کێ خاوەنداریەتی مەسەلەی کورد دەکات
2019-06-24 14:23:09
+ فارس نەورۆڵی
خەباتی گەلانی چەوساوە ھەمیشە لەلایەن کۆمەڵێک نوخبەی ئازادی خوازەوە ڕابەرایەتی کراوە، ئیتر ئەو نوخبەیە بەپێی سروشتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگەیە دەرکەوتووە، ھەندێک جار لە کەسایەتیەکی دەرکەوتوو یاخود پیاوانی ئاینی یاخود لە بنەماڵە یەکدا چڕ بۆتەوە، ئیتر بەپێی ئەو قۆناغە و بواری سیاسی، خەباتی سیاسی یان چەکداری پەرەی پێ دراوە، ئەمەش لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی سیاسی گشتگیردا خراوەتە ڕوو بۆ دروستکردنی کیانی سیاسیی یان دەوڵەتی نەتەوەیی.
پرۆژەکەی (بسمارک-یەکەم ڕاوێژکاری ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیا ١٨٧١-١٨٩٠) نمونەیەکە کە زۆربەی جار سیاسیەکان ئاماژەی پێ دەدەن و دەگەڕێنەوە بۆی، زۆر سەرکردەی دیکەی جیھان ھەن کە خاوەنی پرۆژەی نەمرن بۆ نەتەوەکەیان، لە قۆناغێکدا خاوەندارێتی مەسەلەی نەتەوەکەیان کردووە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ، کە سەرچاوەی ململانێ و شەڕو بەریەک کەوتنی بەرژەوەندیەکانە، لێرەدا مەسەلەی کورد ئەو ئەڵقە بووە کە کراوەتە قوربانی بەرژەوەندی سیاسی زلھێزەکان و دابەش کراوە بەسەر چوار دەوڵەتدا کە بە ھەموو جۆرێک ھەوڵی سڕینەوەی کوردیان داوە، لە بەرامبەر ئەم جەنگە بێ ڕەحمانەدا گەلی کورد بەرەنگاری بۆتەوە ، توانی جەنگی (وجود) بەرێتەوە ئیتر لە ھەر قۆناغێکدا گروپێک کەسایەتیەک بنەماڵەیەک ڕابەرایەتی بزوتنەوەی کوردایەتی کردووە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا خاوەندارێتی مەسەلەی کورد دەکات ماڵی (بارزانە). حەزدەکەم خوێنەر بەچاوێکی ئایدۆلۆجی وشک یان بە ڕق و کینە ئەم وتارە نەخوێنێتەوە، بەڵکو بە واقع و تێگەیشتن لەواقع سەیری بکات، منیش وەک واقیع نوسیومە، بۆیە پێویستە خوێنەری ئەم وتارە ھەر بیر و ڕایەکی ھەیە، واقیع وەک ئەوەی ھەیە لێی تێ بگات ، نەک وەک ئەوەی حەزمان لێیە.
لێرەدا دەگەڕێمەوە کرۆکی مەسەلەکە ئەویش ئەوەیە کە سەیری شۆڕشەکانی بارزان بکەین بەتایبەتی سەردەمی (شێخ عبدول سلام بارزانی) ئەو کات (شێخ عبدول سلامی بارزانی) جگە لەوەی لە ھەوڵی کۆکردنەوەی ھۆزەکانی کوردا بوو، پرۆژەیەکی سیاسی ئامادە کردبوو ئاڕاستەی (عوسمانیەکان)ی کرد کە لە چوار خاڵ پێکھاتبوون، بریتی بوون لەمانە :-
زمانی کوردی لە ناوچە کوردیەکاندا بکرێت بە زمانی فەرمی.
خوێندن لە قوتابخانەکاندا بە زمانی کوردی بێت.
بەڕێوە بەرایەتیە خۆجێییەکان بەدەست کوردەوە بن.
باج و دەرامەت وەک خۆی بمێنێتەوە بە مەرجێک لە چاککردنی قوتابخانە و ڕێگاو بان و پرۆژە خزمەتگوزاریەکان بۆ ناوچە کوردیەکان سەرف بکرێت.
ئەم داواکارییەی (شێخ عبدول سلامی بارزانی) ساڵی ١٩٠٧ واتە ١١٢ ساڵ پێش ئێستا ، ئەگەر بە چاوێکی تەڵخ-ی ئەم سەردەمە ئەو کاتە نەخوێندرێتەوە ئەم پرۆژەیەی (شێخ عەبدول سەلامی بارزانی) ھەنگاوەکانی بە بەراورد بە جیاوازی سیاسی و فیکری و کۆمەڵایەتی، ھیچی لە پرۆژەکەی (بسمارک) کەمتر نیە، ھەرچەندە عوسمانیەکان داواکەیان جێبەجێ نەکردوو لە پلانێکی گڵاودا (شێخ عبدول سلامی بارزانی) بەدیل گیراو لە سێدارە درا، بەڵام ئەم ئامانجە ڕەوایە کپ نەکراو (موستەفا بارزانی) درێژەی بە خەبات داو شۆڕش ھەڵگیرسایەوە و دواتر (بارزانی) چووە (کۆماری مەھاباد) بۆ ھاوکاری کۆمار .
