تورکیای دوای هەلبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبۆل
2019-06-24 21:26:55
خالید هەرکی
راو بۆچونی ئاژانسەکانی هەوالگری لەسەر ئەنجامی هەلبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبۆلی رۆژی یەکشەممەی ٢٣ی حوزەیران، دەڵێن چی؟
دوای ئەوەی هەلبژاردنی ٣١ی ئاداری ئەم ساڵ بۆ شارەوانی ئیستەنبۆل لەلایەن کۆمسیۆنی هەلبژاردنی تورکیاوە هەلوەشێندرایەوە کە لە نێوان کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان( ئاکەپە AKP) ( بینالی یەلدرم یا بنعلی یەلدرم و ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆی کاندیدی ئۆپۆزسیۆن پارتی گەلی کۆماری( جەهەپە CHP) ئەنجام درا. دوێنێ یەکشەممە ئەم هەلبژاردنە دووبارە کرایەوە ئەنجامەکەی بۆ ئەمجارەش لە قازانجی جەهەپە CHP تەواو دەبێ بە رێژەی ٥٥%ی دەنگەکانی مەزنترین شاری تورکیا کە ژمارەیان ١٦ ملیۆن کەس دەبێ واتە پێنج یەکی دانیشتوانی گشت تورکیا بەدەست دێنێ، ئەم رێژەیەش دیارە هاوکێشەو سەنگی حوکمران دەگۆڕێ بەتایبەت کە ئیستەنبۆل بە سەنتەری بازرگانی و ئابوریی تورکیا دێتە ئەژمار هەروەکو پێشتر بەر لە هەلبژاردنەکان ئەردۆگان خۆی دانی بەوەدا ناوە و وتویەتی: ئەوەی ئیستەنبۆل بباتەوە تورکیا دەباتەوە، بەم ووتەی دەبێ دەست لە تورکیا بشوا هەرچەندە ئیمام ئۆغلۆ لە یەکەم ووتەیدا دەڵێ: ( بەڵێ خۆشەویستی سەرکەوت لەگەڵ ئەردۆگان هەماهەنگ دەبین بۆ خزمەتی خەلکی ئیستەنبۆل) ، لە کاتێکا لایەنگرانی بە دەربڕینی خۆشحالیان هەستی لایەنگرانی ئەردۆگان بریندار دەکەن و دەوروژێنن.
هەرچەندە یەلدرم بەرەگەز کوردە و خەلکی شاری ئەرزنجانی باکوری کوردستانە لە مندالیەوە دوای مردنی (بەهار)ی دایکی هاتونەتە ئیستەنبۆل و خوێندنی لەوێ تەواو کردوە و دواتر لەسەر ئەو شارە (ئەرزنجان)دەبێتە ئەندامی پەرلەمان. هەرچی ئیمام ئۆغلۆیە خەلکی ترابزۆنە و بە رەگەز تورکە و تەمەنی ٤٩ ساڵی هەیە، سەربە پارتی گەلی کۆماریی تورکیە کە لە ساڵی ١٩٢٣ لەسەر دەستی کەمال ئەتاتورک دامەزراوە. وێرای ئەم جیاوازیە هەدەپە HDP واتە کوردەکان دەنگ بۆ ئیمام ئۆغلۆ دەدەن و هەر بەو هۆیەشەوە سەرکەوتن بەدەست دێنێ بۆیە لە کاتی راگەیاندنی ئەنجامەکانی بەرایی هەلبژاردن ئیمام ئۆغلۆ سوپاسی سەلاحەدین دەمیرتاش دەکات، بەهەر حال.
(BBC) لە توێژینەوەیەکی هەوالگرییدا لەسەر هەلبژاردنەکانی ئیستەنبۆل دەڵێ: ئەنجامەکانی ئەم هەلبژاردنە دەبنە مایەی بەرتەسک بونەوەی بنکەی دەنگدەرانی حزبی حاکم(AKP) هەر بەم هۆیەشەوە ئەگەری ئەوە هەیە ئەندامانی پەراگەندە ببن، دەکرێ ئەنجامەکانی ببنە ئاماژەیەک بۆ دەستپێکی کۆتاییهاتنی حوکمی ئەردۆگان.
هەر ئەم ئاژانسە دەڵێ پیرۆزباییەکانی ئەردۆگان بۆ سەرکەوتوەکە دەکرێ هەولێکی نەزۆکی بێ بۆ دەستبەردار نەبونی جلەوی کارەکان و دورخستنەوەی سەرنجی خەلک بۆ ئەو پرسە گرنگە.
ئاژانسی هەوالگری ئەلمانیش دەڵێ: لەدەست دانی شارە مەزنەکەی ئyستەنبۆل زیانەکانی مەنزترن لەوەی تەنها شارێکی مەزنی لەدەست داوە، دیارە کە پۆستی سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبۆل بۆ ئەردۆگان خالی دەستپێکردنی بوو بەرەو لوتکەی دەسەڵات .
لە هەمان کات ئاژانسی هەوالگری رۆیتەریش دەڵێ : دۆڕاندن و لەدەست دانی ئیستەنبۆل بۆ ئەردۆگان لە کاتێکدایە کەوتۆتە گێژاوی کێشە و قەیرانی ئابوری بۆیە بەگران لەسەری دەکەوێ.
جگە لە ئاژانسەکان سیاسەتمەداری ئەلمانی لە پارتی سەوزی ئۆپۆزسیۆن(جیمس ئۆزدەمیر) کە بەرەگەز تورکە دەڵێ: سەردەمی ئەردۆگان کۆتاییهات، ئەم سیاسەت مەدارە ئەمرۆ بۆ رادیۆی ئەلمانی دواو وتی ئێمە ئێستا لە قۆناغی (قەرەبوی کاتی لەدەستدراوین) هەروەها ووتی ئێستاش مەترسیەکان ماون چونکە ئەردۆگان ئەو هێزەی ماوە تورکیا بەرەو هەلدێر ببا.
هەر لەم روانگەیەوە ئاژانسی(بلومبورگ) دەڵێ ئەردۆگان هەولی ئەوە دەدا وا نیشان بدا بەردەوامە لە بەدواداچونی پرسە گرنگەکان وەکو پرسی سزاکانی ئەمریکا کە لە ئەنجامی کرینی سیستەمی موشەکی بەرگریی روسی ، بەنیازە بیخاتە سەری.
سکینەری بەرێوەبەری بەشی رۆژهەلاتی ناوەراست و ئەفریکا لە دەزگای(فیریسک مابلکروفت) دەڵێ: ئیمام ئۆغلۆ بوو بە سەرکردەیەکی نیشتمانی بۆ ئەردۆگان ئێستا کارێکی قورسە ئەم سەرکردە بێلایەن راگرێ، ئابوریی تورکیا لەم کاتەدا بە دۆخێکی قورسدا تێدەپەرێ رێژەی ١٤%ی بێکاریی هەیە.
ئیتر لەم لێدوان و تێبینیانەی سیاسەتمەدار و ئاژانسانە پێدەچی ئەردۆگان لەم میانە پەتەکە بپسێنێ و دەمامک لەسەر روخساری وەلانێ خۆی بە پەلێکدا بدا لە نمونەی سەرەرۆیی و لەخۆبایی بون لە پێناو دەرباز بونی لەم قەیرانانەی ئابوری و سیاسیی ناوەخۆ و دەرەوەیدا کە ماوەی چەند سالێکە بە چەواشە کردنی دونیای ئیسلامی و عەلمانی بەسەر دۆخەکانیدا باز دەداو کاتی پێ دەباتە سەر،ماوەیەک لە رێگەی چاو سورکردنەوە لە ئیسرائیل لە پێناو پەلکێش کردنی دونیای ئیسلامی بۆ ژێر چەتری خەونی خەلافەتی ئیسلامی و ماوەیەک بە چەواشەکردنی ئەمریکا بۆ پەلکێش کردنی بایەخ و گرنگی پێدانی روسیا بە پێگەی تورکیا ماوەیەکیش بە شەڕی ئابوری و کۆچبەران لەگەل ئەوروپا، کە هەمویان سەرچاوە و مەرامەکانی لەپێناو لەناوبردنی کورد و پرسە دادپەروەریەکەی بوە، بە دوری نازانم تەنگەتاو بونی ئەردۆگان بەهۆی کوردفۆبیاوە هەمان چارەنوسی سەددامی بێنێتە پێش، کورد وتەنی( بۆ ریش چوو سمێڵی نایە بانی).