لە پەنا ناوی نەوشیروان مستەفاوە
2019-06-28 10:19:05
+ لەتیف فاتیح فەرەج
كورد دەڵێن دۆست گۆشتیشت بخوا ئێسقانت ناشكێنێت ، سەرەتای سەرهەڵدانی گۆڕان ئێمەو مانان لە ئاوازێكی نەشازی نێو بزوتنەوەكە دەترساین ، كە لە لایەكەوە بزوتنەوەكەی لە سەرتاسەریەوە دەكردە لۆكاڵی ، لە لایەكی دیكەشەوە بە ئاوازێك دەدوا كە ئەو نەبێت كەسی تر ، ئێمە ئەو كاتە بۆ ئاشتی كۆمەڵایەتی و سیاسی ، بۆ نەبچڕانی زنجیرە بەندی كۆمەڵایەتی ، رەوانشاد نەوشیروان مستەفاو كاك عوسمانی حاجی مەحمودمان لەو مەترسیانە ئاگادار دەكردەوە ، هەڵبەت خۆیشیان دركی تەواویان بەو مەترسیە كردبوو ، كێ ئاراستەی ئەوئاوازەی ناو بزوتنەوەكەی دەكرد، مەگەر هەر خوابزانێ .
ئێستا هەمان ئەوئاوازە لە پەنا ناوی نەوشیروان مستەفاوەو هەندێك جاریش بە هێنانەوەی قسەی تەم و مژاوی ئەو ، رۆڵێكی مەترسیدار لە هەلا هەلا كردنی بزوتنەوەی گۆڕاندا دەبینێت ،دەنگ و باسی دروستكردنی حزب لە لایەن ناڕازیەكانەوە ، گەورە كردنەوەی ئەو پرسە ، بمانەوێت ونەمانەوێت خزمەتێكی گەورەیە بە نەمانخوازەكانی گۆڕان ، سەیرەكە ئەوەیە ئەو زەنایە لەناو گۆڕاندا زیاتر برەوی سەند ،ئەوە بێئەوەی رێكخەرو خانەو جیڤاتەكان قسەیەك بكەن ، وەك ئەوەی ئێستا قسە كردن لەو بزوتنەوەیەدا لە هەموو ئەوان سەنرابێتەوەو درابێت بە كەسانی تر ، لەو رۆژانەی بەرێدا هەندێك جار كارەكتەری پارتی لەبری گۆڕانەكان قسەیان دەكرد" بەتایبەت لە وەڵام بە پارلەمانتارەكانی بەغدا " .
بزوتنەوەی گۆڕان نەك هەر چووەتە رێكەوتنێكەوە لە گەڵ پارتیدا كە ئایندە كەی كەس نازانێ چۆن دەبێت ، بگرە بووە بەبەشێك لەوهێزەش كە پەیتا پەیتا كار لەسەر لێدانی ناڕازیەكان دەكات ، یانی بزوتنەوەكە ئەوەندەی خەریكی چاكسازی و ئەو بەرنامەیە بێت كە خۆی بانگەشەی بۆ دەكات ودەڵێت پارتی هەمووی جێبەجێ دەكات ، خەریكی لێدانی ئەو دەنگە ناڕازیانەی ناو خۆیەتی كە تا ئێستا بزوتنەوەكەیان لە سەر پێی خۆی هێشتوەتەوە ، با دەستیشیان لە كار كێشابێتەوە یان لە ماڵەوە دانیشتبن .
من بڕوای تەواوم بەوەهەیە ئەوانەی ئێستاش رەخنە لە بزوتنەوەی گۆڕاندەگرن ، بە تایبەت ئەوراستگۆیانەی مەترسی لە رێدەرچونەكە دەزانن ، بریتین لە خەمخۆرە راستیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ، جا گۆڕان بەوە رازیە یان نا ئەوەیان شتێ ترە ،ئەوانە هەموویان دەیەیەكی تەمەنیان لە ناو ئەو بزوتنەوەیەدا بە خەرجداوە ، ناكرێت لە پای رەخنەكانیان وەك گوێیان لێناگیرێت ورێزی قسەكانیان ناگیرێت ، تۆمەت و تانەیان لێبدرێت ، من خۆم شاهیدی چەندین قسەی ناخۆشم كە مایەی گێڕانەوە نیە، لە راستیدا رۆژ بە رۆژ زیاتر من ئەوەم لا ڕوونتر دەبێتەوە كە ئێستا نا كە لە پەنا ناوی نەوشیروان مستەفاوە تانە لە گۆڕانخوازە راستیەكان دەدرێت ، بگرە ئەو كاتیش كە هێشتا نەوشیروان مستەفا لەژیاندا بوو ، كە سانێك لە پەنا ئەوەوە یاریە كی مەترسیداری خۆبە دەستەوە دان نا ، بزوتنەوەكە بە دەستەوە دانیان دەكرد،رەنگە لەوەشدا خودی نەوشیروان مستەفاو كارەكتەرەكانی بزوتنەوەكەش پشكی ئەو خەتایەیان بەربكەوێت كەلە هەڵبژاردنی هەندێك كەسا بۆ هەندێك پۆست "بەخت " یاریان نەبوو .