بۆ نێچیروان ئیدریس مستەفا بارزانی!
2019-09-23 07:10:55
عەلی کەریمی
لە ساڵانی ئەوەڵ و ناوەڕاستی سەدەی رابردوو لەسەر گۆش کردنمان بە وانە و تئۆرییەکانی مارکسیستی و ناساندنی کۆمەڵگای بەشەری بە سەر سێ قۆناغی کۆیلایەتی، فئودالی و سەرمایەداری و هاتنە ئارای توێژی بورژوا و دابەش کردنیان، پێمان وابوو کۆمەڵگا لە سەردەمی کۆیلایەتی پەرە دەستێنێت و ئەوجار لە ترۆپکی گەشەکردنی خۆیدا پێ دەنێتە قۆناغی فئودالی، ئەوجار بە هاتنە کایەی سەنعەت و پیشەسازی و بەرهەم هێنانی زۆرتر بە تێکنۆلۆژیای پێشکەوتووی کشت وکاڵ؛ سەردەمی سەرمایەداری و بە واتایەکیش مۆدێرنیتە دێتە کایەوە.
لە ناوەراستی هەزارەی دوو تئۆریگەلی بازدانی قۆناغەکانی گەشە سەندنی کۆمەڵگا و پێویست نەبوون بە تێپەربوونی سەردەمی فئودالی، بوو بەباس و بە کورتی گوتیان شەرت نییە کۆمەڵگایەک گەشەی سروشتی خۆی بکا و دەتوانێ بە هۆکاری پێشکەوتنی زۆری تێکنۆلٶژیای لەناکاو، یەکسەر کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی جوتیاری و فئودالی بگات بە مۆدێرنیتە، تەنانەت بە بێ چینی کریكار و بورژوا. کۆمەڵیک دەوڵەت – نەتەوەش هەر لە سەر ئەم روانگەیە لە دوای شەڕی عەلەمی یەکەم و دووهەم لە جیهان بە بێ هۆکارە سروشتی و قوناغەکانی گەشە سەندن دروست کران بۆ بەرژەوەندی ئەمپریالیزمی جیهانی بەتایبەت ئەمریکا کە وەک ئینگلیس و فەرانسە سەردەمی کلۆنیالیزمی نەبووبوو. ئەنجامی ئەم کارە بوو بە دەرکەوتنی دەوڵەت گەلێک کە بە پارە و پێشەسازی زلهێزەکان نەک خۆیان؛ بۆ مەرامی تایبەتی بە بێ بنچینە و بنەما هەڵقوڵین و کرانە داردەستی وڵاتانی رۆژئاوا و ئامرازی سەرکوت و بونیادی جەهەنەمێک بۆ گەل و وڵات و دیاردەی دیکتاتۆر و دەوڵەتانی سەرکوتگری خەڵکی هەژار و ئازادیخواز و چەوساوە بە دەستی زاڵمی خۆیی بەڵام بەکرێگیراوی رۆژئاوا، هاتە ئاراوە و دەیان دەوڵەتۆکەی سەر بە ئەمپریالیزمی جیهانی لە لاتین ئەمریکاوە بگرە تا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای دوور هەڵتۆقین و کرانە دەستەچیلەی زلهێزەکان و سەرکوتگەری خەڵکی جوتیار و هەژاری خۆیان.
دلنیام گەر بە زاهیر و رەواڵەتیش دژم بی لە بەحر و ناخی خۆتان لە گەڵمی کە ئێوە وەک عەشیرەیەکی چەند هەزارکەسی هەژار و بێ زەوی کشت وکاڵ و تەنانەت وەک فئوداڵیکی گەورەی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانیش نا، بەڵکوو لە دەسپێک وەک تەریقەت و شێخایەتی و دواتریش بە هۆی بابە گەورەتەوە بە تەواویی هاتنە ناو دنیای شۆڕشگێری و بە رەواڵەت خەبات لە پێناو گەلی کورد.
