Draw Media

هەولێر‌و سلێمانی؛ هەتاكەی دووری‌و دۆستی؟

هەولێر‌و سلێمانی؛ هەتاكەی دووری‌و دۆستی؟

2019-09-22 13:01:14


د. موئمین زەڵمی

چەندبارەبوونەوەی رێگری لەكەسایەتییە سیاسییەكانی سلێمانی بۆ چوونە ناو هەولێر، پرسیكی جدییە‌و پێویستی بەلەسەروەستانی جدیش هەیە، بۆ بارودۆخەكان بەڕۆژە گەشتوون؟ چارەسەرەكان لەكوێوەن، دەست یەكەمی تەوقەكردن كێ دەبێ رایبكێشێت؟

خوێندنەوەی سۆسیۆپۆلەتیكاڵی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی فراوانتر‌و هەریەك لەهەولێر‌و سلێمانی بەتایبەت چەند راستییەكمان بۆ رووندەكەنەوە، كەئەوانیش تێگەشتنە لەفۆڕمە كۆمەڵایەتیەكە‌و هەوڵدانیشە بۆ تێگەشتنێكی چەندلایەنە لەرووداوە سیاسیەكان.

رووداوی رێگریكردن لەژمارەیەك ئەندامی پەرلەمان‌و پاشان سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، دواتریش جێگری پێشووی سەرۆكی هەرێم‌و لەئێستاشدا ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی بۆ چوونە ناو هەولێر لەبازگەكانی ئەو شارەدا زنجیرە رووداوێكی یەكلەدوایەكن كەپێویستە لەسەریان بوەستین.

ئەگەر بمانەوێ وێنەكە وەك خۆی بگوازینەوە ئەوە دەبێت باس لەگواستنەوەی وێنەی دەسەڵاتی هەولێریش لەكۆمەڵگە سیاسی‌و كۆمەڵایەتییەكەی سلێمانی بكەین، بۆچی زۆرینەی ئەوانەی دژی هەولێر قسە دەكەن، لەهەڵبژاردنە حزبی‌و پەرلەمانییەكاندا زۆرترین دەنگ دەهێنن، بۆچی هەولێر پێی وایە لەسلێمانی "ئیرهابی فیكری" بەرامبەر دەكرێت‌و ئایا كێن ئەوانەی سودمەندی تۆخكردنەوەی جیاوازییەكانن.

گومان لەوەدا نیە كەتا ئێستاش چ وەك حزب‌و چ وەك حكومەت نەتوانراوە زۆنەكان‌و سنورەكان‌و دابەشبوونەكان تێپەڕێنرێن، سلێمانیچێتی‌و هەولێریچێتی تا دێت زەقتر دەبنەوە، تا دێت دەمارگیری ڕەنگەكان زیاتر پشكۆ دەسێنێ‌و رۆژ بەرۆژیش ئاستی یەكترقبوڵنكردن‌و تیرۆركردنی مەعنەوی كەسایەتییەكان زیاتر پەرەدەسەنێت.

بە بڕوای من ئەوەی وایكردووە بەم رۆژە بگەین، گواستنەوەی وێنەیەكی پێشكەوتوو‌و گەشەندووی ئابوری‌و سیاسی‌و گەشتیاری‌و ئاوەدانكردنەوەی هەولێرە كەمیدیا حزبی‌و سێبەرەكان زۆرترین كاریگەرییان هەبووە‌و بەپێچەوانەشەوە سلێمانی بەشاری چاڵوچۆڵی‌و بێ خزمەتگوزاری‌و ململانێ سیاسییەكان‌و نشینگەی هەڵتۆقینی كەسایەتی سیاسی‌و حزبە سیاسییەكان ناوەزدكراوە، كەدیسان كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر پارێزگاكە‌و بیركردنەوەكانی دانیشتوانەكەی بەجێهێشتووە.

پاش گواستنەوەی ئەم تێگەشتنانە، باشترین چارەسەر بۆ كۆتاییهێنان بەم دووریە، بۆ بنەبڕكردنی ئەم بیركردنەوانە‌و بۆ وەستانەوە دژی تۆخكردنەوەی سنورەكان‌و زۆنەكان‌و رەنگەكان دوو گۆشەنیگا دەخەمەڕوو، ئەوانیش هەوڵی ئاشتیخوازانە‌و بیركردنەوەی مەنتیقی سیاسیەكانە پێش خەڵك‌و هەنگاوی گۆڕینی فۆڕمی بیركردنەوەی خەڵكە پێش سیاسییەكان.

دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بەتێكرا‌و هەولێر‌و سلێمانی بەتایبەت پێویستە گەڕانەوەی ئەو بەرپرسانەی رێگرییان لێكراوە بۆ چوونە ناو شاری هەولێر بەدەستپێكی ئاشتی بچوێنن‌و رێز لەبڕیارەكانیان بگرن، چونكە یان دەبوو بگەڕێنەوە یان دەبوو خوێنی گەنجانی كورد لەبازگەكاندا بڕژێت كەپێشمەرگەی ئەم وڵاتە‌و بگرە بەشێكیشیان ڕۆڵەی شەهیدانی سەربەرزی ئەم وڵاتەن، پێمە پێویستمان بەنرخانی ئەم هەڵوێستانەیە، لەسەر ئاستی تاك‌و گرۆكان، پێویستە شكاندنی شكۆی ئاشتی هێڵی سوور‌و رژانی خوێنی رۆڵەكانی ئەم وڵاتە لەسەر هەمووان حەرام بێت.

لە لایەكیتریشەوە گرنگە، هەمووان پێكەوە هەوڵی زەقكردنەوەی گرنگییە نەتەوەیی ونیشتیمانییەكانی هەولێر‌و سلێمانی بدەین، چونكە ئەوە بیركردنەوەی حزبییە ئەم دوو شارەی لەیەك دوورخستۆتەوە، ئەگینا هەولێری قەڵا‌و منارە پایتەختی هەرێمی كوردستانە‌و هەر ئاوەدانییەكی ئەو شارە، هەر درەوشانەوەیەكی ئەو شارە شانازییە بۆ هەمووان، هەروەك سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری ئەم هەرێمەیە، سلێمانییە بیركردنەوە مۆدێرنەكان‌و شاعیرە هەست ناسكەكان‌و رۆشنبیرە بەناوبانگەكان‌و تەنانەت سیاسییە گورجوگۆڵەكان پێشكەشی ئەم هەرێمە دەكات، جا ئەو سیاسییانە ئەوەتا بەشێكی زۆریشیان لەپۆستی باڵای حكومی‌و پەرلەمانیدان‌و مومارەسەی ئەركی خۆیان دەكەن.
 
هەولێر‌و سلێمانی دەبێ وەك خۆیان بمێننەوە، نەهێڵرێت سنورەكانی نێوان تۆخ بكرێنەوە، رێگە نەدرێت پەندی "دووری‌و دۆستی"یان بەسەردا بسەپێنرێت، بگرە نزیكی‌و دۆستی ئەسڵە‌و هەمووانیش ئەركی گەورەیان لەسەر شانە بەرامبەر بەپێشخستنی زیاتری هەولێر‌و بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە دواكەوتووەكانی سلێمانی‌و دهۆك‌و هەڵەبجە وناوچەكانیتری هەرێمی كوردستان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand