Draw Media

بای بای عێراق

بای بای عێراق

2019-09-25 06:35:07


هونەر تۆفیق  
فیکری کوردی هەتا ئێستەکە کەمترین ئیستی لەسەر شکست و فەشەلەکانی کورد کردووە . لەگەڵ ئەوەدا کە ئێمە گەلێکین ڕۆژانە فەشەل بەرهەمدەهێنینەوە ، کەچی بەلایدا تێدەپەڕین و بەئاسایی وەریدەگرین . هەڵبەتە ئەمە لە ئەنجامی ڕاهاتنمانەوە نیە لەناو ژیانی فەشەل و شکستدا ! بێموبالاتیش نیە لە ئاست دیاردەکانی مێژوودا ، بەڵکە نەدۆزینەوەی دەرچەیەکە لەناو ئەو هەموو فەشەلەی سیاسەتی کوردی دەیبەخشێت بە ئینسان و کۆمەڵگەی کورد .
فیکری سیاسی کوردی کەلەسەر وەهمی کوردایەتی ( وەهمە چونکە نازانرێت ڕێبازی کوردایەتی چی دەگەیەنێت و فەلسەفەکەی چی یە !؟) بنیادنراوە ، تا ئێستەکە بیرکردنەوەیەکی زاڵە لەناو حیزب و سیاسەتی کوردیدا . ترۆپکی ئەو وەهمە گەیشتن بوو بەسەربەخۆیی . سەرباری دەیان فەشەلی تر لەمێژووی سیاسیدا ، گەورەترین شکست بەسەر کوردایەتیدا هاتبێت ، شکستی ڕیفراندۆمی ٢٥ ی ٩ ی ٢٠١٧ بوو .
چونکە کۆی ئینارجیە نەتەوەیی و فیکری و سیاسیەکانی گەلی لەو پرۆسەیەدا کۆکردەوە ، هەمووان ( چەند سەد کەسێک نەبێت ) کەوتنە ناو مەنزومەی کوردیەتی کوردەوە .
لەوەتەی ڕیبازی کوردایەتی وەک تێزێکی سیاسی و حیزبی لەناو کورددا دروست بووە لەهەوڵی تێخستنی کورددایە بۆناو ئاشی کوردایەتی . لە ڕیفراندۆمدا ، کورد خستنە ناو کوردایەتیەوە سەرتاپاگیرانە سەرکەوتن بەدوو هۆکار :
یەکەمیان : بەکارهێنانی حەماسی نەتەوەیی کورد بۆ سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتێکی تایبەت بەخۆی .
دووەمیان : خستنەگەڕی ماکینەی تەخوینکردنی ئەو دەنگانەی دەیانزانی ئەوە قومارێکە و بەچارەنوسی گەلێک دەکرێت . لەترسی بەخائین کردن ، زۆرێک لەگەڵ ئەوەشدا بڕوایان بە پرۆسەکە نەبوو ، بەڵام هەر پشتیوانیان لە دوا هەوڵی سیاسەتی کوردایەتیەکە کرد .
لەم ئەزموونی کوردایەتیەی کورد ، عەرەبەکانیش لە سەدەی ڕابردوودا هەمان شکستی گەورە و مێژوویان بەدەست عروبەوە خواردووە . عروبە لە ساتع حوسەریەوە تا عەبدولناسر و دواتر لە ترۆپکیدا لای سەدام حوسەین ، بەکۆمەڵێک هەڵچوونی نەتەوەیدا گوزەری کرد . تا دواجار لە ترۆپکدا ، لە سەدام حسەینەوە بەیەکجاری کۆتایی بە ڕێبازی عروبە هات و کۆتایی بە دوا هێزی ئەو ڕەوتە هات لەناو نەتەوەی عەرەبدا .
ترۆپکی ئەو ڕەوتە سیاسیەش لە کورددا ، سەرچڵیکردن بوو بە خەونی نەتەوەیەکەوە ،سەرچڵی بوو چونکە هیچ شکستێکی سیاسی و مێژوویی کورد ، هێندەی شکستی هەوڵی سەربەخۆیی لەلایەن تەیاری کوردایەتیەوە کارەساتبارنەبوو لەناوخۆ و دەرەوەی کوردستاندا . ئاسەواری ئەو فەشەلەیان تەنیا بە سیاسەت و ئابووری و فەرهەنگی کوردەوە بەند نەبوو ، بەڵکە کاریگەری درێژمەودای بەسەر کبریا و عیزەتی نەفسی تاک بەتاکی کوردەوەهەیە . شکستێک بوو لە غروری بای بای عێراقەوە ، ئینسانی کوردی مەجبوری بەغداکردەوە بۆ وەرگرتنی موچە و قوتی ڕۆژانە . شکانی عیزەتی نەفسی سیاسی و ئینسانی و مێژووی گەلێک لەئەنجامی ئەو ڕیفراندۆمەوە ، دروستکردنی هەستێکە لەناو ئیرادەی ئینساندا کە ئەگەر خواستی سەربەخۆییەکەی حەزی بای بای کردنی لەعێراق پێبکات ، بەڵام فەشەلەکەشی ناچاری کرد ، پاشگەزبێتەوە و لاوازانە بڵێت بەرەوباوانت بوومەوە عێراق .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand