کابینەی نۆ: کابینەی چاکسازیی؟
2019-09-22 10:59:01
د. محەمەد عەلی
یەکەم: بەرپرسانی حکومەتی هەرێم لە کۆبونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە بەغداد، ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندوە (نەوت ڕادەستی بەغداد ناکەن). ئەمەش بەو مانایەی لەسەرەتای ساڵی داهاتوەوە گەڕێکی تر لە قەیرانی نێوان هەرێم و بەغداد بەڕێوەیە و موچەی فەرمانبەران لەبەردەم هەڕەشەی جدیدا دەبێت.
دووەم: وتەبێژی حکومەت داوای ھەشتا ملیار دۆلاری قەرزی حکومەتی ھەرێم لەعێراق دەکات! بەڕاست بۆچی قەرزارە؟ ئێوە لە ٢٠١٤ەوە، نەک داھاتی نەوتی ھەرێم و کەرکوک و ههندێ ناوچهی موسڵتان رادەستی بەغداد نەکردوە، بەڵکو داھاتی ناوخۆ و خاڵە گومرگییەکانیشتان سەرنگومکردوە. ئیتر بۆ ئێوە قەرزاری حکومەتی ناوەندی نەبن نەک بەپێچەوانەوە؟ ئەم بیرۆکەیە هیچ مەنتقێکی دانوستان و گفتۆگۆی بەرهەمداری تیا نییە، لەکاتێکدا کەسێک تۆزقاڵێک ئاگای لە دۆخی سیاسیی عێراق بێت ئەزانێت عادل عەبدولمەهدی لەچی دۆخێکی ئیحراجیدایە بەهۆی ئەو بودجەیەی بۆ موچەخۆرانی هەرێمی دەنێرێت چی جای ۸٠ ملیار دۆلار!
سێیهم: بەبێ ڕادەستکردنی داھاتی نەوت و ناوخۆ و لەمانگی ١١ی ٢٠١٧ەوە، حکومەتی عێراقی مانگانە ٣١٧ملیار دینار ڕەوانەی ھەرێم کردوە تاوەکو مانگی یەکی ٢٠١٩. لەوساشەوە تاوهكو ئێستا مانگانە ٤٥٤ ملیار دینار رەوانە دەکات، دیسانەوە بەبێ ڕادەستکردنی ھیچ داھاتێکی نەوت و ناوخۆی ھەرێم بە بەغداد. زەحمەت نەبێ پێمان بڵێن: عێراق داگیرکەر و شۆڤێنی و دژەکوردە یاخود ئێوە بازرگانی بەکوردبونەوە دەکەن و بوون بە بەڵا بۆ عێراقی پاش ٢٠٠٣و بەھەدەردانی سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی ھەرێم و ههژاركردنی دانیشتوانی و وێرانكردنی ژێرخانه ئابوورییهكهی؟
چوارەم: جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (د.بەشیر) دەڵێت: (حکومەتی ھەرێم بیست و چوار ملیار دۆلار قەرزارە، ئەگەر حکومەتی عێراق قەرزەکانی بۆبداتەوە، ئەوا قەرزەکانی لەسەر نامێنێت). واز لەمەنتق و نامەنتقی ئەم تەرحە و لایەنە کۆمیدییەکەشی بهێنن، با ئەو پرسیارە سادەیە بکەین، ئاخۆ ئەم قەرزانە بۆچی کراون؟ ئەی بۆچی حکومەتی عێراقی قەرزی ھەرێم بداتەوە؟
پێنجەم: وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی ھەرێم لە ٢٠١٧/١١/٧، لەتویتێکداو بەئینگلیزی و زۆر ڕاستگۆیانە نوسی (نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ چەندین ساڵی داھاتو فرۆشراوەو پارەکەشی وەرگیراوە)، ڕەنگە ئەمە خاتیمەو قفڵی ئەم بابەتە بێت، جا هەرچییەک لەدوای ئەمەوە ئەوترێت و قسەی لەسەر ئەکرێت تەنیا بۆ کات کوشتن و لێڵکردنی سەرنجی خەڵکی کوردستان و چەواشەکردنیەتی.
شەشەم: بەم دۆخەوە، کابینەی نوێ خەڵکی کوردستانی بەتەمای ئەنجامدانی کۆمەڵێک چاکسازیی بنەڕەتیی کردوە، قسەی سەیرو سەمەرەش لەم چوارچێوەدا زۆر کراوەو ئەکرێت:
-قوباد تاڵەبانی: بەلجیکاو ھۆڵەندا سەرسامن بە چاکسازییەکانمان. لەکاتێکدا تاکە پرۆژەیان لە بواری چاکسازییدا، سیستمی بایۆمەتری بوو ئەویش بە ئیعتیرافی خۆیان شکستی هێنا.
_علی حەمە ساڵح، لەقوباد تاڵەبانی حەماسییتر و دورتر ڕۆیشت و وتی: ئەگەر لە دو مانگی یەکەمی حکومەتدا پرۆژەی چاکسازیی تێنەپەڕی، ڕێکەوتنی گۆران و پارتی جگە لەدرۆیەکی گەورە ھیچی تر نیە. وا دو مانگەکە بەزیادەوە لایداوەو ھیچیش ڕوینەداوە. لەداھێنانێکی کەموێنەشدا، کاک علی لەبری ئەوەی داوا لە پەرلەمان یان دادگا بکات بۆ لێپێچینەوە لە مەلەفێکی گەندەڵی، نوسراوەکەی ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەت کردوە؟! کێشەیەکی گەورەیە بەناوی دژایەتی گەندەڵی ببیتە بەشێک لە پیلانی تەسفیەی سیاسیی کوتلەکانی حیزب!
حەوتەم: هەر لەچوارچێوەی سەمەرەکانی چاکسازییدا، دامەزراندن کە چەند ساڵێکە بۆ سەدان دەرچوی زانکۆ ڕاگیراوە، سەرۆکی حکومەت بە سەرۆک حیزبێکی وتوە: ئەگەر ببیت بە پارتی ٥٠٠ کەست بۆ دادەمەزرێنم!
ھەشتەم: وەک ئەرکی پەرلەمانتاریی و لەبری بەدواداچون بۆ ئەوداھاتە ونبوانەی سەرەوەو کەمکردنەوەی موچەو ئیمتیازو خانەنشینیی پلە تایبەتەکان، ھێڤیدار ئەحمەد لەداھێنانێکی کەموێنەدا بیرۆکەی خستنەوەی نەوەی زیاتر دەکات، بۆئەوەی بودجەی ھەرێم لەبەغداد زیاد بکات! ئایا کێشەی ھەرێم دزینی داھات و سامانی نیشتمانییە یان کەمیی ڕێژەی دانیشتوان؟ لەحاڵەتی زۆربونی ژمارەی دانیشتوان، ئایا لایەنەکانی خوێندن، دۆزینەوەی کار، تەندروستی و دابینکردنی خانوبەرەو نیشتەجێبون چۆن چارەسەر دەکەیت؟ پێموایە خستنەڕوی ئەم بابەتە لەم کاتەدا بهلاداڕێدابردن و لەبیربردنەوەی پرۆژەی چاکسازییە کە لە پەرلەمانەو بڕیاربو لەم وەرزەدا گفتوگۆبکرێت، بەڵام بەبڕیارێکی بارزانی ڕاگیراوەو ھیچ لایەنێکیش ورتەی لێوەنایە!