ئۆپۆزیسێۆن، لەنێوان شکست و پاشەکشێدا
2019-06-27 17:55:42
ئارام سەعید – سەرکەوت شەمسەدین
لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا چەند هەلبژاردنێک ئەنجام دراوە و لە هەمویاندا دەنگی ئۆپۆزیسیۆن و نارازی هەبووە، لە سالەکانی (٢٠٠٥، ٢٠٠٩، ٢٠١٣، ٢٠١٤،٢٠١٨ ) لە سالی ٢٠٠٩ ەوە ئۆپۆزیسیۆنێکی سیاسی بە ناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە سەری هەڵدا و توانی کاریگەری گەورەی لەسەر پرۆسەی حوکمڕانیی و کۆکردننەوەی دەنگە ناڕازیەکان هەبیت و خەونی گۆڕینی لەلای هەموو ئەوانە دروستکرد کە ساڵانێک بوو بە شیوازی جیاواز و هەوڵی فەردی و دەرکردنی رۆژنامەی ئەهلی و وتاری رەخنەیی و فیکری و حزبی بچوک ، زەمینەیەکی لەباریان خولقاندبوو بۆ بەهێزبونیی هەر هیزێک کە بتوانێت روبەروی دەسەلاتی تاکڕەوی یەکێتی و پارتی بێتەوە، چونکە ئەوەی ئەوان دروستیانکرد بەرامبەر دەسەڵات بنەمای ئۆپۆزسیۆنی گۆمەڵگەبوو کە زۆر بەهێزترە لە ئۆپۆزسیۆنی حزبی.
لەوکاتەوە (٢٠٠٩) تا رۆژگاری ئەمرۆمان کە دەساڵە چەند هەڵبژاردنێک ئەنجامدرا و گۆڕانکاری گەورە بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتوە کە تیایدا ئۆپۆزسیۆن وەک حزب کەوتە بەر تاقیکردنەوە و تەحەدیاتی چاوەروان نەکراو، دیارترینیان شەڕی داعش و ئەنجامدانی ریفراندۆم بوون، کە دوو هۆکاری گەورە بوون بۆ لاوازبونی ئۆپۆزیسیۆن و پاشەکشەکردنیان لە کایەی سیاسیدا.
ئەمە سەرەرای ئەوەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن گەیشتنە ئەو بروایەی ئیتر بە بەشداری لە دەسەڵات گۆڕانکاری دروست بکەن، بەمەش هێزێک بە ناوی ئۆپۆزیسیۆن لە ساڵی ٢٠١٤ دا لە پارلەمانی کوردستان نەما.
هەرچەندە هەر لەوکاتەوە هەر هێزێک یان گروپێک باسی روبەروبونەوەو بەرەنگاری کردبێت ئەوا ئەو هێزانە کە پێشتر ئۆپۆزیسیۆن بوون تیربارانیان کردون بە رەخنەو تەخوینکردن، لەبەرئەوەی پێیان وابوە ئۆپۆزیسیۆن بوون لەلایەن خۆیانەوە پاوانکراوەو بێ ئەوەی باکیان هەبێ لەوەی کە خۆیان لە دەسەڵاتن، تەنانەت تائێستاش بە خۆیان وەک دەسەڵات یان بەشێک لە دەسەڵات نابینن و شەرم لەوە ئەکەن دان بەوەدا بنێن کە ئەورۆژەی بریاری چونە دەسەڵاتیان دا ئیتر چیرۆکی ئەوان وەک حزبێک یان بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن کۆتایی هات.
