ئایا ئەگەر ریفراندۆم نەکرایە، عێراق هەر هێرشی دەکردە سەر کەرکووک؟
2019-09-23 17:57:26
عەبدوڵا حەوێز - رۆژنامەنووس لە BBC
- لە پۆستی پێشومدا بە پشت بەستن بە چەندین سەرچاوەی تایبەت کە ماوەیەکی باشە لەرێی بینینی کەسانێکی نزیک لە بڕیار بەدەستدان لە کوردستان و عێراق و چەندین لێکۆڵەر و دیپلۆماتی بیانی کە ئاگاداری رووداوەکانی ریفراندۆم و هێرشی هێزە عێراقیەکان بوون بۆ سەر کەرکووک و مەخموور و شنگال و ناوچەکانی تر، باسی ئەوەم کردبوو کە قاسم سلێمانی عەرابی هێرشەکەی سەر کەرکووک بوو و راستیش بوو کە پێشتر بافل تاڵەبانی و هێرۆی دایکی لێ ئاگادار کرابوویەوە.
.
- لەم پۆستە بە کورتی وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەمەوە کە ئایا تا چەند هێرشەکە پەیوەندی بە ریفراندۆمەوە بوو و ئایا ئەگەر ریفراندۆم نەبووایە ئەم هێرشە روویدەدا؟
.
- نەخێر، ئەگەر ریفراندۆم نەبووایە هێرشی سەربازی عێراق بۆ سەر کەرکووک روینەدەدا، چونکە:
.
- فیکرەی هێرشکردنە سەر کەرکووک دوو رۆژ دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و پێداگری بارزانی و نەجمەدین کەریم لە ئەنجامدانی لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆک لەسەرەکان گەڵاڵە بوو
.
- رۆژی ٢٧ و ٢٨ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ واتە دوو رۆژ دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم، حەیدەر عەبادی لەگەڵ هەریەک لە ئەبو مەهدی موهەندیس و هادی عامری بە جیا کۆدەبێتەوە و پرسیاری ئەوەیان لێدەکات کە تا چەند پشتیوانی دەبن ئەگەر هێرش بکاتە سەر کەرکووک. ئەمە بە دە رۆژ پێش ئەوەی کە ئەبو مەهدی موهەندیس بە پێشوەیەکی نافەرمی لەم بارەیەوە قسە لەگەڵ بافڵ بکات.
.
- واتە بیرۆکەی هێرشکردنە سەر کەرکووک پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم نەبووە و ئەم بیرۆکەیە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم گەڵاڵە دەبێت و سەرەتا لەلایەن حەیدەر عەبادیەوە گەڵاڵە دەبێت و ئەوەیش لەرێی موهەندیس و عامریە پرس بە قاسم سلێمانی دەکات و دوای پێکردنی گوڵی کەسک سلێمانی خۆی دەبێتە ئەندازیاری هێرشەکە
.
- قاسم سلێمانی پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم لەم بارەیەوە چەندین جار هۆشداری دابوویە بارزانی کە ئەگەر ریفراندۆم بکرێت ئەوا شەر روودەدات.
.
- واتە هۆکاری یەکەمی کەوتنی کەرکووک و ناوچە جێناکۆک لەسەرەکانی تر ئەنجامدانی ریفراندۆم بوو، دواتر هۆکاری تریشی هاتە سەر.
.
- ئەگەر ریفراندۆم نەکرایە، ئەوا رێککەوتنێکی ئاشتیخوازانه دەکرا بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەشێوەیەک کە هەردوو لا پێی رازی بن و بوونی حکومەت عێراق لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر وەک پێش هاتنی داعش بوونێکی رەمزی دەبوو و بەشێوەی فیعلی کورد زۆربەی دەسەڵاتەکانی پارێزگاکەی لەدەست دەبوو.
.
کۆتایی