ئەگەر کتێبەکەی (غەنی بلوریان- ئاڵەکۆک) بخوێنێتەوە و وێنایەکی بەرزی ڕۆحی ئەو کاتە دەخاتە ڕوو کە (بارزانی) گەیشتۆتە (مەھاباد) چ ورەیەکی بەخشیوە بە کۆمار جگە لە ھاوکاری سەربازی ھاوکاریەکی دەرونی بەھێز بوو بۆ شکاندنی سنورە دەستکردەکانیش. دوای ڕێککەوتنی سیاسی لە پێناو (نەوت) کۆماری کوردستان کرایە قوربانی ، لەو ساتە دژوار و دوڕیانەدا (بارزانی و قازی) دەبوو بڕیارێکیان بدایە دوو ڕێگەی جیاوازیان ھەڵبژاردایە، ئەوە بوو قازی ڕێگای (عیسا) ی گرتوو بارزانی ڕێگەی (موسا)، کە ھەردوکیان وەک سومبولی نەمری مانەوە، دواتر (بارزانی) بۆ درێژەدان بۆ سەندنەوەی مافی کورد بەردەوام بوو چووە سۆڤیەتی ئەوکات، دواتر لە ١٩٥٨ دا گەڕایەوە، توانی لە دەستوری (عێراق) ئەوە بچەسپێنێت کە (کورد و عەرەب) ھاوبەشن لەم نیشتیمانەدا، ئەمە دەکرێت بە وێستگەیەکی ئاسایشی نەتەوەیی (کوردستان) باس بکرێت، ھەرچەندە ئەو ڕێکەوتنە بەردەوام نەبوو، بەڵام شۆڕش ھەر بەردەوام بوو بە کۆمەڵێک قۆناغی سەخت و کەوتن و ھەستانەوەدا تێپەڕی، ئەوەی گرنگی خەباتی بارزانی یە دوای ھەر شکستێک کە بە پلانگێڕی ئەنجام دراوە ماڵی بارزان لە ھەستانەوەدا بە ورەیەکی بەرزتر دەستیان داوەتەوە خەبات، لێرەدا مەبەست وەلا نانی خەباتی مێژووی ھیچ کەس و لایەن و بنەماڵەیەک نیە، ئەوەی دەمەوێت بیخەمە ڕوو واقیعێکە ئێستا ماڵی بارزان خاوەندارێتی مەسەلەی کورد دەکەن ئەمەش ئیعترافی جیھانی و ناوچەیی و ناوخۆیی کوردستانی ھەیە، بۆیە بۆ تێگەیشتنی ئەرێنی لە واقیع بۆ خزمەتی دۆخی کورد باشتر وایە ھەموو لایەک تێگەیشتنیان بۆ ئەم واقیعە ھەبێت لە چوارچێوەی تێگەیشتنی گشتی کوردستانیدا بۆ خزمەتی بەرژەوەندی باڵای کوردستان، چوون بەریەک کەوتنی نەرێنی لەگەڵ ئەو واقیعەدا دەرئەنجامی باش نابێت، ئەمەش ئەزمون پێمان دەڵێت، کەواتە تێگەیشتن لە واقع وەک خۆی، تێپەڕاندنی واقعە تاڵەکانە، ئەم وتارەش ھیچ ئامانجێکی لە پشت نیە، جگە نیشاندانی ئەو واقیعەو ئەو ئیعترافە ھەمەلایەنەیە کە ماڵی بارزان خاوەندارێتی مەسەلەی کورد دەکەن، بۆ تێگەیشتنی ئەم واقیعەی ئەم قۆناغە و گەیاندنی کورد بە ئامانجەکانی کارکردن بۆ خۆشگوزەرانی خەڵک و یەکانگیری ماڵی کوردستانی پێویستە ئەو دوو کارێکتەرە جوامێرە ھەر کەس لە مەوقیعی خۆیدا ڕۆڵی گرنگ ببینێت بۆ بیناکردنی متمانەی گشتی لە کوردستان، ئەوانیش بەڕێزان (سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت)ە ، لێرەوە نیشانی دەدەن بە شێوازێکی نوێ کە ماڵی بارزان خاوەندارێتی مەسەلەی کورد دەکەن.