیەوێت. مرۆڤ ھەم ویژدانی ئازادە ھەم جەستەی. نیقاب ھەڵبژاردنی ئازادیی ئەوانە بۆ نمایشکردنی جەستەیان لەناو ڕووبەری گشتیدا. لە بەشی داھاتوودا باس لە پەیوەندیی نێوان ”نیقاب“ و ”جل و بەرگ“ و ”نیقاب“ و ”ھێزە دینییەکان“ی پشتی بەنیقابکردنی دەموچاوی ئافرەت دەکەم.
پەیكار عوسمان ١- (لە تورکیا دیموکراسی بردییەوە، بردنەوەی دیموکراسیش دەرفەت و چانسێکی ترە بۆ گەڕانەوە بۆ حەلی دیموکراسییانە) لەڕاستیدا ئەمە گرنگترین شتە کە لەوێ ڕوویداوەو ئەگەر هەمووان و بەتایبەت ئەردۆغان، لەم ساتە تێبگەن، بێ شك ئەبێتە ساتێکی مێژوویی!! بەپێچەوانەشەوە ئەگەر ئیرادەی ملهوڕی و تاکڕەوی بیبردایەتەوەو ئەمەشی بۆ بچوایەتەسەر، ئەوکات ڕۆشتن بە ئاڕاستەی دوورکەوتنەوە لە دیموکراسی بەردەوام ئەبوو، وە ساتێك و وێستگەیەك و ئەگەرێكیش لەئارادانەبوو بۆ هەڵوەستەو بۆ لاکردنەوە لە حەلی دیموکراسی! ٢- (سیاسەت لە باشور ئینسانی پوچ و سەتحی دروستکردوە، بەڵام لە باکور ئینسانی پڕو هۆشیاری دروستکردوە) فەزڵی ئەوەش بۆ خودی کولتوری دیموکراسی تورکیاو بۆ خەباتی پەکەکەیە! ئاشی سیاسەتی ئێرە (چاو) ئەیگێڕێ و هەر پرسێك ڕاگەیاندن و فەیسبوك بیجوڵێنێ و بەرچاوبێت، تەواوی کۆمەڵگا پێوەی خەریك و دابەش ئەبن! بەڵام سیاسەت لە باکور، چونکە تۆزێ لە چاو ئەولاتر ڕۆشتووەو تا لای فکرو عەقڵ چووە، ئیتر خەڵکی ئەوێ بە پڕوپاگەندەی نامەی ئۆجەلان تێناکەون، ئەگەرچی پابەندییەکی ڕۆحییشیان لەگەڵ ئەو پیاوە هەیە!! خۆ ئەگەر شتێکی وا لە باشور ڕوویبدایە، ئەوە جگە لەوەی خەڵك تێئەکەوتن و نەتیجەکە ئەگۆڕا، خەڵك ئەبوونە دوو بەش و بەریشئەبوونە یەکتر! ٣- ئەگەر لەمن بپرسی بۆ خەڵکی تر دەوڵەتیان هەیەو کورد نیەتی؟ پێتناڵێم لەبەر ئەوەی گەلانی تر عاقڵن و ئێمە گەمژەین. (پێتئەڵێم لەبەرئەوەی گەمژەیی خەڵکی تر سنوری هەیە، بەڵام هی کورد نیەتی)! سەیرکە ئاکەپە، ئەگەرچی هەر جاری یەکەم، ئەبووایە دۆڕانی قبوڵبکردایەو پیرۆزبایی لە براوە بکردایە، بەڵام هەرنەبێ جاری دووەم کردی! دە وەرە تۆ، دووجارو سێجار نا، دوای سەدجارو هەزارجار، پارتی تێگەیەنە کە لە هەولێر دۆڕاوە! لەڕاستیدا گەمژەیی لای هەمووان و لە هەموو شوێنێك هەیە، بەڵام ئەوانیتر خۆیان و وڵاتی خۆیان خۆشئەوێ، ئیتر لە شوێنێکیشدا گەمژەیی ئەوەستێنن و هەموو شتێکی بۆ تێکنادەن! وەلێ کورد لەپێناو گەمژەییەکی خۆی، هەموو شتێك تێکئەدا، بۆیە هیچی دروستنەکردوە! لای ئەوان گەمژەیی هەیە، بەڵام خەتی سوریش هەیە کە گەمژەییەکانیان بوەستێنێ و دواجار بگەڕێنەوە بۆلای عەقڵانییەت! بەڵام لای کورد، (گەمژەیی) خۆی خەتە سورەکەیە، بۆیە هیچ شتێك نەیوەستاندوەو دواجاریش هەرخۆی ماوەتەوە! ٤- بە تێگەیشتن لەو جیاوازییەی، کە لەنێوان هۆشیاریی سیاسیی کوردی ئەستەنبول و کوردی باشور هەیە، ئەبێ تێبگەین لەوەی کە ئێمە، پێویستمان بە حیزبێکی سیاسیی تر نیە، پێویستمان بە تێگەیشتنێکی سیاسیی ترە! سیاسەتی باشور دوو خەتە، خەتێك لە هەولێرەوە دەوڵەتمان بۆ دروستئەکاو خەتێك لە سلێمانییەوە پارتیمان بۆ ئەڕوخێنێ! ئەمیان لە پشتی شیعاراتی قەومییەوە، ئەوەی خراپبێ بەسەر ئینسانی کوردیا هێناوە! ئەویان لە پشتی بانگەشەی دژایەتی پارتییەوە، هەر ئەوە ئەکات کە پارتی کردویەتی و هەر کۆپی ئەوە! (دژەپارتێتی) وەکو دژایەتی فەسادو بنەماڵەگەری، یان وەکو جیاوازی فکری و ململانێ ی سیاسیی.. دروستە. بەڵام (دژەپارتێتی تەنیا وەکو خڕکردنەوەی مێگەل و کردنەوەی دوکانێکی سیاسی لە دەڤەری سەوز) ئەمە حەشیشێکە کە لە شەستەکانەوە ئەم دەڤەرەی تەنیوەو چیتر پێویستە لەپاڵ (حەشیشی کوردایەتی) و حەشیشەکانی تردا، باسبکرێ و پوچەڵ و بەتاڵیبکەینەوە!! چیتر ئێمە پێویستمان بە هێزێك نیە کە ئیش لەسەر (دەوڵەت) یان لەسەر (پارتی) بکات.. ئێمە پێویستمان بە مەشروعێکە کە ئیش لەسەر ((ئینسان)) بکات، چونکە ئەوەی لە ئێمەدا ڕوخاوە ئینسانە، ئینسانیش لە بیرکردنەوەو تێپەڕاندنی دۆخی حەشیشەوە دروستئەبێتەوە، هەموو شتەکانی تریش لەدوای ئەم دروستبوونەوەیەوە دروست ئەبن! ئێمە پێویستمان بە دۆخی ناحەشیش و پوچکردنەوەی حەشیشەکانی دروستکردنی (ڕق و مێگەل)ە، لەبەرژەوەندی بیرکردنەوەو دروستبوونی تاکی هۆشیارو ئازاد. مێژووی حیزبایەتی ئێمە، مێژووی ڕق و نابووتکردنی ئەوەی پێشترە، هەر حیزبێك لەوێوە دەستی پێکرد، سەربە هەمان مێژووەو ئێمەش پێوستمان بە مێژوویەکی ترە، نەك بە حیزبێکی تر! مێژوویەکی تریش لەوێوە دەستپێئەکات کە (س) خۆی لەخۆیدا شتبێ، نەك لە نابووتیی (ص)دا.
كامەران مەنتك دوای نزیكهی 19 ساڵ، یهكهم جاره ئیسلامیهكان رووبهرووی ئهو شكسته سیاسیه ببنهوهو پایتهختی راستهقینهی توركیا، ئهستهنبۆڵ له رێگای ههڵبژاردنهوه له دهست بدهن. ئهوه به شێكه له گهمهیهكی سیاسی ناوهخۆی توركیا، له دوای جهنگی دووهمی جیهانهوه جهههپه یهكهمین جاره له رێگای دهنگدانهوه، نهك له رێگای كودهتاوه ركابهرهكانی وهلاوهبنێت. ئهوهی ئهو ههڵبژاردنهش له ههڵبژاردنهكانی تر جیا دهكاتهوه، سهنگی راشكاوانهی كورده، بوونی نزیكهی دوو میلۆن و نیو دهنگدهری كورد لهو شاره، سهركهوتنی بۆ جهههپه مسۆگهر كردو حزبهكهی ئهردۆگانیشی دوچاری ئهو شكسته گهورهیه كردهوه. له راستیدا پیادهكردنی هاوسهنگكردنی سیاسی به حزبێك و دژی حزبێكی تر، گهمهیهكی له بار بوو بۆ دیاركردنی سهنگی سیاسی كورد له توركیا له لایهك و له لایهكی تریش تۆڵه كردنهوهیهك بهرامبهر ئهو زوڵم و زۆرداریهی ئهردۆگان و حزبهكهی بهرامبهر كوردیان كردوهو دهیكهن. ئهمه وهك نیوهی هاوكێشهكه شتێكی گونجاوهو سیاسهتێكی تا رادهیهك سهركهوتوانه بووه. بهڵام كێشه بنهڕهتیه لهم بهشهی هاوكێشهكهدا نیه بهڵكو له نیوهكهی تردایه!. ئهویش سیاسهتی فهرمی دهوڵهتی توركیایه!. كه رۆژئاواو ئهمریكا به توندی پاڵپشتی دهكهن و له ماوهی یهك سهدهی رابردوودا ههموو ئامڕازێكیان خستۆته بهردهم بۆ جینۆسایدو رهشه كوژ كردنی نهتهوهی كورد. جێگای سهرنجه سێ لهسهر چواری ئهو سهد ساڵه جهههپه دهسهڵاتی له دهست بووه. ئهو تاوانانهی لهو ماوهیه ئهنجامدراون، ههر له تێكشكاندنی راپهڕینهكانی شێخ سهعیدو ئاگری داخ و كیمیا بارانكردنی دهرسیم،. تا دهگاته دانانی یاسای دوورخستنهوه پهرتهوازهكردنی كورد له ساڵی 1932 و راگواستنیان به هاریكاری هێزه ههرێمایهتیهكانی تر بۆ رۆژئاوای توركیا، به مهرجێك رێژهی 5% دانیشتوان تێنهپهڕێنن، ههمووی لهسهر دهستی ئهو حیزبهدا بووه!. جهههپه بوو له ماوهی جهنگی دووهمی جیهانیدا، ئابڵووقهی راگهیاندنی خسته سهر باكوری كوردستان به ئاشكراو به نهێنی دهیان ههزار گهنج و رۆشنبیری كوردی كوشت و شوون بزر كرد. جهههپه بوو كوردی به توركی كێوی ناساندو له ماوهی ههموو تهمهنی خۆیدا كاری بۆ تواندنهوهو سڕینهوهی ناسنامهی كوردی كرد و دروشمی ئهوهی بهرزكردهوه، كه لهههر شوینیك سهرهنیزهی توركی لێبیت شتیك نیه به ناوی كوردو مهسهلهی كورد. ژاندارمهكانی جهههپه بوون زیندانی ئامادیان كرده گۆڕستانی شۆڕشگێڕانی كورد. جهههپه بوو ...، ...،... ئێستاش ناكرێت ئهو خاڵه فهرامۆش بكرێت، كه سهرباری ئهو مێژووه رهشهی، جهههپه زۆر زیرهكانه سوودی له تووڕهییهكانی كورد له ئهردۆگان و ئاكپارتی وهرگرت و له پێناو گهڕانهوهی بۆ دهسهڵات به كاریهێنا، بۆیه سهركهوتنی یهكهم لهو ههڵبژاردنهدا بهر ئهو كهتووه!. ناكرێت لهبهر زوڵم و زۆری دوژمنێكی ئهمڕۆ دوژمنێكی شاراوهی دوێنی و بهیانی فهرامۆش بكهین!. سیستهمی سیاسی له توركیا ههرچیهك بێت، سیاسهتی بهرامبهر كورد ههمان ئهو سیاسهته دهبێت، كه له ماوهی رابردودا پیادهی كردوه. چونكه له بنهڕهتدا توركیا وهكو دهوڵهتێك لهسهر بنهمای ئهوه دروستكراوه، كه پاسهوانی ئهو دۆخه جیۆپۆلهتیكیه بكات، كه رۆژئاواییهكان لهو ناوچهیه دایانڕشتووه. توركیا جگه له پاسهوانێكی دۆخی جیۆپۆلهتیكی رۆژئاو ئهمریكا زیاتر نیه!. بۆیه به گۆڕینی سیستهمی سیاسی و گهمه سیاسیهكانی ناوخۆی توركیا هیچ شتێك له مهسهلهكه ناگۆڕێت. كورد پێویسته كار له سهر تێكشكاندنی ئهو بنهمایه جیۆپۆلهتیكیه بكات، كه دهوڵهتی توركیای لهسهر بنیاتنراوه. ئهمهش له رێگای دۆزینهوهی میكانیزمێكی تر بۆ خهبات و كاركردن!. ئهم گهمه كردنه سیاسیهی ئێستای كورد واتای ونكردنی وێناكردنی جیۆپۆلهتیكی دهگهیهنێت لای كورد. كه له ههموو كاتێك زیاتر پێویستی بهوه ههیه كاری لهسهر بكات. كورد پێویسته له ههموو پارچهكانی كوردستان ستراتیژیهتێكی دووره مهودا دابڕێژێت بۆ بهیهكهوه كۆكردنهوهو لكاندنهی قووڵایی جیۆپۆلهتیكی خۆی، كه دوای جهنگی یهكهمی جیهان له لایهن رۆژئاواییهكانهوه پهرتهوازهو دابهش كراوه. بۆیه نابێت لهگهمهیهكی سیاسی روكهش و قێزهوندا، كه رهنگ بێت رۆژئاوا خۆی دهستی تێدابێت بۆ تۆڵه كردنهوه له ئهردۆگان بهرامبهر ههوڵهكانی بۆ تێكشاندنی دۆخی جیۆپۆلهتیكی ناوچهكه له رێگای نزیك بوونهوهی له روسیا!. فریو بخوات و گرهو لهسهر ئهسپێكی تۆپیو بكات. كاتی ئهوه هاتووه دوورتر بڕوانێت و وردتر شتهكان لێكبداتهوه.
عەزیز ڕەئوف یەکەم: سایەو زەینەب دو ڕوی یەک دراون لەکۆمەڵگەی کوردیدا،ئەویش خۆسەرقاڵکردنە بەشتە بچوکەکانەوەو فەرامۆشکردنی خەمە گشتیەکانە. ئەم دوو دەرکەوتەیە کە یەکیان ڕوت و قوتەو ئەوەی تریان تەنها چاوی دیارە بیماری کۆمەڵگەی کوردیمان بۆ دەردەخات کە بەبەرگری لەنیقاب دەیەوێت پاکی خۆی پیشان بدات و بەهێرشکردنە سەر جەستەی سایە دەیەوێت خۆی وەک فریشتە نیشان بدات. لەسەدا نەوەد و پێنچی کورد موسوڵمان بێت چۆن دوو ملیۆن کەس لەگۆگڵ سێرچ دەکات بۆ بینینی جەستەی سایە کەریم؟ خەلەلێک لەسترەکتوری کۆمەڵگەی کوردیدا لە ئارادایە کە لەجەستەی ژندا بەدوای جوانی و پاکی و ڕەشت و ئەخلاقدا دەگەڕێ. دووەم: پارتیەکی سوڵتانی لەفۆرمی وەک سوڵتانەکانی سعودیەو سەلەفیەکی مەدخەلی نێو نیقاب، خۆیان یەکتری تەواو دەکەن. سەلەفیەکان بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم دەکەن و سەرۆکی هەرێم بەئەمیر موئمنین وەسف دەکەن. ئەم دوو بەرەیە یەکتری تەواو دەکەن و شەڕێکی لەوە بچوکترە کە شەڕە گەورەکانمان بیربەرێتەوە. سێیەم: نە ڕوتکردنەوە بێ ڕەوشتیە و نە داپۆشین ئەخلاقە. ئەخلاق بە رووتکردنەوە و داپۆشین نیە. مرۆڤەکان ئازادن چی دەپۆشن. مادام لە هەردوو بەرەکەدا چەقی مەسەلەکە جەستەیە، ئیتر ڕوتی بکەیتەوە یان دایپۆشی جیاوازییەکی ڕیشەییان نیە. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا چاوێک هەیە لە پشتی نیقابیشەوە ژن بە ڕووتی دەبینێت. نە ڕووتبوونەوە کۆمەکمان دەکا نە داپۆشین. لە هەردوکیدا ستەمکاری سەرمایەداری و ئاین بە مەفهومی سعودی و کردەیەکی ئیسلامی سیاسی هەست پێدەکرێ. چوارەم: پارتیەکان لە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پارلەمان و ئەنجومەنی دادوەری لەسەفی پێشەوەن و کەس ورتەی لێوە نایا، بەڵام نیقابپۆشێک کە دەخرێتە سەفی دواوە زۆرێک لە خەڵکی نیگەران کردووە. پێنجەم: ئەم هەموو قەیرانە لە وەزارەتی پەروەردەدا هەیە، لە سیستەمی پەروەردە وە بۆ خراپی پرسیارەکان، بەخستە سەفی دواوەی کچێکی نیقاب هەموو ڕەخنەکانی بیر خوێندکاران و خەڵک بردەوە.
خالید هەرکی راو بۆچونی ئاژانسەکانی هەوالگری لەسەر ئەنجامی هەلبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبۆلی رۆژی یەکشەممەی ٢٣ی حوزەیران، دەڵێن چی؟ دوای ئەوەی هەلبژاردنی ٣١ی ئاداری ئەم ساڵ بۆ شارەوانی ئیستەنبۆل لەلایەن کۆمسیۆنی هەلبژاردنی تورکیاوە هەلوەشێندرایەوە کە لە نێوان کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان( ئاکەپە AKP) ( بینالی یەلدرم یا بنعلی یەلدرم و ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆی کاندیدی ئۆپۆزسیۆن پارتی گەلی کۆماری( جەهەپە CHP) ئەنجام درا. دوێنێ یەکشەممە ئەم هەلبژاردنە دووبارە کرایەوە ئەنجامەکەی بۆ ئەمجارەش لە قازانجی جەهەپە CHP تەواو دەبێ بە رێژەی ٥٥%ی دەنگەکانی مەزنترین شاری تورکیا کە ژمارەیان ١٦ ملیۆن کەس دەبێ واتە پێنج یەکی دانیشتوانی گشت تورکیا بەدەست دێنێ، ئەم رێژەیەش دیارە هاوکێشەو سەنگی حوکمران دەگۆڕێ بەتایبەت کە ئیستەنبۆل بە سەنتەری بازرگانی و ئابوریی تورکیا دێتە ئەژمار هەروەکو پێشتر بەر لە هەلبژاردنەکان ئەردۆگان خۆی دانی بەوەدا ناوە و وتویەتی: ئەوەی ئیستەنبۆل بباتەوە تورکیا دەباتەوە، بەم ووتەی دەبێ دەست لە تورکیا بشوا هەرچەندە ئیمام ئۆغلۆ لە یەکەم ووتەیدا دەڵێ: ( بەڵێ خۆشەویستی سەرکەوت لەگەڵ ئەردۆگان هەماهەنگ دەبین بۆ خزمەتی خەلکی ئیستەنبۆل) ، لە کاتێکا لایەنگرانی بە دەربڕینی خۆشحالیان هەستی لایەنگرانی ئەردۆگان بریندار دەکەن و دەوروژێنن. هەرچەندە یەلدرم بەرەگەز کوردە و خەلکی شاری ئەرزنجانی باکوری کوردستانە لە مندالیەوە دوای مردنی (بەهار)ی دایکی هاتونەتە ئیستەنبۆل و خوێندنی لەوێ تەواو کردوە و دواتر لەسەر ئەو شارە (ئەرزنجان)دەبێتە ئەندامی پەرلەمان. هەرچی ئیمام ئۆغلۆیە خەلکی ترابزۆنە و بە رەگەز تورکە و تەمەنی ٤٩ ساڵی هەیە، سەربە پارتی گەلی کۆماریی تورکیە کە لە ساڵی ١٩٢٣ لەسەر دەستی کەمال ئەتاتورک دامەزراوە. وێرای ئەم جیاوازیە هەدەپە HDP واتە کوردەکان دەنگ بۆ ئیمام ئۆغلۆ دەدەن و هەر بەو هۆیەشەوە سەرکەوتن بەدەست دێنێ بۆیە لە کاتی راگەیاندنی ئەنجامەکانی بەرایی هەلبژاردن ئیمام ئۆغلۆ سوپاسی سەلاحەدین دەمیرتاش دەکات، بەهەر حال. (BBC) لە توێژینەوەیەکی هەوالگرییدا لەسەر هەلبژاردنەکانی ئیستەنبۆل دەڵێ: ئەنجامەکانی ئەم هەلبژاردنە دەبنە مایەی بەرتەسک بونەوەی بنکەی دەنگدەرانی حزبی حاکم(AKP) هەر بەم هۆیەشەوە ئەگەری ئەوە هەیە ئەندامانی پەراگەندە ببن، دەکرێ ئەنجامەکانی ببنە ئاماژەیەک بۆ دەستپێکی کۆتاییهاتنی حوکمی ئەردۆگان. هەر ئەم ئاژانسە دەڵێ پیرۆزباییەکانی ئەردۆگان بۆ سەرکەوتوەکە دەکرێ هەولێکی نەزۆکی بێ بۆ دەستبەردار نەبونی جلەوی کارەکان و دورخستنەوەی سەرنجی خەلک بۆ ئەو پرسە گرنگە. ئاژانسی هەوالگری ئەلمانیش دەڵێ: لەدەست دانی شارە مەزنەکەی ئyستەنبۆل زیانەکانی مەنزترن لەوەی تەنها شارێکی مەزنی لەدەست داوە، دیارە کە پۆستی سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبۆل بۆ ئەردۆگان خالی دەستپێکردنی بوو بەرەو لوتکەی دەسەڵات . لە هەمان کات ئاژانسی هەوالگری رۆیتەریش دەڵێ : دۆڕاندن و لەدەست دانی ئیستەنبۆل بۆ ئەردۆگان لە کاتێکدایە کەوتۆتە گێژاوی کێشە و قەیرانی ئابوری بۆیە بەگران لەسەری دەکەوێ. جگە لە ئاژانسەکان سیاسەتمەداری ئەلمانی لە پارتی سەوزی ئۆپۆزسیۆن(جیمس ئۆزدەمیر) کە بەرەگەز تورکە دەڵێ: سەردەمی ئەردۆگان کۆتاییهات، ئەم سیاسەت مەدارە ئەمرۆ بۆ رادیۆی ئەلمانی دواو وتی ئێمە ئێستا لە قۆناغی (قەرەبوی کاتی لەدەستدراوین) هەروەها ووتی ئێستاش مەترسیەکان ماون چونکە ئەردۆگان ئەو هێزەی ماوە تورکیا بەرەو هەلدێر ببا. هەر لەم روانگەیەوە ئاژانسی(بلومبورگ) دەڵێ ئەردۆگان هەولی ئەوە دەدا وا نیشان بدا بەردەوامە لە بەدواداچونی پرسە گرنگەکان وەکو پرسی سزاکانی ئەمریکا کە لە ئەنجامی کرینی سیستەمی موشەکی بەرگریی روسی ، بەنیازە بیخاتە سەری. سکینەری بەرێوەبەری بەشی رۆژهەلاتی ناوەراست و ئەفریکا لە دەزگای(فیریسک مابلکروفت) دەڵێ: ئیمام ئۆغلۆ بوو بە سەرکردەیەکی نیشتمانی بۆ ئەردۆگان ئێستا کارێکی قورسە ئەم سەرکردە بێلایەن راگرێ، ئابوریی تورکیا لەم کاتەدا بە دۆخێکی قورسدا تێدەپەرێ رێژەی ١٤%ی بێکاریی هەیە. ئیتر لەم لێدوان و تێبینیانەی سیاسەتمەدار و ئاژانسانە پێدەچی ئەردۆگان لەم میانە پەتەکە بپسێنێ و دەمامک لەسەر روخساری وەلانێ خۆی بە پەلێکدا بدا لە نمونەی سەرەرۆیی و لەخۆبایی بون لە پێناو دەرباز بونی لەم قەیرانانەی ئابوری و سیاسیی ناوەخۆ و دەرەوەیدا کە ماوەی چەند سالێکە بە چەواشە کردنی دونیای ئیسلامی و عەلمانی بەسەر دۆخەکانیدا باز دەداو کاتی پێ دەباتە سەر،ماوەیەک لە رێگەی چاو سورکردنەوە لە ئیسرائیل لە پێناو پەلکێش کردنی دونیای ئیسلامی بۆ ژێر چەتری خەونی خەلافەتی ئیسلامی و ماوەیەک بە چەواشەکردنی ئەمریکا بۆ پەلکێش کردنی بایەخ و گرنگی پێدانی روسیا بە پێگەی تورکیا ماوەیەکیش بە شەڕی ئابوری و کۆچبەران لەگەل ئەوروپا، کە هەمویان سەرچاوە و مەرامەکانی لەپێناو لەناوبردنی کورد و پرسە دادپەروەریەکەی بوە، بە دوری نازانم تەنگەتاو بونی ئەردۆگان بەهۆی کوردفۆبیاوە هەمان چارەنوسی سەددامی بێنێتە پێش، کورد وتەنی( بۆ ریش چوو سمێڵی نایە بانی).
رێبوار کەریم وەلی (١) ھەر لە دەستپێکی گفتوگۆکانی پێکھێنانی حکومەتەوە تا ئێستا، یەکێتی مەسەلەی دانانی پارێزگاری کەرکووکی کردووەتە بیانوویەک بۆ پەردەپۆشکردنی کێشەکانی خۆی. تا بۆی کرا یاریی بە کات و بە میزاجی پارتی و حیزبەکانی دیکەش کرد. دوای تێپەڕینی ٩ مانگ بەسەر ھەڵبژاردنەکاندا و سەرباری رێککەوتنی لەگەڵ پارتی، رۆژێک بەشدارە و رۆژێک بەشدار نییە! لەبەرزترین ئاستەوە ئەو قسانەی لە کۆبوونەوە ناوخۆییەکانی خۆیان بەرامبەر بە پارتی و سەرۆک بارزانی دەیکەن، بە دەنگ و رەنگ دەگوازنەوە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. یەکێتی حیزبێکی ئیفلیجی نەخۆشە و دەیەوێ ئەو پەتایەش تا بۆی بکرێ بەناو حیزبەکانی دیکەدا بڵاوبکاتەوە. جارێ پێش ھەموو شتێک و بەرلەوەی باس لە ھاتنی یەکێتی بۆ ناو حکومەت بکرێت، ئەوە چوار مانگە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کە ئیستیحقاقی ئەوانە و ھیچ پەیوەندی بە مەسەلەی پێکھێنانی حکومەت و پشکی وەزارییەوە نییە، لە غیابی ئەواندا لەلایەن پارتییەوە پڕکراوەتەوە و یەک کەسی ناو یەکێتیش ناپرسێ ئەو پۆستە بۆچی پارتی بەڕێوەی دەبات کە باڵاترین دەسەڵاتی قانووندانانە لە کوردستان؟ کەس نییە بپرسێ ئایا یەکێتی بڕوای بە شەرعییەتی دامەزراوەکانی کوردستان ماوە؟ بەپێی پلانی پارتی بێت کە دەبێ حکومەت تا ٢٩ی حوزەیران پێکبێت، وەستان لەسەر یەکێتی و بەردەوامیی کۆبوونەوە لەگەڵیان بەفیڕۆدانی کاتە. یەکێتی لە نۆ مانگی رابردوودا، نە پابەندی رێککەوتنەکانی بووە و نە رێزی لە ئیمزاکانیشی گرتووە. حکومەتی بەھێز بە تکا و رجا و پاڕانەوە لە یەکێتی پێکنایەت، بگرە چیتر نابێ پارتی لە دەرگای یەکێتی بدات. ئەوەی پێویست بووە بۆ بەشداریکردنی یەکێتی لە حوکمڕانی کراوە، کە یەکێتی خۆی ئەو ئامادەییەی تێدا نەبێت، نە خەتای پارتییە و نە خەتای گۆڕانە. ئاراستەیەکی ناو یەکێتی، بۆ درووستکردنی نەزمێکی نوێ و دەسبەسەرداگرتنی یەکێتی، حزبەکە وەکو ئامرازی ململانێ لەگەڵ پارتی و تەنانەت گۆڕانیش بەکاردێنن. بۆیە پارتی دەبێ تەنانەت لە وەڵامدانەوەشدا ئاگادار بێت و کۆنترۆڵی خۆی لەدەست نەدات. لەسەر یەکێتیش نەوەستێ و حکومەت رابگەیەنێت. سەرۆک بۆ لە ئیستانبوڵ بوو؟ (٢) لە ئانوساتی ھەڵبژاردنەکاندا و لەکاتێکدا کە حیزبی حاکمی تورکیا پەنا بۆ ھەموو رێکارێک دەبات دەنگی کوردی ئیستانبوڵ نەچێتە ناو ھەگبەی دەنگەکانی پارتی ئۆپۆزیسیۆنەوە، یەکەم سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا، جۆری پێشوازی و جۆری راگەیاندنی ھەواڵەکە لەلایەن سەرۆک کۆمار ئەردۆغانەوە، رەنگبێ لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کرابێت. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە ئەو قسانەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دیمانەکەی لەگەڵ ئاژانسی رەسمیی حکومەت کردنی، دەریخست کە سەردانەکە دوور و نزیک ھیچ پەیوەندییەکی بە ململانێی ناوخۆیی تورکیاوە نییە. ئەو سەردانە بۆ رزگارکردنی عادل عەبدولمەھدیی سەرۆکوەزیران بوو لەو گوشارانەی کە لەلایەن نەیارە شیعەکانییەوە خراونەتە سەری. ئێستا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی رۆڵێکی میحوەری لە نێوان بەغدا و ئانکەرەدا دەبینێ. مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی گەواھیدەری ئەوە بوو کە چوار ساڵی داھاتوو، ئەو سەرۆکە گەنجە لە ئایندەی سیاسیی وڵات و ناوچەکەدا چ رۆڵێکی مەزنی بۆ دانراوە. ئەزموونی ئەو لە جۆری مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی و وڵاتانی زلھێزدا، لە ھەموو کاتێک زیاتر فریای وەزعی کوردستان و بەغدا و، تەنانەت پایتەختەکانی دەوروبەریش دەکەوێ. رادەستکردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل لە نەوتی ھەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئیستیحقاقی تەواوی خەڵکی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی، نە بە مانای شکستی سیاسەتی نەوتی ھەرێمی کوردستانە و نە بە مانای ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی پەنجا ساڵەیە لەگەڵ تورکیا، بگرە جێگیرکردنی شەراکەتە لەگەڵ بەغدا و ئانکەرە. دیپلۆماسییەتێکی بەھێز کوردستانێکی بەھێز درووست دەکات. پارتی و پاقلەکەی نەجیم! (٣) کابرایەک ھەبووە لە ھەڵەبجە، رەنگبێ ھەڵەبجەییەکان باشتر بیناسن. بۆیان گێڕاومەتەوە، ئەگەرنا نەمدیتووە. ناوی نەجیم بووە و پاقلەی کوڵاوی فرۆشتووە. ھەر لە بنەڕەتیشەوە پاقلەخۆرێکی باش بووە. ئیتر بە درێژایی رۆژ کە بەدیار مەنجەڵی پاقلەکەیەوە راوەستاوە و بە خەڵکی فرۆشتووە، جار جارەش خۆی حەزی لێبووە قاپێک پاقلە بخوات. بۆیە دەستی بردووەتە گیرفانی چەپی و پەنجا فلسی ئەوکاتەی دەرھێناوە و گوتوویەتی: " نەجیم بایی پەنجا فلس پاقلە بدە بە نەجیم"، دواییش پەنجا فلسەکەی خستووەتە باخەڵی راستە و قاپێک پاقلەی خواردووە. حیکایەتی پارتی و کۆتای نەتەوە و ئاینەکانی ناو پەرلەمان کە بەشداری لە حکومەت و کابینەی وەزاریدا دەکەن، وەکو حیکایەتی نەجیم وایە کە لە باخەڵی چەپەی دەریدێنێ و دەیخاتە باخەڵی راستەی! پارتی گوایە پۆستی سکرتێری پەرلەمانی (کە دوایی دەبێتە جێگر) داوە بە نەتەوەی تورکمان، بڕوا ناکەم ئەو خاتوونە بە خۆی و مێردەکەیەوە کە پێکەوە حیزبێکیان ھەیە، بتوانن بایی یەک کورسی پەرلەمان دەنگ بھێنن. ئینجا خۆشترین شتیش ئەوەیە کە بەرپرسی ناوچەیەکی پارتی بەناوی کریستیانەکانەوە ببێ بە وەزیر! پارتی وەزیرێک بدە بە پارتی!
+ فارس نەورۆڵی خەباتی گەلانی چەوساوە ھەمیشە لەلایەن کۆمەڵێک نوخبەی ئازادی خوازەوە ڕابەرایەتی کراوە، ئیتر ئەو نوخبەیە بەپێی سروشتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگەیە دەرکەوتووە، ھەندێک جار لە کەسایەتیەکی دەرکەوتوو یاخود پیاوانی ئاینی یاخود لە بنەماڵە یەکدا چڕ بۆتەوە، ئیتر بەپێی ئەو قۆناغە و بواری سیاسی، خەباتی سیاسی یان چەکداری پەرەی پێ دراوە، ئەمەش لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی سیاسی گشتگیردا خراوەتە ڕوو بۆ دروستکردنی کیانی سیاسیی یان دەوڵەتی نەتەوەیی. پرۆژەکەی (بسمارک-یەکەم ڕاوێژکاری ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیا ١٨٧١-١٨٩٠) نمونەیەکە کە زۆربەی جار سیاسیەکان ئاماژەی پێ دەدەن و دەگەڕێنەوە بۆی، زۆر سەرکردەی دیکەی جیھان ھەن کە خاوەنی پرۆژەی نەمرن بۆ نەتەوەکەیان، لە قۆناغێکدا خاوەندارێتی مەسەلەی نەتەوەکەیان کردووە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ، کە سەرچاوەی ململانێ و شەڕو بەریەک کەوتنی بەرژەوەندیەکانە، لێرەدا مەسەلەی کورد ئەو ئەڵقە بووە کە کراوەتە قوربانی بەرژەوەندی سیاسی زلھێزەکان و دابەش کراوە بەسەر چوار دەوڵەتدا کە بە ھەموو جۆرێک ھەوڵی سڕینەوەی کوردیان داوە، لە بەرامبەر ئەم جەنگە بێ ڕەحمانەدا گەلی کورد بەرەنگاری بۆتەوە ، توانی جەنگی (وجود) بەرێتەوە ئیتر لە ھەر قۆناغێکدا گروپێک کەسایەتیەک بنەماڵەیەک ڕابەرایەتی بزوتنەوەی کوردایەتی کردووە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا خاوەندارێتی مەسەلەی کورد دەکات ماڵی (بارزانە). حەزدەکەم خوێنەر بەچاوێکی ئایدۆلۆجی وشک یان بە ڕق و کینە ئەم وتارە نەخوێنێتەوە، بەڵکو بە واقع و تێگەیشتن لەواقع سەیری بکات، منیش وەک واقیع نوسیومە، بۆیە پێویستە خوێنەری ئەم وتارە ھەر بیر و ڕایەکی ھەیە، واقیع وەک ئەوەی ھەیە لێی تێ بگات ، نەک وەک ئەوەی حەزمان لێیە. لێرەدا دەگەڕێمەوە کرۆکی مەسەلەکە ئەویش ئەوەیە کە سەیری شۆڕشەکانی بارزان بکەین بەتایبەتی سەردەمی (شێخ عبدول سلام بارزانی) ئەو کات (شێخ عبدول سلامی بارزانی) جگە لەوەی لە ھەوڵی کۆکردنەوەی ھۆزەکانی کوردا بوو، پرۆژەیەکی سیاسی ئامادە کردبوو ئاڕاستەی (عوسمانیەکان)ی کرد کە لە چوار خاڵ پێکھاتبوون، بریتی بوون لەمانە :- زمانی کوردی لە ناوچە کوردیەکاندا بکرێت بە زمانی فەرمی. خوێندن لە قوتابخانەکاندا بە زمانی کوردی بێت. بەڕێوە بەرایەتیە خۆجێییەکان بەدەست کوردەوە بن. باج و دەرامەت وەک خۆی بمێنێتەوە بە مەرجێک لە چاککردنی قوتابخانە و ڕێگاو بان و پرۆژە خزمەتگوزاریەکان بۆ ناوچە کوردیەکان سەرف بکرێت. ئەم داواکارییەی (شێخ عبدول سلامی بارزانی) ساڵی ١٩٠٧ واتە ١١٢ ساڵ پێش ئێستا ، ئەگەر بە چاوێکی تەڵخ-ی ئەم سەردەمە ئەو کاتە نەخوێندرێتەوە ئەم پرۆژەیەی (شێخ عەبدول سەلامی بارزانی) ھەنگاوەکانی بە بەراورد بە جیاوازی سیاسی و فیکری و کۆمەڵایەتی، ھیچی لە پرۆژەکەی (بسمارک) کەمتر نیە، ھەرچەندە عوسمانیەکان داواکەیان جێبەجێ نەکردوو لە پلانێکی گڵاودا (شێخ عبدول سلامی بارزانی) بەدیل گیراو لە سێدارە درا، بەڵام ئەم ئامانجە ڕەوایە کپ نەکراو (موستەفا بارزانی) درێژەی بە خەبات داو شۆڕش ھەڵگیرسایەوە و دواتر (بارزانی) چووە (کۆماری مەھاباد) بۆ ھاوکاری کۆمار . ئەگەر کتێبەکەی (غەنی بلوریان- ئاڵەکۆک) بخوێنێتەوە و وێنایەکی بەرزی ڕۆحی ئەو کاتە دەخاتە ڕوو کە (بارزانی) گەیشتۆتە (مەھاباد) چ ورەیەکی بەخشیوە بە کۆمار جگە لە ھاوکاری سەربازی ھاوکاریەکی دەرونی بەھێز بوو بۆ شکاندنی سنورە دەستکردەکانیش. دوای ڕێککەوتنی سیاسی لە پێناو (نەوت) کۆماری کوردستان کرایە قوربانی ، لەو ساتە دژوار و دوڕیانەدا (بارزانی و قازی) دەبوو بڕیارێکیان بدایە دوو ڕێگەی جیاوازیان ھەڵبژاردایە، ئەوە بوو قازی ڕێگای (عیسا) ی گرتوو بارزانی ڕێگەی (موسا)، کە ھەردوکیان وەک سومبولی نەمری مانەوە، دواتر (بارزانی) بۆ درێژەدان بۆ سەندنەوەی مافی کورد بەردەوام بوو چووە سۆڤیەتی ئەوکات، دواتر لە ١٩٥٨ دا گەڕایەوە، توانی لە دەستوری (عێراق) ئەوە بچەسپێنێت کە (کورد و عەرەب) ھاوبەشن لەم نیشتیمانەدا، ئەمە دەکرێت بە وێستگەیەکی ئاسایشی نەتەوەیی (کوردستان) باس بکرێت، ھەرچەندە ئەو ڕێکەوتنە بەردەوام نەبوو، بەڵام شۆڕش ھەر بەردەوام بوو بە کۆمەڵێک قۆناغی سەخت و کەوتن و ھەستانەوەدا تێپەڕی، ئەوەی گرنگی خەباتی بارزانی یە دوای ھەر شکستێک کە بە پلانگێڕی ئەنجام دراوە ماڵی بارزان لە ھەستانەوەدا بە ورەیەکی بەرزتر دەستیان داوەتەوە خەبات، لێرەدا مەبەست وەلا نانی خەباتی مێژووی ھیچ کەس و لایەن و بنەماڵەیەک نیە، ئەوەی دەمەوێت بیخەمە ڕوو واقیعێکە ئێستا ماڵی بارزان خاوەندارێتی مەسەلەی کورد دەکەن ئەمەش ئیعترافی جیھانی و ناوچەیی و ناوخۆیی کوردستانی ھەیە، بۆیە بۆ تێگەیشتنی ئەرێنی لە واقیع بۆ خزمەتی دۆخی کورد باشتر وایە ھەموو لایەک تێگەیشتنیان بۆ ئەم واقیعە ھەبێت لە چوارچێوەی تێگەیشتنی گشتی کوردستانیدا بۆ خزمەتی بەرژەوەندی باڵای کوردستان، چوون بەریەک کەوتنی نەرێنی لەگەڵ ئەو واقیعەدا دەرئەنجامی باش نابێت، ئەمەش ئەزمون پێمان دەڵێت، کەواتە تێگەیشتن لە واقع وەک خۆی، تێپەڕاندنی واقعە تاڵەکانە، ئەم وتارەش ھیچ ئامانجێکی لە پشت نیە، جگە نیشاندانی ئەو واقیعەو ئەو ئیعترافە ھەمەلایەنەیە کە ماڵی بارزان خاوەندارێتی مەسەلەی کورد دەکەن، بۆ تێگەیشتنی ئەم واقیعەی ئەم قۆناغە و گەیاندنی کورد بە ئامانجەکانی کارکردن بۆ خۆشگوزەرانی خەڵک و یەکانگیری ماڵی کوردستانی پێویستە ئەو دوو کارێکتەرە جوامێرە ھەر کەس لە مەوقیعی خۆیدا ڕۆڵی گرنگ ببینێت بۆ بیناکردنی متمانەی گشتی لە کوردستان، ئەوانیش بەڕێزان (سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت)ە ، لێرەوە نیشانی دەدەن بە شێوازێکی نوێ کە ماڵی بارزان خاوەندارێتی مەسەلەی کورد دەکەن.
كارۆخ عوسمان ئەكڕەم ئیمامۆغڵو كاندیدی بەرەی میللەت لەپارتی CHP لەكۆی ٣٩ قەزاو ناوچەدا لە ٢٨ براوەیە. بیناڵی یڵدڕم تەنھا لە ١١ ناوچەدا بەڕێژەیەكی كەم لەپێشەوەبووە، ڕێژەی جیاوازی نێوانیشیان ٨.١٣ كە دەكاتە ٧٧٧ ھەزارو ٥٨١ دەنگ. لەچاو ھەڵبژاردنی ئەوەلینجار كە لە٣١ ی مارسدا ئەنجامدرا یڵدڕم دەنگێكی زۆری لەدەستداوە كە ئەوكاتە جیاوازیەكەیان تەنھا ٢١ ھەزارو ٤٦٢ دەنگ بوو. بۆ ئاكپارتی ئەو ئەنجامە لەھەڵبژاردنێكی دووبارەی تانەدراودا كە ھەر خودی ئاكپارتی تانەی لێداوە شۆكێكی گەورەبوو، تەنانەت ئاكپارتی خۆی بۆ تەزویرێكی گەورەش لەپێناو سەركەوتن بەھەر جۆرێك ئامادەكردبوو، بەڵام ئەو ئەنجامە دەریخست كە كوردانی دانیشتووی ئەوشارە كە سەر بە HDP ن پاڵشتیەكی گەورەی كاندیدەكەی جەھەپەیان كردووە. ھەرچەندە ڕێژەی دەنگدەرانی ئاكپارتی لەناو كوردانی استانبۆڵدا زیاترە وەك لەجەھەپە بەڵام ئەو دەنگدەرانە جاری پێشوتریش ھەر دەنگدەری ئاكپارتی بوون بۆیە ئەنجام لەقازانجی یڵدڕمدا نەشكایەوە. كوردانی استانبۆڵی تابعی ھەدەپ لەم ھەڵبژاردنە دووبارەییەدا سەڵاحەددین دەمیرتاشیان وەك ڕێبەر سەیر كردو بانگەوازەكەی عبداللە ئۆجەلانیان پشتگوێ خست، بەسەرنجدان لەبانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان دەردەكەوێت كە ئەو ویستی بووە كوردان لەو نێوەندەدا بێدەنگ بن و دەنگ بەھیچ كاندیدێك نەدەن، لەئەگەری ئەوەشدا یڵدڕم دەبوو بەبراوەی ھەڵبژاردن بەچەند پۆینتێك چونكە لەھەڵبژاردنی ٣١ی مارسدا ڕێژەیەك لەدەنگەكانی ئەوجارەی جەھەپە بۆ ھەدەپ ڕۆیشتن و ئاكپارتیش نیەتی تەزویری ھەبوو، بەڵام بەھۆی بەیاننامە داخوازیەكەی ئۆجەلان تا ڕاددەیەكی زۆر ئاكپارتی موتمەئین بوو لەوەی كە كوردانی سەر بەھەدەپ دەنگ بە ئیمامۆغڵو نادەن و نێوەندگیر دەبن، بەمەش ئەنجام لەخزمەتی كاندیدەكەی ئاكپارتی یەكلایی دەبۆوە. ئێستا پارتی گەلی كۆماری CHP لەدوو گەورە شاری كاریگەری توركیا پێشەنگە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لەدوای ڕێفراندۆمی ١٦ی نیسانی ٢٠١٧ی دەستوریەوە ئەردۆگان دەستەڵاتی شارەوانیەكانی كەمكردۆتەوەو لەبەرامبەریشدا سوڵتەی (والی) زیاد كردووە، بەمەش ئەھمیەتی سەرۆكی شارەوانی كەمی كردووە چونكە والیەكان ڕاستەوخۆ گرێدراو و سەر بەسەرۆكایەتی كۆمارن و بڕیار لەخودی سەرۆكی دەوڵەت وەردەگرن كە ئەردۆگانە. بێشك ئەردۆگان شتێكی لەوجۆرەی لەبەرچاو بوو كە شارەوانی ھەندێ لەمێتڕۆپۆلە توركەكان لەدەست دەدات بەدەستەڵاتێكی موتڵەقەوە بۆیە ھەم لەسوڵتەی داماڵین و ھەمیش والیەكانی خستنە ژێر ھەیمەنەی سەرۆكایەتی دەوڵەتەوە.. ئەم ھەڵبژاردنە دووبارەییە بۆ ئاكپارتی بۆیە شكستە چونكە بیناڵی یڵدڕم ھەم سەرۆكی حزب بووەو ھەمیش سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی مەجلیسی گەورەی توركیاش بووە كەچی لەبەرامبەر كەسایەتیەكی لەچاو یڵدڕم لاوی وەك ئیمامۆغڵو بۆ دووەمینجار شكست دەھێنێت، ئیمامۆغڵو جگە لەوەی كەپێشتر سەرۆكی شارەوانی محەلی بووە لە ناوچەی (بەیلیكدوز) ھیچ پۆستێكی تری باڵای ئیداری حكومڕانی نەبووە، ھەمدە بەنسبەت یڵدڕم گەنجێكی پڕتاقەتەو ئەزمونی شارەداری ھەیەو تەمەنی ٤٩ ساڵە، بەڵام یڵدڕم ٦٤ ساڵ تەمەنیەتی، ئەگەر ئەو جیاوازیەش نەبایە زۆرینەی خەڵكی استانبۆڵ بڕیاری گۆڕانكاری لەحزب و شەخسیشدا دابوو، خۆ ئەگەر ئاكپارتی ھیچ كەم و كوڕیەكیشی نەبێت خەڵكی استانبۆڵ بەھۆی كرانەوەی زیاتریان لەچاو شارەكانیتری توركیا ئارەزووی گۆڕانكاری دەكەن، بۆنمونە شارەكانی وەك ڕیزەو تڕابزۆن و ئۆڕدو ھەمیشە لەگەڵ حوكمڕان و حزبی حاكمدا بوینە، ھیچ كاتێك گۆڕانكاری گەورە لەسەر دەستی خەڵكی شارە بچوك و تەریكەكان نەكراوە، سەرنجی گەورە ھەمیشە لەسەر میتۆپۆلەكانە. بەسەرنجدانیش لەڕابردووی گشت حزبە حوكمڕانەكانی توركیا ئاكپارتی لەگشتیان باشتربووە دەرحەق بەگەلانی توركیا بەشێوەیەكی گشتی، جەھەپەش لەڕابردوودا زۆرترین جار سوڵتەی ڕەھای ھەبووەو لەھەموانیش خراپتر مامەڵەی دەرحەق بەكورد كردووەو بۆ ناوخۆی توركیاش ئیدارەیەكی باشی بەڕێوە نەبردووە. بۆ كوردان ھەردوولایان خراپن وەلێ خراپ ھەردەم لەپێشەوەی خراپترەكەدایە. پێویست بوو كوردان سود لەسەرەتاكانی دەستەڵاتی ئاكپارتی وەرگرن و مافەكانیان بەڕێگا مەدەنیەكان بچەسپێنن، بۆ ئەوەی ناچار نەبن لەڕقی حزبی حوكمڕان دەنگ بەحزبە تۆتالیتارو داپڵۆسێنەرەكەی جاران بدەن. وەك ئەوە وابوو كە خەڵكی كورد لەعێڕاق دەنگ بەكاندیدێكی حزبی بەعسی ئیشتراكی بدات. ھەرچەندە پەیامەكەی بەڕێز ئۆجەلان ناوەندگیرو بێلایەن بوو، بانگەوازی بۆ ھێڵی سێیەم دەكرد، ھێڵی سێیەمیش یان بەربەرەكانێ كردنی ھەردوكیانە یاخود ڕۆڵی تەماشاكەر دەبینێت، بەڵام كوردانی استانبۆڵ كە ھەواداری پەكەكەو ھەدەپەن بێلایەن نەبوون و دەنگێكی زۆریان بە كاندیدەكەی جەھەپەدا. ئەردۆگان لەساڵی ٢٠٠٢ تا ئەمێستا لەحوكمدایەو حزبەكەشی براوەی یەكەمی گشت ھەڵبژاردنەكان بووە، لەسەرەتاكانی حوكمیشیدا كورد گەیشتە زۆرێك لەمافە ھاوڵاتیەكانی و لەڕووی جانبی نەتەوەییشدا زۆر شتی بۆ دەستەبەر بوو. بەڵام ئەو ھەڵگەڕانەوەیە بێشك دولایەنەیەو ناكرێ قەومیانە بڕیار بدەین كە تەنھاو تەنھا ئەردۆگان تاوانباری سەرەكیە لەتێكچوونی ئەو بارودۆخە لەبارەی جاران و دەستپێكردنەوەی شەڕوئاشوب لەنێوان دەوڵەت و پەكەكە كە نوێنەرایەتی نیوەی كوردانی باكور دەكات. ئەوكاتەم لەبیرە كە لەئامەدی گەورە شاری كوردان لەبەرچاوی ئەردۆگان گەنجانی كورد تابلۆی ڕەگەزپەرستی جەھەپەیان لەسەر دەروازەی شار داگرتە خوارێ كە لەسەری نوسرابوو: Ne mutlu türküm diyene ئاخر ئەردۆگان ڕێگەی بەودا شیعاری ڕەگەزپەرستی تورك كە مستەفا كەمال ئەتاتورك نوسیوێتی لەشاری ئامەد فڕێ بدرێت و كوردان مومارەسەی عەقیدەو باوەڕی كۆمەڵایەتی و پەروەدەیی و مێژوویی و ھونەری و تەنانەت سیاسیش بكەن. دەیان ڕێكخراو و دەزگای میدیایی سەر بەكوردان دامەزران، ڕێگە بەخوێندنی كوردی درا لەزانكۆ و خوێندنگا سەرەتاییەكان. سەرەڕای ئەو ڕێگەپێدانەش ھێشتا بەشێكی زۆر كەمی خەڵك منداڵەكانیان دەناردە بەر خوێندنی زمانی كوردی، چونكە ئارەزوومەندانەبوو، خۆم شایەدی عەیانم. ھەرچەندە ئەردۆگان غروری دەستەڵات گرتی بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا لەھەموو ئەوانەی پێش خۆی دەرحەق بەكورد باشتربووە. ئەوەی لەو ھەڵبژاردنە ڕوویدا دەكرێ وەك ھاوپەیمانێتی نھێنی دووەمینجاری ھەدەپ و جەھەپە سەیربكرێت. لەھەڵبژاردنی ٣١ی مارسی ساڵی ڕابردوو و ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماریش ھەدەپ و جەھەپە لەپەیوەندیەكی چڕوپڕدابوون و دەنگ گۆڕینەیان لەنێواندا ھەبوو، كەچی ھێشتاش نەیانتوانی ئاكپارتی ببەزێن، دیارە ئەو بەرەیە لەناو خەڵكدا لاوازەو سەرنجی لەسەر زۆرە، ئاخر ئاكپارتی براوە بووە، دەرخەری بەھێزی ناو جەماوەرو گەلانی توركیای دەردەخات، بۆیە ئەگەر كورد بیەوێ لەڕێگای جەھەپەوە گۆڕان لەمەساڵحی خۆی بێنێتە وجود دەبێت سیاسەت بەجەھەپە بگۆڕێت و بەڵێننامەی گەورەیان پێ مۆربكەن لەبەرامبەر پشتیوانیكردنیان.