ئیستانبوڵ و جەھەپەو كورد
2019-06-24 12:45:00
كارۆخ عوسمان
ئەكڕەم ئیمامۆغڵو كاندیدی بەرەی میللەت لەپارتی CHP لەكۆی ٣٩ قەزاو ناوچەدا لە ٢٨ براوەیە.
بیناڵی یڵدڕم تەنھا لە ١١ ناوچەدا بەڕێژەیەكی كەم لەپێشەوەبووە، ڕێژەی جیاوازی نێوانیشیان ٨.١٣ كە دەكاتە ٧٧٧ ھەزارو ٥٨١ دەنگ. لەچاو ھەڵبژاردنی ئەوەلینجار كە لە٣١ ی مارسدا ئەنجامدرا یڵدڕم دەنگێكی زۆری لەدەستداوە كە ئەوكاتە جیاوازیەكەیان تەنھا ٢١ ھەزارو ٤٦٢ دەنگ بوو.
بۆ ئاكپارتی ئەو ئەنجامە لەھەڵبژاردنێكی دووبارەی تانەدراودا كە ھەر خودی ئاكپارتی تانەی لێداوە شۆكێكی گەورەبوو، تەنانەت ئاكپارتی خۆی بۆ تەزویرێكی گەورەش لەپێناو سەركەوتن بەھەر جۆرێك ئامادەكردبوو، بەڵام ئەو ئەنجامە دەریخست كە كوردانی دانیشتووی ئەوشارە كە سەر بە HDP ن پاڵشتیەكی گەورەی كاندیدەكەی جەھەپەیان كردووە.
ھەرچەندە ڕێژەی دەنگدەرانی ئاكپارتی لەناو كوردانی استانبۆڵدا زیاترە وەك لەجەھەپە بەڵام ئەو دەنگدەرانە جاری پێشوتریش ھەر دەنگدەری ئاكپارتی بوون بۆیە ئەنجام لەقازانجی یڵدڕمدا نەشكایەوە.
كوردانی استانبۆڵی تابعی ھەدەپ لەم ھەڵبژاردنە دووبارەییەدا سەڵاحەددین دەمیرتاشیان وەك ڕێبەر سەیر كردو بانگەوازەكەی عبداللە ئۆجەلانیان پشتگوێ خست، بەسەرنجدان لەبانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان دەردەكەوێت كە ئەو ویستی بووە كوردان لەو نێوەندەدا بێدەنگ بن و دەنگ بەھیچ كاندیدێك نەدەن، لەئەگەری ئەوەشدا یڵدڕم دەبوو بەبراوەی ھەڵبژاردن بەچەند پۆینتێك چونكە لەھەڵبژاردنی ٣١ی مارسدا ڕێژەیەك لەدەنگەكانی ئەوجارەی جەھەپە بۆ ھەدەپ ڕۆیشتن و ئاكپارتیش نیەتی تەزویری ھەبوو، بەڵام بەھۆی بەیاننامە داخوازیەكەی ئۆجەلان تا ڕاددەیەكی زۆر ئاكپارتی موتمەئین بوو لەوەی كە كوردانی سەر بەھەدەپ دەنگ بە ئیمامۆغڵو نادەن و نێوەندگیر دەبن، بەمەش ئەنجام لەخزمەتی كاندیدەكەی ئاكپارتی یەكلایی دەبۆوە.
ئێستا پارتی گەلی كۆماری CHP لەدوو گەورە شاری كاریگەری توركیا پێشەنگە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لەدوای ڕێفراندۆمی ١٦ی نیسانی ٢٠١٧ی دەستوریەوە ئەردۆگان دەستەڵاتی شارەوانیەكانی كەمكردۆتەوەو لەبەرامبەریشدا سوڵتەی (والی) زیاد كردووە، بەمەش ئەھمیەتی سەرۆكی شارەوانی كەمی كردووە چونكە والیەكان ڕاستەوخۆ گرێدراو و سەر بەسەرۆكایەتی كۆمارن و بڕیار لەخودی سەرۆكی دەوڵەت وەردەگرن كە ئەردۆگانە.