ئێستا دەوڵەمەندترین کەسی کوردستان و یەک لە سەرمایەدارەکانی گەورەی جیهانن. دارایی و ماڵی ئێوە لە زۆربەی رۆژنامەنووس و دام و دەزگاکانی حکومی کوردستان شاراوەیە و بە تەواوی نازاندڕێ چەند و چوونە؟! ئەوەی دیارە چەند کۆمپانیای زەبەلاحی بەرهەم هێنانی نەوت و کۆشک و هەزاران دۆنم زەوی لە کوردستان و دەرەوەیە و دەزگایەکی بێ وێنە دەوڵەمەندی بێ رەکابەریی میدیایییە، مەبەستی من لەم نووسینە کورتە تەنیا ئەم بەشەیە لە ماڵ و دارایی و ستراتیژی ئێوە و چەند سەرنجێک بۆ گەڵی چەوساوە و هەژاری کوردم لە روانگەی سیستمی عەشایری و تێکترنجانی لە گەڵ دەسەڵاتی ئابووری و بەکار هینانی تێکنۆلۆجیای هەرە بەرز و پێشکەوتوو بۆ خزمەت بە پاشماوەی فئودالی و شوان کارەیی لە وڵاتێکی بچوک و عاشایری وەک هەرێمی کوردستان.
گومانم نییە ئەم دەزگا زەبەلاحە کە بە سەدان کارمەندی ئاماتۆر و پرۆفسی لە سەرتاسەری جیهان هەیە بە پارە و ئیمکانی باب و باپیران یان خود دەوڵەتانی جیران و داگیرکەری کوردستان پێک نەهاتووە. راستە سەرکردایەتی کورد بە هۆی مەوقعی جیۆپۆلتیک و دابەش بوونی کوردستان هەر کامیان لە گەڵ دەوڵەتێکیان سات و سەودایەکی هەبووە و ئەم دەوڵەتانە یارمەتی پارت و رێکخراوەیەکیان داوە لە کاتێکی دیار و سنوردار بەڵام هەرگیز ئەوەندەیان نەکردووە ببێتە هەوێنی سەرمایەکی بنچینەیی بۆ ئەم پارتە یان پارچەیە!
دەمێنێتەوە کە بڵێین مەسارفی سەدان ملیۆن دولاری ئەم دەزگا زەبەلاحەتان هەر لە کوردستانەوە هاتووە و بە پارە و مافی مناڵە هەژار و ئەنفالکراوی گەرمیان و شەهیدان و بریندار و سەقەتەکانی شەڕی ناوخۆ و دەرەوە وەسەریەک نراوە و بە زمانی سادە و ساکاری ناوخەڵک دزراوە بۆ دەزگایەکی میدیایی بۆ ستراتیژ و مەبەستێکی تایبەت بە خۆتان و رازیکردنی خەڵکی دەورووبەرتان.
ئێستا دەمهەوێ پێتان بڵێم بە پارەی دزراو و مافی خەڵکی هەژاری کوردستان ئێوە تۆوی چی دەچێنن و ئەمە لە بەرژەوەندی و گوتاری نەتەوەیی دوارۆژی کورد دایە یا لێدان و مەحوکردنی هەموو بەها سیاسی، ئەخلاقی و فەرهەنگی خاک و نیشتمان و میللەتە؟!
بەداخەوە لەم کورتە نووسینەدا ناکری بە هەزاران نموونە باس بکرێ لە شێواندنی زمان و وشەی کوردی لە لایان کۆمەڵێک ستافی بێ مستەوای چەواشەکاری هیچ لەباراندا نەبوو، بەڕاستی دەبێ کۆمەڵیک زمانەوان ماوەیەک موتابعەی زمانی ئەم دەزگایە بکەن و بیکەنە راپۆرتێک بۆ جەنابتان کە چ خیانەتێکی گەورە بەم زمانە جوان و بێچارەیەی کورد دەکەن ئەم کۆمەڵ نەزانەی بە ناوی میدیاکار بۆ جەنابتان کار دەکەن.
هەموو زمانێک لەم دنیایە ئاهەنگ و مێلۆدی خۆی هەیە تەنانەت گەر یەک وشەش لە فەرانسەویی نەزانی کە گوێت لێ دەبێ بە مێلۆدی قسەکەرەکان یەکسەر دەزانی ئەوە فرانسەویی یان ئینگلیسی یان ئۆکراینی و...یە. وادیارە جەنابتان سەیری دەزگاکەی خۆتان ناکەن یان دەیبینن و دەنگ ناکەن و یان بە دڵتانە و ستراتیژی خۆتانە بۆ گەڵی کورد و نەوەی دوارۆژ. ئاهەنگ و سروشتی زمانی کوردی مێلۆدی قسەکەردنی هاورەگەزەکان نییە، چۆن دەکرێ شەو و رۆژ بێژەر و رێپۆرتەری ئێوە وەک هێمۆسێکسوئێلەکان راپورت بخوێنێتەوە و مناڵ و خەڵکی تر پێیان وابێ کورد بەم شێوەیە قسە دەکا، هەموو دەزانین تاکەکان ئازادن لە جنسییەتی سێکسی و شێوەی ئاخافتن بەس نابێ میدیایەک کە دەچێتە ناو هەموو ماڵێک ئاوا بە بێ بەرپرسیارەتی و شوێن دانەریی لەسەر پەروەردەی خەڵک بجوڵێتەوە، ریپۆرتێر، بێژەر، پێشکەشکار لە هەموو میدیای جیهانی دەبێ بە کۆمەڵێک داب و نەریتی کۆمەڵگا وئەتەکیات و فیلتێردا تێپەڕن جا ئەوجار دەست بۆ کارێکی وا گەورە بەرن، ئاخر لە هەموو دنیا و میدیاکانی جیهان هەواڵەکانی سەری شەو بێژەر و پێشکەشکاری قورس و ئاکادێمی و بە مستەوای خاوەن کەسایەتی بەڕێوەی دەبن، ئەوەی تۆ بۆتە مەسخەرە و گاڵتە جاری و کۆمێدیا، هیچ سنورێک و داب و نەریتێک نابێنی لە شعوری کاکی هەواڵبێژ و هەستێک بۆ بینەر دروست دەبێ کە ئەو کاکە خەریکی رابواردنە بە کۆمەڵانی خەڵک، هەواڵەکانی سەری شەویان ئەوەندە سووک کردووە کە تەنانەت باسی پەڕینی زەلامێک بۆ سەر بزنەکەی دەکا یان باسی گلەیی هاوسەری ترەمپ دەکا کە گۆیا ترەمپ پێی نەماوە!!!. مۆسیقای ئاخاوتنی زۆر ناکوردانە و کۆمێدی و بێ رەوشتانەیە.
بێژەری هیج لە باراندانەبووی وەک ئیشکەڕن بە ئەدا و ئەتوار و جوڵە بێ مانا و بێخودەکانی دێنن یەک شەوە دەیکەنە پرۆفیشوناڵ و دواتر هەر بە یەک شەویش دەکرێتە پەرلمانتار و دانەری پرۆژە بۆ پرسێکی گرنگی وەک دیمۆگرافی کوردستان و لەوپەڕی فاشیزمێکی پۆپۆلیستیانە دێت و لە بەر چاوی سەرۆکی پەرلمان کە خۆی ژنە و هەرگیز نەدەبوو ئیجازە بە خوێندنەوەی پرۆژە بدا لە لایان تاک پەرلمانتارێکەوە و ئەوە دوور لە دەستوری پەرلمانە، زۆر پیاوساڵارانە رێگە بۆ ژنی کورد دیاری دەکا کە لە ٥ مناڵیان کەمتر نەبێ و دەبێ عەشیمەتی کوردستان لەبەرامبەر عەرەب، بە خۆش خۆش دووگیان بووونی ژنەکان زیاد کەن، وەک ئەوەی "ژن"ی کورد وەک "دەواجین" تەنیا ئیشی مناڵ دروستکردن بێ، پەرلمانتارێک ئەوە فکری بێ و بێخەبەر بێ لە سیاسەتی جیهانی لەمەڕ عەشیمەتی گۆی زەوی، دەبێ چۆن رۆژی دواتر بێ و بە وێنەی جەنابتانەوە پشتیوانی ئێوە بۆ پرۆژەکەی راگەیەنێت و فشەی پێوە بکات. ئاخر لە کوێ باوی ئەوە ماوە بە زۆری و بۆری دەوڵەتی نەتەوە دروست کرێت، دەوڵەت بە ئیرادە و بەرنامە و ستراتیژیی نەتەوەیی دێتە چێ کردن نەک بەم فکرە سوکەی پیاو سالاریانەی فاشیزمی جەهالەت!
دەبێ عەرزتان کەم گەر پێتان وایە بەم عەقلییەت و کەرەسەیە و تەنیا بە پارە بۆتان دەکرێت دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ کورد دروست کەن و پێ بنێنە دنیای مودێڕن، ئەوە دڵنیا بن بەم کەرەسە و سیاسەتەی نوخبە و رۆشنبیرانی جاهل، نەتەنیا کورد بە سەروەری و ناسنامە لە سەر دستی ئێوە ناگات، بەڵکوو هەموو ئەو سەرمایە و ئیمکانەی کە بەڕاست دەکرا بە سیاسەتێکی ژیر و دووربینانە بیخەنە خزمەت بە نەتەوەکەمان بە بای دەدەن و دەچنەوە سەر هەواری خاڵی و ئیفلاس دەکەن بە بێ ئەوەی بچوکترین دڕکتان لەم لەشە زامدارەی گەلەکەمان دەرکێشا بێت!