شاناز برایم ئه‌حمه‌د هه‌ر له‌كاتی نه‌خۆشكه‌وتنی مامی ڕابه‌رمانه‌وه تاوه‌كو ئێستا مانگ نه‌بووه كه به شه‌ڕ و ده‌مه‌قالێ و هه‌ڕه‌شه و هه‌ندێك جاریش قوربان و سه‌ده‌قه به‌شێك له پاره‌ی كوردسات و ده‌زگا و میدیاكانی یه‌كێتیم له‌ملاوله‌ولاوه دابین نه‌كردبێت ، له پاش كۆچی دوایی مامه‌وه ئیتر كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی كه ده‌یانجار ئه‌و په‌نجه‌ره جوانه‌ی كوردساتیان به‌رووماندا داخست و بینه‌رانیان له كه‌ناڵه ئازیزه‌كه‌یان بێبه‌ش كرد و ته‌نانه‌ت مافی بۆن كردنی ئه‌و چڵه نیرگزه خۆشه‌شیان پێ ڕه‌وا نه‌بینین ..! خۆ له پاش ئه‌وه‌ی كه له داخی ئه‌و هه‌موو ناداد په‌روه‌رییانه ته‌ندروستی داده تێك چوو ، ئه‌وا نه‌ك هه‌ر كوردسات به‌ڵكو خاك و ئه‌منه سوره‌كه و ( س.ن.ن) و مناڵپارێز و گه‌له‌ری زاموا و زانكۆی كۆبانی و خوێندنگه‌ی شه‌هید جه‌بار و كه‌ناڵی بادینان سات و كه‌ركوك و سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری كه‌ركوك و ماڵی ئیزدیهكان و كوردستانی نوێ و گشت كه‌ناڵ و راگه‌یاندن و هه‌موو ئه‌و پرۆژانه‌ی كه دیاری مام و داده بوون كه‌وتنه به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی داخستن و هه‌ندێكیشیان داخران به كورد ئایدڵشهوه ..! لێره‌دا كێشه‌كه ته‌نیا كوردساتی ماڵی هه‌مووان نیه ، كوردسات ئاوێنه‌ی ماڵهگهورهكهیه ، واته یه‌كێتی هه‌موو ئه‌وه‌ی كه ئه‌گوزه‌رێت گوزارشت له‌و راستیه ئه‌كات كه ئه‌و یه‌كێتیه‌ی ئه‌مڕۆ چیتر نه یه‌كێتیه‌كه‌ی ئێمه‌یه و نه یه‌كێتیه‌كه‌ی مامه و نه یه‌كێتیه‌كه‌ی جاری جارانه ، هه‌ندێك له‌سه‌ركرده‌كانی ئه‌مڕۆی یه‌كێتی ده‌ستكه‌وتی یه‌ك ته‌به‌ق هێلكه‌ی گه‌نیو و نیو كیلۆ دووگی حه‌یوان و جگه‌ری مریشك و سنوقێك ده‌رمانی ئێكسپایه‌ر ناگۆڕنه‌وه به هیچ یه‌ك له‌و پڕۆژه و دیارییانه‌ی مام و داده و یه‌كێتی بۆ ئه‌وان جگه‌ره‌ی قاچاخ گرنگتره وه‌ك له بادینان سات لای ئه‌وان سه‌یاره و ده‌مانچه و پله و پۆست به‌خشینه‌وه باشتره وه‌ك له هێشتنه‌وه‌ی رۆژنامه‌ی (الاتحاد) بێگومان بۆ ئه‌وان سه‌رف كردنی پاره‌ی یه‌كێتی بۆ پیاو كڕین بۆ كۆنگره سودی زیاتره وه‌ك له دابین كردنی مووچه‌ی كارمه‌ندانی دڵسۆز و ماندوو .. ئه‌وان به خه‌فه‌كردنی ده‌نگه ئازاده‌كان و شاردنه‌وه‌ی راستیه‌كان ئه‌توانن له‌سه‌ر كورسیه‌كانیان بمێننه‌وه نه‌ك به هێشتنه‌وه‌ی ئه‌منه سووره‌كه و ماڵی هه‌مووان ..! ئه‌وه‌ی كه بۆ خودی خوم جێی داخه ئه‌و بێهه‌ڵوێستی و بێ باكیه‌ی كوڕانی مامه كه به‌داخه‌وه له لایه‌كه‌وه خۆیان كردوه‌ته ده‌مراستی ده‌باشان و یه‌كێتی و له لایهكیترهوه گه‌وره‌ترین زیانیان به ده‌باشان و یه‌كێتی گه‌یاندوه ..! له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا به به‌ڵگه‌وه دیارنه‌مانی مووچه‌ی مام ( هه‌ر له‌كاتی نه‌خۆشكه‌وتنیه‌وه تا ئه‌مڕۆ) و بڕینی نه‌سریه‌كه‌ی و بڕینی نه‌سریه‌ی داده و زۆر بابه‌تی هه‌ستیاری تر ئه‌خه‌مه ڕوو ، چونكه نه ماڵه گه‌وره‌كه و نه ماڵی هه‌مووان شایانی ئه‌وە نین كه به‌م ڕۆژه بگه‌ن ..!! رێز‌و حورمه‌تی بێ پایانم بۆ ستافه به ئه‌مه‌ك و دڵسۆزه‌كه‌ی كه‌ناڵی نیرگزه بۆنخۆشه‌كه‌ی ماڵی هه‌مووان ده‌ستی ماندووی گشت كارمه‌ندانی خاك و بادینان سات و كه‌ركوك و س.ن.ن و سه‌ربازه گومناوهكانی ئه‌منه سووره‌كه ئه‌گوشم .. به‌ڵێن بێت تا دووا هه‌ناسه پشتتان به‌رنه‌ده‌م
سەلام عەبدوڵا بەڵگەنەویست و حاشا هەڵنەگرە كە گەلی كورد بەبێ خواستی خۆی و بە زۆرەملی لكێندرا بە عێراقەوە، ئەگەرچی ئینگلیزەكان چەند بەڵێن و ئامادەگییان دا كە پشتیوانی لە گەل و مافەكانی كورد دەكەن و چەند رێوشوێنێك دانرا بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانە، لەگەڵ ئەوەشدا حكوومەتی عێراقی تا دەهات خۆی لەو بەڵێنانە دەدزییەوە و نەیدەویست بە كردار جێبەجێیان بكات و ئەوەندەی لە توانای دابوو چ سەربازی و چ ئیداری، دژی ئەو بەڵێن و مافانە هەنگاوی دەنا. بە كودەتای سەربازیی 14 ی تەممووز کە رژێمی پاشایەتی هەڵوەشاند، ئاسۆیەكی نوێ بەپێی دەستووری کاتیی عێراقی هاتە كایەوە، کوردیش بەو پێیە دەبووە شەریكە بەش لە دەوڵەتی عێراقدا، بەڵام ئەمانیش بەڵێنەكانیان هەر مەرەكەبی سەر كاغەز بوو. لە كودەتا سەربازییەكانی لەمەودواشدا، هەر حكوومەتێك هێزی كەوتبێتە دەست، درێغی لە دژایەتی و پێشێلکردنی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان نەكردووە، بەڵكو لەوەش زیاتر چەك نەما بە كیمیاوی و گازیشەوە دژی كورد بەكارنەهێنرێ و هەوڵی قڕكردنی یەكجارەكی گەلەکەمان نەدرێ. بە پێچەوانەوە گەلی كورد لە خەباتی سیاسی و چەكداری خۆی دژی رژێم بەردەوام بوو تا ئەو كاتەی حكوومەتی عێراقی دوای راپەڕین بە ناچاری كوردستانی بەجێهێشت. ئەگەرچی بەشێك لە ناوچە كوردییەكان هەر لە ژێر رکێفی رژێمدا مانەوە، بەڵام زۆربەی خاكی كوردستان كەوتەوە بەر دەستی كورد خۆی و دەسەڵاتی ئیداری و سەربازی و یاسایی خۆی تێدا دامەزراند و پەرلەمان و دامودەستگای حكومی تێدا بنیات نا، ئەگەرچی بەداخەوە سیمای دوو ئیدارەیی وەرگرت، بەڵام هەر لەژێر دەسەڵاتی كورد خۆی دابوو. رووخانی رژێمی سەدام مۆڵەتی دروستكردنەوەی عێراقێكی نوێی ڕەخساند كە كورد بتوانێت لە سێبەری عێراقێكی دیموكراتیدا بە مافە رەواكانی خۆی بگات، وەك دروشم و بەڵێنەكانی ئۆپۆزسیۆن بانگەشەی بۆ دەكردن، بەڵام ئەم بەڵێن و ڕێككەوتننانەی کە پێش رووخانی رژێم رێککەوتنی لەسەر کرابوو زۆر بەردەوام نەبوو، چونكە هەر كە حكوومەتی نوێی عێراق هەستی بە بەهێزبوونەوەی خۆی كرد ئەوا یەكسەر لە زۆربەی بەڵێنەكانی پاشگەزبووەوە، نە تەنیا ئەوەش، بەڵكو هەڕەشەی داگیركردنەوەی كوردستانی دەكرد و خۆشی بۆ ئامادە دەكرد. ئەمە سەرەڕای بوودجە و مووچە بڕین و برسی كردنی گەلەكەمان و ئابڵۆقەدانی، بۆیە گەلەكەمان بە گشتی گەیشتە ئەو باوەڕەی كە دەبێ چارەسەرێكی نوێ و بنەڕەتی بۆ ئەو زوڵمە بەردەوامە بدۆزێتەوە و بتوانێ زەمینەسازیی داهاتووی خۆی دیاری بكات. بۆیە بڕیاری ریفراندۆم و راوەرگرتنی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان، بڕیاری تاكە کەس و تاکە حزب و تەنها لایەنێك نەبوو، بەڵکو بڕیاری زۆرینەی هەرە زۆری گەلەكەمان بوو، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو گشتپرسییەدا بە روونی ئەو راستییەی ئاشکرا کرد كە گەلەكەمان بە 92.7٪ داوای سەربەخۆیی دەكات و بە چارەسەرێكی گونجاوی دەزانێت. بۆیە ئەو بڕیارە، بڕیاری تێكڕای گەلەكەمان بوو، دەنا هیچ حزب و لایەنێك نەیدەتوانی چەند بەهێزیش بێت ئەو رێژە بەرزە دەستەبەر بكات. بەرزو پیرۆز بێت دووەم ساڵیادی ریفراندۆم کە بووە بەڵگەیەکی مێژوویی بۆ راگەیاندنی خواستی گەلەکەمان، کە چەندین ساڵە خوێن و قوربانی لە پێناودا دەدات.
هونەر تۆفیق فیکری کوردی هەتا ئێستەکە کەمترین ئیستی لەسەر شکست و فەشەلەکانی کورد کردووە . لەگەڵ ئەوەدا کە ئێمە گەلێکین ڕۆژانە فەشەل بەرهەمدەهێنینەوە ، کەچی بەلایدا تێدەپەڕین و بەئاسایی وەریدەگرین . هەڵبەتە ئەمە لە ئەنجامی ڕاهاتنمانەوە نیە لەناو ژیانی فەشەل و شکستدا ! بێموبالاتیش نیە لە ئاست دیاردەکانی مێژوودا ، بەڵکە نەدۆزینەوەی دەرچەیەکە لەناو ئەو هەموو فەشەلەی سیاسەتی کوردی دەیبەخشێت بە ئینسان و کۆمەڵگەی کورد . فیکری سیاسی کوردی کەلەسەر وەهمی کوردایەتی ( وەهمە چونکە نازانرێت ڕێبازی کوردایەتی چی دەگەیەنێت و فەلسەفەکەی چی یە !؟) بنیادنراوە ، تا ئێستەکە بیرکردنەوەیەکی زاڵە لەناو حیزب و سیاسەتی کوردی‌دا . ترۆپکی ئەو وەهمە گەیشتن بوو بەسەربەخۆیی . سەرباری دەیان فەشەلی تر لەمێژووی سیاسی‌دا ، گەورەترین شکست بەسەر کوردایەتیدا هاتبێت ، شکستی ڕیفراندۆمی ٢٥ ی ٩ ی ٢٠١٧ بوو . چونکە کۆی ئینارجیە نەتەوەیی و فیکری و سیاسیەکانی گەلی لەو پرۆسەیەدا کۆکردەوە ، هەمووان ( چەند سەد کەسێک نەبێت ) کەوتنە ناو مەنزومەی کوردیەتی کوردەوە . لەوەتەی ڕیبازی کوردایەتی وەک تێزێکی سیاسی و حیزبی لەناو کورددا دروست بووە لەهەوڵی تێخستنی کورددایە بۆناو ئاشی کوردایەتی . لە ڕیفراندۆمدا ، کورد خستنە ناو کوردایەتیەوە سەرتاپاگیرانە سەرکەوتن بەدوو هۆکار : یەکەمیان : بەکارهێنانی حەماسی نەتەوەیی کورد بۆ سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتێکی تایبەت بەخۆی . دووەمیان : خستنەگەڕی ماکینەی تەخوینکردنی ئەو دەنگانەی دەیانزانی ئەوە قومارێکە و بەچارەنوسی گەلێک دەکرێت . لەترسی بەخائین کردن ، زۆرێک لەگەڵ ئەوەشدا بڕوایان بە پرۆسەکە نەبوو ، بەڵام هەر پشتیوانیان لە دوا هەوڵی سیاسەتی کوردایەتیەکە کرد . لەم ئەزموونی کوردایەتیەی کورد ، عەرەبەکانیش لە سەدەی ڕابردوودا هەمان شکستی گەورە و مێژوویان بەدەست عروبەوە خواردووە . عروبە لە ساتع حوسەریەوە تا عەبدولناسر و دواتر لە ترۆپکیدا لای سەدام حوسەین ، بەکۆمەڵێک هەڵچوونی نەتەوەیدا گوزەری کرد . تا دواجار لە ترۆپکدا ، لە سەدام حسەینەوە بەیەکجاری کۆتایی بە ڕێبازی عروبە هات و کۆتایی بە دوا هێزی ئەو ڕەوتە هات لەناو نەتەوەی عەرەبدا . ترۆپکی ئەو ڕەوتە سیاسیەش لە کورددا ، سەرچڵیکردن بوو بە خەونی نەتەوەیەکەوە ،سەرچڵی بوو چونکە هیچ شکستێکی سیاسی و مێژوویی کورد ، هێندەی شکستی هەوڵی سەربەخۆیی لەلایەن تەیاری کوردایەتیەوە کارەساتبارنەبوو لەناوخۆ و دەرەوەی کوردستاندا . ئاسەواری ئەو فەشەلەیان تەنیا بە سیاسەت و ئابووری و فەرهەنگی کوردەوە بەند نەبوو ، بەڵکە کاریگەری درێژمەودای بەسەر کبریا و عیزەتی نەفسی تاک بەتاکی کوردەوەهەیە . شکستێک بوو لە غروری بای بای عێراقەوە ، ئینسانی کوردی مەجبوری بەغداکردەوە بۆ وەرگرتنی موچە و قوتی ڕۆژانە . شکانی عیزەتی نەفسی سیاسی و ئینسانی و مێژووی گەلێک لەئەنجامی ئەو ڕیفراندۆمەوە ، دروستکردنی هەستێکە لەناو ئیرادەی ئینساندا کە ئەگەر خواستی سەربەخۆییەکەی حەزی بای بای کردنی لەعێراق پێ‌بکات ، بەڵام فەشەلەکەشی ناچاری کرد ، پاشگەزبێتەوە و لاوازانە بڵێت بەرەوباوانت بوومەوە عێراق .
