ئەستەنبول ئاوێنەیەك بۆ بینینی خۆمان
2019-06-25 09:00:01
پەیكار عوسمان
١- (لە تورکیا دیموکراسی بردییەوە، بردنەوەی دیموکراسیش دەرفەت و چانسێکی ترە بۆ گەڕانەوە بۆ حەلی دیموکراسییانە) لەڕاستیدا ئەمە گرنگترین شتە کە لەوێ ڕوویداوەو ئەگەر هەمووان و بەتایبەت ئەردۆغان، لەم ساتە تێبگەن، بێ شك ئەبێتە ساتێکی مێژوویی!!
بەپێچەوانەشەوە ئەگەر ئیرادەی ملهوڕی و تاکڕەوی بیبردایەتەوەو ئەمەشی بۆ بچوایەتەسەر، ئەوکات ڕۆشتن بە ئاڕاستەی دوورکەوتنەوە لە دیموکراسی بەردەوام ئەبوو، وە ساتێك و وێستگەیەك و ئەگەرێكیش لەئارادانەبوو بۆ هەڵوەستەو بۆ لاکردنەوە لە حەلی دیموکراسی!
٢- (سیاسەت لە باشور ئینسانی پوچ و سەتحی دروستکردوە، بەڵام لە باکور ئینسانی پڕو هۆشیاری دروستکردوە) فەزڵی ئەوەش بۆ خودی کولتوری دیموکراسی تورکیاو بۆ خەباتی پەکەکەیە!
ئاشی سیاسەتی ئێرە (چاو) ئەیگێڕێ و هەر پرسێك ڕاگەیاندن و فەیسبوك بیجوڵێنێ و بەرچاوبێت، تەواوی کۆمەڵگا پێوەی خەریك و دابەش ئەبن!
بەڵام سیاسەت لە باکور، چونکە تۆزێ لە چاو ئەولاتر ڕۆشتووەو تا لای فکرو عەقڵ چووە، ئیتر خەڵکی ئەوێ بە پڕوپاگەندەی نامەی ئۆجەلان تێناکەون، ئەگەرچی پابەندییەکی ڕۆحییشیان لەگەڵ ئەو پیاوە هەیە!!
خۆ ئەگەر شتێکی وا لە باشور ڕوویبدایە، ئەوە جگە لەوەی خەڵك تێئەکەوتن و نەتیجەکە ئەگۆڕا، خەڵك ئەبوونە دوو بەش و بەریشئەبوونە یەکتر!
٣- ئەگەر لەمن بپرسی بۆ خەڵکی تر دەوڵەتیان هەیەو کورد نیەتی؟ پێتناڵێم لەبەر ئەوەی گەلانی تر عاقڵن و ئێمە گەمژەین. (پێتئەڵێم لەبەرئەوەی گەمژەیی خەڵکی تر سنوری هەیە، بەڵام هی کورد نیەتی)!
سەیرکە ئاکەپە، ئەگەرچی هەر جاری یەکەم، ئەبووایە دۆڕانی قبوڵبکردایەو پیرۆزبایی لە براوە بکردایە، بەڵام هەرنەبێ جاری دووەم کردی!
دە وەرە تۆ، دووجارو سێجار نا، دوای سەدجارو هەزارجار، پارتی تێگەیەنە کە لە هەولێر دۆڕاوە!
لەڕاستیدا گەمژەیی لای هەمووان و لە هەموو شوێنێك هەیە، بەڵام ئەوانیتر خۆیان و وڵاتی خۆیان خۆشئەوێ، ئیتر لە شوێنێکیشدا گەمژەیی ئەوەستێنن و هەموو شتێکی بۆ تێکنادەن! وەلێ کورد لەپێناو گەمژەییەکی خۆی، هەموو شتێك تێکئەدا، بۆیە هیچی دروستنەکردوە!
لای ئەوان گەمژەیی هەیە، بەڵام خەتی سوریش هەیە کە گەمژەییەکانیان بوەستێنێ و دواجار بگەڕێنەوە بۆلای عەقڵانییەت! بەڵام لای کورد، (گەمژەیی) خۆی خەتە سورەکەیە، بۆیە هیچ شتێك نەیوەستاندوەو دواجاریش هەرخۆی ماوەتەوە!
٤- بە تێگەیشتن لەو جیاوازییەی، کە لەنێوان هۆشیاریی سیاسیی کوردی ئەستەنبول و کوردی باشور هەیە، ئەبێ تێبگەین لەوەی کە ئێمە، پێویستمان بە حیزبێکی سیاسیی تر نیە، پێویستمان بە تێگەیشتنێکی سیاسیی ترە!
سیاسەتی باشور دوو خەتە، خەتێك لە هەولێرەوە دەوڵەتمان بۆ دروستئەکاو خەتێك لە سلێمانییەوە پارتیمان بۆ ئەڕوخێنێ!
ئەمیان لە پشتی شیعاراتی قەومییەوە، ئەوەی خراپبێ بەسەر ئینسانی کوردیا هێناوە!
ئەویان لە پشتی بانگەشەی دژایەتی پارتییەوە، هەر ئەوە ئەکات کە پارتی کردویەتی و هەر کۆپی ئەوە!
(دژەپارتێتی) وەکو دژایەتی فەسادو بنەماڵەگەری، یان وەکو جیاوازی فکری و ململانێ ی سیاسیی.. دروستە. بەڵام (دژەپارتێتی تەنیا وەکو خڕکردنەوەی مێگەل و کردنەوەی دوکانێکی سیاسی لە دەڤەری سەوز) ئەمە حەشیشێکە کە لە شەستەکانەوە ئەم دەڤەرەی تەنیوەو چیتر پێویستە لەپاڵ (حەشیشی کوردایەتی) و حەشیشەکانی تردا، باسبکرێ و پوچەڵ و بەتاڵیبکەینەوە!!
چیتر ئێمە پێویستمان بە هێزێك نیە کە ئیش لەسەر (دەوڵەت) یان لەسەر (پارتی) بکات.. ئێمە پێویستمان بە مەشروعێکە کە ئیش لەسەر ((ئینسان)) بکات، چونکە ئەوەی لە ئێمەدا ڕوخاوە ئینسانە، ئینسانیش لە بیرکردنەوەو تێپەڕاندنی دۆخی حەشیشەوە دروستئەبێتەوە، هەموو شتەکانی تریش لەدوای ئەم دروستبوونەوەیەوە دروست ئەبن!
ئێمە پێویستمان بە دۆخی ناحەشیش و پوچکردنەوەی حەشیشەکانی دروستکردنی (ڕق و مێگەل)ە، لەبەرژەوەندی بیرکردنەوەو دروستبوونی تاکی هۆشیارو ئازاد.
مێژووی حیزبایەتی ئێمە، مێژووی ڕق و نابووتکردنی ئەوەی پێشترە، هەر حیزبێك لەوێوە دەستی پێکرد، سەربە هەمان مێژووەو ئێمەش پێوستمان بە مێژوویەکی ترە، نەك بە حیزبێکی تر! مێژوویەکی تریش لەوێوە دەستپێئەکات کە (س) خۆی لەخۆیدا شتبێ، نەك لە نابووتیی (ص)دا.