بەڵام ئەوەی تراژیدی بوو کە لە دوای رۆشتنی ئۆپۆزسیۆنی پێشو بۆ دەسەڵات (گۆڕان_کۆمەڵ_یەکگرتوو) چیتر هێزێکی تر نەمایەوە شان باتە بەر بەرپرسیارێتی ئۆپۆزسیۆن، نوخبەو ئەو گروپە کۆمەڵایەتیانەی پێشتر لەروی جەماوەری و فکری یەوە بنەمای ئۆپۆزسیۆنیان دامەزراندبوو پەرتەوازە و دابەشبون و نەتوانرا وەک دەنگێکی سەربەخۆ و ئۆبژێکتیڤ ئیدامە بە دیدی رەخنەگرانەی خۆیان بدەن(جگە لە هەندێ هەوڵی فەردی رێزلێگیراو). ئیتر لەورۆژەوە شڵەژان و بێ هیوایی و پاشەکشە روی لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن کردوە و دەسەڵاتیش پلانی هەیە زیاتر پەرتەوازەی بکات.
بەگوێرەی راپۆرتی گروپی قەیرانە نێودەولەتیەکان کە لەسەر قەیرانی ئێستای هەرێم نوسراوە دەڵیت:
" لە ساڵی ٢٠١٨ هەڵبژاردنی عیراق و کوردستانیش جاریکی تر دەسەلاتی هەردو حزبی پارتی و یەکێتی سەپاندەوە سەرەرای ئەنجامدانی ریفراندۆم و هەموو ئەو قەیرانانەی دروستی کرد، لەو هەڵبژاردنەدا کە ئاستی بێئومیدبونی خەڵک زۆربوو بەو ڕێژەیەی کە بەشداری کردبوو دەرکەوت. ئۆپۆزیسیۆنیش تەواو دابەش و پەرش و بڵاو، بێ هیچ تیروانینێکی ستراتیژی، ئەمەش پێمان دەڵێت ئەنجامەکان قەیرانی قوڵی هەرێمیان چارەسەر نەکرد و چاوەروانیی زیاتر کرد . هەموو چاکسازیەکیش لە بوارەکانی میکانیزمی چاودێری دەسەلات و دامەزراندنەوەی دەستەو دامەزراوەی سەربەخۆی گرنگی دواخست، دەسەلاتی قەزا یش وەک خۆی مایەوە کە ناتوانیت چاودیرێکی گرنگ بیت"*١
"ساڵی ٢٠١٧ ساڵیکی کارەساتبار بوو بۆ کوردستان لەبەرئەوەی هەردوو حزب پارتی و یەکیتی هاوپەیمانیتیان لەگەل خۆرئاوا و شەریان لەگەل داعش گۆڕی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم ، ئەو دەرفەتە گەورەیەی سەرکەوتن بەسەر داعشدا گۆری بۆ خەونی دەوڵەتی کوردی کە لە ئەنجامدا هەموو هاوپەیمانی خۆرئاوا جگە لە ئیسرائیل نیگەران بوون. "*٢
بۆ قسەکردن لەسەر شکستی ئۆپۆزسیۆن پێویستە دوو خاڵمان لەبەرچاو بێت. یەکەم بریتیە لە گوتار و تێروانینی ئۆپۆزسیۆن وئەو ئامرازانەی لەبەردەستیەتی بۆ ئەوەی تێڕوانین و ستراتیژێکی بەدیل پێشکەش بکات نەک ببێتە کۆپی هێزە رکابەرەکانی. واتە هۆکاری یەکەم ناوخۆییە. واتە دەنگدەر بە تەنیا بەوە رازی نابێت کە ئۆپۆزسیۆن دژی حکومەت و هێزە حوکمرانەکانی بی، ناشیرینی و گەندەڵی حکومەت بە تەنیا بەس نیە بۆ ئەوەی خەڵک دەنگ بە هێزێکی نوێ بدات بەڵکو ستراتیژ و پلانی درێژخایەن و سەبر گرتنی ئەوێ، خۆراگری و گۆرینی ستراتیژ و تەکتیکی دەوێت.
خاڵی دووەم بریتیە لە شکست یان سەرکەوتنی دیموکراسی، کاتێک ئۆپۆزسیۆن شکست دێنێ لەم ناوچەیە ئەبێ تەنیا هۆکارە زاتیەکان لەبەرچاونەگرین، بەڵکو هۆکارە مەوزوعییەکان رۆڵی سەرەکییان هەیە لەوەی هەم هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان باوەریان بە وە نەبێت بە ئۆپۆزسیۆن بون بتوانن گۆرانکاری ئەوتۆ بکەن، هەم دەنگدەر بێهیواببێت بەوەی کە میکانیزمی دیموکراسی بۆ وەرگرتنی دەسەڵات شکستی هێناوە. واتە ئەوە شکستی دیموکراسی و بونی تەزویرێکی زۆرە کە ئەو هیوا کەمەی بە ئۆپۆزسیۆن هەیە نەمینێ. بەڵام ئۆپۆزسیۆن بون نابێ تەنیا لە حزبی سیاسی دا کورت بکرێتەوە، بەڵکو ئۆپۆزسیۆنیی حزبی سنوردارە و ناتوانێ سەرکەوتو بێت ئەگەر کارنەکرێت بۆ دروستبونی ئۆپۆزیسیۆنی جەماوەری و کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا و نوخبەی رۆشنبیر، ئەگەر ئەمانە لە پشت ئۆپۆزسیۆن نەبن هەرگیز ناتوانێ کێبرکێیەکی سەرکەوتوانە بکات چونکە حزب چ دەسەڵات و چ ئۆپۆزسیۆن هەمو رێگایەک ئەدۆزنەوە بۆ شکاندن و روبەروبونەوەی یەکتر بە میکانیزمی تەزویریشەوە، بەڵام ئەوە ئۆپۆزسیۆنی جەماوەری و نوخبە و میدیایە ئەتوانێ باڵانسەکە راست بکاتەوە، بەڵام مەرجی سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆنی کۆمەڵگە ئەوەیە لە دەرەوەی حزب کە بە سیاسی (حزبی) نەکرێ بەڵکو وەک هێزێکی رەخنەگر و چاودێر بەسەر حزب و حکومەتەوە بمێنێتەوە.
بۆیە گرنگە چاویک بخشێنینەوە بەو مێژوەدا و بڵێین بۆ ئۆپۆزیسیۆن بەوشێوەیە شکستی هێنا، لێرەوە هۆکارەکان لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورت دەکەینەوە و بپرسین ئایا ئەوەی بەرپرسە لەو شکستانە تەنها یەکێتی و پارتین یان سیاسەتەکانی ئۆپۆزیسیۆن خۆشیی هۆکار بوون.
هۆکارەکان بە کورتی:
١. شەری داعش -٢٠١٤ – توانی کاریگەری هەبێت لەسەر دواخستنی زۆر لە مەسەلە سیاسیەکان، ئەو هەرەشانە بوە هۆی ئەوەی سەرکردە سیاسیەکانی حزبەکانی دەسەلات خۆیان وەک فریاد رەس نیشان بدەن بۆ کوردستان و توانیان لە رێگەیەوە ئۆپۆزیسیۆن بیدەنگ بکەن و دواتریش ریفراندۆم ئەنجام بدەن.
٢. ریفراندۆمی ٢٠١٧ و بێدەنگی و رازیبونیی هەموو هێزەکان بوو بە ئەنجامدانی ریفراندۆم کە هەڵەیەکی ستراتیژی گرنگ بوو لە مێژووی ئێمەدا و تا ئێستاش و چەندین ساڵی داهاتوش ئاسەوارەکانی هەر دیار دەبن ، لەدۆخێکی لەوجۆرەدا ئەرکی ئۆپۆزیسیۆنە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی هەڵوێستێکی رون و ئاشکرای هەبێت ، نەک لەژێرەوە نارازی بێت و بۆ موجامەلەی بارزانی رەزامەندی دەرببرێت و بێدەنگ بێت.
٣. ئەوەی رویدا، مێژوویەکی زۆر کوورت لەئەو پەڕی بەرەنگاربونەوەو ئۆپۆزیسیۆن بوندا بۆ ئەو پەڕی تەسلیمبون، کەم ھێز ھەبووە لە مێژووی ئێمەدا بەڕادەی ئۆپۆزیسیۆنی رابردوو زیانی لە ژیانی سیاسیمان دابێت چونکە ئەرکی ئۆپۆزیسیۆن گۆڕینی دەموچاوەکان نیە بە دەموچاوی تر، یان بنەماڵەیەک بە یەکیکی تر، بەڵکو دەبێت دامەزرێنەری سیستمێک بێت کە رێگە نەدات بە سەرهەڵدانەوەی ستەمکاری بەشێوەیەك دامەزراوەی سیاسی لەلایەن كەمینەیەكەوە كۆنترۆڵ بكرێت. تەسلیم بوون، روبەرونەبونەوەی تەحەدیەکان ، بەرگری نەکردن لە پرەنسیپەکان بە نمونە لە کاتی دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕان ، دەکرا هەڵویستی رون بە کشانەوە لە دەسەڵات رابگەیەنرێت ، هەڵەی دواتر بەشداریکردنی راستەوخۆی ئۆپۆزیسیۆن لە درێژکردنەوەی تەمەنی پارلەمان و دواخستنی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان . کە دوای ریفراندۆم دەیانتوانی رۆڵی کاریگەر ببینن و رێگە نەدەن بە دواخستنی هەڵبژاردن. کورتبینی و ئیش نەکردن بۆ ئایندە... ... لەوانە بزوتنەوەی گۆڕان کە " ھاوکات لهدوای مردنی نهوشیروان مستەفاوه ژمارهی ههڵه ستراتیژییەکان و نهبوونی ئیرادەیەکی سیاسیی بەھێز و چالاک بۆ کاری سیاسیی، لەناو بزوتنەوەکەدا لە گەشەیەکی بەردەوامدایە. سهرهتای گۆجبوونی سیاسیی گۆڕان له بەشدارییكردن له حكومهت و شكستی خهباتی پهرلهمانیی و قفڵكردنی پهرلهمانهوه دهستپێدهكات. پاشان ههر له نەبوونی دیدگایهكی ئهڵتهرناتیڤهوه بۆ ریفراندۆم بیگرە، تا دهگات به لهدهستدانی ئهو ههله مێژووییه كه گۆڕان دوای شانزهی ئۆكتۆبهرەوە سهركردایهتی دروستكردنی بهرهیهكی ئۆپۆزیسیۆنی گهوره دژ به شكسته مێژووییهكانی دهسهڵاتدارانی ههرێم بكات..*٣“
٤. نەبونیی سەرکردە و سومبولێک بۆ ئۆپۆزیسیۆن ، رۆڵی نەوشیروان موستەفا کە خۆی لەبنەرەتدا لە دامەزرێنەرانی حکومەتی هەریم وحوکمڕانی بوەو دۆستایەتی گرنگی لەناو ئاسایش وهێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆدا هەبوو.*٤
٥. دوورکەوتنەوەی ژمارەیەکی زۆر بەرچاوی سەرکردەی دیار و کەسایەتی گرنگ لەناو ئۆپۆزیسیۆندا کە هەریەکەیان بە بیانویەک یان وازیان هێنا یان وازیان پێ لێهێنرا.
٦. ئۆپۆزیسیۆن لە نێوان شۆرش و خەباتی مەدەنیدا تیکەلاوی کردوە بنکەی جەماوەری خۆیان وا رادەهێنن کە شۆرش دەکەن ئەویش بەو دروشمانەی بەرزی دەکەنەوە، دواتر کە بەشداری هەڵبژاردن دەکەن دەبێت لە پارلەمان خەباتی خۆیان بکەن، واتە لایەنگرانیان بەشێوەیەک ئامادەکردوە کە رۆڵی شۆڕشگێر ببینن و لە واقیعدا ئەوەی دەیکەن بەشداری هەڵبژاردن و خەباتی پارلەمانیە، کە ئەوەش هەرزوو لایەنگرانیان لێ دوور دەکەویتەوەو ئەو دروشمانەی سەرەتا بەرزیان کردۆتەوە دواتر بەتاڵ دەبێتەوە.
٧. دابەشبونیی ئۆپۆزیسیۆن و بەردەوام نەبون بۆ کاری هاوبەش ، لاوازیی تێروانینی ستراتیژیی. پێویستە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن سیاسەتی ئەلتەرناتیڤی خۆی پێشکەش بکات و بۆ خەڵکی رون بکاتەوە کە چۆن ئەوان كارەکان بە جیاوازتر دەکەن ، پێکەوە خاڵی هاوبەش کاری هاوبەشیان هەبێت، دابەشبون لاوازیان دەکات. گرنگە شیکردنەوەو زانیاری تەواو بدەن لەسەر سێکتەرەکان کە چۆن بە شێوازێکی جیاواز مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
٨. یەکێک لە پرسە گرنگەکان ئەوەیە هاولاتیان لە هەڵبژاردن ئازاد بن و تەزویر لە ئەنجامەکاندا نەکریت، نەمانی متمانە پەیوەندی بە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە هەیە، کە ئەنجامەکان راستەقینە نەبن و تەزویر بکرێت خەڵک بروای بە پرۆسەکە نامێنیت، وەک چۆن لە دوا هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە ٢٠١٨ بینیمان.
٩. ئۆپۆزیسیۆن زۆربەیان لە سلێمانین، لە کەرکوک یان هەڵەبجەن، واتە دەنگیان ناگاتە پایتەخت و دهۆک، یان دەنگێکی لاوازە هێشتا.
١٠. بێ دەنگیی نوخبەی رۆشنبیر و تەسلیم بونی ژمارەیەکی زۆریان بە دەسەڵات ، ئەنیشتاین دەڵی" "جیهان شوێنێکی ترسناکە، لەبەرئەوانە نیە کە شەرانگیزی دەکەن، بەڵکو ئەوانەی سەیردەکەن و هیچ ناڵێن" ئەو بیدەنگیە ترسناکەی نوخبەی رۆشنبیر لە دونیای ئێمەدا هۆکارێکی ترە بۆ پاسەكشەی ئۆپۆزیسیۆن.
لە کۆتایدا دەسەلاتی سیاسی ئێستا لە کوردستان متمانەی لەدەستداوە ، چاوروانی لێناکریت گۆرانکاری گەورە ئەنجام بدات، بەڵێنی زۆریداوەو زۆر کەمی جیبەجێکردوە، هەرێمیان تەواو قەرزار و ماندوو کردوە، جگە لەدەسەڵاتەکانی جێبەجیکردن و یاسادانان ، دوو دەسەلاتی گرنگی تریشی کۆنترۆڵکردوە کە میدیا و دەسەلاتی قەزاییە، چاوەروان ناکرێت ئەگەر خەلک ئازاد بێت متمانە بە هەمان ئەوهێزانە بکاتەوە جارێکی تر، کەواتە گرنگترین پرسیار کە وەڵام بدرێتەوە ئەوەیە کە بەدیل چیە بۆ وەزعی ئێستا؟ وەلامی ئەم پرسیارە لە نوسینە هاوبەشەکانی داهاتومان دەبینن.
سەرچاوەکان:
١* After Iraqi Kurdistans Thwarted Independence Bid
. - ICG- international crisis group
٢* هەمان سەرچاوە
٣* بزوتنەوەی گۆڕان: شكستی نوخبەیەکی سیاسیی نوێ؟نوسینی: ئاراس فەتاح، مەریوان وریا قانع ( ماڵپەری ئاوێنە )
٤* *The Leadership Crisis of the Kurdistan Region Opposition Parties
09/20/2018 . BY KAMAL CHOMANI
٥* Kurdish Opposition Parties Lost in May 12th Election: Does Fraud Explain it?
Yerevan Saeed
www.washingtoninstitute.org