دانا مەنمی زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگاكانی دونیا سه‌ره‌تا دام و ده‌زگای به‌ڕیوه‌بردنی تۆكمه‌یان دروست كردووه و پاشانیش كه‌سایه‌تی مه‌عنه‌وی سیاسی نێونه‌ته‌وه‌ییان بنیات ناوه ئه‌وجا هه‌نگاویان ناوه بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی سیمای نه‌ته‌وه‌یی ببه‌خشن به‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه بنیاتی ده‌نێن ، دیاره كاتێك له ده‌وڵه‌ت ده‌دوێین ده‌بێ وه‌كو دام و ده‌زگایه‌كی به‌رێوه‌بردنی سیاسی بیناسین و سیفات و خاسیه‌ته‌كانی لێكبده‌ینه‌وه ، میژووی دروستبوونی ده‌وڵه‌ت كۆنه به‌ڵام له سه‌رده‌می ڕێنیسانسدا پێناسه‌یه‌كی گونجاو بۆ تێكڕای سیفاته‌كانی ده‌وڵه‌ت كرا ، ئه‌رستۆ ده‌لێت : هه‌موو ده‌وڵه‌تێك بریتی یه له هاریكاری كۆمه‌ڵگا به هه‌موو شێوه‌كانیه‌وه له پێناو چاكه و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی دا . له پێناسه‌كه‌ی ئه‌رستۆدا ده‌رده‌كه‌وێت كه ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای هاوكاریكردنی یه‌كتر له پیناو كار‌و چاكه‌ی گشتی دا دروست ده‌كرێت ، كه‌واته ده‌وڵه‌ت ده‌بێته دامه‌زراوه‌یه‌ك بۆ نزیكبونه‌وه‌ی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگا له‌یه‌كتر ئامانجی سه‌ره‌كیان بۆ دروستبونی ده‌وڵه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی و چاكه‌ی گشتی یه ، كۆماری ئه‌فلاتونیش هه‌ندێ یاسایی تایبه‌تی بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌ت داناوه كه پێ له‌سه‌ر عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی داده‌گرێت و ده‌یكاته پێوه‌ر بۆ سه‌ركه‌وتنی ده‌وڵه‌ت ، فارابیش وه‌كو بیرمه‌ندێكی ئیسلامی پێی وایه هاریكاریكردنی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگا ده‌بێته زه‌مینه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت . پارتی ریخ و پشقلی تێكه‌ڵاو كردووه‌و ناوی ناوه بناغه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردی ، هه‌رچی میڵه‌تانی دونیایه‌ك به گاڵهتهجارییهوه ده‌ڕواننه ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ی پارتی بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردی ، هه‌موو ئه‌و میله‌تانه‌ی كه ئیستعماری كۆن داگیری كردوون له میساقی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له به‌ندی ۱۳ ماده‌ی ۷۳و ۷٤ راسته‌وخۆ بڕیاری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به ژماره ۱٤٦۷ ساڵی ۱۹٥۹ پیناسه‌ی یاساییان بۆ كراوه و تێیدا هاتووه‌و ده‌لێت : ئه‌و گه‌ڵانه‌ی كه له‌لایه‌ن ئیستعماری كۆنه‌وه داگیر كراون بڕیاریان بۆ ده‌رچووه كه مافی چاره‌نووس ده‌یانگرێته‌وه . هه‌روه‌ها بڕیاری ۱٥۱٤ ـی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشیش ده‌یانگرێته‌وه ، به‌ڵام دۆزی كوردستان یاساناسانی نێوده‌وڵه‌تی ناویان ناوه ( حق الانفصال ) پێی ناوترێت ( حق تقریر المصیر) هه‌ردوو لایه‌نیش مافی جیابونه‌وه‌یان هه‌یه به‌ڵام رێڕه‌وی یاساییه‌كه‌ی جیاوازه ، كوردستان یه‌كلایه‌نه مافی جیابونه‌وه‌ی له عێراقدا نییه . ڕیفراندۆم بۆ میله‌تیك پێویسته كه گومان له ئیراده‌ی میله‌ته‌كه هه‌بێت بۆ سه‌ربه‌خۆی پاشانیش مه‌رج نییه ته‌نها به ڕیفراندۆم بگه‌یت به سه‌ربه‌خۆی هه‌روه‌ك چۆن ئهنگۆلاو مۆزه‌مبیق به‌بێ ریفراندۆم گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆی ، به‌ڵام باشوری سودان به پێی رێكه‌وتنامه‌ی نیڤاشیا و به بڕیاری نه‌ته‌وه یهكگرتووههكان ژماره ۱٥۹۰ ماده‌ی چوار ریفراندۆمی ئه‌نجام دا و سه‌ربه‌خۆییان وه‌رگرت ،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژینگه‌ی یاسایی و دیموكراسی كاریگه‌ی زۆری هه‌یه له‌سه‌ر بریاری سه‌ربه‌خۆبوون ، ژینگه‌ی یاسایی و دیموكراسی( كیبیك و كه‌نه‌دا) یان (سكۆتله‌نداو به‌ریتانیا ) یانیش( كه‌ته‌لۆنیا و ئیسپانیا ) زۆر جیاوازه له دۆخی دیموكراسی و به‌رپرسیاره‌تی (كوردستان و عیراق ) ،هه‌تا عیراقی ئه‌مڕۆ جیاوازه له عێراقی پێش ۲۰۰۳ كه به پێی بڕیاری ٦٦۱ له ژێر به‌ندی ۷دا بوو نزیكه‌ی ٦٥ بریاری نێوده‌وله‌تی تری له‌سه‌ر درابوو خاوه‌نی سیاده‌ی خۆیشی نه‌بوو ،لێ عێراقی ئه‌مڕۆ به بڕیاری ۲۲۹۹ له به‌ندی ۷ ده‌رچووه‌و نه‌ته‌وه یهكگرتوهوهكان سیاده‌ی بۆ عێراق گێراوه‌ته‌وه و هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كه‌وێته‌وه ناو سیاده‌ی عێراق و ئه‌مه‌ش گرێكوێرهیهكه قوت بووه‌ته‌وه . ئه‌و ریفراندۆمه‌ی كه پارتی به غروری سیاسییه‌وه بۆ مانه‌وه‌ی مه‌سعود به‌رزانی له پۆسته‌كه‌ی ئه‌نجامیدا هیچ كۆده‌نگییه‌كی نیشتیمانی و یه‌كڕیزی نێوماڵی كوردی له‌گه‌لدا نه‌بوو ، چونكه یه‌كێتی له ترسی زیندووبونه‌وه‌ی دووئیداره‌یی به‌شداری پرۆسه‌ی ریفراندۆمی كرد و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش له‌ترسی ره‌خنه‌و سه‌رزه‌نشتی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی به‌شدار بوو ،حیزبه‌كانی تریش هه‌ندێك له برساو ههیندێكیش له ترسا به‌شدار بوون ، له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تی هه‌رزوو نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان وئه‌نجومه‌نی ئاسایش ،هاوكات توركیا و ئیران دژی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم هاتنه سه‌رخه‌ت ، هه‌رچه‌نده ریفراندۆم بۆخۆی مافێكی سروشتی و به‌رسڤێكی ڕه‌وایه به‌ڵام پێویستی به ڕێڕه‌وی یاسایی خۆی هه‌یه بۆ جیابونه‌وه له عێراق ، ریفراندۆم هیچ ئینجازێكی بۆ كورد تێدا نه‌بوو هه‌ر زوو مه‌سعود به‌رزانی و حیزبه‌كه‌ی خۆیان له به‌رپرسیاره‌تی شكستی ریفراندۆم دزییه‌وه‌و شكست له دوای شكست به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی گرت ، هه‌ڵه‌ی ریفراندۆم جگه له ده‌ستدانی دۆسته‌كانی كورد‌و شكستی دیپلۆماسی و سه‌ربازیشی به دوادا هات و كه له %٥۱ خاكی كوردستان راده‌ستی سوپای عێراق كرا . به‌دیدی من له‌و قۆناغه‌دا كه ڕیفراندۆم ئه‌نجام دراو به ئێستاشه‌وه زه‌مینه له‌بار نه‌بوو كوردیش پێویستی به ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم نه‌بووه ،هێنده‌ی پێویستی به ئه‌نجامدانی چاكسازی راسته‌قینه‌ی سیاسی و ئیدارییه له كوردستان ، كورد پێویستی به دامه‌زراوه‌یكردن و به نیشتیمانیكردنی دامه‌زراوه‌كانیه‌تی كه ئیستا له ده‌ستی حیزب و حوكمی بنه‌ماڵه سیاسییه‌كاندایه،كورد پێویستی به سه‌روه‌ری یاسا و چه‌سپاندنی پایه‌كانی دیموكراسیه‌ت بوو نه‌ك ڕێفراندۆم ، كێشه‌ی گه‌وره‌ی كورد نه‌بوونی عه‌قڵی خۆبه‌ڕێوه‌بردن و به حیزبیكردن و بنه‌ماڵه‌كردنی دامه‌زراوه حكومییه‌كانه . له ریفراندۆمدا مه‌سعود به‌رزانی و حیزبه‌كه‌ی زۆر شتیان دۆڕاند به‌تایبه‌تی له بانگه‌شه‌ی كوردایه‌تی و ئیداره‌دانی كۆمه‌ڵگادا ئیفلاسیان هێنا، دوای دوو ساڵ له سوتاندنی كارتی ریفراندۆم ئیستاش پارتی چاوی له سه‌ر جیاكردنه‌وه‌ی سنوروزیندوو كردنه‌وه‌ی زۆن و له قالبدانی مرۆڤی كورده له نێوان ئه‌ودیوو ئه‌مدیوی دێگه‌ڵه‌دا ، له‌خۆپیشاندانه‌كانی شیلادزێ وه بیگره بۆ ڕوداوه‌كانی په‌لكانه‌و سوتاندنی یه‌ك ملیۆن دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی كورد له كه‌ركوك پارتی ڕۆڵی نمایشی فلیمێكی ئه‌كشن ده‌بینێ كه ڕۆڵی سۆپه‌رمان به‌خۆی و سه‌رۆكه‌كه‌ی ده‌به‌خشێت نه‌ك چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گرفته‌كان، پارتی باوه‌ڕی به فره دیدی و دونیای جیاوازی و پلۆرالیزمی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی نییه ، ته‌نها یه‌ك پێناسی بۆ ژیان و بۆ حوكمرانیه‌تی هه‌یه ،كۆمه‌ڵگای خستووه‌ته ناو سنوره‌كانی خۆیه‌وه و ڕێگه نادات هێزو لایه‌نه‌كانی تریش سنور‌و كه‌رامه‌ت و موماره‌سه‌ی ئیراده‌ی خۆیان بكه‌ن ، ئه‌م سنور‌و موڵكیه‌ته‌ی پارتی نه‌یتوانیووه كه‌ڕامه‌ت و به‌های كوردایه‌تی و مرۆڤبونی هیچ تاكێك بپارێزێت .