بێشك ئەردۆگان شتێكی لەوجۆرەی لەبەرچاو بوو كە شارەوانی ھەندێ لەمێتڕۆپۆلە توركەكان لەدەست دەدات بەدەستەڵاتێكی موتڵەقەوە بۆیە ھەم لەسوڵتەی داماڵین و ھەمیش والیەكانی خستنە ژێر ھەیمەنەی سەرۆكایەتی دەوڵەتەوە..
ئەم ھەڵبژاردنە دووبارەییە بۆ ئاكپارتی بۆیە شكستە چونكە بیناڵی یڵدڕم ھەم سەرۆكی حزب بووەو ھەمیش سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی مەجلیسی گەورەی توركیاش بووە كەچی لەبەرامبەر كەسایەتیەكی لەچاو یڵدڕم لاوی وەك ئیمامۆغڵو بۆ دووەمینجار شكست دەھێنێت، ئیمامۆغڵو جگە لەوەی كەپێشتر سەرۆكی شارەوانی محەلی بووە لە ناوچەی (بەیلیكدوز) ھیچ پۆستێكی تری باڵای ئیداری حكومڕانی نەبووە، ھەمدە بەنسبەت یڵدڕم گەنجێكی پڕتاقەتەو ئەزمونی شارەداری ھەیەو تەمەنی ٤٩ ساڵە، بەڵام یڵدڕم ٦٤ ساڵ تەمەنیەتی، ئەگەر ئەو جیاوازیەش نەبایە زۆرینەی خەڵكی استانبۆڵ بڕیاری گۆڕانكاری لەحزب و شەخسیشدا دابوو، خۆ ئەگەر ئاكپارتی ھیچ كەم و كوڕیەكیشی نەبێت خەڵكی استانبۆڵ بەھۆی كرانەوەی زیاتریان لەچاو شارەكانیتری توركیا ئارەزووی گۆڕانكاری دەكەن، بۆنمونە شارەكانی وەك ڕیزەو تڕابزۆن و ئۆڕدو ھەمیشە لەگەڵ حوكمڕان و حزبی حاكمدا بوینە، ھیچ كاتێك گۆڕانكاری گەورە لەسەر دەستی خەڵكی شارە بچوك و تەریكەكان نەكراوە، سەرنجی گەورە ھەمیشە لەسەر میتۆپۆلەكانە.
بەسەرنجدانیش لەڕابردووی گشت حزبە حوكمڕانەكانی توركیا ئاكپارتی لەگشتیان باشتربووە دەرحەق بەگەلانی توركیا بەشێوەیەكی گشتی، جەھەپەش لەڕابردوودا زۆرترین جار سوڵتەی ڕەھای ھەبووەو لەھەموانیش خراپتر مامەڵەی دەرحەق بەكورد كردووەو بۆ ناوخۆی توركیاش ئیدارەیەكی باشی بەڕێوە نەبردووە. بۆ كوردان ھەردوولایان خراپن وەلێ خراپ ھەردەم لەپێشەوەی خراپترەكەدایە.
پێویست بوو كوردان سود لەسەرەتاكانی دەستەڵاتی ئاكپارتی وەرگرن و مافەكانیان بەڕێگا مەدەنیەكان بچەسپێنن، بۆ ئەوەی ناچار نەبن لەڕقی حزبی حوكمڕان دەنگ بەحزبە تۆتالیتارو داپڵۆسێنەرەكەی جاران بدەن. وەك ئەوە وابوو كە خەڵكی كورد لەعێڕاق دەنگ بەكاندیدێكی حزبی بەعسی ئیشتراكی بدات.