ئاراس فه‌تاح هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌ك خاوه‌نی سیسته‌می به‌های خۆیه‌تی. هه‌موو یه‌كه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییش له‌وێنه‌ی پارتی سیاسیی، گروپه ئه‌تنیی و ئایینییه‌كان به‌هاكانی خۆیان به ڕاست ده‌زانن و وه‌كو حه‌قیقه‌تێكی ئایدیۆلۆژیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی، یان تیۆلۆژیی نماییشیده‌كه‌ن. ساده‌ترین ده‌ركه‌وته‌ی سیسته‌می به‌ها له كایه‌ی سیاسه‌تدا بریتییه له ئایدیۆلۆژیا و له كایه‌ی ئایینیشدا بڕوادارییه كه هه‌ریه‌كه‌یان عه‌قیده‌یه‌كی سیاسیی، یاخود ئایینیی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه و له سروت (گقوس) و پراكسیسیاندا ڕه‌نگده‌داته‌وه. له كایه‌ی ئاییندا چه‌مكێك هه‌یه به ئینگلیزییه‌كه‌ی پێیده‌ڵێن سكیزم „schism“ و به‌ئه‌ڵمانییه‌كه‌شی شیزما „Schisma“ كه به مانای دابه‌شبوون یان جیابوونه‌وه دێت. سكیزم له بنه‌ڕه‌تدا چه‌مكێكی مه‌سیحییه و هێما بۆ ئه‌و دابه‌شبوونه قووڵه ده‌كات كه له ئایینی مه‌سیحییدا ڕوویدا و بووه هۆكاری جه‌نگێكی خوێناویی درێژخایه‌ن له‌نێوان پرۆتستانت و كاتۆلیكه‌كانی وڵاتانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌وروپا. له ئایینی ئیسلامیشدا ئه‌زموونی دابه‌شبوونی قووڵمان هه‌یه كه نموونه‌ی خه‌واریج و دواتریش له‌تبوونی ئیسلام له‌نێوان هه‌ردوو ئایینزای شیعه و سوننه ناودارترینیانه. هه‌ردوو ئایینزای شیعه و سوننه دابه‌شبوونێكی شاقووڵی له ئایینی ئیسلامدا به‌رهه‌مده‌هێنن و به ململانێكه‌شیان مێژوویه‌كی خوێناویی بۆ بڕوادارانی ئه‌م دوو ڕه‌وته ئایینییه ده‌نووسنه‌وه. بێگومان هه‌روه‌كو چۆن له ئاییندا دابه‌شبوون هه‌یه و هه‌ر كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ئایینیی یان ئایینزایی (مه‌زهه‌بیی یان تائیفیی) دیدگای تیۆلۆژیی خۆی به ڕاست و ئه‌وی تریش به ناڕاست ده‌بینێت، ئاوهاش له سیاسه‌تدا دابه‌شبوونی سیاسییمان هه‌یه، كه هه‌ر حیزب و گروپێك به‌رگریی له دروستیی ئایدیۆلۆژیا و به‌ها سیاسییه‌كانی خۆی ده‌كات و خه‌باتیان له‌پێناودا ده‌كات. چ له دۆخه ئایینییه‌كه و چ له دۆخه سیاسییه‌كه‌دا كرده‌ی دابه‌شبوون و جیابوونه‌وه دۆخێكی مه‌ترسییداره بۆ شه‌رعییه‌ت و مه‌ركه‌زییه‌تی ده‌سه‌ڵاتی ئایینیی یان سیاسیی. هه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ش واده‌كات هه‌موو جیابوونه‌وه‌یه‌ك به ئاسانی له‌لایه‌ن گروپی یه‌كه‌مه‌وه هه‌رسنه‌كرێت و ببێته هۆكاری ململانێی توند و خوێناویی. له مێژووی ئایینه‌كاندا دۆخی جیابوونه‌وه به „بیدعه“ و „فیتنه“ ناوزه‌ده‌كرێت و، له سیاسه‌تیشدا پێناسی ناڕازییه‌كان له هه‌لپه‌رست و گێره‌شێوێنه‌وه ده‌ستپێده‌كات و به لاڕێدابه‌ردا تێده‌په‌ڕێت و تاده‌گات به به‌خشینه‌وه‌ی شوناسی خائین و نامۆ به جه‌سته‌ی نه‌ته‌وه و دوژمنی ده‌وڵه‌ت. له مێژووی ده‌سه‌ڵاتدارێتییدا دوو كایه‌ی زۆر گرنگ ڕۆڵی گه‌وره‌یان له سه‌قامگیركردنی ده‌سه‌ڵاتدا گێڕاوه. یه‌كه‌میان چه‌مكی „عه‌رش“ه و دووهه‌میشیان „میحراب“ه. هه‌ردووكیان به‌رپرسن له هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه به‌هاییه‌ی كه مۆدێلێكی تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی سیاسیی یان ئایینیی له‌سه‌ری به‌نده. هه‌ركاتێك سیسته‌می به‌هاكانی هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك یان یه‌كه‌یه‌كی ئایینیی یان سیاسیی به‌هۆی ململانێوه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات یان سامان، درزی تێكه‌وت، برینداركرا، یاخود شله‌قا، ئه‌وا نه‌ك ته‌نها به‌ئاسانی چاك ناكرێته‌وه و ناچنه‌وه شوێنی خۆیان، به‌ڵكو ده‌بێته هۆكارێك بۆ دابه‌شبوونی كۆی جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگا به‌گشتیی و گروپ و كۆمه‌ڵه سیاسیی و ئایینییه‌كان به‌تایبه‌ت و دروستبوونی پشێوی و ململانێی توند و شۆڕش و جه‌نگ و كاولكاریی. له‌م پرۆسه‌یه‌شدا هه‌موو هه‌وڵێكی ریفۆرم و گۆڕانكاریی به چه‌كی عه‌قیده و ئایدیۆلۆژیا به‌رپه‌رچدراوه‌وه‌ته‌وه و به خیانه‌تكردن له نه‌ته‌وه و خاك، یان به بیدعه له عه‌قیده‌ی ئایینیی ناوزه‌دكراوه و هه‌وڵی له‌ناوبردن و سڕینه‌وه‌یان دراوه. بێگومان چه‌مكی „سیسته‌می به‌ها“ گفتوگۆی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه، به‌ڵام من لێره‌دا مه‌به‌ستم له كۆی ئه‌و به‌ها ئایینیی و سیاسیی و كولتووریی و ره‌مزییه دروستكراوانه‌یه كه هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌ك بۆ دروستكردنی وشیاریی و شوناسی ده‌سته‌جه‌معیی پێویستی پێیه‌تی و پێكڕا ده‌بنه كۆڵه‌كه‌یه‌كی ئۆرگانیی بۆ پێكه‌وه‌ژیانی تاك و گروپه‌كان. هه‌روه‌ك چۆن هه‌موو یه‌كه‌یه‌كی ئایینیی یان كۆمه‌ڵایه‌تیی سیسته‌مێكی به‌های خۆی هه‌یه، ئاوهاش هه‌موو سیسته‌مێكی سیاسیی به‌های تایبه‌ت به خۆی هه‌یه كه ده‌بێته هۆكاری یه‌كانگیریی و دروستكردنی هه‌ستی پێكه‌وه‌بوون و وشیاریی ده‌سته‌جه‌معیی. دیموكراسیی وه‌ك یه‌كێك له مۆدێله‌كانی سیسته‌می به‌های سیاسیی، به قۆناغێكی مێژوویی دوور و درێژ و خوێناوییدا تێپه‌ڕی تاوه‌كو گه‌یشتۆته ئه‌م فۆرمه‌ی كه ئێستا هه‌یه‌تی. دیموكراسییش وه‌كو مۆدێلێك له ده‌سه‌ڵاتدارێتیی فۆرمێكه له پێكه‌وه‌ژیان كه تیایدا له ڕێگای ده‌ستوور و یاساوه په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان رێكده‌خرێن و پلورالیزمی سیاسیی و ئایینیی و چه‌مكی هاونیشتیمانییبونی تێدا به‌رهه‌مدێت. ئه‌و مۆدێله‌ی ئه‌مڕۆ له ئه‌وروپادا ده‌یبینین به‌رهه‌می چه‌ندین سه‌ده‌یه له ململانێی و جه‌نگ و گه‌شه‌ی جیاواز كه له هه‌ر سه‌رده‌م و له هه‌ر ده‌وڵه‌تێكیشدا فۆرم و میكانیزمی تایبه‌ت به خۆی هه‌بووه. هه‌ر ئه‌م پێدراوه ساده‌یه‌ش وامان لێده‌كات گه‌شه‌ی مێژوو وه‌كو حه‌تمییه‌تێكی ڕاسته‌ئاسا ته‌ماشا نه‌كه‌ین و جه‌وهه‌رگه‌راییانه ته‌ماشای گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگاكانی خۆرئاوا و خۆرهه‌ڵاتی گۆی زه‌وی نه‌كه‌ین. بۆیه به‌بۆچوونی من هه‌موو قسه‌كردنێك له‌سه‌ر چه‌مكی „خۆرئاوا“ یان „خۆرهه‌ڵات“، وه‌ك دروستكراوێكی ئایینیی یان ئایدیۆلۆژیی، كه له ئه‌ده‌بیاتی سیاسیی و ئه‌ده‌بییدا به‌سه‌ر عه‌قڵ و روحدا دابه‌شده‌كرێت، چ له ڕووی مێژوویی و چ له ڕووی میتۆدییه ده‌مانخاته ناو هه‌ڵه‌ی خوێندنه‌وه‌ی زانستیی گه‌وره‌وه. بۆئه‌وه‌ی وێنایه‌كمان له‌سه‌ر مێژووی ململانێی عه‌رش و میحراب هه‌بێت، ده‌مه‌وێت به‌خێرایی باس له قۆناغه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و ململانێیه له مێژووی خۆرئاوادا بكه‌م كه چۆن و به چ باجێكی گه‌وره‌ی مێژوویی و مرۆیی سیسته‌می به‌هاكان له ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌كی چه‌قبه‌ستووی سته‌مگه‌ری ئایینییه‌وه گۆڕا بۆ سیسته‌مێكی پلورالی سیاسیی و ئایینیی و فیكریی. له مێژووی كۆمه‌ڵگاكانی خۆرئاوادا په‌یوه‌ندی نێوان قه‌یسه‌ر و پاشا‌كان له‌گه‌ڵ كه‌نیسه و پاپاكاندا چه‌نده په‌یوه‌ندییه‌كی پڕ له ململانێی توندوتیژ بوو، هێنده‌ش پڕه له ڕێككه‌وتن و سازش له‌سه‌ر دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و سامان. له سه‌رده‌می رۆمه‌كانه‌وه مێژووی ئه‌م په‌یوه‌ندییه ده‌ستپێده‌كات، كاتێك مه‌سیحییه‌ت له‌لایه‌ن (كۆنستانتین)ی گه‌وره‌وه ده‌كرێت به ئایینی ده‌وڵه‌ت. له‌و چركه‌ساته‌وه كاری دونیایی و وه‌زیفه‌ی ئاسمانیی ده‌چێته ژێر ڕكێفی قه‌یسه‌ره‌وه و به‌ته‌نها كۆنتڕۆڵی هه‌موو پرسه زه‌مینیی و ئاسمانییه‌كان ده‌كات. له‌پاش قۆناغێكی درێژی ململانێی ده‌سه‌ڵات له‌نێوان ڕۆم و پاپادا، بۆ یه‌كه‌مینجار له مێژووی ململانێی كه‌نیسه و قه‌یسه‌ردا، له سه‌رده‌می پاپا (گێلاسیۆس)دا په‌یوه‌ندییه‌كی نوێی ده‌سه‌ڵات له نێوان پاپا و قه‌یسه‌ردا داده‌ڕێژرێته‌وه. ڕێككه‌وتنی یه‌كه‌می نێوان عه‌رش و میحراب له مێژوودا به تیۆریی „دوو شمشێر“ به‌ناوبانگه. ئه‌م تیۆرییه كایه‌ی ده‌سه‌ڵات به دوو شمشێر ده‌چوێنێت كه یه‌كێكیان به‌ده‌ست قه‌یسه‌ره‌وه‌یه و ئه‌وی تریشیان به‌ده‌ست پاپاوه. ته‌مه‌نی حوكمڕانێتی له‌ژێر سایه‌ی ئه‌م تیۆرییه‌دا كه تیایدا ده‌سه‌ڵاتی دونیایی قه‌یسه‌ر و پاشا‌كان له‌لایه‌ك و ده‌سه‌ڵاتی ئاسمانیی كه‌نیسه و پاپا له‌یه‌كی تره‌وه، له‌سه‌ر بناغه‌ی تیۆریی دوو شمشێر ڕێكخرابوو، نزیكه‌ی 600 ساڵی خایاند. ململانێی نێوان كه‌نیسه و پاشا‌كان له‌سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاستدا به پرۆسه‌ی فیودالییكردنی كه‌نیسه كۆتایی دێت. له‌م قۆناغه‌دا ده‌سه‌ڵات له ده‌ستی كه‌نیسه‌دا چڕده‌بێته‌وه و كار ده‌گاته ئاستێك كه خودی پاپا و كورسییه موقه‌ده‌سه‌كه‌ی به „نوێنه‌ری خودا“ له‌سه‌ر زه‌وی نماییشده‌كرێت. بۆ پاساوهێنانه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژییانه‌ی پێگه‌ی پاپا وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی ئاسمانیی به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی دونیایی قه‌یسه‌ر و پاشاكانیش، وێنای ئه‌م په‌یوه‌ندییه به په‌یوه‌ندیی نێوان „خۆر“ و „مانگ“ نماییشده‌كرا. ئه‌م تێزه نوێیه‌ش بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد هه‌روه‌كو چۆن مانگ شه‌وق و ڕه‌ونه‌قی له خۆره‌وه ده‌ستده‌كه‌وێت، ئاوهاش ده‌سه‌ڵاتی قه‌یسه‌ر و پاشا‌كان وه‌زیفه‌ی مانگیان له‌سه‌ر زه‌وی هه‌یه و ده‌بێت له‌لایه‌ن پاپاوه نووری پیرۆزی ئیلاهیی به‌ركه‌وێت و پێگه‌كه‌ی دیاریبكرێت. له „سه‌رده‌می ریفۆرماسیۆن“یشدا Reformation كه قۆناغی ده‌ستپێكی یه‌كه‌می چاكسازیی ئایینییه له مه‌سیحییه‌ت، به سه‌رهه‌ڵدانی یه‌كه‌مین دابه‌شبوونی „schism“ ئه‌م ئایینه بۆ سه‌ر چه‌ندین ئایینزا ده‌ستپێده‌كات. جگه له سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین رێچكه و ڕێبازی ئایینزایی جیاواز، گه‌وره‌ترین و كاریگه‌رترین ده‌ركه‌وته‌ی ئه‌م دابه‌شبوونه شاقووڵییه له‌ناو جه‌سته‌ی ئایینی مه‌سحییه‌تدا له هه‌ردوو ئایینزای كاتۆلیك و پرۆتستانتییه‌كاندا به‌رجه‌سته‌ده‌بێت. ململانێی توندوتیژیی ئه‌م ڕه‌وته ئایینزایانه له‌گه‌ڵ یه‌كتر به جه‌نگێكی پڕوكێنه‌ر ده‌ستیپێكرد كه به „جه‌نگی سی ساڵه“ به‌ناوبانگه. ئه‌م جه‌نگه خوێناوییه كه ئه‌وروپای ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ته‌نیبوو، به رێككه‌وتنێكی مێژوویی كۆتاییهات كه به په‌یمانی ئاشتیی „ڤێست فێلیشه“ ناوزه‌دكرا. ئه‌م په‌یمانه ته‌نها كۆتایی به جه‌نگه وێرانكارییه ئایینییه‌كان له ئه‌وروپا نه‌هێنا، به‌ڵكو بوو به سه‌ره‌تای دورستبوونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و پاشه‌كشێی ئایین له پرسه دونیاییه‌كان و فه‌راهه‌مبونی ئازادیی موماره‌سه‌كردنی عه‌قیده‌ی جیاوازیی ئایینیی. „سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ریی“ قۆناغی به‌سێنته‌ركردنی مرۆڤه له مێژوودا و ئازادكردنی عه‌قڵی ئینسانه له ده‌ست ئه‌و دۆگمای ئاینییه‌ی كه چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتدارێتی كه‌نیسه بۆی به‌رهه‌مهێنابوو. هه‌موو ئه‌و جه‌نگه ئایینییانه‌ی جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی كۆمه‌ڵگا ئه‌وروپییه‌كانیان بۆ چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك داوه‌شاندبوو، بوونه هۆكاری ئه‌وه‌ی له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌وه په‌یوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌ت و كه‌نیسه جارێكی دابڕێژرێته‌وه و پلورالیزمی كۆمه‌ڵگا و ئازادیی باوه‌ڕداریی و بیركردنه‌وه ڕێزی لێ بگیردرێت. شۆڕشی فه‌ره‌نسییش كۆتایی یه‌كجاره‌كی به ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كه‌نیسه له كاروباری ده‌وڵه‌تداریی هێنا و مۆدێلێكی تری له سیسته‌می به‌ها به‌رهه‌مهێنا. له‌و چركه‌ساته‌وه كه پایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كه‌نیسه و پاشا ڕوخێنران، كۆتایی به سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های كورسیی موقه‌ده‌س و له‌حیمبوونی به جه‌سته‌ی پاشاوه هێنرا، سه‌ده‌یه‌كی نوێ له په‌یوه‌ندی نێوان كۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌ڵات، دین و ده‌وڵه‌ت ده‌ستپێده‌كات. شۆڕشی فه‌ره‌نسیی به مانا هه‌ره ساده‌كه‌ی له‌ڕێگای دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌وه كۆتایی به قودسییه‌تی هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی عه‌رشی پاشا و میحرابی ئایینی مه‌سیحیی هێنا و یه‌كسانیی و ئازادیی كرد به به‌های نوێی پێكه‌وه‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی و، وه‌لائه‌تی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگاشی له شوناسی ئایینییه‌وه گۆڕی بۆ چه‌مكی هاونیشتیمانییبوون. هه‌موو فه‌یله‌سوفان و بیریارانی سه‌رده‌می ئه‌نتیك و به تێپه‌ڕبوون به سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ریی و تاده‌گاته ئه‌م سه‌رده‌مه‌مان هه‌وڵی ئه‌وه‌یان داوه „سیسته‌مێكی به‌ها“ بۆ مرۆڤایه‌تیی به‌رهه‌مبهێنن. هه‌ر یه‌كه‌یان به چه‌شنێكی ئایدیاڵ وێنای جیهانێكی مانادار و پڕبه‌های بۆ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگایه‌كی دادپه‌ر كردووه، كه مرۆڤ شایسته‌یه‌تی. خواست و مۆتیڤی ئه‌م بیریارانه بریتیی بووه له دژایهتییكردنی خۆپه‌رستیی ده‌سه‌ڵات و دۆگمای ترادیسیۆن و چه‌وساندنه‌وه‌ی ئینسان بۆ ئینسان كه ده‌شێت ئایین و باوه‌ڕدارێتیی یان دۆخی چینایه‌تیی سه‌رچاوه‌كه‌ی بێت، یان هه‌ردوكیان پێكه‌وه. دواترین ده‌ستكه‌وتی مرۆڤایه‌تییش له‌پاش مێژوویه‌كی دوورودرێژ له ململانێ خوێناویی، بریتییه له دامه‌زراندنی سیسته‌می دیموكراسیی كه به‌ها سه‌ره‌كییه‌كانی بریتین له ئازادیی و یه‌كسانیی و هاوكاریی و ئاشتیی و مافی ژیان. له سیسته‌می دیموكراسییدا هه‌م به‌هاكانی كورسیی عه‌رش و ته‌وریسی سیاسیی مانا موقه‌ده‌سه‌كانی خۆی له‌ده‌ستده‌دات و هه‌م قودسییه‌تی میحرابیش مانا سه‌دیمییه‌كانی خۆی ده‌دۆڕێنێت و نابێته تاكه به‌ها بۆ ڕێكخستنی كۆمه‌ڵگا و پێكه‌وه‌ژیانی تاك و گروپه‌كان. له‌پاش ئه‌زموونی كاره‌ساتباری نازیزم و فاشیزم له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه سیسته‌می دیموكراسیی جارێكی تر به قه‌یرانێكی قووڵی نوێ‌دا تێده‌په‌ڕێت. هێزگه‌لێكی پۆپۆلیستیی گه‌وره له سه‌ده‌ی بیستویه‌كه‌مدا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن كه بوونه‌ته هه‌ڕه‌شه‌ی جدیی له‌سه‌ر كۆی به‌هاكانی سیسته‌مه‌كه. ماویه‌تی
کامەران وریا قانع بودجه‌ی حكومه‌تی عێراق بۆ ساڵی 2019 نزیكه‌ی 112 ملیار دۆلاره، رێژه‌ی 12.7% پشكی هه‌رێمه كه‌ده‌كاته نزیكه‌ی14 ملیار دۆلار، له‌م پشكه‌ی هه‌رێم نزیكه‌ی 5 ملیاری لێده‌برێت به ناوی ( مصاریف سیاده والحاكمه) ، نزیكه‌ی 9 ملیار دۆلار ئه‌مێنێته‌وه، له‌م بڕه‌ی كه ماوه‌ته‌وه نزیكه‌ی مانگان 500 ملیار دینار ئه‌نێترێت، كه مانگانه ده‌كاته نزیكه‌ی 416 ملیۆن دۆلار، بۆ سالێك ده‌كاته نزیكه‌ی 5 ملیار دۆلار( نرخی 1 دولار 1200 دینار دانراوه ) له‌و 9 ملیاره‌ی كه شایته‌ی هه‌رێمه. ئه‌گه‌ر رێژه‌ی ئه‌و پاره‌ی ده‌درێته هه‌رێم( 5 ملیارد) به‌راورد بكه‌ین به بودجه‌ی گشتی عێراق (112 ) رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌م ده‌رده‌چێت كه نزیكه‌ی %4 بودجه‌ی عێراق. برایانی عه‌ره‌ب به شیعه و سونه‌وه له‌و 96% ناپێچنه‌وه ته‌نها ئه‌و سه‌دا چواره‌ی هه‌رێمیان كردوه به كێشه‌كه ، گوایه ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره نه‌نێرن بۆ هه‌رێم ، عێراق ئه‌بێته سویسرا! له‌م رۆژانه له خولیكی سێ رۆژی بووم، كه رێكخراوێكی ئه‌مریكی به یارمه‌تی وه‌زاره‌تی پلان دانانی عێراقی رێكخستی بوو. وانه بیژه‌كان دوو فه‌رمانبه‌ری باڵا به‌رز بوون له وه‌زاره‌تی پلان دانانی عێراق یه‌كێكیان یاسا ناس بوو ئه‌ویتریان ئه‌ندازیارێك بوو ،من به سروشتی خۆم حه‌زم كرد بكه‌ومه گفتوگۆ له‌گه‌لیان دۆخی پارێزگاكانی عێراقیان لێ بپرسم جگه له هه‌رێم، هه‌ندێك وه‌ڵامم ده‌ستكه‌وت كه به‌راستی جۆرێك بوو له شۆك. یاساناسهكه وتی: له باشوری عێراق سێ پارێزگا گرنگی پێدراوه( نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا و به‌سره) وه زۆربه‌ی ئه‌و پرۆژانه‌كه‌ش كه ده‌كرێت حكومه‌تی عێراقی پاره‌كه‌ی دابین ناكات به‌ڵكو له داهاتی ( مه‌زاره پیرۆزه‌گان) یاخود له بودجه‌ی مه‌رجه‌عه‌یه‌ت ئه‌كرێت ، وتی پاریزگاكانی تر جگه له‌و سێ پارێزگایه وێرانه‌یه‌كن بۆ خۆیان. به‌رده‌وام بوو وتی : به‌راستی هه‌رێم له‌روی یاسایه‌وه زۆر پێشكه‌وتوتره له ناوچه‌كانی تری عێراق، هه‌ر له پاك و خاوێنی تاكو رێز گرتنی یاسا( دیاره ئه‌م براده‌ره له بوونی یاساكانی هاتووچۆ به تایبه‌تی شاری سلێمانی كه تا ئاستێكی به‌رز یاساكانی هاتو چۆ باشه، ته‌ماشای هه‌موو یاساكانی تر ئه‌كات)، هه‌روه‌ها باسی ده‌كرد كه گه‌نده‌ڵی له‌زۆربه‌ی فه‌رمانگه‌كانی ده‌وڵه‌ت هۆبه یاخود به‌شێكی بۆ كراوه‌ته‌وه، كه بۆ هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌ك ده‌بێـت سه‌ردانی بكه‌یت!!. ئه‌م جگه له بڵاو بوونه‌وه‌ی دیارده‌ی هیرۆین و حشیش به شێوه‌یه‌كی زۆر بڵاو له شاره‌كانی تری عێراق. له كۆتایدا رسته‌یه‌كی جوانی وت ( ئێوه چاوتان له‌سه‌ر بوه، پێیان ناخۆشه ئێوه شاره‌كانتان وا ئاوادانه هه‌ست ده‌كه‌ن به پاره‌ی ئه‌وانه! به‌ڵام خۆشیان له شاری وێران ده‌ژین!) به گشتی ئه‌وه‌ی عه‌ره‌ب له‌سه‌ر بودجه ده‌یكاته شه‌ڕ ئه‌وه نیه پاره‌یه‌كی خه‌یاڵی ده‌ده‌ن به هه‌رێم ، چونكه ته‌نها نزیكه‌ی له‌سه‌دا چواری بودجه‌یه، ئه‌و شه‌ره په‌یوه‌ندی زۆری به كێشه دروست كردن هه‌یه بۆ هه‌رێم، ره‌نگه شه‌ڕی ( ئێران و توركیا بێت به وه‌كاله‌ت) ئه‌وه‌ی یارمه‌تی ئه‌م كێشانه ئه‌دات رۆژ به رۆژ كاریگه‌رتر و گه‌وره بن ده‌سه‌لاتدارانی هه‌رێم خۆیانن، كه تاكو ئێستا نه‌گه‌یشتونته ئاستی پیاوی ده‌وڵات، ده‌سه‌لاتدارانی هه‌رێم ئێستا به دنیا بینی سه‌ده‌كانی ناوه‌راست و خێڵه‌كی ئه‌م هه‌رێمه به‌رێوه ده‌به‌ن. ئه‌گه‌ر تۆزێك خاكیان خۆش بویستایه ئێستا ئێمه شتێكی زۆر به‌هێز و معقول ئه‌بووین به گشتی .
زانا تۆفیق بەگ بە داخەوە ئەو کۆمەڵە ڕووداوەی کە لەم چەند رۆژەی رابوورداودا ڕوویدا جارێکی تر ئەوەمان پێ دەڵێت کە ھۆشیاری سیاسی لە ناو کایەی سیاسی ئێمە دا دوورە لە ھەموو بەھاو پرنسیپە ئەخلاقیەکانی سیاسەت ، کە خۆی لە راستگوی و ھاوسەنگی گووتار و کرداردا دە بینـــێتەوە وکار گەیشـــــتووە ئەوەی ئاســــــتی دژایەتــــکردن و بەریەککەوتنەکان بەجۆرێک تەفسیرو تەئویلی بۆ دەکرێت کە ھەر بەرپرسیکی سیاسی دەتوانێت ڕەوایەتی و پیرۆزی بدا بەوەی کە لە بەرژەوەندی خۆیدایە . بێگومان پانتایەکی گەورەی ھۆشیاری سیاسی پەیوەندیەکی دانەبڕاوی ھەیە لەگەل مۆرالی سیاسەت دا کە ئەگەر ئەم ھۆشیارەیە بڕوای بە بنەماکانی دروست بوونی ستراکچەری سیاسەت کە بەشێکی ئەخلاقی سیاسیە نە بێت. ئەوا سیستەمی سیاسی ھەر قەوارەیەک دەختە بەر دەم ھەرە سھینان و ھاوکات دەیان لێ کەوتەی سلبی کە کاریگەری نەگەتیڤی دەبێت لەسەر کۆمەلگا. بێگومان موراڵی سیاسی تەنھا برتیە نیە لە ڕێکخستنی کۆمەلی بەھاو مەرجی سنورداروو بەربڵاو کەوئەویش خۆی لە دروست کردنی پەیوەندیە سەرەکێکانی مرۆڤ دا دە بینێتەوە، ئەگەر چی ئەو پەیوەندیانە چەندە ئالۆزبن لە ناو کۆمەڵدا. کاری سیاسەت ئەوەیە کە دە بێت ھاوسەنگ و متمانەو وەفاداری بۆ یەکتری دروست بکات وە مرۆڤ لە شێوازە ھەمەجی ناتەندروست کەیەوە بکاتە بکەرێکی خوڵقێنەر . جارێکی تر بەداخەوە ئاڕاستە سیاسەت لە کوردستان دا ئەوەمان پێ نالێت کە ئێمە لەبەردەم سیاسەتێکی خاوێنداین یان کار بۆ دوارۆژ و پڕ کردنەوەی کەلێنەکانی نێوانمان دەکەین. ئەوەی دەگوزەرێت برتیە لە دەستبەردا بوونی خەباتێکی مەدەنی سیاسی کاڵ و کرچ و تێکەڵاو کە ئەوسەری تونێلەکەمان لی دیار نیە چونکە ئێمە لەبەردەم مەناخێکی سیخناوی توندوتیژو دووڕوویی داین کە لێوان لێوە لە بەرژەوەندی تایبەتی و پێشل‌کردنی مافی ھاووڵاتی بوون دا. کە ئەمە یەکێکە لە سەرەتاترین مافی شارستانێکانی ھەر کۆمەلگایەکی تەندروست.
عەبدوڵا حەوێز - رۆژنامەنووس لە BBC - لە پۆستی پێشومدا بە پشت بەستن بە چەندین سەرچاوەی تایبەت کە ماوەیەکی باشە لەرێی بینینی کەسانێکی نزیک لە بڕیار بەدەستدان لە کوردستان و عێراق و چەندین لێکۆڵەر و دیپلۆماتی بیانی کە ئاگاداری رووداوەکانی ریفراندۆم و هێرشی هێزە عێراقیەکان بوون بۆ سەر کەرکووک و مەخموور و شنگال و ناوچەکانی تر، باسی ئەوەم کردبوو کە قاسم سلێمانی عەرابی هێرشەکەی سەر کەرکووک بوو و راستیش بوو کە پێشتر بافل تاڵەبانی و هێرۆی دایکی لێ ئاگادار کرابوویەوە. . - لەم پۆستە بە کورتی وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەمەوە کە ئایا تا چەند هێرشەکە پەیوەندی بە ریفراندۆمەوە بوو و ئایا ئەگەر ریفراندۆم نەبووایە ئەم هێرشە روویدەدا؟ . - نەخێر، ئەگەر ریفراندۆم نەبووایە هێرشی سەربازی عێراق بۆ سەر کەرکووک روینەدەدا، چونکە: . - فیکرەی هێرشکردنە سەر کەرکووک دوو رۆژ دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و پێداگری بارزانی و نەجمەدین کەریم لە ئەنجامدانی لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆک لەسەرەکان گەڵاڵە بوو . - رۆژی ٢٧ و ٢٨ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ واتە دوو رۆژ دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم، حەیدەر عەبادی لەگەڵ هەریەک لە ئەبو مەهدی موهەندیس و هادی عامری بە جیا کۆدەبێتەوە و پرسیاری ئەوەیان لێدەکات کە تا چەند پشتیوانی دەبن ئەگەر هێرش بکاتە سەر کەرکووک. ئەمە بە دە رۆژ پێش ئەوەی کە ئەبو مەهدی موهەندیس بە پێشوەیەکی نافەرمی لەم بارەیەوە قسە لەگەڵ بافڵ بکات. . - واتە بیرۆکەی هێرشکردنە سەر کەرکووک پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم نەبووە و ئەم بیرۆکەیە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم گەڵاڵە دەبێت و سەرەتا لەلایەن حەیدەر عەبادیەوە گەڵاڵە دەبێت و ئەوەیش لەرێی موهەندیس و عامریە پرس بە قاسم سلێمانی دەکات و دوای پێکردنی گوڵی کەسک سلێمانی خۆی دەبێتە ئەندازیاری هێرشەکە . - قاسم سلێمانی پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم لەم بارەیەوە چەندین جار هۆشداری دابوویە بارزانی کە ئەگەر ریفراندۆم بکرێت ئەوا شەر روودەدات. . - واتە هۆکاری یەکەمی کەوتنی کەرکووک و ناوچە جێناکۆک لەسەرەکانی تر ئەنجامدانی ریفراندۆم بوو، دواتر هۆکاری تریشی هاتە سەر. . - ئەگەر ریفراندۆم نەکرایە، ئەوا رێککەوتنێکی ئاشتیخوازانه دەکرا بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەشێوەیەک کە هەردوو لا پێی رازی بن و بوونی حکومەت عێراق لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر وەک پێش هاتنی داعش بوونێکی رەمزی دەبوو و بەشێوەی فیعلی کورد زۆربەی دەسەڵاتەکانی پارێزگاکەی لەدەست دەبوو. . کۆتایی
عارف قوربانی لە دوای ریفراندۆم و تێكچوونی پەیوەندییەكانی پارتی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و ناوەندە نێودەوڵەتییەكان، هەروەها لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بەدواوە، پارتی بە تەواوی خرایە گۆشەیەكەوە. نیوەی ناوچەكانی كاركردنی خۆی لەدەستدا و گەمارۆی سیاسی و ئابووری و سەربازی خرایە سەر، پۆستی سەرۆكی هەرێمی لەدەستچوو، گوشار خرابووە سەری تا حكومەتیشی لەدەست دەربهێنرێت و خۆریان بەرەو ئاوابوون بچێت. چاوەڕوانییەكان بۆ لاوازبوونی پارتی بەجۆرێك بوون، كەم كەس پێیوابوو بە ئاسانی دەتوانێ بێتەوە گۆڕەپانەكە. بەڵام نەك هەر پارێزگاری لە مانەوەی خۆی كرد، بەڵكوو یارییەكەی بەجۆرێك هەڵگێڕایەوە كە بۆ یەكەمجار لەدوای شۆڕشی ئەیلوولەوە ببێتە حیزبی یەكەمی خاوەن بڕیار. لەدوای ئەو رووداوانە، ئێستا پارتی دۆخێكی بۆ دروستبووە، بە درێژایی مێژووی بنەماڵەی بارزانی و تەمەنی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەرفەت و دەستكەوتی وەكوو ئێستا نە بۆ ماڵبات و نە بۆ حیزبەكەشیان نەڕەخساوە. بارزانی لە دەرەوەی دامەزراوەی دەستووری و هیچ ناو و پۆستێك كە ئیجماعی سیاسی لەسەر بێت، بەڵام لەڕووی واقیعییەوە دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخساوە مومارەسەی رۆڵی مەرجەع یان رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان بكات. كوڕی بارزانی بووە بە سەرۆكی حكومەت، برازای بارزانی بووە بە سەرۆكی هەرێم، حیزبەكەشی بە خاوەن گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی. لە شێخ عەبدولسەلام بارزانییەوە تا ئێستا ئەم بنەماڵەیە لە ترۆپك و ریزی پێشەوەی مەسەلەی كوردن لە ناوچەكە و بەتایبەتیش لە كوردستانی عێراق. پارتیش لە دروستبوونییەوە تا ساڵی 1975 تەعبیر بووە لە دۆزی نەتەوەیەك. لە 1991یشەوە شانبەشانی یەكێتی نیشتمانی هەمان رۆڵ دەگێڕێت. وەلێ هەل و دەرفەتی لەو شێوەیەی ئێستای بۆ نەڕەخساوە، كەچی لەبری ئەوەی وەبەرهێنان لەو سەروەرییانە و ئەو دەستكەوت و دەرفەتانەدا بكات كە لەبەردەستیدان، بەهۆی مەستیی سەركەوتن و غروری دەستكەوتەكانی، خەریكە لەخۆی تێكدەدات. لە كوردەواریدا پەندێكی باو هەیە دەڵێت: (سەری نایەشێ و پەڕۆی لێ دەبەستێ). دوو ساڵی رابردوو كوردستان پڕ بوو لە تەنگژەی سیاسی، ناكۆكی و ململانێ تا ئاستێكی زۆر مەترسیدار هەڵكشان، ئەگەرەكانی بەریەككەوتن و دابەشبوونەوە بۆ دوو ئیدارەیی و دوو هەرێمی بووبوون بە ئەگەری چاوەڕوانكراو. كاتێكی زۆری ویست تا زەمینەی گفتوگۆ و دانوستاندن رەخسایەوە و كەشێكی سیاسی بە قازانجی پارتی دروستبوو كە هێزە ركابەر و نەیارەكانی ئەو سەركەوتنانەی پارتی هەزم بكەن و بچنە ژێر چەتری حوكمڕانیی پارتییەوە. لە هەلومەرجێكی وادا پارتی پێویستی بە رەخساندنی كەشێك بوو كە هێزەكانی تری بەشدار لەم (مەنزوومە حوكمڕانییەی پارتی) رۆژ لە دوای رۆژ مەیل و ئارەزووی هاوبەشیكردن لەلایان باڵای بكردایە. بەڵام پارتی نەفەسی كورت بوو، زۆر زووتر لەوەی چاوەڕوان دەكرا پاشەكشەی بەو مەیلە كرد. ئێستا و پاش كەمتر لەسەت رۆژ لە پێكەوەبوونی ئەم قۆناغە زێڕینەی پارتی، بەشێكی بەهۆی پابەندنەبوونی بە رێككەوتنەكانەوە، هاوبەشەكانی نیگەرانن و نەدۆزینەوەی چارەسەر بۆ نیگەرانییەكانیان كوردستان دەباتە قۆناغێكی نەویستراو و ژینگەیەكی سیاسی نەخوازراوەوە. پێویستە پارتی دیموكراتی كوردستان هاوكێشەی ناوچەكە وەك ئەوەی هەیە ببینێت، ئەو پێشهاتانەی چاوەڕوان دەكرێن لە داهاتووی نزیك و دوورمەودا رووبدەن، لەبەرچاویان بگرێت. بەدڵنیاییەوە سەرباری ئەو واقیعەی بۆ پارتی دروستبووە كە حیزبی باڵادەستی ناو حوكمڕانیی كوردستانە، بەڵام بەتەنیا نەك دەرەقەتی رووداو و پێشهاتەكان نایەت، بەڵكوو بەتەنیابوونی پارتی لە واجیهەی كوردستان، لە هاوكێشە ناوچەیی و هەرێمایەتییەكاندا كوردستان رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەكاتەوە. راستییەكی تاڵیش هەیە دەبێت خەڵكی كوردستان لەبەرچاوی بگرن، ئەویش ئەوەیە كە كۆمەڵگەی كوردی بەجۆرێك وابەستەی ژیانی حیزبی كراوە، دواجار شكستی حیزبێك لەسەر حسابی شكست و بەقوربانیكردنی میللەتەكە تەواو دەبێت. ئەمە لە رابردووش‌دا هەروا بووە و بۆ داهاتووش بەو جۆرەیە. بۆیە پرسەكە تەنیا پەیوەست نییە بەوەی پارتی چی دەكات، چونكە ئەگەر لێبگەڕێین و بگوترێت چی دەبێت با پارتی باجەكەی بداتەوە، ئەوە تێڕوانینێكی هەڵەیە، پارتی بەتەنیا باجی هیچ هاوكێشەیەك ناداتەوە. چەند رۆژی رابردوو هەندێ كێشەی نوێ لە نێوان پارتی و یەكێتی سەریان هەڵدا، یان روونتر بڵێم كێشەكان هەبوون و خەفەكرابوون، بەڵام سەریان هەڵدایەوە، وەك رێگری لە ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانی بۆ چوونە ناو هەولێرەوە كە جگە لە رێگری لە سەرۆكی پەرلەمان، دوو جاری تریش پارتی ئەمەی لەگەڵ ئەم هێزە هاوبەشە سیاسییەی كردووە. بەدوای ئەویشدا تەقەكردن لە بارەگای یەكتری لە سنووری سلێمانی و هەولێر. ئەم رووداوانە هاوكاتن لەگەڵ كۆمەڵێك پێشهات و رووداوی زۆر گەورەی ناوچەكە، ململانێی ئێران و ئەمریكا، چوونە ناوەوەی سوپای توركیا بۆ رۆژئاوای كوردستان، ئەگەری بەریەككەوتنی سعودیە و ئێران، تەدەخولی راستەوخۆی ئیسرائیل لە كێشەكان كە چاوەڕوان دەكرێت هەموو جیهان پەلكێشی خۆی بكات. لە عێراقیش بەدەر لە هەڵبژاردنێكی گرنگی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەبەردەم پرۆسەیەكی گوماناویی چارەنووسسازداین كە چارەنووسی نیوەی خاكی كوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەمە جگە لە بۆسەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دادگای باڵای فیدراڵی بۆ سزادان و لە قاڵبدانی هەرێم و دروستبوونی مەترسی لەسەر قەوارە دەستوورییەكەی. كەچی ئەم دوو هێزە سیاسییەی كە ئەرك و بەرپرسیارێتی پرسی نەتەوەیی ئەم قۆناغەیان لە ئەستۆیە، لێرە خەریكی داخستنی بازگەن بەڕووی یەكتریدا. بەراورد بە پرسە گرنگەكانی كورد، هەروەها بەراورد بەو هەڕەشە و مەترسیانەی لە ئایندەدا رووبەڕووی میللەتەكەمان دەبنەوە، ئەم كێشە و گرفتانەی ئێستا لەناوخۆی هەرێمی كوردستان لە نێوان پارتی و یەكێتیدا هەن، شتی زۆر بچووكن. بەڵام چارەنەكردنیان و سپاردنیان بەقەدەر، یان تێپەڕاندنیان و جێهێشتنیان بۆ ئەوەی بەتێپەڕبوونی كات زەمەن چارەسەریان بكات، بەدڵنیاییەوە لێكەوتەكانی زۆر خراپ دەبن و ئەو پێشهات و مەترسیانەی لە داهاتوودا ئەگەری روودانیان هەیە، خێراتر دەكات. بۆیە ناكرێت هەروا بە سادەیی لەم كێشە و رووداوانە بڕوانرێت و پێویستە ئەوانەی لە خەمی ئایندەیەكی باشتردان بۆ كوردستان، بەهەستكردن بە بەرپرسیارێتییەوە ریشەی ئەم ناكۆكی و وردە كێشە و ململانێ ناڕەوایانە چارە بكەن، تا توانا و كاتی چارەكردنیان تێنەپەڕیوە. پارتی وەك ئەوەی سەركردایەتی ئەم قۆناغە دەكات، بەرپرسیارێتی یەكەمی دەكەوێتە ئەستۆ لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەكان و دوورخستنەوەی كوردستان لە هەر ناسەقامگیرییەك كە دوور نییە بەهۆی رووداوێكی بچووكەوە تووشی ببین. چونكە ئەگەر خوانەكردە كوردستان بگەڕێتەوە بۆ ئەو رۆژە رەش و مەینەتییانەی بەرۆكی یەكترمان گرتبوو، ئەمجارە بە مەرگی یەكجاریی نەتەوەكەمان كۆتایی دێت.
عەلی کەریمی لە ساڵانی ئەوەڵ و ناوەڕاستی سەدەی رابردوو لەسەر گۆش کردنمان بە وانە و تئۆرییەکانی مارکسیستی و ناساندنی کۆمەڵگای بەشەری بە سەر سێ قۆناغی کۆیلایەتی، فئودالی و سەرمایەداری و هاتنە ئارای توێژی بورژوا و دابەش کردنیان، پێمان وابوو کۆمەڵگا لە سەردەمی کۆیلایەتی پەرە دەستێنێت و ئەوجار لە ترۆپکی گەشەکردنی خۆیدا پێ دەنێتە قۆناغی فئودالی، ئەوجار بە هاتنە کایەی سەنعەت و پیشەسازی و بەرهەم هێنانی زۆرتر بە تێکنۆلۆژیای پێشکەوتووی کشت وکاڵ؛ سەردەمی سەرمایەداری و بە واتایەکیش مۆدێرنیتە دێتە کایەوە. لە ناوەراستی هەزارەی دوو تئۆریگەلی بازدانی قۆناغەکانی گەشە سەندنی کۆمەڵگا و پێویست نەبوون بە تێپەربوونی سەردەمی فئودالی، بوو بەباس و بە کورتی گوتیان شەرت نییە کۆمەڵگایەک گەشەی سروشتی خۆی بکا و دەتوانێ بە هۆکاری پێشکەوتنی زۆری تێکنۆلٶژیای لەناکاو، یەکسەر کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی جوتیاری و فئودالی بگات بە مۆدێرنیتە، تەنانەت بە بێ چینی کریكار و بورژوا. کۆمەڵیک دەوڵەت – نەتەوەش هەر لە سەر ئەم روانگەیە لە دوای شەڕی عەلەمی یەکەم و دووهەم لە جیهان بە بێ هۆکارە سروشتی و قوناغەکانی گەشە سەندن دروست کران بۆ بەرژەوەندی ئەمپریالیزمی جیهانی بەتایبەت ئەمریکا کە وەک ئینگلیس و فەرانسە سەردەمی کلۆنیالیزمی نەبووبوو. ئەنجامی ئەم کارە بوو بە دەرکەوتنی دەوڵەت گەلێک کە بە پارە و پێشەسازی زلهێزەکان نەک خۆیان؛ بۆ مەرامی تایبەتی بە بێ بنچینە و بنەما هەڵقوڵین و کرانە داردەستی وڵاتانی رۆژئاوا و ئامرازی سەرکوت و بونیادی جەهەنەمێک بۆ گەل و وڵات و دیاردەی دیکتاتۆر و دەوڵەتانی سەرکوتگری خەڵکی هەژار و ئازادیخواز و چەوساوە بە دەستی زاڵمی خۆیی بەڵام بەکرێگیراوی رۆژئاوا، هاتە ئاراوە و دەیان دەوڵەتۆکەی سەر بە ئەمپریالیزمی جیهانی لە لاتین ئەمریکاوە بگرە تا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای دوور هەڵتۆقین و کرانە دەستەچیلەی زلهێزەکان و سەرکوتگەری خەڵکی جوتیار و هەژاری خۆیان. دلنیام گەر بە زاهیر و رەواڵەتیش دژم بی لە بەحر و ناخی خۆتان لە گەڵمی کە ئێوە وەک عەشیرەیەکی چەند هەزارکەسی هەژار و بێ زەوی کشت وکاڵ و تەنانەت وەک فئوداڵیکی گەورەی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانیش نا، بەڵکوو لە دەسپێک وەک تەریقەت و شێخایەتی و دواتریش بە هۆی بابە گەورەتەوە بە تەواویی هاتنە ناو دنیای شۆڕشگێری و بە رەواڵەت خەبات لە پێناو گەلی کورد. ئێستا دەوڵەمەندترین کەسی کوردستان و یەک لە سەرمایەدارەکانی گەورەی جیهانن. دارایی و ماڵی ئێوە لە زۆربەی رۆژنامەنووس و دام و دەزگاکانی حکومی کوردستان شاراوەیە و بە تەواوی نازاندڕێ چەند و چوونە؟! ئەوەی دیارە چەند کۆمپانیای زەبەلاحی بەرهەم هێنانی نەوت و کۆشک و هەزاران دۆنم زەوی لە کوردستان و دەرەوەیە و دەزگایەکی بێ وێنە دەوڵەمەندی بێ رەکابەریی میدیایییە، مەبەستی من لەم نووسینە کورتە تەنیا ئەم بەشەیە لە ماڵ و دارایی و ستراتیژی ئێوە و چەند سەرنجێک بۆ گەڵی چەوساوە و هەژاری کوردم لە روانگەی سیستمی عەشایری و تێکترنجانی لە گەڵ دەسەڵاتی ئابووری و بەکار هینانی تێکنۆلۆجیای هەرە بەرز و پێشکەوتوو بۆ خزمەت بە پاشماوەی فئودالی و شوان کارەیی لە وڵاتێکی بچوک و عاشایری وەک هەرێمی کوردستان. گومانم نییە ئەم دەزگا زەبەلاحە کە بە سەدان کارمەندی ئاماتۆر و پرۆفسی لە سەرتاسەری جیهان هەیە بە پارە و ئیمکانی باب و باپیران یان خود دەوڵەتانی جیران و داگیرکەری کوردستان پێک نەهاتووە. راستە سەرکردایەتی کورد بە هۆی مەوقعی جیۆپۆلتیک و دابەش بوونی کوردستان هەر کامیان لە گەڵ دەوڵەتێکیان سات و سەودایەکی هەبووە و ئەم دەوڵەتانە یارمەتی پارت و رێکخراوەیەکیان داوە لە کاتێکی دیار و سنوردار بەڵام هەرگیز ئەوەندەیان نەکردووە ببێتە هەوێنی سەرمایەکی بنچینەیی بۆ ئەم پارتە یان پارچەیە! دەمێنێتەوە کە بڵێین مەسارفی سەدان ملیۆن دولاری ئەم دەزگا زەبەلاحەتان هەر لە کوردستانەوە هاتووە و بە پارە و مافی مناڵە هەژار و ئەنفالکراوی گەرمیان و شەهیدان و بریندار و سەقەتەکانی شەڕی ناوخۆ و دەرەوە وەسەریەک نراوە و بە زمانی سادە و ساکاری ناوخەڵک دزراوە بۆ دەزگایەکی میدیایی بۆ ستراتیژ و مەبەستێکی تایبەت بە خۆتان و رازیکردنی خەڵکی دەورووبەرتان. ئێستا دەمهەوێ پێتان بڵێم بە پارەی دزراو و مافی خەڵکی هەژاری کوردستان ئێوە تۆوی چی دەچێنن و ئەمە لە بەرژەوەندی و گوتاری نەتەوەیی دوارۆژی کورد دایە یا لێدان و مەحوکردنی هەموو بەها سیاسی، ئەخلاقی و فەرهەنگی خاک و نیشتمان و میللەتە؟! بەداخەوە لەم کورتە نووسینەدا ناکری بە هەزاران نموونە باس بکرێ لە شێواندنی زمان و وشەی کوردی لە لایان کۆمەڵێک ستافی بێ مستەوای چەواشەکاری هیچ لەباراندا نەبوو، بەڕاستی دەبێ کۆمەڵیک زمانەوان ماوەیەک موتابعەی زمانی ئەم دەزگایە بکەن و بیکەنە راپۆرتێک بۆ جەنابتان کە چ خیانەتێکی گەورە بەم زمانە جوان و بێچارەیەی کورد دەکەن ئەم کۆمەڵ نەزانەی بە ناوی میدیاکار بۆ جەنابتان کار دەکەن. هەموو زمانێک لەم دنیایە ئاهەنگ و مێلۆدی خۆی هەیە تەنانەت گەر یەک وشەش لە فەرانسەویی نەزانی کە گوێت لێ دەبێ بە مێلۆدی قسەکەرەکان یەکسەر دەزانی ئەوە فرانسەویی یان ئینگلیسی یان ئۆکراینی و...یە. وادیارە جەنابتان سەیری دەزگاکەی خۆتان ناکەن یان دەیبینن و دەنگ ناکەن و یان بە دڵتانە و ستراتیژی خۆتانە بۆ گەڵی کورد و نەوەی دوارۆژ. ئاهەنگ و سروشتی زمانی کوردی مێلۆدی قسەکەردنی هاورەگەزەکان نییە، چۆن دەکرێ شەو و رۆژ بێژەر و رێپۆرتەری ئێوە وەک هێمۆسێکسوئێلەکان راپورت بخوێنێتەوە و مناڵ و خەڵکی تر پێیان وابێ کورد بەم شێوەیە قسە دەکا، هەموو دەزانین تاکەکان ئازادن لە جنسییەتی سێکسی و شێوەی ئاخافتن بەس نابێ میدیایەک کە دەچێتە ناو هەموو ماڵێک ئاوا بە بێ بەرپرسیارەتی و شوێن دانەریی لەسەر پەروەردەی خەڵک بجوڵێتەوە، ریپۆرتێر، بێژەر، پێشکەشکار لە هەموو میدیای جیهانی دەبێ بە کۆمەڵێک داب و نەریتی کۆمەڵگا وئەتەکیات و فیلتێردا تێپەڕن جا ئەوجار دەست بۆ کارێکی وا گەورە بەرن، ئاخر لە هەموو دنیا و میدیاکانی جیهان هەواڵەکانی سەری شەو بێژەر و پێشکەشکاری قورس و ئاکادێمی و بە مستەوای خاوەن کەسایەتی بەڕێوەی دەبن، ئەوەی تۆ بۆتە مەسخەرە و گاڵتە جاری و کۆمێدیا، هیچ سنورێک و داب و نەریتێک نابێنی لە شعوری کاکی هەواڵبێژ و هەستێک بۆ بینەر دروست دەبێ کە ئەو کاکە خەریکی رابواردنە بە کۆمەڵانی خەڵک، هەواڵەکانی سەری شەویان ئەوەندە سووک کردووە کە تەنانەت باسی پەڕینی زەلامێک بۆ سەر بزنەکەی دەکا یان باسی گلەیی هاوسەری ترەمپ دەکا کە گۆیا ترەمپ پێی نەماوە!!!. مۆسیقای ئاخاوتنی زۆر ناکوردانە و کۆمێدی و بێ رەوشتانەیە. بێژەری هیج لە باراندانەبووی وەک ئیشکەڕن بە ئەدا و ئەتوار و جوڵە بێ مانا و بێخودەکانی دێنن یەک شەوە دەیکەنە پرۆفیشوناڵ و دواتر هەر بە یەک شەویش دەکرێتە پەرلمانتار و دانەری پرۆژە بۆ پرسێکی گرنگی وەک دیمۆگرافی کوردستان و لەوپەڕی فاشیزمێکی پۆپۆلیستیانە دێت و لە بەر چاوی سەرۆکی پەرلمان کە خۆی ژنە و هەرگیز نەدەبوو ئیجازە بە خوێندنەوەی پرۆژە بدا لە لایان تاک پەرلمانتارێکەوە و ئەوە دوور لە دەستوری پەرلمانە، زۆر پیاوساڵارانە رێگە بۆ ژنی کورد دیاری دەکا کە لە ٥ مناڵیان کەمتر نەبێ و دەبێ عەشیمەتی کوردستان لەبەرامبەر عەرەب، بە خۆش خۆش دووگیان بووونی ژنەکان زیاد کەن، وەک ئەوەی "ژن"ی کورد وەک "دەواجین" تەنیا ئیشی مناڵ دروستکردن بێ، پەرلمانتارێک ئەوە فکری بێ و بێخەبەر بێ لە سیاسەتی جیهانی لەمەڕ عەشیمەتی گۆی زەوی، دەبێ چۆن رۆژی دواتر بێ و بە وێنەی جەنابتانەوە پشتیوانی ئێوە بۆ پرۆژەکەی راگەیەنێت و فشەی پێوە بکات. ئاخر لە کوێ باوی ئەوە ماوە بە زۆری و بۆری دەوڵەتی نەتەوە دروست کرێت، دەوڵەت بە ئیرادە و بەرنامە و ستراتیژیی نەتەوەیی دێتە چێ کردن نەک بەم فکرە سوکەی پیاو سالاریانەی فاشیزمی جەهالەت! دەبێ عەرزتان کەم گەر پێتان وایە بەم عەقلییەت و کەرەسەیە و تەنیا بە پارە بۆتان دەکرێت دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ کورد دروست کەن و پێ بنێنە دنیای مودێڕن، ئەوە دڵنیا بن بەم کەرەسە و سیاسەتەی نوخبە و رۆشنبیرانی جاهل، نەتەنیا کورد بە سەروەری و ناسنامە لە سەر دستی ئێوە ناگات، بەڵکوو هەموو ئەو سەرمایە و ئیمکانەی کە بەڕاست دەکرا بە سیاسەتێکی ژیر و دووربینانە بیخەنە خزمەت بە نەتەوەکەمان بە بای دەدەن و دەچنەوە سەر هەواری خاڵی و ئیفلاس دەکەن بە بێ ئەوەی بچوکترین دڕکتان لەم لەشە زامدارەی گەلەکەمان دەرکێشا بێت!
چیا عەباس لە پێشەکیدا پێویستە بڵێم شتێک نیە بە ناوی سیاسەتی کوردی، ئەوەی هەیە سیاسەتی جیاجیای هێز و سەرکردە کوردەکانە بەرامبەر ناحەز و دوژمن و داگیرکەران و تەنانەت لە نێو خۆشیاندا. کۆی گشتی ئەم سیاسەتانە بە سیاسەتی کوردی ناوزەد دەکرێت، تەرەفەکانی بەرامبەریش ورد و ژیرانە مامەڵە لە گەڵیان دەکەن و جارجاریش دانەوێڵەیان بۆ رۆ دەکەن و ئاراستەشیان دەکەن. قەدەری کوردستان ئەوەبو دوژمنەکانی داگیریان کردوە و کوردیش بە دەست دەوڵەتی داگیرکەرەوە هەرچی خوا پێی ناخۆشە چێشتویەتی. وێرای ئەم مێژوە سەخت و پر وێرانی بۆ کورد، بەڵام کاتی خۆ نمایشکردن تەنها وەک قوربانی لەم سەردەمەدا زۆر کاڵبۆتەوە، ئەوەی زۆر گرنگە کورد لە باشور بە کردار بیسەلمێنێت شایستەی پشتگیری و پاڵپشتی دۆستاکانیەتی. داگیرکەرانی کوردستان خاوەن ئیمپراتۆری گەورە و قوڵایی نەتەوەی و ئاینی بون، ئێستاشی لە گەڵدا بێت خاوەنی دەوڵەت و سوپای گەورە و سەرچاوەی دارایی گەورەن، سەرەرای ستەمکاری بێ وێنەی کورد بە درێژایی مێژو کوردیشیان بەکار هێناوە. سەدام حسێن هەڵگری هزرێکی توندرەوی شۆڤێنیزمی عەرەبی بو، خاوەنی ئیمپراتۆریەت و دەوڵەتداری ئەقڵانیەت و کڵتورێکی قوڵی شارستانیەت و فەرهەنگی دەوڵەمەند نەبو. لەو هزرە کاتیەوە مامەڵەی وەحشیانەی لە گەڵ کورد دەکرد، بۆیە لە دوا مەتافدا سەری خۆی خوارد. بەشێکی هێزی دەسەڵاتدارانی شیعەی ئێستا لە بەغدا لە عێراقەوە هاتوە، بەشە گرنگەی تری لە قوڵاییەکی ستراتیژی مەزهەبیەوەیە هاتوە کە لە ناوچەکە دوای شۆرشی ئیسلامی لە ئێران و روخاندنی سەدام بۆتە هێزێکی بەرچاو و کاریگەر. ئەم فرە رەگە مەزهەبیەی سەرچاوەکانی دەسەڵاتی بەغدا زیادە بۆ سیاسەتی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە واقیعێکی سەپاندوە کە کورد خۆشی بوێت یاخود ترش دەبێت مامەڵە لە گەڵ بەغدا بکات، هاوکاتیش مامەڵە لە گەڵ سەرچاوە و راگر و پارێزەرەکانی ئەو دەسەڵاتە لە دەرەوەی سنورەکانی عێراقیش بکات. لە سایەی ئەم دۆخەدا، تایبەت دوای شکستهێنان بە پرۆسەی ریفراندۆم و کارەساتی ئۆکتۆبەر، کورد ناچار کرا واز لە سیاسەتی سەپاندنی ئەمری واقیع هەنگاو بە هەنگاو بهێنێت و دەست بە چەمکی سیاسی واقیعبینی کلاسیکی بگرێتەوە. چەمکێک دەبێت حسابی ورد و درشتی هەمو شتێک بکەیت تا هیچ لایەنێک دڵگران نەکەیت و زیاتر زەرەرمەند نەبیت، لە ئاکامدا ئەوەی ئێستا دەبینرێت ماهیەتی سیاسەتی کورد لە باشور بە لایەنی کەمەوە نیمچە ئیفلیج بوە. زلهێزەکان و وڵاتانی ناوچەکە و بەغدا ئەوەندە لە گەڵت نەرم و نیانن تا لە لێواری ژیانێکی کولەمەرگیدا بمێنیتەوە، لەوە زیاترت بوێت چاوەروانی کارەساتی گەورەتر بکە. ئەوان گوێ لە خەم و مەراق و داواکاریەکەنی تۆ دەگرن، بەڵام بەگوێت ناکەن، عەرەب وتەنی: " ترید ارنب اعگیک الارنب، ترید الغزال اعگیک الارنب"، بە واتایەکی تر ئەوان چیان بوێت ئەوەت پێدەدەن. رەنگبێ قۆناغەکانی شەری داعش و دەرئەنجامەکانی دوای شکستی داعش بۆ کورد زیندوترین یادەوەریە سیاسیەکانی کورد بهروژێنن، ئێستاش ئەو فرە دڵنیایەی بەغدا دەرباری پارە رۆژانە بە کوردی دەدەن شایستەی هەڵوەستەکردنی وردە، نەکرێت جۆریکە لە کروزانەوە. ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ وردکردنەوەیەکی واقیعی چەند خاڵێکی ستراتیژی گرنگی بەشێک لە هێز و سەرکردەکانی کورد، ئەو خاڵانەی بە هۆکار و ئەقڵیەتێکی سیاسی ناوخۆیی چەمکە بەسەرچوەکانی نێو ژیانی سیاسی کورد شکستیان پێهێنرا. لەو تەوەرە گرنگانە: - سیاسەتی رازیکردنی بەغدا و دەر و دراوسێ و زلهێزەکان کە خوالێخۆشبو مام جلال ئەندازیاری و جێبەجێکەریشی بو، - سیاسەتی خۆ دور را‌گرتن لە شەری داعش لە سەرەتای داگیرکردنی موسڵ و شەنگال و چەند ناوچەیەکی تر کە مسعود بارزانی داوای دەکرد. - سیاسەتی بنیاتنانی پشتێنێکی ئەمنی بە دەوری کوردستان، تایبەت لە ناوچە زەوتکراوەکان، کە خوالێخۆشبو نەوشیروان مستەفا دارێژەری بو، - داواکاری پێکهێنانی سوپایەکی نیشتمانی یەکگرتو و بە نیشتیمانیکردنی پەیوەندیەکانی هەرێم کە جاران بزوتنەوەی گۆڕان پێداگری لێیان دەکرد، - سیاسەتی سەربەخۆیی ئابوری، کە نێچرڤان بارزانی کاری لە سەر دەکرد، - بەرێکردنی پرۆسەی ریفراندۆم کە مسعود بارزانی رابەرایەتی دەکرد. ئەم تەوەرانە زۆر گرنگ و بنەرەتین بۆ کورد و ئایندەی، چونکە کەرەستە بنەرەتیەکانی بنیاتنانی کیان و دەوڵەتی کوردین. لە بری وردکردنەوەی ئەم شادەمارانە و فێربون لە هەڵەکان و دارشتنەوەیان بە شێوازێکی گونجاوتر بینیمان چۆن ئەقڵیەتی سیاسی و چەمکە چەقبەستوەکان رێگەی گەرانەوەیان بۆ خاڵی سەرەتا گرتەبەر. دیسانەوە کەوتونەتەوە جەولاتی مەکۆکی بۆ پچراندنی بەشێکی بودجە و موچە بۆ هەرێم، جارێکی تر لە سەر ژمارەی بەرمیلە نەوت جەرحەبلیانە لە گەڵ بەغدا. بەناو سەرۆک کۆمار نوێنەری کوردە لە پۆستەکەیدا، تێدەگەین دەبێت بەرژەوەندیە باڵاکانی عێراق بپارێزێت و سەرۆکی هەمو عێراقیەکان بێت. پێرەوکردنی دەستور و جێبەجێکردنی ناوەرۆکەکەی شا رێگایە بۆ ئەو ئەرکە قورسەی، مەخابن ئەم سەرۆک کۆمارە چونکە وەک نوێنەری هێزێکی کوردی دیاریکراو بە رێکەوتنە ژێر بە ژێرەکان هەڵبژێردراوە ناتوانێت پشت لەو پیاوچاکیە بکات، بۆیە دەبینین زۆر سەرقاڵی چەسپاندن و پاراستنی پێگەکەی خۆی و بەرژەوەندیەکانی دانەرەکانیشیەتی، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیە ژێربەژێر لە گەڵ هەمو لایەک جۆرێک لە مساوەمە بکات. لەم دۆخە ترشاوەدا پرسیارە سەرەکیەکە ئەوەیە کوا کۆدەنگی سەرکردایەتی سیاسی کورد و پەرلەمانی کوردستان دەرباری ئەوەی چی باشە بۆ کورد بکرێت، کارێکی ئەستەمە، نابینین چۆن دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ دڵ و قودسی کوردستان وەک حیکایەتی هێلکە و مریشکیان لێکردوە. بەشێکی بەرچاوی دەسەڵاتدار و سیاسەتمەداری کورد لە مێژە بە قەناعەتەوە دەمارەکانیان بە عێراقچیەتی دەبوژێنەوە، تایبەت ئەوانەی بۆ بۆن دوای چەپرەوی کەوتبون و لە سایەی ئەوەدا تێرامانیان بۆ کوردایەتی دارشتبو. ئەوانە ئێستا وەک ئاردی ناو درکیان لێهاتوە، بەڵام بەشێکی بەرچاویان لە پێگەی بریاردان و دەسەڵاتەکانی سیاسەتی کوردی‌دا هێشتا بونیان هەیە. ناسیۆنالیزمە کلاسیکیەکان بەپێی رۆژگار و دۆخەکان کار و سیاسەتیان بەرێکردوە، ئەختەبوتی پێوەندی و کارکردنیان لە گەڵ دۆست و دوژمن دارشتوە، بە هۆی ئەوەی ناوچەکە پێویستی بەو جۆرە سیاسەتکردنەی کورد هەبوە بۆیە ئەو واقیعە هۆکارێکی گرنگی مانەوە و بەهێزبونی ئاراستە کلاسیکیەکان بوە و هاوکاتیش رۆڵی بەرچاویان لە بزافی کوردایەتیدا بینیوە. لەم سەردەمەدا ئەو پێکهاتە و ئاراستانە بە سەر یەکدا ترشاون، لە دوای روخاندنی سەدامەوە هەرچەند دەکەن ناتوانن بگەنە لێکتێگەیشتنێکی چەسپاوی هاوبەش بۆ رابەرایەتیکردنی سەردەمەکە. شەر، رێکەوتنی سیاسی و حوکمرانی و سازانیشیان لە هەرێم و بەغدا تاقیکردۆتەوە، لە دوا مەتافدا لێکەوتەکانی دابەشکردنی دەسەڵات و داهات و گەندەڵی و حوکمرانیەکی سەقەت لە سایەی کەم متمانەیی و زمانی زبر و بێنە و بیبەدا بوە. ماهیەتی ئەم جۆرە لە سیاسەتکردن و رەوشە سیاسیەکە زیاتر لاوازکردنی کوردی لێکەوتۆتەوە، ئەم راستیە لە روداوەکانی ریفراندۆم و ئۆکتۆبەر و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی کابینەی نۆ و پرسی ناوچە زەوتکراوەکان بە زەقیەکی گەورەوە بەرچاون. زیادە بۆ ئەمانەش غیابی ئۆپزسیۆنێکی کارا لە پەرلەمان و دەرەوەشی ماهیەتی سیاسەتی کوردی ئەوەندەی تر بێ بەها کردوە. زۆر ئاساییە پێکهاتە سیاسیەکانی کورد بۆچون و دیدگای جیاوازیان دەرباری بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەکەیان هەبێت، بەڵام کاتێک هەر یەک لێیان بە جیا و بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی موخاتەبەی بەرامبەرەکانی نەتەوەکەی بکات ئیتر هیچ بەها و مانایەکی رێزلێگیراو نامێنیت بۆ ئەو جۆرە لە سیاسەتکردن. هەواڵە سەرەتاییەکان ئاماژە دەکەن بەوەی مەسرور بارزانی لەهەوڵدایە ئەو ختابە کوردیە بە هاوبەشی لە سەر ئاستی هەرێم و بەرامبەر دنیای دەرەوەی هەرێم دارێژێت. بۆ خۆم زۆر بە ئەستەمی دەزانم ئەم کەرەستە سیاسیە باڵادەستانەی کوردستان لە سەر سیاسەتیكی چەسپاوی هاوبەش رێک بکەون و لەوێشەوە مانایەکی مەودادوری ئومێدبەخش بە سیاسەتی کوردی بدەن. ئەوەی چاوەروان دەکرێت سورانەوەیە لەو بازنانەی دەیان جار تاقیکراونەتەوە، بەرامبەر بەم دۆخە ئەرکی کەسانی پاک و دڵسۆز و رۆشنبیر و جەماوەری نارەزایە بەیەکەوە کار بۆ دارشتنی بەرەیەکی میللی لە دەرەوەی پەرلەمان بکەن، کار و ئامادەسازی بکەن بۆ هەڵبژاردنەکانی ئایندە، هاوکاتیش کارنامەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی سەردەمانە سازبکەن. نوسینی: چیا عەباس رۆتەردام: ٢٢ی سێپتەمبەر ٢٠١٩
ئەرسەلان بایز *دوای سەردانە فەرمیەكەی سەرۆك كۆماری عیراق بۆ هەولێرو دانیشتن لەگەڵ سەرۆكی پارتی و لێپرسراوە حكومیەكانی هەرێم. خەریك بوو ئاسودەییەك لە دەروونی كۆمەڵانی خەڵك چەكەرە بكات. بەڵام بەداخەوە رووداوەكەی بازگەی سماقووڵی سەر لەنوێ بارودۆخەكەی گەڕاندەوە چوار گۆشەی یەكەم. (تۆ بڵێی ئەو رووداوە بۆ لەباربردنی ئەو سەردانە نەبێت..؟). *سەرلەبەیانی رۆژی (19/9/2019) بازگەی سماقووڵی برایانی پارتی دیموكراتی كوردستان كە تەنیا سێ كیلۆ مەتر لە بازگەی (ی.ن.ك) دوورە، رێگایان بە (كاك مەحمود سەنگاوی) نەدا بێتە هەولێرو بەشداری كۆبوونەوەی (مەكتەبی سیاسی) (ی.ن.ك) بكات. بازگەكە بەڕێزەوە پێیان وتبوو بە پێی فەرمانی سەرەوەی خۆمان نابێ رێگای چوونە شاری هەولێر بە بەڕێزیان بدەین. دوای چەندین پێوەندی تەلەفۆنی و نەبوونی وەڵام بۆ هۆكاری ئەو رێگا گرتنە، (كاك مەحمود) بەخۆی و هەردوو ئۆتۆمبێلەكەیەوە گەڕایەوە سلێمانی. ئەگەر بازگەكە هەر وەكو بە (كاك مەحمود)یان وتبوو بە پێی بڕیاری سەرەوەی خۆیان یان بە خوایشتی خۆیان ئەو كارەیان كردبێ. ئەو كارە دەچێتە باری پێشێل كردنی یاسا (هەمووشمان هەر دەڵێین یاسا سەروەر بێت). چونكە بازگەكە بڕیاری هیچ دادگایەكیان پێ نەبووە بۆ ئەو رێگرییە. كەواتە ئەو كارە شكاندنی سەروەری یاسا‌و شكاندنی شكۆ‌و لەكەداركردنی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستانە. چۆن دەبێ بازگەیەك هەروا لە خۆڕا رێگای هاتوچۆی نێوان شارەكان لە هاوڵاتیان قەدەغە بكات. ئەگەر لەخۆڕاش بووە چ ئیجرائاتێكی یاسایی لەبەرامبەریان كراوە..؟ هەر وەكو چۆن ئاسایشی سلێمانی تەقەكەرەكەی سەر بارەگای پارتی لە سلێمانی گرتووە. *ئەگەر ئەو رێگرییەش لەپەرچەكرداری ئەو قسانە بێت كە چەندین مانگ پێش ئەمڕۆ (كاك مەحمود) دەرهەق بە برایانی پارتی دیموكراتی كوردستانی وتبوو، (جیا لەوەی ئێمە لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی گلەییمان لە كاك مەحمود كرد) كە هەرگیز نەدەبوو ئەو قسانە بكات، نامەیەكی دڵنەوایی فەرمیشمان بۆ برایانی (مەكتەبی سیاسی) پارتی نووسی. دیارە لە وەڵامی قسەكانی (كاك مەحمود)یش برایانی پارتی درێغیان نەكردو هەتا توانیان لە چەندین رێگەوە وەڵامی توندی (كاك مەحمود)یان دایەوە، بگرە ئەوانیش قسەی زۆر ناشیرینیان پێ وت. دوای ئەو شەڕە قسانەش (ی.ن.ك) و پارتی دیموكراتی كوردستان چەندین كۆبوونەوەیان بۆ ئاسایی كردنەوەی بارودۆخەكە كرد، تەنانەت رێكەوتنێكی سیاسی گرنگیان لەنێوان خۆیان مۆركرد. هەر بەپێی ئەو رێكەوتنەش پەرلەمانتارەكانی (ی.ن.ك) چوونەوە پەرلەمان و كابینەی نوێش پێكهات. *لە وەڵامی رێگرییەكەی (كاك مەحمود) (مەكتەبی سیاسی) (ی.ن.ك) نامەیەكی گلەیی ئامێز‌و رەخنەی ئاڕاستەی (مەكتەبی سیاسی) برایانی پارتی كرد. وتەبێژی فەرمی یەكێتیش لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان ناڕەزایی (ی.ن.ك)ی راگەیاند. جیا لەمانەش وەكو پەرچەكردار. بازگەكانی (ی.ن.ك) رێگایان بە چەند لێپرسراوێكی پارتی نەدا بچنە شاری سلێمانی. ئینجا گەنجێكی سەرەڕۆ تەقەی لە بارەگای لقی چواری پارتی كرد لە سلێمانی. هەر وەكو چۆن دواتریش چەند گەنجێك تەقەیان لە چەند كۆمیتەیەكی (ی.ن.ك) لە هەولێر كرد. *ئایا قسەو كردار‌و ئەو پەرچە قسەو كردارانە دەمان گەیەنێتە كوێ..؟ بە راگرتنی (كاك مەحمود) یان دوو لێپرسراوی پارتی، كوردستان دەبێتە دەوڵەت…؟ باشە ئەگەر لە بازگەی سماقووڵی و لە كاتی راگرتنی (كاك مەحمود) گرژییەك دروست بوو باو یەكێك بكوژرایە. یان لەتەقەكردن لە بارەگای پارتی لە سلێمانی و كۆمیتەكانی (ی.ن.ك) لە هەولێر یەكێك بكوژرایە چیمان دەكرد..؟ ئەی لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو لە ئەنجامی كێشەی موڵك و چەندین دوكانی قەڵادزێ، شەڕێكی كورد كوژی ماڵ‌وێران بەرپا نەبوو…؟ سەدان كادیری هەردوولا كوژران (شەهید) بوون. دواتر سەركردەكان وتیان ببورن. هەڵەمان كرد.. بەڵێن بێ جارێكی تر هەڵەی وا ناكەینەوە.(وا خەریكە دووبارە دەبێتەوە) ئاخر مناڵێكی باوك شەهید. ژنێكی پیاو شەهید. دایك و باوكێكی دڵ سوتاو، چی لەو لێبوردنەی سەركردەكانی كورد بكات. ئەو لێبوردنە شەهیدەكانیان بۆ زیندوو دەكاتەوە..؟ ئەوان باوك و مێرد‌و كوڕیان لە ئەنجامی هەڵەی ئێوە رۆیشتووە.. *ئایا بەو كردار‌و پەرچە كردارانە حوكمڕانیەكی (ڕەشید و سەلیم) دەكەین… بەو سیاسەتە كورد بە ئامانج دەگەیەنین…؟ خەڵكی كوردستان زۆر (قلق و ناڕەحەت)ن. شەوان لە ترسی ناكۆكیەكانی حیزبە كوردستانیەكان، لە ترسی كەم كردنەوە (معاش) خەویان لێ زڕاوەو تا بەیانی چاویان ناچێتە خەو لەبەر خۆشیانەوە دەڵێن. خوایە تۆ بڵێی بەیانی چی بقەومێ…؟ *خوا ئاگادارە ئەگەر بە راستی رێگای خەڵك بدەین رای خۆیان لەسەر حیزبە حوكمڕانەكانی ئەمڕۆی كوردستان دەرببڕن، خەڵك نەك هەر لە سیاسەتی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان رازی نیە، بەڵكو لە هەموو حیزبەكان بێزارن. خەڵك ئارامی و یەكڕیزی و (معاش)ی مانگانەی دەوێ. جوتیارەكانیش پارەی گەنمی خۆیان دەوێ. *ژمارەیەك خەڵكیش لە پەیجەكانی خۆیاندا لەبارەی ئەو رووداوەوە كۆمێنتیان نووسیوە. یەكێ لەو كۆمێنتانە دەڵێت: -سەركردەی حزبە كوردستانیەكان..! ئێوە لەسەر بچووكترین قسەو رووداو دەیگەیەننە (مریشكە رەشە)، رێگری و تەقە لەیەكتر دەكەن… ئێوە ناتوانن ئیدارەی هەرێمێك بدەن، ئەی چۆن چۆنی باس لە دروست كردنی دەوڵەتی كوردستان دەكەن..؟
د. موئمین زەڵمی چەندبارەبوونەوەی رێگری لەكەسایەتییە سیاسییەكانی سلێمانی بۆ چوونە ناو هەولێر، پرسیكی جدییەو پێویستی بەلەسەروەستانی جدیش هەیە، بۆ بارودۆخەكان بەڕۆژە گەشتوون؟ چارەسەرەكان لەكوێوەن، دەست یەكەمی تەوقەكردن كێ دەبێ رایبكێشێت؟ خوێندنەوەی سۆسیۆپۆلەتیكاڵی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی فراوانتر‌و هەریەك لەهەولێرو سلێمانی بەتایبەت چەند راستییەكمان بۆ رووندەكەنەوە، كەئەوانیش تێگەشتنە لەفۆڕمە كۆمەڵایەتیەكەو هەوڵدانیشە بۆ تێگەشتنێكی چەندلایەنە لەرووداوە سیاسیەكان. رووداوی رێگریكردن لەژمارەیەك ئەندامی پەرلەمان‌و پاشان سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، دواتریش جێگری پێشووی سەرۆكی هەرێم‌و لەئێستاشدا ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی بۆ چوونە ناو هەولێر لە‌بازگە‌كانی ئەو شارەدا زنجیرە رووداوێكی یەكلەدوایەكن كەپێویستە لەسەریان بوەستین. ئەگەر بمانەوێ وێنەكە وەك خۆی بگوازینەوە ئەوە دەبێت باس لەگواستنەوەی وێنەی دەسەڵاتی هەولێریش لەكۆمەڵگە سیاسی‌و كۆمەڵایەتییەكەی سلێمانی بكەین، بۆچی زۆرینەی ئەوانەی دژی هەولێر قسە دەكەن، لەهەڵبژاردنە حزبی‌و پەرلەمانییەكاندا زۆرترین دەنگ دەهێنن، بۆچی هەولێر پێی وایە لەسلێمانی "ئیرهابی فیكری" بەرامبەر دەكرێت‌و ئایا كێن ئەوانەی سودمەندی تۆخكردنەوەی جیاوازییەكانن. گومان لەوەدا نیە كەتا ئێستاش چ وەك حزب‌و چ وەك حكومەت نەتوانراوە زۆنەكانو سنورەكان‌و دابەشبوونەكان تێپەڕێنرێن، سلێمانیچێتیو هەولێریچێتی تا دێت زەقتر دەبنەوە، تا دێت دەمارگیری ڕەنگەكان زیاتر پشكۆ دەسێنێو رۆژ بەرۆژیش ئاستی یەكترقبوڵنكردنو تیرۆركردنی مەعنەوی كەسایەتییەكان زیاتر پەرەدەسەنێت. بە بڕوای من ئەوەی وایكردووە بەم رۆژە بگەین، گواستنەوەی وێنەیەكی پێشكەوتووو گەشەندووی ئابوری‌و سیاسی‌و گەشتیاریو ئاوەدانكردنەوەی هەولێرە كەمیدیا حزبی‌و سێبەرەكان زۆرترین كاریگەرییان هەبووەو بەپێچەوانەشەوە سلێمانی بەشاری چاڵوچۆڵیو بێ خزمەتگوزاریو ململانێ سیاسییەكان‌و نشینگەی هەڵتۆقینی كەسایەتی سیاسی‌و حزبە سیاسییەكان ناوەزدكراوە، كەدیسان كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر پارێزگاكەو بیركردنەوەكانی دانیشتوانەكەی بەجێهێشتووە. پاش گواستنەوەی ئەم تێگەشتنانە، باشترین چارەسەر بۆ كۆتاییهێنان بەم دووریە، بۆ بنەبڕكردنی ئەم بیركردنەوانەو بۆ وەستانەوە دژی تۆخكردنەوەی سنورەكان‌و زۆنەكانو رەنگەكان دوو گۆشەنیگا دەخەمەڕوو، ئەوانیش هەوڵی ئاشتیخوازانەو بیركردنەوەی مەنتیقی سیاسیەكانە پێش خەڵك‌و هەنگاوی گۆڕینی فۆڕمی بیركردنەوەی خەڵكە پێش سیاسییەكان. دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بەتێكراو هەولێرو سلێمانی بەتایبەت پێویستە گەڕانەوەی ئەو بەرپرسانەی رێگرییان لێكراوە بۆ چوونە ناو شاری هەولێر بەدەستپێكی ئاشتی بچوێننو رێز لەبڕیارەكانیان بگرن، چونكە یان دەبوو بگەڕێنەوە یان دەبوو خوێنی گەنجانی كورد لەبازگەكاندا بڕژێت كەپێشمەرگەی ئەم وڵاتەو بگرە بەشێكیشیان ڕۆڵەی شەهیدانی سەربەرزی ئەم وڵاتەن، پێمە پێویستمان بەنرخانی ئەم هەڵوێستانەیە، لەسەر ئاستی تاكو گرۆكان، پێویستە شكاندنی شكۆی ئاشتی هێڵی سوور‌و رژانی خوێنی رۆڵەكانی ئەم وڵاتە لەسەر هەمووان حەرام بێت. لە لایەكیتریشەوە گرنگە، هەمووان پێكەوە هەوڵی زەقكردنەوەی گرنگییە نەتەوەیی ونیشتیمانییەكانی هەولێرو سلێمانی بدەین، چونكە ئەوە بیركردنەوەی حزبییە ئەم دوو شارەی لەیەك دوورخستۆتەوە، ئەگینا هەولێری قەڵاو منارە پایتەختی هەرێمی كوردستانەو هەر ئاوەدانییەكی ئەو شارە، هەر درەوشانەوەیەكی ئەو شارە شانازییە بۆ هەمووان، هەروەك سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری ئەم هەرێمەیە، سلێمانییە بیركردنەوە مۆدێرنەكانو شاعیرە هەست ناسكەكانو رۆشنبیرە بەناوبانگەكانو تەنانەت سیاسییە گورجوگۆڵەكان پێشكەشی ئەم هەرێمە دەكات، جا ئەو سیاسییانە ئەوەتا بەشێكی زۆریشیان لەپۆستی باڵای حكومی‌و پەرلەمانیدانو مومارەسەی ئەركی خۆیان دەكەن. هەولێرو سلێمانی دەبێ وەك خۆیان بمێننەوە، نەهێڵرێت سنورەكانی نێوان تۆخ بكرێنەوە، رێگە نەدرێت پەندی "دووری‌و دۆستی"یان بەسەردا بسەپێنرێت، بگرە نزیكی‌و دۆستی ئەسڵەو هەمووانیش ئەركی گەورەیان لەسەر شانە بەرامبەر بەپێشخستنی زیاتری هەولێرو بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە دواكەوتووەكانی سلێمانی‌و دهۆكو هەڵەبجە وناوچەكانیتری هەرێمی كوردستان.
د. محەمەد عەلی یەکەم: بەرپرسانی حکومەتی هەرێم لە کۆبونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە بەغداد، ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندوە (نەوت ڕادەستی بەغداد ناکەن). ئەمەش بەو مانایەی لەسەرەتای ساڵی داهاتوەوە گەڕێکی تر لە قەیرانی نێوان هەرێم و بەغداد بەڕێوەیە و موچەی فەرمانبەران لەبەردەم هەڕەشەی جدیدا دەبێت. دووەم: وتەبێژی حکومەت داوای ھەشتا ملیار دۆلاری قەرزی حکومەتی ھەرێم لەعێراق دەکات! بەڕاست بۆچی قەرزارە؟ ئێوە لە ٢٠١٤ەوە، نەک داھاتی نەوتی ھەرێم و کەرکوک و هه‌ندێ ناوچه‌ی موسڵتان رادەستی بەغداد نەکردوە، بەڵکو داھاتی ناوخۆ و خاڵە گومرگییەکانیشتان سەرنگومکردوە. ئیتر بۆ ئێوە قەرزاری حکومەتی ناوەندی نەبن نەک بەپێچەوانەوە؟ ئەم بیرۆکەیە هیچ مەنتقێکی دانوستان و گفتۆگۆی بەرهەمداری تیا نییە، لەکاتێکدا کەسێک تۆزقاڵێک ئاگای لە دۆخی سیاسیی عێراق بێت ئەزانێت عادل عەبدولمەهدی لەچی دۆخێکی ئیحراجیدایە بەهۆی ئەو بودجەیەی بۆ موچەخۆرانی هەرێمی دەنێرێت چی جای ۸٠ ملیار دۆلار! سێیه‌م: بەبێ ڕادەستکردنی داھاتی نەوت و ناوخۆ و لەمانگی ١١ی ٢٠١٧ەوە، حکومەتی عێراقی مانگانە ٣١٧ملیار دینار ڕەوانەی ھەرێم کردوە تاوەکو مانگی یەکی ٢٠١٩. لەوساشەوە تاوه‌كو ئێستا مانگانە ٤٥٤ ملیار دینار رەوانە دەکات، دیسانەوە بەبێ ڕادەستکردنی ھیچ داھاتێکی نەوت و ناوخۆی ھەرێم بە بەغداد. زەحمەت نەبێ پێمان بڵێن: عێراق داگیرکەر و شۆڤێنی و دژەکوردە یاخود ئێوە بازرگانی بەکوردبونەوە دەکەن و بوون بە بەڵا بۆ عێراقی پاش ٢٠٠٣‌و بەھەدەردانی سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی ھەرێم و هه‌ژاركردنی دانیشتوانی و وێرانكردنی ژێرخانه ئابوورییه‌كه‌ی؟ چوارەم: جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (د.بەشیر) دەڵێت: (حکومەتی ھەرێم بیست و چوار ملیار دۆلار قەرزارە، ئەگەر حکومەتی عێراق قەرزەکانی بۆبداتەوە، ئەوا قەرزەکانی لەسەر نامێنێت). واز لەمەنتق و نامەنتقی ئەم تەرحە و لایەنە کۆمیدییەکەشی بهێنن، با ئەو پرسیارە سادەیە بکەین، ئاخۆ ئەم قەرزانە بۆچی کراون؟ ئەی بۆچی حکومەتی عێراقی قەرزی ھەرێم بداتەوە؟ پێنجەم: وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی ھەرێم لە ٢٠١٧/١١/٧، لەتویتێکداو بەئینگلیزی و زۆر ڕاستگۆیانە نوسی (نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ چەندین ساڵی داھاتو فرۆشراوەو پارەکەشی وەرگیراوە)، ڕەنگە ئەمە خاتیمەو قفڵی ئەم بابەتە بێت، جا هەرچییەک لەدوای ئەمەوە ئەوترێت و قسەی لەسەر ئەکرێت تەنیا بۆ کات کوشتن و لێڵکردنی سەرنجی خەڵکی کوردستان و چەواشەکردنیەتی. شەشەم: بەم دۆخەوە، کابینەی نوێ خەڵکی کوردستانی بەتەمای ئەنجامدانی کۆمەڵێک چاکسازیی بنەڕەتیی کردوە، قسەی سەیرو سەمەرەش لەم چوارچێوەدا زۆر کراوەو ئەکرێت: -قوباد تاڵەبانی: بەلجیکاو ھۆڵەندا سەرسامن بە چاکسازییەکانمان. لەکاتێکدا تاکە پرۆژەیان لە بواری چاکسازییدا، سیستمی بایۆمەتری بوو ئەویش بە ئیعتیرافی خۆیان شکستی هێنا. _علی حەمە ساڵح، لەقوباد تاڵەبانی حەماسییتر و دورتر ڕۆیشت و وتی: ئەگەر لە دو مانگی یەکەمی حکومەتدا پرۆژەی چاکسازیی تێنەپەڕی، ڕێکەوتنی گۆران و پارتی جگە لەدرۆیەکی گەورە ھیچی تر نیە. وا دو مانگەکە بەزیادەوە لایداوەو ھیچیش ڕوینەداوە. لەداھێنانێکی کەموێنەشدا، کاک علی لەبری ئەوەی داوا لە پەرلەمان یان دادگا بکات بۆ لێپێچینەوە لە مەلەفێکی گەندەڵی، نوسراوەکەی ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەت کردوە؟! کێشەیەکی گەورەیە بەناوی دژایەتی گەندەڵی ببیتە بەشێک لە پیلانی تەسفیەی سیاسیی کوتلەکانی حیزب! حەوتەم: هەر لەچوارچێوەی سەمەرەکانی چاکسازییدا، دامەزراندن کە چەند ساڵێکە بۆ سەدان دەرچوی زانکۆ ڕاگیراوە، سەرۆکی حکومەت بە سەرۆک حیزبێکی وتوە: ئەگەر ببیت بە پارتی ٥٠٠ کەست بۆ دادەمەزرێنم! ھەشتەم: وەک ئەرکی پەرلەمانتاریی و لەبری بەدواداچون بۆ ئەوداھاتە ونبوانەی سەرەوەو کەمکردنەوەی موچەو ئیمتیاز‌و خانەنشینیی پلە تایبەتەکان، ھێڤیدار ئەحمەد لەداھێنانێکی کەموێنەدا بیرۆکەی خستنەوەی نەوەی زیاتر دەکات، بۆئەوەی بودجەی ھەرێم لەبەغداد زیاد بکات! ئایا کێشەی ھەرێم دزینی داھات و سامانی نیشتمانییە یان کەمیی ڕێژەی دانیشتوان؟ لەحاڵەتی زۆربونی ژمارەی دانیشتوان، ئایا لایەنەکانی خوێندن، دۆزینەوەی کار، تەندروستی و دابینکردنی خانوبەرەو نیشتەجێبون چۆن چارەسەر دەکەیت؟ پێموایە خستنەڕوی ئەم بابەتە لەم کاتەدا بهلاداڕێدابردن و لەبیربردنەوەی پرۆژەی چاکسازییە کە لە پەرلەمانەو بڕیاربو لەم وەرزەدا گفتوگۆبکرێت، بەڵام بەبڕیارێکی بارزانی ڕاگیراوەو ھیچ لایەنێکیش ورتەی لێوەنایە!
هونەر تۆفیق ئەمریکا بەقەد ئەوەی توڕەیە لە ئێران ، دوو هێندەش خۆپارێزی دەکات لە تێوەگلانی لە جەنگێکی ڕاستەخۆ لەگەڵ ئێران‌دا . بەڵام هەردوولا ( ئەمریکا و ئێران ) لەوە دڵنیان کە ناتوانن ڕاستەخۆ بەرانبەر بەیەک شەڕی ڕووبەڕوو بکەن . لەهەمان کاتدا ئیسرائیلیش دەیەوێت ئێران خاوەنی هێزێکی سەربازی وەها نەبێت کە لەتوانایدابێت کێبڕکێ ی تەل ئەبیب بکات . ناشتوانێت ڕێگری لە هەڵکشانی توانا سەربازیەکانی ئێران بکات کە بەمەترسی دەزانێت بۆ سەر قەوارەکەی خۆی لەناوچەکەدا . سعودیەش دوژمنێکی عەقائیدی و تەقلیدی ئێرانی شیعە مەزهەبە . تەنیا وڵاتێک لە دیدی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە گونجاوبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران‌دا سعودیە . لەلایەکەوە سعودیە وزەیەکی ئابووری گەورەی هەیە کە بەبێ هاوکاری ئەمریکا و ئیسرائیل دەتوانێت تەموینی جەنگەکە بکات ، لەلایەکی ترەوە ئەو هێزە بەزەبرەش نیە لە توانایدابێت ئێران بخات و سەرکەوتنی خێرا مسەوگەربکات . لەبەر ئەوە شەڕی راستەوخۆی سعودیە و ئێران بەدوو ئاستدا قازانج بە ئەمریکا دەگەیەنێت . لە ئاستێک‌دا قازانجی ئابووری هەیە بۆ ئەمریکا بەهۆی فرۆشی ئەو چەکانەی سعودیە بۆ شەڕەکە پێویستی دەبێت و دەبێتە داهات بۆ ئەمریکا . لەلایەکی ترەوە ، سعودیە ناتوانێت ببێتە براوەیەکی لەخۆبایی ، وەک زلهێزی ناوچەکە دەرکەوێت . دەشێت جەنگێک بێت وەک شەڕی هەشت ساڵەی ئێران - عێراق جگە لە پڕوکاندنی ئابووری هەردوو وڵات ، لایەنی براوەی تیادا دەرنەکەوێت . تۆڵەکردنەوەیەکیش بێت لە ئێران . بەڵام مەترسی پەلهاوێشتنی ئەو جەنگە بۆ وڵاتانی سەر بە نفوزی ئێرانی و سعودیە ، لەدەستدانی کۆنترۆڵکردنی ڕوویەکی تری گریمانەی ئەو شەڕەیە . چونکە لەناوچەی نفوزی هەردوو وڵات‌دا سێ گەورەترین و هەستیارترین کەناڵی دەریایی هەیە کە نزیکەی لەسەدا پەنجای ئابووری جیهانی پێوەبەندە . ئەویش گەروەکانی هورمز و باب مەندەب و سوێسە . گواستنەوەی جەنگ بۆ ئەو کەناڵانە کە لە ستراتیژی سەربازی ئێران‌دا ، بەدەر نابن لە جیوگرافیای جەنگ ، ئابووری جیهان شلۆق و وێران دەکات . ئەمریکاییەکان لە ئەساسەوە بۆیە خۆیان و ئیسرائیل لەو جەنگە بەدوو دەگرن ، بۆئەوەی ئەو گەرووانە نەکەونە زۆنی شەڕەکەوە ، بۆ ئێرانیش خاڵی بەهێزی توانا سەربازیەکەی تواناکانیەتی بۆ گواستنەوەی جەنگ بۆ ئەو گەرووانە . ڕەنگە لەو کاتەدا ئەمریکا بەناوی پارێزگاری لەئابووری جیهانی بتوانێت هاوپەیمانیەکی سەربازی نێودەوڵەتی دروست بکات بەناوی پاراستنی ئاسایشی گەروەکانەوە ، لەوێوە هەم هاوپشتی سعودیە بکات و هەم گەروەکانیش لە مەترسی هێرشی ئێرانی بپارێزێت . لەناو ئەم مەترسیانەدا ، جەنگە ساردەکەی نێوان سعودیە و ئێران بەرەو گەرمبوون دەچێت . لەپاش جەنگی کەربەلا و کوشتنی حوسەین لەلایەن یەزیدی کوڕی معاویەوە ، ئەمە یەکەم شەڕی ڕاستەوخۆی ئیسلامی سونی و ئیسلامی شیعی دەبێت کە عاقیبەتەکەی بۆ هیچ لایەکیان بەخێرنابێت .