ھەرچەندە پەیامەكەی بەڕێز ئۆجەلان ناوەندگیرو بێلایەن بوو، بانگەوازی بۆ ھێڵی سێیەم دەكرد، ھێڵی سێیەمیش یان بەربەرەكانێ كردنی ھەردوكیانە یاخود ڕۆڵی تەماشاكەر دەبینێت، بەڵام كوردانی استانبۆڵ كە ھەواداری پەكەكەو ھەدەپەن بێلایەن نەبوون و دەنگێكی زۆریان بە كاندیدەكەی جەھەپەدا.
ئەردۆگان لەساڵی ٢٠٠٢ تا ئەمێستا لەحوكمدایەو حزبەكەشی براوەی یەكەمی گشت ھەڵبژاردنەكان بووە، لەسەرەتاكانی حوكمیشیدا كورد گەیشتە زۆرێك لەمافە ھاوڵاتیەكانی و لەڕووی جانبی نەتەوەییشدا زۆر شتی بۆ دەستەبەر بوو.
بەڵام ئەو ھەڵگەڕانەوەیە بێشك دولایەنەیەو ناكرێ قەومیانە بڕیار بدەین كە تەنھاو تەنھا ئەردۆگان تاوانباری سەرەكیە لەتێكچوونی ئەو بارودۆخە لەبارەی جاران و دەستپێكردنەوەی شەڕوئاشوب لەنێوان دەوڵەت و پەكەكە كە نوێنەرایەتی نیوەی كوردانی باكور دەكات.
ئەوكاتەم لەبیرە كە لەئامەدی گەورە شاری كوردان لەبەرچاوی ئەردۆگان گەنجانی كورد تابلۆی ڕەگەزپەرستی جەھەپەیان لەسەر دەروازەی شار داگرتە خوارێ كە لەسەری نوسرابوو:
Ne mutlu türküm diyene
ئاخر ئەردۆگان ڕێگەی بەودا شیعاری ڕەگەزپەرستی تورك كە مستەفا كەمال ئەتاتورك نوسیوێتی لەشاری ئامەد فڕێ بدرێت و كوردان مومارەسەی عەقیدەو باوەڕی كۆمەڵایەتی و پەروەدەیی و مێژوویی و ھونەری و تەنانەت سیاسیش بكەن.
دەیان ڕێكخراو و دەزگای میدیایی سەر بەكوردان دامەزران، ڕێگە بەخوێندنی كوردی درا لەزانكۆ و خوێندنگا سەرەتاییەكان.
سەرەڕای ئەو ڕێگەپێدانەش ھێشتا بەشێكی زۆر كەمی خەڵك منداڵەكانیان دەناردە بەر خوێندنی زمانی كوردی، چونكە ئارەزوومەندانەبوو، خۆم شایەدی عەیانم.
ھەرچەندە ئەردۆگان غروری دەستەڵات گرتی بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا لەھەموو ئەوانەی پێش خۆی دەرحەق بەكورد باشتربووە.
ئەوەی لەو ھەڵبژاردنە ڕوویدا دەكرێ وەك ھاوپەیمانێتی نھێنی دووەمینجاری ھەدەپ و جەھەپە سەیربكرێت.
لەھەڵبژاردنی ٣١ی مارسی ساڵی ڕابردوو و ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماریش ھەدەپ و جەھەپە لەپەیوەندیەكی چڕوپڕدابوون و دەنگ گۆڕینەیان لەنێواندا ھەبوو، كەچی ھێشتاش نەیانتوانی ئاكپارتی ببەزێن، دیارە ئەو بەرەیە لەناو خەڵكدا لاوازەو سەرنجی لەسەر زۆرە، ئاخر ئاكپارتی براوە بووە، دەرخەری بەھێزی ناو جەماوەرو گەلانی توركیای دەردەخات، بۆیە ئەگەر كورد بیەوێ لەڕێگای جەھەپەوە گۆڕان لەمەساڵحی خۆی بێنێتە وجود دەبێت سیاسەت بەجەھەپە بگۆڕێت و بەڵێننامەی گەورەیان پێ مۆربكەن لەبەرامبەر پشتیوانیكردنیان.